Skip to Content

Thursday, September 29th, 2022

گفتوگۆ لەگەڵ خەبات عارف

Closed
by October 25, 2011 گشتی


سازدانی: سۆران عەزیز

شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ؛ خەبات عارف، لەم دیمانەیەدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر بە وردی باس لەو كارانە دەكات كە لەم ساڵانەی دواییدا كردوونی، هاوكات تیشكیش دەخاتە سەر بڕێ لە نووسەری كورد كە زارقەرەباڵغانە لەبارەی هەموو شتەوە دەدوێن. ناوبراو دەڵێت: ”زارقەرەباڵغان” ئەوانەن، بەبێ ئەوەی شارەزایی و لێهاتووییەکی تایبەتیان لە بابەتێک زیاتر، یا یەک دوو بابەت زیاتردا، هەبێت، -کە لێیان بە زیاد نەبێت کەمیش نین- دەرکی هەموو بابەتان دەکوتنەوە.

سۆران: با سەرەتا لەوەوە دەست پێ بکەین، گوایە لە شوێنێکدا گوتووتە: ”جاران کە لە سلێمانی دەژیام، هەر لەمسەری شەقامەوە تا ئەوسەری، هەر کەسێکم دەبینی، دەیناسیم و دەمناسی. کەچی ئێستا کە جارجارە سەری شارەکەم دەدەم، لە شەقامەکاندا نامۆم و کەس ناناسمەوە.” دەکرێت لەمەڕ ئەم هەست بە نامۆییکردنەت و دوورەوڵاتیتەوە بۆمان بدوێیت؟ کە ئەمە ئێستا گۆڕاوە و ئێستا نەک خەڵکی ئاسایی تەنانەت ”نوخبە”ش ناتناسێتەوە، بۆ؟ ئەمە چۆن دەبینیت؟ چییە وا دەکات وا بێت؟ ئایا ئەو بێدەنگی و دوورییەتە یان هۆکاری تر؟

خەبات: ئەم هەست بەنامۆییکردنە کۆنترە لە هەستی دوورەوڵاتی! کۆنتر و جیاوازتریش. ئەوەی کە گوایە گوتوومە: ”جاران لە سلێمانی دەژیام، هەر لەمسەری شەقامەوە تا ئەوسەری، هەر کەسێکم دەبینی، دەیناسیم و دەمناسی. کەچی ئێستا کە جارجارە سەری شارەکەم دەدەم، لە شەقامەکاندا نامۆم و کەس ناناسمەوە.” ئەم قسەیە بەشێکی زۆر، ئەگەرچی باش بە بیرمدا نایەتەوە لە کوێ و لە چ پێوەندییەکدا ئەوەم وتووە، ڕاستی تێدا هەیە. بە کورتی، ئەوسا، سلێمانی، هێند بچووک بوو، من و تۆ و زۆربەمان، بەڵام هەمووان نا، یەکترمان دەناسی و دەناسیەوە. ئێستا کە یەکتر ناناسینەوە و ناناسین پێوەندی بەوەوە هەیە کە من، بەناچاری، تەمەنێک لەو شارە و خەڵکەکەی دوورکەوتمەوە، یا دوورخرامەوە، و دواتر، دوای هەژدە ساڵ دووری، دیسان چاوم بە خۆی و خەڵکەکەی ڕوون بووەوە. ئەمجا پێوەندی بە گەورەبوونی سلێمانی و گۆڕانی سلێمانییەوە هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە. هەست بەنامۆییکردنیش، هیی ئەوسایش و هیی ئێستایش نە کاری بەوەوە هەیە ئەو جێیەی تێیدا دەژیت بچووک یا گەورەیە و نە کاری بەوەیشەوە هەیە لەو جێیەدا تۆ خەڵک و خەڵک تۆ دەناسن و دەناسنەوە یا نا! من، لەو ڕۆژەوەی دنیای جوان و ڕەنگینی منداڵیم بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە بەجێهێشتووە، هەست بەنامۆییکردنم هەمیشە و لە هەر کوێیەک بووبم و ژیابم لەگەڵدا بووە. ئەمەیش پێوەندی بەوەوە هەیە کە تۆ، وەک تاکێک، هەیت و باش و خراپ لەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا هەیت و هەندێک شتت لە هیی ئەوان دەچێت و هەندێکی ترت نا. هەیت و لەگەڵ خەم و خۆشیی ئەوانی تردا هەیت و بەڵام خۆتیت و ئەوان نیت و خەم و خۆشییەکانیشت هەروەها. لەوێیت و لەگەڵ هەموو ئازار و شادییەکانی ئەواندایت و لەوێیش نیت و ئازار و شادییەکانی تۆ جیاوازن، بیروبۆچوونت بە گشتی وەک بیربۆچوونی ئەوانە و کەچی شەقڵی تایبەتی خۆتیان پێوەیە و تایبەت بە خۆتن و تا لە ژیاندا مابیت گرفت و کێشەیەکی بێبڕانەوەی، وەک تاکەکەس، لەنێو ئەواندا بۆ دروست کردوویت. هەستێکە و لێت نابێتەوە و بووە بە بەشێک لە خۆت و ژیانت. لە سەرەتایشدا وتم: ”ئەم هەست بەنامۆییکردنە کۆنترە لە هەستی دوورەوڵاتی! کۆنتر و جیاوازتریش.” کەواتە ئەوسایش کە لەوێ دەژیام ئەو هەست بەنامۆییکردنەوەم لەگەڵدا بووە، بەڵام بە جۆر و شێوەیەکی تر و ئێستایش لەگەڵمدایە، بەڵام بە جۆر و شێوەیەکی تر و ئەم هەستە هەمیشە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا دەگۆڕێت. هەستی دوورەوڵاتیش! ئەمیان بە دەست تۆی دوورخراوە و لە زێدی خۆ هەڵبڕاو و ڕاونراو نییە، بەڵکو ئەو هەلومەرجانە دروستی دەکەن کە تۆی ناچار کردووە بە دوورکەوتنەوە و بەسەربردنی ژیانێک کە بەناچاری تووشت بووە بە تووشیەوە و تا بیشڵێیت ژیان و هەستێکی قێزەون و ناخۆشە! بەڵام تۆی پەڕیوە و دوورەوڵات چ دەستەڵاتێکت بەرانبەر بەو هەستە نییە و لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا ئەو هەستەیش وەک هەست بە نامۆییکردن و زۆر هەستی دیکەیش، دەبێت بە بەشێک لە تۆ و لە ژیانی تۆ. ”کە ئەمە ئێستا گۆڕاوە و ئێستا نەک خەڵکی ئاسایی تەنانەت ”نوخبە”ش ناتناسێتەوە، بۆ؟ ئەمە چۆن دەبینیت؟ چییە وا دەکات وا بێت؟ ئایا ئەو بێدەنگی و دوورییەتە یان هۆکاری تر؟” ڕاستییەکەی نازانم بۆ؟ خەڵکی ئاسایی مافی ڕەوای خۆیانە هەر چۆنێکی دەبینن، بەڵام بۆ ”نوخبە” نامناسێتەوە!؟ نازانم! نازانم بۆ؟ ڕەنگە بە کورتی پێوەندەی بەوەوە هەبێت کە من، لەو ڕۆژگارە سەیرەدا کە لە هیچ ڕوویەکیەوە لە ئێستا نەدەچوو و دوای تێپەڕبوونی تەمەنێک لە دەرەوەی کوردستان، کە گەڕامەوە وەک ”نووسەر” و شتی وا نەگەڕامەوە، بەڵکو بە تەنیا هەر بۆ لای خزم و خوێش و خۆشەویستەکانم گەڕامەوە و بە بێدەنگییەکیشەوە گەڕامەوە کە لە بەردیش هەڵناسێت. لەوەیشە پێوەندی بەوەوە هەبێت و هەبووبێت کە تا ئەو جێیەی لە دەست خۆمدایە و خۆم لە هەڵبژاردنیدا سەرپشک بووم و هەم، حەزم لە تەنیایی و دوورەپەرێزی کردووە و دەکەم و حەزیشم لە حەشری ”زارقەرەباڵغان” نەبووە و نییە. هۆکاری تر، ئەگەر هەبن، نازانم و هێندەی ئەو ماوەی ڕابوردووەیش هەر بە هەمان بێدەنگی و لە هەمان تەنیایی و دوورەپەرێزیدا، ئەوەی لە توانستمدا بووبێت و لە دەستم بووبێتەوە کردوومە، بەر لە هەر کەسێکیش بۆم خۆمم کردووە و منەتێک ئەگەر هەبووبێت و هەبێت هەر بەسەر خۆمدا کردوومە و دەیکەم و هەر خەریک بووم. کە ناناسرێت، نابینرێت و ئەوان و خۆمیش لە چاوی ”نوخبە”وە نادیارین و نین! چاویان ڕوون و دڵیان ڕوونتر! من چ کارێکم بەوان هەیە؟ من هەمیشە لە خەمی نەختێک شلترکردنی گرێی ئەو سکاڵا بێدەنگەی دڵی خۆمدا بووم و هەم و لەوەیش زیاتر چاولەڕێی هیچ شتێکی تر نە بووم و نە دەبم! بینین و ڕاوبۆچوونی ”نوخبە”ی ئێستایش بە جێی خۆیان، بەڵام ئێمە چوزانین ئەوانەی دوای ئێمە دێن، زیندوون یا وەک زۆربەی ”نوخبە” بە مردوویی لە دایک دەبن!

سؤران: لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا دەڵێیت تا ئەو جێیەی لە دەست خۆمدایە و خۆم لە هەڵبژارنیدا سەرپشکم، حەز لە تەنیایی و دوورەپەرێزی دەکەم و حەزیشم لە حەشری ”زارقەرەباڵغان” نەبووە و نییە، مەبەستت چییە لە زارقەرەباڵغان، ئایا ئەوانەی دەردەکەون و کەوتوون زارقەرەباڵغن؟ بەڵام بڕێ جار ئەو هەلومەرجەی لێرە لە کوردستان هەیە، ئەو ململانێ و گرفتانەی سەر هەڵدەدەن، ڕۆشنبیرێک دوورەپەرێز و بێدەنگ بێت و دێڕێک لەبارەی ڕووداوە گەرمەکانی میللەتەکەی نەڵێت و ڕایەکی تری پێچەوانەی شەپۆلی نەبێت، ئەی ئیتر دەوری نووسەر، ڕۆشنبیر، هەرچی ناو دەنێیت، چییە؟ خۆتیش دەڵێی نازانم و هێندەی ئەو ماوەی ڕابوردووەیش هەر بە هەمان بێدەنگی و لە هەمان تەنیایی و دوورەپەرێزیدا، ئەوەی لە توانستمدا بووبێت و لە دەستم بووبێتەوە، کردوومە. ئایا هەست ناکەیت ئەم وڵاتە، ئەم میللەتە، زێتر پێویستی بە ئێوەومانان هەیە؟ لەکاتێکدا بەهرەیەکی مەزن هەیە. ئایا پێت وا نییە چاوەروانیی خەڵک لە ئێوەمانان زێترە لەوەی دەیکەن؟

خةبات:”زارقەرەباڵغان” ئەوانەن، بەبێ ئەوەی شارەزایی و لێهاتووییەکی تایبەتیان لە بابەتێک زیاتر، یا یەک دوو بابەت زیاتردا، هەبێت، -کە لێیان بە زیاد نەبێت کەمیش نین- دەرکی هەموو بابەتان دەکوتنەوە –دەکوتنەوە، نەک دەکوتن!- و خۆیان لە خەڵک کردووە بە دەمڕاست و کارزان و ڕێنوێن. ڕێک و بێ هیچ دڵەلەرزێیەک، ”زارقەرەباڵغان” زۆربەی ئەوانەن کە زۆر دەردەکەون و دەرکەوتوون! با ڕوونتری بکەمەوە، ئەوانەن کە سیاسی نین و لە هەموو بابەتێکی پێوەند بە سیاسەتدا هەر خۆیان ڕێبەر و پێشڕەو و ڕچەشکێنن، نووسەر نین و پسوولەی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی خەڵک و نووسەرانیان بۆ خۆیان دەرکردووە و دەفەرموون. ئەوانەن کە هیچ نووسینێکیان، ”پێ و قەیەمی!” سنووربەزاندنی نووسینستانی ئەمڕۆی دنیای نییە و کەچی خۆیان بە شایان و شیاوی گەورەترین خەڵاتە ئەدەبییەکان دەزانن! ”ماڵی زل و دێی وێران!” و ”ماڵی زل و دێی وێرانین!” و ئەوانەن و ئەوانەین و زۆری تریش و تۆیش و خەڵکیش، هەر زۆر بە سانایی، دەتوانن لەم حەشری ”زارقەرەباڵغان!”ـە زیاد بکەن. ئەمانە دەڵێم و دەیشزانم ڕەق و دڵڕەقم و ئەوەیش دەزانم کە ئەو هەلومەرجانەی لە کوردستانیش هەن و هەبوون جیاوازن و داواکانی ئەو هەلومەرجانەیش لەسەر نووسەر و ڕۆشنبیران جیاوازن و جیاواز بوون، بەڵام لە نووسەر و ڕۆشنبیران داوا دەکرێت لە ”ڕووداوە گەرمە ڕۆشنبیرییەکان و بەرهەمهێنانی نووسین”دا گەرموگوڕ و کارا بن، نەک لە ”ڕووداوە گەرمەکان!”دا. هەبوونی ڕایەکی وا کە دەبێت ڕۆشنبیران و نووسەران لە ڕووداوە گەرمەکاندا بەشدارییەکی لە خەڵک زیاتریان هەبێت، خۆڵکردنە چاوی، بەر لە هەموو کەسێک و لە هەموو جێیەک، خەڵکەوە بووە و هەیە. ئەمجا نووسەران و ڕۆشنبیران!، لە چاوی تازەبەتازە پشکوتووی منەوە، لە ڕووداوە گەرمە گشتییەکاندا تەنیا یەک ئەرکیان دەکەوێتەوە ئەستۆ، ئەویش چوونەوە ڕیزی خەڵک و بەشداریکردن لە ڕووداوەکاندایە ڕێک وەک خەڵکەکە خۆی، نە زیاد و نە کەم! ئەوان چین و من چیم خۆیان و خۆم لە خەڵک بە زیاتر بزانن و بزانم!، یا خۆدزینەوە و خۆلێدوورخستنەوە و بەشدارینەکردن لەگەڵ خەڵک، نەک لەگەڵ لایەنێک لەو لایەنانەی خۆیان کردووە و دەکەن بە دەمڕاست و ڕێبەری هەتاهەتایی خەڵک و هەموو شتێکی خەڵک! لەگەڵ خەڵک! بەڵام کامانەن ئەو ڕووداوە گەرمە ڕۆشنبیرییانەی کە لە کوردستان، یا لە دەرەوەی کوردستان، هەن و هەبوون و نووسەران و ڕۆشنبیران –کە من ”حاشاوەلیلا!” ئەمی دووەمیان نیم و قەتیش نەبووم!، لە دەوریان کۆ نەبوونەتەوە؟ قوربان ڕووداوی گەرمی ڕۆشنبیری، لە وڵاتەکەی من و تۆدا، نە بووە و نە هەیە، هەر هەموویان زگلەوەڕاندن و چوونە سەر خوانی ”پیاوە دەستەڵاتدار و دەوڵەمەند و سیاسییەکان” بوون و هەن و، هەموو ”ڕووداوە گەرمەکان!”یش ڕووداوی وابەستە بە ڕەنگەکانەوەن و جاری جارانیش هەر بەوانەوە وابەستە بوون، نەک بە خەڵک و ئەو خاکەوە کە خەڵک لە خۆی و لە ڕێبەرەکانی خۆشتری ویستوون و دەیەوێن! نەختێک ڕای پێچەوانەی شەپۆلیشم، لە لای خۆمان نەک لە لای میللەتانی تر، پێ سەیرە! ئێمە شەپۆلمان کوا؟ تا پێچەوانەکەیمان هەبێت؟ ئێمە لەوەتی هەین –دەزانم برینان دەکولێنمەوە!- لە هەموو سەردەم و ڕۆژگارەکاندا ئەوەی هەوڵێکی دابێت بمانکات بە شەپۆل و بە یەک ئاراستەماندا ببات، یا سووکمان کردووە، یا وڵاتبەدەر، یا کوشتوومانە! ئیتر شەپۆلی چی و کام شەپۆل؟ ئێمە هیچ شتێکمان لە جێی خۆی نەبووە و نییە و هەر یەکەمان لە ئاوازێک دەڵێین و هەمیشەیش هەروەها بووین! ناخۆشە ئەمە؟ دەزانم و بەر لە هەر کەسێکی تریش لەبەر دڵی خۆم! بەڵام چی بکەین؟ ئەوەیش کە دەڵێیت: ”ئایا هەست ناکەیت ئەم وڵاتە، ئەم میللەتە، زێتر پێویستی بە ئێوەومانان هەیە؟ لەکاتێکدا بەهرەیەکی مەزن هەیە. ئایا پێت وا نییە چاوەروانیی خەڵک لە ئێوەمانان زێترە لەوەی دەیکەن؟” با هەست دەکەم و هەمیشەیش هەر هەستم کردووە و هەر لەو هەستەیش و لەو خەمەوە بووە کە هەموو خۆشی و خۆشەویستی و جوانی و گەورەیی و نەوەردییەک بە شایانی کورد دەزانم، بەڵام دەڵێم خۆزگە وا بووایە: ”کورد پێویستی بە ئێمەومانان بێت!” بەڵام ئەوەی کە هەیە و لە ئارادایە شتێکە و خۆزگە و ئاواتیش شتێکی تر، قوربان! هەر ئێستا کە من ئەم قسانە بۆ تۆ دەکەم، لەبەر ئەوەی من هەموو ڕەنگەکانم پێ یا ناڕەنگ یا بێڕەنگن، ڕەنگەکان نەک ڕەتم دەکەنەوە -هەر منیش نیم بە تەنیا- بەڵکە بە نەبوویشم دەچوێنن! بۆ بەهرەی مەزنیش، کە ئەمیان لەوەیە زیاتر خوێندنەوەیەکی تایبەتی خۆت بێت و لێت بە زیاد بێت و ماڵت ئاوا و من خۆم وا نابینم، هەر ئەوەندە دەڵێم: ”منیش وەک هەموو ئەوانەی بە خەمی خۆشی و خۆشەویستی و جوانی و گەورەییەوەن بۆ کورد و بۆ هەر مرۆڤێک لە هەر جێیەک هەبێت!” خەریکم و لە بەرەوەیش خەریک بووم و دەمەوێت و هەمیشەیش هەروەها بووم، ئەگەر لە توانستمدا هەبێت، یەک خشت، تەنیا یەک خشت، بخەمە سەر ئەو خشتانەی کە ماڵی کوردیان پێ جوانتر بووە و دەبێت و هیچی تر! یەک خشت! چون من وەک تاکێک لەوە زیاترم پێ ناکرێت و جوانترکردنی ماڵی کورد، وەک جوانترکردنی ماڵی هەموو خەڵکی سەر ئەم زەوینە، ئەرکی من و هەموومانە پێکەوە. بۆ چاوەڕوانیی خەڵکیش لە من!؟، ئاخر منێکی تاک کە یارای دانانی هەر بە تەنیا یەک خشتم هەیە، ئەویش ئەگەر هەمبێت، هەر ئەوەندەم بۆ دەمێنێتەوە کە نێوچاوانی خەڵک و ئەو چاوەڕوانییەی خەڵک ماچ بکەم، ئەگەر چاوەڕوانییەکی وا هەبێت، ئەمجا هەموو خۆشی و جوانییەکیش بە شایانی ئەو چاوەڕوانییە زیاترەی ئەوان بزانم.

پ. لە چوونتان بۆ ئەوروپا و بۆ سوید، گۆڤارێکتان چاپ و بڵاو دەکردەوە، کە بۆ ئەو سەردەم گۆڤارێکی باش بوو، چۆن بوو بیرتان لەوە کردەوە بڵاوکراوەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری وا دروست بکەن، ئەی لەبەر چی ڕاتانگرت، لە کاتێکدا خەریک بوو دەبووە ماڵێکی باش بۆ نووسین و هزری نووسەرانی کورد؟

خةبات: ئەگەرچی ”بە تەبیعەت!” حەزم لە ئاوڕدانەوە و ”کای کۆن بە با کردن!” نییە و چیرۆکی ئەمەیش درێژە و نەختێکیش تاقەتپروێن، بەڵام هەوڵ دەدەم کورتی بکەمەوە: ئەو گۆڤارە، گۆڤاری یەکێتیی نووسەرانی کورد لە سوید بوو، نەک هیی من. لەمەیش کورتتر: لە دەستپێکدا و لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەو یەکێتییەدا بڕیار درا یەکێتییەکە گۆڤارێکی تایبەت بە خۆی هەبێت. ئەوە بوو دوای بڕیاری یەکێک لە کۆبوونەوەکان، دەستەیەک دامەزرێنراو و یەکەم ژمارە و دواژمارەی بە ناوی ”نووسەری کورد”ەوە دەرکرد. ئیتر ئەو دەستەیە دواتر لەبەر ڕێکنەکەوتنی خۆیان و کێشەیان لەسەر ئەوەی بۆ ناوی ئەمیان کە نووسەرێکی دیار و ”گەورەتر!”ە لە دوای ناوی ئەوی تریانەوە نووسراوە و شتی لەو جۆرە -ئەوەیش نووسەری کوردی ئەوسا و ئێستایش!- لەنێو خۆیاندا ڕێک نەکەوتن و پاش ماوەیەک چاوەڕوانی و دەستکێشانەوەی ئەوانیش لە کارەکەیان، لە کۆبوونەوەیەکی تردا بڕیار درا دەستەیەکی تر پێک بهێنرێت و هەوڵێکی تر بدرێت. ئەوە بوو دەستەی نوێ پێکهێنرا و منیش، بە ناخێرێ، بە یەکێک لە ئەندامانی ئەو دەستەیە هەڵبژێردرام و بە کۆی دەنگیش ناوی گۆڤارەکە لە ”نووسەری کورد”ەوە کرا بە ”وان”. باش یا خراپ، کارێکم بەمیان نییە و بڕیار دەنگی زۆربەی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی لەسەر بوو، ئێمەی ناموبارەکیش دێموکرات بووین و دەبوو ڕێزی لێ بگرین و پێڕەوی بکەین. ئێمە؛ دەستەی نوێ؛ دەستمان بە کار کرد و لە ئاکامدا چەند ژمارەیەکمان لێ دەرکرد، بەڵام ئەمەیش ماوەیەک بڕی کرد و ئیتر، لەبەر زۆر هۆ، کە بە دڵنیاییەوە گرنگترینیان گۆڕانی نێوخۆی یەکێتییەکە و و ”نەگونجانی کورد بۆ پێکەوە کارکردن!” و هەروەها گۆڕانی بارودۆخ و هەلومەرجی ئەوسا، بە تایبەت هەلومەرجی سیاسی لە وڵات، بوو؛ زۆربەی ئەندامان لە یەکێتییەکە سارد بوونەوە و یەکێتییەکە تا دەهات بەرەو کزی و نەمان دەچوو و ئەنجامیش هەروەها کەوتەوە. بەڵام ئێمە، ئەوانەی کە تا دواژمارەیش؛ ژمارە دە، لە دەوری گۆڤارەکە مابووینەوە، بەو هەموو گرفت و کەموکووڕییەوە کە تووشیان دەبووین، هەر خەریک بووین. هۆکاری سەرەکیی ڕاگرتنیشی بەر لە هەر شتێک هۆکاری ئابووری و بە هۆی ئەوەوە بوو کە کەسمان نەمابوو کار بکات، ”زۆربەیان گەڕابوونەوە ماڵەباوان!” و ئێمەش لە ”سڵق ڕووتتر!” مابووینەوە و تا ئەو جێیە بڕمان کرد. دەرئەنجام ئێمەیش بڕیامان دا دەستی لێ هەڵبگرین. گۆڤارەکە چ ڕۆڵێکی هەبوو ئەوسا و، ئێستا جێوڕێی لەنێو گۆڤار و بڵاوکراوەکانی ئەوسادا چۆن دەبینرێت، دەبێت لە لایەن خەڵکی ترەوە، نەک من یا ئەوانەی کاریان تێدا کردووە، هەڵبسەنگێنرێت. ئەوەتا تۆ یەکێک لەو کەسانەیت و دەڵێیت: ”خەریک بوو دەبووە ماڵێکی باش بۆ نووسین و هزری نووسەرانی کورد!” ماڵت ئاوا و دڵت لە ماڵت ئاوەدانتر. بێگومان لەوەیە ڕاوبۆچوونی جیاواز لەوەی تۆیش هەبن!

 پ. شازادە چکۆل لە وەرگێرانی تۆ و بەڕۆژ ئاکرەیی، جارێ سەرەتا چۆنە دوو کەس کتێبێک وەربگێرن، ئەم ئەزموونە دەتوانم بڵێم ئەزموونێکی نوێیە؟ ئایا ئەو کتێبە و ناوەڕۆکی ئەوەندە گرنگ بوو دوو نووسەر و وەرگێری باشی وەک ئێوە داگیر بکات، هەروەتر تۆ سویدیزان و بەڕۆژ فارسی و کتێبەکەش بە فەرەنسایی نووسراوە، ئەی ئەمەیان چۆنە؟
و. ئەزموونەکە، ئەگەر ئەزموون بێت!، نوێ نییە و ئەزموونی وەرگێڕانی ”شازادە چکۆل”ی بەڕۆژ ئاکرەیی و من، دواتر دێت و ئەزموونی لەویش پێشتر هەن و ئەگەر حەز بکەیت دەتوانیت سەیری ”میۆ، میۆکەی من” و ”پیپیی گۆرەویدرێژ” بکەیت کە پێکەوە لەگەڵ ئەنوەر قادر محەمەددا کردوومانن بە کوردی؛ سەرەڕای کارکردنی بەردەوام، ئەوسا و ئێستایش، لەگەڵ فەرهاد شاکەلیی هاوڕێمدا و چ ئەمیان و چ ئەویان، یەک لە یەکتر، لە بەر دڵی من خۆشەویستتر و هاوڕێ و هاوخەمتر بوون و هەن! ئەمە بێجگە لە چەند کارێکی تر لەگەڵ هاوخەم و هاوڕێ و خۆشەویستانی تردا! دیسان، بڕوانە: ئێنسکلۆپێدیای منداڵان، لەگەڵ ئاسۆس شەفیقدا و زۆر کاری تریش! پرسیارەکەیشت نەختێک ناڕوونە و لە هیی خۆت ناچێت! دەزانم دڵت فراوانە و لەم قسەیە دەمبووریت! بەڵام ”مسکین!”ێک پێش تۆ لە نووسینێکیدا گوایا ئەو کتێبەی ئێمە؛ کتێبی ”شازادە چکۆل”ی هەڵسەنگاندبوو، هەر ڕێک ئەو پرسیارەی تۆی، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەسەر کارەکە و چۆنێتیی کارەکە بڵێیت، ”وروژاندبوو!”. ئەرێ بەڕاست ئەوە چییە، لە ئەمڕۆی کوردستاندا، هەر پرسیارە و ”دەوروژێنرێت!”؟ پرسیاری کردبوو ”بەڕۆژ ئاکرەیی فارسی دەزانیت و خەبات عارف سویدی!”، ئەمجا پرسیار لەوە سەرووتر و سەروەرتر و هەروەتر!؟ هەروەها نووسیبوویشی گوایا ئێمە ناوی خۆمان لە ناوی نووسەری ”شازادە چکۆل”، گەورەتر نووسیوە؟ پێشتر بۆم نووسیت: ”دڵت فراوانە و دەمبووریت!” لای من ئەوەی جێی لە هیچیش کەمتر دەگرێت ناو و ناووبانگە! ئێستایش با بە کورتییەکەی بۆت باس بکەم. ئێمە؛ ئەوانەی پێشووتر کارمان پێکەوە کردووە و ئێستایش دەیکەین، من یا ئەوی تر، دێین و بەشێک لە کارێک وەردەگێڕین و ئەوی تر ئەرکی، کە لە هەموومان دیارە ئەگەر هیی ئەمیان وەک هیی ئەوی پێشتووتر نەبێت کەمتر نییە، بە کارەکەدا دەچێتەوە و لە بەرانبەر زمانێک یا زیاتردا ڕایدەگرێت و کار دەکات و سەرئەنجام کار بە کاری پێکەوەیی دەشکێتەوە و هەوڵی هەردوولا دواپاکنووس دەکرێت و بۆ دوایین جاریش تاووتوێ دەکرێت و بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ئامادە دەکرێت. لەوەیش جوانتر نییە، تۆ و من و من و ئەو و ئێمە بتوانین کارێک، پێکەوە، بە ئەنجام بگەیەنین و لەبریی تەنیا کەرەسەیەکیش، لە کەرەسەیەک زیاتر و لە توانستی یەک کەس زیاتر و لێهاتوویی یەک فەرهەنگ زیاترمان لەبەر دەستدا بێت. بڕوایش بفەرموون، ”شازادە چکۆل” کتێبێکی، لە هەموو ڕوویەکەوە، هێندە گرنگە کە لەو هەوڵەی ئێمەیش زیاتر هەڵدەگرێت. ئێمەیش ئەو کارەمان لە بەرانبەری ئەو هەموو وەرگێڕانە ”سەقەت!” و پڕ لە هەڵەوپەڵانەدا کردووە کە پێشتر کرابوون و ئەگەر ئەوەمان نەکردایە و لەسەر ئەو هەڵەوپەڵانەی لە وەرگێڕانەکانی تردا هەبوون بە دەنگ بهاتینایە، دەبوو کتێبێکی لە ”شازادە چکۆل” گەورەتر بنووسین و خۆمان تووشی ماندووبوونێکی بێبەریش بکەین! با ئەمەیشی لێ زیاد بکەم: ”من -بۆ ئەوانی تر کە لەگەڵیاندا کارم کردووە نازانم چۆن بووە و چۆنە- هەمیشە پێم وا بووە و ئێستایش پێم وایە کە کاری خراپ، بە بانگەشە و هاتوهاوار و قسەی بێتوێکڵ و بێسەروبەر، چاک ناکرێت. ئەگەر من یا تۆ، یا هەر کەسێکی تر، پێی وایە کارێک خراپ ئەنجام دراوە، دەبێت قۆڵی لێ هەڵبکات و خۆی هەوڵێک بدات، نەک بە تەنیا هەر قسە بکات، تا ئەوەی خراپە یا خراپ کراوە چاک بکرێت.” دەمێنێتەوە ئەوەی کە دەڵێیت: ”کتێبەکەش بە فەرەنسایی نووسراوە!” ئەمجا قوربان ئەگەر ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بین بابایەک بێت و کتێبێکی کە بە فەرەنسایی نووسراوە و یەکێکی تر کە بە ڕووسی و ئەوی تر کە بە ئەڵمانیایی نووسراوە، لە زمانی سەرەکییەوە بکات بە کوردی، دەبێت ”دەست لە گونانمان درێژتر بکەین!” و ”هیچ بە هیچ!” پاڵی لێ بدەینەوە! خەمیشت نەبێت و دڵنیا بە لەوەی کتێبێک کە لە زمانێکی ئەوروپاییەوە دەکرێت بە زمانێکی ئەوروپایی تر ئەوەندە ”جێی سیقەیە!” کە هیچ دڵەلەرزە و دڵەڕاوکێیەکت بۆ ناهێڵێتەوە. خۆیشت لە من باشتر دەزانیت: ”وڵاتانی ئەوروپا، وڵاتانی خۆرهەڵاتی زەریای ناوەڕاست نین!”

پ. بڕێکی زۆر لەو کارانەی وەرتگێراون هەمیشە شتێک لە یەکیان نزیک دەکاتەوە، ئەویش ئارامییەکی قووڵە لە هەناوی تێکستەکاندا، ئارامییەک کە بە سەرێکی ساردەوە، ورد دەڕوانێتە دونیا و کێشەکانی، بۆ نموونە ئەمە لە کتێبی “ڕەگەزپەرستی چییە”ی تاهیر بین جەلووندا بەتەواوی دیارە، ئایا ئەوە چییە وایان کردووە ئەم جۆرە تێکستانە وەربگێڕیت، ئایا ئەمانە چەندە لە ڕۆحی خۆتەوە نزیکن؟

و. ئارامییەکی قووڵ، ئەگەر هەبێت، هەم لەنێو ئەو کتێبانەدا و هەمیش لە وەرگێڕانەکاندا، بە جێی خۆی و ناخۆشیش نییە! سەرێکی سارد و وردڕوانینە دنیا و کێشەکانیشی –چونکە زۆر دەمێکە لە هەڵپەهەڵپ و پەلەکردن و پەلکوتان خۆم دزیوەتەوە- تا ئەو جێیەی کە خۆم پێی بزانم و بە خۆهەڵکێشان و خۆنواندن لەسەرم نەکەوێت، نەک لەگەڵ بوونی خۆم و جۆری ژیانی خۆمدا دێنەوە، بەڵکە بوون بە یەک دوو لەو سیفەتانەی کە تا ئەوپەڕی لەگەڵیاندا ڕاهاتووم و پێیان خەنیم. بۆ ئەوەی نە تۆ، خوانەکردە، بە هەڵە لەم قسەیەم تێبگەیت و نە هیچ کەسێکی تریش چەوت لێکی بداتەوە، ئەوەیشی لێ زیاد دەکەم کە منیش وەک هەر مرۆڤێکی تر، مرۆڤم؛ بە هەموو ماناکانی مرۆڤبوونەوە و هەر سیفەتی باشم تێدا نین، بەڵکە تا دڵ پێی ناخۆش بێت سیفەتی خراپیشم هەن و خۆم لە هەرکەسێک باشتری دەزانم و کەمیش نین! مرۆڤم و فریشتە نیم! پیێر لاگەرکڤیست دەڵێت: ”گوناهە مرۆڤ بیت!” و ئۆگۆست ستریندبێرگیش دەڵێت: ”ئاسان نییە، مرۆڤ بیت!”، هەردووکیشیان دوو لەو نووسەرانەن کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر من هەبووە و ئەو دوو دێڕەیش پێم خۆش بن یا نا، وەک هەر مرۆڤێکی تر منیش دەگرنەوە. سەبارەت بەو کتێبانەیش کە کردوومن بە کوردی، سەرلەبەریان و ”ڕەگەزپەرستی چییە؟”یش لەگەڵیاندا، کتێبگەلێک بوون کە بەر لە هەر شتێک خۆشم ویستوون و دەستەڵاتم بەسەر وەرگێڕانیاندا شکاوە. ئەمجا تا دڵ و بیر پێیان شاگەشکە بووبن، یا لەگەڵ بیرکردنەوە و بیروبۆچوونمدا یەک بوون و ئێستایش هەن، یا لە ڕووی جۆری نووسین، داڕشتن و زمانەوە ئەوەندە جوان و سەرشار بوون، کە تەنانەت بەر لە وەرگێڕانیشیان، بە ئاواتەوە بووم بتوانم بیانکەم بە کوردی. ئەمجا ئەگەر توانیبێتم ئەو کارە بکەم -هەر چونکە لە ڕوحی خۆمەوە دیارە نزیک بوون و هەن- بەر لە هەر کەسێکی تر سووکناییان بە ڕوحی خۆم بەخشیوە، ئەمجا بە ڕوحی ئەو کەسانەی کە حەزیان لە خوێندنەوەیان کردووە و سوودیان لێ بینیوون. وەرگێڕانیشیان لەبەر ئەمانە و لەبەر ئەوەیش بووە کە نەمتوانیوە خۆم لە وەرگێڕانیان بدزمەوە.

پ. ”گوێ بگرە، پیاوی بچووک!”، بە بڕوای من، یەکێک لەو کتێبانەیە زۆرترین خوێنەر و زۆرترین کاریگەری هەبوو، ئەم کتێبە بووە بەشێک لە زمانی کۆمەڵێک گەنج، بەتایبەت لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی و هەولێر، بەتایبەتریش لە بەشی شانۆی ئەم دوو پەیمانگەیەدا زۆر کاریگەریی هەبوو، ئەڵبەت کاریگەرییەکانی بڕێ جاریش بە باری زمانپیسی و هێرش و بریندارکردنی یەکتریدا شکایەوە. کەم نەبوون ئەو نامە و نووسینانەی لە چوارچێوەی وەڵام و شەرەجنێوی بڕێ نووسەر بە ”گوێ بگرە، پیاوی بچووک!” دەستیان پێ دەکرد، لەکاتێکدا خودی ڕۆحی کتێبەکە باس لە بەرگەگرتن و خۆدەوڵەمەندکردن بە ئازایەتی و دژبەبچووکبوونەوەیە، بڕێکی زۆری فێربوونی هێمنی و ڕق لە توورەبوونیشی تێدایە، دەکرێت باسێکی ئەم کتێبە و مەبەستەکانیمان بۆ بکەیت؟ ئایا ئەو کتێبە خۆی لە بنەڕەتدا هەر ئەو ناوەی هەیە؟ چونکە جارێک “بەختیار عەلی” وتارێکی لەسەر ئەو کتێبە نووسیبوو ناوێکی تری وتبوو کە بە ڕاست ئێستا لە یادم نییە، بەڵام ئەم ناوە نەبوو؟

و. کەم تا زۆر ئاگاداری ئەو شتانە نیم کە تۆ لەسەر ”گوێ بگرە، پیاوی بچووک!” نووسیوتن. ئەوسا لەم دوورەوە -چونکە پێوەندییەکان لەگەڵ کوردستان یا نەبوون یا لە جێی نەبوون بوون- هەر ئەوەندەم پێ دەگەیشتەوە و لێی بەئاگا بووم کە خۆشەویستێک، یا هاوڕێیەک، ئاگاداری دەکردمەوە کە کتێبەکە، بە تایبەت لە لایەن خوێندکاران و لاوانەوە، دەستاودەست دەکات، دەخوێنرێتەوە، لە بەری دەگیرێتەوە و چاپ و بڵاو دەکرێتەوە! کۆڵێکیش دڵم بەوە خۆش بوو و ئێستایش خۆشە کە بەو شێوەیە کەوتەوە. بەڵام، ئێستا، دڵم نەختۆکێک گەرد دەگرێت کە دەڵێیت: ”بڕێ جاریش بە باری زمانپیسی و هێرش و بریندارکردنی یەکتریدا شکایەوە، کەم نەبوون ئەو نامە و نووسینانەی لە چوارچێوەی وەڵام و شەرەجنێوی بڕێ نووسەر بە ”گوێ بگرە، پیاوی بچووک!” دەستیان پێ دەکرد.” بەڵام، هەر چۆنێک بێت، لەمیاندا نە ویلێم ڕایش سووچ و گوناهێکی هەیە و نە من! نێوەڕۆکی ئەو کتێبە نەدەبوو بەو جۆرە و بەو نیازە و بۆ ئەو مەبەستە بە کار بهێنرێت. ”گوێ بگرە، پیاوی بچووک!” هەم لە پێشەکییەکەی ئەو ناوەندەی کە سەرجەمی کتێبەکانی ڕایشی بڵاو کردووەتەوە و هەم لە نێوەڕۆکەکەیشیدا ڕێنوێنییەکە بۆ هەموومان تا زیاتر خۆمان بناسین، دەوربەر و خەڵک بناسین، دەستەڵاتداران؛ پیاوە گرگن و بچووک و مرۆڤخۆرەکانی نێو هەموو کۆمەڵە مرۆییەکانی ڕابوردوو و ئێستامان بناسین و چاویشمان بە ڕووی دیاردە کۆمەڵایەتی و دەروونشیکاری و ئابووری و مێژووییەکاندا زیاتر بکرێنەوە. کە ئەوسا بڕێک جار بەو بارەدا کەوتووەتەوە کە تۆ دەیگێڕیتەوە، گوناهی خراپلێتەگەیشتن و خراپبەکارهێنانی بووە، ئەگەرنا، بۆ!؟ ئەمانە و کاریگەریی ویلێم ڕایش بەسەر منەوە وەک یەکێک لە ”پیاوە گەورەکان!”ی دژ بە گشت ”پیاوانی بچووک!”ی هەموو ڕۆژگارەکان، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە بوو کە بەرەو وەرگێڕانی ”گوێ بگرە، پیاوی بچووک!”ی بردم، ئەمجا خۆشەویستیم بۆ بیر و نێوەڕۆک و چۆنێتیی نووسینی کتێبەکە خۆیشی. کتێبەکەیش، هەر کەسێک، لە وتار یا لە هەر پێوەندێکی تردا، هەر ناوێکیان لێ نابێت، چ کارێکی بە من و بە کارەکەی منەوە نییە و کتێبەکە کتومت، چ بە ئینگلیزی و چ بە سویدی و چ بە عەرەبی و چ بە فارسیش، ناوی ”گوێ بگرە، پیاوی بچووک!”ـە و هیچی تر.

پ. لە ڕۆشنبیری کوردیدا، بەتایبەت لە ئەدەبی کوردیدا، بەتایبەتتریش لای نەوەی نەوەدەکان بەم لاوە پووچییەک ئامادەیە، بڕێ جار دەگاتە ئەوەی بەختەوەری بە گێلێتی دەدریتە قەڵەم، ئەمەش لە عەبەسییەت و سوریالیزمی ڕۆژئاواییەوە هاتووە، بەتایبەت ” گۆستاڤ فلاوبیرت” جارێکیان نووسیبووی کە یەک مەرج بۆ خۆشبەختی هەیە ئەویش “گەمژەییە”، ڕای تۆ لەم بارەوە چۆنە؟
و. نازانم گۆستاڤ فلۆبێر -ئەگەرچی هیچ پێوەندییەک لەنێوان سەردەمی فلۆبێر و پووچگەرایی و سورڕیالیزمدا نییە- لە چ پێوەندییەک و بە چ هۆیەکەوە گەمژەیی وەک مەرجی خۆشبەختی داناوە. ئەگەر فلۆبێر قسەیەکی لەو جۆرەی لە هەر کات و لە هەر پێوەندییەکدا کردبێت، لە باشترین حاڵەتدا، دەچێتە خانەی بیروبۆچوونی تایبەتی خۆیەوە لەبارەی خۆشبەختییەوە و هەر قسەکردنێکیش لە لایەن منەوە لەسەر قسەکەی ئەو، یا دەچێتە خانەی بەرپەرچدانەوەوە یا پەسەندکردنەوە و منیش زۆر ”دانووم لەگەڵ ئەم جۆرە ڕاگۆڕکێ و بیروڕاگۆڕینەوانەدا ناکوڵێت!” و ئەمانە کۆن بوون، قوربان! بەڵام ئەوەندەی من سەر لە ”خۆشبەختی” و ”گەمژەیی”، یا ”بەختەوەری” و ”گێلی” دەربکەم ئەوەیە کە ئێمە، چونکە هەمیشە ”دەست بە کڵاوی خۆوە گرتن!” و ”جێی خۆ گەرمکردن!” و دڵنیاییمان لە ژیاندا بەر لە بەختەوەری، خۆشبەختی، بەختیاری و هەرچییەکی تری لەو جۆرە داناوە، لە ڕووی ناچارییەوە، تووشی هەموو دەردەکانی وەک ناخۆشبەختی، گەمژەیی، کڵۆڵی و نابەختیاری و بگرە زیاتریش بووین. جۆرە گەمژەییەکیش لە هەست بە خۆشبەختیکردندا هەیە و جۆرە گێلییەکیش لە هەست بە بەختەوەریکردندا، چون کە خۆشبەختی و ئەوانی دیکەیش لە ژیاندا یا نەبن یا تەنیا کەچەترووسکاییەکیان دیار بێت و ئەویش چاوی کوتوکوێری زۆربەمان نەیبینێت، گەمژەییە دڵی خۆ بە خۆشبەختی خۆشکردن! هەستکردن بە بەختەوەریش جۆرێکە لە گێلی و ”کڵاو لە سەری خۆ نان!”. ئێمە، هەر هەموومان، دەژین و بۆ ماوەیەک دەژین و ژیانیش بە هەردوو دیوە تاریک و ڕووناکەکەیەوە ژیانە و کۆتاییەکەیشی هەموومان دەزانین چییە! بە درێژایی ژیانیش دەمانەوێت و لە هەوڵ و پلوپای ئەوەداین لە ژیان تێ بگەین. ژیانیش تێکەڵەیەکە لە تاریکی و ڕووناکی. هەندێکمان دیوی ڕووناکی ژیان زیاتر بە لای خۆیدا ڕایدەکێشێت و هەندێکیشمان دیوە تاریکەکەی و تیشکی کامیشیانمان زیاتر لەسەر بێت زیاتر ڕەنگی ئەویان دەدەینەوە. کامیان لە کامیان باشتر و چاکترە؟ نازانم! ڕاوبۆچوونەکان بە درێژایی بوونی مرۆڤ جیاواز بوون و هەریەکەیشیان ڕەگاژۆ بەنێو ژیان خۆی و بەنێو ژیانی هەر یەک لە ئێمەیشدا ڕۆچووە! دەمێنێتەوە ئەوەی ئاخۆ ڕەگوڕیشەی ئەو هەستانەی لە لای ”نەوەی نەوەدەکان بەولاوە” هەن، دەگەڕێنەوە بۆ ”عەبەسییەت” و سورڕیالیزمی ڕۆژئاوایی یان نا؟ من هیچ پێوەندییەک لەو نێوانەدا نابینم و زیاتر بیرم بە لای ئەوەدا دەچێت کە ڕەگوڕیشەی ئەو پووچگەراییە لەنێو ئەو ”نەوە”یە خۆی و ئەو جۆری ژیانەدا هەیە و هەبووە کە ئەوان تێیدا بوون و هەن. ئەگەر نەختێک زیاتر بیر لە ترسی هەمیشەیی نادڵنیایی لە ژیان، ترسی هەمیشەیی شەڕهەڵگیرسان، ترسی هێرشی دەستەڵاتدارانی نێوخۆ و دراوسێ هەمیشە شەرەنگێزەکان، ژیانی پێش کۆڕەو و دوای کۆڕەوی خەڵک، ترسی بەردەوام لە ڕوودانی شەڕی نێوخۆ، نەبوونی کار یا هەبوونی بەڵام بەسەربردنی ژیانێکی کۆڵەمەرگی و پڕ لە دەردەسەری، ترسی برسیبوون و تەنیاکەوتن، ترسی نادڵنیایی لە دەستەڵاتداران و نادیاریی داهاتووی نزیک و دوور و زۆر شتی تر بکەینەوە، ئەوسا ئەوەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بۆ ئەو ”نەوە”یەی تۆ باسی دەکەیت بەو جۆرە هەیە و بەو جۆرە بیر دەکاتەوە و ژیان بەسەر دەبات! بیروبۆچوونی وەرگیراو و هاوردەی ڕۆژئاواییش، چونکە هەر زۆر ”سەقەت” دەگاتە لای ئێمەی ڕۆژهەڵاتی، ئەگەر کاریگەرییەکی لەسەر ئەو ”نەوە”یە هەبووبێت کاریگەرییەکی یا زۆر کەم یا لە جێی نەبوون بووە! هەموویشمان دەزانین: ”هەمیشە گوناهبارکردنی ئەوی تر نزیکەدەستترە لە گوناهبارکردنی خۆ!” تۆ پێت وایە و دڵنیایت لەوەی ئەوە ”لە عەبەسییەت و سوریالیزمی ڕۆژئاواییەوە هاتووە” و منیش پێم وایە ”نا، لەوەوە نەهاتووە!” و دەبێت لە جێ و کاتێکی تردا بە دوای هۆکارەکانیدا بگەڕێین.

پ. ئەرێ بەڕاست چۆن دەکرێت لە جیهانێکی وەکو ئێستا پڕ لە کێشمەکێش و توندوتیژیدا بژین و لە هەمان کاتیشدا بەختیار بین؟ وەکو دالای لاما دەڵێت گەڕان بەدوای بەختەوەریدا ئامانجی ڕاستەقینەی ژیانە، ئایا بەختەوەری ئامانجێکی بەجێیە؟ بە بڕوای تۆ ئەمە چۆن وە دەست دەخرێت؟
و. ئێمە قەت بەختیار نابین و قەتیش نەبووین، بەڵام هەندێک شت لە ژیانماندا ڕوو دەدەن کە دەتوانین بۆ نەختێک و بۆ ماوەیەکی کەم دڵی خۆمانیان پێ خۆش بکەین. ئێمە لەو کاتەوە کە کەوتووینەتە نێو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە و لە پێوەندیی ڕاستەخۆ لەگەڵ سروشت دابڕاوین ”نەخۆش” کەوتووین. پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەر جۆرێک بووبن و ئێستا هەبن و هەر شێوەیەکیان هەبووبێت و هەبێت، هەر هەموویان نەخۆش بوون و نەخۆشن و نایشکرێت ئێمە کە بۆ خۆمان بەرهەمی ئەو پێوەندییانەین نەخۆش نەبین، جۆرەکانی نەخۆشیش کەم نین و پلەی جیاوازیشی هەن، هەر لە نەخۆشیی زۆر سووکەوە تا نەخۆشیی کاری! وشەکانی وەک بەختیاری و بەختەوەری و زۆری تریش ئامانج نین، خەونن! ئێمە، هەر هەموومان، خەونمان بینیوە و خەون دەبینین، ئەوان پێش ئێمە چاکیان کردووە و ئێمەیش دەست و دڵمان خۆش بێت! خەون بەوەوە دەبینین کە بە جێیەک و بە پێوەندییەک بگەین ”نیسکێک!” لەو پێوەندییەی جاران و ئەوەی ئەمڕۆ جوانتر و خۆشتر بێت، جارانیش هەروەها بووە. ئەمجا پێی دەگەین یا نا!؟ تا ئێستا، لە هەڵخەڵەتاندن و فریودان و کڵاولەسەرنان زیاترمان بە دەست نەهێناوە. دواتر و لە داهاتوویشدا چۆن دەبێت!؟ دەستلێدان و قسەلەسەرکردنی لە ئێستادا کاری نەکردەیە و هیچ ترووسکاییەکی لە هیچ کەسێکەوە نە دیار بووە و نە دیارە! بەڵام لەنێوماندا هەن و هەبوون کە بە ئاواتی گەیشتن بە دنیایەکی لەوەی ئەمڕۆ و دوێنی خۆشتر و جوانتر فریویان داوین و فریومان دەدەن و هەیشن بە هیوای گەیشتن بە بەهەشتی بەرین و ژیانی ”ئەبەدییەت!” کڵاویان لەسەر ناوین و کڵاومان لەسەر دەنێن و ئێمەیش، هەرچییەکمان کردووە و دەکەین، ناتوانین خۆمان لە هەڵخەڵەتاندن و چاوبەست و فریودان بە دوور بگرین. بەختەوەری ئامانجی ڕاستەقینەی ژیان نییە، خەونە و هیچی تر. هەر جیهانی ئەمڕۆیش بە تەنیا پڕ لە کێشمەکێش و توندوتیژی نییە، بەڵکە هەموو جیهان و ژیانەکانی ڕابوردوویش پڕ لە کێشمەکێش و توندوتیژی بوون و لەوانیشدا گەڕان بە دوای بەختەوەریدا لە خەون زیاتر نەبووە. زۆر بوون ئەوانەی خەونیان بە خۆشتر و جوانترکردنی ژیان و جیهانەوە بینیوە و ئێستایش زۆرن، بەڵام ژیان ژیانە و هیچی تر و دەبێت ئەو پێوەندییانەی دروستیان کردووە، بگۆڕدرێن؛ بۆ ئەوەی نەختێک لە خەونەکانمان نزیکترمان بکەنەوە، ئەگەرنا هیچ!

پ. ڕاستبوونی ڕای خۆمان بەوەی هیچ گومانێک لە ڕاکانماندا نەماوەتەوە، لەکاتێکدا ڕۆشنبیری خۆی سەرەتا و کۆتایی بریتییە لە گومان، دالای لاما ڕابەری تبتییەکان وتبووی ئەگەر زانست بیسەلمێنێت بەشێک لە بیر و کتێبی بودیزم ناڕاستە ئەوە پێویستە ئەو بیر و پەرتووکە بێتە گۆڕین، لەبارەی حەقیقەتەوە دەڵێیت چی؟ چۆن دەکرێت مرۆڤ پێی وا بێت کۆی حەقیقەتی لایە؟ لە کاتێکدا ئەم بۆچوونە لەنێو ڕۆشنبیریی کورددا ئامادەیی هەیە؟

و. چی لە بارەی حەقیقەتەوە بڵێم، کە نییە! ڕاوبۆچوونی جیاواز لەسەر حەقیقەت هەبووە و ئێستایش هەیە. هەندێک چ گومانێکیان لەوە نییە کە حەقیقەت لای خۆیانە و بەر لە هەرکەسێکیش خۆیان هەڵخەڵەتاندووە. هەندێکیش بە گومانەوە لە حەقیقەت دەڕوانن و تاکە جیاوازیی ئەمان لەگەڵ ئەوانی پێشوودا ئەوەیە کە ئەمان کەمتر هەڵخەڵەتاون و گومان دەکەن! هەندێکیش هەر باوەڕیان بەوە نییە شتێک بە ناوی حەقیقەتەوە هەبێت، چون ئەمان بڕوایان وایە کە هەموو شتێک، بەو حەقیقەتەیشەوە کە نییە، لە گۆڕاندایە و هەر لەبەر ئەوەیش بوو لە سەرەتادا وتم: ”چی لە بارەی حەقیقەتەوە بڵێم، کە نییە!” لە هەموو ئەمانەیش ”نەگبەتتر!”، نا ببوورە ”خەتەرتر!”، ئەوانەن کە پێیان وایە کۆی حەقیقەت لای ئەوانە، چون ئەمان هەرچییەکیان لە دەست بێت دەیکەن بۆ لەناوبردنی هەموو شتێک و هەموو کەسێک کە لە هەموو ڕوویەکەوە لە خۆیان نەچێت و وەک ئەوان نەبێت و وەک ئەوان بیر نەکاتەوە و وەک ئەوان نەکات! ئامادەیی ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە کۆی حەقیقەتی لایە لەنێو ڕۆشنبیریی کوردیشدا یەکێک لەو ”نەگبەتی!”یانەیە کە سواری شانی ڕۆشنبیریی کوردی بووە وەک زۆر نەگبەتی و کڵۆڵی تر و لە پشتگوێخستن و بەهێندنەگرتن زیاتر شتێکی تر هەڵناگرێت!

Previous
Next