
پیاوه پیره‌كان ناتوانن چاكسازی بكه‌ن … نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی
( محه‌مه‌د عه‌بده ) قسه‌یه‌كی جوانی هه‌یه ده‌ڵێ ( من باوه‌ڕم به‌گۆڕانی گه‌وره‌و به‌ساڵاچووان نیه چونكه ئه‌وان چۆن ده‌قیان گرتووه هه‌ر واده‌بن و ناگۆڕێن ) بێگومان ئه‌م قسه‌یه ده‌قاوده‌ق له‌گه‌ڵ واقیعی ئێمه‌دا ده‌گونجێ , چونكه سه‌ركرده پیرو بهساڵاچووهكانمان نهئامادهن بیروبۆچوونی خۆیان بگۆڕن نهئامادهشن چاكسازی له‌سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌یاندا بكه‌ن , واتا چۆن ده‌قیان گرتووه هه‌رواده‌بن , گۆڕانكاری یاخود چاكسازی یه‌كێكه له‌بنچینه هه‌ره بههێِزهكان بۆ بنیاتنان و به‌ره‌وپێش بردن و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگا , به‌ڵام ئه‌و چاكسازییه له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سانی به‌هێزو به‌توانا ئه‌نجام ده‌درێ نه‌ك كه‌سانی پیرو به‌ساڵاچوو , پیره‌كان هه‌میشه ڕابردوو ده‌هێننه‌وه به‌رچاوی خۆیان و منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه ده‌كه‌ن , كه چۆن رزگاریان كردوون و هه‌موو ته‌مه‌نی خۆیان لهشۆرهش و خه‌باتدا سه‌رف كردووه , هه‌میشه بیر له‌ڕابردوو ده‌كه‌نه‌وه بۆیه ناتوانن بۆ داهاتوو شتێك بكه‌ن , له‌به‌ر پابه‌ندبوونیان به‌ڕابردووه‌وه ناتوانن بۆئاینده ته‌كانێك بده‌ن و به‌جدی بیر له‌داهاتووی گه‌له‌كه‌یان بكه‌نه‌وه , ئاخر ڕابردوو با وه‌كو مێژوویه‌كی پرشنگدار سه‌یر بكرێ نه‌ك خۆت و حیزبهكهتی پێ سه‌رقاڵ بكه‌یت و ئاگات له‌و پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییانه نه‌بێت كه له‌جیهاندا ڕووده‌ده‌ن , ئێستا جیهان به‌خێرایی ده‌گۆڕێت و پێشده‌كه‌وێ جا هه‌ر وڵاتێك له‌و كاروانه داببڕێ له‌ڕووی ئابوری و گه‌شه‌كردنه‌وه هه‌ره‌س ده‌هێنێ , بۆیه پێویسته سه‌ركرده پیرو به‌ساڵاچووه‌كان واز له‌پۆسته‌كانیان بهێنن و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی بده‌نه ده‌ست كه‌سانی به‌هێزو به‌توانا , پێویسته ئه‌وكه‌سانه بكرێن به‌به‌رپرس كه له‌گه‌ڵ ئاستی وشیاری خه‌ڵك و ئاستی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی جیهان بگونجێن , كه‌سانێك كه له‌خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان و چین و توێژه‌كانی كۆمهڵگادابن نه‌ك حیزب و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه , پێویسته ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه به‌كه‌سانێك بسپێردرێ كه به‌ڕاستی هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و به‌عه‌قڵێكی كراوه بیربكه‌نه‌وه نه‌ك به‌عه‌قڵی داخراوی حیزب , له‌بیست ساڵی حوكمڕانی خۆماندا ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌مان له‌گه‌ڵ حیزبه تۆتالیتاره‌كانی خۆماندا هه‌بووه نیو ئه‌وه‌نده كێشه‌مان له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا نه‌بووه , ئه‌وه‌نده‌ی حیزبه تۆتالیتاره‌كانی خۆمان ئابوری ئه‌م وڵاته‌یان ئیفلیج كردووه‌و ژێرخانی ئابورییان تێكداوه داگیركه‌ران ئه‌وه‌نده‌یان پێنه‌كراوه , سه‌ركرده كورده‌كان له‌ژینگه‌یه‌كی ناته‌ندروست و بارودۆخێكی پڕ له‌شه‌ڕو ململانێ پیگه‌یشتوون , بۆیه نه‌یانتوانیوه گه‌شه به‌فیكری خۆیان بده‌ن و له‌ئاست په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه‌كانی جیهاندا بن , یاخود له‌وچه‌ند ساڵه‌ی ئه‌زموونی خۆیاندا شتێك پێشكه‌ش بكه‌ن كه مایه‌ی شانازی بێت هه‌م بۆ ئێستا‌و هه‌م بۆ داهاتوو ,
( عه‌لی عیزه‌ت بیگۆفیچ ) سه‌ركرده‌یه‌ك بوو له دۆخێكی نائاسایی و له‌ژینگه‌یه‌كی پڕ لهكیشهو ململانێدا پێگه‌یشت , كه‌چی توانی گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له‌واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری وڵاته‌كه‌یدا بكات و مێژوویه‌كی پڕشنگدار له‌دوای خۆی جێبهێڵێ , توانی گه‌له‌كه‌ی بخاته‌سه‌ر ڕاسته‌ڕێ , توانی نه‌ك هه‌ر ژێرخانی ئابوری وڵاته‌كه‌ی بنیات بنێته‌وه‌و كه‌رتی كشتوكاڵ ببوژێنێته‌وه , به‌ڵكو توانی كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌كانیش بینابكاتهوهو متمانه‌و توانایان بۆ بگێڕێته‌وه , به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی لای خۆمان نه‌ك ئابوری وڵاتیان به‌ره‌و ئیفلیج بوون برد , به‌ڵكو كه‌سایه‌تی مرۆڤیشیان به‌ره‌و داڕوخان برد‌و وایان كرد كه مرۆڤی كورد متمانه‌ی بههێزوتوانای خۆی نه‌بێت , ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌جیاتی بنیاتنانه‌وه‌ی نیشتمان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان و گرنگی دان به‌كه‌رتی كشتوكاڵ هه‌ستاوه بهوێرانكردنی گونده‌كان , ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌ك گه‌شتێكمان كرد بۆ دۆڵی جافه‌تی , له‌گوندی ( مالومه ) گه‌نجێكی دوكاندارمان بینی لێمان پرسی دۆخی ئه‌م گونده چۆنه , وتی : ئه‌م گونده جاران به‌هه‌شت بوو به‌ڵام ئێستا بۆته جه‌هه‌نه‌م , وتمان بۆچی ؟ وتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌م گونده كه‌م كه‌س ماوه خاوه‌نی ڕه‌زو باخ و زه‌وی و زاری خۆی بێت , مه‌سئول و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان لهشارهگهورهكانهوه دێن و به‌هه‌ر نرخێك بێت زه‌وی و كێڵگه‌و باخ ده‌كڕن , خه‌ڵكی ئه‌م گوندانه‌ش هه‌ژارو ده‌ست كورتن لهتهماحی ئه‌و پاره زۆره‌یه موڵكه‌كانیان ده‌فرۆشن و دوایش ناچارده‌بن ڕوو بكه‌نه شار ,
لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه حكومه‌تی كوردی یاخود ده‌سه‌ڵاتی كوردی هیچ پلانێكی نیه , هیچ به‌رنامه‌یه‌كی نیه بۆ ئه‌م وڵاته, وه‌ك بڵێی به‌ته‌مای ئه‌م وڵاته نین و خۆیان به‌خاوه‌نی نازانن , ئاخر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته چۆن ده‌بی ئه‌وه‌نده غه‌شیم بێ كه ئاگای له دۆخی گونده‌كان نه‌بێت , ئاگای له‌وه نیه كه گونده‌كان به‌ره‌به‌ره چۆڵ ده‌بن و كێڵگه‌و ڕه‌زو باخه‌كان ده‌كرێن بهمهزڕهعه بۆ مه‌سئوله كاڵفامه‌كان , ئه‌وه پاداشتی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه بۆ خه‌ڵكی گوندنشینه‌كان ؟ كه چه‌ندین ساڵ بوو شۆڕه‌شی كوردی‌یان له‌سه‌ركردایه‌تییه‌وه تا بنكردایهتی به‌خێو ده‌كرد , ئێستاش له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له‌ناوچه‌كه ڕووده‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردیش ناوه‌ناوه زوڕنای چاكسازی لێده‌دات , به‌ڵام من باوه‌ڕم وایه كه چاكسازی به‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه ناكرێ كه ئه‌زموونێكی دورو درێژیان هه‌یه له‌گه‌نده‌ڵی , ئه‌و چاكسازییه‌ی كه ده‌سه‌ڵات به‌ته‌مایه بیكات بریتییه له‌دروستكردنی فه‌زایه‌كی سیاسی تر كه جێگای هه‌ندێك حیزب و لایه‌نی تری تێدا ببێته‌وه له حكومه‌تدا , له‌وه زیاتر شتێكی تر لهگۆڕێدانیهو با خه‌ڵك چاوه‌ڕێ نه‌كات ,
najataspindary@hotmail.com
تیبینی: ئه‌و بابه‌ته له رۆژنامه‌ی هاولاتی بلاوبۆته‌وه