پیاچوونه‌وه به ئۆرفیۆس ه‌که‌ی به‌ختیار دا
” ئاوڕه‌که‌ی ئۆرفیۆس ” و ” کوشتنه‌که‌ی ئۆرفیۆس ” ، ئه‌و دوو نووسینه تازه‌یه‌ی ” به‌ختیار ” ن که له ئاوێنه‌دا بڵاوکراونه‌ته‌وه . من ده‌مه‌وێت له چه‌ند شوێنێکه‌وه بچمه ناو باسه‌که‌ی ” به‌ختیار ” ه‌وه و تێگه‌شتنه‌کانم ، به‌و بڕه‌ی ووشه‌کانم ده‌توانن گوزارشتیان لێبکه‌ن ، له‌و باره‌یه‌وه به خوێنه‌ری ئازیز ڕابگه‌یه‌نم .
1 – سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کان
سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کان یان مارکس ووته‌نی سه‌رده‌می مناڵێتی مرۆڤایه‌تی ، سه‌رده‌مێکی تاریك و ڕۆشنه . تاریکه به‌و مانایه‌ی نهێنییه‌کان بۆ مرۆڤه‌کان له ژماره نایه‌ن و ئاشکرا بوونه‌کانیش هێجگار که‌من . عه‌قڵ و لۆژیك و په‌یبردنه‌کان لاوازن . مه‌ودای بینینی سنوور نه‌ناسینه‌کان که‌م و سنووربه‌ندییه‌کانیش گه‌وره و به‌رفراوانن . بیرکردنه‌وه‌کان ساده و لێڵ و ئاره‌زووه‌کانیش گه‌شه نه‌کردوون . گۆڕانکارییه‌کان و چوونه پێشه‌وه‌کان ته‌واو له‌سه‌رخۆن و له سه‌ره‌تاشدان . ڕۆشنیشه به‌و مانایه‌ی سه‌ره‌تای جیابوونه‌وه‌ی مرۆڤ له جیهانی ئاژه‌لیانه‌ی ، ده‌ستی پێکردووه . که‌وتووه‌ته سۆراخی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان . له هه‌موو شتێك وورد ده‌بێته‌وه . شاره‌زایی له‌سه‌ر سنووربه‌ندییه‌کان په‌یدا ده‌کات و مه‌ودای بینینی سنوور نه‌ناسینه‌کانی زیاد ده‌کات . خه‌یاڵی به پێی خواسته‌کانی ده‌جوڵێنێت و عه‌قڵیشی له‌گه‌ڵدا به بڕی پێویست گه‌ڵاڵه ده‌کات . سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کان ، سه‌رده‌می ده‌ست پێکردنی مرۆڤه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆی و ده‌ست پێکردنی تێڕوانینی درشتگه‌رایانه‌یه‌تی بۆ تێگه‌یشتن له دیارده‌کان .
کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه له سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کاندا و له پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی‌دا ، ده‌ست پێکردن و گه‌ڵاڵه بوون و دامه‌زراندنی به خۆیه‌وه دیوه . خێزانه په‌رت و بڵاوه‌کان له ده‌وری یه‌کتری کۆبوونه‌ته‌وه . سه‌رده‌می دروست بوونی خێزانی گه‌وره ” کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێك خێزان به ده‌وری یه‌کتریدا ” و خێزانی بنه‌ماڵه‌یی ” خێزانی زیاتر له یه‌ك نه‌وه ” ، سه‌رده‌می ده‌ست پێکردن و هاتنه ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئه‌فسانه‌داره . ئه‌فسانه‌کان له‌و سه‌ره‌تایانه‌وه ، که ئه‌وانیش بۆ خۆیان مێژوویه‌کی دوور و درێژیان له پشتی خۆیانه‌وه داناوه ، وورده وورده خۆیان داده‌ڕێژن و جیهانی تایبه‌ت به خۆیان له بیرکردنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پێکده‌هێنن . کۆمه‌ڵگای ئه‌فسانه‌یی ” کۆمه‌ڵگای ئه‌فسانه‌دار ” هه‌ر له یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی هاتنه ئارایه‌وه ، کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رته‌سك بووه به به‌ری هه‌ڵسووڕانه تاکایه‌تییه‌کان . کۆمه‌ڵگایه‌ك بووه له‌سه‌ر بنه‌مای هاتنه ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه کۆیلایه‌تییه‌کانه‌وه ، خۆی به ئه‌ندامه‌کانی ناساندووه . په‌یوه‌ندییه کۆیلایه‌تییه‌کان له خۆڕا و کوتوپڕ له کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کاندا که یه‌که‌مین کۆمه‌ڵگا پێچه‌وانه‌کانن له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ، په‌یدا نه‌بوون . په‌یدا بوونی په‌یوه‌ندییه کۆیلایه‌تییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخه سه‌ره‌تاییه‌کانیان .
بارودۆخێك که بۆ په‌یدا بوونی کۆیلایه‌تی له گۆڕێ بووه و پێی نه‌زانراوه ، خێزان بووه . په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌ندامانی خێزان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی فه‌رمانده و فه‌رمانبه‌رانه‌وه ، دامه‌زراوه . ئه‌م فه‌رمانداری و فه‌رمانبه‌رایه‌تییه که له خێزاندا بووه ، بناغه‌ی داڕێژراوی دروست بوونی کۆیلایه‌تی بووه . سیستمی کۆیلایه‌تی له هه‌ناوی خێزانه‌وه بۆ مرۆڤایه‌تی هاتووه و تاکو ئێستاش ئه‌و سیستمی کۆیلایه‌تییه هه‌ر هه‌یه و هه‌ر خێزانیش سه‌رچاوه‌ی مانه‌وه‌یه‌تی . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات ، له په‌یوه‌ندییه ناوه‌کییه‌کانی خێزان و دواییش په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانیه‌وه . نه په‌یوه‌ندییه ناوه‌کییه‌کانی خێزان و نه‌په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانی ، هه‌رگیز به ڕاسته‌وانه‌یی کاریان نه‌کردووه و نایشیکه‌ن . په‌یوه‌ندییه کۆیلایه‌تییه‌کانی ناو خێزان که په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان فه‌رماندار و فه‌رمانبه‌رانه ، په‌یوه‌ندییه‌کانی شه‌ڕ و تاڵانی و داگیر کردنه‌کانه . په‌یوه‌ندییه‌کانی پاشکۆ پێکردن و داسه‌پاندنی که‌سایه‌تی و گوێڕایه‌ڵییه . په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالارییه . په‌یوه‌ندییه‌کانی گرووپچێتی و ڕایسزم و خۆپه‌رستییه . خێزان یه‌که‌مین سه‌رچاوه‌ی مێژوویی زه‌وت کردنی دادپه‌روه‌رییه . خێزان یه‌که‌مین یه‌که‌ی چه‌پاو ” ئیستیغلال ” کردنی خاسیه‌ته مرۆییه‌کانه . خێزان ، یه‌که‌م سه‌رچاوه‌ی په‌یدا بوونی ئایدۆلۆژیا و ئه‌ندامه‌کانیشی یه‌که‌مین داڕێژه‌ری ئایدۆلۆژیان له مێژوودا .
کۆمه‌ڵگای ئه‌فسانه‌یی ، کۆمه‌ڵگای کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو خاسیه‌ته نامرۆییانه‌ی خێزانه‌کانه . مرۆڤه‌کان له کۆمه‌ڵگای ئه‌فسانه‌ییدا به ده‌ست ئه‌م ڕه‌وشه‌وه ناڵاندوویانه . تاکه تایبه‌ته‌کان که فه‌رمانداره‌کان و تاکه هه‌موانییه‌کانیش که فه‌رمانبه‌ره‌کانن ، کرۆکی دابه‌ش بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کان پێك ده‌هێنن . ئه‌م دابه‌ش کردنه له پرۆسه‌ی چوونه پێشه‌وه‌یدا ، هه‌میشه قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نه و نامرۆیی بووه‌ته‌وه . ئه‌م دابه‌ش کردنه کۆمه‌ڵایه‌تییه که نادادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنی دادپه‌روه‌رییه‌وه دێنێته ده‌ره‌وه ، ئیتر ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه هه‌موو پانتاییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌گرێته‌وه و به دادپه‌روه‌ریش له هه‌موو شوێنێکه‌وه به تاکه هه‌موانییه‌کان ده‌فرۆشرێته‌وه . تراژیدیای هۆشیار بوونه‌وه به خود و به کۆمه‌ڵگا لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات . ئه‌م تراژیدیایه که تا ئێستا به‌رده‌وام بووه ، قوربانیی ده‌ستی مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه بووه و هه‌ر واش ده‌بێت هه‌تا ئه‌م دابه‌ش کردنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تاکه تایبه‌ت و هه‌موانییه‌کان به‌رده‌وام بێت .
هۆکاره‌کان زۆرن بۆ چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کانی گریك سه‌باره‌ت به خواکان . هه‌ژاری خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه و عه‌قڵ ، هه‌ژاری زمان و ئه‌زموون و داهێنان ، هه‌ژاری که‌ره‌سه و ئامڕاز و به‌ره‌نگار بوونه‌وه ، هه‌ژاری وورد بوونه‌وه و تێگه‌یشتن و به‌رئه‌نجامگیری ، هه‌ژاری په‌یوه‌ندییه خودی و لۆکا‌ڵی و ناوچه‌ییه‌کان ، کۆمه‌ڵێکن له‌و هۆکارانه‌ی که ئاوا ساده‌بینانه ، ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگاکانیان ده‌گوێزنه‌وه بۆ ئاسمان و ده‌یکه‌ن به میراتی خواکانیان . خواکانی گریك ، تاکه تایبه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگاکانی خۆیانن ، به‌ڵام به هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی خه‌یاڵیانه‌ی بڕوا نه‌کرده‌وه . مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کان ، خۆیان نه‌هاتوون به ئه‌نقه‌ست به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تی خۆیان له به‌ره‌ی خواکاندا نمایش بکه‌ن ، به‌ڵکو ده‌سه‌پاچه‌یی و داماوییان به ده‌ست ئه‌و ڕه‌وشه‌وه که تیایدا ژیاوون ، گه‌یاندوونی به سۆراخ کردنی شوێنێك و بوونه‌وه‌رانێکی سه‌روو سروشتی و ده‌رفه‌تێك ، تا بتوانن به‌و شێوه‌یه‌ی که ده‌یانه‌وێت گوزارشت له خۆیان بکه‌ن .
هه‌موو مرۆڤایه‌تی له به‌رامبه‌ر خواکاندا ده‌بن به به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی . واته هه‌مان ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێوان به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی کۆمه‌ڵگاکان ، ئاڵوگۆڕ پێده‌کرێت و ده‌گوازرێته‌وه و ده‌بێت به ململانێکانی نێوان ئاسمان و زه‌وی . هه‌رچه‌نده ئه‌م ململانێیه ” ململانێی نێوان ئاسمان و زه‌وی ” بچوك و که‌م بایه‌خه له‌چاو ململانێکانی نێوان خواکان ، به‌ڵام کۆنترۆڵ کردنی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی ” ته‌واوی مرۆڤه‌کانی سه‌ر زه‌وی ” بۆ ئه‌وان ” واته بۆ خواکان ” جێگایه‌کی گه‌وره و بایه‌خدار له‌و نێوه‌دا داگیر ده‌کات . واته مه‌سه‌له‌که له بنه‌ڕه‌تدا کۆنترۆڵ کردنی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی ” ته‌واوی مرۆڤه‌کانی سه‌ر زه‌وی ” نییه ، به‌ڵکو یه‌ککه‌وتنی خواکانه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌و کۆنترۆڵ کردنه . سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگا گریکییه‌کانیش وه‌یان هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه‌ی سه‌ر زه‌وی ، هه‌ر ئاوایه . واته کۆنترۆڵ کردنی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی ” کۆیله و ئافره‌ت و منداڵ ، به‌شه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و کاته‌ی به‌ره‌ی تاکی هه‌موانی بوون ” ، کێشه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی ناو کۆمه‌ڵگا نییه ، چونکه ئه‌وان خۆبه‌خۆیانه و به هۆی سیستمه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و نوێنه‌رایه‌تی و عه‌قڵسالارییه‌وه که له دایکبووی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن ، کۆنترۆڵ کراوون . ئه‌وه‌ی که کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی کۆمه‌ڵگایه ، کێشه‌ی ڕێککه‌وتن و یه‌کگرتنی ڕیزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تێتی .
ئه‌وه ” مارکس ” ه کێشه‌ی کرێکاران ئاوا گه‌وره ده‌کات و ده‌یباته قۆناغی شۆڕشی گه‌وره‌ی جیهانییه‌وه ، ئه‌گینا له بنه‌وه‌ڕا نه کێشه‌که ئه‌وه‌نده لای کرێکاران گه‌وره‌یه و نه هه‌رگیزیش خۆیان بۆ شۆڕشێکی جیهانی له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه ئاماده ده‌که‌ن . کرێکاران بۆ خۆیان خه‌باتی کورتخایه‌ن و درێژخایه‌نیان ، له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵێك چاکسازی زیاتر ، واوه‌تر نابه‌ن . هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ك له مێژوودا ، به ده‌ستی کۆیله‌کانی خۆی که له ژێر ڕابه‌رایه‌تی چوونیه‌کانه‌ی خۆیاندا بووبن نه‌ڕوخاوه تا سه‌رمایه‌داری به ده‌ستی کرێکاران بڕووخێت . کۆیله‌کان هه‌میشه ئامڕازی به‌کاربردوو بوون . واته کۆیله‌کان له مێژوودا و له کاتی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانیاندا هه‌میشه ئامڕازی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنه‌کانی ناو به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگاکانیان بوون . ئه‌وه‌تانێ ته‌نانه‌ت کرێکارانیش له ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانیاندا به زۆریی ئامڕازی ده‌ستی کۆمۆنیسته‌کانن که ئه‌وانیش ” واته کۆمۆنیسته‌کان ” به‌شێکی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگاکانیانن . کۆمۆنیسته‌کان هه‌رگیز له پێناوی کرێکاراندا هۆشیارانه وهه‌میشییانه و په‌یگیرانه و خۆنه‌ویستانه ، نه‌هاتوونه‌ته مه‌یدانی ململانێکانه‌وه ( ئه‌و کۆمۆنیستانه‌ی که به گیانێکی ته‌واو مرۆڤ په‌روه‌رانه‌وه خه‌باتی کۆمۆنیستییان کردووه ، هه‌میشه ئاستی نزمی بیرکردنه‌وه و په‌ی بردن و تێگه‌یشتن به سه‌ریاندا زاڵ بووه . ) . ئه‌وه به‌کارهێنان و چه‌پاو ” ئیستیغلال ” کردنی کرێکارانه بۆ گه‌یشتن به ئامانج و ئاوات و هاتنه‌دی خه‌ونه‌کانیان ، وا ئه‌وه‌نده مه‌سه‌له چینایه‌تی و کرێکارییه‌کان قه‌به و گرنگ و چه‌ند پاته ده‌که‌نه‌وه و خێرا خێراش پێ له‌سه‌ر خه‌باتی په‌یگیر و سه‌رکه‌وتنی مسۆگه‌ر داده‌گرنه‌وه . له ڕاستیدا و له هه‌موو شوێنێکدا ، به‌دیهاتنی ویسته تاکایه‌تییه‌کانی کۆمۆنیسته‌کان ، له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا ، بنه‌مای هه‌ڵخراندن و کۆکردنه‌وه و شۆڕش پێکردنی کرێکارانن له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگاکان .
کۆمۆنیسته‌کان که باسی ئازادی ده‌که‌ن ، باسی ئازادی له پیاده کردنی ئاره‌زووه‌کاندا ناکه‌ن . که باسی یه‌کسانی ده‌که‌ن ، باسی یه‌کسانی له ده‌سه‌ڵاتدا ناکه‌ن . که باسی حکومه‌تی کرێکاری ده‌که‌ن ، باسی هاتنه سه‌ر حوکمی چوونیه‌کانه‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی چینی کرێکار ناکان . ئه‌وان له دووتوێی خه‌باتی چینایه‌تییه‌وه ، باس له ئازادی مرۆڤ ده‌که‌ن . واته ئازادی مرۆڤێکیان ده‌وێت که پاشکۆی خه‌باتی چینایه‌تی بێت ” جا ئه‌گه‌ر له‌ناو خه‌باته چینایه‌تییه‌که‌دا پاشکۆ بێت یان له ده‌ره‌وه‌ی ، ئه‌گه‌ر ئاره‌زوومه‌ندانه پاشکۆیه‌تییه‌که‌ی پیاده بکات یان زۆره‌ملێیانه بێت ، بۆ کۆمۆنیسته‌کان جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ دروست ناکات ” . کۆمۆنیسته‌کان ، نه‌ك هه‌ر ئازادی مرۆڤی ” سه‌ربه‌خۆ ” یان ناوێت ، به‌ڵکو ئازادی مرۆڤێکی ” سه‌ربه‌کۆ ” ی واشیان ده‌وێت که سنووری ئامانجه خێڵایه‌تییه‌که‌یان تێنه‌په‌ڕێنێت . ئه‌مان ئازادی مرۆڤی ” سه‌ربه‌کۆ ” ی لایه‌نچییان ده‌وێت ، نه‌ك ئازادی مرۆڤی ” سه‌ربه‌کۆ ” یه‌ك که پانتاییه‌کانی کۆمه‌ڵگا هه‌مووی بگرێته‌وه . تێکشکانی مارکسیزم له‌سه‌ر ئاستی جیهان و له به‌رامبه‌ر لیبرالیزمدا ئا لێره‌وه ده‌ستی پێ‌کرد ( واته له دژایه‌تی کردنی ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” ی کۆمه‌ڵگاوه که زۆر به‌رفراوانتر بوو له ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” ی خه‌باتی چینایه‌تی ). گرفتی گه‌وره‌ی مارکسیزم له ڕاستیدا ئه‌وه بوو که له جیاتی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه تێبپه‌ڕێنێت ، کۆمه‌ڵگایه‌کی پێچه‌وانه‌تری له ناو کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا به بوون هێنا .
ڕه‌خنه‌کانی به‌ختیار له مارکسیزم بۆ به‌رگری کردن نییه له ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌خۆ ” ، چونکه ” به‌ختیار ” یش خۆی ، هه‌ر بڕوای به ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” هه‌یه . له بواری ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” دایه که به‌ختیار ده‌که‌وێته سه‌نگه‌ر گرتنه‌وه له مارکسیزم . واته به‌ختیار به پێچه‌وانه‌ی کۆمۆنیسته‌کانه‌وه ، ئه‌وه‌نده‌ی که په‌یوه‌سته به ئازادی تاکه‌وه له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا و ئه‌وه‌نده‌ش که دووره له زیان گه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه تاکایه‌تییه‌کانی ، لایه‌نچێتی سیاسی له ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” دا پێ قه‌بووڵ نییه . ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌ختیار که هه‌ڵوێستێکی دیمۆکراسی خوازانه‌یه له بواری ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” دا ، جێگای لاکردنه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤانه‌یه لێی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که جێگای تێڕامان و لێدان و هه‌ڵته‌کاندنه ، هه‌ڵوێستی نادروستی ئه‌وه له به‌رامبه‌ر ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌خۆ ” دا .
کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کان و کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌مڕۆ ، هه‌رچه‌نده له زۆر ڕووه‌وه له یه‌کتری جیاوازن ، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا که ئابڵۆقه‌دانی مرۆڤه‌کانی ناویانه به په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و سیستمه‌کانیه‌وه ، هه‌ر یه‌ك شتن . هه‌رچه‌نده مرۆڤه‌کانی ئه‌مڕۆ له به‌رامبه‌ر زۆربه‌ی پرسیاره‌کاندا سه‌راسیمه‌ن و بێوه‌ڵام ماون ، به‌ڵام له چاو مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانییه‌کاندا قۆناغێکی زۆریان بڕیوه . پرسیار کردنیش له پرۆسه مێژووییه‌که‌یدا ، خۆ تازه کردنه‌وه‌ی له دووتوێی گۆڕانکارییه‌کان و چوونه پێشه‌وه‌کانیدا له کۆمه‌ڵگاکاندا جێکه‌وته کردووه . له‌دایك بوونی پرسیار هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت . هه‌رکاتێك پرسیاره‌کان کۆتای‌یان هات ، ئیتر گۆڕانه‌کان و گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانیش سه‌باره‌ت به سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کانی سه‌ر گۆی زه‌وی ، کۆتای‌یان دێت . ئێمه ده‌توانین هه‌موو پێشکه‌وتنه‌کان له پرسیاره‌کاندا کۆبکه‌ینه‌وه . جه‌وهه‌ری هۆشیار بوونه‌وه له مرۆڤدا ، پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بێت ، پرسیار کردنه . تا پرسیار نه‌بێت ، وه‌ڵام چۆن ده‌بێت ؟ وه‌ڵام دانه‌وه با له سه‌رده‌می درست بوونی مرۆڤیشه‌وه ده‌ستی پێکردبێت ، به‌ڵام هه‌میشه پرسیار له پێشتره . هێزه کۆنه‌په‌رست و مرۆڤ کوژه‌کان ، هه‌ر له سه‌رده‌می کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کانه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ ، پێش ئه‌وه‌ی دوژمنی وه‌ڵامه‌کان بووبن ، دوژمنی پرسیاره‌کان بوون . سانسۆر له کۆمه‌ڵگادا پێش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بێت ، له‌سه‌ر پرسیاره . خه‌بات کردن بۆ ئازادی پرسار ، خه‌بات کردنه بۆ ڕزگاری مرۆڤ . له‌گه‌ڵ هه‌موو شه‌ڕه‌کاندا هه‌میشه شه‌ڕی سه‌رکوت و ئازادی پرسیار له گۆڕێ بووه . ئێستاش له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، به ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواشه‌وه ، ئه‌م سه‌رکوت و به‌ند کردن و سه‌ربڕینی پرسیارانه ، به هه‌زارویه‌ك جۆر له شێواز ، به ئاشکرا و به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه درێژه‌ی هه‌یه . جه‌نگ به دژی پرسیار له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا نه ڕاوه‌ستاوه و نه هه‌رگیزیش له توانای هیچ که‌س و هێز ولایه‌نێکدا هه‌یه ڕایبووه‌ستێنێت .
چیرۆکه ئه‌فسانه‌ییه‌کان به‌جیا له‌وه‌ی له باری هونه‌رییه‌وه جێگای ستایشن ، کۆمه‌ڵێك ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ی جۆراوجۆری سه‌رده‌مه‌کانی ڕابووردووی مرۆڤایه‌تیشن . وورد بوونه‌وه لێیان ته‌نیا ئاشنا بوون نییه به دیوه ئاشکراکه‌ی ، به‌ڵکو گه‌یشتنه به دیوه نه‌بینراوه‌کان و له هه‌مان کاتیش‌دا ڕۆشن کردنه‌وه و گه‌یاندنیانه . هه‌رچه‌نده هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی مرۆڤایه‌تی هه‌ر تاریکی بووه ، به‌ڵام به به‌راوورد به یه‌کتری ، هه‌ره تاریکترینیان سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کان بووه . ته‌نیا ڕۆشناییه‌کی هه‌ره به‌رچاو ، جگه له هه‌ندێك ڕۆشنایی دیکه‌ی ئاسایی ، که له کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کانه‌وه بۆمان مابێته‌وه ، ئه‌و داستانه خه‌یاڵئامێزه تا ڕاده‌یه‌ك که‌تواریانه‌ن ” واقیعیانه‌ن ” که پله‌ی پێگه‌یشتنی تێڕوانینه‌کان له‌و سه‌رده‌مه هه‌ره تاریکه‌ی مرۆڤایه‌تیدا دیاری ده‌که‌ن .
کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کانی گریك ، له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌یاڵبازی و دڕنده‌یی و دواکه‌وتن و سه‌ره‌تایی بوونێکیاندا ، ڕچه‌یان بۆ ده‌ست پێکردن و چوونه پێشه‌وه‌ی زانست و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و لۆژیك و ماتماتیك و ….هتد شکاند . له ” تالیس ” ه‌وه بۆ ئه‌رستۆ که ژماره‌یه‌کی زۆری فه‌یله‌سوف و ماتماتیکزان و زانا بوون ، به‌رهه‌می ئه‌و ڕچه شکاندنه‌ی ئه‌فسانه‌داره‌کان بوون . له ” هۆمیرۆس ” ه‌وه بۆ ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیس و یۆربیدس ، به‌شێکن له‌و کاروانه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌ی که له سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کانه‌وه که‌وتبووه ڕێگه . هاتنه دنیای سیستمی دیمۆکراسی له گریکدا ، به‌رئه‌نجامی ئه‌و خه‌باته دوورودرێژه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی سه‌رده‌مه ئه‌فسانه‌ییه‌کانه که به ململانێی نێوان خواکان له داستانه‌کانیاندا گوزارشتیان لێکردووه . هه‌رچه‌نده دیمۆکراسیه‌ته‌که‌ی گریك له پێناوی لابردنی مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر دیکتاتۆریه‌تی ، هاته کایه‌وه ، به‌ڵام بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه و بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئازاد ” کۆیله و ژنان و منداڵان له‌و دیمۆکراسییه بێبه‌ش بوون ” ڕووداوێکی گه‌وره‌ی مێژوویی و ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئازاد و چاکسازییه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌وکاته‌ی کۆمه‌ڵگای گریك بووه .
ڕاسته ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگڕێژی بۆ ده‌ربڕینی ململانێی نێوان خواکان کردووه ، به پله‌ی یه‌که‌م ڕه‌وشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ره تاریکه‌ی مرۆڤایه‌تی بووه له گریکدا ، به‌ڵام خورافه و ئایین و دابونه‌ریته‌کان له لایه‌ك و وورد بوونه‌وه و هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له دیارده‌کان و په‌یبردنی ناوه‌کییانه‌ی تاکه‌کان به ئازادییه‌کان ، به پله دوان و سیان و ….هتده‌کان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن . هه‌موو ئه‌و سه‌رده‌مه تاریکانه‌ی گواستنه‌وه‌ش که ده‌که‌وونه نێوان سه‌رده‌مه‌کانی دروست بوونی خێزانی مرۆیی و دروست بوونی کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کانه‌وه ، ڕۆڵی گرنگ و مه‌زنیان له زه‌مینه سازییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هێنانه ده‌ره‌وه‌ی ململانێ ئاسمانییه‌کان و ململانێکانی نێوان ئاسمان و زه‌ویدا هه‌بووه . ڕێچکه‌ی پرسیاره‌کان و گه‌ڕان بۆ وه‌ڵامه‌کان ” پێشتریش له‌م باره‌یه‌وه هه‌ندێك ڕوونکردنه‌وه‌م دا ” مێژوویه‌کی هێجگار کۆنتری له مێژووی سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کان هه‌یه . با له‌و باره‌یه‌شه‌وه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کمان به ده‌سته‌وه نه‌بێت ، به‌ڵام گریمانه پشت به‌ستووه‌کان به لۆجیك و زانست و ماتماتیك و بیر کردنه‌وه قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نه‌کان ، جێگایه‌کی گه‌وره و گرنگ له‌و نێوه‌دا داگیر ده‌که‌ن . ناکرێت هیچ شتێکی بێ پێشینه و بێ په‌یوه‌ندی ، له پڕێکدا و له خۆڕا ، هه‌بوونی خۆی بخاته ڕوو ، چ جای کۆمه‌ڵگایه‌کی تۆکمه‌ی خاوه‌ن زمان و کو‌لتوور و سیستمی به‌ڕێوه بردن و تێڕوانینی جۆراوجۆری وه‌کو کۆمه‌ڵگا ئه‌فسانه‌ییه‌کان . هاتنه ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی وا ، لانی که‌م پرۆسه‌ی هه‌زاران ساڵی گۆڕانکارییه‌کان و پێشکه‌وتنه هێواشه‌کانی له پشتی خۆیه‌وه داناوه .
بژار 9 – 10 – 2011
bizharpoet@yahoo.com
ماویه‌تی