Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
نەورەس و چێخەڤ …  دانا ڕەئووف

نەورەس و چێخەڤ … دانا ڕەئووف

Closed
by October 23, 2011 شانۆ

چێخەڤ لە ساڵی ١٨٦٠دا لە شارێکی بچووکی باشووری ڕووسیا لە دایک بووە. دوای قوتابخانە کۆلیژی پزیشکی تەواو دەکات، بەڵام دەبێت بە نووسەر. چێخەڤ هەرچەندە واز لە پیشەی پزیشکی دێنێت، بەڵام دەستبەرداری نەخۆشەکان، بە تایبەتی هەژارەکانیان، نابێت و بەردەوام چارەسەریان دەکات.
چێخەڤ لە ڕێگای نۆڤێلت و شانۆنامەکانییەوە: نەورەس، لالۆ ڤانیا، سێ خوشکەکە و باخچەی گێلاس، کە لە دوای ساڵی ١٨٩٥ نووسیونی، دەبێتە یەکێک لە نووسەرە گەورە نێونەتەوەییەکانی دنیا. چێخەڤ زۆربه‌ی ژیانی لە مۆسکۆ به‌سه‌ر بردووە، بەڵام بەهۆی نەخۆشی و باری تەندرووستییەوە ماوەیەکی زۆریش لە نیمچەدوورگەی کرێم و یاڵتاش ژیاوە، تا لە ساڵی ١٩٠٤دا کۆچی دوایی دەکات.
نەورەس
چێخەڤ هەر کە شانۆنامەی (نەورەس) لە ساڵی ١٨٩٦دا دەنووسێت، لەسەر شانۆی “ئەلیکساندرەڤسکی” نەمایش دەکرێت. ئەم نەمایشە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بە دەست ناهێنێت و ڕەخنەگرەکان زۆر بە توندی هێرشی دەکەنە سەر و به‌ کارەساتێکی هونەری داده‌نێن.
چێخەڤ بەم هەرەسە هونەرییە تووشی نائومێدییەکی گەورە دەبێت و نایەوێت جارێکی تر بۆ شانۆ بنووسێت.
بەڵام ستانیسلاڤسکی و شانۆی هونەری مۆسکۆ، چێخەڤ ناچاردەکەن کە شانسێکی تر ببەخشێت بە (نەورەس) و لە ساڵی ١٨٩٨دا لە مۆسکۆ نەمایش دەکرێتەوە. ئەم نەمایشە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ شانۆی هونەری، بۆ نەورەس و بۆ چێخەڤیش بە دەستدەهێنێت.
نەورەس بە زمانێکی ساکار، تەکنیکێکی بەرزی شانۆیی و فەلسەفەیەکی قووڵی ژیانەوە، چیرۆکی یانزە مرۆڤمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌‌، که‌ لە یەکێک لە شارە گچکە و دوورەدەستەکانی ڕووسیادا له‌ که‌نار ده‌ریاچه‌یه‌کدا ده‌ژین.
بەسەرهات و ڕووداوەکانی نەورەس باسی مەسەلە هەتاهەتایی و هەنووکەییەکانی مرۆڤ: خۆشەویستی، جیابوونەوە و دابڕان، پیربوون، شەڕی نێوان نەوەکان، بەناوبانگ بوون، هه‌روه‌ها شانۆ و ئەدەب دەکەن. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا، باسی خەونی ئەو کەسانە دەکەن کە دەیانەوێت ببنە ئەکتەر، بە نوسەر و ناوبانگ دەرکەن.
ماشا، کەنستەنتینی خۆش دەوێت، کەنستەنتین عاشقی نینایە، نیناش تای عەشقی بۆ تریگۆرین لێ هاتووە، هەموویان عاشقن، هەمووشیان عاشقی کەسێکی هەڵەن.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی  بۆ بکرێت، ئەوەیە کە دوو مەسەلەی سەرەکی لەنێو ڕووداوەکان و لە گەڵ کارەکتەرەکان و لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا، لە چەقی شانۆنامەکەدان و بەهایەکی گەورەیان هەیە؛ ئەوەش بەهاکانی هونەر و خۆشەویستییە و هەموو کارەکتەرەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەم دوو مەسەلەیەوە بەستراونەتەوە.
زۆرجار پەیوەندی کارەکتەرەکان بە مەسەلەکانی هونەرەوە، لەسەر ئاستێکی بەرز پابەندی مەرگ و ژیانە، بۆ نموونە لەلای کەنستەنتین و نینا. نینا لەپێناوی ئەوەی ببێت بە ئەکتەر هەموو شتێک لە دوای خۆیەوە بەجێ دەهێڵێت: ژیانێکی ئارام، ماڵە باوان و خۆشەویستەکەی، کەنستەنتینش بەدوای فۆرمێکی نوێی شانۆدا دەگەڕێت. کەنستەنتین هەر لەسەرەتای پەردەی یەکەمدا باسی فۆرم و شێوازی نوێ دەکات و دەڵێت (دەبێ شێوازی نوێ بخوڵقێنین، پێویستمان بەشێوازی نوێیە، خۆ ئەگەر ئەو شێوازە نوێیەمان پێ بەرهەم نەیەت، چاکترە هەردەستی لێ هەڵگرین)، بەڵام خۆشەویستی( نینا) تێکی دەشکێنێت و وەکو نووسەرێکی ناکام و بێ هیوا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
ئەم مەسەلانە لەلای ئەرکادینا/ئەکتەر، تریگۆرین/نووسەر لە ئاستێکی تردایە، ئەمان بەناوبانگن، ڕێگا دوورەکەیان بڕیوە، بەڵام لەنێو ڕواڵەت، دووبارەبوونەوە و چەق بەستندا دەسوڕێنەوە و ددان بەیەکتریدا نانێن، بە تایبەتی کەنستەنتین/ ئەرکادینا، کەنستەنتین/ تریگۆرین و یەکتری وەلاوە دەنێن.
بەم شێوەیە شانۆنامەی (نەورەس) شەڕی نەوەکان، کۆن و نوێ، مرۆڤە بەهرەمەند و بێبەهرەکان دەخاتە ڕوو. لەم شەڕەدا کەنستەنتین به‌ هونەرەکەیه‌وه‌ نوێنەری نەوەیەکی نوێیە و دژی چینە ناودار و هونەرمەندە تەقلیدییەکانە، دژی فۆرمە کۆن و چەق بەستووەکانە و دژی ئەو هونەرەیە کە لە بنەما تەقلیدی و باو و ڕۆتینەکاندا دەسوڕێتەوە.
ئەوەی کە لە نێوان ئەم کارەکتەرانەشدا هاوبەشە، بە تایبەتی لە پەیوەندییەکانیاندا بە مەسەلە هونەرییەکانەوە، ئەوەیە کە نووسەر پرسە هونەرییەکانی بەستۆتەوە بە بنەما کۆمەڵایەتییەکانەوە و پێگەی هونەر و هونەرمەندیشی کردۆتە بەشێکی گرنگ و جیانەکراوەی کۆمەڵگا. هەروەها چۆن مەسەلە هونەرییەکان بنەما و پێگەیەکی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەهەمان شێوەش مەسەلەکانی خۆشەویستی، گیروگرفتە دەروونییەکان و بارودۆخە ناهەموارەکان، بەشێکن لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان.
چێخەڤ توانیویەتی ئەم دوو مەسەلەیە، ئەم دوو جەمسەرە، ئەم دوو بنەما گرینگە، بەشێوەیەکی فراوان قووڵ بکاتەوە و مەودایەکی هەمە چەشنیان پێ ببەخشێت و گیروگرفت و پشێوییە کۆمەڵایەتییەکان، مەسەلە ئابوورییەکان لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانەوە بخاتە ڕوو.
لەلای کەنستەنتین و نینا هەردوو مەسەلەکە تێکەڵاوی یەکتر دەبن، گرفتەکانی هونەر لە هەمانکاتدا گرفتەکانی خۆشەویستیشن و دەبنە مۆتیفێکی بەهێز و پابەند بە ژیانەوە.
شانۆ و خۆشەویستی
چێخەڤ هەر لە دەستپێکی شانۆنامەکەوە و لە دوو هێڵی تەریبدا مەسەلەکانی هونەر و خۆشەویستی دەبەستێت بەیەکەوەو دەیانخاتە ڕوو؛ کارەکتەرەکانمان پێشان ئەدات و گیروگرفتە دەروونی، کۆمەڵایەتی و عەشقە ئاڵۆزەکانیان ئاشکرادەکات.
لە پەردەی یەکەمدا نەمایشێکی شانۆیی هەرزەکارانە دەبینین کە بە ئاژاوە کۆتایی دێت، لە پەردەی دووەمدا تریپلیۆڤ (کەنستەنتین) لە ئەنجامی دڵدارییەکی بێ هیوادا، هەوڵی خۆکوشتن ئەدات، نیناش حەز و خۆشەویستی خۆی بۆ تریگۆرین دەردەبڕێت.
لە پەردەی سێیەمدا ئەرکادینا، تریگۆرین ناچاردەکات کە بگەڕێنەوە بۆ مۆسکۆ، بەڵام تریگۆرین لە پشت ئەرکادیناوە لەگەڵ نینا ڕێک دەکەوێت تا لە مۆسکۆ یەکتری ببینن و پەیوەندییەکی خۆشەویستی ببەستن.
پەردەی چوارەم، دوو ساڵ بەسەر ڕووداوەکاندا تێپەڕیوە. وەرزی پاییزە، نینا بۆتە ئەکتەرێکی باوەڕپێکراو، تریگۆرین وازی لێ هێناوە و گەڕاوەتەوە بۆ لای ئەرکادین و کەنستەنتینش بووە بە نووسەر. دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کورتی نێوان نینا و کەنستەنتین، نینا بە تەواوەتی ماڵ ئاوایی لە کەنستەنتین دەکات و کەنستەنتینیش بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
چێخەڤ بیرو بۆچوونە شانۆییەکانی کەنستەنتین لە تەوژمە ئەڤاندگار و سیمبولیزمەکانی ئەو سەردەمەوە وەردەگرێت، بەتایبەتیش (مۆریس مەتەرلینگ) و تەوژمی سیمبولیزمەکانی  فەڕەنسا. ئەو تەوژمە سیمبولییە، لەو زەمەنەدا ببوو به‌ ئاوازی دەڕبڕینی کۆمەڵێ شاعیر و هونەرمەندی شێوەکار و شانۆ. شانۆ بچووکەکانی پاریس کەوتبوونە نەمایشکردنی شانۆنامەی ئەزموونگەری کە ڕووناکی، تاریکی و سێبەر، دەنگ و بووکەڵە و تەنانەت بۆنیشیان بەکاردەهێنا. هەندێک لە سەرچاوە مێژوییەکان ئاماژەی ئەوە دەکه‌ن، کە لە یەکێک لەو نەمایشانەدا، بۆنیان پرژاندووە بە ناوهۆڵی بینەراندا، هەروەکو ئەوەی کەنستەنتین لە نەمایشەکەی خۆی و نینادا و لەکاتی دەرکەوتنی دوو (چاوە سوورەکان) دا، بۆنی گۆگرد و شتی تر بڵاودەکاتەوە.
کەنستەنتین هەر لە دەستپێکی شانۆنامەکەدا دووپاتی دەکاتەوە، کە لە شانۆدا نابێت (ژیان وەک ئەوەی هەیە نمایش بکرێت، یان وەک ئەوەی کە پێویستە ببێت، بەڵکو دەبێت بەوشێوەیە نمایش بکریت کە لە خەوەکانماندا دێتە بەرچاومان).
لە کۆتایی شانۆنامەکەشدا، دوای ئەوەی دەبێتە نووسەر و لە گۆڤارەکاندا نۆڤێلتەکانی بڵاودەکرێنەوە، بەڕوونی و بە پێداگرتنەوە دەڵێت (من تا دێت زیاتر و زیاتر دەگەمە ئەو بڕوایەی کە کار لە فۆرمی کۆن و  نوێدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە مرۆڤ  کاتێک دەنووسیت لە ڕاستیدا بیر لە هیچ جۆرە فۆرمێک ناکاتەوە، ئەو بۆیە دەنووسێت، چونکە  خودی نووسین، ئازادانە و بێپەروا لە ڕۆحییەوە سەردەکات…)
ئەم بیر و بۆچوونە هونەرییانەی کە لەم شانۆنامەیەدا، لەلایەن کەنستەنتین سەبارەت بە فۆرم و شانۆ و ئەدەب دەخرێنە ڕوو، نابنە چەند پەرەگرافێکی تیئۆری وشک، بەڵکو دەبنە بەشێک لە کارەکتەری کەنستەنتین و پرۆسە شانۆییەکە، بەمەش پێوەدانگە درامییەکە و رووداوەکان تۆکمەو ڕوونتر دەکات.
چێخەڤ لە ژێر کاریگەری نووسەری نەرویژی هێنریک ئیبسن و شانۆنامەی (مراوی کێوی)دا شانۆنامەکەی خۆی ناوناوە (نەورەس) و ویستوویەتی ئەویش باڵندەیەک بکاتە مۆتیڤ و مەودایەکی هێماگەلی قووڵی پێ ببەخشێت و هێڵی ڕووداو و کارەکتەرەکان، بە تایبەتیش(نینا) ببەستێتەوە بە نەورەسێکەوە. ئەمە جگە لەوەی کە چەند ڕووداوێکی ڕاستەقینە هەن لە ژیانی چێخەڤدا، کەم و زۆر سوودی لێوەرگرتوون و بەکارهێنانی مۆتیڤی (نەورەس) ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای ئەو بەسەرهاتانەیە، هەر بۆ نموونە چێخەڤ جارێکیان ناچاربووە کە (دارکونکەرە)یەکی جوان بکوژێت، چونکە هاوڕێ وێنەکێشەکەی کە ناوی (لێڤیتان) بووە، بە ڕێکەوت برینداری کردووە. هەر ئەم هاوڕێیەی هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام سەرناکەوێت و تەنها سەری بریندار دەکات. ئەمەش ڕێک وەک کارەکتەری کەنستەنتین، کە لە هەوڵێکی خۆکوشتندا سەری بریندار دەبێت و لەبری (دارکونکەرە)ش نەورەسێک دەکوژێت.
دیمەنی کۆتایی و کۆتایی گەشتەکە
لەدیمەنی کۆتاییدا، نینا و کەنستەنتین سەر لەنوێ ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، کەنستەنتین بۆتە نووسەر و نیناش لە شانۆکاندا وەکو ئەکتەر کاردەکات. جیاوازی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە لەم دووڕیانەدا (دوای دوو ساڵ) ئەوەیە، کە نینا هەموو ڕەهەند، گومان، دڵەڕاوکێ، کەوتن و پەژارەکانی لەدوای خۆیەوە بەجێهێشتووە و بۆتە ئافرەتێکی خاوەن ئەزموون.
نینا دەڵێت (..باسی شانۆ دەکەم… من ئێستا وا نەماوم، من ئەکتەرێکی ڕاستەقینەم، چێژ لەو ڕۆڵانە دەبینم کە دەیان نوێنم و سەرسام دەبم بەرانبەریان، لەسەر تەختی شانۆکە مەست دەبم و هەست بە لێهاتوویی و کەم وێنەیی خۆم دەکەم). لەم ڕووەوە نینا تاکە کارەکتەره‌، کە لەم شانۆنامەیەدا، لە هەردوو ڕووی (دەرونی) خۆشەویستی و هونەریشەوە، گۆڕانکاری بنەڕەتی و گەورەی بەسەردا دێت، دەبێتە مرۆڤێکی کامڵ و بە ئەزموون، مل ئەدات بۆ هەموو ئەو بەر ئەنجامانەی کە لە ژیاندا بەهۆی بڕیارەکانی خۆیەوە، بەهۆی هەڵبژاردنەکانی خۆیەوە تووشی دەبن. بەڵام کەنستەنتین لە شوێنی خۆیدا وەستاوە، بێهودەیە و هەست دەکات مرۆڤێکە لەژیاندا بەختیار نییە، لەم دوا چاوپێکەوتنەدا بەتەواوەتی هەست بەفەشەلی خۆی دەکات و بە نینا دەڵێت (ئێوە ڕێگای خۆتان دۆزیوەتەوە و دەزانن بەرەو کوێ ڕێ دەکەن، هەرچی منیشم هەر لە ئاشووبی خەیاڵات و دیمەنە دژبەیەکەکاندا دەژیم). ئەوەی لەبەرئەنجامیشدا ڕوو ئەدات ئەوەیە، نینا سەرلەنوێ کەنستەنتین بەجێ دەهێڵێتەوە، بەرەو شار و شانۆ بچووکەکانی هەرێمەکان، بە بێ ئاوڕدانەوە هەنگاو دەنێت، بەڵام کەنستەنتین هیچ شوێنێکی نییە بۆی بچێت و لەبازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە. دوابڕیاریش ئەوەیە: دەست ئەداتە دەستنووسەکانی و پارچە پارچەیان دەکات و دەڕواتە دەرەوە و بەگوولەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

تێبینی: ئەم باسەم  لە کاتی بەشداریکردنم لە شانۆنامەی نەورەس، لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم نووسیوەو لە پرۆگرامی شانۆنامەکشەدا بڵاوکراوەتەوە.  لێرەدا بە دەستکارییەوە وەرمگێراوەتە سەر زمانی کوردی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.