Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەركێكی كوردستانییانە بۆ پاڵپشتی لە كوردانی سوریا

ئەركێكی كوردستانییانە بۆ پاڵپشتی لە كوردانی سوریا

Closed
by November 10, 2011 گشتی

(راگەیاندنی كەمپینی “بەدەوڵەت بوونی رۆژئاوای كوردستان” لە پاش ئەسەد !؟)
   
   
سوریا و بێبەزیی بوونی دەسەڵاتی ئێستا و داهاتووش!؟

دەسەڵات لە سووریادا زۆر بە سانایی كورسییەكەی خۆی چۆڵ ناكات و خەڵكی ناڕازیش بریاریان داوە، تا رووخانی حكوومەت جادەكان چۆڵ نەكەن.
لەم راستایەشدا بەشی ئەكتیڤی كۆمەڵگای سووری كە كوردەكانن، زۆر سەركێشانە و بە بێ‌ پاڵپشتی رژاونەتە سەر شەقامەكان و داوای مافە رەواكانیان ئەكەن. ئەو مافەی لە پاش پەیمانی لۆزانەوە بە هەموو شێوەیەك دیزەبەدەرخۆنە كراوە.
خەڵكی خەباتكاری رۆژئاوای كوردستان لە هەموو ساتەوەختەكانی تەمەنی شۆڕشیان، لە ئێستادا ئاسوودەتر و لە هەمانكاتیشدا بوێرترن. ئەوان ئێستا لە بەرانبەر ئۆپۆزیسیۆنێكی دڵڕەق و شۆڤینیست و حكوومەتێكی فاشیست و كۆمەڵە دەوڵەتێكی عەرەب و تەنانەت توركە ملهۆڕەكاندا بەرەڕوون كە نایانەوێ‌ ئەگەر بە تۆپینی خۆیشیان بێت!… كورد بە ئامانجەكانی بگات.

هەڵوێستی بریاربەدەستە جیهانییەكان

ناوەندەكانی بریاردانی جیهانی زۆر بە شلی بەرانبەر بە ئەسەد جووڵاونەتەوە.
بە دەیان جار بیریان لە سزا خستنەسەری سوریا كردووەتەوە و كەچی تاكو ئێستاش نابینرێت كە سزاكانیان كاریگەریی لەسەر سەركوتەكانی حكوومەتی بەعسی سوری دانابێت.
ئەسەد بەردەوام بریاری كوشتن ئەدات و رۆژئاواش هیچ رۆڵێكی خاوكەرەوە و لاوازكەرەوەی بۆ سەركوتكردنەكانی ئەسەد پێ نییە.
لە دوایین بریاریشیاندا كە باسیان لە دانانی هێڵێكی دژەفڕین بەسەر سوریا و هێندێ‌ لە ناوچە كۆمەڵكوژكراوەكاندا كردووەتەوە، ئاكامەكەی ویتۆی چین و رووسیا و تەنانەت باجدانی ناوەندەكانی بریاری جیهانیی لێكەوتووەتەوە و رۆڵی ناوەندەكانی مافی مرۆڤی جیهانیی لاواز كردووە.

كۆمكاری عەرەبی و شەكری كوڵۆ!

كۆمكاری عەرەبی وەك یەكێك لەو ناوەندانەی كە دەبوایە رۆڵێكی ئیجابیی ئاشتیخوازانە بگێڕێت و لایەنگیری لە خەڵكی مافخوازی سوریا بكات، تازە هاتووەتە دەنگ و باس لەوە دەكات، كە رەوشی سووریا خەریكە ناخۆش دەبێتّ!؟
یانی كۆمكاری عەرەبیش نوێنەرایەتیی دیكتاتۆرەكانی رابردوو دەكات و وەها بڕواتە پێشەوە، حكوومەتە نوێیەكانی پاش بەهاری عەرەبی كە نوێنەرایەتیی رەوتی چاكەخواز و داخوازەكانی كۆمەڵانی خەڵكی راپەڕیو دەكەن، دەبێ‌ بایكۆتی ئەو دامودەزگایە گەورەو گرانە بخەنە ریزی بەرنامەكانی داهاتوویانەوە.
خۆ لەوانەیە خۆیان بەو چەشنە بریار و رۆڵگێڕییە لاوازانەی دەیگێڕن، هۆكاری رووخانی خۆیان بدەن بەدەستەوە.

وەكو ئێرانی هاوپەیمانی ئەسەد، دەتوانین هێز بە نهێنی و ئاشكرا رەوانەی سووریا بكەین.

گەلی كورد ساڵانێكە نەتەوەیەكی بندەست و خەباتكار بووە و هیچكاتیش – لە ساتەوەختی تەمەنی دەسپێكی ژیانی دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەوە تا ئێستا – هێندە مەیدانی خەباتی بەربڵاوی بۆ نەڕەخساوە.
كورد ئێستا كیانێكی لە پارچەیەكدا هەیە و ئەمەش وایكردووە، ناوەندێكی جێی متمانەی بۆ راوێژی نەتەوەیی و راكێشانی بیانییەكان بۆ گوێگرتنیان لە داواكانی و گرتنی كۆڕوكۆبوونەوەی كوردستانییانە و پاڵپشتیكردن لە دۆزی رەوای خۆی لە سەرانسەری جیهاندا ببێت، كە پێشتر هەلی وامان بۆ نەڕەخساوە.
سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی باشوورمان هەیە، كە دەتوانێ نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیكی كوردیش بكات. چونكا ژیریی ئەم سەرۆكە بووەتە مایەی ئارامی و دڵنیایی بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش و لە دوایین هەڵوێستیشیاندا هێندەی دیكە لێزانیی خۆی نواند، كاتێك لە وەڵامی توركیادا وتی: دەبێ‌ چارەسەریی كێشەی كورد لە پارلمانی توركیادا بكرێت.
لێرەدا پرسیارێكی ژیرانەش دێتە گۆڕێ، كە پابەندبوونی نەتەوەیی ئێمە زیاتر دەكات.
بۆچی نەتەوەیەكی پێشمەرگە، پێشمەرگەی مافەكانی خۆی، لەم ساتە ناسكەیدا كە بەشی رۆژئاوای كەوتووەتە بەرپەلاماری حكوومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا !… و لە نێوان ئەو بەرداشەدا خەریكن دەیانكەن بەو جوولەكانەی كە هیتلەر لە خاكی ئاڵمان سڕینیانەوە، بۆ یارمەتیگەیاندن بە هاورەگەز و هاونیشتمانەكانی خۆی  خەمساردە، كە داخوازی سەفەر بۆ سووریا لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە ئاشكرا رەتدەكرێتەوە، كەچی هێزی گەلیی بەرگریكار – بەشێوەیەكی زیرەكانە – رەوانەی سووریا ناكات؟
خۆ هیچكام لە هاوڵاتییانی سووریا ناسنامەیان نییە و ئێمەش دەتوانین پێشمەرگە و هاوخەم و پاڵپشتیكاری هاوزاراوەی رۆژئاوایییەكانی وڵاتە رزگارنەكراوەكەمان، ئاودیوی سنوورەكانی سووریا بكەین، بە بێ‌ ئەوەی تورك و سووریا بتوانن گلەییمان لێبكەن.
خۆ دەتوانین بۆ وەڵامدانەوەی ئەم كردارەش بڵێین، ئەمانە ئەو بێناسنامە ئاوارەكراوانەن، نایانەوێ‌ لە غوربەتی دەستدروستی ئێوەدا پەژموردە ببن و ئەگەر رێگەچارەیەكی باشتان لە رابردوودا بۆ كێشەی كورد بوایە، بەمشێوەتان بەسەرتان نەدەهات!؟
چونكا زۆر بە ئاشكرا، لە ڕای گشتیی كوردستانییانی رۆژئاوادا ئەو خەمە بەدیدەكرێت كە هێزی كوردی چوارپارچە بۆ ناتوانێ‌ یاریدەدەری ئێمە بێت، كەچی ئێرانی هاوپەیمانی سووریا بە سوپا و قەناسەچییەكانیەوە لە جادەكانی سووریادا خەریكی پیاسە و لەسەر بانەكانەوە خەریكی كۆمەڵكوژی و سەركوتی نەیارانی ئەسەد – ن و ئیتر هیچ جێگای گومانێكیان نەهێشتووەتەوە كە رۆژئاوای كوردستان بە هەموو شێوەیەك لە مەترسیی سڕینەوەی رەگەزیدان!؟
لە هەموو ئەوانەش ئەگەر بگوزەرێین، سوریا كە خۆی هێزەكانی دۆستی خۆی بۆ یارمەتیدانی هێزە سەركوتكارەكانی سوپاكەی ئامادە كردووە، زۆر بێشەرمانە هەڕەشەی لە ئیسڕائیل كردووە، بە سەعاتێك وڵاتەكەتان دەكەین بە ئاگر و ئەمەش بە فیتی ئێران دەكات و لەولاترەوە زۆر بێشەرمانە سكاڵای خۆی بردووە بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان، كە ئەمریكا هانی ئەنجومەنی نیشتمانی و بەرهەڵستكارانی چەكداری دژی ئەسەد ئەدات. ئیتر بیری لەوە نەكردووەتەوە، 4500 كەسی بێتاوانی كوشتووە و 15 هەزار كەسی لە گرتووخانەكانی خۆیدا بەند كردووە و 500 سەربازیشی داوە بە كوشت، كە هەموویان كوڕی ئەو خەڵكە بوون و هیچیان لە بنەماڵەی ئەسەد نەبوون و هاندانی بەرهەڵستكارانی سوریاش دوابەدوای پاڵپشتیی وڵاتانی ئورووپایی و ئامریكا و تەنانەت توركیای دراوسێی سووریا دەستی پێكردووە و هاندانێكی رەوایە و بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤیان كردووە بە دەستەواژەیەكی یاسایی بۆ هاندانی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن.
خۆ دەتوانین بەم شێوەیە وانەیەكی مرۆییش فێری كۆمكاری عەرەبی بكەین و پێیان بڵێین : لە مردووەكانیشیان مەترسن، داوەشێن… خۆ ئێوە بوون ئەو بووكە بارانانەتان بە پڕۆپاگەندە ناحەزەكانی خۆتان دروست كرد و ئێستاش دەتوانن بۆ یەكەمجار لە مێژوودا راستییەكان بە ڕای گشتیی جیهان بڵێن كە : هیچ نین و لێیان مەترسێن… فشەڵترن لەوەی خۆیان دەماسێنن!

كورد لە سووریا لەسەربەخۆیی زۆر نزیك بووەتەوە… تكایە پشتیان چۆڵ مەكەن!

رۆژئاوای كوردستان بە گوێرەی ئەوەی لە نزیكی ئیسڕائیلەوەیە و كێشەكانی ناوچەكەش توانیویەتی بایەخی كورد لە پلانە ناوچەیییەكاندا زیاتر بكات، دەتوانێ‌ خاوەنی هەژموون و گوتارێكی گەورە بە قەد ئازارە مێژوویییەكانی بێت.
لە گەمەی سیاسیی ناوچەكەدا، جوولەكە – ئیسلام و شیعە – سوننە ، بە گوێرەی وتە دوایینەكانی ئۆردووغان، كە كوردی بە زەردەشتی زانیوە، لە بنەڕەتدا ئێمەی كورد بە دۆسیەی كەمینە بێمافكراوەكانەوە – بە گوێرەی گوتار و لێكدانەوەی ئیسلامییانە – لینك كراوین و بە جۆرێك لە جۆرەكان، لە زەینی ستراتێژیستە عەرەبەكاندا، كورد جوولەكەیەكی گەورەیە، كە هێشتا پەڕوپۆی دەرنەكردووە.
ئەم لێكدانەوەیە وادەكات، رۆژئاوای كوردستان بایەخێكی زۆری بۆ ئەو ستراتێژمەنە ناوچەیی و جیهانییانە ببێت، كە خەمی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانە و كوردیش لە رۆژئاوا – بە گوێرەی جووڵەی یەكگرتووانەیان – توانیویانە هەنگاوێكی گەورە هەڵبگرن و سەرنجی ناوەندەكانی بریاری جیهانی و بەرژەوەندكارانی دێرینی ناوچەكە بۆخۆیان رابكێشن. خۆ لەوانەیە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی سوریاش وەك ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتەكەی قەززافی بجووڵێنەوە، كە دیارە ئەمانیش شێوە فێركاری و دەستوورێكیان لەوانەوە بۆ دێت – بە پێی ئەوەی ناتوانن لەگەڵ كورددا بە باشی هەڵسوكەوت بكەن و لە كاتی پەلامارەكانی ئەمدواییەی تورك و شەڕی بەرگریكارانەی گەریلادا كە نزیكەی 50 سەربازی هێرشبەری تورك كوژران و سەرۆكی شوورای كاتیی ئەوان جووڵانەوەی كوردی باكووریان بە تیرۆریست زانی- كوردانی رۆژئاوا دەرفەتێكی مێژوویییان هەیە، سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن. دڵنیاش بن، بە هۆی كەمیی حەشیمەتەوە هەموو كوردستانییان دەتوانن یارمەتیی ماددی و مەعنەوییان بۆ بنێرن و سەركەوتووش دەبن.
دەشتوانین بە دروستكردنی كەمپینی گەورەی كوردستانییانە، سەرنجی ناوەندەكانی بریاری جیهانی بۆ كارەساتە مێژوویییەكەی دۆزی كوردی ئەنفالكراوی سوریا رابكێشین : كەمپینی بەدەوڵەت بوونی رۆژئاوای كوردستان لە پاش ئەسەد !؟
بەردەوام بن.كێ ناڵێ‌: رۆژئاوای كوردستان یەكەمین پارچە نییە، سەربەخۆیی بەدەست دێنێ‌… ئەو پارچەیەی كەس نەیدەگوت كوردی تێدا دەمێنێ‌ و تەنانەت لە دروشمە خۆیییەكانیشدا بە باشووری بچووك ناودەبرا… خوێندنەوەیەكی نائاسایی؟!
 خەبات درێژەی هەیە و دڵنیام سەردەكەوین. چونكا نەتەوەیەكی هۆشیار و سەربزێوو پێشكەوتنخوازین.


ن:ئاهورا هەورامی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.