
په‌رده‌ی ژیان! …. ن/جه‌لال قادر
له‌م ڕۆژانه کاره‌ساتێ له ماله‌که‌م ڕوویدا . ببوره کاره‌سات نه‌بوو، ڕووداو بوو .
كچه‌که‌م پێی‌گوتم : باوه گیان .. بمبوره نه‌متوانی به‌لێنه‌که‌م بگه‌یه‌نمه جێ!
وتم : به‌لێنی چی؟
وتی : دوو به‌لێنه‌که‌ی پار ساڵ!
دامام و ترسام هه‌ردوو به‌لێنه‌که به‌لامه‌وه گرنگ بوون!
وتم : کام به‌ڵێنیانت شکاندووه!
وتی : ئاخر لێمناده‌ی ؟
وتم : بلێ !
وتی : په‌رده‌ی کچێنیم له‌ده‌ستداوه!
ده‌رگای ژووره‌که‌م داخست و له مال هاتمه ده‌ره‌وه . زۆر تووڕه بووم ، ده‌مزانی ئه‌گه‌ر له‌مال بمێنم توشی هه‌له‌یه‌ک ده‌بم . دوای بیرکرندنه‌وه‌یه‌کی زۆر شه‌و دره‌نگ به مه‌ستی گه‌ڕامه‌وه مال .
تا هه‌فته‌یه‌ک له‌گه‌ل کچه‌که‌م نه‌دوام ..ئه‌ویش هه‌ر له‌ماله‌وه خۆی لێمده‌شارده‌وه و به دزییه‌وه ده‌چوو بۆ قوتابخانه و ده‌گه‌ڕایه‌وه .
کاتێ کچه‌که‌م ته‌مه‌نی بوو به حه‌ڤده ساڵ ، له‌گه‌لی دانشتم و دوو داواکاریم لێکرد . یه‌کیان كچ بێت تا ئه‌و کاته‌ی شوو ده‌کات ، دووه‌میان زانکۆ ته‌واو کات . ئێستا ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ساڵانه به‌لێنێکی شکاند ساڵێکی‌تر له زانکۆ وه‌رده‌گیرێ ئه‌و به‌لێنه‌ش بشکێنێ واته ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی به خێووم کردووه پاره‌م له بانک بۆ دانه‌وه هه‌مووی به باچوو!
ئێواره‌یه‌ک تێکست ماسجم بۆ هات له کچه‌که‌مه‌وه نوسیبووی : ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه ماڵ .
زه‌نگم بۆ لێدا ..وتم : تۆ شێت بوویته !
وتی : باوه زۆر ده‌ترسم له‌م بێده‌نگی و تووڕه بوونه‌ت .
وتم : هه‌ر ئێستا ده‌بێ بتبینم ..وه‌ره فلان قاوه‌خانه و به‌جووته قسه ده‌که‌ین .
وتی : باش ..
گه‌یشتمه قاوه‌خانه‌که هه‌ر له‌به‌رده‌م ده‌رگا باوه‌شی پێما کردوو وتی : باوکه خۆشمده‌وێی .
وتم : با بچین هه‌ر یه‌ک (ئه‌زبه‌رییه‌ک ) بخۆێنه‌وه .
چووینه ژوور له کوچێکی قاوه‌خانه‌که دانشتین ..ئه‌زبه‌رییه‌که که‌ڵڵه‌ی ته‌زاندم .
وتم : کچم ده‌زانی ئه‌م ئه‌زبه‌رییه بۆکه‌ڵڵه‌ی ته‌زاندم ؟
وتی : له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌هۆله و سارده !
وتم : که‌واته هۆی تووڕه بوونه‌که‌ی منیش هه‌رده‌بێت بزانیت..که‌ڵڵه ته‌زیینه‌که‌شم کاتییه .
وتی : باوه گیان ..هیچ شه‌وێك نه نوستتووم ..هه‌میشه چاوم زه‌ق بوو ده‌مگوت ئێستا نا ئێستا باوکم دێته ژوور و ده‌مخنکێنێ !
وتم : تۆ شێتی چۆن دلم دێت ..باوه‌ڕم به کوشتن نییه ..سزاکه‌ت ئه وه‌بوو چه‌ند ڕۆژێ لێت زویربم.
وتی : به‌ڕاسته ؟!
وتم : به‌ڕاستمه به مه‌رجێ به‌لێنه‌که‌ی دووه‌م بهێنیته جێ ؟
وتی : باوه گیان باوه‌ڕده‌که‌م به‌ڕاستت بێت ..به‌س له دڵه‌وه هه‌ر ده‌ترسم .
وتم : کچم . من حه‌زم ده‌کرد کچ بوویتایه تا ئه‌و کاته‌ی شووت ده‌کرد . ئێستاش له‌ش له‌شی خۆته من حه‌قم به‌سه‌رته‌وه نییه …ئه‌و ترسه له له‌شت ده‌رکه و با بچینه‌وه ماڵ.
کچه‌که‌م دووباره باوه‌شی پێما کردوو و به‌سواری ئۆتۆمبیله‌که‌م به‌ره‌و ماڵ چووین .
کاتێ گه‌یشتینه به‌رده‌م ده‌رگای ماڵ چۆکی ده‌له‌رزی ده‌می ته‌ته‌ته‌له‌ی ده‌کرد .
وتم : چیبووه کچم ..تۆ له‌گه‌ل باوکی خۆتی !
وتی : باوه گیان هه‌رچه‌ند له‌ماڵ نزیک ده‌بمه‌وه زیاتر ده‌ترسم .
وتم : بۆ؟
وتی : له کوشتن !
وتم : گوێبگره بۆ دواجار پێت ده‌لێم ..ده‌مه‌وێ تۆ کچێکی ئازا‌و چاونه‌ترس بیت . زانکۆ ته‌واو که‌و وابزانه هیچ ڕووینه‌داوه .
به گریانه‌وه وتی : خۆزگه بمتوانایه ئه‌و ترسه ده‌رکه‌م ..چه‌نده په‌شیمانم ..نه‌متوانی به‌سه‌ر حه‌زه‌کانم زاڵ بم ..
وتم : کچم ..من دنیام زۆر دیوه خه‌م مه‌خۆ ..خه‌لک هه‌یه به ئاشکرا مندالی خه‌لک ده‌کوژێت که‌سش ناوێرێ پێی بلێ به‌ری چاوت مووی پێوه‌یه! تۆ چیت کردووه ..من لێت ده‌بوورم ..بابچینه ژوور..
له ئۆتۆمبیله‌که دابه‌زی وده‌ستی خسته ناو ده‌ستم ..وتی : دلنیابم ئازارم ناده‌یت !
وتم : به خوا گه‌مژه‌ی ..براکه‌ت ده‌ناسی ؟
وتی : به‌لێ !
وتم : براکه‌ت په‌رده‌ی کوڕێنی هه‌یه ؟
وتی : نه‌خێر..کوڕ په‌رده‌یان نییه!
وتم : جا چ جیاوازییه‌کتان هه‌یه ، هه‌ردووکتان هه‌ر مندالی من نین؟!
وتی : تێناگه‌م .
وتم : با جوانتر بۆت شی که‌مه‌وه .. ئه‌گه‌ر کوڕ له‌گه‌ل سه‌د کچ بنوێ په‌رده‌ی نادڕێ به‌س کچ ئابرووی ده‌چێت !
وتی : ژیان و داب و نه‌ریتمان وابووه !
وتم : ده ئێمه‌ش په‌رده‌ی ئه‌و ژیانه ده‌دڕێنین .
به پێکه‌نیینه‌وه چووینه ماڵه‌وه .