Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
سێیەم كتێبی حەمەسەعید حەسەن لە بواری ساتیردا لە دەزگای ئاراس بڵاو بووەوە

سێیەم كتێبی حەمەسەعید حەسەن لە بواری ساتیردا لە دەزگای ئاراس بڵاو بووەوە

Closed

هەولێر 5 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر (ئاكانیوز) ـ سێیەم بەرهەمی شاعیر و بنووس و رەخنەگری ئەدەبیی بەناوبانگی كوردستان حەمەسەعید حەسەن لە بواری ساتیردا لە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس هاتە بڵاوبوونەوە.

ئەم بەرهەمە تازەیە بە ناوی “كاریكاتێر بە وشە”یە لە دووتوێكی 80 لاپەڕەدا ئەمڕۆ شەموو لەلایەن دەزگای ئاراسەوە هاتە وەشاندن.

شاعیری ئەم بەرهەمە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند ئەم كتێبە تازەیە كە ناوی “كاریكاتێر بە وشە”یە لە بواری نووسینی ساتیردا سێیەم كتێبە كە من بڵاوی دەكەمەوە، كتێی یەكەم ناوی “هونەری ڕاوەژن” بوو كە كۆمەڵێك كورتەچیڕۆك بوو، ئەوی دووەمیان ناوی “بە ڕوخسەتی حەزرەتی شێخ رەزا” بوو، ئەمەیان سێیەم كتێبە.

زیاتر گوتی “كاریكاتێر بە وشە” برێتییە لە سێ كورتەچیڕۆك لەگەڵ كۆمەڵێك ساتیرەشیعر و پێشەكییەك لە بواری هونەری ساتیرەوە و ساتیر لە چی دەدوێ. ئاماژەی بەوەش كرد كە هەندێك لە شیعرەكانی ئەم كتێبە دەگەڕێتەوە بۆ چوار پێنج ساڵ پێش ئێستە و هەندێكیشیان تازەن هەر لە پێنج شەش مانگی رابردوودا نووسراون.

لەبارەی یەكەم كتێبیەوە، ئەو شاعیرە گوتی یەكەم كتێبم لە بواری نووسینی ساتیردا كە ناوی “هونەری راوەژن” بوو، دوو جار لە ئەوروپا و جارێك لە كوردستان بڵاو بووەوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.

روونی كردەوە ئەو “هونەری راوەژن”ە یەكەم كتێبی كوردییە كە كۆمەڵێك كورتەچیڕۆك وەكو ساتیر نووسرابێتەوە و بڵاو كرابێتەوە، دواتر كتێب پەیدا بووە بەرهەمەكەی بكەوێتە خانەی ساتیرەوە، بەڵام ئەو كتێبە من یەكەم كتێب بوو لە بواری نووسینی ساتیردا كە كۆمەڵێك چیڕۆك بێ و هەمووی بە شێوەیەكی ساتیر نووسرابێ.

حەمەسەعید حەسەن شاعیر و بنووس و رەخنەگرێكی ئەدەبیی بەناوبانگی كوردستانە. لە سلێمانی لە دایك بووە لە هەولێر دەژی. ماوەیەكی زۆر لە هەندەران بووە.

شیاوی وەبیرهێنانەوەیە دوو مانگ لەمەوبەر شەش بەرهەمی تری حەمەسەعید حەسەن لە بوارەیلی شیعر، چیڕۆك و شانۆنامە بەناوەكانی “چۆن دڵت هات جێم بهێڵی؟”، ئەڤیننامە، هونەری نووسینی چیڕۆك، سێوی هۆشیاری، لەسەر باڵی هەورەوە، بووكەشووشەیەكی فەرامۆشكراو لە دەزگای ئاراس هاتنە بڵاوبوونەوە.

دەزگای ئاراس بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە لە ساڵی 1998دا دەستی بەكار كردووە، تا ئێستە زیاتر لە 1200 كتێبی بەچاپ گەیاندووە، جگە لەوە لە ماوەی تەمەنیدا چەندان كۆوار و بڵاوكراوەی دەركردووە، دەیان پێشانگەی كتێبی لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستاندا كردووەتەوە.

نووسینی: كارزان كانەبی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.