Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ئەکادیمیستە کوردەکانی عێراق تیۆری جێندەر دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەوە

ئەکادیمیستە کوردەکانی عێراق تیۆری جێندەر دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەوە

Closed
by October 19, 2011 گشتی

وتاری ماثیو رێیس دەربارەی سەنتەرێکی توێژینەوە کە هەوڵ دەدات توندوتیژی دژی ژنان تاوتوێ بکات

زاراوەی جێندەر لە زمانی کوردیدا نیە و هەندێ جار ئەم زاراوەیە بە واتای هۆمۆسێکسوالیتی لێکدەدرێتەوە. سەرەڕای ئەمە، بە رای نەزەند بەگیخانی، لێکۆڵەری باڵا لە سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژیی زانکۆی بریستڵ، مەسەلەی جێندەر کرۆکی کێشەی نێوان هێزی کۆنەپارێز و پێشکەوتوخوازانە لە کورستانی عێراق.

لەم تێگەیشتنەوە، نەزەند بەگیخانی یارمەتی دامەزراندنی سەنتەرێکی پێشڕەوی تایبەت بە خوێندنی جێندەر و توندوتیژی داوە لە زانکۆی سلێمانی. ئەم سەنتەرە کە پرۆژەیەکی بریتیش کاونسڵە لەمەڕ پەرەپێدانی خوێندنی باڵا (Delphe-Iraq)، ئامانجی ئەوەیە ببێتە پشتگیرییەک بۆ بەکاربردنی یاسای توندوتیژی دژی ژنان.

کارکردن بۆ ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2010 دەستی پێکرد کاتێک د. نەزەند بەگیخانی خەریکی کاری لێکۆڵینەوە بوو لە کوردستانی عێراق کە لێی لە دایکبووە. ئەوکات [لە لایەن بریتیش کاونسڵەوە] داوای لێکرا کە هاوکاری بکات لە پرۆژەیەکی تایبەت بە مافی مرۆڤ. ئەویش بڕیاری دا کە یارمەتی دامەزراندنی ئەو سەنتەرە بدات لە زانکۆی سلێمانی.

بودجەی ئەم پرۆژەیە لە لایەن وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی [حکومەتی بەریتانیەوە] دابینکراوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستانیش هاوکاری کردووە تا بتوانێ تا مانگی مارسی 2012 بەردەوام بێت.

پرۆگرامی (Delphe-Iraq) 30 پڕۆژە لە خۆی دەگرێت و ئامانجەکانی بریتین لە: “بەهێزکردنی تواناسازی لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عێراقدا تا بتوانن بەهرەی پرۆفێشنال بەرهەم بهێنن کە پشتگیری لە پێشخستنی ئەو وڵاتەدا بکات”، بە تایبەتی رەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان.

چەند ئەکادیمیستێک لە زانکۆی بریستل کە هاوکاری ئەم پرۆژەیە دەکەن دەبێ پێنج گەشت بۆ کوردستانی عێراق ئەنجام بدەن.  دکتۆر بەگیخانی دەڵێت، ئامانجی ئەم سەنتەر نوێیە بریتیە لە “خستنەڕووی بەڵگە و راسپێری بەهێز و پتەو بۆ بەردەم حکومەت”   و گونجاندنی کارە تیۆرییەکانی رۆژئاوا لەمەڕ جێندەر لەگەڵ واقیعی کوردستان، بۆ نمونە دەربارەی خەتەنەکردن، بەشوودانی زۆرەملێ و کوشتن بە ناوی شەرەفەوە. هەروەها بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ، د. بەگیخانی دەڵێت “کە یەکسانیی جێندەری دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردی”.

خوێندنی جێندەر و توندوتیژی ئێستا بۆتە بابەتێک لە پرۆگرامی خوێندنی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سلێمانی. ئەوانەی کە لەم بەشە دەردەچن، لە رێکخراوە ناحکومیەکان و دادگای کاروباری خێزاندا کار دەکەن. تەحەدداکان لەم بوارە بە پشتگیری وەزیری خوێندنی باڵا دلاوەرعەلائەددین بەرپەرچ دراونەتەوە. ناوبراو خاوەنی پۆستی پرۆفیسۆریە لە بواری پزیشکیی مایکرۆبایۆجی لە زانکۆی نۆتینگهام.

مانگی رابردوو، چوار ژن لەم سەنتەرەوە سەردانی بەریتانیایان کرد بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەکادیمیست و تایبەتمەندان و رێکخراوەکانی ژنان و بەشداریکردن لە مێزگرد و وتووێژ. دکتۆر نەجات موحەمەد فەرەج کە سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی سلێمانیە رابەرایەتی ئەو تیمەی دەکرد.

لە مێزگردێکدا لە ئەنجومەنی پیرانی بەریتانی، د. فەرەج وتی کە کوردستانی عێراق دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆیە و “ئێستا کاتی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم کار بۆ هاوڵاتیانی خۆی بکات”.

د. فەرەج بەردەوام بوو و وتی: “ئەم سەنتەرە دەتوانێ ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ بەرزکردنەوەی وشیاری، بۆ پشتیگیریکردن لە کەمپینەکانی دژی توندوتیژیی خێزانی و هەروەها ببێتە چەترێکیش بۆ زۆر لە رێکخراوە جیاجیاکانی ژنان.”

“کاری ئێمە زانستیە و وردە وردە رێگا خۆش دەکات بۆ قبوڵکردنی ئایدیای نوێ دەربارەی خوێندنی جێندەر لە کوردستان. ئێمە وەکو کۆمەڵناس دەزانین کە هەموو ئایدیایەکی نوێش بەرەوڕووی تەحەددا دەبێتەوە. ئێمە ئامادەین بۆ ئەم تەحەددایانە.” 

matthew.reisz@tsleducation.com
TSL Education – By Mattew Reisz
بۆ بینینی سەرچاوە ئینگلیزیەکە کلیلی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
http://www.timeshighereducation.co.uk/story.asp?sectioncode=26&storycode=417730&c=1

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.