Skip to Content

Monday, August 8th, 2022

چۆن ئایینەکان بڵاودەبنەوە؟!

Closed

ناوبەناو سەرنجی کۆمەڵێک هەواڵ یان ووتار دەدەم ، کە ژمارەی ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە کەچوونەتە سەر ئاینێکی نوێ  ، بۆ نموونە ئیسلام یان مەسیحی.  زۆرجار ئەم ژمارەیەش بە هەزاران یان بە دەیان هەزار کەس دەبێت.  وە زۆرجاریش ژمارە 50 هەزاریش  دەبینین ، کە دەڵێن ساڵانە ئەمەندە کەس هاتوونەتە ناو ئەم ئایینە .  بەدڵنییایەوە  لەڕووی ئامارییەوە ژماردنی ئەو کەسانەی کە دەچنە ناو ئایینێکی نوێوە، کارێکی ئاسان نییە ، چونکە ئەم ئامارە لەلایەن دەزگایەکی فەرمییەوە نەکراوەو هەموو دانیشتوانیش ناگرێتەوە. زۆرجار ئەم ئامارە لەلایەن کۆمەڵێک لایەنی ئایینیەوە دەکرێت ، کەئەویش زیاتر بۆ خزمەتی پەیامەکەی خۆیەتی. دیارە قەبەکردنی ژمارەکان جۆرێکە لە جۆرەکانی پروپاگەندە ، کەلایەنێک بەکاری دەهێنێت بۆئەوەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاریبهێنێت.
بۆ نموونە هەندێک کۆمپانیا هەوڵ دەدەن لە ڕێگای قەبەکردنی ژمارەی فرۆشیەوە ، دەیەوێت  ئەوە پیشانی خەڵكی بدات ، کە بەرهەمەکانی باشن بۆیە فرۆشیان زۆرە . بەهەمان شێوەش پارتە سیاسییەکانیش هەمان شت دەکەن ، بەتایبەت پێش کاتی هەڵبژاردنەکان  ، کاتێک ڕێژەی ڕازی بوونی خەڵکی  و پێشبینی هێنانی ژمارەی دەنگی خەڵكی  بڵاودەکرنەوە. کەئەمەش هەمووی لە خزمەتی سیاسی ئەو پارتەیە. کەواتە تاچ ئاستێک ئەم ژمارانە جێگای باوەڕن ؟ بەگشتی ژمارەی ئەو کەسانەی دەچنە ناو ئایینێکی نوێوە ، لەلایەن دەزگا ئایینیەکانەوە کۆدەکرێتەوە ، بەتایبەت ئەو دەزگایانەی کە پرۆسەی گٶرانەکەی تێدا جێبەجێدەکرێت ، وەکو مزگەوت و کڵێسەکان . ئەم ژمارانەش لەچاو خۆیاندا کەمتر پیشان دەدەرێن ، بۆ نموونە خەڵکانێکی زۆر واز لە ئایینەکەی خۆیان دەهێنن و دەچنە ناو ئاینێکی تر ، بەبێ ئەوەی خۆیان لە قەرەی دەزگا ئایینیەکانەوە بددەن. لەلایەکی تریشەوە ئەم ژمارانە تەنها باس لەوانە دەکات ، کە هاتوونەتە ناو ئایینەکە ، باس لەوانە ناکات کەلە هەمان ئایین دەرچوون .  کەواتە پشت بەستن بەم ژمارانە  ، بەبێ بوونی تێڕوانێکی گشتگیرانە ، وا دەکات کە زانیاریەکی تەوامان نەبێت و ئاماژەیەکی خراپیشمان  بە ژمارەی پێڕەوانی ئەو ئایینە دەداتێ. لەهەمان کاتیشدا ئەم ژمارانە زۆرجار دژ بەیەکن ، چونکە چوونە ناو ئاینێکی نوێوە ، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کەسە لەئاینێکی تر دەرچووە یان بۆتە مولحید” بێ ئایین” . بۆ نموونە ئەو مەسیحیەی کەدەبێتە موسڵمان ، ناوی وەکو موسڵمانێکی نوێ دەنووسرێت ، بەڵام کڵێسەش لەناو لیستی ئاماری خۆیدا ناوی ئەو کەسە ناسڕێتەوە. بەهەمان شێوەش گەر ئەو کەسە موسڵمان بێت و ببێتە مەسیحی .
خاڵێکی تر کەئەم ئامارانە باسی ناکەن ، ئەویش هۆکاری ئەم گٶرانەیە. ئایا ئەو کەسەی کە واز لە ئایینەکەی خۆی دەهێنێت و دەچێتە ناو ئایینێکی نوێوە ، تەنها لەبەر هۆکارە لاهوتییەکانە ؟ یان لەبەر بوونی هۆکاری کۆمەڵایەتی( بۆ نموونە هاوسەرگری ، یان پلەیەکی کۆمەڵایەتی ) ، یان لەبەر هۆکاری ئابووری یان بەلەبەر ئەوەی بە تۆبزی ناچارکراوە کە  واز لەئایینەکەی خۆی بهێنێت،یان لەبەر هۆکاری تر بووە؟ . لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ژمارەکان هیچ گرینگیەکیان نییه و ناشتوانین تەنها پشت بە ژمارەیەکی ڕووت ببەستین ، بەبێ  بوونی لێکۆڵینەوەیەکی بابەتییانە ناتوانین حوکمی خۆمان لەسەر باشی و خراپی ئایینەکان بددەین  و ناشتوانینن بڵێین ئەم ئایینە لەو ئایینەی تر باشترە.  جگە لەوەی کەهەموو مرۆڤێک خاوەنی  بۆچوون وتێروانینی تایبەت بەخۆی بۆ ژیان هەیە ، کەئەمەش وای لێ دەکات کە مەیلی بۆ ئەم ئایین یان ئەو ئایین هەبێت ، یان بەتەواوەتی باوەڕی بەهیچ ئایینێك نەبێت . لەڕووی مێژووییەوە  وەرگرتن و چوونە ناو هەر ئایینێکەوە ، بەشێوەیەکی ئاشتییانە نەبووە . لەهەمانکاتیشدا لێکۆڵینەوەی لاهوتی و ئیمانی تایبەتیش ، تەنها ڕۆڵێکی  ئێجگار بچووکیان لە بڵاوبوونەوەی ئایینەکان گێڕاوە. چونکە گەر کەسێک پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەو  هەڵسەنگاندنی لەگەڵ ئایینەکانی تر بکات ، بچێتە ناو ئایینێکی نوێوە ، مانای وایە ئەو کەسە دەتوانێت بخوێنێتەوەو بنووسێت ، لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت زانیاری زیاتر دەربارەی ئەدەبیاتی ئایینەکان بزانێت و پاش ئەوەی لێی دەکۆڵێتەوەو ئینجا بڕیاڕی کۆتایی خۆی دەدات . ئەویش بە شێوەیەکی ئازاد و بەبێ هیچ ڕێگرێکی یاسایی  یان کۆمەڵایەتی ، ئایینەکەی خۆی دەگۆڕێت.  ئەم حالەتەش تەنها  بۆ ڕێژەیەکی ئێجگار کەمی دانیشتوانی سەر زەوەی دەستدەکەوێت. هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەما حالەتە بۆ ملیۆنەها کەسی تر ڕێك ناکەوێت. چونکە جاران نووسین و خوێندنەوە   لەلایەن نوخبەی  مەلیک و حاشییەکەی  یان تەنها توێژی پیاوانی ئایینی پاوان کرابوو.  هەر لە ڕووی مێژوویشەوە  زۆربەی دەوڵەتانی جیهان ، ئایین و دەوڵەتییان تێکەوڵا دەکرد ، دەسەڵاتی سیاسی بە دەستخۆشی و موبارەکبایی  دەسەڵاتی ئایینی دەبوو  بۆ نموونە لە ( میسری کۆن یان ئیمپراتۆریەتی رۆمانی  یان مەلیکەکانی فەرەنسا ، کەلەلایەن پاپای فاتیکانەوە دەسەڵاتی مەلیکیان پێدەبخشرا) . کەواتە بۆماوەی هەزاران ساڵر ، مرۆڤ خاوەنی هیچ جۆرە ئازادییەک نەبوو بۆئەوەی  لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی  ڕاستەقینانە دەربارەی ئەو ئایینەکە بکات ، کە دەیەوێت بچێتە ناوی و ئیمانی پێ بهێنێت.  دیارە هەتاوەکوو ئەمڕۆش کۆمەڵێک کۆمەڵگا هەر ڕێگا نادەن. 
دیارە ئازادی ئایین  و خودا پەرستی  ، شتێکی  نوێیە  ، لەگەڵ سەرهەڵدانی  شۆرشی  ڕینانسازی ئەوروپی پەیدا بوو ، بەشێوەیەکی تەواوەتیش هەتاوەکوو ئیلحاد ( بێ باوەڕی )  لەسەدەی نوزدەهەم بڵاو نەبوویەوە ، ئازادی خودا پەرستی جێگای خۆی نەگرت .
کەواتە  گەر لێکۆڵینەوەی تایبەتی دەربارەی ئایین  ، ڕۆڵێکی هێندە گەورەی لە بڵاوبوونەوەی ئایینەکان نەگێڕابێت ، کەواتە  ئایینەکان چۆن بڵاوبوونەوە؟ .
دیارە کۆمەڵێک ئامڕاز و ڕێگا هەن، کە بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئایین بەتایبەتی  و کولتوورەکان بەگشتی ( بۆ نموونە زمان)  لە جیهاندا

یەکەم : لەڕێگای شەڕەوە /

بێ گوومان کاتێک نەتەوەیەک  نەتەوەیەکی تر داگیردەکات ، بە تۆبزی یان بە رێگای لەخشتەبردنەوە،   ئایینی خۆی بەسەر دەسەپێنێت ، ئەمەش  زۆرترین  و باشترین ئامڕاز بووە کە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەیە ئایینە نوێکان .  دیارە پەلاماردانە عەسکەرییەکان زیاتر ڕٶڵیان دەبێت ، گەر هاتوو  ئایینە هێرش بەرەکە بتوانێت بنکەی سەرەکی ئایینەکەی بەرامبەری داگیربکات . هەتاوەکو شاری ڕۆما کە بنکەی سەرەکی ئایینی رۆمانی بوو داگیرنەکراو، هەتا ئیمپراتۆری رۆمانی قوستەنتینی یەکەم نەبوو بە مەسیحی ، ئایینی مەسیحی بە تەواوەتی  لە جیهاندا  بڵاونەبوویە . هەمان شت لە ئیسلامیش دووبارە دەبێتەوە ، چونکە بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەشێوەیەکی سەربازی  لەدەرەوەی شەڕی خێڵە عەرەبییەکانەوە ، نەیتوانی بە تەواوەتی بڵاوبێتەوە ، هەتاوەکو مەککەیان داگیرنەکرد ، کە ئەو کات مەککە بنکەی سەرەکی ئایینە  پت پەرستی عەرەبییەکان بووە.  لەزۆربەی کاتدا ، توێژە ئایینییه سەرکەوتووەکان ، بنکەی خۆیان بۆ بنکەی سەرەکی ئایینە دٶراوەکان دەگوێزنەوە، ئەمەش لەکاتی دروستبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەدیدەکەین ، کاتێک  قوستەنتینییە کە بنکەی سەرەکی کەنیسەی ئەرتەدۆکسی بوو ، کرایە پایتەختی ئیمپراتۆریەتەکە( پاشان ناویان بۆ ئەستانە  و ئەستەنبوڵ گۆڕی ،،،،وەرگێر) .
شەڕ یەکێک بووە لەو ئامڕازانەی کە ئایینە  سروشتییەکان بەکاریانهێناوە بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بڵاوبکەنەوە، باشترین نموونەش ئەو شەڕە فراوانخوازیانەی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی کۆن بوو ، کە بە تۆبزی ئایینی رۆمانی بە سەر نەتەوە ژێرکەوتووەکاندا دەسەپاند .

دووەم / لە ڕێگای پارەوە
ئەگەر هاتوو کەسێک بە زۆر باوەڕی بە ئایینەکە کرد ، ئەوا  لەخشتەبردن لەڕێگای پارەوە باشترین ڕێگایە. دیارە  ئامرازی پارە تەنها مەبەستمان ئەوە نییە کە راستەوخۆ  پارە بدرێتە ئەو کەسە تا ئایینەکەی خۆی بگۆڕێت، بەڵکە  لەڕێگای سەپاندنی چەندین یاساگەلی زۆرەوە ، کە مافی زیاتر لەچاو ئایینەکانی تر دەداتە ئایینی فەرمی . یان زۆر پۆستی حکومی تەنها بۆ ئایینێکە و ئەوانی تر ناتوانن ئەو پۆستەیان هەبێت ، یان ئایینەکانی تر لە زۆر پلە وپاییە و کاری تر پەراوێزدەخرێن ، یان ڕێگەیان پێ نادرێت زەوی کشتوکاڵی بکڕن ، یان باجی زیاتریان بەسەردا دەسەپێنرێت بۆ نموونە ( جزیە، کەلە جیهانی ئیسلامیدا بەسەر مەسیحیەکان دەسەپێنرا) ، هەموو ئەمانەش بۆئەوەی هانیان بدرێت تا ئایینەکەی خۆیان بگۆڕن . هەموو ئەم یاساگەلانە لەپاش شەڕی سەربازی و سەرکەوتنی سووپای هێرش بەر دەسەپێنرێت ، یان لەکاتی ئاشتیدا ئەو دەوڵەتانەی خاوەنی ئایینی فەرمین ، ئەم یاساگەلانە  دەسەپێنن بۆئەوەی دژایەتی کەمینە ئایینیەکانی تری پێ بکات . هەر ئەم یاسانە وایان لە جوولەکەکانی ئەوروپا کرد ، کەلە سەدەی نۆزەدەهەمدا ، بەشێکی زۆریان ناچارکران کە لە ئایینەکەی خۆیان وازبهێنن و بچنە ناو ئایینی مەسیحیەوە. هەر ئەم ئامرازەش هۆکارێکی گرینگ بوو ، بۆئەوەی ئایینی ئیسلام لەو کۆمەڵگایانەدا بلاوبێتەوە  کە پێشتر ئیسلام نەبوو ناچارکران کە ملکەچی خەلافەتی ئیسلامی بن. هەروەها پارە  وەکو ئامرازێك بەکاردێت ، بۆئەوەی سەرکەوتنی تاکی بکرێتە نموونەیەک و پیشانی گەلە هەژارەکانی پێ بدرێت. بۆ نموونە کاتێک بازرگانێکی دەوڵەمەند  بۆ وڵاتێکی هەژار دەچێت، لای خەڵكە هەژارە وا پروپاگەندە دەکەن ، کە ئەم پیاوە بۆیە دەوڵەمەندە چونکە باوەڕی بەم ئایینەیە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەختەوەری ژیانی ئەم پیاوە دەوڵەمەندەیە.


سێهەم / لەڕێگای ژیانی هاوسەرگیرییەوە

دیارە لێرەدا ئێمە مەبەستمان  تەنها ئەوە نییە ، کە ژن یان پیاوەکە واز لەئایینەکەی خۆی بهێنێت و بچێتە سەر ئاینێکی تر ، بەڵکە کاتێک پیاوێک ژنێکی لە ئاینێکی تر دەخوازێت ، منداڵەکانی ئایینی باوکیان هەڵدەگرن نەک هی دایکیان . دیارە گەر  لە کۆمەڵگایەکدا بژین ، باوەڕی بەیەکسانی نێوان ژن و پیاو بێت ، ئەوا ئەنجامێکی پێچەوانەمان دەبێت ( واتە منداڵەکان ئایینی دایکیان هەڵدەگرن). بەڵام لەڕووی مێژووییەوە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێشتر ( دەتوانم بڵێم هەتاوەکو ئێستاش ) هەر کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری بووە، منداڵەکان ئایینی باوکیان هەڵدەگرن ( دیارە ئەمە پێناسەی گشتیی خەڵکییە، هەرچەندە لەوانەش بێت منداڵەکان ئایینی دایکیان هەڵبژێرن ) . هەمووکاتێک  گەلانی  جیهان ژیانی هاوسەرگیرییان ، وەکو ئامڕازێک بەکارهێناوە ، بۆئەوەی ئایین و کولتوورەکەی خۆیان لە کۆمەڵگاکانی تردا بڵاوبکەنەوە. بۆ نموونە لە سەردەمی رۆمای کۆن ، یان ئەوروپییەکان بەتایبەت کاتێک کیشوەری ئەمریکایان داگیرکرد ، یان زۆر نەتەوەی تری جیهان .  لێرەدا دەتوانین بۆ هەزارانی ساڵی پێشوو بگەڕێینەوە، کاتێک هەندێک پسپۆری بواری زانستی ئەنترۆپۆلۆژی پێیان وایە ، کە هۆکاری سەرەکی نەمانی مرۆڤی نیاردەتاڵ  دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ، کە    ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ مرۆڤی ئێستادا (Homo sapiens). کردووە.
بە دڵنییایەوە  کۆمەڵێک ئامڕازگەلی تر هەن ، کەئایینەکان بەکاری دەهێنن بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینەکانیان ، هەندێکیشیان ئامڕازی نوێن . یەکێک لەگەورەترین و ئاڵۆزترین کێشەی دەسەڵاتە ئایینیەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە ، کە رێژەی نەخوێندەواری زۆر کەم بۆتەوەو ، لەهەمانکاتیشدا ئەمڕۆ  دوورەپەرێزی و گۆشەگیری باوەڕیی و ئایینی  هیچ شانسی نییەو شتێکی مەحاڵە. ئەمڕۆ زۆرینەی دانیشتوانی سەر زەوی دەتوانن زانیاری زیاتر دەربارەی ئایین ومەزهەبەکانی تر بزانن و لەگەڵ ئایینەکەی خۆیاندا هەڵی بسەنگێنن . لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئامڕازەکانی پەیوەندی لەناو دانیشتوانی زەویدا و زیادبوونی ئەو قەناعەتەی کە ئایین بەشێکە لە ئازادییە تاکگەراییەکان ، دەسەڵاتە ئایینیەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەیە ، نەک لەبەر بڵاوبوونەوەی ئایینەکەی بەڵکە لەبەر بەرگریکردن لە خۆی.
چونکە ئامڕازە کۆنەکان  ، هەرچەندە هەتاوەکوو ئەمڕۆش لەزۆربەی جیهاندا بەکاردەهێنرێت ، بەڵام  هەمان سوودی جارانی نییە. ئەمڕۆ پیاوێکی ئایینی ناتوانێت لەرێگای کۆمەڵێک قسەی گەورەو نادیارو شاراوەوە خەڵکی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت . ئەمڕۆ پێویستە گفتوگۆ و موجادەلە بکات ، نەک تەنها لەگەڵ ئایینەکانی تر ، بەڵکە بۆ ئەوەی باوەڕەکانی  بسەلمێنێت ، کە دژ بە راستییە زانستییەکان نییە.
لەم شەڕە گەورەیەی میدیادا ، بوونی ژمارەی زۆری ئەو کەسانەی کەهاتوونەتە ناو ئایینەوە ، یەکێک لەو ئامرازانەی کە پیاوانی ئایینی  لەبەرامبەر هەوادارانی خۆی بەکاریدەهێنێت ، ئەمەش بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کارەکەی بەرهەمی باشی هەیە .


نووسینی :  عادل نورالدین
وەرگێڕانی لەعەرەبیەوە : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

a.abdulla@araspress.com

سەرچاوە:
كيف تنتشر الأديان؟ . بقلم: عادل نورالدين   . سایتی الاوان

Previous
Next