
ئه‌وانه‌ی له كوردستان به مه‌ترو فوت تاكه‌كان پێوانه ده‌كه‌ن
خه‌ڵكی كوردستان به درێژایی مێژووی ژیانی سیاسيی خۆی‌و له‌هه‌مو سه‌رده‌م‌و قۆناغه‌كاندا جۆره‌ها حیزب‌و كۆمه‌ڵه‌و كۆمه‌ڵ‌و رێكخراوی سیاسی‌و جه‌ماوه‌ری به‌خۆوه بینیوه، له‌هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌شدا له گه‌وره‌ترین حیزبی خاوه‌ن بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه بۆ بچوكترینیان كه‌سی میانڕه‌و توندڕه‌و، هه‌لپه‌رست‌و خۆپه‌رست‌و ده‌سه‌ڵاتپه‌رست‌و .. تاد یان تێدابوه، كه‌میش نه‌بوونه ئه‌وانه‌ی (گه‌مژه‌و گه‌لحۆ) نه‌بوونه و كوێرانه كه‌وتونه‌ته دوای هه‌ڵڵا!! ته‌نها به ئارم یان ئاڵاكه‌ی حیزبه‌كانی خۆیان ناسیوه‌ته‌وه‌و هه‌ر به‌و ئارم‌و ئاڵایه‌ش حزبه‌كانی خۆیان پێناسه كردوه!
له‌م رۆژانه‌دا هاوڕێیه‌كه‌م بۆی باسكردم كه كه‌سێك له‌وانه‌ی خۆیان به ماركسی‌و كۆمۆنیست‌و چه‌پ‌و كۆڵێك ئاوه‌ڵناوی تر خۆپێناسه‌ده‌كه‌ن، پێی وتوه:” نه‌كا بڕوا به‌و كه‌سانه بكه‌ی كه خۆیان به ماركسی‌و چه‌پ ده‌زانن، كه‌چی له‌ناو یه‌كێتی‌و پارتی كار ده‌كه‌ن‌و خزمه‌تی سه‌رمایه‌داران‌و بۆرجوازی ده‌كه‌ن، ئه‌وانه نۆكه‌ری سه‌رمایه‌دارانن نه‌ك ماركسی‌و كۆمۆنیست”
به‌ده‌ستی خۆم نه‌بوو پێكه‌نینم به‌و قسه‌یه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه هات، پێشموابوو ئه‌و حوكمه منیش ده‌گرێته‌وه، چونكه له ته‌مه‌نی (16) ساڵیمه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار له‌ناو رێكخستنه‌كانی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان) فێری وانه‌كانی ماركسیزم بووم‌و بڕوام پێهێنا‌و به ئێستایشمه‌وه تیۆره‌كانی ماركس له‌سه‌ر سه‌رمایه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری‌و سۆشیالیزم به راست‌و دروست ده‌زانم. له‌سۆنگه‌ی ئه‌و بیر‌وباوه‌ڕیشم باجی خۆم داوه‌و ئاماده‌م باجی زیاتریش بده‌م.
سه‌یره كه‌سانێك هه‌بن له‌م سه‌رده‌مه‌دا خۆیان به‌ئازادیخواز‌و یه‌كسانیخواز بزانن، كه‌چی وه‌كو دیكتاتۆر‌و حاكمی ره‌ها ره‌فتار بكه‌ن، به ئاره‌زو‌و میزاجی خۆیان خه‌ڵكی پێوانه بكه‌ن‌و بڕوانامه‌و نۆته‌ی شجاعه به‌سه‌ر هاوڕا‌و هاوبیره‌كانیان ببخشنه‌وه‌و كه‌سانی ده‌رێی بازنه‌ی خۆیشیان به نۆكه‌ر‌و ناپاك بزانن‌و له لیستی ره‌ش ناویان تۆمار بكه‌ن. فوت‌و مه‌تری (شۆڕشگێڕی‌و ناپاك)یان به‌ده‌سته‌وه گرتوه‌و خه‌ڵكی ده‌پێون!!
پێموایه ئه‌وه‌ی هه‌موو ئازادیخواز‌و یه‌كسانیخوازێكی ئه‌م جیهانه ده‌هه‌ژێنێت‌و نیگه‌رانی ده‌كات، بونی ئه‌م جۆره له بۆچون‌و لێكدانه‌وه‌یه‌یه له كۆمه‌ڵدا، چونكه بونی ئه‌م جۆره له بیركردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌یه مایه‌ی ترس‌و نیگه‌رانییه‌و پێویسته به‌توندی وه‌ڵام‌و به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه، ئه‌م جۆره له سه‌له‌فه‌یتی ئایدیۆلۆجیی، یان ده‌مكوتكردنی به‌رامبه‌ری جیاواز‌و ناكۆك، ته‌نها ئیسلامی سه‌له‌فی یان ناسیۆنالیست‌و ئاناركیست‌و .. تاد، ناگرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌مه جۆرێكه له ستالینزیم‌و سه‌دامیزم‌و نازیزم كه له‌ژێر ناوی( پاك‌و ناپاك‌و ره‌ش‌و سپی)ئینسانه‌كان ته‌ماشاده‌كه‌ن‌و هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنن.
خه‌مبارترین‌و ناخۆشترین سیفه‌تی ئه‌م جۆره ئینسانانه ئه‌وه‌یه له سات‌و كاته سه‌خته‌كاندا، هه‌مو بیر‌وباوه‌ڕێك‌و پرانسیپێكی ئایدیۆلۆجی‌و سیاسیان بیرده‌چێته‌وه‌و ته‌نها خه‌میان ده‌بێته خۆرزگاركردن‌و هه‌ڵاتن‌و خۆشاردنه‌وه له ئه‌ركه‌كانیان، له‌كاتی خۆشی‌و شێنه‌ییشدا مه‌لا به‌زێنن!!
ناشیرنترین‌و قێزه‌ونترین سیفه‌تیشیان ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێت كه جۆرێك له ده‌سه‌ڵات‌و ده‌ستڕۆیشتوویان به‌رده‌كه‌وێت.
هاوڕێیه‌كی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی تیپی (21)ی كه‌ركوكم بۆی گێڕامه‌وه، كه پێشمه‌رگه‌یه‌ك له كه‌رته‌كه‌یان هه‌مو كوردی به ناپاك ده‌زانی ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی كه یه‌كێتی بوون، به‌ڵام پێشمه‌رگه نه‌بون، كه‌چی له‌كاتی شه‌ڕه‌كاندا میزی به‌خۆیه‌وه نه‌ده‌گرت، له شه‌ڕێكدا خۆی شاردبوه‌و نه‌یتوانی بوو یه‌ك فیشه‌ك بته‌قێنێت، كه‌چی پاش ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه كۆتایی پێهاتبو‌و چه‌ند سه‌ربازێكیان به‌دیل گرتبوو.
ئه‌و هاوڕێیه‌م وتی: به دزی ئێمه‌وه، ئه‌و (پێشمه‌رگه‌یه!) دوو دیلی دابوه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌و كوشتبونی.
وێنه‌و نمونه‌ی ئه‌م جۆره كه‌سانه له مێژوی خه‌باتی سیاسی كورددا كه‌م نین‌و پێموایه هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و بار‌ودۆخانه‌دا ژیاون به‌ده‌یان نمونه‌ی له‌م جۆره‌یان له یاده‌وه‌ریدا هه‌یه‌و له‌به‌رچاویانه.
ئینسان ئه‌وه بهێنێته پێشچاوی خۆی، كاتێك ئه‌م جۆره كه‌سانه حوكم‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌م وڵاته بگرنه ده‌ست، ئاخۆ پێویستیمان به چه‌ند سه‌ده‌ی تر ده‌بێت تاكو بڵێین كۆمه‌ڵی ئازادكراوی كوردستان؟
ئومێد مه‌حمود