
دوایین دیدار … ره‌سول سه‌فه‌ریانی
ژیان یانی هه‌ڵبژاردن، یانی راوه‌ستانی به‌رده‌وام له سه‌ر دوو رێگاندا.تا ماویت ده‌بێت هه‌ر خه‌ریکی هه‌ڵبژاردن بیت. هه‌ڵبژاردنی رێگا، هاوسه‌ر، هه‌ڤاڵ، ئیش و…
زۆر جار خۆت وشیارانه و له‌ڕووی هه‌ڵسه‌مگاندنه‌وه هه‌ڵده‌بژێریت و به‌شێکی زۆریش له هه‌ڵبژارنه‌کانی ژیانیش به بێ بیر لێکردنه‌وه روو ده‌دات. له‌م به‌شه‌دا ته‌نیا کاتێک رووداوێک به‌رۆکت پێده‌گرێت، تێده‌گه‌یت و له هه‌ڵبژارده‌که‌ت تێده‌فکریت. ئه‌مڕۆ یه‌کێک له‌و کاتانه بوو که من به بێ بیرکرنه‌وه یان به بێ هیچ مه‌به‌ستێک له دوو رێگا یه‌کیانم هه‌ڵبژارد که رێگای ژیانمی گۆڕا یان باشتره بڵێم دیگۆڕێت. ئه‌گه‌ر من ئێواره هه‌ر وه‌ک جاران داوای “ره‌زا”ی هاورێم ره‌ت نه‌کردایه‌ت و بچومایه‌ت بۆ ماڵی کاکی، ئه‌وا ئێستا وه‌ک ئه‌و هه‌موو شه‌وانه‌ی که له‌وی رامان بواردبوو ، خه‌ریکی قسه‌ی خۆش و پێکه‌نین بوون و ئه‌م چاره‌نووسه‌م نه‌ده‌بوو. هه‌ر به بێ بیرکردنه‌وه و له‌سه‌ر نازانم چ هه‌ستێک وتم نایه‌م تاقه‌تم نییه. خۆ ته‌نیا سه‌عاتێک پاش رۆیشتنی ئه‌و بوو که ته‌قه‌ی درگای حه‌وشه هات و ئه‌م نه‌گبه‌تانه رژانه ماڵه‌وه. نازانم بۆ هیچ به مێشکیشمدا نه‌هات که له دیواره‌که‌ی نێو حه‌وشه‌وه خۆم فڕی بدایه‌ته ماڵی مامم، هه‌ر چه‌ند له‌وانه بوو که له‌سه‌ر بانه‌کانه‌وه خۆیان دابین کردبێت و چاوه‌دێری حه‌وشه‌شیان کردبێت. خۆ ئه‌مڕۆ فه‌ره‌یدون وای نه‌وت، ئه‌گینا منیش فکرێکم بۆ خۆم ده‌کرد و به ته‌ڵه‌وه نه‌ده‌بووم. ده‌چوومه ده‌ره‌وه وه‌ک ئه‌و هه‌موو چه‌کداره چه‌کێکم هه‌ڵده‌گرت و وه‌ها ئه‌سیر و …
نوکە شەقێک بە قۆندەرەی سەربازییەوە لای رانی دەگرێت و تاڵی بیری دەپچرێنێت. ئەو نوکە شەقە بە جیی ئاماژە بوو بۆ ئەوەی بزانێت کە دەنگەکە لەگەڵ ئەویەتی، هاوکات دەنگی پیاوێک کە قین و رق و تاڵی دەرونی لە دەنگیدا رەنگی دابووەوە، دەپرسێت:
– اسمت چییە؟
– ناسر
لەگەڵ جواب دانەوەکەی ئەودا دەستێکی بێ بەزەییانە و پەلاماردەر، لەسەر شانی توند دەبێت و ئەمری پێدەکات کە هەستە. هەڵدەستێت. دەستەکە لە شانی دەبێتەوە و دەستی دەگرێت و بە شوێن خۆیدا راکیشی دەکات. جار و باریش دەنگی پێی کەسانی تر لە پەنایەوە دێت. چەند سوخرمەیەکیشیان تێسرەواند. پاش تێپەڕکردنی چەند ناوداڵانێک، دەگەنە ژورێک. دەنگیێک بە کابرا دەڵێت لەویا داینی.
بێدەنگێکی قورس نێۆ ژوورەکە دادەگرێت. ژوورەکە گەرمە. جێگاکەی پێشوو زۆر سارد بوو. سەرە رێگا و بەردرگا بوو. هەر جارێک کە درگاکەیان دەکردەوە، هەناسەی ساردی بەفرانبار لەشی گرمۆڵەکراو و هەڵتروشکای بی کاپشێن و جلی گەرمی دەدایە بەر شەپۆلی سەرما. هەستی دەکرد کە لەشی لەرزێکی تێدایە. جار و بار وەک مچورکێک لەشی دەلەراند. نەیدەزانی هی سەرماکەیە یان ترس، یان رەنگە هی هەردووکیان بێت. دەترسا بەڵام حەزی نەدەکرد کە دان به بوونی وه‌ها هه‌ستێک له ده‌رونی خۆیدا بنێت. به خۆی ده‌وت : “ترسی چی من چه‌نده‌ها شه‌و له‌و ئاگر بارانه‌دا به ته‌نها خۆم و فیکساتۆرێکه‌وه به ناو ئه‌و هه‌موو بۆسه‌ی حکومه‌تیه‌دا تێپه‌ریووم و دروشمم نوسیوه یان شه‌ونامه‌م بڵاو کردووه‌ته‌وه”. دەیزانی چەند رۆژ پێش ئەو چەند هەڤاڵی نێو ریکخراوەکەیان گیراوە. بەڵام هاورێکانی پییان وتبوون کە مەترسن، تا ئێستا هیچیان نەوتووە. نایشزانن کە ئەوان سەر بە رێکخراوەکەیانن. ئەوان پاش شەڕەکەی سیی مانگی سیخوار رەشبگیرانە گیراون.
پێشتر لە کتێبەکاندا خوێندبوویەوە کە چۆن کەسانێک بە خۆراگری لە بەرانبەر ئەشکەنجە و ئازاردا بوونەتە قارەمان و ناویان بەرزە و لە یادی خەڵکدا ماونەتەوە. دەیزانی هاوکاری و دان نان بە کردە و کاری نهێنی و ئاشکرا کردنی ناوی هاورێیانی کارێکی خاینانەیە، بەڵام نەیدەزانی کە پەیمانەی لەشی ئەو چەندە لە ژانی ئەشکەنجە دەگرێت. ئەگەر رژا چی دەبێت؟ ئەگەر نەمرد و پەیمانەش پڕ بوو چی بکات؟ ئەگەر هەڤاڵەکانی خۆیان پینەگیرا چی دەبێت؟
کەسێک کە هەست دەکرا لەبەرانبەریدا دانیشتبێت، هەستا و بە چەند هەنگاو لێی نزیک بووەوە و پاشان بێ ئەوەی هیچ بڵێت بە شانی راستی ئەمدا کە درگاکە بوو چوە دەرەوە. ژوورەکە بێدەنگ بوو بەڵام لەو ژوورانەی تر دەنگە دەنگێک دەهات و جار و باریش هاوارێکی ئازاراوی لە گەروی ساڵۆنەکاندا گێژی دەخوارد. ئەڵێی بە قەست درگاکانیان کردبوەوە بۆ ئەوەی ئەم بیبیستێ و ورەی بشکێت. بەڵام ئەم خوێندبووی کە ئەوکارانە دەکەن بۆ ترساندن. بڕیاری دابوو نەترسێت. دەیزانی هاورێکانیشی لەگەڵ ئەم هاوبڕیارن، چون هاومەرامن.
له‌رزێک له‌شی داگرت هه‌ستی به‌سه‌رما ده‌کرد، بیری ماڵه‌وه که‌وته‌وه، په‌نای سۆپاکه. چای گه‌رم و تووی بر‌ژاو. دایکی شه‌وانه تووی ده‌برژان بۆیان. زۆر جار خزمه‌کانیش ده‌هاتن له‌ماڵ ئه‌مان کۆ ده‌بوونه‌وه. دایکی زۆر دڵسۆز و به‌ره‌حم و مێهره‌بانه. بۆ هه‌موو که‌سێک سووتاوه. زۆر جار به بیستنی مردنی که‌سێکی نه‌ناسراویش ده‌گریا. ئێستا ئاگای له کوڕه‌که‌ی بێت چۆن چاویان به‌ستوه و بێده‌سه‌ڵات و دڵ پڕ له ترس دانیشتوه و چاوه‌ڕوانی بڕیاری ئه‌وانه.
ده‌نگه ده‌نگ ژووره‌که پڕده‌کات. ده‌نگه‌کان و ته‌په ته‌پی لاقه‌کان وا ده‌نوێنێت چه‌ن که‌سێک پێکه‌وه هاتنه ژووره‌که. ده‌نگێکی بۆر و زه‌به‌لاح ده‌ڵێت چاوی بکه‌نه‌وه. به‌رانبه‌ری دانیشتوه. له نێوی ده‌پرسێت. وه‌ڵام ده‌داته‌وه. باسی هۆی گرتنه‌که ده‌کات و ئه‌وه‌ی که ده‌زانن ئه‌م له‌گه‌ڵ چ که‌سانێک خه‌ریکی کاری نهێنین. داوای لێده‌کات هه‌موو شتێکیان بۆ باس بکات ئه‌گینا بۆ هه‌ر درۆیێک چل قامچی ده‌خوات.
بیر له کتێبه‌کان ده‌کاته‌وه و قسه‌کانی هاورێکان و به‌رپرسه‌کانی که ده‌یانگوت ئه‌مان هیچ نازانن به‌ڵکو ته‌نیا واده‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌ی تۆ قسه بکه‌یت. بیر له قاره‌مانی کتێبه‌کان ده‌کاته‌وه. له خۆراگرییه‌کانیان. له‌وه‌ی که چل قامچی نابێت ئه‌وه‌نده زۆر بێت که نه‌توانێت خۆی له‌به‌ردا راگرێت. ده‌یزانی که هه‌ر ئه‌مرۆ که‌سێکی تر له هه‌ڤاڵه‌کانی که پێکه‌وه کاریان ده‌کرد گیرابوو. به‌ڵام به خۆی وت ئه‌ویش هه‌ر وه‌ک ئه‌وانیتر ره‌شبگیر بووه. ئه‌گینا رێکخراوه‌که ئاگاداری ده‌کرد. خۆی له قه‌ره‌ی هیچ نه‌دا. پاش چه‌ن شه‌پڵاخه له سه‌ر و گوێلاکی، ئه‌مری هاتنه خواره‌وه‌ی له‌سه‌ر کورسیه‌که پێده‌کرێ. پشتێنه‌که‌ی ده‌که‌نه‌وه و پێی راده‌کێشن. پێیان به پشتێنه‌که‌ی خۆی جووت پێکه‌وه به‌ست. لوله‌یه‌ک له‌به‌ینان ره‌هێل کرا و دوو که‌س به‌رزیان کرده‌وه.
جووتێ قۆنده‌ره‌ی سه‌ربازی که دوو دارتێلی به‌رزی تێدایه و تایێک ئارد له جلی به‌ڵه‌کی سه‌ربازیدا به‌سه‌ریانه‌وه ، سه‌رێک به‌قه‌د په‌یکه‌ره‌که‌ی ئه‌بولهۆل زل ، جووتێ لێوی قه‌پۆزه و گۆشتن و شۆڕ له نێو ریشێکی ره‌شی پڕدا که له‌گه‌ڵ قژه ره‌شه فڕه‌که‌ی پێکه‌وه یه‌کیان گرتبوو،وه‌کو درگای ئه‌شکه‌وتێک ده‌رپه‌ڕیبوون. جووتێ چاووی پشت عه‌ینه‌کی پان و پۆڕ به‌ره‌و خواریان ده‌ڕوانی. لێوه گۆشتیه‌کان ده‌بزوان و ده‌نگێکی ترسناکی وه‌ک ده‌نگدانه‌وه‌ی نێو ئه‌شکه‌وت ژوره‌که‌ی پڕده‌کرد.
– میخوای بگی یا نه؟
– چیزی ندارم بگم.
– بزن
ده‌مامک پۆشه‌که له لای چه‌پی ئه‌ودیوی لاقه پێکه‌وه به‌ستراوه حه‌وادراوه‌کانه‌وه به چاوه ئاشناکانییه‌وه ئاماده ده‌یڕوانی.له گه‌ڵ بیستنی “بزن” ده‌ست و مه‌چه‌که ئه‌ستوره‌که‌ی به کابلێکی کاره‌باوه به‌رزده‌کاته‌وه و به خیرایه‌کی سه‌رسورهێنه‌ره‌وه به‌ریان ده‌داته‌وه. ته‌نیا لاقه‌کان له‌رێگه‌یاندایه و به‌ریان پێده‌گرێت. کابله قامچیه توڕه‌که خۆی له لاق ده‌ئاڵێنێ. هاوارێکی بێده‌نگ تا دوایین تاڵه‌کانی قژه بێسه‌رینه‌کانی سه‌ر عه‌رزه‌که ده‌گه‌ن. به‌ڵام که‌س نایبیسێ. دیسان کابل ئه‌فرێت به هێزی مه‌چه‌ک. مانۆرێکی تر له‌سه‌ر لاق،جارێ تر و جارێتریش و ….
ژان وه‌ک کاره‌با له‌لاقه‌وه وه‌ک تێلی بروسکه‌گیر ده‌گاته زه‌وی. خودای ئاسمانی بێبه‌زه‌ی ژووره‌که راده‌ی چه‌خماخی قامچیه‌کانی بۆ هه‌ر پرسیارێک چله. چل زۆره،چل به‌ده‌م خۆش و ئاسان و کورت ده‌نوێنێت. که باسی شه‌ڕی گۆشت و قامچی کابلی بێت، چل له ده‌سپێکه‌وه بۆ کۆتایی یانی چل ته‌به‌قه‌ی ئاسمان، یانی چل ساڵ ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌رایه‌تی، یانی رێگایه‌کی بێ کۆتایی.
رێگا نیوه‌یه و ئیتر تێلی بروسکه‌گیر له‌گه‌ڵ بروسکه‌کان رادێت، ته‌نیا ته‌کانێک و گرژ بوونێک وه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی فه‌ننه‌رێک. چله‌ی یه‌که‌م ده‌که‌وێت. گرژی له‌ش شلتر ده‌بێت.
ده‌نگه ئه‌شکه‌وتییه‌که ژووره‌که پڕ ده‌کاته‌وه:
– حالا چی، میخای بگی یا نه؟
– چی بگه‌م؟ چیزی ندارم؟
– بزززززززززززززززززن ن ن ن
ده‌مامک پۆش، مه‌چه‌کێ ئاشنا، کابلێکی تازه‌ی دوو لۆنه‌ی به باندی سپی پێکه‌وه به‌ستراو.
خێراتر له جاران، قورس‌تر، ره‌قتر و بێبه‌زه‌ییترله گۆشتی ژێر پێ ده‌کوترێن و به نوکه‌که‌یان سه‌ر پێی راست ماچ ده‌که‌ن. ته‌کانی له‌ش و هاوارێکی پڕ به ژوور. له‌شی هه‌ڵواسراو له سه‌ر ئاگر راگیراوه، یان له‌سه‌ر هێڵێکی ده‌رزی رێژ به‌ڕوتی راده‌کێشرێت. له‌چه‌ند تێک ئاڵاندا شیله‌ی سووری لاق عه‌رز سورده‌کات. به‌ڵام چله‌ی بێ‌کۆتایی هه‌ر به‌رده‌وامه.دارتێله‌کان دێن و ده‌چن. کابله‌کان نینۆکه‌کان دانده‌که‌ن، ده‌نگه ئه‌شکه‌وتیه‌که ژووره‌که‌ی ته‌نیوه، به‌ڵام وشه‌کانی له قیژه‌ی خاوه‌ن لاق ده‌ئاڵن. قیژه له بن عه‌رزه‌وه دێت و ده‌نگه‌که‌ش له ئه‌شکه‌وته به‌رزه‌که‌وه، له ئاسمانه‌وه. له لای خوداوه. تێلی بروسکه‌گر ئیش ناکات دیسان، ته‌نیا بروسکه‌کان ده‌بیندرێت و شوێنی لێدانیان که سوتاون. هه‌ر ئێستایه که گڕ هه‌موو ژووره‌که بگرێت. دووکه‌ڵ و لێڵایی به‌ر به فڕینی چاوو ده‌گرن.چل، چله، چل رۆژ، چل شه‌و، چل که‌س، چل جار چل چل چل …
– بس کن دروغ نگو، حرف بزن
– چیییییز ز زی ندااااارم بگگگگگگگگگه‌م
– باز هم دروغ، بزن
له لێڵایی و ته‌م و مژه‌که‌دا مه‌چه‌که‌که تا بن میچه‌که ده‌فرێت و به پڕتاو له‌گه‌ڵ کابلێکی نوێی یه‌ک لۆنی ئه‌ستوری ره‌ق، به بێ مووچاندنه‌وه و راست راست به‌رده‌بێته‌وه. ئیتر لاقه‌کان نین که به‌ریان پێده‌گرن، ئیتر لاقه‌که ئه‌مجاره ته‌نیا به‌زۆری لوله‌که‌ی سه‌رشانی دوو که‌سه‌که‌یه که بۆ زه‌بری ئه‌م کابله راده‌گیردرێت. لاق شین، جل ره‌ش، عه‌رز سور سور. ژوور لێل، ده‌نگه‌کان سه‌رسام، له‌ش لێوالێو له له‌رزین. گڕ له شوێنی گرتنی بروسکه‌کان هه‌ڵده‌ستێ.
قۆنده‌ره‌کان له زیاد بووندان، به‌به‌ر سه‌ری سه‌رعه‌رزه‌که‌دا دێن و ده‌چن.چل قۆنده‌ره،چل لاق. چل سه‌ری سه‌یرکه‌ر. به ده‌ورا دیوارێک له لاق، بیرێکی قووڵ که چه‌ن سه‌ر له‌سه‌ریه‌وه ده‌ڕوانن بۆ سه‌ره تێکه‌وتوه‌که. پێکه‌وه:
– بیڵێ درۆ مه‌که، راست بڵێ، نێوی هاورێکانت بده
ده‌نگه‌کان له بن بیره‌که‌دا له‌دیواری لاقه‌کان ده ئاڵێت و ده‌نگ ئه‌داته‌وه. وه‌ک پوره‌ی هه‌نگ خۆیان به هه‌ردوو کونه گوێیدا ده‌که‌ن. له کاسه‌ی سه‌ریدا ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر ده‌که‌ن، ده‌نگ ئه‌داته‌وه:
– بیڵێ درۆ مه‌که، هاوڕێکانت بڵێ، هاوڕێکانت، هاوڕێ هاو.. هاو… هاو…ها ها ها ها هـ ـ —
ده‌نگ نه‌ما بێده‌نگی، بێ ئازاری، بێ دووکه‌ڵی و لێڵایی، روون روون روون. ئارام ، سوک، فڕین، ئاسمان، قاتی چل، سه‌ر هه‌وره‌کان. حه‌ساننه‌وه له ژێر دارێکی مژاویدا. مژه‌که قورس‌تر ده‌بێت. به‌یانییه و شه‌ونمی سه‌ر گه‌ڵای داره‌که دڵۆپ دڵۆپ ده‌تکێنه سه‌ر له‌شی ماندوو، له‌شی ئاوساو، له‌شی دایساو. چاوو ده‌کاته‌وه. کوێیه؟ داره‌کان کوان؟ نا نا، لاقه‌کان کوان؟ قۆنده‌ره‌کان… ژووره‌که ته‌نگتر بووه، مژه‌که قورس‌تر.
له‌وسه‌ری شاره‌وه، له‌په‌نای جێگا به‌تاڵه‌که‌یدا، دایک پاش شیوه‌نێکی زۆر به ده‌م گریانه‌وه خه‌و بردویه‌ته‌وه، به‌هاوار و گریان راده‌چڵه‌کێ. ئه‌قیژێنێت، وه‌ها که خێزانه‌که هه‌مووی راده‌بن. ئه‌گری و به‌سه‌ر خۆیدا ده‌دات. کوڕه‌که‌ی ده‌لاوێنێته‌وه. فرمێسک گلۆر گلۆر دێنه خوار. ده‌ڵێن که‌م بگری، بخه‌وه بۆ واده‌که‌ی. ئێستا ئه‌و راحه‌ت خه‌وتووه. ده‌ڵێت نا من خۆم بینیم که په‌نجه‌کانیان ده‌بڕی و چاویان هه‌ڵده‌کۆڵی، زمانیان ده‌بڕی و ده‌یان برژاند و ده‌یان خوارد. ناسر ده‌یقیژاند. من خۆم بینیم، خۆم بیستم. ئه‌زانم ئێستا کوشتویانه، لێانداوه، ئازاریان داوه. من ئه‌زانم، من هه‌ستی پێده‌که‌م ئازاره‌کانی به گیانم هه‌ست ده‌که‌م. هه‌موو گیانم ده‌زریکێنێ. من ده‌مه‌وێت بچم بۆلای هه‌ر ئێستا .
هه‌ڵده‌ستێ په‌لاماری جله‌کان و چارشێوه‌که‌ی ده‌دات و به‌ره‌و که‌وشکه‌نه‌که ده‌چێت. ده‌ستی ده‌گرن ولێ ده‌پاڕێنه‌وه. ده‌ڵێن ئێستا نیوه شه‌وه، ده‌تکوژن، که‌س بۆی نییه بچێته ده‌ره‌وه، شار حکومه‌ت نزامییه. بیشچیت هیچ جوابێکت ناده‌نه‌وه.رازی ده‌که‌ن داده‌نیشێ به‌ڵام ناخه‌وێت. هاواری ده‌ست و پێی ده‌کات، ده‌لێت خه‌ریکم ده‌سوتم. گڕم تێبه‌ربووه، ئۆقره‌م نییه. که‌ی رۆژ ئه‌بێته‌وه.
له‌م سه‌ری شاره‌وه. ته‌کانێک، ئازارێک. لاق ئاوساو، دایساو، سوور ره‌ش، شین، قورس. کاشییه‌کان فێنکن لاقیان لێده‌سوێت. تکه‌ی بارانییه‌که له‌شی خوساندوه. خۆی له‌سه‌ر ده‌سته‌کانی به‌رز ده‌کاته‌وه و له‌شی له ژێر تکه‌که‌دا رزگار ده‌کات. خۆی ده‌کشێنێته لای ته‌نه‌که به‌تاڵه‌که، ته‌نه‌که‌که ده‌خاته جێگاکه‌ی خۆی. شوێن ته‌سک و ته‌نگ. دڵۆپه‌که له‌سه‌ر ته‌نه‌که‌که ده‌که‌وێت. وه‌ک ده‌نگه ئه‌شکه‌وتیه‌که پڕ به ژووره‌که ئه‌گرمێنێت. له‌مێشکی ده‌چه‌قێت. دڵۆپه‌کان وه‌ک قامچییه‌کان چلی بێ کۆتایین. ئه‌مجاره‌یان له مێشک ده‌ئاڵن و پێ له عه‌رزدایه. ژوور مژاویی و ته‌ڕ، لاق خوێناویی و قورس و ئاوساو و به‌تاو. کات نادیار و شوێن بچوکتر له داکێشانی لاقیش. لاق گرمۆڵه، په‌یتا په‌یتا کاشییه فێنکه‌کان ماچ ده‌که‌ن.
خڕه‌ی کردنه‌وه‌ی قفلی درگاکه، چاوه ماندووه‌کانی بۆ لای خۆی راکێشا. درگا به‌قه‌د پانایی که‌شه‌فێکی بچوک کرایه‌وه. پێره پیاوێکی ریش پان به ده‌سته خڕۆڵه‌کانی که‌شه‌فه‌که‌ی خسته نێو ژووره‌که. له‌تێ نان و بڕێک په‌نیر. دڵۆپه‌کان به‌رده‌وامن. له‌ش داکوتراو له‌سه‌ر عه‌رز و سه‌ر دایساو له ده‌نگی دڵۆپه‌کان. ده‌نگی دڵۆپه ئه‌شکه‌وتیه‌کان به قاپه نانه‌که ده‌بڕێت و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێت:
– سه‌ری بێ زام و ئازار، له‌شی برسی و کوتراو راده‌گرێت، به‌ڵام له‌شی تێر و پڕژان سه‌ری پرژاو ناژیێنێت.
شوێن وه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی بێ ده‌لاقه، له‌سه‌ر هێڵی زه‌مان ده‌ڕوات به بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری شوێنه‌کان و وێستگه زه‌مانییه‌کان بیت. تاو که سه‌ره‌کیترین ئامێری پیشانده‌ری کاته، له‌م شوێنه بێ ده‌سه‌ڵاته. خۆری ئه‌م دونیا گڵۆپێکی زه‌رد و لاوازه که تیشکه‌کانی به زۆر ده‌گاته ئه‌ودیو قاپۆره‌که‌ی ده‌وری وا بۆ ته‌ڕنه‌بوون لیانداوه. نه هه‌ڵدێت و نه ئاواش ده‌بێت.
برسیه‌تیش که ده‌توانێت له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ک عاده‌تێک پیشانده‌ری ژه‌مه کان و تێپه‌ڕینی کات بێت، له به‌ر ئازار و نادیار بوونی ئاسۆی ژین له‌بیر چووه‌ته‌وه یان ره‌نگه له تێکه‌ڵاوی ئه‌و هه‌مو ئازاره‌دا، نه‌ناسرێته‌وه. زه‌مان ته‌نیا سێ به‌شه و له هه‌ر به‌شدا ده‌ستێکی پیاوانه به جلێکی سه‌ربازییه‌وه که‌شه‌فێک ده‌خاته ژووره‌که. له سێ به‌شی یه‌که‌مدا برسیه‌تیه ونکراوه‌که نادۆزرێته‌وه و وه‌ک زه‌مان بێ سه‌روشوێنه.
تا دێت لاقه‌کان وه‌ک مار پێوه دراو پتر ده‌ماسن، شین ده‌بنه‌وه و خوێنه ئیشکه‌وه‌بووه‌کانیان ره‌ش هه‌ڵده‌گه‌رێت. نه‌یده‌زانی چی وتوه، چه‌نده‌ی وتوه، به‌ڵام وایده‌زانی که هاورێکانیشی ئێستا له‌م په‌ککه‌وته‌تر و شڕترکراون. ده‌بووا زۆرتر خۆم راگرتایه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان مردبێتن من چۆن خۆم ببه‌خشم. به‌ڵام خۆ من تاکه وشه‌یه‌کیشم به زانیاریه‌کانی ئه‌وان زیاد نه‌کرد، ته‌نیا دانم به بوونه‌کاندا نا.
پاش هاتنه ژووره‌وه‌ی که‌شه‌فی چاشتێک و پێش کاتی که‌شه‌فی دووهه‌می یه‌کێک له به‌ناو رۆژه‌کان، درگا ده‌کرێته‌وه. کابرایه‌ک به جلکی سه‌ربازییه‌وه و جانتایه‌کی پزشکانه ده‌رده‌که‌وێت. ده‌ڵێت من ده‌مه‌وێت تیماری لاقه‌کانت بکه‌م. به ساولۆن ده‌یشوات. له‌بڕێ شوێندا که‌ف ده‌کات و ده‌کزێنێته‌وه، ده‌ڵێت ئه‌وانه بریندارن. ده‌یشڵێت ده‌زانیت که پێنج نینۆکت که‌وتووه. تا ئه‌وکاته هه‌ر وای ده‌زانی لاقی بریندار بووه.پاش باندپێچی کردنی ده‌ڕوات.
پاش نانی نیوه‌ڕۆ درگا ده‌کرێته‌وه و یارمه‌تی ده‌ده‌ن که هه‌ستێت، به‌ڵام ناتوانێت. چه‌ن جار هه‌ڵده‌ستێت و ده‌که‌وێته‌وه. لاقه‌کان هیچیان عه‌رز ناگرن. دوو چێوشه‌قی بۆ دێنن و به یارمه‌تی ئه‌وانه و راگرتنی خۆیان ده‌یبه‌نه ده‌ره‌وه.چاوی ده‌به‌ستن،ئه‌مجاره به‌ده‌ستماڵێکی بڕێک ته‌نک. ده‌یبه‌نه شوێنێک له‌سه‌ر چه‌ند کیسه سمیت دایده‌نێن. شوێنه‌که سه‌رئاوه‌ڵایه. له‌شی له‌سه‌رمادا دێته له‌رزین. جله‌کانی شێدارن و هه‌واکه‌ش سارده.
له‌ودیو دیواره‌کانه‌وه که ته‌نیا له‌وانه‌یه سه‌د متر ماوه‌ی ببێت، دایک هه‌لتروشکاوه. ده‌پاڕیته‌وه که ریی بده‌ن کوڕه‌که‌ی ببینێت. زه‌رد و لاواز، که‌س گوێی لێناگرێت. له‌زبانیشیان نازانێت. پاڵی تێوه ده‌نێن، ده‌یخه‌ن. ده‌سته سه‌رما تێشکاوه‌کانی له‌عه‌رزه‌که ده‌که‌ون. ئازار تا بن دڵی ده‌چێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو له‌رزینه‌کانی کوڕه‌که‌ی، ده‌له‌رزێت. بؤنی هه‌واکه ده‌کات و قووڵ هه‌ڵیده‌مژێت. ده‌ڵێت لێم نزیکه. له هه‌واکه ده‌پاڕێته‌وه که ئازاری له‌شی کوره‌که‌ی نه‌دات. ده‌ڵێت چی سه‌رمات هه‌یه بیکه به‌سه‌رمندا، به‌ڵام خۆت له کوڕه‌که‌م نزیک مه‌که. تۆ باش به خۆ ئینسان نابینم،هه‌مووی جلی به‌ڵه‌کن. فرمێسکیش ناخوێننه‌وه.
ئه‌م دیو دیواره‌کان. ده‌نگه ده‌نگێک دێته گوێی. هه‌وڵده‌دات به دزییه‌وه و به بیانوی سه‌رخوراندن بڕێک ده‌ستماڵه‌که‌ی چاوی بباته سه‌ره‌وه. ده‌نگه‌کان لێی نزیک ده‌بنه‌وه. وه‌ک تارمایی ده‌یانبینێت. بڕێتر ده‌ستماڵه‌که ده‌بزوێنێت. وێنه‌کان رووناکتر ده‌بن. گوی هه‌ڵده‌خات ده‌نگێک ده‌ناسێته‌وه. یه‌کێک له هه‌ڤاڵه‌کانییه‌تی که هه‌ر ئه‌ورۆژه گیرابوو. رووی له شوێنی ده‌نگه‌که کرد، ئه‌و بوو. له‌گه‌ڵ چه‌ن که‌سیتر له حه‌وشه‌که‌دا پیاسه‌یان ده‌کرد. یه‌کێک له زیندانیه‌کان که ئه‌م نه‌یده‌ناسی پرسیاری کرد نێوت چییه. نه‌یویست بیڵێت. هاورێکه‌ی ئه‌می ناسیه‌وه. به‌ڵام ده‌نگی نه‌کرد. ئه‌وانیان کرده ژووره‌وه. پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌میشیان هێناوه نێو شوێنه‌که‌ی خۆی. شوێنه‌که‌ی گه‌رم و شێ‌دار و هه‌ڵم ومژاویی بووبوو. زانی له‌به‌رچی ئه‌میان بردوه‌ته ده‌ره‌وه. عه‌رزه‌که‌ی پڕ بوو له چڵک و موو.
سه‌یری لاق و شوێن و حاڵی خۆی ده‌کرد و پێکه‌نینی به‌باوڕه ساکاره‌کانی خۆی ده‌هات. به کتێبه‌کانی. به نینۆکه داکه‌وتووه‌کانی. بیری له پێکه‌نینی هاوڕیکانی ده‌کرده‌وه که ئه‌م لای وابوو له‌وانه‌یه مردبێتن. رقی له خۆی هه‌ڵده‌ستا،کاتێ بیری له ئێوارانی ئه‌ورۆژانه ده‌کرده‌وه که دره‌نگان پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی شه‌ونامه‌کان ده‌هاته‌وه،دایکی ده‌بینی که تا ئه‌وسه‌ری کۆڵانه‌که هاتبوو، چاوه‌ڕوان و کز له په‌نا دیوارێکدا روو له رێگای هاتنه‌وه‌ی ئه‌م داده‌نیشت. به جێگه‌ی ماڵئاوایی و داوای لێبووردن له دایکی تووڕه ده‌بوو و ده‌یگوت من ئیتر پیاوم، مناڵ نیم. به‌ڵام نه‌یده‌زانی که به گه‌وره بوونی ئه‌م، سۆزی دایکی کز نابێت.
له‌ودیو دیواره‌کان، دایک رازی ده‌که‌ن بڕواته‌وه، به هیوای به‌یانی، که بێته‌وه به‌ڵکو بیبینێت. ده‌گاته شوێنه‌که‌ی ئێواران. داده‌نیشێت، کزکه ده‌کات. روو له شوێنه‌که‌ی جاران چاوه‌ڕوان ده‌بێت. ده‌گری،ده‌ڵێت به‌قوربانت بم بۆ لێم تووڕه نابیت. های له‌کوێ من لێره چاوه‌ڕێتم. له‌دووره‌وه ده‌یبینێت. بۆ یه‌که‌م جار پێده‌که‌نێت. تووڕه نابێت. باوش به‌دایکیدا ده‌کات، ماچی ده‌کات و داوای لێبووردنی لێده‌کات. وه‌عد ئه‌دات ئیتر چیتر دره‌نگ نه‌یه‌ته‌وه. سه‌ر به سنگییه‌وه ده‌نێت و گوێ بۆ ترپه‌ی دڵێ ده‌گرێت. دایکی توند توند باوشی پیداده‌کات و به‌خۆیه‌وه ده‌نوسێنێت و چی گه‌رما له هه‌ناویدایه ده‌یبه‌خشێت به کوڕه‌که‌ی و له‌شه سارده‌که‌ی گه‌رم ده‌کاته‌وه.
له حه‌مامه‌که‌دا بۆ یه‌که‌م‌جار له‌شی گه‌رم ده‌بێته‌وه و خه‌و شلیده‌کات، ئازاره‌کانی هه‌ست ناکات. دایکی ده‌بینێت، له‌دووره‌وه ده‌ڕوات و ئاوڕ ده‌داته‌وه. شوشه‌یه‌ک له نێوانیاندایه ده‌نگی نابیسێت. به‌ڵام زه‌رده‌یه‌ک ده‌گرێت و به‌ده‌ست ماڵئاوایی لێده‌کات. ئه‌وه دوایین دیداریان بوو.
ره‌سول سه‌فه‌ریانی