Skip to Content

Tuesday, November 5th, 2024
له‌نێوان مه‌لا به‌ختیار و ئیسلامیه‌كاندا

له‌نێوان مه‌لا به‌ختیار و ئیسلامیه‌كاندا

Closed

له‌ بیست ساڵی ڕابردودا كه‌مترین دیالۆگ و مشتومڕی عه‌قڵانی كراوه‌ له‌نێوان ئیسلامیه‌كان و عه‌لمانیه‌كاندا. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵكێك به‌ریه‌ككه‌وتن كه‌ دوورمان ده‌خاته‌وه‌ له‌ دیالۆگی عه‌قڵانی چیتر نه‌بووه‌. عه‌لمانیه‌تی كوردی مێژووی ئیسلام به‌ خوێناوی ناوزه‌د ده‌كات و ئیسلامیه‌كانیش به‌رگرییه‌كی كوێرانه‌ له‌و مێژووه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش بێشك خولانه‌وه‌یه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا و دوركه‌وتنه‌وه‌مانه‌ له‌ تێگه‌یشتنێكی عه‌قلانی بۆ مه‌سه‌له‌ی ئیسلام و مێژووی ئیسلام له‌لایه‌ك و چه‌سپاندنی فه‌زایه‌كی سێكولار له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ من ته‌واو بڕوام به‌و فه‌زایه‌ هه‌یه‌.
ده‌مه‌وێت سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بڵێم من كه‌سێكی عه‌لمانیم و ته‌واو بڕوام به‌ چه‌سپاندنی سیسته‌مێكی عه‌لمانی هه‌یه‌ و به‌ ده‌نگی به‌رزیش ده‌ڵێم ئایین نابێت حوكم بكات و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی دینی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌. چونكه‌ پێم وایه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ سایه‌ی سیسته‌مێكی عه‌لمانی ڕاسته‌قینه‌دا ده‌توانێت شوێنی هه‌موومانی تێدا بێته‌وه‌ و سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كان به‌ بێ سرینه‌وه‌ی ئه‌ویتر ته‌عبیر له‌ خۆیان بكه‌ن، نه‌ك ئه‌و عه‌لمانیه‌ته‌ی ئێستای كوردی كه‌ له‌ فاشیه‌ته‌وه‌ نزیكه‌ نه‌ك له‌ دیموكراسیه‌ته‌وه‌، وه‌ نه‌ك ئه‌و ئیسلامییه‌ بێئاگایه‌ی كه‌ له‌ ئێستاوه‌ نه‌چۆته‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی كچ و كوڕ ده‌دات له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و جیاوازی ناكات له‌نێوان وێنه‌ی سێكسی و تابلۆی هونه‌ریدا.
من ده‌پرسم ئه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ كێ ده‌كات عه‌لمانیه‌تی كوردی باس له‌ مێژووی خوێناوی ئیسلام بكات له‌كاتێكدا خۆی له‌ هه‌رێمه‌ی كوردستان به‌ خوێن حوكم ده‌كات؟ هێشتا كفنی گه‌نجه‌كانی سلێمانی زه‌رد نه‌بووه‌ كه‌ به‌ده‌ست عه‌لمانیه‌تی كوردی كوژران. ئه‌وه‌ عه‌لمانیه‌تی كوردیه‌ له‌ بیست ساڵی ڕابردوودا ده‌ستی به‌ كورسیه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ گرتووه‌ نه‌ك كه‌س لێی داگیر بكات. عه‌لمانیه‌تی كوردی ( ئه‌گه‌ر هه‌بێت) ده‌بوو له‌ بیست ساڵی ڕابردوودا فه‌زایه‌كی دیموكراسی بخوڵقاندایه‌ نه‌ك به‌ شه‌ڕی ناوخۆ و به‌تاڵانبرنی سامانی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات و كوشتنی هه‌ر هه‌وڵ و ده‌نگێكی تر درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی خۆی بدات و به‌ هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌كان بمانترسێنێت. زۆر دوور نیه‌ و ئه‌وه‌ چه‌ند مانێك له‌مه‌وبه‌ر بوو كه‌ عه‌لمانیه‌تی كوردی به‌ چه‌ك و كوته‌ك و قامچی هاوڵاتیانی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌كوشت و بێده‌نگی ده‌كردن. له‌ چ وڵاتێكی دنیادا سیسته‌می عه‌لمانی كار بۆسڕینه‌وه‌ی ده‌نگی تر ده‌كات علمانه‌تی كوردی نه‌بێت؟
ئیسلامیه‌كانیش له‌ كوردستان ( سه‌رباری چه‌وسانه‌وه‌یان به‌ده‌ستی عه‌لمانیه‌كان) هێزگه‌لێكی هێنده‌ جوان نین كه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ بن حوكممان بكه‌ن. ئه‌و ئیسلامیه‌ی كه‌ نه‌ ئه‌زموون له‌ ئیسلامیه‌كانی ناوچه‌كه‌ وه‌رده‌گرێـت و نه‌ له‌ مێژووی ئیسلام. ئه‌وان ئێستا ئیشیان نیه‌ سه‌پاندنی حیجاب و جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زه‌كان و ترسان له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی كرانه‌وه‌ نه‌بێت. پێیه‌كیان له‌ناو مزگه‌وته‌كاندایه‌ و پێیه‌كان له‌ناو پارله‌مان. له‌ دۆخێكدا ده‌ژین نازانن به‌ڕاستی ئیمانداری ده‌كه‌ن یان سیاسه‌ت، خۆشیان نازانن ده‌سبه‌رداری قیامه‌ت بن یان وازهێنان له‌بردنه‌وه‌ی كورسی ده‌سه‌ڵات.
ئه‌م مشتومڕه‌ كرچ و كاڵه‌ی ئه‌م دوو ناوه‌نده‌ هیچی لێ شین نابێت جگه‌ له‌ فه‌زایه‌ك بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌كیه‌كانی تایبه‌تمه‌ند به‌ عه‌لمانیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له‌لایه‌ك و ئیسلامیه‌كی كراوه‌ و سپی و نورانی له‌لایه‌كی تره‌وه‌. ئیستا هه‌ردوولا شه‌ڕه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن. عه‌لمانیه‌تی كوردی بۆ بیربردنه‌وه‌ی ناشرینیه‌كانی خۆی له‌ خه‌ڵك ئه‌م قسانه‌ فڕێ ده‌دات و ئیسلامیه‌كانیش كه‌ وه‌ڵامی جدیان پێ نیه‌ به‌رگرییه‌كی كوێرانه‌ له‌و مێژووه‌ ده‌كه‌ن. شه‌ڕێكی بێ به‌رهه‌م و كوێرانه‌ كه‌ هه‌ردوولا شایه‌نی ئه‌وه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا بكه‌ن و خۆشبه‌ختم به‌وه‌ی كه‌ ناتوانم قه‌ناعه‌ت به‌ هیچیان بینم و بچمه‌ هیچ كام له‌و دوو به‌ره‌یه‌وه‌.
له‌ هه‌مووشی كاره‌ساتتر قه‌له‌َمگه‌لێك هه‌ن له‌ هه‌ردوولا كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رگرییه‌كی كوێرانه‌ له‌وی تر و كه‌مپه‌ین پێكدێنن و هه‌ریه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر تاوانبار ده‌كات. به‌ گه‌نجه‌ ئیسلامیه‌كان ده‌ڵێم به‌رگری مه‌كه‌ن له‌و هێزه‌ ئیسلامیه‌ تاریكه‌ی كه‌ هێشتا ڕوون نیه‌ سبه‌ی چ به‌ڵایه‌كمان به‌سه‌ر دێنێت. به‌ قه‌ڵه‌مه‌ عه‌لمانیه‌كانیش ده‌ڵێم واز له‌ مێژووی خوێناوی ئیسلام بێنن و ته‌ماشایه‌كی عه‌لمانیه‌تی كوردی بكه‌ن كه‌ چۆن خوێن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ڕێژێت. من ده‌پرسم كه‌ عه‌لمانیه‌تی كوردی خوێنی گه‌نجانی خۆپیشانده‌ری له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ڕشت ئه‌وه‌ ئێوه‌ له‌كوێ بوون بۆ كه‌مپه‌ینێكتان ڕانه‌گه‌یاند؟
هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م جۆره‌ له‌ مشتومڕ كۆمه‌كمان ناكات و ئاوێكه‌ ده‌چێته‌ ئاشی عه‌لمانیه‌تێكی نزیك له‌ فاشیه‌ت و ئیسلامییه‌كی نزیك له‌ ئیرهاب. پێویستمان به‌وه‌یه‌ ڕێگه‌یه‌كی تر هه‌ڵبژێرین بۆ تێگه‌یشتن له‌ عه‌لمانیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و ئیسلامییه‌كی سپی و نورانی.


عه‌زیز ڕه‌ئووف

azizrauf75@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.