
به‌ره‌ی سوتاو …. ڕەسوڵ سەفەریانی
به‌رته‌سکی شوێنی ژیان، باڵای ئاواته‌کانی ئینسان کورت ئه‌کاته‌وه. ئه‌مه شتێک بوو پاش ساڵیانێک به ئه‌زمون و تاقی کردنه‌وه پیگه‌یشتبوو. ئێستاش که ناوی حه‌مام ده‌به‌ن، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕ بوونی سالانێکی زۆر به‌سه‌ر ئه‌و رۆژانه‌دا و گۆڕینی هه‌موو ژیانی بۆ ئاقرێکی تر، ده‌که‌وێته‌وه بیری رۆژانی زیندان.
ته‌نگه‌به‌ری و ته‌ره‌شۆ و شێ و تاریکی حه‌مام وه‌های لێکردبوو که زۆر جار ئێره‌یی ده‌هات به‌و هه‌ڤاڵانه‌ی وا له به‌نده گه‌وره‌کان و له نێو قه‌ره‌باڵغییه‌که‌دا بوون. بیری ئازاد بوون وه‌ک شه‌تڵی ته‌ماته‌ی چاندراو له سه‌ر عه‌رزی بێ ئاو و گه‌رمی هاوینی لێهاتبوو. ئاوێنه‌ی هیوای بۆ بینینی ئه‌ودیوی دیواره‌کان وه‌ها ورد و خاش ببوو که خۆی تیدا بۆ ساخ نه‌ده‌بووه‌وه. ئه‌وپه‌ڕی ئاواتی ئێستای جێگایه‌کی وشک و گه‌رم و بیستنی ده‌نگی هاوده‌مێک بوو.
پاش چه‌ندین جار به گژ مه‌رگدا دانی، وه‌های لێهاتبوو که حه‌زی ده‌کرد مه‌رگ جارێک له چنگی ئه‌وانی ده‌ربێنێت و بیرفێنێت. به‌ڵام مه‌رگیش به ریشێکی چڕ و سیمایه‌کی تا بڵێی ناشرینه‌وه وه‌ک نۆکه‌ری ئه‌وان ته‌نیا له ئه‌مری ئه‌واندا ده‌گه‌ڕا. بیری ده‌کرده‌وه خۆی و هاورێکانی وه‌ک موسافرانی ته‌یاره‌یه‌ک ده‌هاته به‌رچاو. ئه‌وه‌ی که تفه‌نگی له‌شانه و ژیانی قه‌ڵغانه، ئه‌وه‌یه که له ته‌یاره‌که فڕێ ده‌درێت و ده‌که‌وێته ئیشکایی و له‌یه‌ک چرکه‌دا ته‌نیا ناویێکی کورتخایه‌نی ده‌مێنێت. ئه‌وه‌ش که له به‌د شانسیدا ده‌که‌وێته ده‌ریا ئه‌وانه‌ن که ده‌ریا تا به‌رده‌م مه‌رگیان ده‌بات و هه‌ناسه‌یان به په‌نجه‌ی مه‌رگ ده‌یوه‌ستێنێت و له پڕ به‌ریان ده‌دات و ژیانێکی نیوه خنکاویان پێده‌به‌خشێته‌وه.
ساڵ و نیوێک له زیندان بوونیان تێپه‌ڕ بووبوو. سه‌عات دووازده‌ی نیوه شه‌و، کاتێک که هه‌مووان خه‌وتبوون و چرای نێو به‌نده‌که کوژرابووه‌وه. ته‌قه‌ی کردنه‌وه‌ی قفڵه زله‌که و کردنه‌وه‌ی درگا ئاسنه‌که و هه‌ڵکردنی له‌پڕی گلۆپه‌که،وه‌ک سه‌مفۆنیای مه‌رگ، زۆربه‌ی له‌خه‌و راچه‌لاند.مورته‌زای زیندان بان بوو، وه‌ک هه‌میشه به بێ گوێ دان به‌وه‌ی که هه‌موویان خه‌وتبوون، کردیه قاڵ و له رووی کاغه‌زه‌که‌ی ده‌ستیه‌وه نێوی پێنج شه‌ش که‌سی خوێنده‌وه. سه‌یر بوو هه‌موویان ئه‌وکه‌سانه بوون که له‌گه‌ڵ ئه‌م موحاکه‌مه کرابوون و به فه‌رمی حوکمیان پێرانه‌گه‌یاندرابوو. مورته‌زا وتی جله‌کانتان له‌به‌ر که‌ن و بێنه ده‌ره‌وه. ئێستا ئیتر هه‌موو به‌ندیه‌کان دانیشتبوون، سه‌یری یه‌کیان ده‌کرد. ئه‌مانیش بێده‌نگ، به‌لام ئاڵۆز و وڕ خه‌ریکی خۆ کۆکردنه‌وه بوون. هاتنه به‌ر درگاکه و روو له هاورێکانیان وتیان گه‌ردنمان ئازاد که‌ن، شته‌کانیشمان بده‌نه‌وه به که‌سه‌کانمان. که‌س وه‌ڵامی نه‌بوو، وشه‌یه‌کیش بۆ دڵخۆشی له‌ده‌م که‌س نه‌ده‌ترازا. هیچ وشه‌یه‌ک نه‌یده‌توانی ئه‌م کاته به گاڵته بگرێت. ئه‌ڵماسی هیچ ده‌نگێک له‌م شوشه‌ی بێده‌نگییه کاری نه‌ده‌کرد. مورته‌زا، دوو که‌سیتری له‌گه‌ڵ بوو، له‌ودیوو درگاکه‌وه وێستا بوون. چاوی هه‌موویانیان به‌ست. له پاش شه‌ش مانگی ئه‌وه‌ڵی گرتنیان ئه‌مه یه‌که‌م جار بوو له وه‌ها وه‌ختێکدا بانگیان بکه‌ن. هه‌روه‌ها یه‌که‌م جاریش بوو چاویان ببه‌ستن. یه‌کێک له مه‌ئموره‌کان له پێشه‌وه ده‌ستی یه‌کێکیانی گرت و ئه‌وانیتریش یه‌ک له‌دوای یه‌ک ده‌ستی یه‌کتریان گرت. دوو مه‌ئموریتر له په‌نایانه‌وه ده‌رۆیشتن. رێگایه‌کی زۆریان بردن. زانیان له درگای زیندان بردنیانه ده‌ره‌وه. ده‌یانزانی که شوێنی ئێعدامه‌کان له پشت زیندانه‌که‌دایه و درگاکه‌ی ده‌که‌وته یه‌ودیوی زیندان و ده‌بووا هه‌ر له‌م درگاوه بیانبه‌ن.. چۆک و لاق به‌زه‌بری راکێشانی یه‌کتر کاری ده‌کرد. که‌س ده‌نگی لێوه نه‌ده‌هات. ته‌نیا له‌شه‌کان له‌ڕێگادا بوون. رۆح و بیری هه‌رکه‌سه و به لایه‌کدا فڕی بوو. ئه‌میش یه‌که‌م جار سه‌ری له ویژدانی دا، لێی رازیبوو. بزه‌ی له‌سه‌ر لێو بوو، ده‌یزانی پاش گرتنی ئه‌م که‌سیتر نه‌گیراوه.
به‌ڵام ویژدانی بردیه‌وه بۆ به‌رده‌م مێزه‌که‌ی قازییه‌که وا ئێواره‌که‌ی دوارۆژه‌کانی زستانی پار له‌به‌رده‌میدا دایاننیشاندبوو. سوک وئاسان به سێ پرسیار، سێ پرسیارێک که وه‌ڵامه‌که‌یان هیچ فه‌رقی له بڕیاره‌که‌دا نه‌ده‌کرد. ئه‌مه‌ی دواتر زانی. چه‌که‌که‌ت له کوێیه؟ چه‌ن نه‌فه‌ر چه‌کدار له نێو شار ده‌ناسیت؟ چه‌ن که‌ست کوشتوه؟ ئه‌م نه‌که‌سی کوشتبوو، نه قه‌ت چه‌کی هه‌بووه و نه که‌سی چه‌کداریشی له نێو شار ده‌ناسی.
ئێستا ئیتر ئه‌وکاته‌بوو که ئاواته‌که‌ی ئه‌وه‌نده خۆی گرمۆڵه کردبوو که ده‌یتوانی له حه‌مامه ته‌نگ و تاریکه‌که‌شدا بژی. پێکه‌نینی به گه‌مه‌ی ژیان ده‌هات. که وه‌ها ده‌کات، شته‌کان له کات و شوێندا به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجه‌کان، شوێنه‌واری جۆراوجۆر له سه‌ر تامی بیری ئینسان داده‌نن. ئه‌و ئێواره‌ی وا له حه‌مامه‌که هێنایان بۆ نێو به‌نده‌که، له خۆشیاندا خه‌ریک بوو له ناخه‌وه پێبکه‌نێت. ده‌نگی کردنه‌وه‌ی قفڵی ئه‌و درگا گه‌وره‌ی به‌نده‌که‌ی وه‌ک ته‌پڵی شایی ده‌هاته گوێی. به‌ڵام هه‌ر ئه‌ودرگا ئه‌مشه‌و به بارێکیتردا کرایه‌وه و خڕه‌ی کردنه‌وه‌ی قفڵه‌که بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک بوو له دڵه‌کاندا.
به‌ستنی چاویان نیشانه و سه‌لمێنه‌ری به‌ره‌و کۆتایی چوونی ژیان بوو. ژیان له هه‌ر شکل و ره‌نگێکیدا. ئه‌م دیوی دیوار یان ئه‌ودیوی دیوار، کورت یان درێژ، فه‌رقی نییه. له کۆتاییدا هه‌رهه‌موویان ده‌گه‌نه یه‌ک خاڵ. ئه‌و خاڵه‌ی که که‌س حه‌زی لێ ناکات و به‌ره‌و رووشی ده‌چێت.
بێده‌نگی و قورسایی شه‌و وه‌ک سامی مردن شانی پێ داخستبوون و چه‌مانبونیه‌وه. کۆمه کۆمیان وه‌ک پیره پیاوی گوڕ پێنه‌ماوی ده‌نواند. مه‌لی بیری بێ ئۆقره چڵاوچڵی ده‌کرد. ته‌قه‌ی تفه‌نگی ئه‌وشه‌وانه‌ی ده‌هاته گوێ که بۆ به‌یانییه‌که‌ی ده‌یانزانی چه‌ند که‌سێک له به‌نده‌کانیتر یان له تاکه‌که‌سیه‌کاندا دوێنێ شه‌ویان بۆ کردبوونه دوایین شه‌وی ژیانیان. وا دیاره به‌یانی زیندانیه‌کانیتریش ده‌زانن که ئه‌مشه‌ویش کراوه‌ته دوایین شه‌وی ژیانی ئه‌مان. ژیان هه‌مووی گه‌مه‌ی پڕ و پووچه، ئه‌مان به‌ر پووچه‌که‌ی که‌وتبوون. ژیانێک که له نانێک هه‌رزانتر مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت. مه‌لایه‌ک دوو ساڵ زیندانی پێ ئه‌دات و ئه‌ویتر ده‌یبڕێته‌وه به نه‌مان.
روخساری هه‌موو هاوبه‌ندییه‌کانی له دواین لاکردنه‌وه‌یدا وه‌ک وێنه‌یه‌کی روونی شاشه‌ی ته‌له‌فزیونێک له به‌رده‌میدا بوو. مات و بێده‌نگ. یه‌که یه‌که سه‌یریانی ده‌کرد. ناسر وه‌ک برا مردوو کز و ره‌نگ په‌ڕیو، به‌ڵام به تامه‌زرۆی دیدارێکیتره‌وه تا دوا هه‌نگاوه‌کان و داخستنی درگاکه کامێرای چاوه‌کانی وێنه‌ی خزن ده‌کرد. ناسر هه‌میشه ده‌یگوت ئه‌م به‌ره‌ی ئێمه وه‌ک خه‌رمانی گڕگرتوو وایه. ئه‌وه‌ی سوتا، سوتا، ئه‌وه‌ش وا نه‌سوتا له دووکه‌ڵ و ته‌پ و تۆزدا خنکا. بوون و نه‌بوونی بۆ که‌س گرینگ نییه. که‌س چڵێکی به‌رز ناکاته‌وه دووکه‌ڵ و ته‌پ و تۆزه‌ی لێناسڕێته‌وه.
پاش تێپه‌ڕاندنی حه‌وشه‌ی زیندان، به پلیکانه‌کانی نێوان زیندان و به‌شی دایره‌ی زینداندا ده‌یان به‌ن. به هه‌ست ده‌زانن که ئێستا له حه‌وشه‌که‌ی دایه‌ره‌که‌دان، رایان ده‌گرن. ده‌نگه ده‌نگێک دێت و هاتوچۆی زۆر به‌م کاتی شه‌وه له حه‌وشه‌دا نا ئاسایی بوونی شه‌وه‌که پیشان ده‌دات. ده‌نگی به‌رپرسی گشتی زیندان ده‌ناسێته‌وه که به مه‌ئموره‌کان ده‌ڵێت بیانبه‌ن ئێستا منیش دێم.حاج ئاقاش له‌وێیه.
له ده‌نگی به‌رپرسه‌که دڵی داخورپا، ته‌نیا دوو مانگ پێش ئێستا بوو، هاتبوو بۆ سه‌ردانی زیندان. ئه‌م و چه‌ند که‌سێک لییان پرسی بۆچی حوکمه‌کانیان پاش زۆرتر له ساڵێک پێ راناگه‌یێنن؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا پییانی وتبوو حوکمه‌کانی ئێوه ئه‌گه‌ر راگه‌یه‌ندرێت ده‌بێت جێبه‌جێش کرێت. ئه‌م وته تفی له‌ده‌م هه‌موویاندا وشک کرد، چون ده‌یانزانی جێبه‌جێکردنی ئه‌م جۆره حوکمانه یانی چی.
ئه‌مشه‌وه ئه‌وشه‌وه بوو، ئه‌و شه‌وه‌ی که ئه‌وه‌نده قورس و هه‌ناسه‌بڕ بوو، ته‌نانه‌ت ژیاریش که به سیمبولی گاڵته‌جاڕی و پێکه‌نینی به‌ند ناسرابوو، وه‌ک په‌یکه‌ری داتاشراو له دار بێ رۆح و بێده‌نگ چاوه‌کانی بێ تیشک و جووڵه وه‌ک جوتێک چراقوه‌ی بچوک و کز چه‌قابوونه درگا نیوه ئاوه‌ڵاکه و، خه‌زانی خه‌م له‌داری خه‌نده‌ی ئاڵابوو . ژیار هه‌میشه ده‌یوت من حه‌زناکه‌م بمرم. بۆ ده‌بێت بمرم.من بۆیه حه‌زم له ئازادییه که خۆشمی تێدا بژیم. ئه‌زانم بێ من دایکم تۆقده‌کات. له‌به‌ر دایکیشم بووه ژیان هه‌ڵده‌بژێرم.
قسه‌کانی ژیار بردیه‌وه بۆ ماڵه‌وه، بۆ لای دایکی. به‌یانی کاتێک وه‌ک هه‌میشه دێت بۆ به‌ر زیندان به هیوای بینینی ئه‌م، ته‌نیا که‌لوپه‌له‌که‌ی له نایلۆنێکدا ده‌ده‌نه‌وه ده‌ستی و ئیتر له‌وه به‌دوا دایکه‌کانی به‌ر زیندان به چپه و گریانه‌وه یادی ده‌که‌ن و له دڵیشه‌وه داوا له خودا ده‌که‌ن ئه‌وان دڵسوتاو نه‌کات.
دایکی نه‌خه‌وتبوو خه‌ریکی گریان و دۆعا بوو. خۆی خسته ئامێزی و ده‌ستی کرد به ماچ کردن، له په‌نجه‌ی پێ تا ته‌پڵی سه‌ری گرته ماچ. داوای ده‌کرد که بیبه‌خشێت. گریا، دایکیشی گریا. له هاوار و گریانیان هه‌موو ماڵه‌که خه‌به‌ریان بووته‌وه. گریانی دایکی له گریانی شادی ده‌چوو، جارجار بزه‌یێک وه‌ک شه‌پۆلێکی نه‌رمی سه‌رگۆمی مه‌ن به ده‌مووچاویدا بڵاوده‌بووه‌وه. دایکی قه‌ت وانه‌دیبوو. چۆن ده‌توانێت له‌وه‌ها کاتێکدا پێبکه‌نێت. به‌چی پێده‌که‌نێت، به کوشتنی؟ یان ره‌نگه ئێستا، پاش ئێعدام بێت و ئه‌م له‌بیری نییه. ده‌نگێکی پیاوانه که لای وابوو باوکیه‌تی له‌ودیوه‌وه بانگی ده‌کات. بێ ئه‌ختیار ده‌ڵێت به‌ڵێ. ده‌ستی ده‌گرن و چاوی ده‌که‌نه‌وه. ده‌یبه‌نه ژووره‌وه. دیسان ژوورێک و مه‌لایه‌ک و مێزێکی کار و چه‌ند په‌روه‌نده و سه‌نده‌ڵییه‌ک له‌به‌رده‌م مێزه‌که‌دا. مه‌ئمورێکیش له لای درگاکه‌وه. مه‌لاکه به ئاماژه‌ی سه‌ر پێی ده‌ڵێت دانیشه. نێوه‌که‌ی له‌ڕووی په‌روه‌نده‌که‌وه به شێوه‌یه‌ک ده‌ڵێت که پێویستی به‌وه‌یه ئه‌م بیسه‌لمێنێت. ئه‌میش ده‌ڵێت به‌ڵێ . پاشان تاوانه‌کانی بۆ ده‌خوێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مجار هه‌ر ئه‌وانه‌ی بۆده‌خوێنێته‌وه که خۆی ددانی پێدانابوو.ئه‌میش ده‌یسه‌لمێنێت.مه‌لاکه به‌سه‌ر و به ده‌ست به مه‌ئموره‌که ده‌ڵێت بیبه‌ن. ده‌یبه‌ن بۆ ژورێکیتر. هه‌ر که درگای ژووره‌که ده‌که‌نه‌وه هاوڕێکانی ده‌بینێت که له‌وێ دانیشتبوون. شه‌پۆلێک له پێکه‌نین ده‌بێته موسیقای سرودی جه‌ژنی له‌دایک بوونێکیتر.
ئوکتوبری 2011