چاوپێکەوتنێک لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی
پێدەچێت کەممان بە بەرهەمەکانی ئازاد بەرزنجی ئاشنا نەبووبین . ئازاد بەرزنجی لە بواری وەرگێڕان و فکرو ڕۆشنبیری کوردی ئەمڕۆماندا ، ناوێکی دیار و قەڵەمێکی سەنگینە. وەرگێرانەکانی لەبواری ئەدەب و فکردا ، جێگای دەستخۆشی لێکردنن . کەسێک کە ژیانی تایبەتی خۆی ،تەنها بۆ گواستنەوەی ووشەو فکری جوان تەرخان کردبێت . ئێمە لە ڕێگای وەرگێڕانەکانی ئازاد بەرزنجیەوە، ئاشنایەتیمان لەگەڵ ئەریک فرۆم ،کارل پۆپەر ، بزوورگی عەلەوی و چەندان ناوی تری جیهانی پەیداکرد. بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەمجارەیان وویستمان لە ڕێگای دیالۆگێکی ڕاستەوخۆوە، بۆچوون و دیدەکانی ئەم نووسەرە بەتوانایە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری نەوشەفەق بخەینە ڕوو.
• لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانتاندا دەڵێن ، کورد هیچ بیرمەندی نییه . پێتان وانییه کەمێک توندڕەویتان لەم بۆچوونەتان کردبێت ؟
– ئه‌مه که‌وتۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی که چۆن ده‌ڕوانینه که‌سی بیرمه‌ندو چۆن له چه‌مکی بیرمه‌ند ده‌گه‌ین. مه‌رج نییه هه‌ر که‌سێک خۆی له‌قه‌ره‌ی مه‌سه‌له فیکرییه‌کان دا؛ بتوانین به بیرمه‌ند ناوی به‌رین، یان هه‌رکه‌سێک دوو سێ بابه‌تی فیکری و لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکریی نووسی پێی بڵێین بیرمه‌ند. بیرمه‌ند که‌سێکه خاوه‌نی میتۆدێکی دیاریکراوی خۆیه‌تی و له ڕێی ئه‌و میتۆده‌وه گوتاری فیکری به‌رهه‌مدێنێت. گوتارێک که کاریگه‌ریی دیاری له‌سه‌ر ڕه‌وتی فیکری و ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌بێت. گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بڕوانینه دونیای ڕۆشنبیریی خۆمان پێم وا نییه ئێمه خاوه‌نی ئه‌مجۆره بیرمه‌نده بین. به‌ڵێ، نکووڵی له‌وه ناکرێ که له مێژووی ئێمه‌دا که‌سانێک هه‌بوون ناوبه‌ناو هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی فیکرییان وروژاندووه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بووه‌ته هۆی به‌رهه‌مهێنانی گوتاری فیکری لای ئه‌وانه‌و له باشترین حاڵه‌تدا له قسه‌کردن له‌سه‌ر هه‌ندێ دیارده‌و خستنه‌ڕووی هه‌ندێ ڕه‌خنه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له تێپه‌ڕی نه‌کردووه.
• ئێوە دەڵێن ، کورد بە درێژایی چەندین سەدە لە بواری فیکردا بێ دەنگ بووە. ئایا بوونی ئەم هەموو بزاڤە ئاینیی ومه‌زهەبییەی کەلە کوردستاندا هەیە، کەهەریەکەیان خاوەنی تێڕوانینی تایبەت بە خۆیان بۆ ژیان، نیشانەی بوونی بزاڤی فکری ناگەیەنێت ؟ .
– قسه‌کردنی من قسه‌کردن نه‌بووه له‌سه‌ر عه‌قڵی دینی لای کورد،به‌ڵکو قسه‌کردن بووه له‌سه‌ر عه‌قڵی فه‌لسه‌فی و عه‌قڵی زانستی. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له بواری فیکری دینیشدا با ته‌ماشا بکه‌ین و بپرسین فه‌رموو ئێمه چه‌ند که‌سی وه‌کو عه‌بدولکه‌ریم سروش و عه‌لی شه‌ریعه‌تی و فڵان و فیسارمان هه‌یه؟ به‌شێکی زۆری ئه‌و بزاڤه ئایینی و مه‌زهه‌بیانه‌ی له کوردستاندا هه‌بوون و هه‌ن له‌ناو ڕه‌حمی ئایینی ئیسلامه‌وه هاتوونه‌ته ده‌رێ که له‌بنه‌ڕه‌تدا ئاینێکیی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌و له ڕێی فتوحات و ده‌عوه‌وه به‌ناو میلله‌تانی تری غه‌یره عه‌ره‌بدا بڵاو بۆته‌وه‌و کۆی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ش که بوونه‌ته ته‌وه‌ری ئه‌و بزاڤه ئایینی و مه‌زهه‌بییانه له‌و مه‌سه‌لانه ده‌رناچن که له ده‌قی کتێبی پیرۆزی موسڵماناندا خراونه‌ته ڕوو. ئێمه نابێ بزاڤی فیکرییش له‌و بزاڤه ئایینی و مه‌زهه‌بیانه‌دا کورت بکه‌ینه‌وه.
• نووسەری فەرەنسی جۆرج ستاینەر دەڵێت : تێگەیشتن ، مانای سەرەکی وەرگێڕانە. بیرمەندی فەرەنسیش بۆل ریکۆر دەڵێت : کاری وەرگێڕان نزیککردنەوەی خوێنەرە لە نووسەر ، یان بە پێچەوانەوە . ئایا ئێوە چۆن پێناسەی وەرگێڕان دەکەن ؟
– وه‌ک له زۆر شوێندا وتوومه، وه‌رگێڕان سه‌ر له‌نوێ خولقاندنه‌وه‌ی ده‌قێکه له سیستمێکی زمانه‌وانی و که‌لتووریی تردا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م خولقاندنه‌وه‌یه‌ش زه‌حمه‌ته کوتومت وه‌ک ئه‌سڵه‌که بێت، به‌ڕای من نابێ واش بێت. ئه‌وه‌ی داوای ئه‌م کوتومتییه ده‌کات له گه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و هونه‌ری وه‌رگێڕان تێناگات. ده‌قێک که له که‌لتوورێکی دیاریکراودا به‌رهه‌م ده‌هێنرێ،ڕه‌هه‌ندو ده‌لاله‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و کاریگه‌ریی له‌ناو کۆنتێکستی ڕۆشنبیریی ئه‌و که‌لتووره‌دا جیاوازه له ڕه‌هه‌ندو ده‌لاله‌ته‌کانی هه‌مان ده‌ق له‌ناو کۆنتێکستی ڕۆشنبیریی ئه‌و که‌لتووره‌ی تردا که ده‌قه‌که‌ی بۆ وه‌رگێڕدراوه. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ده‌بێ جیاوازی له نێوان وه‌رگێڕانی ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌کان و ده‌قه فیکری و فه‌لسه‌فی و زانستیه‌کاندا بکه‌ین. له حاڵه‌تی ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌کانی بۆ نموونه وه‌کو چیرۆک و ڕۆماندا؛ ئه‌وا گه‌یاندنی مانا چه‌ند گرنگه هێنده‌ش خولقاندنه‌وه‌ی لایه‌نی ئیستاتیکیی ده‌قه‌که گرنگه. به‌ڵام ئه‌مه بۆ کارێکی فیکری جیاوازه .له وه‌رگێڕانی کارێکی فیکریدا، هێنده‌ی گه‌یاندنی مانا‌و چه‌مکه‌کانی گرنگه، هێنده فۆرمه‌که گرنگ نییه، مه‌گه‌ر له هه‌ندێ حاڵه‌تی تایبه‌تیدا نه‌بێت؛ بۆ نموونه کارێکی وه‌کو” زه‌رده‌شت به‌م جۆره ئاخافت”ی نیچه، که ئه‌گه‌رچی کارێکی فه‌لسه‌فییه؛ به‌ڵام فۆرمێکی ئه‌ده‌بیی به‌خۆیه‌وه گرتووه‌و خولقاندنه‌وه‌ی ئه‌و زمانه سیحرییه هه‌روا سانا نییه.
• ئێوە دەڵێن پێویستە گرینگی بە وەرگێڕانی کاری فکری و فەلسەفییە بدەین. ئایا ئەمە زوڵمێک نییه لە ئەدەب ؟
– من وه‌ختێ جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی وه‌رگێڕانی کاره فیکری و فه‌لسه‌فییه‌کان ده‌که‌مه‌وه؛ ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت که وه‌رگێڕانی کاره ئه‌ده‌بییه‌کانم به‌لاوه گرنگ نییه. هه‌ر بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش؛ به‌شێکی زۆری وه‌رگێڕانه‌کانی خۆم کاری ئه‌ده‌بین(ڕۆمان،چیرۆک،شیعر،لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هتد…) به‌ڵام ئه‌و ڕایه‌ی من له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که بۆ فه‌راهه‌مکردنی زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیکر له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، پێویستمان به کتێبخانه‌یه‌کی وا هه‌یه که سه‌رچاوه‌کانی فیکر‌و فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تیی به زمانی کوردی تیابێت. ئه‌مه‌ش به‌مانای فه‌رامۆشکردنی دونیای ئه‌ده‌ب نییه.
• ئێوە لەهەردوو بواری ئەدەب و فکردا کتێبتان وەرگێراوە. ئایا باشترنییە تەنها لە یەک ژانری ئەدەبیدا کتێب وەربگێڕیت ؟
– پێم وانییه ڕێگرێک هه‌بێت له‌به‌رده‌می وه‌رگێڕێکدا که ناچاری بکات به‌ته‌نها له‌یه‌ک ژانردا کاری وه‌رگێڕان ئه‌نجام بدات؛ ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که ده‌بێ ئه‌و وه‌رگێڕه له‌و بواره‌دا باکگراوندێکی هه‌بێت و له ئاستی وه‌رگێڕانی ئه‌و کاره‌دا بێت، ئیدی کاره‌که ئه‌ده‌بی بێت یان فیکری.
من بۆخۆم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانی خوێندنه‌وه‌و نووسینمه‌وه؛ هه‌م بایه‌خم به‌بواری ئه‌ده‌ب داوه‌و هه‌م بواری فیکریش. بۆیه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌م به‌و دوو دونیایه‌وه له‌کاری وه‌رگێڕانمدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. به‌ڵام من لافی ئه‌وه لێناده‌م که له‌و دوو بواره‌دا چه‌ند سه‌رکه‌وتووم و ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه بۆ ڕه‌خنه‌گرو بۆ خوێنه‌ر جێ ده‌هێڵم.
• لە سەرەتادا خەریکی وەرگێڕانی ئەدەبی ئەوروپی بوون ، بەڵام لە دوا بەرهەمتاندا، بەرەو دواهەمەین شوێنی رۆژهەڵات ” ئەفغانستان” گەڕاونەتەوە. هۆکاری ئەم گۆڕانە چییه ؟
– ڕاستیه‌که‌ی من دونیای ئه‌ده‌ب به‌دونیا ڕاسته‌قینه‌که‌ی ئاده‌میزاد ده‌زانم. به‌ومانایه‌ی له ئه‌ده‌بدا مرۆڤ وه‌کو خۆی به‌گۆشت و خوێنه‌وه ده‌بینین له‌ململانێیدا له‌گه‌ڵ خودی خۆی و ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا،له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و داب و نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگادا، له‌گه‌ڵ هێزه ماددی و میتافیزیکییه‌کاندا. واته مرۆڤ له‌ناو دونیای ئه‌ده‌بدا بوونه‌وه‌رێکی زیت و زیندووتره و گه‌لێ غه‌م و کێشه‌ی هاوبه‌شیش هه‌ن که ئاده‌میزاده‌کان له زۆر شوێنی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا پێکه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه.هه‌ڵوێستی ئینسان به‌رامبه‌ر به‌خۆشه‌ویستی، به‌رامبه‌ر به‌مردن، به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆری، به‌رامبه‌ر زۆر شتی تر له زۆربه‌ی پنته‌کانی ئه‌م جیهانه‌دا نزیکن له‌یه‌که‌وه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش بووبێت که هانی دابم هه‌ر ده‌قێک(جائیدی ئه‌وروپی بووبێت یان خۆرهه‌ڵاتی) به‌ڕۆحی ئاده‌میانه‌م ئاشنا بووبێت؛ هه‌ڵیبژێرم و ته‌رجه‌مه‌ی بکه‌م بۆ کوردی. له‌ئه‌ده‌بی ئه‌وروپیدا نموونه‌ی زۆر له‌و ئه‌ده‌به ئینسانییه هه‌یه، وه‌کچۆن له‌ئه‌ده‌بی خۆرهه‌ڵاتیشدا. سه‌باره‌ت به دوابه‌رهه‌میشم که وه‌رگێڕانی(( هه‌زار خۆری دره‌وشاوه))ی خالید حوسه‌ینی بوو؛ وه‌ختێ ڕۆمانه‌که‌م خوێنده‌وه، هه‌ستم کرد نموونه‌ی ئه‌و مریه‌م و له‌یلایانه‌ش له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا که‌م نین که بوونه‌ته قوربانیی ده‌ست داب و نه‌ریت و هه‌واو هه‌وه‌سی په‌تریاک و پیاوسالاره‌کان، ئه‌مه جگه له لێکچوونی کۆمه‌ڵێک بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هێزه توندڕه‌وه دژ به‌یه‌که‌کان و هتد…له‌نێوان کۆمه‌ڵگای ئه‌فغانی و کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه ده‌مه‌وێ بڵێم که نوڤڵێتێکی تری ئه‌فغانیشم ته‌رجه‌مه‌کردووه که ئاماده‌ی چاپه، به‌ناوی ((خاک و خۆڵه‌مێش)) که له نووسینی ((عه‌تیق ڕه‌حیمی))یه.
به‌ڵام ئه‌م ڕووکردنه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌م له ئه‌ده‌بی ئه‌فغانی مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که پشتم کردبێته ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی، نه‌خێر. هه‌ر بۆ نموونه‌ش له ئێستادا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێکی((سامۆییل بێکیت))م که‌ناوی ((مالون ده‌مرێت))ه. یان ده‌شێ سبه‌ینێ ده‌قێکی تری ئه‌وروپی سه‌رنجم به‌لای خۆیدا ڕابکێشێت و بیکه‌م به‌کوردی.
• لەسەرەتای نووسینتاندا کۆمەڵێک کورتە چیرۆکتان نووسی و پاش ئەوە وازتان هێنا. ئایا هۆکاری ئەم وازهێنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەلە بواری وەرگێڕاندا سەرکەتووبوون و لە ئەدەب دا سەرکەوتوو نەبوون؟ .
– له نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ند کورته چیرۆکێکی خۆم به‌چاپ گه‌یاند به‌ناوی(( ته‌رمی نه‌ناسێک)). سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌و چیرۆکانه تا چه‌ند سه‌رکه‌وتوون یان سه‌رکه‌وتوونین؛ دیسانه‌وه ئه‌وه ده‌ده‌مه‌وه ده‌ست ڕه‌خنه‌گران و خوێنه‌ران. به‌ڵام لێتی ناشارمه‌وه که به‌رده‌وامنه‌بوونم له‌سه‌ر نووسینی چیرۆک بۆ دوو هۆ ده‌گێڕمه‌وه، یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که هه‌ست ده‌که‌م وه‌رگێڕان پانتاییه‌کی زیاتری له ژیانمدا داگیر کردووه‌و وه‌ختێکی زۆری بردووم و تازه ناشتوانم ده‌سبه‌رداری بم و چه‌ند به زه‌روره‌تێکی که‌لتووری و ڕۆشنبیریی ده‌زانم، هێنده‌ش به زه‌روره‌تێکی ڕۆحی بۆ خۆم. دووه‌م هۆ ئه‌وه‌یه که من نامه‌وێ له هیچ کارێک‌دا زۆر له‌خۆم بکه‌م. نامه‌وێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌م نووسیوه؛ ئیتر به‌سه‌ر خۆمدا فه‌رزی بکه‌م که ده‌بێ له چیرۆکنووسیندا به‌رده‌وام بم. ده‌شێ سبه‌ینێ هه‌وڵی تری له‌و جۆره‌م هه‌بێت؛ به‌ڵام مه‌رجیش نییه. ده‌نا من سکێچ و بیرۆکه‌ی کۆمه‌ڵێک چیرۆکی تریشم هه‌ن به‌ڵام کارم تیا نه‌کردوون و هه‌روا جێم هێشتوون.
سازدانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا
Ardellen4@yahoo.de