Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
وێستگه‌كانی شیعر ….  داناعه‌سكه‌ر

وێستگه‌كانی شیعر …. داناعه‌سكه‌ر

Closed
by October 29, 2011 ئەدەب


كه‌رامه‌ت

به‌سیه‌ ئیدی ..
بەم هەموو گووناهەوە ژیانتان بردەوە کووچەتاریکەکانی ریسوایی و
شەقامەکانتان پرکرد لەبۆنی یەئس ،
بەسە ئیتر..
 فریشتەمان لێمەکەن بەدرندەو
 درندەش مەهێننەوە سەر شەوە سوورەکانی ژیان ،
ئەم دۆزەخی بوونە چەند بیئابرویانە سەرەتاتکێمان لەگەڵ دەکات ،
چەند شەرمنانە دەیەوێ بچێتە رۆحی گوڵەوە ،
بەسیە ئیتر..
 ئەوبرە کەرامەتەمان بدەرەوە ، ژیان بۆ تۆ ،
ئەو باخچەیەم بدەنەوە ..
تا ئیحساسم پرکەم لەبوونی حەقیقەت و گوڵ بهێمنمەوە ماڵی ئاو ،
بەم هەموو گووناهەوە
 بەسیە ئیتر ..
دەستێکم بۆ تۆ ، ئه‌وی تریش بۆ ئەو
قاچێکم بۆ تۆ، ئەوی تریش بۆ ئەو
هەمووم بەرن ،
 ئیحساس و کەرامەت نەبێ ئه‌وانی دی هه‌مووی به‌رن.


كه‌ركوك

هەموو پرتەقاڵەکانی ئەم درەختەیان هەڵوەرەن ، باخەوانەکەش هەرنەهات ،
هەموو رەیحانەکانی عیشقیان خستە بەر یاخەی سیاسەتەوە ، بۆنی بەهەشتیش هەرنەهات ، سرەوەیان لەلێوی گوڵەکان رفاند ، شەپۆلەکانیش هاژەیان هەرنەهات ،
 ئێمە ماڵی وەفامان بیرچووەتەوە ، نازانین وەتەن لەکام پەنجەرەوە سەردەردێنێ ،
نازانین شمشێرەکان رەنگیان چۆنە ،
نازانین چەقۆکان بەدەستی کیـَوەن ، نیشتمانی من و ئێوە هەراسان کرا ،
نیشتمانی ئێمە بە پیرییش هەر پێی نەگرت .


سه‌به‌ته‌یه‌كی به‌تاڵ

دەنکە هه‌نارەکانی ژیان ، وەک خەونی کیژۆڵەیەک هەڵوەرین
باخچەکەمان بە پیریی ماچ دەبەخشیتە سیبەر،
ئاو دەیەوێ فێری مەلە بێت ، ماسی نیشتمانی لێدەشێوێ ،
لەمێژا نیشتمانم لێ ون بووە ، من
ئەو هەنارە چەند لە رۆحی من دەچێ
ئه‌و بۆ نمه‌ی باران ده‌گه‌رێ‌
من بۆ بێده‌نگی تۆ ،
ئه‌و سێوه‌م نه‌خوارد تا هه‌نار لێم زیزبێت
ئه‌و ماچه‌م هه‌ڵنه‌وه‌ران تا لێو لێم بره‌نجێ‌
ئه‌و قیبله‌یه‌م نه‌روخان تا له‌وێم وه‌ده‌رنین
 

هه‌ڵووژه‌

هه‌ڵوژه‌یه‌ك هه‌ڵده‌ده‌مه‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی دڵته‌وه‌ ، نیگایه‌ك هه‌ڵده‌ده‌مه‌ سه‌ر وه‌نه‌وزی په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ك ، ئه‌وه‌ی له‌غروری میوه‌ نه‌گات،ناتوانی ئاو فێری كه‌ڵكه‌ڵه‌ی شۆڕبوونه‌وه‌ بۆلای مه‌عشه ری دره‌خت بكات، ئه‌وه‌ی له‌ خوێن ساردی خه‌م نه‌گات،ناتوانێ له‌فڕینی كۆترێك بگات و هێلانه‌ بباته‌وه‌ سه‌ر ره‌نگی جووت بوون ، هه‌ڵوژه‌كه‌م به‌ره‌وه‌ ، تاسه‌به‌ته‌كه‌ت پڕبكه‌م له‌عیشق، نیگاكه‌م به‌ره‌وه‌،تا چاوه‌كانت تێربكه‌م له‌ بینینی سووتان . 

بێئۆقره‌یی

ته‌مه‌نم وه‌ك دوكه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌ك خۆی دا به‌ده‌م شنه‌ی بێ ئۆقه‌ره‌ییه‌وه‌ ، گیرفانه‌كانم پڕن له‌مه‌راق و چاوه‌كانیشم چۆڵه‌وانی،چه‌ندبێحورمه‌ته ژیان ده‌مه‌ی ئێوران نیگاكان سیس ده‌كاته‌وه‌،چه‌ند وه‌سوه‌سه‌یه‌ ئێره‌ ، شه‌وان له‌ترسی سره‌وتی كات و مردنی شوێن ، ده‌چمه‌ نوزه‌ی باخچه‌ پیره‌كه‌مه‌وه‌، ئای چه‌ند له‌مردنه‌وه‌ نزیكم ، ئه‌وه‌ندش مردن له‌من نیگه‌رانه‌،ئێستا به‌ده‌م قاقاوه‌ چاوه‌ڕوانم ژیان به‌ په‌نجه‌ی ساردوسڕیه‌وه ،وه‌ك سوتووی جگه‌ره‌یه‌ك هه‌ڵمداته‌ نێو ته‌پڵگێكی بێ ناونیشانه‌وه‌ .ئێستا به‌ده‌م گریانه‌وه‌ لای غه‌ریبی گۆڕساتێك ده‌گیرسێمه‌وه‌ ،


برین

له‌ولای غه‌ریبی كۆترێكه‌وه‌ برین ده‌چۆرێ
له‌ولای شكستی گۆلێكه‌وه‌ ئاو مان ده‌گرێ
ئه‌گه‌ر ئاو بۆ كۆتر نه‌یته‌ سه‌رچۆك و
گوڵ نه‌چتێته‌وه‌ سه‌ر ره‌نگی ژیان ،
نه‌كۆتر له‌هه‌ڵفرین تێده‌گات و
نه‌گوڵ له‌زكری با حالی ده‌بێت .
ئەم بێدەنگیە بشکێنە گوڵم ،
دیوارەکانی ژیان مەروخێنە
ئەم گۆزەی عیشقە مەشکینە هاورێ ،
نەبادا ژیان پێت بڵی ، دابەزین هەیە دابەزین ،
ئەم سنوری شەرمە ببەزینە،
نەبادا تەمەن بتخاتە سەر منارەکانی بێ ئومێدییه‌وه‌


مێخه‌كبه‌ن

وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌ك له‌سێبه‌ری بێده‌نگیدا سه‌ما ده‌كه‌ی ،
ماسی ده‌هێنیته‌ سه‌ر ره‌نگی مه‌رجان و
وه‌ك نه‌شوه‌ی گوله‌گه‌نم به‌قرچه‌ی گه‌رما دێیته‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م ،
له‌وه‌ته‌ی شمشاڵ جه‌رگی كون كون بووه‌ ،
تۆش به‌دیار گۆزه‌یه‌كه‌وه‌ كانی ده‌هێنیته‌ سه‌ر به‌زمی ئاره‌زوو ،
وه‌ك مامزێكی سرك خۆت ده‌خه‌یته‌ باوه‌شی له‌ززه‌ته‌وه‌ ،
وه‌ك ” نای ” ه‌ كی غه‌ریب خۆ ده‌خزێنیته‌ لێوی نه‌غمه‌یه‌كه‌وه‌ ،
له‌م ئێواره‌ شه‌رمنه‌..
به‌دیار به‌رده‌بازه‌كانه‌وه‌ ماچ ده‌خیته‌ په‌ناكانه‌وه‌ ،
ستیانی ماسییه‌كان ده‌ترازینی و
شه‌پۆله‌كان له‌خۆت تووره‌ده‌كه‌ی
له‌م ئێواره‌ شه‌رمنه‌دا
گۆزه‌كه‌ت پر ده‌كه‌یت له‌ دڵه‌راوكێ و
مێخه‌كبه‌نه‌كه‌ت ده‌به‌خشیته‌ یار
له‌م ئێواره‌ عه‌جوله‌دا
ئاو ده‌خه‌یته‌ سه‌ر هه‌وه‌سی رامووسان
بەدیار مردنی چۆلەکەیەکەوە هێلانە گریا ،
بەدیار نووستنی تاریکییەوە ، ئەستیرەیەک تیرۆرکرا ،
بەدیار کەوتنی ئیحساسێکەوە شاعیرێک پێکرا ،
بەدیار داخستنی پەینجەرەوە ، زیان بەروومدا داخرا ،
بەدیار نووسینی بێکێکەوە ، شیعرێک رزا


ئاو..

ئه‌مه‌شتكرد ئه‌ی ئاو ..
كه‌شتیی چه‌ته‌كانت په‌رانه‌وه‌ كه‌ناری ئارامی ،
ماسیت هه‌ڵدایه‌ نێو تۆری راوچییه‌كانه‌وه‌ ،
دره‌ختت هێنایه‌ دۆخی سووجده‌بردن ،
ئه‌مه‌شتكرد ،
فێڵت له‌به‌رد كرد و كردت به‌ به‌رده‌باز ،
فێت له‌ئێمه‌ كرد و له‌عه‌رعه‌ر فریامان نه‌كه‌وتی و
 سه‌وڵه‌كانت شكاندین ،
ئه‌مه‌شتكرد ئه‌ی
 ئاو

سپی
 
هه‌موو ره‌نگه‌كان سپین ، هه‌تا دڵی تۆش ،
هه‌مووماچه‌كان سپین ، هه‌تا لێوی تۆش ،
تۆ به‌سپێتی خۆت بمبه‌خشه‌ ، منیش به‌شپێتی تۆ ،
هه‌موو هه‌ناره‌كان سپین ، هه‌تا باخه‌كه‌ی تۆش ،
 هه‌موو ئیواره‌كان سپین ، هه‌تا شه‌وانی تۆش ،
 ئێره‌ ، ئه‌وێ‌ ، لای من و تۆش هه‌موو سپی .

غوربه‌ت

ئێواره‌یه‌ك هێشتا به‌دیار داڵغه‌ی ده‌ستوپه‌نجانه‌كانی نیشتمانه‌وه‌ رامابووم ، به‌دیار پێكه‌نینی جوگه‌له‌یه‌كه‌وه‌ ، به‌دیار وێستگه‌ی سه‌فه‌رێكه‌وه‌ هه‌ڵمداته‌وه‌ به‌ر خۆرێكی ده‌م كه‌ل ، له‌م وه‌حشه‌تی غوربه‌ته‌دا من و مناڵیم ته‌پكه‌ بۆ چۆله‌كه‌كانی هه‌رزه‌یی ده‌نێینه‌وه‌ ، ته‌پكه‌ به‌روی بێدادیما ده‌ته‌قێته‌وه‌ ، مناڵیم زیز ده‌بێت و چۆله‌كه‌كانی ئیحساسم ده‌ده‌نه‌ پرمه‌ی گریان ، ئێواره‌یه‌ك به‌شۆسته‌ی غه‌ریبیدا من و كزه‌ بایه‌ك وه‌ك دوو گه‌ریدا ئه‌و بۆ سه‌روقژی سنه‌وبه‌رێك و منیش بۆ ژێرباڵی نیشتمان ده‌گه‌رێین ،
ئێواره‌یه‌ك من و پێكێك شه‌راب وه‌ك دوو ده‌نك ترێ‌ ره‌ش ده‌چینه‌وه‌ ، ئه‌و له‌ سه‌رخۆشێك ده‌گه‌رێ‌ بینی پێوه‌نێ‌ و منیش خه‌یاڵێك بمباته‌وه‌ ئه‌وێ‌ ،
ئای نیشتمان عه‌یامێكه‌ به‌دووتا وێڵم و ناتگه‌مێ‌ ،

Previous
Next