
شۆڕش و شوناس ….. حسن حسێن
مانگی رابردوو سیناتۆری ئەمریکی جۆن مەکین لەسەردانێکیدا بۆ لیبیا نیگەرانی ده‌ربڕی لەوەی هێزە ئیسلامییە توندرەوەکان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و ئەزموونی ئێران دووبارە بکەنەوە. هەرچەندە ئیخوانەکانی میسر، ئیسلامییەکانی لیبیا‌و تونس هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ دڵنیاکردنەوەی رای گشتی ناو خۆ‌و دەرەوە لەوەی حوکمی ئیسلامیی دانامەزرێنن. بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع له‌م وڵاتانه‌دا روودەدات پێچەوانەی ئەوەیە کە دەوترێت.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا له لیبیا دکتۆر ئه‌لهادی شهلوف، سه‌رۆکی پارتی داد ودیموکراسی که به‌نیازه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کاندید بکات، گووتی: ئیسلامییه‌کان و داروده‌سته‌ی پێشووی رژێمی قه‌زافی، که‌ئێستا وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ململانێیه‌کی توندده‌که‌ن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. پێشتریش مسته‌فا عه‌بدولجه‌لیل سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی کاتی لیبیا رایگه‌یاند که ئیسلام سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ده‌ستووری وڵات ده‌بێت، ئه‌مه‌ش بەڕای چاودێرانی سیاسی مانای به ئێران وسعودیه کردنی لیبیایەو هه‌وڵێکه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ره‌وته سیاسییه نادینییه‌کان(١). لەمیسر ئیسلامییەکان پەلاماری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان دەدەن، هێرش دەکەنە سەر قیبتییەکان و کڵێساکانیان دەسوتێنن، له سیناریۆیه‌کی وەک هێرشی ساڵی ٧٩ بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له تاران، هێرش دەکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە قاهیرە(٢)و هێڵی بۆرییە نەوتەکانی نێوان میسر‌و ئیسرائیل دەتەقێندرێنەوە. له تونس پێڕاکێشانی ئیسلامییه‌کان سه‌رۆکی حکومه‌تی کاتیی ناچار کرد ناڕاسته‌وخۆ په‌نجه بۆ هه‌ندێک هێز درێژبکات که ده‌یانه‌وێت ئه‌جیندای خۆیان به‌سه‌ر وڵات‌دا بسه‌پێنن و له‌به‌رامبه‌ریشدا را‌شد غه‌نوشی( سه‌رکرده‌ی رێکخراوی نه‌هزه که دوای رووخانی بن عه‌لی هاته‌وه بۆ وڵات و له شۆڕشیشدا ئه‌م رێکخراوه رۆڵێکی په‌راوێزیی هه‌بوو) ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی ره‌ت کرده‌وه.
ئەمانە نیشانەگەلێکن کە وەک پەندە عەرەبییەکە دەڵێت(لا یبشرون بالخیر)و ناکرێت بە دابڕاوی لەیەکتر وەک رووداوی سەرپێی و تێپەڕ مامەڵەو تەماشا بکرێن، به‌ڵکو نمایش کردنی هێزن به‌مه‌به‌ستی زاڵ کردنی هه‌ژموون و گرتنی ده‌سه‌ڵات.
لێرەوە نیگەرانی لە ئاییندەی شۆڕشەکانی دنیای عەرەب و ترس لە هەژموونی ئیسلامییەکان بەسەر دەسەڵاتدا، نیگەرانی و ترسێکن مادییەتیان هەیە. خۆئەگەر ئاماژەیەکیش لەم نیگەرانی وترسەدا هەبێت ئەوا ئاماژەیە بۆ ناڕوونیی ئامانجی ئەم شۆڕش و راپەڕینانە کە تەنها خۆیان لە رووخانی رژێمدا دەبیننەوەو پرۆژەیەکیان بۆ جۆر‌و شێوازی حوکمڕانی پێنییە. بەمانایەکیتر وەک ئالان ودز دەڵێت: خەڵک دەزانن چی‌یان ناوێت، بەڵام نازانن کە چی‌یان دەوێت. فاکتەرێکی سەرەکی روون نەبوونی (ویست)یش بەبڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشانە خاوەنی شوناس یا ناسنامە نین. چونکە دواجارئەوە شوناسی شۆڕشە کە پێمان دەڵێت شۆڕش و شۆڕشگێڕان چیان دەوێت و وێنه‌ی کۆمەڵگەی دوای بەسەرەنجام گەیشتنی شۆڕشمان بۆ دەکێشێت و دیمەنەکەیمان نیشان دەدات، هەر لەساتەوەختی سەرهەڵدانییەوەو بە تێپەڕبوونی کات سیماکانیمان نیشاندەدات و پێمان دەڵێت ئەم شۆڕشە هەڵگری ئامانجێکی ئازادیخوازانەیە یا دیموکراتیکە، سۆسیالیستییە یا لیبراڵە، یا ئەمە شۆڕشێکی فەرهەنگییەو… هتد.
بۆئه‌وه‌ی له شوناسی شۆڕش تێبگه‌ین پێویسته ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بناسین که ده‌کرێت به‌تایبه‌تمه‌ندییه پێکهێنه‌ره‌کانی شوناسی شۆڕش ناویان به‌رین، تا بتوانین لە رووبەری ئەم وتارەدا شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی پێ بپێوین. ئه‌وانیش ئامانج، زمان و پێکهاتەی سۆسیۆلۆگیی (واتە بکەری شۆڕش)ن.
ئاشکرایە هەموو شۆڕش و راپەڕنێک ئامانجی روون و دیاریکراوی هەیە بەڵام دەشێت هەندێک ئامانجی رانەگەیەنراویشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت،نمونەش بۆ ئەمە هەردوو شۆڕسی ساڵی ٧٩و ٢٠٠٩ی ئێرانە، کە لەیەکەمیاندا ئامانجی راگەینراو رووخاندنی رژێمی شا بوو بەڵام ئامانجە رانەگەیەنراوەکە دروستکردنی دەسەڵاتێکی چەپگەراو سۆسیالیستی بوو. بەڵام لەدووەمیاندا ئامانجی راگەینراو دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەکان بوو، لەکاتێکدا ئامانجە رانەگەیەنراوەکە رووخاندنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بوو(دیاره هه‌ردوو شۆڕشه‌که ئامانجه‌کانی خۆیان به‌ده‌ست نه‌هێنا). لە یەک رستەدا ئامانجی شۆڕش گۆڕانێک نییە لە چەندێتیدا بەڵکو گۆڕینێکی نەوعییەو هەر ئەمەشە کە شۆڕش لە کودەتا جیا دەکاتەوە.
زمانیش ئەو ئامڕازەیە بەهۆیەوە شۆڕش یا راپەڕین ئامانجەکانی خۆیی پێ دەردەبڕێت. زمان لەو دروشم و هوتافانەوە دەست پێدەکات کە بەرزدەکرێنەوەو دەگووترێنەوە تا ئامڕازو میکانیزمەکانی خەباتکردن وەک مانگرتن، خۆپیشاندان، پەناگرتن(إعتصام)و…هتد. له شۆڕشدا زمان له ئامڕازێکی پهیوهندیکردنەوە ده‌بێته ئامڕازێکی ده‌ربڕینی ئاشکراو سیمبۆڵیکی کۆمه‌ڵگە. سەبارەت بەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی کە رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ناو شۆڕشدا یاخود بکەرە سەرەکییەکانی شۆڕش کێن و پێگەی کۆمەڵایەتییان چ کاریگەرییەکی لەسەر ناکۆکی وململانێکان بەگشتی و تێکدانی هاوسەنگی هێز بە تایبەتی هەیە، خاڵێکی جەوهەری وبنەڕەتییە لە ئەنجامدانی شۆڕشدا، چونکە شۆڕش خۆی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییەو ماتریاڵی مرۆیی پێویستە، بەڵام ماتریاڵێکە خاوەنی وزەیەکی گەورەی گۆڕینە، وزەی شۆڕشگێڕانە تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەی هێزە شۆڕشگێڕەکانە لەهێزە ریفۆرمیست وئیسڵاحییەکان.
ئەگەر سەرنج بدەین ئامانجی ئاشکرا لەم شۆڕش و راپەڕینانەی دنیای عەرەبی، وەک پێشتریش ئاماژەم پێیدا، بەتەنها روخاندنی رژێمە سیاسییەکانە، لەکاتێکدا هۆکاری بڵێسەسەندنی ئەم شۆڕشانە بەپلەی یەکەم هەلومەرجی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون و بە پلەی دووەمیش دەرهاویشتەکانی قەیرانی ئابووری جیهان بوو لەم کۆمەڵگایانەدا،وەک بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان و زۆربوونی رێژەی بێ‌کاری. بەڵام ئامانجە رانەگەیەنراوەکان بەسەر پێکهاتەی سۆسیۆـ پۆڵۆتیکی ئەم کۆمەڵگایەنەدا دابەش و پەرت بوون، خراونەتە گرەوی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی گوریس راکێشانی ئەم پێکهاتانەوەو دەروازەی بەرووی هەموو ئەگەرەکاندا کردۆتەوە. هەر ئەمەشە نیگەرانیی لە ئاییندەی ئەم راپەڕین و شۆڕشانە دروست کردووە چونکە رەوتە ئیسلامییەکان و شانە نووستوکانیان جارێکی‌تر گەشەیان کردۆتەوەو بوژاونەتەوە.
فاکتەری سەرەکیی، بەبۆچوونی من، گەشەکردنی ئەم جارەی ئیسلامییەکان سێ خاڵە، یەکەم لاوازیی عەلمانییەکان، چەپ و لیبراڵەکانە، شۆڕشی میسر باشترین نمونەیە. کاتێک موبارەک رووخا، تەنها رێکخراوێکی سیاسیی بەهێز لە میسردا ئیخوانەکان بوون. دووەم زاڵ بوونی کەلتوری ئیسلامییە لەم کۆمەڵگایەندا کە بەچەندین هۆکار کراونەتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لە پێکهاتەی شوناسی نەتەوەیی، بۆیە دابڕان لەم کەلتوورە هەروا ئاسان نییە. خاڵی سێیەمیش رۆڵی میدیاکانە بۆ نمونە کەناڵەکانی ئەلجەزیرەو عەرەبییە نەک هەر لە گەشەکردنی ئیسلامییەکان بەڵکو لەژێر ناوی گواستنەوەی نوێژەکانی: هەینی تووڕەیی، هەینی رۆیشتن، هەینی کەرامەو… هتد دا، رەواج بەوزمانە ئیسلامییە دەدەن کە لە ناو شۆڕشەکاندا دروست بوون ودەیگوێزنەوە بۆ وڵاتەکانی دیکەو لێرەوە لەیەمەن و سوریا ئەم ئەزمونانە دووبارە دەبنەوەو لە خۆپیشاندانەکانی دوای ١٧ی شوباتیش ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕان ویستیان ئەم ئەزموونە لە کوردستان کۆپی بکەن.
ئەگەر ئامانج پەرت بێت بێگومان زمانیش پەرت دەبێت، چونکە دواجار ئامانج بە هۆی زمانەوە دەردەبڕدرێت. خۆئه‌گه‌ر په‌رت بوون یا فره‌یی زمان سیمایه‌کی جوانی شۆڕش و خۆپیشاندانەکان بووبێت، ئەوا له‌دوای رووخانی رژێمهکانەوە ئه‌و فره‌ییه ده‌بێته لاوازیی. چونکه ئەو زمانە لەدوای رووخانی رژێمەکانەوە ئامڕازێکی نییە بۆ ده‌ربڕین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی به‌ر له شۆڕش وراپه‌ڕینه‌کان هه‌ر زمانی بژی و بروخێ بووهوهیچ ده‌ربڕینێکی دیکه‌ی نه‌بووه، بۆیه له دوای که‌وتنی رژێمهکانیش ئه‌م زمانی بژی و بروخێیه ده‌گوێزرێته‌وه نێو ململانێی کەڵەکەبووی نێوان گروپ و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سه‌ر شوناس وکه‌لتوور.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا که‌لتووری جیاواز، زمانی جیاواز، ئایین و مه‌زهه‌بی جیاواز هه‌ن و فره‌یی به شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان سیمایه‌کی ئه‌م وڵاتانه‌یه. به‌ڵام ئه‌م فره‌ییه نه‌بۆته هۆی به‌هێزبوونی زمانی یه‌کتر قه‌بوڵکردن، لێبورده‌یی و لێک تێگه‌یشتن. ئه‌مه‌ش به‌پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌و ئیستیبدادە سیاسییە دەگەڕێتەوە کە دیوارێکی لەنێوخۆی پێکهاتەکان و لەنێوان ئەمان و دەسەڵاتدا هەڵچنیووەو زمانێک نەماوەتەوە بۆ مشت‌ومڕ یا گفتوگۆ. لەبەرانبەریشدا فه‌رمانڕه‌واکان و میدیاکانیان زمانێکیان به‌رهه‌مهێناوه کە بەردەوام نەیارەکانی وبەرامبەرەکانی رەتکرۆدتەوە. پاشان بۆ داخرانی که‌لتووری باو ده‌گه‌ڕێته‌وه که بنه‌مایه‌کی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ی ئایینیی هه‌یه.
له‌رووی کۆمه‌ڵناسییه‌وه شۆڕشه‌کانی دنیای عه‌ره‌ب به تایبه‌ت میسر‌و تونس جیاوازن له ئه‌زموونی شۆڕشه‌کانی وڵاتانی دیکه. چونکه هێزی شۆڕش پێکهاتبوون له گه‌نجانی بێکار، که به‌پێی لێکدانه‌وه‌ی مارکسیستی بێکاران له‌چاو کرێکاران و هاوڵاتییانی تری له‌سه‌ر کار له پێگه‌یه‌کی لاوازتردان وکاریگه‌رییان که‌متره. به‌ڵام بێکارانی ئەم وڵاتانە لەبەرزۆریی ژماره‌یان و ئاستی به‌رزیی خوێنده‌وارییان، که‌به‌و هۆیه‌وه سوودێکی زۆریان له ته‌کنه‌لۆژیاو ئنته‌رنێت وه‌رگرت، توانییان کاریگه‌ریی له‌سه‌ر چین و توێژه سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگه دابنێن. بەگووتەکەی مارکۆزە بکەری شۆڕش لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکەدا پەروەردەبوو. ریپۆرته‌ری رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز( ولیام وان) له مانگی سێی ئه‌مساڵدا نوسیوویه‌تی گروپی 6ی ئه‌پریڵ( نیسان)له میسر نزیکه‌ی 20000 ئه‌ندامی هەیەو 200 هه‌زاریش بەشوێن چالاکی وهەواڵەکانیەوەن، که زۆربه‌یان پیشه‌وه‌رن و ته‌مه‌نیان له نێوان بیست بۆ سی ساڵیدایه(٣) به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه ئه‌م هێزه خۆڕسکه خۆبزوێنه(خاوه‌نی رێکخستنێکی تۆڕییه که یه‌ک سه‌ری نییه که بتوانرێت ببڕدرێت، به‌ڵکو چه‌ند سه‌رێکی هه‌یه) (٤) به‌ڵام کێشه‌ی هێزی خۆڕسک(ئه‌وه‌یه ده‌بێته لاوازیی کاتێک مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌بیناکردنی سیستمێکی دیموکراسییه‌وه، ئه‌و کاته هه‌ست به‌و بۆشاییه دامه‌زراوه‌یی، بونیادی و فیکرییه ده‌کرێت که زۆرداری وداروده‌سته‌که‌ی دروستیان کردووه) (٥) .
راستە ئەو بۆشاییە زادەی سیاسەتەکانی دەسەڵاتە، بەڵام ئەگەر شۆڕش خاوەنی شوناسێکی دیاربووایە، ئامانجەکانی دیاریبکردایەو لەگەڵ گوتاری روخاندا زمان و گوتاری بیناکردنەوەی هه‌بووایە… ئەوا ئەو بۆشاییە دروست نەدەبوو کە ئێستا دار‌و دەستەی رژێمی کۆن و ئیسلامییەکان، یەکەمیان تا ساتەوەختی روخانی رژێمەکان دەستیان بەباڵی رژێمەوە بوو و دووەمیشیان کەمترین بەشداری لە شۆڕشدا کردووە، خەریکن پڕی دەکەنەوە.
رووداوەکانی مایسپیرۆ: شۆڕش رۆڵەکانی خۆی دەخوات
کوشتارەکەی رۆژی یەکشەمەی بەردەم بینای رادیۆ‌و تەلەفزیۆنی میسر)مەیدانی مایسپیرۆ) لەسەر رووخاندنی کەنیسەیەکی قیبتییەکان لەشاری ئەسوان،لەلایەن پارێزگاری ئەو شارەوە کە هەمان پارێزگاری سەردەمی رژێمی موبارەکە،دروست بوو، رۆڵی راستەقینەی سوپای دەرخست کە،بەپێچەوانەی ئەو خۆشباوەڕییە میللیەوە بەسوپا، بێلایەن نییەو ئەەر پێویست بکات سەری هاوڵاتییان لەسەر شەقامەکان پان دەکاتەوە، وەک ئەوەی بەفیعلی ئەنجامیدا. سەرەڕای ئەوەش گەڕاندنەوەی هۆکارەکانی ئەو رووداوانە بۆ دەستی دەرەکی و پیلانگێڕیی و دان نەنان بەهەبوونی واقیعی کێشە کەڵەکەبووەکان بەڵگەیەکی روونە لەوەی نەک هەر گۆڕان بەسەر دامەزراوە حکومییەکان و بونیادی کۆمەڵایەتی و گوتاری دەسەڵاتدا نەهاتووە، بەڵکو هەمان دەزگا، دامەزراوەو دەم وچاوە کۆنەکانن و ئەمجارەیان بە رێکەوتن، راستتر بڵێم،بە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ ئیسلامییەکاندا دەیانەوێت سواری ملی شۆڕس ببن ودەسەڵاتێکی کۆنەپەرستانەتر لەوەی پێشوو دامەزرێنن.
خاڵێکی‌تر ئەو رووداوانە دەریانخست ئەوەیە تا لەم کۆمەڵگایانەدا سەنتەریزمی ئیسلامی باڵادەست بێت،ناکۆکی و ململانێی خوێناوی و توندوتیژیی سیمایەکی ئەم کۆمەڵگایانە دەبێت. چونکە موسڵمانەکان بەبراگەورەیی زیاتر بەهیچ شتێکی‌تر رازی نابن و ژیانی هاوبەشێتی (شراکة) لەروانگەی ئەمانەوە واتە رازی بوونی سەرجەم گروپە ئاینی ونائاینییەکانیترە بەو دەستورو یاسایەی کە سەرچاوەگرتووی ئەحکامەکانی ئیسلامن، ئەمەش رەتکردنەوەی فرەیی، یەکترقەبوڵکردن و رێزگرتنی بەرامبەرە، واتە هەمان ئەوشتانەی کە موسڵمانەکان لەو کۆمەڵگایانەی تێیدا کەمینەن داوای دەکەن!!
ئاراستەی رووداوەکان نیشانی دەدەن کە شۆڕش خەریکە دەبێتە قوربانیی ناڕوونی ئامانجەکەی و بێناسنامەیی خۆی. بانگەشەکردنیش بۆ هەینی گەڕاندنەوەی شۆڕش و هەینی راست کردنەوەی رێڕەوی شۆڕش(جمعة استرداد الثورة و جمعة تصحیح المسار)لەلایەن گروپەکانی گەنجانی شۆڕشەوەو هەوڵەکانیان لەم بوارەدا نیشانەی پەیبردنیانە بەوەی بەرازەکان خەریکن لەبەرهەمی شۆڕش دەخۆن و بەهاری عەرەبی دەکەنە پاییز.
١١/١٠/٢٠١١
hasan0156@yahoo.com
پەراوێز:
1. ماڵپەڕی سی ئێن ئێن /arabic.cnn.com/libya.2011
2. وەزیری بەرگری ئێران ئەوهێرشەی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بە سەرەتای کۆتایی ئیسرائیل پەسن کرد‌و بەراوردی کرد بە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران ، سەرچاوە http://www.25jan-news.com/article.php?id=4328
3. ( الشرق الاوسط، الثورة المصریة تواجه ازمة هویة،السبـت 21 ربيـع الثانـى 1432 هـ 26 مارس 2011 العدد 11806
4. سُحب تخيّم على الربيع العربي، أدغار موران. ترجمة : محمد صدّام http://www.alawan.org/-17-.html?debut_articles=10#pagination_articles
5. هسپ
ئەدگار مۆران Edgar Morin ( له‌دایک بووی 1921 ) فەیلەسوف و زانایەکی بایۆلۆژی فەڕەنسی هاوچەرخە، بایەخ بە پەیوندی ئەنجامەکانی بایۆلۆژیاو رەنگدانەوەی لەسەر وێنای مرۆڤ بۆ خود و کۆمەڵگەکەی و پێگەی لەگەردووندا، دەدات.