
هه‌موو رۆژێك ژیانی نیشتمان تاڵتر.. تاڵتر له‌چاره‌ی دوژمنانی
مرۆڤ له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا بێت، وابه‌سته‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه، ره‌نگی له ره‌نگی خاك و نیشتمانه‌كه‌ی خۆی ده‌چێت، وه‌رز به وه‌رز له‌گه‌ڵیدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، له‌گه‌ڵ كه‌می ئاو و ساردبوونی هه‌وایدا ئه‌میش په‌رۆشتر و په‌شێوتر دێتێته به‌رچاو.
مرۆڤێك نییه له‌م جیهانه به‌رینه‌دا به‌بێ زێد و نیشتمان بتوانێت تاقه یه‌ك هه‌ناسه‌ش هه‌ڵمژێت.. مرۆڤێك نییه ته‌واو كامڵ بێت و پشتی له سیما‌و رووخساری وڵاتی باووباپیری خۆی كردبێت..مرۆڤێك شك نابه‌یت له‌م دونیا فراوانه‌دا به هه‌موو ئهقڵێكییهوه ده‌ستبه‌رداری یه‌ك بست و فه‌رسه‌خی نیشتمانه‌كه‌ی خۆی بێت و بۆ تاهه‌تایی كۆچ بكات و بهسهفهرێكی بێكۆتا به‌جێی بهێڵێت.. كه‌واته هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكین كه نیشتمان وه‌كو هه‌ناسه‌و ئاو و ژیان پێویسته‌و ناكرێت لێی جیابینهوهو هه‌موومان به خاك و زێدهكهمانهوه تاكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بونه‌وه‌رێكی سیاسی و ژیرین، به‌بێ نیشتمان تاك یان مرۆڤ یان بونه‌وه‌ر نین، به‌ڵكو هوڤی و دڕنده‌و چیایی و وه‌حشین، ئه‌وه نیشتمانه كه به‌رگی بونه‌وه‌رێكی شارستانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مه‌ده‌نییه‌ت و ئینسانیبوونمان پێده‌به‌خشێت. هه‌ر ئه‌ویشه له‌ڕێی ده‌ستوره‌وه ئه‌رك و مافمان پێده‌به‌خشێت، ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانمان زۆرن و ده‌بێت وه‌ڵامدانه‌وه‌مان بۆ خێروبێری نیشتمان هه‌بێت، به‌ڵام كه‌واته به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو ئه‌ركه‌ی پێی سپاردووین، ده‌بێت مافگهلێكیشمان پێببه‌خشێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سایه‌ی ئه‌ودا به‌خته‌وه‌ر و ئاسووده‌یی بچێژین و ژیانێكی شیرین نه‌ك تاڵ (هیچ نه‌بێت وه‌كو مناڵێكی ئه‌م زێد و نیشتمانه) ده‌بێت رۆژ دوای رۆژ، له‌گه‌ڵ گهورهبوونمانداو زیادبوونی ئه‌رك و داخوازی و فراوانتربوونی خه‌ونه‌كانماندا، له‌گه‌ڵ قورستربوونی وه‌ده‌ستهێنان و گرانتربوونی پێداویستییه‌كانی ژینماندا، نیشتمان ئاسانكاریمان بۆ بكات، له‌گه‌ڵ قهیرانبوونی شتومه‌ك و ئامێر‌و كه‌ره‌سته‌و پێویستییه سهرهكییهكانماندا، له‌گه‌ڵ هاتنی وشكه‌ساڵی و بێ‌بارانی و بێئاوی و سوته‌مه‌نی و بێكارهبایدا، نیشتمان ده‌ستی برایانه‌ی به‌سۆزی برایانه‌و باوكانه‌ی خۆی به‌سه‌ر سه‌رمانا بێنێت و مناڵه‌كانی خۆی له‌وه زیاتر ریسوا نه‌كات، چونكه مرۆڤی ریسوا به‌هاو نرخیشی لای كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی كه‌متر ده‌بێته‌وه..
نیشتمانی ئێمه‌ش كوردستانه، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا چاومان بۆ ژیان كردۆته‌وه، یارییه‌كانمان یاری كوردین و له قوڵایی فه‌رهه‌نگی كورده‌وارییه‌وه هه‌ڵقوڵاون. وانه‌ی قوتابخانه‌كانمان له هه‌ناوو مێشكی كوردستانه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌و سروود و په‌نده‌كانی به‌گوێماندا ئاشنابوون، له‌گه‌ڵ هه‌رزه‌بوون و ههراشبوونماندا، ئه‌وانیش قه‌باره‌و سهنگیشیان گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه.. ئه‌گه‌ر كه‌وته میحنه‌ته‌وه، چه‌كی فیداكاریمان بۆ خستۆته سه‌رشان، ئه‌گه‌ر هاواری كردووه، بۆی گریاوین، ئه‌گه‌ر بێده‌ره‌تان بووه، بۆی چووینه‌ته سه‌نگه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌ختی نوغرۆبوونی نزیك بووبێته‌وه، بۆی شههیدبووین!!
ئه‌م نووسینه‌ی به‌نده، بیرهێنانه‌وه‌ی مێژووی نیشتمانپه‌ره‌وه‌ری و وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی پۆله‌كانی ناوه‌ندیمان نییه.. وانه‌یه‌كیش نییه بۆ به‌رپرسه‌كانمان و ئه‌وان لهوسهرهوهی ئه‌م خهتوختوته هاتوونه‌ته‌وه..به‌ڵكو وڕێنه‌یه‌ی تاكێكی تۆراوو سهربهخۆو ئازادی ئه‌م وڵاته، چرپه‌ی مرۆڤێكی سه‌رسپیی په‌نجا ساڵه‌یه، كه له ئه‌ركه‌كاندا بۆ زێد‌و نیشتمانه‌كه‌ی درێخی نه‌كردووه‌و ناپاكی ده‌رهه‌ق نه‌كردووه، ئاهوناڵه‌ی ئه‌وانه‌شه كه له هزرو ره‌فتاردا له‌و ده‌چن، به‌ڵكو زیاتریش ئاهوناڵه‌ی برینداران و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و كسپه‌ی جه‌رگی دایكی شه‌هیدو بێسهروشوێنێكه كه‌تاكو قیامه‌ت چاوه‌ڕوانی چاوی گه‌شی رۆڵهكهیهتی و كه‌سێك نییه بێجگه له‌خۆی ده‌ستێكی میهره‌بانی باوكانه به‌سه‌ر سه‌ری كهساسیدا بێنێت!؟
گرفتی سه‌ره‌كی ئێمه‌ی هاوچه‌رخ، ئه‌وه نییه كه له‌م چركه‌ساته‌دا له‌نێو باوه‌شی نیشتماندا ژیانی ئازاد به‌سه‌ر ده‌به‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه چۆنایه‌تی ئه‌و ژینه له‌چ ئاستێكدایه، ئایا ده‌كرێت به ژیانی راسته‌قینه ناوی بێنین؟ بۆ هه‌موومان وه‌كو یه‌ك ژیانێكی ئاسووده‌یه، یان جیاوازه، بۆ هه‌ندێكی كه‌م ژیانی خۆشی و به‌ره‌كه‌ت و هایلایڤه, رابواردن و ته‌خشان و پهخشانكردن به داهات و سامانی نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌وه..كوێخایی و ئاغایه‌تی و به‌كۆیله‌كردنی برایان و هاونیشتمانان بێت.. بۆ زۆرینه‌كه‌ش ژینی چه‌رمه‌سه‌ری و تاقه‌تپڕووكێن، ژینی كۆیله‌یه‌تی و ملكه‌چی و هه‌ژاری و ده‌ردو ئازار بێت! ئه‌وجۆره ژیانه‌ش درێژه‌ی هه‌بێت و به‌ڕووخاندنی دیكتاتۆرێكی مڵۆزمیش كۆتایی نه‌یه‌ت و به‌رده‌وامییه‌كی ئه‌وه‌نده ترسناك بێت دوای بیست ساڵیش له ئازادی و سه‌رفرازی كه‌چی هه‌ر ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی وه‌كو نامۆ‌و په‌راوێز به ژیان و خۆشییه‌كانی ده‌ژین، رۆژ دوای رۆژ تاڵتر و تاڵتر گوزه‌رانی ناو كرێنشینی و گرانیی بازاڕ‌و بێكه‌سی و بێ پشتوپهنایی به‌رنه‌سه‌ر، له‌م نه‌خۆشخانه‌وه بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه، له‌م كلینیكی دكتۆره‌وه بۆ ئه‌ویتر، له‌م شه‌قامه‌وه بۆ ده‌ستگێڕی و فرۆشتنی كاڵا‌و شمه‌ك و خوارده‌مه‌نی هه‌رزانبه‌ها بۆ ئه‌و شه‌قامه‌ی دیكه.. له‌م ئازار‌و گرژی ژیانه‌وه بۆ ئه‌و گریان و شیوه‌نی دیكه‌ی رۆژانه‌یان..له‌م تاڵیی گوزه‌رانه‌وه بۆ تاڵییهكی تاڵتر..
لێره‌وه ده‌مه‌وێت ئه‌وه به به‌رپرسی حزب و حكومه‌ته‌ی ئه‌م نیشتمانه بڵێم: ئێوه له دیكتاتۆره‌كه‌ی به‌غدا زیاتر نیشتمانتان له زۆرینه‌ی هاونیشتمانیه‌كانی خۆتان تاڵتركرد..ئێوه ژیانی زۆرینه‌ی ئه‌م نیشتمانه مه‌گه‌ر له‌ودیو جامی ره‌شه‌وه ببینن.. ئێوه مه‌گه‌ر له ته‌له‌فزیۆنی ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه نیشتمانی هه‌ژاران و كه‌مده‌رامه‌تان و بێنه‌واو هه‌تیو و پیری كه‌وتووی سه‌ر شه‌قامه‌كان و سواڵكه‌رانی بێشوماری نیشتمانه‌كه‌تان ببینن..
نیشتمان، ئه‌مڕۆكه لێتان تووڕه‌یه، زیاتر له خه‌ڵكی بێچاره‌ی كوردستان كه وه‌كو خه‌ڵكی عه‌ره‌بی شۆڕشگێڕ نایه‌نه سه‌ر شه‌قام و وه‌كو قه‌زافیی دیكتاتۆر‌و خوێنمژ، ناتانكوژن.. نیشتمان گله‌ییتان لێده‌كات، له‌و مرۆڤه تاڵانه تووڕه‌یه كه ژیانی هه‌زاران و ملیۆنانیان تاڵكردووه.. كه خاك و ئاویان گه‌مارو گڵاو كردووه‌و به‌فیزه‌وه به‌سه‌ریدا هه‌نگاوی چه‌وت و چه‌واشه ده‌نێن.. به‌تاڵانیان برد‌و هه‌زارانیان لێ بێبه‌شكردووه. برایان له برا كردووه‌و ئه‌میان بۆ درۆ‌و دراو گۆڕیووه‌ته‌وه.. عه‌داله‌ت و داوه‌ری تیادا ناكه‌ن..یاسای تیادا سه‌روه‌ر ناكه‌ن..پیاوانی ئازاد‌و ئازای تیادا ده‌كوژن.. مناڵی بێگه‌ردو بێگوناهی تیادا هه‌تیوو بێنه‌وا ده‌كه‌ن.. كچانی پاك و هه‌ناسه‌ساردی تیادا تیرۆری سپی ده‌كه‌ن، پیرانی پیرۆزی تیادا سواڵكهرو بێلانه‌و ریسوای شه‌قامه‌كان ده‌كه‌ن.. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پیاوانی نیشتمان سواڵ و گهداییان بۆ بكه‌ن.. نیشتمان و رۆڵه‌كانی تیایدا سواڵكهرو قه‌ره‌ج و په‌راوێزن..به‌هۆی ناپاكی و فرۆشتنیه‌وه به هه‌رزان، ده‌یكوژن و تۆپباران و بۆمبارانی ده‌كه‌ن..
ئه‌فسووس كه ئه‌مڕۆ ئاوه‌ها ده‌تبینم ئه‌ی نیشتمانی نالی و پیره‌مێردو بێكه‌س و گۆران و په‌شێو..ژیانی تۆشیان تاڵكرد.. هه‌ناوی تۆشیان ره‌ش و ره‌شتر كرد.. ژیانی زۆرینه‌ی رۆڵه‌كانت له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری و نه‌دارییه‌وه رۆژی سیاهو بێئومێدی ده‌گوزه‌رێنن، هه‌موو رۆژێك چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكی شیرینترت لێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌ی نیشتمان هه‌موو رۆژێك بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ت ژیانت تاڵه‌و له‌گه‌ڵ رۆژگاردا تاڵترو تاڵتر، وه‌كو ناوچه‌وان و چاره‌ی تاڵی دوژمنانت..
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ*
*پسپۆڕی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی.