Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئیخوان المسلمین خەنجەری ژەهراوی دەستی ئیمپریالیزم …

ئیخوان المسلمین خەنجەری ژەهراوی دەستی ئیمپریالیزم …

Closed
by November 12, 2011 گشتی

ئیخوان المسلمین خەنجەری ژەهراوی دەستی ئیمپریالیزم بۆ لێدان لە دڵی شۆڕشی عەرەبی


لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا  چل و حەوتەمین کۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە شاری مونیخی ئەڵمانیدا بەڕێوەبرا. بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردووەوە، ئەمساڵ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە لە مەسەلەکانی شۆڕشی تونس و میسریان کۆڵیەوە . شۆڕشی تونس و میسر ئەو ڕووداوە مێژووییە کتوپڕانەی باکوری ئەفریقا بوون کە دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەوروپاو ئەمریکا تووشی شۆک کرد . بۆیە بە زوویی دەبووایە ڕێگاچارەیەک بۆ بەلاڕێدابردنی ئامانجی سەرەکی شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی بدۆزنەوە . بەدوای ئەو کۆنفڕانسەدا، دەستیان بە پلانگێڕان دژی لیبیا کرد و لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا، بە پشتیوانی دەوڵەتی کۆنەپەرستی قەتەر، ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەیان لە ئیخوان المسلمینەکانی ئەو وڵاتە دروستکرد . ئەم ئۆپۆزسیۆنەی قەزافی، هەموو گەرەنتییەکی لە ڕێگای دەوڵەتی قەتەرەوە لە ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئەوروپا وەرگرتبوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە لیبیادا . بۆ بەلاڕێدابردنی ئامانجەکانی شۆڕشی خەڵکی تونسیش، ڕەشید الغنوشیان لە بەریتانیاوە ناردەوە بۆئەو وڵاتە. گەڕانەوەی الغنوشی لە بەریتانیاوە، هەروەک گەڕانەوەی خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا لە پاریسەوە بۆ تاران وابوو. لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئیمپریالیزمی ئەوروپا و ئەمریکا، خومەینیان ناردەوە بۆ ئێران تا خەڵکی ئێران بە دروشمی ئیسلامییانە گەوج بکات و لە ڕێگای ئاینی ئیسلامەوە شۆڕشی دژی ئیمپریالیستی لە ئێراندا سەرکوت بکات . ئەوروپا ئەمریکا پێویستیان بەوە هەبوو کە ڕژێمێکی ئیسلامی لە ئێراندا بهێننە سەر کورسی دەسەڵات، چونکە لەلایەک لە دژی نفوزی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی لە ئێران و ناوچەکەدا بەکاریان دەبرد و لەلایەکی دیکەیشەوە ئەو ڕژێمە دەیتوانی بەر بە پرۆسەی  بوونی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بە فەرهەنگ و ئەقڵی سیاسیی خەڵکی ئێران بگرێت . کۆنفڕانسی مونیخی ئەمساڵیش هەمان ڕێگای ساڵی ١٩٧٩ی گرتەبەر و ئیسلامی وەک شمشێرێکی دوو دەم دژ بە شۆڕشی گەلی عەرەب بەکار برد؛ لەلایەک بۆ لێدانی سیکۆلاریزمی عەرەبی و ئیسلامی فۆندەمینتاڵیست و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ئامانجە سەرەکییەکانی شۆڕشی گەلی عەرەب کە بریتی بوو لە نەمانی هەژاری، بێکاری، گرانی و دیکتاتۆری.

بەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بن عەلی و موبارەکدا، ڕۆژئاوا زۆر زیرەکانە شەڕی ئیسلام بە ئیسلام و شەڕی ئیسلام بە سیکۆلاریزمی عەرەبی دەکات، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوە کە داوەری لەسەر ئەوە بکەین ڕۆژئاوا خۆیشی لەم شەڕەدا تووشی چ زیانێک دەبێت بە دەستی ڕێکخراوەی ئەلقاعیدەو لقەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە وڵاتانی عەرەبیدا بەگشتی و بە تایبەتیش لە لیبیادا! .

لە تاکتیکی دژی شۆڕشی ئێستای ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا دژ بەشۆڕشی گەلانی عەرەب، ئیخوان الموسلمین وەک نۆکەرێکی هەمیشەیی ئیمپریالیزمی ئینگلیز و ڕۆژئاوا، لەدژی شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی بەکاردەهێنرێت . ئیخوان الموسلمین بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی خۆی، لەگەمەی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاربراوە و لەم قۆناغەشدا دووبارە هەمان ڕەوتی ئیسلامی کەوتەوە ژێر سەرنجی ئیمپریالیزم ئەمریکاو ڕۆژئاوا. لەڕابردوودا ئیخوان الموسلمین، بە پاڵپشت و کۆمەکی دارایی قەتەر و سعودییە  ڕۆڵی دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و بزووتنەوەی کۆمۆنیستییان بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکوری ئەفریقا و ئاسیای ناوەندیدا دەبینی . بەدوای کۆتایی جەنگی سارد و هەرەسهێنانی بڵۆکی بە ناو سۆشیالیستی سۆڤییەتیشدا، ئیخوان المسلمین بۆ ماوەیەکی زەمنی کورتخایەن ڕۆڵی دژی شۆڕش و دژی ئازادی پێشتر خۆی بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ڕۆژئاوا لەدەستدا، بەڵام بە دوای سەرهەڵدانی گروپە ئیسلامییە تووندڕەو تیرۆریستەکاندا، جارێکی دیکە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا سەرنجیدایەوە سەر ئەکتیڤکردنەوەی بزووتنەوەی ئیخوان المسلمین لە ناوچەکەدا . بەدەسەڵاتگەیشتنی حیزبی ” داد و گەشەکردن ” لە تورکیا، وەک لقێک لە لقە سەرەکییەکانی ئیخوان المسلمین لە ناوچەکەدا، ڕۆژئاوای هێنایە سەر ئەو بڕوایەی کە ئیخوان المسلمین دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر و ئەکتیڤ بگێڕێت لە دژایەتیکردنی ئیسلامی فەندەمینتاڵیزم و تەنانەت وەهابیەتیشدا . ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ئەوروپا هیچ دژایەتیکی بنچینەیی بەدەسەڵاتگەیشتنی ” حیزبی داد و گەشەکردن” تورکیایان نەکرد، چونکە دەیانزانی بەدەسەڵاتگەیشتنی ئیخوان المسلمینەکانی تورکیا، ڕێگا بۆ ئەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕەوتە بە شێوە میانەڕەوە ئیسلامییە، بەقازانجی ئەوان لە گشت ناوچەکەدا دووبارە خۆی نوێ بکاتەوە . لە قۆناغی پاش کۆتایی جەنگی سارد و بەدیاریکراوتریش لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە، واتە بەدوای ڕوخانی ڕژێمی تاڵیبان و ڕژێمی بەعسدا، کە ناویان لێنا ” جەنگ دژی تیرۆریزم “، ئیخوان الموسلمین ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا کە زیاتر مەقبولییەت لەلای ئەمریکاو ڕۆژئاوا پەیدا بکات .

تەقینەوەی پێشبینینەکراوی شۆڕش لە تونسدا و دیارنەبوونی ئایندەی شۆڕشی تونس بۆ ئەمریکاو ئەوروپا، بەدوای ئەویشدا تەقینەوەی شۆڕشی میسر، مەقبولیەتی ئیخوان المسلمینی بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا سەد بەرابەرکردەوە . ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئەوروپا، لە نفوزی سیاسیی و جەماوەری  بەرفراوانی ئیخوان المسلمین لە میسر، تونس، لیبیا، سوریا، یەمەن و جەزائیردا بە تەواوی دڵنیاو  ئاگادارە. دەبووایە ئیخوان الموسلمینەکانی ئەو وڵاتانە بخەنە بەرامبەر شۆڕشی خەڵکی عەرەب، دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان و ڕێکخراوە سەلەفییەکانی جۆری ئەلقاعیدەوە . لە ڕێگای دەوڵەتی قەتەرەوە، ئیخوان الموسلیمینەکانی لیبیایان تا ئاستی ئۆپۆزسیۆنێکی چەکدارکراو قەوارە پێدا و پاشانیش هێزی سەربازی ناتۆیان کردە پاڵپشتی بۆ ڕوخاندنی دەوڵەتی قەزافی .

 لە ڕێگای حیزبی دەسەڵاتداری عەدالەت و تەنمیەی ئۆردوغانیشەوە، دەیانەوێت هەمان سیناریۆی لیبیا  لە سوریادا دووبارە بکەنەوە، واتە حیزبی ئیخوان الموسلمینەکەی ئۆردوغان دەیەوێت لە ڕێگای کۆمەکی سیاسیی، دارایی و تەنانەت لۆجستیکییەوە، ئیخوان المسلمینەکانی سوریا بکاتە بەدیلی ڕژێمەکەی ئەسەد، بەڵام پێکهاتەی جیاوازی مەزهەبی سوریا و جێگاو شوێنی سیاسیی و جیۆپۆڵۆتیکی ئەو وڵاتە، زیاتر چانسی لەسەر کار مانەوە بە ڕژێمەکەی ئەسەد دەدات تا ڕوخاندن و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی لیبیا لەو وڵاتەدا .

لە هەڵبژاردنەکانی تونسیشدا حیزبی نهضەی الغنوشی براوەی هەڵبژاردنەکان بوو. لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی هەڵبژاردنی تونسدا، سەفیری ئەمریکا لە تونسدا ڕایگەیاند کە ” ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی داهاتووی تونسدا هاوکاری دەکات “. پەیامەکەی سەفیری ئەمریکا لەو وڵاتەدا زۆر ئاشکرابوو؛ ئەمریکا حکومەتی حیزبی نهضەی ئیخوان المسلمینی تونس بەڕەسمی دەناسێت و  هاوکاری تەواوەتی دەکات !.   بردنەوەی حیزبی نهضەی ئیخوان المسلمینەکانی تونس، نیگەرانی دڵەڕاوێکی لە ناوەندی سیاسیی و کۆمەڵایەتی تونسدا دروستکردووە و ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی تونس کەوتونەتە بەر مەترسی و هەڕەشەی ئیسلامی جۆری ئیخوانەکانەوە.

لە لیبیاشدا، ٧٤ کاتژمێر بە دوای تیرۆرکردنی قەزافیدا، موستەفا عەبدول جەلیلی سەرۆکی ئەنجومەنی کاتی ڕایگەیاند کە” هەر یاسایەک پێچەوانەی ئاینی ئیسلام بێت هەڵدەوەشێنرێتەوە” . وەحشیگەری ئیخوانەکانی لیبیا لە تیرۆرکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر قەزافیدا خۆی بەرجەستەکردەوە .

لە میسریشدا هێشتا کێشەی بەدەسەڵاتگەیاندنی ئیخوان المسلمین لە کێشمەکێشی نێوان دەسەڵاتدارێتی سوپاو گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەوڵەتێکی مەدەنیدا یەکلایی نەکراوەتەوە . هەڵبەت لە هەڵبژاردنێکی ئازادی وەک ئەوەی تونسدا،  چانسی بردنەوەی ئیخوان المسلمین لە هەموو لایەنەکانی دیکە زیاترە و خودی ئەمریکاو ڕۆژئاواش ئەو ڕاستییە بابەتییە بە باشی دەزانن، بەڵام بەمحاڵەشەوە ئیخوان المسلمین ناتوانێت ئەڵتەرناتیڤێکی درێژ نەفەسی حکومەتی بێت بۆ قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە کە بەربینی ڕژێمە سیاسییەکانی ناوچەکەی گرتووە .

لە قۆناغی ئێستادا، تاکتیکی ئیخوان المسلیمنەکان بریتییە لە قەبوڵکردنی سیستەمی ئابووری لیبراڵ و سیستەمی  پەرلەمانی و هەڵبژاردن، بەڵام ئەمە تاکتیکێکە بۆ ستراتیژییەکی درێژماوەتر، کە ئەویش بریتییە لە چەسپاندنی دەسەڵاتی ڕەها و سەلەفی ئیسلامییانەی حیزبە ئیخوانەکان بەسەر خەڵکی وڵاتەکانی ناوچەکەدا، سەلەفیەتێک کە بە حوکمەکانی قورئان و شەریعەت کۆمەڵگەکان بەڕێوە دەبات و هەمووشمان دەزانین کە حوکمەکانی قورئان و شەریعەتی ئیسلام، نایەڵێت مرۆڤەکان هەناسەی ئازاد بدەن . ئامانجی سیاسیی ئێستای ئیمپریالیزمی  ئەوروپاو ئەمریکاش بەکاربردنی ئیخوانەکانە بۆ خنکاندنی هاواری ئازادی لەگەروی ملیۆنە خەڵکی ناوچەکەدا . بۆیە دەکرێت بڵێین ” ئیخوان الموسلمین ” خەنجەرێکی ژەهراوی دەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕۆژئاوایە کە لە دڵی شۆڕشی گەلانی ناوچەکەی دەدەن . لە کوردستانیش یەکگرتووی ئیسلامی هەمان ڕۆڵی برا موسڵمانەکانی لە لیبیا، سوریا، میسر و تونسدا دەگێڕێت دژ بە ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤی کورد . بۆیە خەڵکی کوردستان دەبێت بەرامبەر بەم ڕەوتە ئیسلامییە سەلەفی و چەواشەکار زۆر هوشیاربن .


تاهیر ساڵح شەریف
٢٨-١٠-٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.