Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
ئه‌مه‌یه‌ زه‌مه‌نی بۆره‌ پیاوان

ئه‌مه‌یه‌ زه‌مه‌نی بۆره‌ پیاوان

Closed
by October 29, 2011 گشتی

((پێش هه‌ر وتنێك، ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ به‌نده‌ سه‌ری نه‌وازش و رێز بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تی و پیاوه‌ قاره‌مانانه‌ی نێو ئه‌و توێژ و چینانه‌ داده‌نه‌وێنم كه‌ مه‌به‌سته‌كه‌مان نایانگرێته‌وه‌، مه‌رجیش نییه‌ مه‌به‌ست له‌ بۆره‌پیاوان هه‌موو ئه‌و پیاو و كه‌سایه‌تیانه‌ بن كه‌ ناوی پێگه‌كه‌یان هێنراوه‌، مه‌رجیش نییه‌ كه‌ سه‌راپای ئه‌و كه‌سه‌ حزبیانه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ وابه‌سته‌ن و ئینتیمای حزبیان هه‌یه‌ ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تیایاندا هه‌یه‌: كه‌سانێكن جێی شانازی و شكۆمه‌ندی گه‌له‌كه‌مانن و هه‌تا مردن وه‌كو پیاوی قاره‌مان و سه‌رفراز ژیانی شكۆمه‌ندی ده‌به‌نه‌سه‌ر.. به‌ڵام بۆره‌ پیاوانێك هه‌ن فیكه‌ی خۆیان ده‌ناسنه‌وه‌و یه‌كسه‌ر هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌واوی خه‌سڵه‌ته‌كان و وێناكانی ئێمه‌ باسی ئه‌وان ده‌كات!))…..
 چه‌مكی بۆره‌پیاو له‌ فه‌رهه‌نگی كورده‌واریدا كۆنه‌و له‌مێژه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌و كه‌سه‌ وتراوه‌ كه‌ له‌ ڕیزی پیاوانی مه‌ردو قاره‌ماندا نین و هیچیان له‌باره‌دا نیه‌و خاوه‌نی هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌و پیاوانه‌ نین، به‌دیوێكی دیكه‌دا واتای ئه‌م چه‌مكه‌و به‌كارهێنانه‌ سیاسیه‌كه‌ی، به‌و پیاوانه‌ ده‌وترێت كه‌ كه‌سانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و وته‌و كرداری پیاوانه‌و شكۆمه‌ندانه‌ نین..
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مێستاكه‌ هه‌موومانی تێدا ده‌ژین، زۆر ئاڵۆزو  شێواوه‌، زه‌مه‌نێكه‌ تیایدا كه‌ره‌سته‌ مادییه‌كان بوونه‌ته‌ پێگه‌ی گرنگ و پێوه‌رێك كه‌ مرۆڤ به‌ملاوبه‌ولای خۆیدا كۆنترۆڵده‌كات، مرۆڤ بێبه‌هاو بێنرخ و وه‌كو ئامێرێك لێده‌كات كه‌ سه‌ری بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌ئاسانی كه‌چبكات، روتیده‌كاته‌وه‌ له‌ هزرو ئامانج و خه‌ونه‌كانی..
 ئه‌م دۆخه‌ له‌دوای به‌هێزبوونی سیستمی سه‌رمایه‌داری و چاوچنۆكی سه‌رمایه‌داران و موڵكداران بۆ به‌رهه‌مهێنانی زۆرو به‌كارخستنی رێژه‌ی كه‌می كرێكاران و قازانجكردنێكی ئه‌وتۆوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، دوای گه‌وره‌بونی كارگه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان و هاتنه‌ ئارای سیستمی دیگیتاڵه‌وه‌ زیاتر خه‌مڵیوه‌، چونكه‌ مرۆڤ راسته‌وڕاست بوه‌ته‌ شاگردو كۆیله‌ی ئه‌و ئامێرو كه‌ره‌ستانه‌و خۆی ته‌نیا ئۆتۆماتیكی ده‌ست و قاچ ده‌جوڵێنێت و داهێنانی لێزه‌وتكراوه‌..
 مرۆڤی هاوچه‌رخی ئه‌م زه‌مه‌نه‌، بووه‌ته‌ به‌كاربه‌رو كڕیاری ئه‌و هه‌موو ئامێرو دروستكراوه‌ ئه‌لكترۆنیانه‌و چاوی ئه‌بڵه‌ق بوه‌ به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو شتومه‌ك و كاڵاو پۆشاك و شوشه‌وات و كه‌لوپه‌لانه‌ی رۆژانه‌ به‌جۆری نوێ‌ و بریقوباقه‌وه‌ دێنه‌ بازاڕه‌وه‌، وایكردوه‌ كه‌ پیره‌كانی بۆ مناڵ بونه‌ته‌وه‌، گه‌نجانی بۆ شێت و هاربون، كچانی بۆ فریوده‌ر بون، مناڵی بۆ بزێوو چاوچنۆك بون.. رۆژانه‌ مۆبایل و ته‌له‌فزیۆنی فلات لاپتۆپی سه‌یرو ئۆتۆمبیلی عه‌نتیكه‌و دوا مۆدێل و كاشی و سیرامیكی دیواری ڤێلاكان و خشڵ و زێڕی زۆر سه‌رنجڕاكێش و پۆشاكی لوس و بریقه‌دارو له‌خشته‌به‌ر وای له‌ هه‌وان كردووه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌و ئاقاره‌ رۆبچن كه‌ سه‌رمایه‌داران و بازرگانه‌كان بۆیان سازداون..
خه‌سڵه‌تی ئه‌م ده‌ورو زه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ مرۆڤی خاوه‌ن هزرو مێشكی به‌تواناو خاوه‌ن خولیاو خه‌ونی له‌بننه‌هاتو ببێته‌ مرۆڤێكی كۆیله‌ی ملكه‌چ بۆ پاره‌و دراو، بوه‌ته‌ مرۆڤێكی چڵێس و چاوبرسی، مرۆڤێك كه‌ بیستوچوار كاژێره‌ بیری لای موڵكدارێتی ئه‌و هه‌موو شتومه‌ك و كه‌ره‌ستانه‌ بێت كه‌ ناوی هه‌ندێكمان لێهێنان، ئه‌وجۆره‌ كه‌سایه‌تیانه‌ش له‌ وڵاتی ئێمه‌دا بونیان هه‌یه‌و له‌مێژه‌ ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و بۆ ئیمتیازاتی خودی خۆیان و له‌به‌ر ترسنۆكی و بوده‌ڵه‌یی خۆیان بونه‌ته‌ بۆره‌ پیاوانێك و رۆڵی زۆر قێزه‌ون ده‌بینن و بونه‌ته‌ كه‌سانی ده‌ربارو ملكه‌چی به‌رپرس و سیاسه‌تمه‌داره‌ هه‌لپه‌رستان.
با رونتر ئه‌وه‌ شیبكه‌مه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌م زه‌مه‌نه‌ چییه‌و ئه‌وانه‌ كێن كه‌ به‌ بۆره‌پیاو ناوزه‌دمان كردون؟؟
ئه‌م زه‌مه‌نه‌، جیاوازه‌ له‌ ده‌م و وه‌ختی پێشوترو چه‌ندین ساڵێكی له‌مه‌وبه‌ر، كه‌ به‌ساڵانی زێڕین و دێرینی مێژووی مرۆڤایه‌تیمان له‌قه‌ڵه‌مدراوه‌.. سه‌رده‌می پێشوتری ئێستا، زه‌مه‌نی ئایدیۆلۆژیای سیاسی و نیشتمانپه‌ره‌وه‌ری بوو، زه‌مه‌نی سه‌رهه‌ڵدانی راپه‌ڕین و خه‌بات و شۆڕشگێڕی و قوربانیدان و خۆبه‌شكردن بوو. زه‌مه‌نێك بوو مرۆڤ تیایدا خاوه‌ن هه‌ڵوێست و هزرو مه‌عریفه‌و دونیابینییه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی خۆی بوو كه‌ له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌یدا تێده‌كۆشاو خۆی بۆ جه‌نفیدا ده‌كرد، چه‌مكی پێشمه‌رگه‌ له‌و زه‌مه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، چه‌مكی پیاوی قاره‌مان و كۆڵنه‌ده‌رو تێكۆشه‌ر له‌و سه‌رده‌مانه‌ی پێشووترمانه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون.
 بۆ وێنه‌: ئێمه‌ خاوه‌نی شه‌هید ((قازی محه‌مه‌دو ئارام و مامه‌ڕیشه‌و له‌یلا قاسم و قاسملو)) ین.. خاوه‌نی سه‌دان زیندانی نێو ژووره‌ تاریكه‌كانین كه‌ به‌ ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاردانێكی تاقه‌تپڕوكێنیش ته‌نیا یه‌ك وشه‌ی نهێنیان نه‌دركاندوه‌.. ناوی تاقه‌ یه‌ك هاوڕێی خه‌باتی ژێر زه‌مینی خۆیان به‌ هیچ جه‌لادێك نه‌وتوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو نه‌وت و سامانی عێراقیشیان پێشكه‌ش كرد بن.. كه‌واته‌ ناتوانرێت به‌وانه‌ بوترێت: بۆره‌پیاو!!
چه‌مكی بۆره‌پیاو، دێرینه‌و له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ هه‌بوون و ژماره‌شیان كه‌منه‌بووه‌، ئه‌وانه‌ی جاش بوون و جاسوس و خۆفرۆشی به‌عسی فاشی بوون و بۆ قه‌راغه‌ كولێره‌یه‌ك و ئیمتیازاتی زۆر هیچ و بێنرخ برای خۆشیان راده‌ستی ئه‌منه‌ سه‌ر ره‌شه‌كانی سه‌دام كردوه‌.. بۆره‌پیاو بوون..
ئه‌فسووس كه‌ له‌شێوه‌ی ئه‌و بۆره‌پیاوانه‌ هه‌تاكو ئێستاش ماون و هه‌مان ئیمتیازات و سوودو سامانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانیان پێشكه‌ش ده‌كرێت و پله‌و پایه‌و كیسه‌و مه‌قامی عه‌شایری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.. هه‌ر ئه‌وانبون كه‌ له‌ سه‌ره‌تای راپه‌ڕیندا، رۆڵی راوێژكارو دۆست و كه‌سانی نزیكی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆمانیان بینیوه‌.. ئه‌وانه‌ بۆره‌پیاون و ئه‌مڕۆ چه‌كه‌ره‌و زاووزێیان كردوه‌و ئه‌وه‌نده‌ زۆربون كه‌ هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌رێكیان لێپڕكردوین و بوونه‌ته‌ سه‌ده‌م و هۆكاری یه‌كه‌مینی گه‌نده‌ڵی له‌نێوماندا..
ئاشكراو رونتر بڵێین:
بۆره‌پیاوان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ قبوڵیانه‌ بچنه‌ شوێنی ناشیاو، له‌كاتێكدا ئه‌وان كه‌سی شیاو نین، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ نه‌فس نزمن و خه‌ریكی ماستاو ساردكردنه‌وه‌ن و هه‌میشه‌ سه‌ریان و ملیان شۆڕه‌  بۆ به‌رپرسان و سیاسیه‌كان و پله‌وپایه‌داران.. بۆره‌پیاو، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ به‌ به‌رده‌وامی هه‌ڵپه‌یه‌تی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبون، به‌رژه‌وه‌ندخوازو هه‌لپه‌رسته‌و ته‌نیا خۆی له‌بیره‌، په‌تپه‌تێنیه‌تی به‌ناو چه‌ندین حزبی ده‌سه‌ڵاتداردا.. خۆبه‌ره‌پێشه‌وه‌و زمان لووس و برسی و چاوچنۆكه‌.. یه‌ك دۆلار باوكییه‌تی و یه‌ك دۆلاریش دایكی.. بێناوه‌رۆك و نه‌زان و بێفه‌ڕو بێنرخه‌.. كه‌چی خۆشی به‌ گه‌وره‌ترین زانای سه‌رده‌مه‌كه‌ی ناگۆڕێته‌وه‌.. ته‌نیا قسه‌ ده‌كات و ده‌رفه‌ت به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی نادات دوو وشه‌ی ناو ناخی خۆی بدركێنێت و ئه‌گه‌ر دركاندیشی گوێی لێناگرێت..
 بۆره‌پیاو، كه‌سێكی بوده‌ڵ و ترسنۆك و بێهه‌ڵوێسته‌.. گه‌نده‌ڵ و دزو درۆزن و داوێنپیسه‌.. بێویژدان و بێباوه‌ڕ و بێڕه‌وشته‌.. چاوی له‌ ژیان و ناموسی نزیكترین هاوڕێی خۆیه‌تی.. بۆره‌پیاو، راپۆرتنووس و گوێزه‌ره‌وه‌ی هه‌موو هه‌واڵێكی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆیه‌تی.. ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆره‌پیاوه‌ بوو به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر:
 رقی له‌ هه‌موو كارمه‌نده‌كانی خوار خۆیه‌وه‌یه‌تی و متمانه‌ی به‌ هیچیان نییه‌و به‌چاوێكی سووك و پڕ له‌ته‌ماح و مه‌سڵه‌حه‌ته‌وه‌ ته‌ماشای زۆربه‌یان ده‌كات.. وه‌ڵامی پیاوی هه‌ژارو ئازادو ئازاو خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بیروڕای سه‌ربه‌خۆ ناداته‌وه‌، ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ خه‌ریكی كاری گه‌نده‌ڵی و بۆگه‌نن.. چاوی به‌كه‌سانی زاناو دانای ناو دائیره‌كه‌ی و كه‌سوخزمان و كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی هه‌ڵنایه‌ت.. به‌ فیزه‌وه‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌ڕوات و له‌نێو قه‌ڵای بوغراییدا نوغرۆبوه‌.. ده‌رگاكه‌ی هه‌میشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌قاوده‌ق له‌خۆی ده‌چن و سوودیشی ئه‌گه‌ر هه‌بوو هه‌ر بۆ ئه‌وانه‌یه‌.
 ئه‌مجۆره‌ بۆره‌پیاوانه‌، كه‌سیان هێنده‌ی خۆیان خۆشناوێت، چونكه‌ ئه‌مانه‌ خۆپه‌رستن، حزب و قسه‌ی زل و فه‌لسه‌فه‌ی پووچ ده‌كه‌نه‌ ئامراز بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ گڵاوه‌كانیان.. ئه‌مانه‌ن كه‌ له‌ سه‌یاره‌ی جام ره‌شدان، ئه‌مانه‌ن كه‌ گوێیان سمیوه‌و گوێیان له‌ ئاهوناڵه‌و ئازاری كه‌سانی نه‌دارو پێویست و لێقه‌وماو نیه‌، ئاشق به‌ ڤێلاو مه‌زره‌عه‌و ژنی هۆفرۆشی سه‌ماكارو شه‌وانی سووره‌..
 ئه‌مانه‌ن كه‌ چاویان زه‌قه‌ی دێت و كه‌چی كوێرن و هه‌رگیز ناهه‌قی و ناڕێكی و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان نابینن.. ئه‌مانه‌ن كه‌ له‌ وتنی قسه‌ی هه‌ق ده‌ترسن و پاساوی ناڕاستیش بۆ گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری حزب و به‌رپرسه‌كانی خۆیان دێننه‌وه‌.. ئه‌مانه‌ن كه‌ ناهێڵن نیشتمان ببێته‌ به‌هه‌شتێك كه‌ خه‌ونی ملیۆنان له‌ هاونیشتمانی و هاوڵاتی زێده‌كه‌ی خۆیان بێنه‌دی..چونكه‌ وه‌كو مرۆڤێكی به‌به‌هاو خاوه‌ن ماف ته‌ماشایان ناكه‌ن !!
تا ئێره‌، بۆره‌پیاومان باسكرد، به‌ڵام شایانی وتنه‌ پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌م باسه‌م بێنم ده‌بێت توێژی ژنانیش بیر نه‌كه‌م و بۆ هاوسه‌نگ راگرتنی ئه‌م دۆزه‌، ده‌بێت ئه‌وانیش بێنینه‌وه‌ یادمان.. مه‌خابن بۆره‌ژنانیش هه‌ن و ده‌مێكه‌ ئه‌م بۆره‌ ئافره‌تانه‌ خۆیان فرۆشتووه‌و له‌ كۆندا، خۆیان و له‌ش و كه‌رامه‌تی خۆیان راده‌ستی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و ئه‌مه‌ی خۆمان و كه‌سانی داوێنپیس بون.. بۆره‌ژنانێكیش هه‌ن كه‌ شوێن و پایه‌ی به‌رزیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی و خۆپه‌رستی ئه‌وان وایكردووه‌ ئه‌و پله‌یه‌ هیچ نرخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی نه‌بێت و رۆڵێكی ئه‌وتۆی نه‌گێڕا بێت، ته‌نانه‌ت له‌ پێشكه‌وتنی توێژه‌ هه‌ناسه‌ سارده‌كه‌ی خۆشیدا كه‌ توێژی ژنانه‌و له‌كاتی هه‌ڵوێست و وتنی قسه‌ی هه‌قدا، به‌لاڕێدا چووه‌و دژی خۆی و توێژه‌كه‌ی خۆی بڕیاری داوه‌و ده‌ستی له‌رزۆكی به‌رز كردۆته‌وه‌.. كه‌منین ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ پردی دوژمن و خیانه‌تیان له‌ باوك یان برا یان مێردی خۆشیان كردووه‌..!!


حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

Previous
Next