Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
تاقانە یار …. دڵسۆز حەمە

تاقانە یار …. دڵسۆز حەمە

Closed
by October 25, 2011 ئەدەب

من
 کە سەر بە نەژادی پاییز و
نەوەی دارسێوێکی  تەنهام
دڵم بەخشی بە خەیاڵ
بە سێبەری  شاسوارێکی  قەت نەهاتو،
واتلێکردم
دڵم  لە سینەما دەرچێت
لەگەڵ لێدانی زەنگی دەرگا
زەنگی تێل و
زەنگی ژیان .. شپرزە بم
ویقاری خۆمم لەدەست چێت
پێموابێت.. ئاواتەخوازبم
هەمو زەنگێک ئاماژە بێ  بۆ هاتنی تۆ،
من
 کە ژنێکی عەسریم
لەگەڵ ڕەنگ و عەتر وملوانکە گیانی بەگیانیم
واتلێکردوم
نازانم چی لەبەر کەم
قژم چۆن و
کامە عەترە  و
کام گوارەیەو
کام پێڵاوانەم لە پێکەم
سەدجار بگەڕێمەدواوە
بە ئاوێنەکاندا ڕاکەم
دیسان بگەڕێمە دواوە
جارێک کلیک
جارێک جانتا و
جارێ مۆبایل و
جارێکی تر  دواوێنەی خۆم
لە ئاوێنەکاندا بیر چێت
واتلێکردوم
وەکو پەڕی بەر شنەی با
قاچم لە زەوی ببڕێت و
بە هەوادا بەرز بفڕم
بە تەنهاییدا سەفەرکەم
بە ئازارما پیاسەبکەم
بە غەریبی ،
بەدڵڕەقی دیوارەکاندا تێپەڕم
وەک تێپەڕینی شنەی با  بە کێڵگەدا ،
من
کە هەورێکی گومانکار و
وەرزێکی سەخت باوەڕم
واتلێکردوم باوەڕ بە هەرچیەک بکەم کە تۆ دەیڵێی
بێگومان بم لە دەگمەنیی
لە تاکپەڕی و
لەوەی قەت دوبارە نابیتەوە ،
من
 کە بە خیانەت لەت لەت و
بە جێهێشتن کوژراوە هەردو دەستم و
شپرزەیی لە خوێنمدا و
لەگەڵ خۆشم یەکلایی نیم
لە هەڵبژاردنی تۆدا
لە شەیدابون بە  دەنگی تۆ
وەک ڕەنگی چاوم جێگیر و
وەک ناوی خۆم دڵنیام  بم
من
کە فێمنستێکی توندڕەو و
نیگایەکی سەروی هەور و
ڕۆحێکی باڵدارم هەیە
حەوسەڵەی  ماڵ و موبەق و
پشتی دیوارەکانم نیە
وات لێکردوم.. حەزکەم.. ئاواتەخوازبم لێرە بیت
بە دەیان سەعات
دەیان ڕۆژ
بە درێژایی هەمو تەمەن
خۆم بەرچاییت بۆ حازر کەم
جلەکانت بۆ ئوتو کەم
بتگۆڕم .. قژت دابێنم
خۆم نینۆکەکانت  ببڕم
قۆپچەکانت بۆ داخەم و
بۆینباخەکەت ببەستم
خۆم بەیانیان ڕولەژیان  بەڕێت کەم
وەکو نوسینی شیعر و  سەفەری شینی خەیاڵم
وەکو کێشانی ڕەنگەکان لە کەڤاڵی ڕوبارێکدا
وەکو گێڕانەوەی باران لە دەمی هەورەکانەوە
خۆم ئاشپەزی  بۆ تۆ بکەم
خۆم سێوەکەت بۆ پاک کەم و
ئەوە  تۆ بیت کە کە ئێوارن باوەشت بۆ دەگرمەوە ،
من
 کە ژنێکی پرخەیاڵ و
ڕوبارێکی پڕ لەماسی و
زەمینێکی پڕ  شکۆم
بەسانایی داگیر ناکرێم
بە سانایی پڕ نابێتەوە تەماشام
واتلێکردوم
ئاواتەخواز بم لێرە بیت
نزیک نزیک وەکو چاوم
وەکو پێستم
وەکو قسەکانی دڵم
باوەشم کەیت
ماچم کەیت و وەک ئەستێرە دامگیرسێنی
وەک جۆگەلە ڕامبکێشی بە زەویدا
داگیرم کەیت
لەت و پەت و
پارچە پارچەو وێرانم کەیت
کۆترەکانم هەڵفڕێنی
بە هەناسەمدا تێپەڕی و
دەستم لە کەمەرتا وون بێت
تا نەمرم قەت نەمدەیتەوە
پڕ پڕم کەیت لە دەنگی خۆت
لە هاوار و شپرزەیی وگومانی خۆت
وەک شەقامێک دوای تەواوبونی کەرنەڤاڵ
وەکو دێیەک دوای زەماوەندی دو درەخت
وەکو دەریای ئەتڵەسی دوای تێپەڕینی  ناوەختی کەشتیەکان
وەها نەخشەکەم بگۆڕیت
کە خۆشم خۆم نەناسمەوە
قەت نەبمەوە بە ژنەکەی جاری جاران
من
 کە دارسێوێکی کەمقسە و
وێنە بە ووشە دەکێشم
ژیان بە پرگاڵ دەپێوم
ڕاستی سەرگەردان و
گومان هەڵیکێشام لەخەم
عەشق   تەنهایی  پێبەخشیم
واتلێکردم
ژیان وەکو تەوقەکەی  قژم هەڵدەمە پشتی سەرمەوە
درەوشاوە بێت گومان و
پڕ ئەستێرە بێت تەنهایمم ،
من
کە بە مەرگی باڵندەیەک
بۆ هەڵوەرینی گولێک و
تیرۆرکردنی   سرودێک
دڵم دەبێتە شەوەزەنگ
واتلێکردوم
لەسەرزەمینی عەشقی تۆ
لە  پێناوی مانەوەی  پەنجەکانت لەناو قژما
توندڕەو بم
شەڕەنگێز و شۆڤینی بم
باوەڕ  بە کوشتنیش بێنم
تاقانە یار .

                                       (دڵسۆز حەمە  2011)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.