گفتوگۆ لەگەڵ د.کازم حەبیب
وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ده‌زگای وتووێژی مۆدێرن و ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیی، له لایه‌ن(د. کاظم حبیت)ه‌وه
ڕێخه‌ر و گۆڕینی ئه‌م پڕۆژه‌ی دیمانه‌یه له لایه‌ن: حه‌مید که‌شکولی و جیهاد موحه‌مه‌ده‌وه
پ: 1/ کامیان گرنگه به ڕای تۆ، پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی شارستانیانه له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوڵاتییبوون به بێ جیاکاریی نه‌ته‌وه‌یی و دینی، وه به ڕێزگرتن له مافه‌کانی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئاینه‌کان، یان پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بناغه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زیی، به بێ له به‌رچاوگرتنی ناوه‌ڕۆکی فه‌رمانڕه‌واییه‌که‌ی؟
و: بێگومان دروستکردنی ده‌وڵه‌تی شارستانیی سه‌رده‌میی پشتبه‌ستوو به پرنسیپه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی و دیموکراتیی و مافه‌کانی مرۆڤ و ڕێزگرتنی نه‌ته‌وه و مافه یاساییه‌کان و یه‌کسانیی له هاوڵاتیی بووندا به بێ چاولێکردن و خوێندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یان دین یان ئاینزا یان ڕه‌گه‌ز به ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زن و پێشکه‌وتوو بۆ هه‌ر گه‌لێک له‌گه‌ڵان دادنرێت. به تایبه‌تی له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که زیاتر له نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان زیاتر له دینێک و ئاینزایه‌کی تیایه. به گوێره‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی پیا تێپه‌ڕ بووین هه‌ڵنانی ئه‌م جۆره له ده‌وڵه‌ت خه‌بات و تێکؤشانێکی درێژخایه‌ن و به‌رده‌وامی گه‌ره‌که بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی بکه‌ین که زیاتر له نه‌ته‌وه‌یه‌کی تیایه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که چه‌وساندنه‌وه و جیاکاریی و په‌راوێزخستننی نه‌ته‌وه ناعه‌ره‌بیه‌کانی تیایه له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بیی ژماره زۆردا که ده‌ستبژێرێکی سیاسی له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب حوکمی ده‌کات. ئه‌مه‌ش ئۆرگانیانه گرێدراوه به سروشتی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه و ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌و وه سروشتی که‌رته کۆمه‌ڵایه‌تییه حوکمڕانه‌کانه‌وه‌و و ئاستی هوشیاریی بۆ پرنسیپه‌کانی دیموکراتیی و مافه‌کانی مرۆڤ و مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌کان. له جیهناندا هیچ ده‌وڵه‌تێکی فره نه‌ته‌وه‌یی نییه که به یه‌کجار هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی توانیبێتیان بگه‌ن به مافه ڕه‌واکانی خۆیان به یه‌کسانی و وه‌ک یه‌ک، به‌ڵکو ئه‌مه پێویستی به په‌رپاکردنی خه‌بات و تێکۆشانی هاوبه‌ش هه‌بووه له پێناوی سازدانی سیسته‌مێکی سیاسیی له ده‌وڵه‌تێکی فره نه‌ته‌وه‌ییدا که دانبنرێت به مافه‌کانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان و وه وه‌رگرتنی بنه‌مای هاوڵاتیی بوونێکی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کسان و وه ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندنێکی وه‌ک یه‌ک بۆ هه‌موو که‌س و دانانی که‌سانی گونجاو له شوێنی گونجاو‌دا، له‌مه‌ش زیاتر مافی چاره‌نوس بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک و له هه‌ر وڵاتێک‌دا.
لێره‌وه مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن له نێوان دوو ڕێژێمدا قورس و ئاڵۆز نییه که یه‌کێکیان ڕێز له مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌کان ده‌گریت و جیاکاریی ناکات له نێوان که‌سه‌کاندا، ئه‌ویتریان ڕێز له مافه‌کانی مرۆڤه‌کان و نه‌ته‌وه‌کان ناگرێت و جیاکرایده‌کات له نێوان که‌سه‌کاندا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه و دین و ئاینزا و بیر و سیاسه‌ت. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ته‌کان وه‌ک یه‌ک ڕه‌خساوبێت بۆ دوو نه‌ته‌وه که له وڵاتێک‌دا ده‌ژین بۆ پراکتیزه‌کردنی مافه‌کانیان و ئه‌رکه‌کانیان، بۆچی یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وانه تێده‌کوشێت بۆ سه‌ندنی مافه‌کانی که ڕه‌نگه به یارمه‌تی نه‌ته‌وه‌ی دوه‌م بێت دژ به تاقمی حوکمڕان، له‌وانه‌شه بۆ ئه‌وه‌بێ که هه‌ردوو نه‌ته‌وه قایلبن به ژیانێکی ئارام و ئاسایش و ئاشتی و سه‌ربه‌خۆ و شکۆمه‌ند له یه‌ک ده‌وڵه‌تدا.
له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌ڵێم، ئه‌زموونه‌کانی ڕابووردوو له زۆرێک له وڵاتانی جیهاندا، له‌وانه‌ش ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی فره نه‌ته‌وه‌یی، فێریکردوین که دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی کاتێکی زۆری ده‌وێت بۆ خه‌باتکردن له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ده‌وڵه‌تێکی نیشتیمانی شارستانیی و سه‌رده‌میی و نوێگه‌رایی. ئه‌گه‌ر مه‌رجگه‌لێکی گونجاو و پێداویستییه‌کان فه‌راهه‌م بووبێتن بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک هیچ گرفتێک نییه له‌سه‌ر ئه‌مه، چوونکه مافی هه‌ر گه‌لێکه خودی خۆی چاره‌نوسی خۆی دیاریبکات و بۆ هیچ که‌س نییه له جیاتی بڕیاربدات. به‌ڵام هه‌ستان به دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی له‌و جۆره ده‌بێت هه‌موو مه‌رجه‌کان و پێویستییه‌کانی هه‌بێت، تا توشی تێشکان نه‌بێت به هۆکاری حساب نه‌کردنی هه‌موو فاکته‌ره کاراکان له کاتی ده‌رکردنی بڕیارێکی له‌و جۆره. که‌واته کارێکی سروشتیه هه‌ر گه‌لێک هه‌وڵبدات بۆ دروستکردن و سازدان و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌وڵه‌ته نیشتیمانییه سه‌ربه‌خۆکه‌ی و ناشێت هیچ گه‌لێکی تر ئه‌م مافه قه‌ده‌غه بکات له گه‌لێکی تر. وه ئه‌گه‌ر شییاوبیت و له توانادا بێت به بێ ئه‌ملاولا باشتره ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌تانه له‌سه‌ر بنه‌ماگه‌لێکی هاوڵاتی بوونی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کسان و ده‌ستوری شارستانیی دیموکراتیی بێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، وه نابێت فشاربخرێته سه‌ر کۆمه‌ڵگا بۆ ڕۆیشتن به ئه‌زموونه‌کانی ده‌وڵه‌تانی پێشوتردا له‌و ڕووه‌وه.
پێویسته له‌سه‌رمان له‌م حاڵه‌ته‌دا به ئاگا بین بۆ مه‌سه‌له گرنگه گریدراوه‌کانی ئاستی گه‌شه‌ی هێزگه‌لی به‌رهه‌مهێنه‌ر و په‌یوه‌ندییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان و هوشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی و تاک له وڵات‌دا، که هه‌ریه‌که له‌مانه ده‌ورێکی گرنگ وکاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر پیکهاته‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ده‌خوازرێت درروستبکرێت و ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی که ده‌خوازرێت بیبات به‌ڕێوه.
2 / چۆن ڕێگه‌چاره‌ی مه‌سه‌له‌ی فه‌لسه‌ستین و به‌دیهێنانی ئاشتییه‌کی دادپه‌روه‌رانه که مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی گه‌لی فه‌له‌ستینی تیا به‌ده‌ستبێت به پێی به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و بڕیارره‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دبینیت؟
و: هیچ مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاڵۆز نییه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین له ڕووی بڕیاره‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه، ئه‌گه‌ر خواستێکی ڕاسته‌قینه هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی. هه‌موو بابه‌ته‌کان ڕوون و ئاشکرایه‌و پێویست به هیچ ناکات جگه له ده‌ستکێشانه‌وه و ده‌ستهه‌ڵگرتنی ئیسرایل نه‌بێت له خاکی داگیرکراوی فه‌له‌ستین له ساڵی 1967 ه‌وه تا ئه‌م ساته‌ی ئێستا. وه ڕازیبوونی به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی فه‌له‌ستینی له‌سه‌ر خاکی به‌شی ڕۆژئاوا و ده‌ڤه‌ری غه‌زه و پایته‌خه‌ته‌که‌شی قودس بێت.
به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له ئاسانه به پێی بڕیاره یاساییه ده‌وڵه‌تییه‌کان، زۆر ئاڵۆز کراوه به‌و هۆکاره بنه‌ڕه‌تییه‌ی که ئیسرائیل جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕه‌تده‌کاته‌وه که له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌رچووه و ئیدانه‌ی داگیرکاریی ئیسرائیل ده‌کات. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌وڵ ئه‌دات کێشه دروستبکات له ڕێگه‌ی هه‌ر هه‌وڵێکی نوێ بۆ دانوستانێکی جددی که ئامانجی گه‌یشتنبێت به که‌ناری ئاشتی و ئاسایش و ئارامی سه‌قامگیر، وه بۆ چاره‌سه‌رێکی ته‌واوی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستنی له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌رعی ده‌وڵه‌تی و مافه ڕه‌واکانی گه‌لی فه‌له‌ستین. بوونی هێزێکی ڕاستڕه‌و له‌سه‌ر حوکم له ئیسرایل دا هه‌میشه پاڵپشتییه‌کی گه‌رمی سیاسه‌ته باڵاده‌ستیی و قه‌ڵمڕه‌وییه فراوانه‌کانی ده‌کرێت له لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مریکا و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پیرانه‌وه. ئه‌مه بووه‌ته هۆی گرفت له به‌رده‌م چاره‌سه‌رێکی خێرای کێشه‌ی فه‌له‌ستیندا. دوا هه‌وڵ بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی له ڕێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه ئامریکا ده‌یه‌وێت هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه و تێکیبشکێنێت به به‌کارهێنانی مافی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه دژ به به‌رژه‌وه‌ندی ئاشتی له ناوچه‌که‌دا و وه له به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل و هیچی تر.
ئه‌م کێشه‌یه لایه‌نێکی تریشی هه‌یه، ئه‌ویش لایه‌نی فه‌له‌ستین خۆیه‌تی که هێزی حه‌ماسه، ئه‌م هێزه له ژێر سێبه‌رو سایه‌یی داگیرکاریی ئیسرائیل و میتۆده‌کانی له دڵڕه‌قی به‌رامبه‌ر به دانیشتوانی فه‌له‌ستین و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئیسارئیل بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێکی له‌بار که ده‌زگای گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌ریکردوه له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه. له نێوان دروشمی فراوانکردنی ئیسرائیلی گه‌وره و وه ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زیاتری خاکی فه‌له‌ستینی له لای ئیسرائیله‌وه، وه دروشمی فڕێدانی ئیسرائیل بۆ ناو ده‌ریا و پاکتاوکردنیی و داننه‌نان پیایدا له لایه‌ن حه‌ماس و ئێران و هه‌ندێک له هێزه نه‌ته‌وه‌ییه ڕاستڕه‌وه تووندڕه‌وه‌کان، کارێکی کردوه که ئه‌م ڕه‌وشه وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه به‌زۆرێک له ئالۆزیی و وه ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زیاتری خاکی فه‌له‌ستین له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه.
3/ چۆن به‌رهه‌ڵستکارییه‌کانی ئامریکا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی هه‌ڵده‌سنگێنیت، دوای ئه‌و هه‌نگاوه‌ی که سه‌رۆکی فه‌لستینی هه‌ڵینا به‌ره‌و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌تی ناوبراو؟
و: هه‌ڵوێستی ئامریکا خراپه و لایانداره به‌لای ئیسرائیل‌دا و بێلایه‌ن نییه له به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستیندا و ئاماده نییه بوه‌ستێته‌وه به‌رامبه‌ر به ئیسرائیل و ئه‌فرۆزه‌ی پڕۆژه قه‌ڵه‌م ڕه‌وییه به‌رفراوانه پله به پله‌که‌ی بکات. ئامریکا لایانداریی ئیسرائیل ده‌کات ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هه‌ڵه‌بێت یان ڕاست. ئه‌و له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاوچییه‌کان ده‌ڕوات. زانایه‌ک ده‌ڵێت: پیاوێکی جه‌سته گه‌وره و به‌هێز توانی که‌روێشکێک ڕاوبکات له دارستانێکدا، له هه‌مانکاتدا هاورێ جه‌سته لاواز و باڵا کورته‌که‌ی توانی ئاسکێکی گه‌وره ڕاوبکات. له ئێواره‌دا که گه‌ڕانه‌وه بڕیاریاندا ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه دابه‌شبکه‌ن له نێوانیاندا: پیاوه جه‌سته به‌هێزه‌که به لاوازه‌که‌ی وت: گوێبگره، که‌روێشکت ده‌وێت ئه‌وه که‌روێشک، ئاسکت ده‌وێت ئه‌وه که‌روێشک، به‌شه‌که‌ی تۆ بته‌وێت و نه‌ته‌وێت هه‌ر که‌روێشکه، ته‌نانه‌ت هه‌تا که‌روێشکه‌که‌شی به ته‌واوی نه‌داپێی و ته‌نیا پارچه‌یه‌کی داپێی.
به‌رامبه‌ر به دڵڕه‌قیه‌کانی ئیسرائیل عه‌داله‌تی ده‌وڵه‌تی و شرعیه‌تی ده‌وڵه‌تی بوونی نییه، ئیسرائیل هه‌موو سه‌رکێشی و پێشێلکاریی به‌رامبه‌ر ڕێکه‌وتن و بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌کات وه‌ک سه‌رکێشێکی نازپێدراو له ناوچه‌که‌دا به بێ هیچ لێپرسینه‌وه و چاودێرییه‌ک له‌سه‌ر ڕه‌فتاره‌کانی، ئیسرائیل بریاره‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به داگیرکردنی خاکی زیاتری فه‌له‌ستین وه‌لاده‌نێت و ده‌سڕێته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ک بوێرێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات و سزای بدات. لۆبی به‌هێزی ئیسرائیلی هه‌ژمونێکی کرده‌یی هه‌یه به‌سه‌ر بڕیاره‌کانی ئه‌مریکادا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین، ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورپیش تا هه‌نووکه نه‌یانتوانیوه ئه‌م هه‌ڵوێسته بگۆڕن یان لۆبی ئیسرائیل هه‌ڵوه‌شێنه‌وه یان قایلکردن به پراکتیزه‌کردنێکی سیاسه‌تێکی عه‌قڵانیی به‌رامبه‌ر گه‌لی فه‌له‌ستین و وازهێنان له داگیرکردنی به‌رزاییه‌کانی جۆلانی سوریی و کێڵگه‌ی شعبان له به‌یروت.
4/ هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌ڵوێستی نه‌رێنی ده‌وڵه‌تانی گه‌وره به‌رامبه‌ر به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی سه‌ربه‌خۆ که هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ببه‌ستێته‌وه به یه‌که‌وه چییه به ڕای تۆ؟ وه بۆچی حاڵه‌تی کوردی و مه‌سه‌له‌ی گه‌لی کورد له لایه‌ن هه‌ندێک له مه‌یدانه بیریی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی جیهانی عه‌ره‌بییه‌وه به ئیسرائیل ده‌چووێنن؟
و: حکومه‌تی به‌ریتانی و حکومه‌تی فارانسی وازیان له ئه‌رکه‌کانیان هێنا به‌رامبه‌ر به داخوازییه‌کانی عه‌رب و کورد له ماوه‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عه‌ربی و کوردی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر خاکی کوردستان. ئه‌وه وازهێنان بوو له ڕێکه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه که واژۆی له‌سه‌ر کرابوو. له‌مه‌وه دابه‌شکردنێکی نوێی کوردستان له دوای جه‌نگی جیهانه‌ی یه‌که‌مه‌وه دروستبوو، گه‌لی کورد دابه‌شکرا به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته‌دا که له پێش جه‌نگدا هه‌موویان له نێو بازنه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانییدا بوون، پیاوه نه‌خۆشه‌که، که له جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا که هاوپه‌یمانی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌له‌مانیادا دۆرا. وه له ئه‌نجامی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا زۆرێک له ده‌وڵه‌تانی سه‌ربه‌خۆ وه‌ک تورکیا و زۆرێک له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی دروستبوون، به‌ڵام ڕێگه نه‌دارا به گه‌لی کوردستان که ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆ دروستبکه‌ن له‌سه‌ر خاک و نیشتیمانی خۆیان که دابه‌شکرا به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته‌که‌ی تورکیا و سوریا و ئێران و عێراق دا.
ئه‌م دابه‌شکردنه جیۆسیاسیه که ده‌وڵه‌تانی کۆلۆنیالیزم له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دروستیان کرد، تا هه‌نووکه وه‌ک خۆی ماوه و هیچ گۆڕانکارییه‌کی تیا نه‌کراوه جگه له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نه‌بێت که پێش دواییهاتنی جه‌نگی یه‌که‌م په‌یمانی دروستکردنی درابوو له(په‌یمانی بلفۆر1917)دا.
گه‌لی کوردی دابه‌شکراو به‌سه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا ناچار بوو خه‌باتبکات له گه‌ڵ گه‌لانی تری ئێرانی و عێراقی و سوریی دا له پێناوی ڕزگاربوون له کۆلۆنیارلیزمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و سه‌ربه‌خۆیی و دیموکراتیی و مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌وا.
له هه‌مانکاتدا گه‌لی کورد خه‌باتیکرد له پێناوی به‌ده‌ستهێانی مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆیان له لایه‌ن خۆیانه‌وه. له‌م پێناوه‌شدا قوربانیه‌کی گه‌وره‌یان به‌خشی. هۆکاره شاراوه‌کانی پشته‌وه‌ی ڕه‌تکردنه‌وه و ئه‌فرۆزه‌کردنی ده‌وڵه‌تانی گه‌وره له هاوکاریی و یارمه‌تی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی یه‌کگرتوو بۆ گه‌لی کورد ڕاسته‌وخۆ گرێدراوه به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌تانی کۆلۆنیالیزمه‌وه، ئه‌مه له لایه‌ک، له لایه‌کی تریشه‌وه یه‌کگرتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌سته‌و تاقمی هه‌ژموونکاری حوکم له نه‌ته‌وه گه‌وره‌کانی تورکی و فارس و عه‌ره‌بدا که هاوپه‌یمانن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته گه‌وه‌ره‌کاندا.
هه‌موو گه‌لێک له گه‌لانی سه‌ر گۆی زه‌وی مافێکی ڕه‌های خۆی هه‌یه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆی به ده‌ستی خۆی. وه بۆی هه‌یه شێوازی گونجاو هه‌ڵبژێرێت له کاتێکدا که له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی تردا له یه‌ک وڵاتدابن. به‌ڵام ئه‌م مافه ڕه‌هایه زۆرجار له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه فه‌رمانڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌کانی تردا یه‌کناگرێته‌وه، بۆیه ده‌یانه‌وێت نه‌ته‌وه بچووکه‌کان بێ به‌ش بکه‌ن له‌م مافه ڕه‌وایه. ئه‌لێره‌وه پێویستییه‌کی جددی دروست ده‌بێت بۆ گۆڕینی ته‌رازوی هێز که به به‌رژه‌وه‌ندیی مافی بڕیاردانی چاره‌نوس بۆ نه‌ته‌وه بچووکه‌کان بشکێته‌وه، کاتێک که ئه‌م مافه ڕه‌هایه له لایه‌ن هێزه دیموکراتییه‌کانه‌وه به گشتی دانی پیانراوه کاتێک له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن و کاتێکیش ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست. به‌ڵام له ڕاستییدا کاتێک ئه‌م هێزه دیموکراتیانه دێنه سه‌ر حوکم وه‌ک خۆیان نامێنه‌وه و به هۆکارگه‌لێکی نا به‌جێ یان له ڕوانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تیی ته‌سه‌که‌وه ئه‌م مافه ڕه‌واو ڕه‌هایه ئه‌فرۆزه ده‌که‌ن بۆ نه‌ته‌وه بچووکه‌کان.
هێزه بۆرژوازییه‌کان و بۆرژاوازیی بچووک به زۆری ئه‌فرۆزه‌ی مافی چاره‌نوس بۆ گه‌لان ده‌که‌ن و وه له باشترین حاڵه‌تدا قبوڵی حوکمی لۆکا‌ڵی ده‌که‌ن له چوارچێوه‌ی هه‌مان ده‌وڵه‌ت و وڵات‌دا، وه له حاڵه‌تی گۆڕانی ته‌رازوی هێزدا قایل ده‌بن به حوکمی فیدارڵیه‌ت و سیسته‌می فیدراڵیه‌ت، به‌ڵام جیابوونه‌وه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی و سه‌ربه‌خۆ ڕه‌تده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش کێشه گه‌وره‌که‌یه.
ده‌وڵه‌تانی گه‌وره نایانه‌وێت زیاده‌ڕۆیی بکه‌ن له هاوڕێتیو هه‌واڵێتی سیسته‌مه بۆرژوازییه‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه که ئه‌فرۆزه‌ی پراکتیزه‌کردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نوس ده‌که‌ن بۆ گه‌لی کورد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا نایانه‌وێت نه‌خشه‌ی جیۆـ سیاسیی بگۆڕن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. به‌ڵام ره‌نگه ئه‌مه له ماوه‌ی داهاتوودا بکرێت و پێویسته گه‌لی کورد بڕیاری خۆی بدات له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆی له‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا هه‌رکاتێک ئه‌مه‌ی بۆ ڕه‌خسا.
پرسی کورد وه‌ک پرسی ئیسرائیل نییه به هیچ جۆرێک، ئه‌وه هه‌ڵوێستێکی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی هه‌ڵه‌یه که ده‌یه‌وێت پرسی کورد به پرسی ئیسرائیل بچوێنێت. ئیسرائیل له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی مێژوویی دروست بووه، واته یه‌هودیه‌کان ڕۆژێک هه‌بووه که ده‌وڵه‌ت بوون له‌سه‌ر ئه‌و خاکه،(الارض الموعودة). له کاتێکدا که یه‌هودیه‌کان په‌رشوبڵا بوون به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی جیهاندا، کۆکرانه‌وه له هه‌موو لایه‌که‌وه له فه‌لستیندادانران و بڕیاردرا که ده‌وڵه‌تێکیان بۆ دروستبکرێت و ده‌وڵه‌تێکیش بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان له‌سه‌ر خاکی فه‌له‌ستین له بڕیاری دابه‌شکردنی ساڵی 1948 دا.
له کاتێکدا کورد له بنه‌ڕه‌تدا له سه‌ر خاکی خۆیان بوون و له هیچ شوێنێکی تره‌وه نه‌هێنراون. له‌به‌ر ئه‌وه هیچ له یه‌ک چوونێك نییه له نێوان ئه‌م دووانه‌دا. گه‌لی کورد خاکی هیچ که‌سێکی داگیر نه‌کردوه، به‌ڵکو له‌سه‌ر خاکی خۆی ده‌ژی و ده‌یه‌وێت له سه‌ر خاکی خۆی حوکمێکی خۆیی یان فیدراڵی یان سه‌ربه‌خۆ دروستبکات، گه‌لی کورد مافی ته‌واویی خۆیه‌تی له‌مه‌دا. وه مافی هیچ که‌سێکیش نییه ڕێگری لێبکات. ئه‌مه له ڕووی پرنسیپه‌وه. له ڕووی واقیعه‌وه ده‌وڵه‌تی تورکی و ده‌وڵه‌تی فارسی و ده‌وڵه‌تی سوری دژی ئه‌و مافه‌ن که گه‌لی کورد له عێراق دا ڕازیی بووه به فیدراڵیه‌ت و ئه‌مه‌ش له ده‌ستوری عێراق دا تۆمارکراوه، ئه‌گه‌ر بۆیان بلوێت ئه‌م مافه‌ی گه‌لی کورد له عێراق دا هه‌ڵده‌وشێنه‌وه. وه دژی ئه‌م سیسته‌می فیدراڵه‌یه‌شن بۆ گه‌لی کورد له تورکیا و ئێران دا. وه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که جه‌نگ و زاڵبوونی خۆیان له کوردستانی عێراق دا به‌رپا بکه‌ن نه‌ک ده‌وڵه‌تێکی کوردی له عێراق دا دروست بێت. وه ده‌وڵه‌تانی گه‌وره هه‌ڵوێست وه‌رناگرن دژی سیاسه‌ته‌کانی ئێران و تورکیا و گه‌لی کورد ده‌که‌ن به قوربانی وه‌ک چه‌ندین جار ئه‌مه‌یان کردوه کاتێک ئه‌م دوژمنکارییه له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه به‌رپاکراوه دژ به گه‌لی کورد. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین که ئه‌مڕۆ ته‌رازوی هێز به جۆرێک نییه که هاوسه‌نگ بێت بۆ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی له کوردستانی عێراق دا.
5/ ئایا ئه‌و گۆڕاکارییانه‌ی ئێستا له ناوچه‌که‌دا ـ ڕاپه‌ڕینه‌کان و خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییه ـ ئاسۆیه‌کی نوێ ده‌سازێنیت که تیایدا مافی نه‌ته‌وه و که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییه نا عه‌ره‌بییه‌کان قبوڵبکرێت تا ئاستی جیابوونه‌وه و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆیان، به نموونه مافه‌کانی گه‌لی کورد و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆیان؟
و: له به دواداچوونی ئاراسته‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بیی ئێستادا ده‌توانین بڵێین دیموکراتیه‌کی گشتییه و به‌ڵام دیموکراتییه‌کی ته‌مومژاوییه، هێزه‌کانی جیاوازن و ڕوخساریان زۆر ڕوون نییه، هه‌تا ئێستا ڕوخسارێکی دینیی و نه‌ته‌وه‌یی پێوه دیاره، وه هه‌ردوو ئاراسته‌که داننانێن به مافی بڕیاردانی چاره‌نوسی گه‌لانی تردا. ئاراسته دینیه‌که بڕوای وایه که ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی نابێت دروستبێت به‌ڵکو ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی ئیسلامی دروستبێت بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان، ئاراسته‌ی دوه‌م داننانێت به نه‌ته‌وه‌کانی تردا و به مافه‌کانیاندا و وه هیچ مافێک نابینێت جگه له مافی خۆی نه‌بیت. ئه‌مه‌ش په‌روه‌رده‌و ڕۆشنبیرییه‌کی دواکه‌وتووه گریدراوی کۆمه‌ڵگایه‌که که په‌یوه‌ندییه به‌رهه‌مییه‌کان تیایدا نیمچه ده‌ره‌به‌گیی و په‌یوه‌ندییه به‌رهه‌مییه‌کانی سه‌رمایه‌داریی سه‌ره‌تاییه له گه‌شه‌کردنیدا. هۆشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و تاکه‌کان له‌و ئاسته‌دا نییه که دانبنێت به گه‌لان و نه‌ته‌وه‌کانی ترد و وه به مافه ڕه‌واکانیان و دادپه‌روه‌ریی له هه‌ڵنانی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆ به ته‌واوی هه‌ر وه‌ک مافی پراکتیزه‌کردنی نه‌ته‌وه‌کانی عه‌ره‌بی و تورکی و فارسی.
له‌وباوه‌ڕه‌دام ئه‌م قۆناغه هێشتا دووره له‌و که‌ش و زه‌وینه ڕه‌خساوه‌وه که تیایدا گه‌لی کوردی باکور و ڕۆژهه‌لات و رۆژئاوا بتوانن وه‌ک گه‌لی کوردی باشور له کوردستانی عێراق دا بگه‌ن به مافه ڕه‌واکانی خۆیان.
6/ پێتان وایه قۆناغی داهاتوو، دوای به‌هاری عه‌ره‌بی، ده‌بێت به قۆناغێکی لێکتێگه‌یشتن و ئاسایی بوونه‌وه و چارسه‌رکردنی ململانێ و کێشه‌کانی نێوان گه‌لان، یان ده‌بێت به قۆناغێکی نوێ له جیاکاریی زیاتر و هه‌ڵگیرسانی نه‌ڕه‌و هاتوهاواریی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زیی و لێکترازان ؟
و. هه‌موو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی نه‌ته‌وه‌ی تریان تیا نییه، ده‌وڵه‌تی مه‌غریبی زۆربه‌ی هه‌رزۆری دانیشتوانه‌که‌ی له ئه‌مازیزغیه‌کان پێکهاتووه(ده‌وڵه‌تانی باکوری ئه‌فریقا: مه‌غرب و جه‌زائیر و تونس و لیبیا، هه‌روه‌ها مۆریتانیا) به‌ڵام هێزی فه‌رماڕه‌وا عه‌ره‌به یان ئه‌مازیغییه به عه‌ره‌بکراوه‌کانن. له پێش سێ ده‌یه‌دا ململانێیه‌ک ده‌ستیپێکرد له پێناوی مافی گه‌لی ئه‌مازیغییدا له جه‌زائیر و مه‌غرب دا، ئێستاش له تونس و له لیبیادا. ململانێی نێوان عاره‌ب و ئه‌مازیغیه‌کان له‌وانه‌یه دروستبێته‌وه و گه‌شه‌بکات ئه‌گه‌ر عه‌رب مافی گه‌لی ئه‌مازیغی له هاوبه‌شییکردندا له حوکم و مسۆگه‌رکردنی سه‌ربه‌خۆیی و ڕۆشنبیریی و یه‌کسانیان و …هتد ئه‌رفرۆزه بکات و ڕه‌تی بکاته‌وه. به‌ڵام له سودان دا گه‌لی باشوری سودان ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رگرت. ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی سیاسه‌ته تووندڕه‌وه‌کانی حوکمه‌تی سودانه‌وه دروست بوو. سودان هه‌ڕه‌شه‌لێکراوه به دابه‌شبوونێکی تر ئه‌گه‌ر حوکومه‌تی سودان له باکوردا پێدابگرێت له‌سه‌ر وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی گه‌لی دارفۆر. ڕه‌نگه ئه‌مه ببێته هۆی دابه‌شبوونێکی تر له سودان دا. گه‌لی باشوری سودان جیابوونه‌وه‌ی نه‌ده‌ویست، به‌ڵام سیاسه‌تی حوکمی عاره‌ب له باکوردا بووه هۆی ئه‌و دابه‌شبوونه. له سوریادا داواکارییه‌کانی کورد له‌و وڵاته‌دا له‌سه‌ر پێنه‌دانی ڕه‌گه‌زنامه‌ی سوری و مافه ڕه‌وا دادپه‌روه‌ریی و یاساییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به تایبه‌تی مافه ڕۆشنبیریی و ئیدارییه‌کانه. له‌وانه‌یه هێزه نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌بییه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کان وهێزه ئیسلامییه سیاسییه ڕاستڕه‌وه‌کان له ناو هێزه ئۆپۆزیسوێنه‌کاندا سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی و دینی به‌رته‌سکیان هه‌بێت دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسی سته‌مکار که ببێت هۆکاری درێژ بوونه‌وه‌ی ململانێکه و گه‌لی کورد بتوانێت مافه ڕه‌واکانی خۆاین به‌ده‌ستبهێنن.
له عێراق دا گه‌لی کورد به خه‌باتێکی به‌رده‌وام و نه‌پساو توانیان سیسته‌می فیدراڵیه‌ت به‌رجه‌سته‌بکه‌ن له ساڵی 1992دا. وای ده‌بینم که فیدراڵیه‌ت گه‌شه‌ی پێبدرێت و پشتیوانی بکرێت به گه‌شه‌پێدان و پشتیوانی دیموکراتیی و مافی مرۆڤ و ژیانی ده‌ستوریی ئاشتییانه و په‌یوه‌ندییگه‌لێکی ڕوون و ئاشکرا له نێوان حکومه‌تی یه‌کێتی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ناو بازنه‌ی ده‌وڵه‌تی یه‌کێتیدا. ترسناکیی پاشه‌کشه‌کردن له دیموکراتیی له سه‌ر ئاستی عێراق و کوردستان و وه ده‌رکه‌وتنی ئاراسته سته‌مکارییه‌کان له حوکمی نوری مالکی دا یان له کوردستان دا له‌گه‌ڵ بێده‌نگی هاوپه‌یمانیی کوردستانی دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌گوزه‌رێت له هه‌موو عێراق دا یان بێده‌نگی گه‌ل له‌سه‌رئه‌وه ده‌شێت ببێت به ململانێیه‌کی ناچاریی، له‌به‌ر ئه‌وه به ناچاری ده‌بێت هاوپه‌یمانی کوردستانی و هه‌موو هێزه کوردستانییه‌کان به‌رپه‌رچی ئاراسته نادیموکراتیی و سته‌مکارییه‌کان بده‌نه‌وه له حوکمی ده‌وڵه‌تی یه‌کێتیدا له ڕه‌فتای سیسته‌می سیاسی عێراقی یان له کوردستاندا.
به‌هاری عه‌ربی ئاسۆیه‌کی فراوانی کردۆته‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ر هوشیاریی تاکه‌کان و کۆ وه‌ستاوه له کاریگه‌رێتیاندا له‌سه‌ر ئه‌م به‌هاری عه‌ره‌بییه له هه‌مو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا. ده‌بێت ئه‌وه بزانین و به ئاگابین که ململنێیه‌کی هێزه چه‌واشه‌کارانه هه‌یه له هه‌موو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا بۆ له‌باربردنی ته‌وژمه شۆرشگێڕیی و دیموکراتییه ئاشتییه‌که له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به هۆکاری دواکه‌وتنی به‌رپاکردنی چاکسازی و گۆڕانه پێویسته‌کان که به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌پاندوێتی له تونس و میسر و لیبیا و یه‌مه‌ن و ئه‌وا‌نی تردا که تا هه‌نووکه ته‌واو نه‌بوون.
7/ هه‌ڵوێستت چییه له‌سه‌ر سازدانی پڕۆسه‌یه‌کی ڕاپرسیی به سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌رباره‌ی مافی چاره‌نوسی که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان له جیهانی عه‌ربیدا، وه‌ک سه‌حرای غه‌ربی و خواروی سودان و که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی تر له پاشه‌ڕۆژدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که مافی چاره‌نوس بۆ هه‌ر گه‌لێک مافێکی دیموکراتی و مرۆیی و یاساییه و به‌ندێکه له به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤ له ساڵی 1948دا ئه‌م مافه‌ی داوه به هه‌ر نه‌ته‌وه و که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تیه‌ک ؟
و. سازدانی ڕاپرسییه‌ک به سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان زیانی لێناکرێت. ئه‌وه‌ش مافێکی ڕه‌وایه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م ڕاپرسییه چاره‌سه‌ری پێویست و گونجاو به‌ده‌ستدێنێت؟
کاتێک حکومه‌تی مه‌غرب سازدانی ڕاپرسی ڕه‌تبکاته‌وه بێگومان ئه‌نجامه‌که‌شی ڕه‌تده‌کاته‌وه، واته ململانێکه وه‌ک خۆی به‌رده‌وامده‌بێت، ئه‌وه ته‌نیا ململانێی نێوان پۆلیساریو و مه‌غرب نییه، به‌ڵکو له نێوان جه‌زائیر و مه‌غربیش دا هه‌یه. له ڕاستییدا کێشه‌یه‌کی ئالۆز و ته‌نگه‌ژاوییه.
له کاتێکدا ڕاپرسی له کوردستانی عێراق دا سازبکرێت ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆ. ڕه‌نگه ئه‌نجامێکی ئه‌رێنی لێبکه‌وێته‌وه بۆ ئه‌م خواسته. پرسیار ئه‌وه‌یه لێره‌دا: ئایا ده‌توانرێت له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌م جۆره راپرسییه ئه‌نجامبدرێت له کاتێکدا که بوردومانی ئێرانی و تورکی و دوژمنکاریی سوری له‌سه‌ر کورد به‌رده‌وامه و حکومه‌تی عێراقی زیاتر له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ڕێکه وه‌ک له‌گه‌ڵ کورده‌کان، یان ئه‌مه ده‌بێت به دروستبوونی گرفتی ترسناک بۆ خودی فیدراڵێته‌که‌ش؟ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستانی ئه‌م جۆره داوه‌یه ناکات بۆ سازدانی راپرسی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرفته‌کانی ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌که ده‌زانێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا من وه‌ڵامی بۆ گه‌لی کورد و حیزبه کوردستانییه‌کان به‌جێده‌هێلم بۆ بڕیاردانی هه‌ڵوێست به وردیی و حساباتێکی ڕێکوپێک.
8/ به‌رهه‌ڵستکارییه‌کانی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی و قه‌واره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تر وه‌ک که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی ئه‌مازیغ و خه‌ڵکی سه‌حرای غه‌ربی چییه؟
ئه‌مازیغیه‌کان داوای قه‌واره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ناکه‌ن بۆ خۆیان، قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌غریب هه‌مووی ئه‌مازیغییه، ته‌نانه‌ت پاشای مغرب به ڕه‌سه‌ن ئه‌مازیغییه‌کی به عاره‌بکراوه. بۆیه ئه‌وان مافه‌کانی خۆیان له چوارچێوه‌ی هه‌مان ده‌وڵتدا ده‌وێت چوونکه زۆربه‌ی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته پێکده‌هێنن و ئه‌مه‌ش ده‌چێته نێو پرنسیپی یه‌کسانی هاوڵاتیبوونه‌وه، یه‌کسانی له ئه‌رک و ماف دا. ئه‌مه‌ش به مانای داننان به زمانی ئه‌مازیغییدایه هه‌روه‌ک زمانی عاره‌بیی ، هه‌روه‌ها داوای مافی ڕۆشنبیری و خوێندن به زمان ئه‌مازیغی ده‌کرێت هه‌ر وه‌ک زمانی عاره‌بی و فارنسی… هتد.
ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌تی کورد، من بڕوام وایه که ئه‌م قۆناغه هاوکاریی و یارمه‌تیی ده‌خوازێت له پێناوی پشتیوانیکردنی خه‌باتی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران و تورکیادا بۆ به‌روپێشچوونی خه‌باتیان له مسۆگه‌رکردنی مافی بڕیاری چاره‌نوسیاندا ئه‌گه‌ر به حوکمێکی خۆیی یان فیدراڵیه‌ت ته‌واوبێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ده‌ستهات، ئه‌وکاته گه‌لی کورد و سه‌رکرده سیاسییه‌که‌ی ده‌توانێت بیربکاته‌وه له ڕێگه‌یه‌ک بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کورد.
عاره‌ب دابه‌شبوون به 22 ده‌وڵه‌ته‌وه و نه‌یانتوانیوه یه‌ک ده‌وڵه‌تی یه‌کگرتو دامه‌زرێنن به هۆکاری کۆمه‌ڵێک گرفت و ته‌نگه‌ژه‌ی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌روه‌ها بۆ گه‌لی کوردیش هه‌مان شت هه‌یه. من وا هه‌ستده‌که‌م که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌ندێک دووره و پێویسته له‌سه‌رمان په‌له نه‌که‌ین به جۆرێک که ئه‌نجامێکی نه‌خوازراوی لێبکه‌وێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵ مافی بڕیاردانی چاره‌نوس و هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی گونجاوم له کاتی گونجاو‌دا، مافی بڕیاردانی چاره‌نوس خۆی له نێوان مافه‌کانی ڕۆشنبیری و حکومی خۆیی و فیدراڵیه‌ت و کۆنفیدراڵیه‌ت و جیابوونه‌وه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆدا ده‌بینێته‌وه.
7/10/2011 كاظم حبيب
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=278697