Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
ته‌قینه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كان ….  بورهان ئه‌حمه‌د

ته‌قینه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كان …. بورهان ئه‌حمه‌د

Closed
by October 31, 2011 ئەدەب

 

هێشتاكه‌ قوتابی كۆرسی تریفه‌ بووم
سپێده‌م به‌سه‌رپشتی پڵنگێكه‌وه‌ ده‌گه‌یانده‌ قوتابخانه‌
شتێكم له‌وانه‌ی زه‌رده‌واڵه‌كان نه‌خوێندبوو
نه‌مده‌ویست شاره‌زای پێچاوپێچی
گه‌مه‌ی كۆڵانی قه‌زه‌مه‌كان بم
زستانه‌كان ڕێگه‌یان پێگرتم
شه‌خته‌ هێنامیه‌ به‌ر ده‌رگای بیابانی وه‌زره‌كان
به‌سركه‌و ترشه‌ڵۆكی سه‌رماوه‌
به‌ر ده‌ستڕێژی تفتی هۆشمه‌ندیاندام
جزمه‌یه‌ك له‌چه‌رمی قه‌زاوقه‌ده‌ریان پێ‌ له‌ده‌ستگرتم
هاوینان به‌و هه‌موو ڕۆمانانه‌ی خۆره‌وه‌
عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی پرشنگی ئاوێنه‌ی چیرۆكێك بووم
به‌هاران به‌و هه‌موو میوانانه‌ی گوڵه‌وه‌
ئه‌ڵهای مه‌رحه‌بای گوڵدانێكم ده‌كرد
پایزان گه‌ڵاكان له‌ خوینما
به‌رده‌وامییان به‌سرووده‌كانی خۆیان ده‌دا
نه‌خشه‌سازییان له‌ بیناسازی
ته‌لاری شینبوون و پێكه‌نیندا ده‌نه‌خشاند
به‌درێژایی رێگاكان
باڵداران به‌ریتمی ئاگروو ته‌رزه‌وه‌
به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ ژیله‌مۆی زریكه‌یان
به‌سه‌ر رۆشنایی قه‌فه‌سه‌كاندا ده‌پرژاند
له‌یه‌كه‌م وانه‌دا بۆپێنووس گه‌ڕام
بینیم گیرفانه‌كانی جانتاكه‌م
نۆته‌كانی دووپشك ده‌كاته‌ په‌یژه‌ی خۆی
هه‌ڵمێكی مۆر له‌چاوانمه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێ‌
كه‌هه‌ست باجی خستبووه‌ سه‌ری
زمانم پڕمه‌ی خوێن تیایدا زاوزێ‌ ده‌كا
ئه‌سپی ده‌ماره‌كانم پڕ به‌ده‌شتایی جه‌سته‌م ده‌یانحیلاند
له‌ كۆتایی پاژنه‌كانمه‌وه‌ سروودی ده‌چڕی
دیواری پۆله‌كه‌ ده‌بووه‌ ڕه‌نگێكی تۆخی
ناڵه‌ی مۆسیقای خوێنێكی بێڕه‌نگ
به‌ڕاڕه‌وه‌كاندا ده‌كه‌وته‌ پیاسه‌
یه‌ك یه‌ك به‌ پۆله‌كاندا ده‌گه‌رَا
له‌سه‌ر چیمه‌نتۆ و كاشییه‌كه‌ش فرمێسك و نسكۆ شینده‌بوو
مامۆستای كیمیا له‌ته‌خته‌ ڕه‌شه‌كه‌ نووسی
بۆئه‌وه‌ی له‌ كوێربوون بگه‌ین
هه‌ریه‌كه‌و پێویستمان به‌رۆژێك نابینایی هه‌یه‌
بۆئه‌وه‌ی له‌نركه‌ی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی حاڵیبین
سه‌عاتێكمان به‌سه‌ بۆ رۆچوون به‌نێو ئه‌شكه‌وتی خنكانا
به‌م شێوه‌یه‌ كۆتایی به‌ رسته‌كه‌ هێنا
مشتێك روِووناكی
له‌چاوی تاریكی ئه‌م به‌یانییه‌ی نیشتمانه‌وه‌
به‌شداری زه‌ماوه‌ندی مردووه‌كان ده‌كات
ده‌ڕژێته‌ سنگی باڵنده‌كانه‌وه‌
تێكه‌ڵ پژمینی دره‌خته‌كان ده‌بێت
به‌هه‌ستێكی ئاونگاوییه‌وه‌ گوێمده‌گرت
ده‌سكه‌وتم گۆزه‌یه‌ك فیغان و فیزاحی گوندنشینه‌كان بوو
مێژوو به‌سمێڵه‌ بژه‌كه‌یه‌وه‌ خۆیكرد به‌پۆلا
هه‌موومان هه‌ستاینه‌ سه‌ر پێ‌
هه‌موو چوینه‌وه‌ به‌ر ئاگردانی سه‌رماو سۆڵه‌
مێژوو نووست
به‌ڵام لرفه‌ی زوقوم و شه‌خته‌ سه‌رخه‌وێك ناشكێنن
تا ئێره‌ قسه‌ی نه‌سته‌قی مامۆستاكه‌م بوو
چوومه‌وه‌ ژێر پانكه‌كانی له‌رانه‌وه‌ی هه‌ست
روحم خسته‌ ژێر دووشی حه‌رفه‌كان
به‌سه‌مای ڕه‌وانبێژی ئه‌ستێره‌یه‌كی زمانزان
جریوه‌م له‌ باڵنده‌كان ره‌هن كرده‌وه‌
له‌سه‌ر داوای وتاری زه‌رده‌خه‌نه‌كانی مانگ
كاره‌بای راڤه‌كردنم گه‌یانده‌ كووچه‌و كۆڵانه‌كانی سه‌رم
چرایه‌كم له‌ فام و لێكدانه‌وه‌ داگیرساند
له‌سه‌ر ویستی گوڵ
پارچه‌یه‌ك په‌ینی هه‌ورم برد به‌ دیاری
ناهێڵم هه‌وره‌كان له‌پێویستی توورخه‌ی مه‌زراكان زیاتر هێڵنج بده‌نه‌وه‌
نه‌بادا پێكه‌نینه‌كانی باران
زراوی فێنكایی هه‌ناوی بارینیان بچێ‌
دڵۆپه‌كانمان لێزویرببن
ئاره‌قه‌و هه‌ناسه‌بڕكێی ڕۆژانی رابردوو
به‌ته‌نیشتمه‌وه‌ باوێشكی ده‌دا
دوودڵ بووم له‌وه‌ی كام گه‌واڵه‌ی ئاگر كوژێنه‌وه‌
بده‌مه‌ سه‌ر مه‌ڵۆی گڕگرتووی خه‌رمانی دڵما
مامۆستای جوگرافیا
پیی ووتین :
له‌بیرتان نه‌چێت , ئه‌م زه‌وییه‌ وه‌ك هێلكه‌ خڕه‌
به‌ڵام زه‌ردێنه‌كه‌ی له‌وانه‌ی سه‌حرای كیمیادا
بزن مژۆكێكی به‌ڵه‌ك هه‌ڵیقووراند
ئێستاكه‌ بێ‌ تووخم و ناووك
رۆژه‌كانی ده‌خاته‌ سه‌ر پشتی دۆلفینی كاته‌وه‌
له‌مه‌و دووا هیچ سۆڤانه‌ هه‌ورێك نابێته‌ مایه‌ی پیتاندنی باران
ئه‌شكه‌وت كتێبی ماندووی ئه‌ژنۆی رێبواران ناخوێنێته‌وه‌
گه‌ڵا سرووده‌كانی لق له‌به‌ر ناكات
زه‌وی ته‌فسیری شینبوونی  دره‌ختی پێناكرێت
هیچ وه‌رزێك چیمه‌نی پێناخرێته‌ بازنه‌ی قایلبوونه‌وه‌
گوڵ نابێته‌ مایه‌ی دڵدانه‌وه‌ی به‌هار
فڵچه‌ واز له‌ دایكایه‌تی خۆی بۆ رَه‌نگ ده‌هێنێ‌
له‌ئه‌مڕۆ به‌دوواوه‌ سپێده‌ بۆ پێشوازی رۆژێكی نوێ‌
وه‌ك و كچێكی تازه‌ بالقبووی ماڵه‌ هه‌ژارێك
له‌و دیو دیواره‌كانی كاته‌وه‌ خۆی ده‌شارێته‌وه‌
له‌م وانه‌و جادووه‌ به‌دوواوه‌
مناڵ بۆ گه‌وره‌ بوونی خۆی
ده‌بێ‌ زه‌حمه‌تێكی زۆر بكێشێ‌
باڵنده‌ له‌به‌ر خاتری چاوه‌ شینه‌كانی چۆرێك ئاو
ده‌بێ‌ تۆبه‌ له‌ نیشتنه‌وه‌ بكات
له‌وه‌رگرتنی ئازووقه‌ی ئه‌م خۆره‌ به‌دوواوه‌
ده‌بێ‌ بوودجه‌ی تریفه‌ بۆ شه‌و زیاد بكرێت
پاش دابه‌شكردنی به‌شه‌ خۆراكی سووتان
به‌سه‌ر ته‌پۆڵكه‌كانی ئێسك و گرده‌كانی گۆشتدا
ده‌ڵێین راوه‌ستن
ئێمه‌ به‌زیاده‌وه‌ بایه‌خدانی بیابانمان وه‌رگرت , به‌زیاده‌وه‌ گوێرایه‌ڵی وه‌عزوو وێرده‌كانی بووین , به‌زیاده‌وه‌ شه‌نی خه‌رمانی بێئومێدیمان كرد, به‌زیاده‌وه‌ جگه‌ره‌ی تووتنی تاڵی بێده‌نگیمان كێشا ,ئێمه‌ دره‌خته‌كانمان به‌قه‌ناعه‌ت مووتربه‌ كرد, شه‌رابی گه‌ڵای رزیومان نۆشی ,
له‌م رێزلێنانه‌ی ئه‌م باخه‌ به‌و لاوه‌
بۆ جارێكی تر
كلۆرۆفیل گه‌ڵا ده‌باته‌وه‌ له‌وه‌ڕگه‌ی سه‌وزایی
كه‌سێك دێت
نیوه‌ی شه‌یتانه‌و نیوه‌كه‌ی تری فریشته‌
كتێبه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ ,چه‌قۆ ده‌خاته‌ گه‌ردن ووتاره‌كانی خواوه‌
له‌نیوه‌ڕوانێكی تاریكدا هه‌ناوی فه‌رمووده‌كان ده‌داته‌ به‌ر ده‌سڕێژ
ده‌م و چاوه‌ خه‌ته‌رناكه‌كان بزر ده‌بن
روخساره‌ نوورانییه‌كان وه‌ك هه‌ڵم به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌كشێن
سیماگه‌لێكی دی له‌زه‌وی رووانینمان ده‌بنه‌ دره‌ختی گفتووگۆ
نازانین زمانیان شوشه‌ی گوڵاوه‌ ,یان په‌نجه‌كانیان عه‌ماری دڕك
نازانین له‌به‌رباخه‌ڵیان قه‌ڵه‌م ده‌په‌یڤێ‌ , یان ژه‌هر قاقا گرتوویه‌تی
تێناگه‌ین رۆشنایی ده‌نووسنه‌وه‌, یاخوود ئینجانه‌ی تاریكی
وه‌ك دیاری له‌سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌كان داده‌نێن
ده‌م وچاوه‌ جوانه‌كان , روخساره‌ درژه‌كان ,
نیگا مۆنه‌كان , سیما پاكه‌كان
سوار هه‌مان شه‌مه‌نده‌فه‌ر بوونه‌ , به‌هه‌مان تابووتی هه‌ور ده‌شارێنه‌وه‌ , به‌هه‌مان بوخچه‌ی تاریكی ده‌پێچرێنه‌وه‌ , له‌گه‌ڵ هه‌مان قافڵه‌دا ده‌رۆن
چون ده‌مامك بووه‌ته‌ جانتای سه‌فه‌ری هه‌مووان ,
ئیدی ئه‌و رۆژه‌ , رۆژی دابه‌شكردنی سه‌رقاڵی , رۆژی وه‌رگرتنی فۆرمی به‌شنه‌كردنی كات به‌سه‌ر ئێمه‌دا .
لێمگه‌ڕێ‌ گیرۆده‌ی لێكدانه‌وه‌كانی بۆشاییم
كوونه‌په‌پوویه‌ك له‌سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌كه‌مان نیشتۆته‌وه‌
له‌ مێژووی پێكانی فڕیندا ده‌ستێكی باڵای هه‌یه‌
ئه‌وه‌ دووا ده‌ست هه‌ڵبڕینه‌كانی په‌پووله‌ بوو له‌ ماچی پونگه‌ی قه‌راغ جۆگاكان
كونه‌په‌پوویه‌ك سنگ به‌رز , به‌مه‌مكدانی به‌رزه‌وه‌
پاش تۆزێك دانه‌وێڵه‌ی حه‌شوه‌ی رۆكرده‌ سه‌ر ئه‌رزی حه‌وشه‌كه‌
ئه‌وه‌ كۆتایی وه‌رزێك بوو چوبووه‌ عومره‌وه‌
كونه‌په‌پووه‌كه‌ به‌سه‌ر ته‌نافی فڕینه‌وه‌ لاربووه‌وه‌
ئه‌ستێره‌كان خۆڵه‌مێش بووه‌ كفنیان
مانگ رێزمانی دره‌وشانه‌وه‌ی له‌فه‌رهه‌نگی تاریكی تۆماركرد
ئێمه‌ش زمانمان به‌رۆشنایی پژا
كوكوختییه‌ك له‌ هێلانه‌ی سه‌عاته‌ هه‌ڵواسراوه‌كه‌ی
 قه‌د دیواره‌كه‌وه‌ سه‌ره‌تاتكێیه‌تی
فڕییه‌ سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی به‌رده‌مم
باڵێكی شیری تریفه‌ی لێده‌تكا
له‌ شاباڵه‌كانی تریه‌وه‌ چۆرچۆر ڵێڵی ده‌كه‌وته‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی
ده‌فته‌ری نیگاركیشان
به‌پۆدره‌ی درۆ و ده‌له‌سه‌ گه‌ردگه‌رد ده‌م وچاومی ئارایشت ده‌كرد
ڕه‌نگه‌كان ئاوێته‌ی یه‌كتری بوون
له‌توانای هێڵه‌گدا نه‌مابوو
ڕه‌نگ ڕه‌نگ بیانباته‌وه‌ سه‌ر سفره‌ی جیاكردنه‌وه‌
په‌پوله‌یه‌كی چه‌كدار له‌سه‌ر سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌كه‌دا
زۆر به‌ هێمنی هاتووچۆی پیاسه‌ی شیعری ده‌نووسییه‌وه‌
لێوه‌كانی خۆی
بۆكوشتنی چه‌ند مناڵه‌ كۆپله‌یه‌ك وچه‌ندبولبوله‌ برَگه‌یه‌كی تر ده‌كرۆشت
په‌پووله‌كه‌ سێبه‌ری ده‌سته‌كانی منی كرده‌ په‌ناگه‌
كوكوختییه‌ك له‌ناو له‌پمدا بۆگوێلێك ئاو ده‌گه‌ڕا
مامۆستای جوگرافیا ووتی :

ئه‌مه‌ زه‌مه‌نی ته‌قینه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كانه‌
سه‌رده‌می گه‌یشتنه‌ جێگای قافڵه‌یه‌كی دیكه‌یه‌
كرانه‌وه‌ی ده‌سته‌ ڕه‌هاكانی ته‌وقه‌ی باڵنده‌یه‌كی تره‌
كه‌ ده‌مێكه‌ فڕینی به‌سه‌ر پشتی رۆشناییه‌وه‌ هه‌ڵگرتووه‌
خرۆشانی بێده‌نگییه‌ به‌سه‌ر له‌وحه‌كانی پاراوبووندا
به‌ڵام زۆر سه‌یره‌ !!
3/4 ی زه‌وی ئاوه‌,كه‌چی ئێوه‌ هه‌ر تینوون
مامۆستا كتیبه‌ چاپنه‌كراوه‌كه‌ی داخست
ئاسۆ له‌پێشمه‌وه‌ كه‌وته‌ رێ‌
له‌به‌رده‌م لافاوی ڕوانینمدا په‌نگی خوارده‌وه‌
چاودێری پۆله‌كه‌ زه‌نگه‌كه‌ی له‌خه‌و هه‌ستان
مێژووش نووست
سروشت بالیفی گوڵ وپه‌تووی گه‌ڵای ئاماده‌ كرد
به‌هار كومباروو قالی چیمه‌نی ڕاخست
وه‌لێ‌ زقوم و شه‌خته‌ ,ڕه‌هێڵه‌ی به‌فر به‌ته‌مای نووستن نین
ئاگروو زریان ,بوومه‌له‌رزه‌ی خوێن به‌نیاز نین سه‌رخه‌وێك بشكێنن
ئازادی به‌شتێك متمانه‌وه‌ چووه‌ پشت مێزه‌كه‌وه‌
به‌جۆرێك له‌ دڵنیایی, به‌چه‌شنێك له‌ نیگه‌رانی له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ دانیشت
ئازادی پاڵتۆ له‌به‌ر ناكات,ئازادی گوێ‌ له‌وانه‌كان خه‌وتن ناگرێ‌ ,جبه‌ ناداته‌ سه‌ر شانییه‌وه‌,ئاخر ئازادی چه‌تری بۆچییه‌ …..؟
ئازادی سه‌رپۆش ناپۆشێت ,باوه‌شێن ناگرێته‌ ده‌ستییه‌وه‌ ,بۆینباغ نابه‌ستێ‌
ئازادی پێڵاوه‌كانی بۆیه‌ ناكات ,ئازادی ده‌رپێی نییه‌ بیشوات
ساده‌یه‌یه‌ وه‌ك رۆیشتنی منداڵێك ,ساكاره‌ وه‌ك مه‌ته‌ڵه‌كانی نه‌نكم
ئازادی پێكه‌نین و كه‌ناریا , كتێب و رۆشنایی
له‌ كۆشكه‌كانا به‌ند ناكات
له‌ مۆزه‌خانه‌كاندا نایانسپێرێته‌ مۆمیا
ئازادی ڕووته‌ ,,,,
رووته‌ رووووووو…ت 

بورهان ئه‌حمه‌د

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.