Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
لەدەرەوەی نەرجسیەتی برینداری شاعیرەوە..

لەدەرەوەی نەرجسیەتی برینداری شاعیرەوە..

Closed
by March 27, 2008 ئەدەب

خوێندنەوەیەک بۆ دیوانی (ونبون لەبێشەکانی بادا) ی ئەنوەری ڕەشید عەوڵا
ئیسماعیل حەمەئەمین…………

ـ  چی دەبێ ئەگەر کوچەی جەلاد و قوربانی بکەونە سەر ڕاستەڕای هیجرانی یەک شاشەقام… (لەدیوانەکەوە)……..

1
ئەمڕۆ نیوەڕۆیەکەی  دیوانە شیعری (ونبون لەبێشەکانی بادا)ی ئەنوەری ڕەشی عەوڵا هاتە نێو پۆستەکەمەوە. بەڕێکەوت ماڵ هێمن بوو، هەلێکی باش بوو بۆخۆدزینەوە لەڕۆژانە ژیان وقەرەباڵغیەکانی. تێکستە شیعریەکانم یەک لەدوای یەک خوێندەوە وئێستاش کەئەم وشانە دەنوسم تەواو بووم لەخوێندنەوەی هەموو کتێبەکە، ئەمە بەڕای من خاڵی سەرکەوتنی کتێبەکەیە کەپێویستی بەئاتمۆسفێرەیەکی تایبەتی بێدەنگ وپڕ بیرکردنەوەیە، ئەم کتێبە هەموو خوێنەرێکی تەمەڵ ڕەتدەکاتەوە، دیوانێکە بۆ خوێنەری تەمەڵ دەستنادات.

2
 بەجیاوازی لەدیوانە شیعریەکەی پێشوویی ( وابزانم بووم بەوشە)، ئەم دیوانە تازەیە هێمنیەکی سەیر وبیرکردنەوەیەکی شیعری قوڵی بێ تەکلیفی تێدا دەبینرێت. هەستکردنێک بەووردکردنەوەی شتەوورەدکان ویاریکردن بەزمان ودۆزینەوەی ڕیتم لەنێو شتەڕەق وجوڵا وکەشیگەراییە جیاوازەکان  وفەلسەفاندنێکی نەرم و سۆفیانە،ئەمانە هەمووی شێوازی دەقە شیعیرەکان لەخۆیاندا ڕەنگاڵە دەکەن. لەهەمانکاتدا نێزیکبوونەوە لەکەنارەکانی بیرەوەری و بیرۆکەی شیعری   وەبەرهێنان و فەلسەفاندن لەکەنار  شیعردا، خۆیان بەسەر  تۆبۆگرافیای تەواوی ئەم کتێبە شیعریەدا پەرشکردۆتەوە.
 
3
لەسەرێکەوە هێمنی ولەسەرێکی دیکەوە بیرکردنەوە،هەردووکیشیان لەنێو زمانێکی بێ وێنەی شیعریدا خۆیان ڕایەڵکردووە. خوێندنەوەی دیوانە شیعریەکە ئەو هەستەی پێبەخشیم لەسەر جۆلانەیەک پاڵکەوتوم وڕەشەبا جۆلانەکە دەهێنێت و دەبات. هەڕەشەی بەربونەوەم لەسەرە،بەڵام چێژی ڕاژەنینی جۆلانەکە ئەو پاڵکەوتنەم درێژتر دەکاتەوە بۆ نێو خودی خۆی، بۆ نێو ئاڵۆشی وشە وحەزکردن لەمانەوەی نێو نائارامی وپێمەلەیی بۆشایەکان وحەلاجوقەی جیهانێکی ناجێگیر ولاربۆوە. ئەم دیوانە هەڕەشەی بەربوونەوەیە بۆنیو هەموو ووردەکاریانەی (ڕۆژانە شتەکان).

4
 ڕۆژانە شتەکان چیە! لەکوێوە دێن و بۆ کوێ دەڕۆن؟، ئایا ئەوانە هەموو شتە ڕەقانە نین کە ڕۆژانە بەلایدا تێپەڕ دەبین، یاخود لەسەر لەپی دەستماندا خۆیان گیر کردووە؟. یاوەکو دوور لەنێو دەنگێک، کەڕوڵاڵی چرکەساتەکان، بەربوونەوەی گەڵایەک بۆ نێو خامۆشی و سرپەی مێروویەک لەنێوەڕاونی گەلاوێژدا خۆیان درێژ کردۆتەوە؟. ئایا ڕۆژانەی شتەڕەقەکان سروشت نیە بەهەموو ووردەکاریە بێوازەکانیەوە، یان ئەو کورسی ومێز وگوڵە ئینجانەو وشە بەجێهڵڕاوە نەگوتراوانەن لەنێو ڕۆژانە ژیانی ئێمەدا دێن ودەچن. ئاوەها بێدەنگن لەبەر چاوی ئێمە، بەڵام لەڕاستیدا خاوەنی شیعریەتی خۆیانن!. ئەو شتە ڕەقانە سروشت و ژیانی ڕۆژانەن کەبەلامسەلایی وئاپاتیتەت (نابەشداریەوە) بەلایدا تێپەڕ دەبین. کەی ئێمە ویستومانە بەشداری  جوڵەی شتەڕەق وکەش و هەواوباران وخۆر و ڕەشەبا بکەین، ئێمە هەمیشە بەخۆمانەوە خەریکین، ئەمە ئەم هیپۆتێزە ترسناکەیە کەدوای خوێندنەوەی ئەم دیوانە بەسەریدا دەکەوین. ئەم دیوانە بۆ کەسێک دەست نادات خۆی بەوەهمەکانی بەختەوەری ئەبەدیەوە  هەڵواسیبێت، هەروەها بەکەڵکی کەسێکیش نایەت زۆر ڕەشبینانە بەنێو عەبەسدا ڕێبکات. چونکە ئەم دوو فیگورە لەبیرکردنەوەدا ڕێگرن لەتێگەیشتن لە ڕیتمی شتەڕەقەکان، لەموزیکی شتەرەقەکانی ڕۆژانە ژیان.

5
 ئەم دیوانە  ئەو حەزەمان تێدا دەهاروژێنێت  بۆ ئەوەی  لەنێو  ئەو بۆشایەی لەپشت ئەم تێکستە شیعریانەوە خۆیان واڵا دەکەنەوە پێمەلە بکەین. شتێک لەو بۆشایە تێبگەین ڕۆژانە بەنابەشداریەوە پێدا تێپەڕ دەبین. ئەمە جۆرێکە لەو سەرسامیە بەوێنەی (دانتێ)  کەلەپێشەکی دیوانەکەدا ئاماژەی بۆکراوە (ئەو کەسەی دێیتە ناوەوە، دەست لەهەچ ئومێدێک هەیە، بشۆ) . هەر وەک ئەوەی وێنەی کۆمیدیایەکی دیکەی خواوەند بێت وئەنوەر ئەمجارەیان لەنێو مەوجوداتی چوار دەوری مرۆڤەکان یاریان پێبکات، هەر لەبارانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە دەنکە خۆڵ و نێڵەی ئاگر و سریوەی بای ناوەختان.  

باران: توانەوەی بڵندگەراییەکانی با، خۆخوازیەکانی خۆڵ، کۆڵدانی ئاواییەکانی ئاگرە…  ل 34

 هەموو ماناکانی خەیاڵ ومەوجودات وهەستە پەراوەزیەکانمان لەنێو دۆزەخەکانی شیعردا، لەتەڕبوونی بەئاڵۆشی زەمەنی ناوەکیان، خۆیان لەبەر خۆری شیعریەتدا وشکدەکەنەوە. لەپشتەوە شاعیر وەستاوە  دانتێ گووتەنی: ئەوە دەنگی گەڕانەوەی سێبەرە بەجێهڵداراوەکانی شاعیرە ..

6
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەو هێزە شەیتانیە سەیرە بوو  لەدابڕانی خودی شاعیر وڕەتکردنەوەی ئیندیڤیدوالیەتی نەرجسیەتی خۆیەتی لەبەردەم جیهانی جوڵاودا، هەرەوەک ئەوەی بێزاریەکی زۆر ترسناک هەبێت لەبەرامبەر دنیای ئەکتیڤی ئێستا، یاخود هاوکێشەکە لەسەرێکی دیکەوە تەماشابکەین: وەک ئەوەی دنیای چالاک و ئەکتیڤ، سڕبوون و ئیفلیجی و مەنگیەکی ئەبەدی لەخۆیدا هەڵگرتبێت. ئەم پەنابردنە بەر وەسفی بەردوامی شاعیر بۆ شتە ڕەقەکان، هەوڵدانێکە بۆ دۆزینەوەی مرۆڤ لەنێو پانتایەکی دیکەدا. لەنێو مەودایەکی دیکەدا. مادامەکی مەودای ئێستا پڕێتی لەونبوونی مرۆڤ نەک بەمانا هیومانیەکەی، بەڵکو بەمانا تۆبزکاریە ماتریاڵی بووە بەشتبووەکەی، لەجیهانێکدا،تەنها شمەکە  کەجەنگەکانی لەسەر بەرپادەبێت.
 
7
یەکەمجارە لەئەدەبی ئێمەدا فیگوری شاعیری ئاوەهامان هەبێت دوور لەڕۆمانسیەتی باوی کلاسیەتەوە، لەگەڵ شتەنەجوڵاو نائەکتیڤە دیارو بینراوەکاندا مامەڵەبکات و زمانی شیعری خۆی لەسەر بینابکات.  ئەمە یەکمجارە لەئەدەبی ئێمەدا شاعیر  لەبەردەم ڕستەی شیعریدا نەرجسیەکی نمایشکار نەبێت بۆ یەکمجارە شاعیرێک ببینم ئاوەها نەرجسیەتی خۆی ببەخشێت بەشتەکان نەک شتەکان نوێنەرایەتی  ئەو بکەن. نەک شتەکان ببن بەئاوێنە بوونی نەرجسیەتی برینداری ئەو.

8
گەر شاعیر لەوێنە تەقلیدیەکەیدا هەوڵبدات هەموو ڕەگەزەکانی دەرەوە لەسروشتەوە بیگرە تاوەکو ڕەشەباو مێروو باڵندەکان وپەنجەرە بەجێهڵڕاوەکان،بخاتە خزمەت بابەتی ئەشقێک، نەرجسیەتێکی خۆیی، کەزیاتر  (لێرەبوون) وسەلماندنی منی وجودیی شاعیر زەقبکاتەوە لەبەرامبەر جیهان. ئەوا لەم تێکستە شیعریانەی ئەنوەردا هەموو ڕەگەزەکان  دوور لەنەرجسیەتی شاعیر، نەرجسیەتی خۆیان نمایش دەکەن. بەبێئەوەی ببن بەکۆێلەی هیچ بابەتێک کێشەی نەرجسیەتی برینداری شاعیر گەورەتر بکات لەبەرامبەر دنیا و خۆی بکات بەچەقی جیهان. شاعیرێک لەپشت ئەم دەقە شیعریانەوە ڕاوەستاوە کەدەیەوێت لەڕێگەی شیعرەوە فەلسەفاندنێک هەڵسوڕێنێت کەلەخودی مەوجوداتەوەیە نەک لەوجودگەرایی خۆی. ئەمەش وایکردووە کەهەموو ڕەگەزێک زمانی شیعری خۆی هەبێت وخاوەنی هەناسەی خۆی بێت. ئەم کتێبە شیعریە گۆڕانێکی سەیر وپێچێکی گەورەیە لەبیرکردنەوەی شیعریدا کەلەدەوەرەی نەرجسیەتی لەخۆبایی و ڕۆحی برینداری شاعیر یاریی زمانەوانی خۆی دەکات، ئەمەش تاکگەرایی ئەم ئەزمونە شیعریەمان بۆ ئاشکرادەکات،وەک دەقێک دوور لەبرینداریە نەرجسیەکانی ئەو شاعیرانەی لەزەمەنی نالیەوە تاوەکو ئێستا دەیانەوێت بەتۆبزی لەڕێگەی شیعرەوە کراسەکانی خۆیانمان وەک کراسی پەیامبەرێکی پیرۆز پێبفرۆشن. جوانی ئەم دیوانە لەم خاڵەدایە کەنایەوێت ئێمە بکات بەکوێلەی نەرجسیەتی شاعیر ، بەڵکو هایدگەر گووتەنی : جیهان شیعر خواز دەکات بەڕەنگەکانی خۆی..
 
ئیسماعیل حەمەئەمین
نورنبێرگ 19. Jan. 2008
  

Previous
Next