Skip to Content

Thursday, August 18th, 2022

ئاو لەسەر بەفری نوسی …. حەمەشوان شەریف

Closed
by November 14, 2011 ئەدەب

 

ئاو  وتی:

مرۆڤەکانی ئەم چەرخە

یەک ئێوارە

دڵیان بڕی  خۆشەویستی ئەکات،

مرۆڤەکانی ئەم چەرخە

بەیەک ئێوارە

سەریان سپی سپی ئەبێت ،

گیرفانەکانیان لە نیوەی خەودا

پڕ  پڕ

 ئەبێ لە مەراق ،

چاویان بەدیار خۆیانەوە

غرۆلئەبێتەوە و

لەتاو  پەشیمانی

بەگریانەوە هەڵئەوەرێ ،

مرۆڤەکانی ئەم چەرخە

 سەریان لەبەرد ،

 دڵیان لە پەشمەک چنراوە،

   ئاو   وتی /

تازە ئەی مرۆڤ

دەرگا  بەڕوتا کڵۆم دراوە

بە لەخۆ باییەوە بۆ

 ناو ژیان هاتی و

بەمشتێ تاوانەوە  

لە ناو گوماندا گەوزای /

هاتی و  

بەدەستەکانی خۆت

کلیلیی ژیانت

فڕێدایە ژێر باڵی لمی نەووسنەوە ،

مرۆڤ !

پەشیمانی

 بەپێوە زۆر وەستا بۆ لێبوردن

کەچی تۆ

 چەقۆت خستەسەر ملی هۆشیاری و

مەوجی ئایندەکەت گۆڕی

بۆ کوژانەوە ،

تازە بەسەر چوو  ،

مرداربویەوە چاوەڕوانی ،

ئاو /

بەدەم شەپۆلێدانەوە

 گرێکانی لەسەرپشتی

خۆی کردەوە و  ووتی /

سێبەشم  لە   زەویدا

چواربەشم  بۆ  ژیان

تۆ ببینە   /  کەچی مرۆڤ

یەک بەشی هەیە  بۆ وشکایی

  چۆن پڕی کردوە  لە   تاوان .

……………………………………….

ئاگر وتی /

لەبیرمە ،

 لقێکی درەختێک بووم

بۆ هەناسە

بەسەر شانی کانیەکەوە شۆڕبوو  بومەوە

بۆ ناو ژیان

مرۆڤێک  هات

بڕیمیەوە

هەموو لەشمی کرد بەسووتان

لەو ڕۆژەوە لە هەمووتان

یاخی بووم و

ناوتان لێناوم   هەتاو

ئەمێستا  منی هەتاو

  ئاگرم و

ئەوەیش  ئینسان ،

ئاگر وتی /

بەئاوم  وتبوو

پێناسەیەکی مرۆڤ بنوسێ

لەسەر بەفر

ئاو / دوای عەیامێک بیرکردنەوە

لەسەر سنگی بەفر

بە قەڵەمی ڵێوی کچێ

بەڕەنگی سوور لەسەر بەفرەکەی نوسیبوو

مرۆڤ بریتیە لە /

درۆ …تاوان … ڕق … گومان /.

 

                                            

Hamashwan1@hotmail.com   

 

 

 

Previous
Next