
گه‌ڕانه‌وه له لچ قه‌ور … حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه، خۆمان به هه‌ڵه‌ی که‌سانی دیکه‌وه سه‌رقاڵ ده‌که‌ین.
جوبران خه‌لیل جوبران
شیعر پیشه‌یه‌ک نییه له وه‌ستایه‌که‌وه فێری ببین، توانایه‌که به هۆی ئه‌زموونی ژیانه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت. شیعر ژیاننامه‌ی شاعیره‌که‌ی ده‌گێڕیته‌وه و جوانترین شیعر ئه‌وه‌یه ڕاستگۆیانه باسی ژیانی خاوه‌نه‌که‌ی بکات. ئه‌وه ڕاست نییه که ده‌گوترا، شیعر تا (درۆ)ی زێتری تێدا بێت، جوانتره. زمانی شیعر کانیاوێکه هه‌ستی ڕاسته‌قینه و سۆزی گه‌رمی له‌به‌ر ده‌ڕوات و زمانێکی گۆرانیئامیزه و ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌ک یان ڕووداوێک شاعیری نه‌هه‌ژاندبێت، ئه‌سته‌مه بتوانێت خوێنه‌ر ببزوێنێت. مه‌حموود ده‌رویش ده‌ڵێت: (من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام گۆرانی له شیعردا هه‌بێت، ئه‌و که‌شوهه‌وا خه‌مناکه‌ی ئینسانی تێدا ده‌ژی، ڕوونیی له ده‌ربڕیندا ده‌خوازێت و زۆر جار ئه‌و ڕوونییه ته‌نیا له گۆرانیدا هه‌یه.)(*) هه‌ر بۆیه کاتێک یانیس ڕیستۆس سه‌باره‌ت به شیعره‌کانی ده‌رویش ده‌بێژیت: (داستانئاسا و گۆرانیئامێزن،) ده‌رویش ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی ڕیستۆسی به لاوه په‌سه‌ند ده‌بێت.
هه‌ندێک ڕه‌خنه‌گر، شیعر که به‌بێ هه‌بوونی هه‌ست و سۆز له دایک نابێت، ده‌به‌نه‌وه سه‌ر منداڵییه‌تیی مرۆڤایه‌تی یان قۆناغی شوانکاره‌یی و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه نوقڵانه‌ی ئه‌وه لێ ده‌ده‌ن که خۆری هۆنراوه ڕوو له ئاوابوونه، چونکه دیارده‌یه‌کی دواکه‌وتووانه و دژ به مودێرنێته‌یه. عه‌ره‌ب زۆر شانازیی به شیعریانه‌وه ده‌که‌ن، ئه‌وه بۆیه ده‌ڵێن: شیعر دیوانی عه‌ره‌به، که‌چی ناودارترین شاعیری زیندووی عه‌ره‌ب که ئه‌دونیسه، ده‌بێژێت: (شارستانیی عه‌ره‌ب چونکه توانای ئه‌وه‌ی نییه، به‌شداریی له ڕۆنانی جیهاندا بکات و ڕۆڵی له جوانترکردنی ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تیدا نییه، بۆیه وه‌ک نه‌بوو وایه و به‌و مانایه ڕوو له‌ناوچوونه.) شیعر ده‌شێت فه‌لسه‌فه‌ی تێدابێت، وه‌لێ شاعیر فه‌یله‌سووف نییه، با هیچ شاعیرێک به‌وه ده‌ستخه‌ڕۆ نه‌بێت که یاقووتی حه‌مه‌وی سه‌باره‌ت به ئه‌بوحه‌ییانی ته‌وحیدی گوتوویه‌تی: (فه‌یله‌سووفی ئه‌دیبان و ئه‌دیبی فه‌یله‌سووفان.)
به ددان نینۆکه‌کانم ده‌که‌م،
له ده‌بڵیوسیدا ده‌خوێنمه‌وه،
هه‌فته‌ی جارێ ڕدێنم ده‌تراشم،
ئه‌وه‌نده سیگار ده‌کێشم،
هێنده‌ی قیتارێک دووکه‌ڵ ده‌که‌م. (یه‌حیا جابیر) (**)
ئه‌مجه‌د ناسر پێی وایه، محه‌ممه‌د ماغووت و ئونسی ئه‌لحاج چونکه سه‌باره‌ت به کێشی شیعر بێسه‌واد بوون، ئه‌مه وای کرد، له هه‌واری په‌خشانه‌شیعردا بارگه بخه‌ن، نه‌ک ئه‌وه‌ی به هۆشیارییه‌وه ئه‌و ژانره‌یان هه‌ڵبژاردبێت. ڕه‌نگه دیارترین جیاوازیی نێوان شیعر و په‌خشانه‌شیعر ئه‌وه‌بێت: (شیعر له کۆمه‌ڵێک دێڕی سه‌ربه‌خۆ پێک دێت، وه‌لێ ڕسته‌کانی په‌خشانه‌شیعر له‌ناو یه‌کدییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن.) یه‌که‌مین ده‌ق که تێکه‌ڵه‌یه‌ک بێت له شیعر و له په‌خشان، (گۆرانییه‌ک بۆ شه‌و)ی نۆڤالیس(1772 _ 1801) بوو. ڕامبو که به حه‌ڤده ساڵی ده‌ستی به نووسین کرد و به بیست‌ودوو ساڵی ده‌ستی لێ هه‌ڵگرت، په‌خشانه‌شیعری سوریالیی داهێنا و جێده‌ستی خۆی به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شیعری جیهانه‌وه جێ هێشت. ڕامبو وه‌ک هه‌ر داهێنه‌رێکی مه‌زن، سۆزان به‌رنار گوته‌نی: (هاوزه‌مان ڕووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ریش بوو،) که ته‌لاری شیعری ڕووخاند، قه‌ڵای په‌خشانه‌شیعری ڕۆ نا.
ئه‌گه‌ر دیکتاتۆر هه‌ره‌سی هێنا
سێ جار له ده‌رگای گۆڕه‌که‌م بده‌ن،
تا تێبگه‌م شه‌وی عێراق کۆتایی هاتووه. (ڕوشدی ئه‌لعامیل)
هه‌ندێک ده‌ق له‌بری په‌خشانه‌شیعر، هه‌قه ناویان خۆڕسکه‌په‌خشان بێت، خۆڕسکه‌په‌خشان، ژاک کیرواک گوته‌نی: به چاوپۆشین له جڵه‌وه ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانییه‌کان، به ڕووخاندنی دیواری نێوان گێڕه‌ره‌وه و شاعیر و به فه‌رامۆشکردنی سنووری نێوان زمانی ئه‌ده‌بی و هی ڕۆژانه، وه‌ک ئاوی سه‌رچاوه‌یه‌کی سروشتی، خۆڕسکانه هه‌ڵده‌قوڵێت. له خۆڕسکه‌په‌خشاندا، ئامانج به‌خشینی چێژه به شاعیره‌که‌ی و هیچی دیکه. ئه‌وانه‌ی خۆڕسکه‌په‌خشان به‌رهه‌م ده‌هێنن، به زمانێک نانووسن، زمانێک ده‌یاننووسێته‌وه، یان وه‌ک ئۆلیڤێ بیفۆر گوتوویه‌تی: زمانی شیعر ده‌که‌ن به شیعری زمان.
ئه‌گه‌ر شاعیر پشتی به به‌هره و سروش ئه‌ستوور بێت و هێنده متمانه‌ی به پێشبینییه‌کانی خۆی پته‌و بێت، تا ئاستی ئه‌وه‌ی لای که‌م خۆی پێ نیمچه‌په‌یامبه‌رێک بێت، ئه‌وا په‌خشانه‌شیعرنووس زێتر که‌سێکه نامۆ له خودی خۆی و له زێدی خۆی، که‌سێکه له‌توپه‌تبوو، نا‌ئومێد و تێکشکاو که نوقمی زه‌ریاچه‌ی دڵه‌ڕاوکێیه، ترووسکایی به‌دی ناکات، خاوه‌نی هیچ ئامانجێک نییه و چونکه دنیا وه‌ک تێکه‌ڵه‌یه‌ک له کاره‌سات و گاڵته‌جاڕی ده‌بینێت، بۆیه ژیانی له کۆمیدیایه‌کی ڕه‌ش ده‌چێت و خودێکی هێنده خه‌مناک و شکستخواردووه، (خۆی وه‌ک ئه‌سپێیه‌ک دێته به‌ر چاو که به ملی زیندانییه‌که‌وه بێت.) ئه‌دی خۆ له خۆڕا نییه که په‌خشانه‌شیعرنووس که خاوه‌نی خودێکی په‌راوێزخراوه، به گژ واقیعدا ده‌چێته‌وه، یاخی ده‌بێت، که‌له‌پوور ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی باوک تێک ده‌شکێنێت. په‌خشانه‌شیعرنووس له بری سۆز، هانا بۆ خه‌ون ده‌بات، له جیاتی یه‌قین، گومان و پرسیار ده‌ورووژێنێت، له شوینی ماسک، ڕه‌مز، ئه‌فسانه و داستان، زێتر پشت به پارادۆکس ده‌به‌ستێت، بیر له گۆڕینی دنیا ناکاته‌وه، کۆشش بۆ خاپوورکردنی ده‌کات. له لایه‌که‌وه باس له به شتبوونی ئینسان ده‌کات، له لایه‌کی دیکه‌وه بایه‌خ به ئێرۆتیکا ده‌دات.
پێیه‌ر لویس (1870 _ 1925) که پێی وایه، (له‌ژێر گۆی خۆردا، نه هیچ شتێک له خۆشه‌ویستیی جه‌سته پیرۆزتره و نه هیچ شتێکیش له له‌شولاری ئینسان جوانتره،) که دروشمی (چی ده‌که‌یت بیکه، به مه‌رجێک زیانی بۆ که‌س نه‌بێت)ی بڵند کردبووه‌وه، ده‌ڵێت:
دوگمه‌ی کراسه‌که‌ی ترازاند و
هه‌ر وه‌ک جووتێ کۆتر پێشکه‌شی خوداوه‌ندێک بکا،
جووته‌مه‌مکه‌که‌ی بۆ ده‌رهێنام،
پێی گوتم:
ده‌بێ تۆش خۆشت بوێن،
ئاخر خۆم زۆرم خۆش ده‌وێن،
دوو منداڵی گچکه‌ن،
گه‌مه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه!
چێژیان پێ ببه‌خشه!
به شیر بیانشۆ!
گوڵاو پرژێنیان بکه!
چونکه خۆم ده‌مم نایانگاتێ،
تۆ له‌بری من ڕایانمووسه!
په‌خشانه‌شیعر وێڕای کورت‌بڕی و گێڕانه‌وه، پشتی به بێمه‌به‌ستی قایمه، ئاخر له‌و ژانره‌دا ده‌ق هیچ مه‌به‌ستێکی نییه، خۆی ئامانجه، ئه‌وه بۆیه په‌خشانه‌شیعرنووس خاوه‌نی خودێکه داماڵراو له هه‌ڵوێستی ئێدیۆلۆگی و بیروڕای پێشوه‌خت، سه‌رقاڵی نواندنی هه‌ڵوێست نییه، ویژدانی خۆی ده‌هێنیته گۆ و خه‌ریکی داهێنانه نه‌ک ده‌ربڕینی بیروڕا.
(به‌خته‌وه‌ری … له‌ناو ئه‌و حه‌رفه سووتاوانه‌دایه
که بۆمان نابنه‌وه به وشه. ل5
ئه‌وه‌ی زه‌وی ڕۆشن ده‌کاته‌وه، وشه‌یه. ل48)
له (ئه‌ی به‌نده‌ری دۆست، ئه‌ی که‌شتی دوژمن‌دا) که دوا کۆ(شیعر)ی به‌ختیار عه‌لییه، ته‌نیا ئه‌و دوو ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م بینییه‌وه که له شیعر بچن. باسی هه‌ڵه‌ی ڕێنووس ناکه‌م که له ژماره نایه و ته‌نانه‌ت له ناونیشانی (دیوان)ه‌که‌یشیدا هه‌یه، ئاخر ده‌بوو بنووسێت: ئه‌ی که‌شتیی دوژمن، چونکه که‌شت، مانای نییه. جێی بایه‌خه، زۆر جار هه‌ڵه‌ی ڕێنووس، هه‌ڵه‌ی له واتا و له ڕێزمانیشدا به دوادا دێت.
شه‌وێک وه‌ک سندووقێکی داخراو،
نه قوفڵ و نه کلیلی نییه. ل13
چونکه (نه) هه‌یه، ئیدی نابێت (نییه) هه‌بێت، ده‌بوو بڵێت:
نه قوفڵی (هه‌یه،) نه کلیل.
(نه ده‌فته‌ر، نه مه‌ره‌که‌بی نییه. ل14)
ده‌بوو بڵێت:
نه ده‌فته‌ری هه‌یه، نه مه‌ره‌که‌ب.
(له مه‌یی هه‌زار لاله‌زارت نۆشیوه و هاتوویته‌ته لای ئێمه. ل15)
مه‌ی زاده‌ی ڕه‌زه نه‌ک لاله‌زار. هاتوویته‌ته له‌و دێڕه‌دا ده‌ڵێیت مێشێکه له‌سه‌ر مێزی نانخواردن.
(ئه‌مه تۆیت هاتوویت به مه‌به‌ست،
ئه‌مه تۆیت هاتوویت ده‌ست به ده‌ست،
ئه‌مه تۆیت ئه‌ی ڕووناکیی مه‌ست؟ ل15)
نه په‌خشانه‌شیعر ئه‌وه‌یه که سه‌روای نه‌بێت، نه شیعر ئه‌وه‌یه که پاشبه‌ندی هه‌بێت.
(پێش ئه‌وه‌ی سه‌یری دووربینه‌کان بکه‌ن،
پێش ئه‌وه‌ی دوژمن ببینن. ل25)
دووربین بۆ ئه‌وه نییه سه‌یری بکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌یه سه‌یری پێ بکه‌یت.
(زرکه‌کان ده‌چن به ڕۆح‌دا. ل42)
ئه‌وی ده‌چێت به ڕۆح‌دا، زه‌رگه، زرک کاڵه‌کی کاڵ، واتا پێنه‌گه‌ییشتووه.
ملوانکه‌یه‌ک ده‌پچڕم و ده‌یهۆنمه‌وه. ل61
ده‌پچڕێنمه‌وه، دروسته.
(شوورا وه‌ها به‌هێز بوو، به‌رگه‌ی په‌لاماری سوپا دڕنده‌کانی ده‌گرت. ل94)
(دره‌خته به‌رزه‌کان به شوورای نزم گه‌مارۆ دراون. ل152)
شوورا (وأمرهم شوری بینهم.) په‌رله‌مانی ئیسلامه، شووره که پێ ده‌چێت له (سور)ی عه‌ره‌بییه‌وه هاتبێت، ڕاسته که دیواره.
(گوڵی تێدایه سپی که له‌سه‌ر چڵی ڕه‌ش وه‌ستاوه. ل98)
گوڵ له‌سه‌ر چڵ ناوه‌ستێت، به چڵه‌وه‌یه، بۆیه (به چڵی ڕه‌شه‌وه،) دروسته.
(چی بکه‌م، خودا و خۆر و ئه‌ستێره تێم بگات؟ ل106)
بگه‌ن، دروسته.
(ئه‌و سه‌عاتانه‌ی زه‌مانی ئێمه و زه‌مانی ئه‌وان جیا ده‌کاته‌وه. ل107)
ده‌که‌نه‌وه، ڕاسته. ئایا ئه‌وه سکانداڵ، یان لای که‌م کاره‌سات نییه، نووسه‌رێک جیاوازیی له نێوان تاک و کۆدا نه‌کات و ده‌یان جار بکه‌وێته ئه‌و هه‌ڵه زه‌قه‌وه.
(چی له شاعیران بکه‌ین که من و تۆ له‌سه‌ر مه‌رهه‌مێک ڕێنه‌که‌وین، بیده‌ین له هاواری ئێمه کاتێک به تیشکی یه‌ک ده‌سووتێین. ل110)
ڕێ، ده‌گوترێت، وه‌لێ ڕێک ڕاسته و ده‌نووسرێت. ئێمه له‌وێدا هه‌ڵه‌یه، (خۆمان) دروسته، ئێمه بکه‌ره، ،خۆمان به‌رکاره. ئایا بێجگه له کورد، گه‌لی دیکه هه‌یه، ئه‌دیبانی جیاوازیی له نێوان بکه‌ر و به‌رکاردا نه‌که‌ن؟
(من هه‌میشه ده‌ڵێم ستایشت لێ بێ ئه‌ی دڵ. ل114)
ستایش وه‌ها ناخرێته ڕسته‌وه، سڵاو بۆ ئه‌وێ ڕاسته.
(له‌و به‌رچایییه تاڵانه‌ی به ده‌م خه‌وه‌وه ده‌یخۆین. ل118)
ئه‌وه‌ی که ده‌شێت تاڵ بێت، به‌رچایی نییه، (چا)یه، ده‌یخۆین، هه‌ڵه‌یه، ده‌یانخۆێن، دروسته، نا ده‌یانخۆینه‌وه، ڕاسته، ئاخر ده‌بوو بڵێت: له‌و چایییه تاڵانه‌ی به ده‌م خه‌وه‌وه ده‌یانخۆینه‌وه.
25. 09. 2009
(*) صلاح فضل، محمود درویش حاله شعریة، ص35 سبتمر 2009 کتاب دبی الثقافیة، دار الصدی، دبی.
(**) عبدالله السمطی، الذات الشاعرة فی قصیدة النثر، 2009. 07. 17 ایلاف.
(***) به‌ختیار عه‌لی، ئه‌ی به‌نده‌ری دۆست ئه‌ی که‌شتی دوژمن، شیعر 2009 کتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه، شوێنی چاپی له‌سه‌ر نییه. (له نموونه‌کاندا ڕێنووسم بۆ ڕاست کردووه‌ته‌وه.)