
ته‌لیسمی سێوێك … سیروان ره‌حیم
مه‌رگێگ بوو نائاسایی، مه‌رگی ستێڤه جۆبس. كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی له سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌وی ئاگاداری ئه‌و مه‌رگه بوون.
قسه‌ی زۆری له‌باره‌وه كرا..
له میدیای ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریكاییدا بۆ چه‌ندین رۆژ بوو به مانشێت، بابه‌تی به‌رگ و نووسینی جۆراوجۆر.
له ژماره‌ی رۆژی 10.10.2011 ی‌دا، گۆڤاری به نێوبانگی ئه‌ڵه‌مانی “دێر شپیگل”، وه‌كو بابه‌تی سه‌ره‌كی له به‌رگی خۆیدا وێنه‌ی ستێڤه جۆبس-ه، له پشت سه‌رییه‌وه وێنه‌ی سێوێك هه‌یه و له نێو رووبه‌ری سێوهكهدا نووسراوه:
ستێڤه جۆبس، ئه‌و پیاوه‌ی كه داهاتووی بینییه‌وه.
مانشێتێكی چه‌ند سه‌رنجڕاكێش و هاوكات كاریگه‌ره!
قسه‌ی جوان و كاریگه‌ری زۆر سه‌باره‌ت نووسران، به‌ڵام ره‌نگبێ یه‌كێك له هه‌ره قسه كاریگه‌ره‌كان ده‌رباره‌ی ستێڤه جۆبس، ئه‌مه‌یان بێت، گوتیان:
سێ سێ‌و جیهانیان گۆڕی:
یه‌كه‌میان، سێوه‌كه‌ی ئاده‌م و حه‌وا.
دووه‌میان، ئه‌و سێوه‌ی به‌ربوه‌وه و دای به‌سه‌ری نیوتندا.
سێیه‌میشیان، ئه‌و سێوه‌ی ستێڤه جۆبس دایهێنا، یان دۆزییه‌وه!
ستێڤه جۆبس، پیاوێك به ژیان و به مه‌رگی خۆی دنیای به خۆی و سێوهكهیهوه سه‌رقاڵ كرد. سێوێك پڕ ته‌لیسم. ته‌لیسمێك تا ماوه‌یه‌كی درێژ زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی به خۆوه سه‌رقاڵ ده‌كات. سێوێك سه‌رچاوه‌ی زانیاری، په‌یوه‌ندی گرنگ و بواری له‌باری كار و بژێویشه.
جگه له‌وانه داهێنان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه، له هه‌موو شوێنێك ئاماده‌یه. داهێنانه‌كانی ئه‌و به‌شدارن له راپه‌ڕین و سهرههڵدانهكاندا، كاتێك خه‌ڵك به گژ دیكتاتۆرانی عه‌ره‌به‌دا دچنهوه. سێوه‌كه‌ی ئه‌و بووه به فریادڕه‌س و مرۆڤی سهههڵدێری عه‌ره‌ب وێنه‌ی تاوانه‌كانی دیكتاتۆرگهلی بۆ هه‌موو دنیا پێ ده‌نێرن. ئه‌و په‌نجه‌ره بچوكانه‌ی ستێڤه جۆبس-ه ئاسمانی گشت دنیای به رووی تاوانه‌كانی دیكتاتۆرانی عه‌ره‌بدا كرده‌وه. ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ی تێیاندا هه‌یه چل ساڵ زیاتره ده‌رگای وه‌ڵات له‌سه‌ر گه‌له‌كانیان كڵۆم ده‌ده‌ن، به‌ڵام جۆبس هات و به سێوێك هێزی هه‌موو ئه‌و قفڵانه‌ی به‌تاڵ كرده‌وه.
ئه‌وه ته‌لیسمی ئه‌و سێوه بوو. له چاوی ئای فۆنهكانی ئه‌و مرۆڤه‌وه تاوانه‌كان بۆ هه‌موو جیهان بگوێزرێنه‌وه.
گه‌لۆ بێ یارمه‌تی و كۆمه‌كی زانیاری خێرای په‌یوه‌ندی كردنی نوژه‌ن كاری راپه‌ڕیوانی عه‌رب چه‌ند سه‌خت ده‌بوو؟
دیاره ستێڤه جۆبس، مرۆڤێك بووه مكوڕ له‌سه‌ر وه‌ده‌ست خستنی ویسته‌كانی و سه‌رخستنی ئامانجه‌كانی. بۆیه رۆژی 12.6.2005 كاتێك بۆ خوێندكارانی زانستگه‌ی ستاندفۆرد-ئه‌مه‌ریكا قسه‌ی ده‌كرد، گوتی:
“تۆ ناچاریت ئه‌و شته‌ی حه‌زی لێده‌كه‌یت و خۆشت ده‌وێ، بیدۆزیته‌وه و به‌ده‌ستی بخه‌یت. “
جێگه‌ی داخه، وه‌كو زۆر شتی تری گرنگ رووداوی له‌و جۆره، مه‌رگی كه‌سێكی گرنگی مێژووی مرۆڤایه‌تی، مه‌رگی ستێڤه جۆبس له میدیای كوردیدا گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی پێ‌نادرێت.
رووبه‌رێك كه له میدیای كوردیدا ده‌درێت به بابه‌تێكی به‌ناو سیاسی، نادرێت به بابه‌تێكی گرنگی له‌م جۆره.
بابه‌تێك په‌یوه‌ندی به سیاسییه‌كه‌وه! هه‌بێت كه هیچ شتێك له مێژووی مرۆڤایه‌تی و له مێژووی كورد خۆیشی ناگۆڕێت، میدیای كوردی وزه‌یه‌كی باش بۆ بڵاوكرده‌وه‌ی به فیڕۆ ده‌دات.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری میدیای ئێمه خۆیان و خوێنه‌ریان گیرۆده‌ی شتێك كردووه كه هه‌رگیز كاری میدیا نییه.
زۆربه‌ی چاوه‌كان له میدیای ئێمه‌دا هه‌ستی بینینیان كورته. دنیا نابینن، ده‌وروبه‌ری خۆیشیان به لێڵی ده‌بینن.
جێگه‌ی داخه میدیایهكمان هه‌یه ئه‌وه‌نده دنیانهبین.