Skip to Content

Monday, August 8th, 2022

شۆڕش لە نێوان پێویستی و قەیراندا

Closed
by October 25, 2011 گشتی

  
چه‌سپاندنی داد، زۆر ئه‌سته‌متره‌ له‌ روخانی‌ سته‌م، ئەمە ئەو ووتەیە بوو نیڵسۆن ماندێلا وەک پەیامێک بۆ بۆمیسرو تونسی نارد. هەمیشە شۆڕش بەشێکی زۆر لە ڕیشاڵەکانی لە ناو قەیران و ئاژاوەدایە، بۆیە ئەرکی دوای شۆڕش بە ئەرکێکی قورس و گرنگ شوبهێنراوە. بە سەرنج بۆ نێو مێژووی گشت شۆڕشەکان بە شۆڕشی ڕۆشنگەری و ڕینیسانسیشەوە هەرگیز نەیانتوانیوە لەو ئەنارشیستی و بێ سەروبەریە خۆیان ڕزگار بکەن کە لەحزەی نێو شۆڕش و پاش شۆڕش دەیهێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەمە نامان بەستێتەوە بە کۆڵەکەکانی ئەو مانایانەوە، ئیتر بۆ خاتری هاتنە پێشەوەی قەیران دەبێت دەستبەرداری شۆڕش بین و وەک کتێبێکی بێ کەڵک بۆ ئەبەد دایبخەین و پێویستمان بە کردنەوەی نەبێت، بەڵکو زۆر گرنگە وەک چۆن پێویستمان بە حەماسیەت(ئەنزیازەم) وتوڕەییە بۆ سوتەمەنی بە گەڕ خستنی شۆڕش، هەرواش پێویستمان بە ڕێوشوێنەکانی عەقڵە  لە پاش شۆڕش حەماسیەت و توڕەیەکان لە ژێر گوتارەکانیدا کۆ بکاتەوەو لە ڕێی ڕاگەیاندن و کۆڕو کۆبوونەوە جەماوەریەکانەوە ئومێدو وێنای داهاتویەکیان پێ نیشاندا کە هەموو کەسێک بێ جیاوازی تیایدا سوودمەند دەبێت بە تەواوی ئەو ڕوبەرانەی کە ئاشتی و ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لێ بەرهەم دێت.
هەڵبەتە سەبارەت بە بەهای شۆڕش و دەرکەوتەی مەترسیە کوشندەکانی پاش شۆڕش منیش هاوڕام لە گەڵ بەڕێز د. کامەران مەنتک کە هوشیاری لە مەڕ دەرکەوتەی بڕێک لە مەترسەکانی پاش شۆڕش داوە. ڕەنگە تایبەتمەندی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی زیاتر لەوەدا ڕەنگ بداتەوە بێ پێچوپەنا دەرک بە لایەنی دووەم دەکرێت کەوا وەک هێزی دەستێوەردەر ئامادەباشی هەیە یان دەرکەوتەی هێزە باڵاکان و دابەش کردن و گۆڕینی هاوکێشەکانی دونیا جارێکی تر بەسەر دوو بلۆکەکەدا لەوەی کە ناتۆ وەک پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بەشداری کرد لە هەڕۆژانی ڕژێمەکەی قەزافی و هەروەها بەکار بردنی ڤیتۆ لە لایەن چایناو ڕوسیاوە دژ بە هەر بڕیارێک کەوا حکومەتەکەی ئەسەد لە ئەندامێتی نەتەوە یەکگرتوەکان هەڵدەپەسێرێ. ئەمانە هەموو بەسەر یەکەوە لەگەڵ قەیرانەکانی پاش شۆڕش بە ڕێژەیەکی زۆر مایەی گەشبینی نین و ئەوەمان پێ دەڵێن دۆزینەوەی قاڵبێکی گونجاو بۆ خەون و مەبەست و پاڵنەرەکانی شۆڕش لەبەردەم ئەرکێکی قورسدایە، بەڵام هێندەش کۆنکریتی نین چەشنی پەیکەری دیکتاتۆرەکان نەتوانرێت دەستکاری زەردەخەندە درۆینەکانی بکرێت و بەرگەی هیچ چاکسازیەک نەگرێت، وە یان ئەمە یەکەم شۆڕش نەبووە لە مێژودا دەست تێوەردانی دەرەکی تیا کرا بێت، چونکە هیچ شۆڕشێک لە مێژووی گەلاندا بەرچاو ناکەوێت دەستی دەرەکی وەک پاڵنەرێکی زیندوو کاریگەری نەبوو بێت لە هاندان و یارمەتی مادی و لۆجستیکی بۆ بە ئامانج گەیاندنی شۆڕش. ئێمە گەر پێمان وایە دەستی دەرەکی دەستێکی تەواو ئەهریمەنانەیەو بەشێوەیەکی ڕەها ناکرێت چاوەڕوانی خێری لێ بکرێت، ئەمەش بۆچونێکی هەڵەیە لەو خاڵەوە کە زۆر جار ڕژێمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان هێندە بە توندی خۆیان دەچەسپێنن بەسەر واقیعی ژیانی کۆمەڵگاکانیاندا بە بێ یارمەتی دەستی دەرەکی مەحاڵە بتوانرێت بیر لە گۆڕانیان بکرێتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ویستی دەستی دەرەکی ویستێکی لە ڕاستیدا یارمەتیگەرایە کە بە تەنها مەبەستی یارمەتی بێت، یان ویستێکی دۆزەخییەو دواجار ئاسایش و نان پێکەوە دەسوتێنێ؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بڵێین گرنگ نیە تا چەند دەرەوە دەستوەردان دەکات، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئاراستەو ڕێڕەوی شۆڕشەکە بە لاڕێدا نەبرێت و جڵەوی لە دەست ناوخۆ هەڵنەپڕوچقێنرێت. لە لایەکی تر ڕۆڵی عەقڵ ناکرێ فەرامۆش بکرێ و بە بایەخەوە لەبەرچاو نەگیرێ چونکە گرێ کوێرەکانی پاش شۆڕش و ئەو زامانەی نەزیف دەکات بە تەنها بە دیاری کردنی ڕێوشوێنە عەقڵانیەکان چارەسەر دەکرێن. لە بارودۆخێکی وادا عەقڵانیەت وامان پێ دەڵێت مادام کێشەکە کۆمەڵگاو بەڕێوە بردنە ئەوا دەبێت پلانی دامەزراندنی حکومەتێک لە لایەن کەسانی لێهاتو شارەزا بە شێوەیەکی کاتی دیاری بکرێت کە یەکەم دەستپێکی ئەوە بێت حکومەتێکی پێشوەخت لە کەسانی تەکنۆقرات دابمەزرێت و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی سەرتا سەری گونجاو بکات، تا لە ڕێیەوە پەرلەمانێکی ڕاستەقینەو حکومەتێکی شیاو دادەمەزرێ..
ئەم ڕۆژانە دوا ڕۆژی کۆتای هێنان بوو بە قەزافی، کۆتاییەک کە چرکەساتەکانی بۆ ئێمە وەک بابەتێکی هەستناک و مشتومڕئامێز لێکدانەوە هەڵدەگرێ. یەکێک لەو هەڵقە گرنگانەی کە دەتوانین بە هەڵقەی بوون بە یەکی جەستەی دیکتاتۆر و دەسەڵات ناوزەدی بکەین ئەو پانتایەیە لە ترسو گومان کە جێی هیچ دڵنیایەک ناکاتەوە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نوێ، بۆیە کاتێک لە واقیعدا دیکتاتۆر دەسەڵاتی تێک دەشکێ، هێشتا ئەوە نابێتە مایەی هێنانی دڵنیای بۆ ئەو جەماوەرەی کە ڕاپەڕیون هەر ئەمەشە وای کردووە شۆرش بەردەوام بێت تا ئەو جێیەی جەستەی دیکتاتۆری تیا دەر دەخرێت، ئیتر بە دیلی بێت یان بە مردووی، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو ڕیزبوونە جەماوەریە بوو کە لە لایەن خەڵکی لیبیاوە دەرکەوت بۆ بینینی لاشەی دیکتاتۆر (هەرچەندە من تێبینیم لە سەر چۆنێتی ئەو پیشانگایەنەو ساتی دەستگیر کردن و کوشتنی قەزافی جیا لەم خوێندنەوەیە هەیە) بەڵام بەسەر یەکەوە هەم جەخت بوو لە سەر گەیشتن بە ساتی دڵنیای، هەم میژووی شۆڕشی بە شیوەیەکی ترسناک وێنا کرد کەوا پێشبینی لە بار بردنی ئامانجەکانی شۆڕش بکرێت. لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین ئایا بۆ هەمیشە ساتی کۆتای دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکان هاوتایە بە ساتی دەستنیشان کردن و دیاری کردنی جەستەیان؟ بۆ خودی سەدام، بن عەلی، موبارەک، قەزافی، ئەسەد، چوزانم کێ و کێ.. ئەگەر چی وەک هەر یەکەمان گۆشت و خوێنن، بەڵام سەرجەم کرداری هەناسەدان و هەناسە وەرگرتنیان هەناسەی ئاسایی نیە؟ بۆ هەناسەکانیان بە تەنها ئۆکسجین نیەو وەک پێویستیان بە بڕێک خڕۆکەی سور بێت ڕاستەو خۆ ڕۆژانە لە خوێن و مەرگی هاوڵاتیانەوە هەوڵی بەدەست هێنانی دەدەن؟ ئەوان بۆ لە چاکسازی دەسڵەمێنەوە، ئەوان بۆ هەرچی هەوڵی خۆیان هەیە دەیدەن هاوڵاتیەکانیان تا ئەوپەڕی سەرکوت کردن ببەن؟ بۆ هێندە تۆقیون لە دەنگی ئازاد، لە کاتێکدا تۆزقاڵێک بە کردار ترسیان نیە لەو هێزانەی کە لە واقیعدا مەترسین لەسەر بەرژەوەندیە گشتیەکان؟ لێرەدا چیەتی خوێن و هەناسە، ئەو مانایە دەبەخشێت کە داینەمۆی درێژ کردنەوەی تەمەنی دیکتاتۆرە لە گەڵ تەمەنی دەسەڵاتەکەیدا. هەرچی سەبارەت بە سڵەمینەوەیە لە چاکسازی، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت چاکسازی بە مانا فەندامینتەڵیەکەی هەڕەشەیە خۆی لە خۆیدا لە پێگەی دەسەڵاتی دیکتاتۆر، بەم پێیەش ئەو دەرفەتە دەڕەخسێت تاکەکان بێنە نێو بواری سیاسەتەوەو ئەو هەلە بڕەخسێنن، دادگاکان لە ژێر چنگی دەسەڵات دەربهێنن و فۆرمێکی باڵای پێ ببەخشن کە لەسەروی هەموو دەسەڵاتێکەوە سەیر بکرێت، دواجار ئەمەیە ئەو ئیزرایلەی کە خودای سیستەم و ڕێکوپێکی بۆ گیان کێشانی ئەوان(دیکتاتۆرەکان) نازڵی دەکات، ئەوان کاتێک ئیزرایل گیانیان دەکێشێ ماف هەبێت، دادوەریەکی ڕاستەقینە بەرقەرار بێت، چونکە هیچ جۆرە چاکسازیەک بێ چەسپاندنی دادوەریەکی ڕاستەقینە بەدی نایەت، دواجار هەر ئەمەشە وادەکات کۆتایی دیکتاتۆرەکان پڕ خرۆش و تراژیدی بێت. ئەو دەجەنگێ، چونکە گەر بجەنگێ، یان نەجەنگێ چارەنووسێ چاوەڕوانی دەکات، بۆیە کۆڵ نادات و ئامادەیە تا سەربازێکی لە گەڵدا بێت دێوانەئاسا شوێن وەهمی دەسەڵاتەکەی بکەوێت، ئیدی کەی هەستی کرد تەنها هەر خۆی لە دەوری خۆیی ماوە موچرکەی ئەو ترسەی بە لەشدا دێت کە دەتوانین بە (ترسی خیانەت لە گەڵ مۆراڵی دیکتاتۆردا) ناوزەد بکەین، چونکە تا ئەو کاتە بۆی دەست بدا خوێنی شارێک دەکاتە ناو پیاڵایەک و بێ سڵەمینەوە دەینێتە سەریەوە ئیتر لەو چرکە ساتەدا خیانەت دەکات و دەستی ناچێتە خوێنی خۆی، هەر ئەمەشە وای لێدەکات خۆی بداتە دەست ئومیدی تەسلیم بوونەوە.
هەموومان وێنە تەڕوتازەکانی قەزافیمان دی هیزە پڕ حەماسو چنگ بەخوینەکانی شۆڕشگێڕەکانیش، گرتن و کوشتنی قەزافی کونی ئومێدی لەبەردەم ئەو پیاوانەدا بەرتەسک تر کردەوە کەوا بە هەمان نەخۆشیەوە دەناڵێنن، دیارە ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەر نیە، چونکە پیاوگەلێک هێشتا ماون و هێزگەلێکیان هەیە لە خوێن ناپرینگێنەوە، پیاوگەلێک ماون ئەمڕۆنا بایانی دەبێت بڕۆن و وێنە خوێناویەکانی باوکەکان بەدەستی کوڕەکانیان دەبینن ئەمەش زیاتر ئاگرەکەوڵیان دەکات، بۆیە پێدەچێ توند تر بچنە گژ جەماوەرە ڕاپەڕیوەکانیاندا، بەمەش هەرچەندە توند بونەوەیان قوربانیەکی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، بەڵام هەنگاوێک زیاتر لە ئیزرایل نزیکیان دەکاتەوە.
بۆ قسە کردنیش لە مەر حەتمیەتی قەیرانەکانی پاش شۆڕش بە دڵنیایەوە باشترین و پڕ قازانج ترین بڕیارێک کە بدرێت دەبێت بەشدار بووەکانی نێو شۆڕش بە خۆشەویستی و ڕێزەوە خەڵات بکرێن و بیانگێڕنەوە بۆ شوێنی خۆیان و ژیانێکی شایستەیان پێشکەش بکرێت، وە ئەگەر پێویستی کرد پشکنینی سایکۆلۆژی و شەیدای(مەینیاک)یان بۆ بکرێت، وەهەروەها مۆنۆمێنت بۆ قوربانیەکان بکرێت و قەرەبوی مادی و مەعنەوی خێزانەکانیان بکرێتەوە. هەرچی سەبارەت بەو کەسانەشە زامدارو پەککەوتە بوون بە پلەیەکی شایستە خانە نشین بکرێن، ئەمە دەبێت بکرێت بە یەکەم هەنگاوی کاری دوای دامەزراندنی حکومەت و ڕێ نەدرێت بکرێن بە موڵکی حیزب، دەبێت ئەمانە ناوی شۆڕش گێڕی نیشتیمانیان لێ بنرێت و وەکو موڵکی تێکڕای گەل تەماشا بکرێن، نەک ئەم گروپ و ئەو حیزب. بۆیە بە بڕوای من لە ئێستادا باشترین هەنگاو لە بەردەم  ئەنجومەنی نیشتیمانی لیبیادا ئەوەیە هەرچی چەک هەیە کۆی بکاتەوەوبیگێڕێتەوە بۆ جبەخانەکانی ووڵات و ئەوەش بخاتە بەردەم هەڵبژاردنی شۆڕشگێڕەکان کە ئازادن لەوەی لە ناو هێزی نیشتیمان پارێزدا بمێننەوە، یان بگەڕێنەوە بۆ سەر ئیش و پیشەو خزمەتەکانیان. هەرچی سەبارەت بە ئەو کەسانەشە بە تاوانی ناپاکی تاوانبارن لە گەڵ قەبارەی تاوانەکانیاندا بە یاسا مامەڵە بکرێت.

نوری حەمەئەمین

٢٠/١٠/٢٠١١

Previous
Next