ئه‌و سکانیایه ده‌دوێ
دیدار مه‌سیفی…….
ئه‌فسووس!
نۆره هاته سه‌ر من گه‌ردێک له‌م نه‌هامه‌ته‌یه مه‌زنه‌تان بۆ بگێڕمه‌وه. ئای، چه‌نده قه‌ڵس ده‌بم کاتێک ئه‌و رۆژه‌م بیر دێته‌وه، چه‌نده دڵته‌نگ ده‌بم هه‌ر که بیری لێ ده‌که‌مه‌وه. به‌ڵام چیبکه‌م گه‌ر من ته‌نێکی وا بێ ده‌سه‌ڵات بم. ببینه ئێستاکه چۆن له کار که‌وتووم و له پاڵ دیوارێکی رووخاوی میزپێداکراو دا فڕێ دراوم. سه‌رم بووه به بێژنگی گولله، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ی له هه‌موو شتێکی تر پتر ئازارم ده‌دات بیرهاتنه‌وه و بیرکردنه‌وه‌یه له‌م رۆژه‌ی که من و تۆ به زۆره‌ملێ بۆ ئه‌و کاره ڕه‌وانه کراین. له بیرمه کاتێک پێیه‌کانت خستبووه سه‌ر ملم و به هه‌وراز و توله رێیه‌ک دا منت سه‌ر ده‌خست که هه‌ردووکمان یه‌که‌م جارمان بوو پێیدا بچین! ئه‌وێ ناوچه‌یه‌کی چه‌په‌ک و شاخاوی بوو، به‌ڵام له گشت ئه‌و شوێنانه جوانتر و ده‌لال تر بوو که پێشتر بینیبوومن. که سه‌ر ده‌که‌وتین تۆ پێیه‌کانت له‌سه‌ر ملم له یه‌کتر ده‌ئاڵان و ده‌تگوت له جیاتی ئه‌و دیمه‌نه جوانانه‌ی ده‌ور و پشت تۆ له تاریکایی دا شتێکی دیکه‌ت ده‌بینی. به‌ڵی، شتێکی دیکه که گه‌لێک کرێت و ناشیرین تر بێت له چاره‌ی ئه‌و زابته سمێل خواره‌ی که تۆی به زۆر و سته‌م هێنابوو و به‌ر له‌چه‌ند رۆژێکیش زۆر زاڵمانه دارکاری کردبوویت که گوتبووت: ناچم! بیرت ده‌ڕۆیشت و پێیه‌کانت له‌سه‌ر گه‌ردن و ملم له یه‌کتر ده‌ئاڵان و زۆر نه‌ده‌ما که من و خۆت بخه‌یته ئه‌و هه‌ڵدێر و دۆڵه قووڵانه و هه‌ردووکمان پێکه‌وه هه‌پروون به هه‌پروون ببین. خۆزگه له جیاتی ئه‌وه‌ت کردبایه و خۆت و منت به‌م شێوه‌یه نه‌جات بدابایه!
خۆزگه!
ده‌زانی تۆ ته‌نها و یه‌که‌مین شوفێر نه‌بوویت که منت لێخوڕیبێت، به‌ر له تۆ زۆرانی دیکه هه‌بوون. به‌ڵام من ته‌نها تۆم له پێش چاوه و به‌س. به‌ڵێ، ته‌نها تۆ! من ته‌نها بۆ تۆ له شه‌وانی ته‌نیایم روندک ده‌بارێنم، که‌چی چاره‌ی یه‌کێک له شوفێره‌کانی دیکه له خه‌یاڵم دا نه‌ماون. ئه‌وانه‌ی پێش نازانم له تۆ چاکتر بوون یان قه‌ده‌ریان وابوو که هیچ کارێکم پێ نه‌که‌ن له بابه‌ته‌ی که تۆ ئه‌و رۆژه به منت کرد! ئه‌وان له جیاتی مرۆڤ رۆژێک کارییان ئه‌وه بوو که میگه‌ڵی مه‌ڕ و بزن به شان و باڵی من له گونده‌کانه‌وه بگوازنه‌وه بۆ شار، رۆژێکی تر مانگا و چێڵانم لێ باربکه‌ن، دارم لێ هه‌ڵده‌ن، به‌ردم پێ هه‌ڵبگرن، یان رۆژێک پڕم بکه‌ن له خۆڵ بۆیه من کاتێک له‌گه‌ڵ تۆ ئه‌و هه‌موو کۆمه‌ڵه مرۆڤه جل و به‌رگ ره‌نگاوڕه‌نگانه‌م به‌سه‌ر شانی خۆمه‌وه بینی دڵم خورپه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کرد و هه‌ستم کرد که قه‌ده‌رێکی ره‌ش چاوه‌ڕێی ئه‌وانیشه. چونکه ده‌مزانی ئه‌وه‌ی له پشتی من بار کرابێت چاره‌یه‌کی باشی نه‌بووه. بۆ نموونه، مه‌ڕه که‌وڵ کراوه!
مانگایه له خوێن گه‌وزێندراوه!
داره له‌ت و په‌ت کراوه!
به‌رده وورد و خاش کراوه!
به‌ڵی، ده‌ترسام ئه‌و مرۆڤه جل وبه‌رگ ره‌نگاوڕه‌نگانه‌ش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له پشتی من هه‌ڵدرابن تاوه‌کو که‌وڵ بکرێن، له خوێن بگه‌وزێنرێن، له‌ت و په‌ت بکرێن، و وورد و خاش بکرێن. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌مهێنا و ده‌مبرد نه‌مده‌توانی به‌م خه‌یاڵانه‌م باوه‌ربکه‌م و شتێکی ترسناکی له‌م جۆره بخه‌مه مێشکمه‌وه. بۆیه سه‌یری تۆم ده‌کرد و له چاوه‌ڕوانی و بێ ئارامیێکی شێتانه‌دا ده‌مه‌ویست شتێک له نێو چه‌وانی تۆوه بخوێنمه‌وه. به‌ڵام تۆ هیچت پێ نه‌ده‌گوتم و فرمێسک له قولینچکی هه‌ردوو چاوه‌کانت قه‌تیس مابوو و هه‌ر نه‌ده‌که‌وت. تۆ ته‌نها به دڵیکی پڕه‌وه لایه‌کی قاچت هه‌ڵده‌کرد و نیشانی منت ده‌دا که چۆن په‌نما و بریندار ببوو به دار و قامچی زابته سمێڵ خواره‌که. به‌ڵام تۆ خۆت ڕۆیشتیت و ته‌نها منت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازاره دا به‌جێهێشت. ده‌زانی من له سه‌ره‌تاوه بۆ ئه‌وه نه‌هێنرابوومه ئێره. ئه‌وان که منیان هێنایه ئێره به ئێمه‌یان گوتبوو خه‌م مه‌خۆن ده‌تانبه‌ین بۆ ووڵاتێکی گه‌رمی پڕ له خورما و له سه‌رما و سۆڵی ئه‌م سوێده ڕزگارتان ده‌که‌ین. ئێمه به‌م قسانه که‌مێک ئارامی که‌وتبووه دڵمانه‌وه پاش ئه‌وه‌ی خه‌ریک بوو ووڵاتی خۆمان به‌یه‌کجاری به‌جێده‌هێشت.
بۆ زانیاریت، باپیره گه‌وره‌ی من له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه له شاری ماڵمۆ هاتبووه دونیاوه، له ماوه‌ی ئه‌و سه‌د ساڵه‌دا وه‌چه و نه‌وه‌کانی به هه‌موو قوژبنێکی دونیا دا په‌رش و بڵاو ببوونه‌وه. به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م هیچیان وه‌ک منیان به‌سه‌ر هاتبێت.
من واده‌زانم دوێنێکه‌یه که کۆمه‌ڵه بازرگانێکی سمێڵ پان و بۆینباخ پان و شان و مل پان به‌دیارمه‌وه وه‌ستا بوون و پاشان له‌گه‌ڵ سی چل دانه‌ی دیکه‌ی وه‌ک خۆم سواری گه‌میێکی گه‌وره‌یان کردین و به‌ره‌و ئه‌و ووڵاته‌ی خۆیانیان بردین که گوایه گه‌رمه و پڕه له خورمای شیرین.
ئه‌و کات وامده‌زانی قه‌ده‌ری من و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون گه‌لێک له هی ئه‌وانه خۆشتر ده‌بێت که له ماڵمۆ مابوونه‌وه یان فرۆشرابوون به ووڵاتی دیکه. له ژێر لێوه‌کانمه‌وه خه‌نی ده‌بووم و به خۆمم ده‌گوت : خۆش به‌خت خۆت هه‌م سه‌فه‌ر ده‌که‌یت، هه‌م تێر گه‌رما وخورمای شیرین ده‌بیت. ئای که ده‌به‌نگ و خۆش خه‌یاڵ بووم ئه‌و کات! نه‌مده‌زانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی من به سارد و سڕترین رووداو و تاڵترین به سه‌ر‌هات کۆتایی پێ دێت.
من هه‌رگیز دیمه‌نی ئه‌و سه‌ربازه زاڵمانه‌م له خه‌یاڵ ده‌رناچێت که تۆیان به برینداری زینده به‌چاڵ کرد. بیست ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه تێپه‌ڕیوه، که‌چی من هێشتا له‌گه‌ڵ تارمایی ئه‌وان دا ده‌ژیم. ده‌زانی ئێستاکه‌ش من تارمایی ئه‌وان ده‌بینم کاتێک دێن له په‌نای من میز به دیوار دا ده‌که‌ن، گوو ده‌که‌ن و ده‌ڕشێنه‌وه، یان به زۆر مێر منداڵێک په‌لکێش ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت ده‌رپێکه‌ی پێ داکه‌نن. من ئه‌و کات له ئه‌وپه‌ڕی هێز و توانامه‌وه هیچ شتێکم له ده‌ست نه‌هات، ئێستاکه به ئه‌کسلی شکاو و دوو تایه‌ی په‌نچه‌ر و له‌شی ژه‌نگ گرتوو و چاوی پڕ له گریانه‌وه چیم پێ ده‌کرێت؟
من ئێستاکه له په‌نای ئه‌و دیواره میز پێ داکراوه دا له هه‌ر جووله‌یه‌کی ده‌ور و پشتم به گومانم، به گومانم له هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌م خاکه وێرانه‌یه دا دێن و ده‌چن.
باش له‌بیرمه ئه‌و نیوه شه‌وه‌ی دانیشتیته سه‌ر ملم و قاچی دارکاری کراوی خۆتت نیشاندام، و ئاره‌قه‌ت کردبوو کاتێک ده‌ته‌ویست وه‌گڕم بخه‌یت. تۆ که‌سێکی شێواو دیار بوویت و ده‌تزانی و نه‌تده‌زانی که من و تۆ به‌ره‌وه کوێ ده‌به‌ن. به‌ڵام هه‌ر ده‌ته‌ویست دیسان به روویان دا بڵێیت : ناچم و ناچم و ناچم!
بۆیه که به نێو ئه‌و شاخانه دا منت سه‌ر ده‌خست، من گوێم له ئاخ و ئۆفت بوو له ده‌ست ئه‌م قه‌ده‌ره‌ی تووشی هاتبوویت. خۆت له من مه‌زڵووم تر ده‌زانی و ده‌تگووت: منیش وه‌ک تۆ بێ ده‌سه‌ڵاتم به‌ڵام به‌ڵێن بێت ئه‌وه‌یان هه‌رگیز بۆ نه‌که‌م. من و تۆ له توله رێیه‌که‌دا خرابووینه نێوان جێبێکی وازی رووسی و ئیفایێکی ره‌نگ بۆزی پڕ له سه‌رباز و جاشی شه‌روال له پێی بێشه‌رم. من یه‌که‌م جار وامده‌زانی ئه‌وه ته‌نها من و تۆین که وه‌ک دوو به‌ندی بێچاره به توله رێیه‌ک دا ده‌مانبه‌ن که بۆنی مه‌ترسیێکی گه‌وره‌ی لێ ده‌هات، وه‌ک له پسته پستی نێوان سه‌ربازه‌کان و چاو شۆڕی و مل شۆڕی جاشه‌کانه‌وه دیار بوو. به‌ڵام که دواتر بینیم کاروان کاروان لۆری وه‌ک من له‌سه‌ر رێگا قیرتاوه‌کان به دوای یه‌کتر دا وه‌ستاون، ئینجا زانیم که کاره‌سات سه‌د بار و هه‌زار بار و ملیۆن بار له‌م رووداوه گه‌وره تر که له گونده‌که‌دا من و شوفێره‌که‌م هه‌تره‌ش چوو به چاوی خۆمان بینیمان.
من ته‌نیا له چاوی خۆمه‌وه ئه‌وه‌تان بۆ ده‌گێرمه‌وه، سه‌یرکه ئێستا چۆن له په‌نا ئه‌و دیواره به میزه‌وه بێکه‌س بێکه‌س فڕی دراوم. چۆن له جیاتی شوفێره‌که‌م ده‌مم لێ ڕوواوه و گه‌ردێک له‌م نه‌هامه‌تیه گه‌وره‌یه‌تان بۆ ده‌گێرمه‌وه.
شوفێره به‌سته‌زمانه‌که‌م وه‌ک من یه‌که‌م جاری بوو هاتبێته ئه‌و ناوچه شاخاوییه، به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز وه‌ک من به سه‌رسامی ته‌ماشای ئه‌ملاو و ئه‌ولای نه‌ده‌کرد و نه‌یده‌توانی له پشت تاریکایی شه‌وه زه‌نگ دا شتێکی دیکه ببینێت. هه‌ستم ده‌کرد که ئه‌و دڵی له ئه‌وه زۆر پڕتره که شتێکی دیکه به‌ده‌ر له رووی گرژ و مۆنی ئه‌و زابته سمێڵ خواره ببینێت که ئه‌وی زۆر زاڵمانه دارکاری کرد بوو کاتێک گوتبووی: ناچم!
گه‌یشتینه گوندێکی قه‌د پاڵی چیا و وه‌ستاین، خانووه‌کان له به‌رد دروست کرابوون و ژماره‌یان به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرا. ئێمه که گه‌یشتین گونده‌که و خه‌ڵکه‌که‌ی له شیرینی خه‌و دابوون. زابته سمێڵ خواره‌که سه‌رباز و جاشه‌کانی دابه‌زاندن و به تووڕه‌یی هاواری له‌سه‌ر کردن و گونده‌که‌ی به ئاگا هێنا.
"ئه‌و حه‌یوانانه له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت کۆ بکه‌نه‌وه!" پێی گووتن.
من له رووی شوفێره‌که‌م ئازار و ئاهیێکی سه‌یرم به‌دی کرد به‌ڵام هیچ پرسیارێکم نه‌کرد کاتێک خۆم بینیم سه‌رباز و جاشه‌کان وه‌ک گورگی هار به‌ر بوونه گیانی ئه‌م چه‌ند خانووه‌ی که به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران. من له شوێنی خۆم ده‌له‌رزیم و پێشبینی کاره‌ساتێکم ده‌کرد که زووتر هات، کاتێک بینیم ئه‌و دڕندانه حه‌یوان له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت کۆ ناکه‌نه‌وه. به‌ڵکو ئه‌وانه‌ی ده‌یانهێنان بریتی بوون له :
مه‌لۆتکه‌ی گرینۆکی ناو بێشکه.
منداڵی ساوای هه‌تره‌ش چوو.
مێر منداڵی زراو ڕژاو.
کچ و کوڕی هه‌رزه‌کاری چاو به خه‌ون.
کیژی پاکیزه‌ی به‌ژن زراڤ.
کوڕی برۆ ره‌ش و تووڕه.
ژنی ماندووی جل و به‌رگ ره‌نگاوڕه‌نگ.
پیاوی ده‌رپێ سپی دڵ پڕ.
شوفێره‌که‌م له زمانی جاشه‌کان و ئه‌و خه‌ڵکه ده‌گه‌یشت که له به‌ر ده‌رگای مزگه‌وتی گوند به زۆر کۆکرابوونه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و زمانی سه‌ربازه‌کانیشی ده‌زانی.
سه‌ربازه‌کان له‌سه‌ر فه‌رمانی زابته سمێڵ خواره‌که له ده‌ورو پشتی خه‌ڵکه‌که ببوون به بازنه‌یه‌کی گه‌وره. جاشه‌کانیش وه‌ک سه‌گی هاڕ بۆ تاڵان کردنی خانووه‌کان ڕه‌وانه کرابوون به‌ر له‌وه‌ی ته‌خت بکرێن. من به بیستنی گریه‌ی زارۆکان، به بینینی فرمێسکی سه‌ر گۆنای ئه‌و کیژه جوانانه‌ی که چاوانیان له ژێر شه‌وقی چاوه‌کانی من ده‌بریسکانه‌وه، به بۆن کردنی ئاره‌قه‌ی سه‌ر سنگی ئه‌و پیاوه ده‌رپێ سپیانه‌ی که بۆنی دوکه‌ڵی ماڵ و ره‌ز و باغه سووتاوه‌کانیان کاسی کردبوون، له نێو شه‌و زه‌نگی ئه‌و زوڵمه گه‌وره‌یه‌دا دڵی ئاسنم که‌مێکی مابوو ببێت به ئاو. من تا ئێستاکه‌ش هه‌ر بیر ده‌که‌مه‌وه و بیر ده‌که‌مه‌وه، هه‌رگیز ناتوانم باوه‌ڕ بکه‌م که چۆن سه‌رباز و جاشه‌کان به فه‌رمانی زابته سمێڵ خواره‌که ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجام دا. چۆن ئه‌و خه‌ڵکه ره‌نگاوڕه‌نگه‌یان به حه‌یوان ناوبرد و له پشته ملی منیان هه‌ڵدان. ده‌زانی ئه‌م کرده‌وه‌یه له چاو تروکانێکدا ئه‌نجام درا. به بڕوای من که‌متر بوو له سه‌عاتێک. من به دڵی ئاسنمه‌وه کاتێک پشتمان له گونده سووتاوه‌که کرد، هه‌ر بیرم له دڵڕه‌قی سه‌رباز و جاشه‌کان ده‌کرده‌وه ده‌مگووت ئه‌گه‌ر ئه‌وانه یه‌ک زه‌ره سۆزییان هه‌بووایه ده‌بوو به هه‌زاران ساڵ دابنیشن و بیر بکه‌نه‌وه به‌ر له‌وه‌ی تاوانێکی وا ئه‌نجام بده‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که پێیه‌کانیان له‌سه‌ر پشتی من نه‌رم نه‌رم بوو، به‌ده‌نیان گه‌لێک گه‌رمتر و به سۆزتر له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که پێشتر له شانی من بار کرابوون. من ئه‌و رۆژه نه‌مده‌زانی به سوارکردنی ئه‌و ئاده‌میانه له شانی ئاسنینی من ئایا شه‌ره‌فێکی گه‌وره‌م پێدراوه یان سه‌رشۆڕیێکی گه‌وره. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌نده ساڵه و بیرکردنه‌وه له‌م رۆژه‌ی که ناو له‌شی من کرابوو به گۆمی خوێن و مه‌لۆتکه و ساوا و منداڵ و گه‌نج و پیر تێیدا نوزه و ناڵه‌یان ده‌هات، له پڕ رۆژێکیان به قسه هاتم ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ردێک له کاره‌ساته گه‌وره‌یه‌تان بۆ بگێرمه‌وه. ده‌زانی من پاش ئه‌و هه‌موو قسه‌یه هێشتا باوه‌ڕ ناکه‌م که چۆن ئه‌و مرۆڤه‌ی که‌وا خالقی منیشه ده‌توانێت به‌م جۆره دڕنده‌ش بێت و تاوانی وا گه‌وره ئه‌نجام بدات.
به‌ر له‌وه‌ی بۆ یه‌که‌م جار ئه‌م هه‌موو خوێنه به‌سه‌ر پشتمه‌وه ببینم، به هه‌مان رێگاوه له‌گه‌ڵ شوفێره‌که‌م ده‌گه‌ڕاینه‌وه. من ئه‌مجاره هه‌ستم ده‌کرد که‌وا بارێکم لێ بار کراوه که له هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشووترم گه‌رمتر و سه‌رسامتره. بۆیه منیش ئه‌وه‌نده‌ی شوفێره‌که‌م په‌ست و نیگه‌ران بووم. دوو سه‌عات به‌سه‌ر چوو تا له نێو شاخه‌کاندا دابه‌زین و که‌وتینه سه‌ر ئه‌و رێگا قیرتاوه‌ی که کاروان کاروان لۆری وه‌ک من پڕاو پڕ له خه‌ڵکی جل و به‌رگ ره‌نگاوڕه‌نگ به دوای یه‌کتر ریز کرابوون، ده‌تگوت بۆ گه‌شتێک ئاماده‌کراوین که دوورترین و ترسناکترینیانه.
من ته‌نیا ده‌متوانی ناو دڵی شوفێره‌که‌ی خۆم بخوێنمه‌وه که چه‌نده په‌رێشان و دڵ سووتاو بوو بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه، به‌ڵام نه‌مده‌زانی له نێو شوفێری هه‌موو لۆرییه‌کان ئه‌وه‌ی من له هه‌موویان دڵ ناسک‌تر و به جه‌رگتره. به تایبه‌تی کاتێک هه‌ر شوفێرێک لۆرییه‌که‌ی خۆی له پاڵ شوفه‌ڵێك ڕاده‌گرت و باره‌که‌ی خۆی به تاڵ ده‌کرد و ده‌رۆیشت، من له چاوه ماندووه‌کانی شوفێره‌که‌ی خۆم شتێکی دیکه‌م ده‌خوێنده‌وه که گه‌لێک جه‌سوور تر و سه‌رفراز تر بوو له مل شۆڕی و بێ شه‌هامه‌تی ئه‌وان.
له بیرمه ئه‌و کاته‌ی گه‌یشتینه ئه‌و شوێنه تازه خۆر به ڕووی سووره‌وه ده‌یه‌ویست گه‌زییه خه‌نه‌ییه‌کانی خۆی نیشان بدات. من له ژێر ئه‌و گه‌زییه سوورانه‌ی خۆر و لایته‌کانی چاوم یه‌ک دوو له ده‌سته خوشکه‌کانی خۆمم ناسینه‌وه، ئه‌وانه‌ی که له نێو گه‌مییه‌که‌دا له‌گه‌ڵم دابوون که ئێمه‌یان هێنایه ئه‌و ووڵاته مه‌رگه‌ساته. من نه‌متوانی قسه له‌گه‌ڵ هیچیان بکه‌م چونکه شوفێره‌کانی له‌سه‌ر ملی ئه‌وان دانیشتبوون زۆر موچ و مۆڕ دیاربوون و له گه‌ڕانه‌وه‌یان زۆر به خێرایی به ته‌نیشت ئێمه‌وه ڕه‌ت بوون. چاوم لێ بوو شوفێره‌که‌م به دوای هه‌ریه‌که‌یان تفێکی ڕه‌وانه ده‌کرد و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: هه‌ی بێ شه‌ڕه‌فینه!
ئێمه دوا لۆری کاروانه‌که بووین، به‌ڵام که نۆره‌مان هات دڵی من و شوفێره‌که‌م وه‌ک ئاشێکی شکاو ده‌نگی ده‌هات. شوفێره‌که‌م هه‌زار جار له خۆم په‌رۆشتر ده‌بینی، که‌چی تروسکایێکم له چاوانی ده‌بینی که منی سه‌رسام ده‌کرد. ئێستاکه‌ش پاش تێپه‌ڕ بوونی بیست ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ساته، من هه‌ر کاتێک ئه‌و تروسکاییه‌ی ناو چاوانی شوفێره‌که‌م بیر ده‌که‌وێته‌وه حه‌ز به جووله ده‌که‌م و ده‌مه‌وێت له پاڵ ئه‌م دیواره میز پێداکراوه دا هه‌ڵبستمه سه‌ر پێ و برۆم.
ئه‌و کاته‌ی ئه‌و تروسکاییه‌م له ناو چاوانی شوفێره‌که‌م ده‌بینی، زابته سمێڵ خواره‌که خۆی ئاماده ده‌کرد و به‌رامبه‌ر ئێمه ده‌هات تا وه‌کو تاڵترین فه‌رمانمان پێ بدات. شوفێره‌که‌م زۆر به ووردی سه‌یری نزیک بوونه‌وه‌ی زابته سمێڵ خواره‌که‌ی ده‌کرد. هه‌ر که نزیک بووه‌وه به‌رده‌ممان شوفێره‌که‌م له ناکاو منی ڕاته‌کاند و به خێرایی به‌ره‌و پێشه‌وه چوو. من زابته سمێڵ خواره‌که‌م له ژێر پێیه‌کانی خۆم دیت و ئه‌وه‌نده‌ی هێزم تێدا بوو سه‌ری که‌وتم و فلیقاندمه‌وه. من یه‌که‌م جارم بوو کاری وا خوێناوی بکه‌م، به درێژایی ته‌مه‌نم بنیاده‌مێکم ئازار نه‌دابوو، که‌سێکم له ژێر پێیه‌کانم پان نه‌کردبووه‌و. که‌چی به فلیقاندنه‌وه‌ی زابته سمێڵ خواره‌که، هه‌ستم به‌سه‌ر به‌رزیێک ده‌کرد له چاو ده‌سته خوشکه‌کانم. شوفێره‌که‌م هه‌ر که ئه‌و کاره مه‌ردانه‌یه‌ی به من ئه‌نجام دا، یه‌کسه‌ر به خێرایی منی به‌ره‌و پاش گه‌ڕانده‌وه و ڕێگا قیرتاوه‌که‌ی خسته به‌رده‌مم بۆ هه‌ڵاتن. هه‌ردووکمان پێکه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی هێزمان تێدابوو ڕامانده‌کرد و له شوێنه‌که دوور ده‌که‌وتینه‌وه. به‌ڵام له چوار ده‌ورمان ده‌ستڕێژ و گولله باران بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوفێره‌که‌م ده‌ستی له سه‌ر ملم بوو و هه‌ر منی ته‌کان ده‌دا تا خێرا تر برۆم.
ئه‌فسووس، له‌شی هه‌ردووکمان ببوو به بێژنک و نه‌مانتوانی بستێک زیاتر رێ بکه‌ین. که هاتن یه‌که‌م شت شوفێره‌که‌یان له سه‌ر ملم دابه‌زاند و برینه‌کانی ئه‌ویان دایه به‌ر زه‌بری شه‌ق و تفه‌نگه‌کانی ده‌ستیان. پاشان چاوم لێ بوو که چۆن وه‌ک شتێکی هیچ خستیانه به‌ر نووکی شۆفه‌ڵێک تا به‌ره‌و گۆڕه گه‌وره‌که ڕایبماڵێت.
من له پاڵ ئه‌و دیواره میز پێداکراوه دا به دڵی ئاسنمه‌وه وا چاوه‌کانم پڕن له روندک و ئه‌سرین، تکاتان لێ ده‌که‌م بمبورن ئه‌گه‌ر چیتر نه‌توانم دیمه‌نه‌کانی تری ئه‌و گه‌شته شوومه‌ی خۆمتان بۆ بگێڕمه‌وه! تکاتان لێ ده‌که‌م بمبورن!
ئازاری 2008
که‌نه‌دا