
سترانی بزن …. نوسینی : حه‌سه‌ن به‌لاسم
تێبینی / پێش ماوه‌یه‌ك،ئه‌م چیرۆكه‌م نارد بۆ دواژماره‌ی، گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ) ژماره (53). به‌ڵام دوای چاپكردنی، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می و بێباكی،ئه‌و چاپخانه‌یه‌ی كه گۆڤاره‌كه‌ی لێ چاپده‌كرێت. ئه‌م چیرۆكه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی ههتككراو چاپكردبو و خستیانه به‌رچاوی خوێنه‌ران. كه لاپه‌ڕه‌یه‌كیان لێ قرتاندوه و له‌بری ئه‌وه، لاپه‌ڕه‌ی بابه‌تێكی تریان له‌جێگه‌ی داناوه.من به‌ر له هه‌ركه‌سێك،داوای لێبوردن له خوێنه‌رانی ئه‌و گۆڤاره ده‌كه‌م كه ئه‌م چیرۆكه‌یان خوێندۆته‌وه..( وه‌رگێڕ)
………………………………………………………………………………..
ئاپۆرایه‌كی گه‌وره‌ی خه‌ڵك ڕیزیان به‌ستبو،له‌چاوه‌ڕوانی ئهوهدابون هه‌تا هه‌ریه‌كه‌یان چیرۆكی ژیانی خۆی بگێڕێته‌وه،پۆلیسه‌كانیش له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون بۆئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه ڕێكبخه‌ن. ئه‌وشه‌قامه گشتیه‌ی به‌ته‌نیشت ئاپارتمانی ئێزگهكهوه بو، به‌ڕوی جوڵه‌ی ماشێنه‌كاندا داخرا، فرۆشیاره ده‌ستگێڕو جگهرهفرۆشه گه‌ڕۆكه‌كان به‌وناوه‌دا بڵاوبونه‌وه،ترسێكی زۆریش له‌وه هه‌بو كه تیرۆرستێك خۆی بخزێنێته نێو خهڵكهكهوهو هه‌مو ئه‌م چیرۆكانه بكاته ئاوێته‌یه‌ك له گۆشت و ئاگر.
…
ئێزگه‌ی ( بیره‌وه‌ری) له‌دوای كه‌وتنی دیكتاتۆره‌وه دامه‌زرا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای كاركردنیشیهوه به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ئێزگه‌یه، ڕێچكه‌یه‌كی دۆكیۆمێنتیان بۆ پرۆگرامه‌كانی دهستنیشانكردبو، ئیتر نه پانۆرامای هه‌واڵه‌كان، نه گۆرانی تیادا نه‌ده‌بیسترا، بهتهنهاو ته‌نها، راپۆرتی دۆكیۆمێنتی و ئه‌و به‌رنامانه‌ی هه‌ڵكۆڵینیان له ڕابوردوی ووڵاتدا ده‌كرد تیایدا په‌خش ده‌كران.ئێزگه‌كه ناوبانگێكی فراوانی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی، هه‌واڵی تۆماركردنی به‌رنامه‌یه‌كی نوێیان بڵاوكرده‌وه به‌ناونیشانی(چیرۆكه‌كانیان به‌ده‌نگی خۆیان). ئاپۆرای خه‌ڵك لهههمولایهكی وڵاته‌وه، ڕویان له ئاپارتمانی ئێزگه‌كه كرد. بیرۆكه‌یه‌كی زۆر ساده‌و ئاسان بو: هه‌ڵبژاردنی چیرۆكی ژیانی كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك و تۆماركردنیان به‌ده‌نگی خاوه‌نه‌كانیان، بێ ئه‌وه‌ی ناوی راسته‌قینه‌ی كه‌سه‌كان بهێنرێت.دواتر گوێگره‌كان، باشترین سێ چیرۆكیان لێده‌ستنیشان دهكردوخهڵاتێكی مادی به‌نرخ لهچاوهڕوانیاندابو…
…
دوای چه‌رمه‌سه‌ریه‌كی زۆر، هه‌رچۆنێك بو توانیم فۆرمی خۆپاڵاوتنهكه پڕبكهمهوه و بگه‌مه نێو ئاپارتمانی ئێزگه‌كه.بۆ زیاتر له‌جارێكیش توشی ده‌نگه‌ده‌نگ هاتم به‌هۆی قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌وه،، پیرو گه‌نج و هه‌رزه‌كار، فه‌رمانبه‌رو خوێندكار‌و بێكار،ئه‌مانه هه‌مویان بۆ ئهوههاتبون هه‌تا چیرۆكه‌كانی ژیانیان بگێڕنه‌وه..
زیاتر له‌چوار كاتژمێر، له‌ژێر بارانه‌كه‌دا چاوه‌ڕێمانكرد. هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه هاتبون نهێنی پارێزبون ، هه‌ندێكیشیان شانازیان به چیرۆكه‌كانی خۆیانه‌وه ده‌كرد.پیاوێكم بینی ههردوقوڵی له‌ده‌ست داب‌و، ڕیشه درێژه‌كه‌ی له ناوكی نزیك بوبۆوه.به‌شێوه‌ی په‌یكه‌رێكی یۆنانی داخوراو، نغرۆی بیركردنه‌وه‌كانی خۆی بوبو.تێبینی دڵه‌ڕاوكێی ئه‌و گه‌نجه قهشهنگهم كرد كه لهتهكیابو، شیوعیهك كه‌له حه‌فتاكاندا، له زیندانه‌كانی به‌عسدا ئه‌شكه‌نجه درابو، پێی وتم كه ئه‌و پیاوه ڕیش درێژه، چیرۆكێكی هێنده سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه، كه ده‌شێت خه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام ئه‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاته‌كه نه‌هاتوه، ئه‌و به‌ته‌نها شێتێكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌له‌ته‌كیا هاتوه، یه‌كێكه له كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی، مرخی له خه‌ڵاته‌كه خۆشكردوه.ئه‌و پیاوه ڕیش درێژه مامۆستایه، ڕۆژێك ده‌چێته پۆلیسخانه، هه‌تا سكاڵا‌و هه‌واڵ له‌سه‌ر دراوسێكه‌ی بدات به پۆلیس، چونكه ئه‌و سه‌رقاڵی بازرگانیكردن بوه به شوێنه‌واره دزراوه‌كانی نێو مۆزه‌خانه، پۆلیسخانه سوپاسی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و هاوكاریه، مامۆستاش به‌م هه‌ڵوێسته‌ی ویژدانی خۆی ئاسوده ده‌كات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قوتابخانه‌كه‌ی، ده‌زگای پۆلیس ڕاپۆرتێك بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌رزده‌كاته‌وه، تیایدا باس له‌وه ده‌كات كه ماڵی ئه‌و مامۆستایه، لانه‌ی رێكخراوی (قاعیده)یه. ده‌زگای پۆلیس خۆیان هاوبه‌شی قاچاخچی شوێنهوارهكه بون، وه‌زاره‌تی به‌رگری، ڕاپۆرتی خۆی ئاڕاسته‌ی سوپای ئه‌مریكا ده‌كات،كه له‌وكاتانه‌دا كۆپتهرهكانیان به‌ئاسمانی شاری به‌غداددا ده‌سوڕانه‌وه، كۆپته‌ره‌كان ماڵه‌كه‌ی بۆردومان ده‌كه‌ن.ژنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چوارمنداڵی و دایكه به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی تیایدا ده‌كوژرێن. مامۆستا له‌مردن ده‌ربازی ده‌بێت، به‌ڵام عه‌قڵی له‌كارده‌كه‌وێت و هه‌ردو باڵی له‌ده‌ست ده‌دات…
منیش وه‌ك خۆم، زیاتر له بیست چیرۆك له‌سه‌رمدا، سه‌باره‌ت به‌ساڵانی دورودرێژی دیلێتیم له ئێران، ده‌هه‌ژێت . دڵنیابوم له‌وه‌ی كه لانیكه‌م یه‌كێكیان به حه‌قیقی، ده‌بێته بۆمبی كێبڕكێكه.
…
یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه خه‌ڵكیان كرده ژوره‌وه،دواتر ئاپۆراكهی ده‌ره‌وه‌یان ئاگاداركرده‌وه، له‌وه‌ی كه‌چیتر بۆ ئه‌مڕۆ داواكاری به‌شداریكردن وه‌رناگیرێت، ئێمه زیاتر له حه‌فتا كه‌س ده‌بوین. له‌هۆڵێكی فراواندا، كه‌له چێشتخانه‌ی قوتابیانی كۆلیژه‌كان ده‌چو، دایان نیشاندین.،پیاوێك كه قاتێكی كه‌شخه‌ی له‌به‌ردابو، ئاگاداریكردینه‌وه له‌وه‌ی یه‌كه‌مجار، گۆێبیستی دوچیرۆك ده‌بین، هه‌تا به سروشتی به‌رنامه‌كه ئاشنا ببین. هه‌روه‌ها باسی له ڕێوشوێنه یاساییه‌كانی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ش كرد، كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئێزگهكهدا مۆری ده‌كه‌ین.
…
ڕوناكیهكان هێدی هێدی خامۆش كران، بێده‌نگی به‌شێوه‌یه‌ك باڵی به‌سه‌ر ئهوشوێنهدا كێشا، ده‌توت له‌نێو هۆڵی سینه‌ما دانیشتوین، زۆرێك له‌به‌شداربوان جگه‌ره‌كانیان پێكرد، له‌نێو هه‌ورێكی چڕی دوكه‌ڵی سیگارهكاندا نغرۆبوین.گوێمان ڕادێرا بۆ چیرۆكی ژنێكی گه‌نج، ده‌نگی ئه‌ومان له‌هه‌مو گۆشه‌یه‌كی هۆڵه‌كه‌وه، بێ خه‌وش دههاتهبهرگوێ. گوێبیستی گێرانه‌وه‌ی چیرۆكی مێرده پۆلیسهكهی بوین، كه گروپێكی ئیسلامی له‌كاتی شه‌ڕی تایه‌فه‌گه‌ریدا، بۆماوه‌یه‌كی دورودرێژ ده‌یڕفێنن. چۆن دواتر بكوژه‌كان، ته‌رمه‌كه‌ی به بۆنكردویی و به‌بێ سه‌ر ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆیان.. ئه‌وكاته‌ی ڕوناكیهكان داگیرسانه‌وه و هۆڵه‌كه ڕۆشن بۆوه، غه‌ڵبه‌غه‌ڵب په‌یدابو.هه‌مویان پێكه‌وه، له‌یه‌ك ساتا شێوه‌ی ده‌نگی ئاپۆرای ژهنگهسورهكان، ده‌نگیان دههاتهبهرگوێ. زۆرێكیان گاڵته‌یان به چیرۆكی ئه‌و ئافرهتهدهكرد. ده‌یانگوت، ئه‌وان چیرۆكگه‌لێكی زۆرنامۆترو دڵڕهقانهترو شێتانهتریان هه‌یه. پیره‌مێردێك كه ته‌مه‌نی نزیك له نهوهدساڵ ده‌بو، به‌گاڵته‌جاڕیه‌وه ده‌ستی ڕاده‌وه‌شان و لهبهخۆیهوه بۆڵه‌ی ده‌كرد: كه‌ی ئه‌وه قسه‌یه؟ گه‌ر حیكایه‌تی خۆم بۆ به‌رد بگێڕمه‌وه.. له‌داخا له‌توپه‌ت ده‌بێت.
…
پیاوه ڕێكپۆشهكه، جارێكی‌تر په‌یدابۆوه، داوای له‌به‌شداربوان كرد هێمنی بپارێزن. به‌چه‌ند وشه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه، كه باشترین چیرۆك ئه‌و چیرۆكانه نین، زۆرترین ترس و غه‌م له‌خۆبگرن.به‌ڵكو گرنك ڕاستگۆیی و شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌یه‌تی. هه‌روه‌ها وتی: گرنگیش نییه، چیرۆكه‌كان به‌ته‌نها تایبه‌ت بن به‌جه‌نگ و كوشتار.. من بێزاربوم له‌و قسه‌یه. ئه‌وه‌ی كه‌من تێبینیم كرد، زۆرینه‌ی به‌شداربوان گوێیان به‌قسه‌كانی ئه‌و پیاوهنهئهدا.
پیاوێك كه هێنده‌ی فیلێك ده‌بو، به‌گوێما چرپاندی: ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه بۆینباخ له‌مله ده‌یڵێت، تڕلێدانه. كێشه‌كان هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه باسده‌كرێن. ئیتر یان باشه یان تڕلێدانه.
…
ڕوناكیه‌كه دوباره خامۆشكرایه‌وه، گوێبیستی چیرۆكی دوهه‌م بوین.
…
ئاشكرایانكرد كه به‌درێژایی هه‌فته‌یه‌ك، گوی ده‌رخواردی من داوه. له‌گه‌ڵ برنج و هه‌ریسه‌ی په‌تاته‌و شۆربا، بۆی تێكه‌ڵ كردبوم. من ئه‌وكات مناڵێكی ڕه‌نگپه‌ڕیوی سێ ساڵان بوم. هه‌رچه‌نده باوكیشم هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێ‌كرد، كه ته‌ڵاقی ده‌دات. به‌ڵام ئه‌و گوێی پێنه‌دا. ئه‌و بۆ هه‌تایی، دڵی بوبه به‌رد به‌رامبه‌رم.نه‌ئه‌و له‌و كرداره‌ی من خۆش بو، نه‌منیش دڵڕهقیهكانی ئه‌وم له‌یادكرد. ئه‌وكاته‌ی كه ئه‌و به‌شێرپه‌نجه‌ی منداڵدان، كۆچی دوایی كردبو. گهردهلولهكانی ژیان، منیان زۆردور له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرتبو. من دوای ڕوداوی به‌رمیله‌كان، له‌ترساندا تێكشكاو و ملكه‌چ و دۆشداماو ووڵاتم جێهێشت. ئه‌وشه‌وه ماڵئاواییم له‌باوكم كرد، تا سهرقهبرانهكه له‌ته‌كما هات. هه‌ردوكمان سوره‌تێكی فاتیحهمان، له‌سه‌ر گۆڕی مامم خوێند، باوه‌شمان كردبهیهكداو به‌سته‌یه‌ك پاره‌ی خسته نێو ده‌ستمه‌وه.منیش ده‌ستیم ماچكردو ون بوم.
ئێمه له‌گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژارنشینی، شاری كه‌ركوكدا ده‌ژیاین، ئهوگهڕهكه ئاوه‌ڕۆی نه‌بو. خه‌ڵكی له‌ته‌نیشت ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه، چاڵه گویان دروستكردبو، كه بڕی سێ دیناری ئه‌وكاته‌ی تێده‌چو. ئه‌وپیاوه كورده‌ی كه ناوی (نه‌وزاد)ی سه‌وزه‌فرۆش بو، تایبهتمهندبو له هه‌ڵكه‌ندنی چاڵه گوهكان. ئه‌وده‌مه‌ی نه‌وزاد مرد، (مسته‌فا)ی كوڕی ئه‌و كاره‌ی گرته‌ده‌ست. پاش ئه‌وه‌ی شه‌وێك دوكانه‌كه‌ی ئاگری تێبهربوبو، خه‌ڵك نهوزادیان له‌نێو دوكانه‌كه‌ی، به سوتاوی دۆزیبۆوه. كه‌س نه‌یده‌زانی ئه‌وشه‌وه، نه‌وزاد خه‌ریكی چی بوه له‌نێو دوكانه‌كه‌یدا؟! هه‌ندێكیان باسیان له‌وه‌ده‌كرد، كه خه‌ریكی حهشیشهكێشان بوه. باوكم باوه‌ڕی به‌و قسانه نه‌ده‌هێنا. ئه‌و بۆ هه‌مو شێوه كاره‌ساته‌كان، حیكمه‌تێكی باوی خۆی هه‌بو كه ده‌یوت: (هه‌موشتێك لهناوچاوانمان نوسراوه، له‌م دونیا فانیهدا ). منیش له‌مناڵیمدا، هه‌ربه‌وشێوه‌یه، باوه‌ڕم وابو كه ژیانی ئێمه، له‌نێو كتێبی قوتابخانه‌و فرۆشگای ڕۆژنامه‌كاندا كه‌ڵه‌كه بوه. باوكم به‌هه‌مو پاكێتی و خۆشه‌ویستی خۆیه‌وه، ئه‌یویست ژیانی منداڵی من بپارێزێت. ئه‌و به‌شێوه‌یه‌ك سوپاسگوزاری خه‌ڵك و ژیان بو، منی به‌درێژایی رۆژ واق وڕماو كردبو. ئه‌و به‌شێوه‌ی قه‌شه‌یه‌ك ده‌چو له‌نێو كهوڵخانهی ئاده‌میزاده‌كاندا. كاره‌ساته‌كان ههردوساڵ جارێك، دائهباریه سه‌رمان. به‌ڵام ئه‌م باوكه نه‌یئه‌ویست، باوه‌ڕبهێنێت به نه‌فره‌تێكی ئاڵۆزی له‌وشێوه‌یه، كه زه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ خۆی بۆمانی ده‌هێنا. ئه‌ویش به‌رده‌وام ده‌یگه‌ڕانده‌وه، بۆ چاره‌نوسێك كه دیاریكراوه بۆمان. ئێمه له‌هه‌مو لایه‌كه‌وه، ڕوبه‌ڕوی دابارین و بۆردومان ده‌بوینه‌وه. لهنادیارو له واقیعه‌وه، له‌خواوه، له‌خه‌ڵكه‌وه. ته‌نانه‌ت مردوهكانیش ئه‌شكه‌نجه‌یان به‌سه‌ردا دادهبارانین. باوكم به‌هه‌موشێوه‌یه‌ك، هه‌وڵی ده‌دا تاوانه‌كه‌م په‌رده‌پۆش بكات. لانی كه‌م له‌یاده‌وه‌ری دایكما بیسڕێته‌وه، به‌ڵام شكستی هێنا، دواجار،خۆی دایه ده‌ست قه‌ده‌رو، ئه‌و كاره‌ی بۆ به‌رداشی زه‌مه‌ن جێهێشت. ،پێی وابو كه زه‌مه‌ن له‌وانه‌یه كاره‌ساته‌كانمان لێدوربخاتهوه.
…
پێده‌چێت من بچوكترین بكوژی ئه‌م جیهانهبم. بكوژێك كه هیچ ده‌رباره‌ی، تاوانه‌كه‌ی خۆی بیرناكه‌وێته‌وه.كه لای من چیدی نه‌بو جگهلهحیكایهتێك. حیكایه‌تێك بۆ كات به‌سه‌ربردنی خه‌ڵكی، له‌هه‌مو ساته‌كاندا. ئه‌وه‌ش كه من تێبینیم ده‌كرد، هه‌ركه‌سێك به‌ئاره‌زوی خۆی، چیرۆكی تاوانه‌كه‌ی منی ده‌نوسی، ئاوازی بۆ دادهناو ده‌یگوته‌وه.. ئه‌وكات باوكم هێشتا به‌دروستكردنی ترشیاته‌وه سه‌رقاڵ نه‌بو، ئه‌و له‌و ساتانه‌دا شۆفیری تانكی سه‌ربازی بو. جه‌نگیش له‌ساڵی یه‌كه‌میدا به‌ڕێوه‌ده‌چو. دایكم به‌رده‌وام، داوای ئه‌وه‌ی له‌باوكم هه‌بو، هه‌تا مناڵی سێهه‌م بهێننه ژیانه‌وه. بهلاِم باوكم له‌ترس و تۆقینی خۆی بهرامبهرجهنگ، به‌رده‌وام ئه‌وداوایه‌ی دایكمی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه. ژیانمان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌گوزه‌را. باوكم مانگانه بڕه پاره‌یه‌كی بۆ ده‌ناردینه‌وه، كه به‌شی خواردن و جلوبه‌رگ و كرێ خانوه‌كه‌ی ده‌كردین. دایكیشم كاته‌كانی خۆی به‌خه‌وتن، یان به‌سه‌ردانی ئامۆژنم بۆ باس و خواز، ده‌رباره‌ی نرخی قوماش و كهرتڕی پیاوان به‌سه‌رده‌برد.
له‌هاویناندا دایكم ده‌گه‌ڕایه‌وه نێو مهملهتی خهونهكانهكانی. نه ئه‌یبیست، نه‌قسه‌ی ئه‌كرد. ته‌نانه‌ت نهشیدهبینی. دایكم گه‌رما ڕۆحی ده‌توانده‌وه.
هه‌مو نیوه‌ڕوانێك خۆی ده‌شۆرد، له‌ژوره‌كه‌یدا به‌شێوه‌ی په‌ریه‌كی مردو، به‌ڕوتی ده‌خه‌وت.ئه‌وكاتانه‌ی كه شه‌ویش داده‌هات، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی، له‌بێئاگایی پێشتری ڕابوبێتهوه، ته‌واوی چالاكی بۆ ده‌گه‌ڕایه‌وه.. ئه‌وكات ئه‌و، ته‌ماشای چیرۆكه ته‌له‌فزیۆنیه‌كان و پرۆگرامی به‌خشینی نیشانه‌ی ئازایه‌تی، به جه‌نگاوه‌ره پاڵه‌وانه‌كان ده‌كرد. كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه پێیان ده‌به‌خشرا.زۆرجار خه‌یاڵیشی بۆ ئه‌وه ده‌چو، كه خۆزگه جارێك باوكیشم له نێویاندا ده‌ربكه‌وێت.
…
له‌نیوه‌ڕۆی یه‌كێك له له ڕۆژه گه‌رمه‌كاندا، دایكم هه‌ردو قاچی و باڵه‌كانی كردبۆوه بۆ هه‌وای پانكه سهقفیهكه، چاوه‌كانی لێكنا. من و برا بچوكه‌كه‌م، كهساڵێك له‌خۆم مناڵتربو، خۆمان گه‌یانده حه‌وشه. حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌مان به‌ته‌نها دارهه‌نجیرێكی ته‌نهاو هه‌تیو، له‌گه‌ڵ چاڵه گویهكی تیابو. یهتهوهیادم، هه‌رجارێك كه‌سێكی نزیكمان لێبمردایه، یان كاره‌ساتێكمان به‌سه‌ربهاتایه. دایكم له‌ژێر ئه‌و دارههنجیرهدا ده‌گریا..
ده‌می چاڵه گوهكه، به سینیه‌كی كۆن و گه‌وره‌ی خواردن، كه به‌ردێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ربو، داپۆشرابو. من و براكه‌شم، زۆر به‌ناڕه‌حه‌تی لاماندهبرد، دواتر وردهبهردمان فڕێده‌دایه ناو چاڵه‌كه‌وه. ئه‌وه‌ش خۆشترین یاری بو لای ئێمه. دایكی عه‌لا كه دراوسێمان بو، زۆرجار به‌له‌می كاغه‌زینی بۆ دروست ده‌كردین، ئێمه‌ش فڕێمان ده‌دایه سه‌ر ده‌ریاچه‌ی گواوی ناو چاڵه‌كه..
….
وتیان من براكه‌مم هه‌ڵداوه‌ته نێو چاڵه گوهكهو، دواتر ڕامكردۆته سه‌ربان. له‌نێو قه‌فه‌زی مریشكه‌كان، خۆم حه‌شارداوه. كه گه‌وره‌بوم پێم وتن: پێده‌چێت خۆی كه‌وتبێته نێو چاڵه‌كه‌وه، منیش له‌ترساندا ههڵهاتبێتم!! ئه‌وان وتیان: تۆ بۆخۆت دانت پیانا. پێده‌چێت ئه‌وكات ئه‌وانیش شێوه‌ی پۆلیسه‌كانی دیكتاتۆر، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردبێتم.من هیچیم بیرناكه‌وێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وان باسی لێوه ده‌كه‌ن و ده‌یگێڕنه‌وه. هه‌روه‌ك چۆن چێژ له فیلمێك وه‌رگرن.. ته‌واوی دراوسێكانمان به‌شداری كه‌رنه‌ڤاڵی دۆزه‌خی چاڵه گوهكهیان كردبو. هه‌وڵێكی زۆریان داب‌و، به‌ڵام ئه‌و ماشێنه لوشدهرهیان نه‌دۆزیبۆوه، كه مانگی جارێك ده‌هات، بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی چاڵه‌كان. ئه‌وان په‌نایان بۆ هه‌موشتێك بردبو، بۆ مه‌نجه‌ڵ و قاپی جۆراوجۆر، سه‌تڵی گه‌وره، تا چاڵه گوهكه به‌تاڵ بكه‌نه‌وه.له‌وكاته‌دا، ئه‌وه كارێكی سه‌خت و قێزه‌ون بوبو. هه‌روه‌ك چۆن بڵێی دیمه‌نی ئه‌شكه‌نجه‌دانێك بوبێت به‌جوڵه‌یه‌كی خاوكراوه. گه‌رمای ئه‌و ساتانهو بۆگه‌نی پیساییه‌كه، ماندوێتی و قورسایی هێدمهكهی دوبهرابهركردبو.. پێش خۆرهه‌ڵاتن، وه‌ك مناڵێك كه كفنه‌كه‌ی، یه‌ك پارچه لهگو بێت، ده‌ریان هێنا.. باوكم له شهڕگهكانهوه دره‌نگ گه‌ڕایه‌وه. مامم نامه‌یه‌كی بۆ نارد‌و، خۆی به‌رپرسیارێتی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی براكه‌می له‌ئه‌ستۆگرت.له گۆڕستانی مناڵان، له‌سه‌ر گردێك به‌خاكمان سپارد. پێده‌چێت ئه‌وه جوانترین گۆڕستانی دونیا بوبێت. به‌هاران له‌وێ، هه‌مو جۆرێك و ههموڕهنگه گوڵێكی كێوی لێده‌ڕوا. ئه‌و گۆڕستانه له‌دوره‌وه وا ده‌هاته به‌رچاو، كه دره‌ختێكی زه‌به‌لاحی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بێت. گۆڕستانێك به‌رامه‌كه‌ی هێند به‌هێزبو، به پانتایی ده هه‌زار مه‌تر بڵاو ده‌بۆوه. هه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه، دایكی عه‌لای دراوسێمان پاڵی بهدهرگاكهمانهوه نابو، دایكمی بینیبو، وڕوكاس، له‌سه‌ختی غه‌مناكی خۆیدا، قاپێكی پڕله گوی نێو چاڵه‌كه كردوه. به‌خاوی وبهكهوچكێكی پلاستیكی، تێكه‌ڵی خواردنی كردوه، به‌ده‌م گریان و فرمێسك ڕشتنه‌وه،ده‌رخواردی منی داوه.
باوكم ناردمی بۆ ماڵی مامم، هه‌تا له‌وێ ژیان به‌سه‌ربه‌رم. به‌م شێوه‌یه، بومه په‌نابه‌رێك. به‌ڵام له تایپێكی تر. من هه‌مو ڕۆژانێكی هه‌ینی، ده‌بومه‌وه به میوان له‌ماڵی خۆماندا. هه‌رجارێك ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ئامۆژنم بۆ چاودێریكردنی دایكم، له‌ته‌كما ده‌هات. من له‌و نێوه‌نده‌دا، بوبومه فوتباڵێك و شهقشهقێنیان پێده‌كردم. به‌م جۆره شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕی و منیش له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوم، به‌ئاگابێمه‌وه له‌وه‌ی كهبزانم، چی له‌ده‌وروبه‌رم ده‌گوزه‌رێت؟! به‌لامه‌وه گرنگ بو كه فێربم، بزانم، كه هه‌ست و وشه‌كانی ئه‌وان، لێشاوی پشكۆكانی نێو گه‌ردنم مانابه‌خشی چین؟! من به‌سه‌ر ڕێچكه‌یه‌ك لهچهقۆدا گاگۆڵكێم ده‌كرد، چاڵه گوهكهش بوبوه فۆبیای ژیانم. من له‌چه‌ندین بۆنه‌دا بیستبوم كه ژیان به‌ره‌وپێش ده‌ڕوات، گوزه‌ر ده‌كات، بهناوشهپۆلهكاندا ڕێده‌كات، یان پێده‌چێت خشۆكانه به‌ره‌وپێش بڕوات. ژیانی ئێمه‌ش، شێوه‌ی یاریه ئاگرینه‌كان، له‌ئاسمانی خودای چارهنوسسازو بۆردومانكهری مه‌زندا، په‌رشوبڵاو ده‌بۆوه‌و ده‌ته‌قیه‌وه.
ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی مناڵیم و هه‌رزه‌كاری، به‌شێوه‌ی نیشانگرهوهیهكی نێو تاریكی، به‌چاودێریكردنی ههموانهوهم به‌سه‌ربرد.چاودێریم دهكردو ده‌ستم ده‌وه‌شاند. ده‌ستم له دێوه‌زمه‌كانی ژیانم، دێوه‌زمه‌كانی تر ده‌وه‌شاند. ئه‌و دێوهزمانهش كه له‌خه‌یاڵی خۆمدا دروستم كردبون..
له‌زیهنی خۆمدا، دیمهنگهلێی وه‌هام دروست ده‌كرد، كه‌تیایاندا ئه‌شكه‌نجه‌ی دایكم و ئه‌وانی ترم ده‌دا.له‌نێو په‌ڕاوێكی خوێندنی قوتابخانه‌دا، وێنه‌ی چه‌ند ئۆتۆمبیلێكی بارهه‌ڵگری زه‌به‌لاحم كێشابو، كه سه‌ری مناڵه‌كانی ده‌پلیشانده‌وه. تا ئێستاش ئه‌و وێنه‌یه‌ی سه‌رۆكم له‌یاده، كه له‌سه‌ر به‌رگی په‌ڕاوه‌كه چاپكرابو، تیایدا قاتێكی سه‌ربازی پۆشیبو، زه‌رده‌خه‌نه‌ی ده‌كرد. له خوار وێنه‌كه‌شه‌وه نوسرابو ( چی پێنوس و چی تفه‌نگ یه‌ك ده‌میان هه‌یه)..
گالیسكه‌یه‌كی نه‌وت فرۆشتن هه‌بو، زستانان ده‌هاته كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌وه، گوێدرێژیك به‌دوای خۆیدا رایده‌كێشا. منداڵان دوای گالیسكه‌كه ده‌كه‌وتن، له‌چاوه‌ڕوانی ئهوهدابون، كێری ترسناكی گوێدرێژه‌كه ڕه‌پ ببێت و بیبینن.من چاوه‌كانم ده‌نوقاند، له‌خه‌یاڵدانی خۆمدا ئه‌و دیمه‌نه‌م دروست ده‌كرد، كێری ره‌ش و ئه‌ستوری ئه‌و گوێدرێژه، ده‌چێت به گوێچكه‌ی راستی دایكمدا، له گوێچكه‌ی چه‌پیه‌وه دێته‌وه ده‌ره‌وه، ئه‌ویش له‌تاو ئازاری سه‌ختی خۆی، هاوارده‌كات و داوای ئه‌وه‌ده‌كات فریای بكه‌وم.
…
ساڵێك به‌رله‌وه‌ی جه‌نگ كۆتایی بێت، باوكم گونی و قاچی چه‌پی، له‌وجه‌نگه‌دا له‌ده‌ستدا. ئه‌م ڕوداوه‌ش دایكمی ناچاركرد، هه‌تا بڕیاربدات بگه‌ڕێمه‌وه ماڵه‌وه. باوكیشم بڕیاریدا، بچێته‌وه سه‌ر پیشه‌كه‌ی باووباپیرانی: ترشیات دروستكردن..وای ده‌گێڕنه‌وه كه ده‌ڵێن، باپیره‌م به‌ناوبانگترین، ترشیاتچی شاری نه‌جه‌ف بوه. ئه‌وكات خودی پادشا، سێ جار سه‌ردانی دوكانه‌كه‌ی كردوه.. من گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، بومه ده‌ست و قاچ وخزمه‌تكاری گوێڕایه‌ڵی باوكم. من خۆشحاڵبوم. چونكه باوكم سه‌رباری هه‌مو ئه‌و سه‌ختیانه‌ی كه چهشتبوی، هێشتا موعجیزه‌یه‌ك بو له ده‌ست و دڵپاكی. ئه‌و دڵسۆزبو بۆ رۆحی خۆی، كه نه‌یهێشت ئازاره‌كانی ژیان پیسی بكات. بهقاچێكی ده‌ستكرده‌وه، ئه‌و هێزوتوانای خۆشه‌ویستی زیادتری كرد. نازی دایكمی هه‌ڵده‌گرت، نغرۆی ده‌كرد له لێشاوی دیاریهكانیدا. ملوانكه‌ی ئاڵتون و مستیله، پۆشاكی ژێره‌وه كه به وێنه‌ی گوڵ چنرابون.
باوكم حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی كۆنكرێت كرد، هه‌ربه كۆنكرێت، سهرقهپاغێكی بۆ چاڵه گوهكه دروستكرد. ته‌نها دهمهوانهیهكیشی بۆ قه‌دی دارهه‌نجیره‌كه هێشتبۆوه، كه‌دواتر سوێراوی ترشیات ئه‌ویشی وشك كرد.من ته‌مه‌نم شانزه‌ساڵ بو، كه دایكم بۆ دواجار له‌ژێریا گریا، ئه‌وكات حكومه‌تی به‌غداد، بۆ دروستكردنی شه‌قامێكی تیژڕه‌و، گۆڕستانه كۆنه‌كه‌ی ته‌خت كرد. گۆڕی باوكی دایكم لهوێدابو.ماوه‌یه‌كی درێژ غه‌م و مه‌راقی له‌ده‌ستچونی ئێسك و پروسكی باپیره‌م دایگرت.
…
حه‌وشه‌كه‌مان پڕبو له به‌رمیلی پلاستیكی كه بۆ سوێركردنی كه‌ره‌سته‌كانی ترشیات به‌كارده‌هات.مه‌ڵۆی كیسه‌ی خه‌یار، باینجان، بیبه‌ری سه‌وزو سور، زه‌یتون و كه‌له‌رم، قه‌رنابیت، كیسه خوێ و به‌هارات و ده‌به‌ی سركه،دۆشاوی خورما. مه‌نجه‌ڵی گه‌وره‌ی لێبو، كهبهردهوام بۆ كوڵاندن به‌كارمان ده‌هێنا. به‌هارات، دواترخهیارو ئاو و باینجان و قه‌رنابیت و كه‌له‌رم و گێزهرمان تێده‌كرد.. باوكم هێنده‌ی باوكی و باپیره‌ی ده‌ستڕه‌نگین نه‌بو. زۆر شێوازی نوێی تاقیده‌كرده‌وه. ئه‌و به‌شێكی زۆری ژیانی له‌نێو تانكه‌كاندا بهسهربردبو. زۆرینه‌ی نهێنیه‌كانی چۆنێتی دروستكردنی ترشیاتی له‌بیرچوبۆوه.كاری شۆفێریی تانك، كێروگونی و پیشه‌ی باووباپیرانی لێسهندبۆوه.
…
چه‌ندین كاتژمێر له‌به‌رده‌م دایكم داده‌نیشتم، پێكه‌وه باینجانمان له‌ت ده‌كرد، یان خه‌یارمان به سیر و به كه‌ره‌وز، مه‌حشی ده‌كرد. زمانی دایكم شێوه‌ی مار ژه‌هراوی بو. چیتر هاوین ئازاری نه‌ئه‌دا. ئه‌و بوبوه مانگایه‌كی قه‌ڵه‌و كه هاوین پێستی سوتاندبۆوه. زمان هه‌راش بو، به‌رده‌وام جگه‌ره‌ی ده‌كێشا. له‌نێو دڵیدا گژوگیای ژه‌هراوی سهوزبوبون. خه‌ڵكیش به‌وشه‌ی ژه‌هراوی به‌زه‌یی خۆیان بۆ حاڵی ئه‌و ده‌رده‌بڕی : ..گوناحه.. نه كێری بۆماوه‌ته‌وه، نه مناڵی زۆر… ته‌نها قه‌له‌ڕه‌شێك و هیچی تر..، ئه‌و قه‌له‌ڕه‌شه من بوم. كه له‌گه‌ڵ خۆ‌یا هه‌مو سیمبوڵه‌كانی شومی و نه‌گبه‌تی هه‌ڵگرتبو. باوكیشم به‌درێژایی كاته‌كان، سه‌رقاڵی كاروباری حیساب بو له‌گه‌ڵ فرۆشیاره‌كانی نێو بازاڕ و گواستنه‌وه‌ی به‌رمیله‌كان، به پیكابه كۆنه‌كه.دوای خۆرئاوابون، له ماندوێتیا دائهڕما.نانی ئێواره‌ی ده‌خوارد،نوێژی ده‌كرد و باسی كێشه‌كانی ترشیاتی بۆ ده‌كردین. قاچهدهستكردهكهی دائه‌ماڵی.ده‌چوه پێخهفهكهیهوه هه‌تا به په‌نجه‌كانی ئاڵۆشی ئافره‌تێكی ده‌مه‌وه‌ر دابمركێنێته‌وه..
ئه‌وكاته‌ی كه جه‌نگی دوهه‌می كه‌نداو هه‌ڵگیرسا،ده‌بو من په‌یوه‌ندی بكه‌م به خزمه‌تی سه‌ربازیه‌وه.باوكم و مامم به‌یه‌كه‌وه دانیشتن، هه‌تا له‌باره‌ی كاروباری خزمه‌تی سه‌ربازی منه‌وه گفتوگۆبكه‌ن.مامم ماڵوێرانی شه‌ڕگه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می نه‌بینیبو، ئه‌و له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی مه‌ڵبه‌ندی شار كاری ده‌كرد.
باوكم بڕیاری خۆی دا: .. نایده‌مه ده‌ست مه‌رگ. چۆن ڕێگه به‌خۆیان ده‌ده‌ن تاقه كوڕه‌كه‌م به‌كوشت بده‌ن؟؟.. مامم توشی ده‌مه‌قاڵێ بو له‌گه‌ڵ باوكم، باسی ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆكرد كه ئه‌و تێی ده‌كه‌وێت له ده‌زگا ئاسایشه‌كه‌ی خۆی..برازاكه‌ی هه‌ڵهاتوه له خزمه‌تكردن به ئاڵا!!،،تۆ ئه‌ته‌وێت ئێمه‌و ئافره‌ته‌كانیش گوللهبارانكهن؟.. باوكم هه‌رله‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی به‌رده‌وام بو.مامم هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێكردین، گه‌ر بێت‌و په‌یوه‌ندی نه‌كه‌م به سوپاوه، به‌ده‌ستی خۆی ده‌ستبه‌سه‌رم ده‌كات. به‌ڵام باوكم ده‌ریكرده ده‌ره‌وه‌و پێی وت: (گوێبگره، ڕاسته من پیاوێكی بێوه‌یم..به‌ڵام ئه‌وه كوڕمه..به‌شێكه له جه‌سته‌م..گه‌ر ئه‌وه بكه‌یت..گۆشاوگۆش سهرتهبڕم..). مامم ئه‌وشه‌وه سه‌رخۆش بو. به‌شێوه‌ی گایه‌كی هاربو.به‌ده‌م جنێودانه‌وه جێی هێشتین.باوكم هه‌ستاو دوڕكات نوێژی كرد، هه‌رزو ئارامی بۆ گه‌ڕایه‌وه:…خۆبهدورئهگرم له شه‌یتانی نه‌فره‌تی..ئه‌و برامه..ئه‌وانه‌شی كه وتی ته‌نها قسه‌ی سه‌رخۆشی بون..من ئه‌یناسم..دڵی پاكه..
شێوه‌ی زیندانیه‌ك،ماوه‌ی سێ مانگ له ماڵه‌وه مامه‌وه، پۆلیسی سه‌ربازی و هه‌موو ده‌زگا ئاسایشیه‌كان شه‌قامه‌كانیان ئاخنیبو. باوكم بڕیاری دا كه به‌ڕۆژدا ئیش نه‌كه‌م، هه‌تا دراوسێكان هه‌ستم پێ نه‌كه‌ن. شه‌وانه شێوه‌ی دز، به فانۆسێكهوه ده‌هاتمه حه‌وشه، له په‌نای كیسه باینجان و خه‌یار و بیبه‌ره‌كان داده‌نیشتم، سه‌رقاڵ ئه‌بووم به كاركردن و بیركردنه‌وه له ژیانی خۆم..له قتویه‌كی به‌تاڵی شیردا، عه‌ره‌ق و ئاوم تێكه‌ڵ ئه‌كرد، نه‌بادا باوكم پێم بزانێت، گه‌ر بیزانیبایه كه ده‌خۆمه‌وه، دردۆنگ ده‌بوو.شه‌وانم به مه‌ستی به‌سه‌ر ده‌برد، مه‌زه‌ی خواردنهوهكهشم هه‌موو جۆرێك بوو له ترشیاتهكانی سایه‌ق تانكه‌كه، كهول به خوێنمدا بڵاوده‌بوه‌وه و وه‌ك مناڵ به گاگۆڵكی ڕوه‌و چاڵه‌كه ده‌چووم. گوێچكه‌م ده‌نوساند بهسهرقهپاغه كۆنكرێتیهكهیهوه، گوێم ڕاده‌دێرا. هه‌ستم ده‌كرد پێده‌كه‌نێت..چاوه‌كانم داده‌خست و له خه‌یاڵمدا ده‌ستم ده‌برد بۆ شان و قۆڵه ڕووته‌كه‌ی، پێستی گه‌رمی، كه له ئاكامی یاریه‌كی زۆر و ماندووبوون تاوی سه‌ندبوو. من ڕه‌نگ و ڕووی ئه‌وم نه‌ده‌هاته‌وه یاد، وێنه‌یه‌كی فتۆگرافی تاك و تهنهاشی له‌لای دایكم هه‌بو، كه ڕێگه‌ی به‌كه‌س نه‌ئه‌دا لێی نزیك بێته‌وه. له‌نێو دۆڵابی جل و به‌رگه‌كه‌دا حه‌شاری دابوو، وێنه‌كه‌ی له نێو سندوقێكی ته‌خته‌ی بچووك داده‌نا، كه تابلۆی تاوسێكی له‌سه‌ر كێشرابوو. له ساته‌وه‌ختی به‌ره‌به‌یانێكی زوودا باوكم له‌خه‌و هه‌ڵده‌سا، زۆرجار منی به خه‌وتوویی له جێگه ئیشه‌كه‌مدا ده‌بینیه‌وه. ده‌ستی ده‌خسته سه‌ر نێوچاوانم ، له ئاكامی به‌ریه‌ككه‌وتنی ده‌ستی ئه‌و، منیش به ئاگا ده‌هاتمه‌وه. : ( بڕۆ ژووره‌وه كوڕه‌كه‌م … دو ركعات نوێژت بۆ ده‌كه‌م… داوا له خوا ئه‌كه‌م سه‌رفرازت كات ) . خۆ ئه‌و بێخهبهر نه‌بوو له‌وه‌ی كه من عه‌ره‌ق ده‌خۆمه‌وه.به‌لام دینداری له‌لای ئه‌و حه‌دیسه‌كانی پێغه‌مبه‌ر و شه‌ریعه‌ت و تابۆكراوهكان نه‌بو، به‌ڵكو خۆشویستنی چاكه بو، ئه‌مه تێڕوانینی به‌رده‌وامی ئه‌وبو، له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌سازاند، سه‌باره‌ت به باس و خوازی حه‌ڵاڵ و حه‌رام و شه‌ریعه‌ت ، هه‌رگیز ئه‌و ڕۆژه‌م له‌یاد ناچێته‌وه، كه له‌گۆڕه‌پانی یاری فوتبۆڵێنهكهدا، به‌ده‌م گریانێكی به‌كوڵه‌وه هه‌ره‌سی هێنا. من له مناڵه‌كان ده‌ترسام، به‌هۆی گریانه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه شه‌رم دایگرتم و تووشی شپرزه‌یی بووم ، ره‌فیق حیزبیه به‌عسیه‌كان، سێ گه‌نجی كوردیان نزیك به یاریگای فوتبۆڵێنهكه گولله‌باران كرد. به‌چه‌ند دارێكه‌وه بهستیاندنهوه، به‌به‌ر چاوی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌وه دایاننه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله. پێشتر له بڵندگۆكه‌وه بانگه‌وازیان كرد : ( ئه‌م خیانه‌تكار و تێكده‌رانه شایسته‌ی ئه‌وه نین كه له ئاو و هه‌وا و خێر و بێری ئه‌م وڵاته بخۆن ) . هه‌روه‌ك پیشه‌ی به‌رده‌وامی ره‌فیق حیزبیه‌كانیش، ته‌رمه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد‌و، داره خوێناویهكانیان له جێگه‌ی گولله‌باران كردنه‌كه جێ هێشت، هه‌تا هه‌مموان ئه‌و ڕوداوه له یاده‌وه‌ریاندا بمێنێته‌وه. باوكم ئه‌وكات هات به دوامدا، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بمبات بۆ هۆڵی سینه‌ما. باوكم شه‌یدای فیلمه هیندیه‌كان بو، ئه‌و كاته‌ی له یه‌كێك له‌و دو شوێنگۆڵه ڕاما، كه لایه‌كی كه‌م بو، تێگه‌یشت كه ئێمه، هه‌رسێ داری گولله باران كراوه‌كانمان بردوه، ئه‌و دو شوێنگۆڵهمان لێ‌دروست كردوه، داره‌كان خوێنی وشكههلاتووی پێوه‌بو، باوكم ئه‌و كات،به‌ده‌م گریانه‌وه داڕما كه گوێبیستی یه‌كێك له مناڵه‌كان بو و وتی : ( مامه گیان، دارێكمان كه‌مه بۆ ته‌واو كردنی شوێنگۆڵی دوهه‌م، ناكرێت یه‌كێكی تر گولله‌باران بكه‌ن و ئێمه داره‌كه‌ی بهێنین؟!
له ئێواره‌یه‌كی هاوینه‌دا، جارێكی تر كه‌وتینه‌وه به‌ر بۆردومانی نه‌فره‌ت،مامم به توڕه‌ییه‌وه له ده‌رگای دا، دایكم له‌وكاته‌دا پاره‌ی ده‌ژمارد، دهیئاخنیه شوشه‌یه‌كی به‌تاڵی دۆشاوی ته‌ماته‌وه.من و باوكیشم سه‌رقاڵی یاری شه‌تره‌نج بوین.باوكم زۆر به‌ئاسانی ده‌یتوانی لێبه‌رێته‌وه.به‌ڵام ئه‌و خۆشحاڵ ده‌بو، كه ده‌یبینی من شاگه‌شكه ده‌بم، به‌له‌ناوبردنی بهیدهقهكانی ئه‌و له سه‌ره‌تای یاریه‌كه‌وه، هه‌مو بهیدهقهكانی پێشه‌وه و ئه‌وانه‌ی تریشی، وه‌ك قوربانی به بێ به‌رگری پێده‌به‌خشیم، به ته‌نها پاشا و وه‌زیری ده‌هێشته‌وه. دواتر به وه‌زیره ڕه‌شه‌كه‌ی هه‌موو بهیدهقهكان و ئه‌وانی تریشی به‌دوای یه‌كدا له‌ناو ده‌برد و پاشاكهمی كشمات ده‌كرد..
باوكم بۆ پێشوازی له مامم چوه حه‌وشه. دایكیشم سه‌رپۆشه‌كه‌ی دا به‌سه‌ریدا و به‌دوایدا ڕۆی. هه‌رسێكیان نزیك له چاڵهگوهكهوه ڕاوه‌ستا بون، به ده‌نگێكی نزم و به تووڕه‌یی دهئاخافتن، له پشت شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌وه چاودێریم ده‌كردن، توشی ژانه‌سه‌رێكی قورس بوبوم، به هۆی خواردنه‌وه‌ی شه‌وی ڕابوردو، من چاوه‌ڕێی شه‌وی داهاتوم ده‌كرد، هه‌تا جارێكی تر بخۆمه‌وه و مه‌ست ببم. دایكم به‌هه‌ڵه‌داوان چوه ژێر قادرمه‌كان، بۆئه‌وه‌ی شتێك له كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌وێ بهێنێت، باوكم و مامم هاوكاریان كرد له به‌تاڵكردنه‌وه‌ی به‌رمیلێكی پلاستیكی پڕ له ترشیاتی قه‌ڕنابیت. دایكم چه‌كوش و بزماری بۆ هێنان، باوكیشم به‌رمیله‌كه‌ی پاڵخست، به هه‌ڕه‌مه‌كی كۆمه‌ڵه كونێكی به بزماره‌كه تێكرد، له‌وكاته‌دا باوكم، قاچه ده‌ستكرده‌كه‌ی له پێ نه‌كردبو. به قاچێكه‌وه، به ده‌وروخولی بهرمیلهكهدا بازی ده‌دا، وه‌ك بڵێی یاری، یان سه‌ما ده‌كات. مامم له‌به‌رده‌می ده‌رگای حه‌وشه‌دا، ماشێنه‌كه‌ی ڕاگرت، چه‌ند به‌رمیلێكی ترشیاتیان لێ باركرد. باوكم هاته ژووره‌وه بۆ لام، هه‌موو گیانی ئاره‌قی لێده‌چۆڕا:
گوێ بگره كوڕه‌كه‌م، كاتمان نه‌ماوه، مامت زانیاری هه‌یه، كه ئاسایش و حیزب له به‌ره‌به‌یاندا ته‌واوی ماڵه‌كان ده‌پشكنن. مامت هاوڕێی دڵسۆزی زۆره له گوندی (عۆران)، چه‌ند ڕۆژێك له‌وێ ده‌تهێڵمه‌وه، تا ئه‌وكاته‌ی بارودۆخه‌كه ئارام ده‌بێته‌وه.
چوومه ناو به‌رمیله به‌تاڵه‌كه، دایكم سهرقهپاغهكهی نایه‌وه و قایمی كرد. باوكم و مامم هه‌ڵیانگرتم بۆ ناو ماشێنه‌كه.. باوكم ڕاستی ده‌كرد!، كه ئه‌و برایه‌تی و دڵی به‌باشی ده‌ناسێت،، مامم بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی من ڕزگار بكات، شێتانه ماشێنه‌كه‌ی دهئاژوت، توانی به‌بێ كێشه بگاته سنووری شار، به‌ڵام ته‌واوی ئه‌و ڕێگایانه‌ی ده‌چوونه‌وه سه‌ر شارۆچكه و گونده‌كان، خاڵی پشكنینی سه‌ربازی پاسه‌وانیان ده‌كرد، تاكه ڕێگه‌چاره له‌به‌رده‌م مامم دا، ئه‌وه‌بو كه به‌رێگه لاوه‌كی و چۆڵه‌كاندا بڕوات، دواترڕێگهی كێڵگه گه‌نمه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی شاری گرته‌به‌ر، پێده‌چێت ترس و دڵه‌ڕاوكێ، رێگه‌ی گونجاویان له بیر مامم بردبێته‌وه. چونكه مناڵ‌یش له‌و شاره‌دا، زنجیره گردۆڵكه به‌ردین و سه‌خته‌كانی پێده‌زانی، كه ده‌كه‌وتنه پشت كێڵگه گهنمهكانهوه.پێده‌چو وێنه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانی خه‌ڵكی، له ده‌زگا ئاسایشیهكهیدا، زه‌ینیان په‌رش و بڵاوكردبێته‌وه. ده‌شێت له خه‌یاڵی خۆیدا وای ههستكردبێت، كه ئاسایشه‌كانی ده‌ورو به‌ری خۆی، له‌نێو حه‌وزی تێزابدا ده‌یسوتێنن..( ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش، برازا ههڵهاتوهكهی، له نێو به‌رمیلی ترشیاتدا دهربازكردوه ). ئه‌و له كێڵگه گه‌نمه‌كه‌دا، به‌سه‌ر ئاژوتنی ماشێنه‌كه‌دا، ته‌واو زاڵبو.. چاڵوچۆڵ و تاسه‌ی ڕێگاكه، پهراسوهكانمی شكاند. ئه‌و تهپوتۆزهش، كه ڕۆشتنی ماشێنه‌كه، به دوای خۆیدا ده‌یهێنا، له كونی بهرمیلهكهوه، له بری هه‌وای پاك ده‌هاته ژووره‌وه. بۆنی ناو به‌رمیله‌كه‌ش، به‌شێوه‌ی بۆگه‌نی كه‌لاكی پشیله مردارهوهبوهكانی نێو زبڵخانهكهی گه‌ڕه‌ك ده‌چو.
بڵێی له‌و كاته‌دا، نینۆك و چاو ههڵبكۆڵێت؟ پێستی گیراوه‌كان، له ژێرزه‌مینه‌كانی ده‌زگای ئاسایش‌دا، به ئوتو ههڵقرچێنێت؟!.. نا..له‌وانه‌یه، ڕۆحی قوربانیه ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌كان، به‌ره‌و كه‌ناری مه‌رگیان بردبێت. له‌وانه‌شه، ئه‌و و ڕۆحی شه‌ڕه‌نگێزی من بوبێت، یان پێده‌چێت، ئه‌و ڕۆحه بوبێت، كه هه‌مو چاره‌نوسێكی دیاریكردوه، له‌وه‌دا كه به‌ره‌و ته‌واو بوونه، ئاڵۆزه ، له‌م دونیا ئاوابوهدا..
حه‌وت به‌رمیل له‌و تاریكیه‌دا، له خوار ههڵدێرهكهوه، شێوه‌ی حه‌وت ئاژه‌ڵی نوستو داخزابوون. له‌وكاته‌دا كه كهمامم ویستبوی، گردی به‌ردینی دوهه‌م ببڕێت، ماشێنه‌كه وهرگهڕابو. بهرمیلهكانیش، له‌گه‌ڵ ماشێنه‌كه‌دا، به‌ره‌و هه‌ڵدێره‌كه تلۆر بوبونه‌وه، ئه‌و شه‌وه‌م بێ ئاگا له‌ناو بهرمیلهكهدا به‌سه‌ر بردبو، له سه‌ره‌تای به‌یانیدا، تیشكی خۆر له كونه‌كانی بهرمیلهكهوه، ده‌هاتنه ژوره‌وه. وه‌ك بڵێی، كۆمه‌ڵه تاڵێك له هه‌ناسه بن، كه بۆ نقومبویهك درێژ كرابێتنه‌وه، ده‌مم پڕبوبو له‌خوێن. ده‌سته‌كانم ده‌له‌رزین. من نێچیری دوانه‌ی ئازار و ترس بووم. له‌وكاته‌دا، دیمه‌نی نامۆی به یهكداچونی تاڵه ڕوناكیهكانی نێو به‌رمیله‌كه، سه‌رنجی ڕاكێشام. من ده‌مویست ده‌رباز ببم، له‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌ی كه به‌سه‌ر هۆشمدا هاتبوو. له‌وساته‌دا وام هه‌ست كرد، كه ته‌نێك ( ماریخوانا )م كێشاوه. ماسیه‌كی (سه‌ردین)ی نێو قوتوم و به ئاگا هاتوومه‌وه، كرمێكی مردوم له نێو بیرێكی وشكدا، كۆرپه‌له‌یه‌كی بۆگهنكردو، له نێو منداڵدانێك له شێوه‌ی به‌رمیل و هه‌موو ئێسكه‌كانی
وردوخاش بووه..
له‌و كاته‌دا، وێنه‌ی برا بچوكه‌كه‌م له زه‌ینمدا جێگیربو، كه به‌ره‌و چاڵه گوهكه ده‌كه‌وێته خواره‌وه، منیش به دوایدا نوقم ده‌بم .. سه‌ره‌تا باڕهباری بزنه‌كه، به لاوازی ده‌هاته به‌ر گوێم، وه‌ك بڵی، تیپێكی سروود بن، پرۆڤه‌ی گۆرانی بكه‌ن. بزنێك دهیباڕاند و دواتر دانه‌یه‌كی تر. دواتریش هه‌مویان پێكه‌وه. هه‌روه‌ك چۆن گه‌یشتبێتنه میلۆدی گونجاو.. به‌رله‌وه‌ی شوانه‌كه، هاوار له ڕانه بزنه‌كه‌ی بكات، بزنێك قۆچێكی له بهرمیلهكهدا، تلیدا و جوڵا،، ڕوناكیه‌كه، چه‌قیه گلێنه‌ی چاوم. له ترسی دڵڕه‌قی و سه‌ختی ئه‌و جیهانه‌ی كه جارێكی تر ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆی، له نێو بهرمیلهكهدا میزم كرد به خۆما.
tahercen@yahoo.com
وه‌رگیڕانی له زمانی عه‌ره‌بیه‌وه: تاهیر عه‌بدولواحید