
وڵامی چەواشەکارییەکەی بەرێوەبەری ستاندەر
بەرێز مەسعود عبدالخالق بەرێوەبەری سایت و گۆڤاری ستاندەر لە فەیسبووکەکەییدا ، بەشێوەیەکی زۆر چەواشەکارانە هێرشدەکاتە سەر کتێبی دیزایین مەزن وەک پلانێکی گەندەڵکاران بۆ بێئیمان کردنی خەلکی موسڵمان باسی دەکات ، جگە لەوەش بەشێوەیەکی زۆر عەوامانە رەخنە لە ستیفن هاوکینگ دەگرێت ، ئەوەی کە هێرش کردنە بۆ سەر ستیفن هاوکینگ بۆ وڵامدانەوە نابێت ، چونکو مەسعود عبدالخالق ئەو کەسە نییە دابەزێتە سەر کەسایەتی و مەعلوماتی زانایەکی وەک هاوکینگ ، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێت باسبکرێت ئەو وتانەی بەرێزیانە کەسەبارەت بە ورگێرانی کتێبەکە و چەواشەکارییە عەوامانەکەیەتی و ئەو سوکایەتیانەیە کە هاوڕێکانی لە فەیسبووکدا کردویانەتە سەر خودی من ، بە شێوەی یاسایی ئەدمینی هەموو لاپەریەک بەرپرسە لە کۆمێنتی هاوڕێکانیشی ،سەرەتا نەمن و نەکاک کامیار هیچ پەیوەندیکمان بە حیزبەدەسەڵاتدارەکانەوە نییە و من بۆ خۆشم پەیوەندییم بە هیچ حیزبێکەوە لە سەرتاسەری ئەم جیهانەدا نییە و لەتەمەنمدا سەردانی بنکەی هیچ حیزبێکی فەرمی و نافەرمی کوردستان و جیهانم نەکردووە .
سەبارەت بەبڵاوکردنەوەی کتێبی دیزاینی مەزن لەلایەن خانەی وەرگێرانەوە کە بەڕای بەرێزیان ، بۆیە وا زوو بڵاو کراوەتەوە چونکو دژی ئایینە ، تەرجمەی سەرەتایی کتێبەکە لەلایەن منەوە لە مانگی ١٠ و ١١ ی سالی ٢٠١٠ دا ئەنجامدرا و بە هەشت بەش هەموو حەفتەیەک لەلایەن سایتەکانی دەنگەکان و ئەمڕۆوە بڵاو دەکرایەوە ، تەرجەمەی تێر و تەسل و رێک و ۆپێکێشی بەهاوکاری نووسەر و وەرگێر کاک کامیار سابیر لە مانگی ١ی ٢٠١١ دا تەواو بوو لە کۆتایی مانگی ٣دا بەندە بردم بۆ خانەی وەرگیران و دوایی نزییکەی ٦ مانگ ئەمجار بڵاوکرایەوە ، ئەوەی راستی بێت و من و کاک کامیار خەفتی زۆرمان لە دواکەوتنی کتێبەکە بە هۆی بیرۆکراسییەوە دەخوارد .
خانەی وەرگێرانیش بۆ هەر لاپەریەک ٤٥٠٠ دیناری وەک پاداشت بە وەرگێرەکاندا و لێرەدا هیچ جیاوازییەک بۆ ئەم کتێبە نەکرا و رێک بەسەرەی خۆی بڵاو کرایەوە ، کەوابوو ئەم چەواشەکارییە لەلایەن ئەم برادەرەوە مانای چی دەگەێنێت ؟.
نەمن و نەکاک کامیار (لانی کەم لەدڵی خۆم ئاگادارم )ئەو بێدیینە مولحیدە نیین کە ئەم برادرە تێگەیشتووە و دواکەوتوانی خۆی تێدەگەێنێت .
من وەک لەبەرنامەی دوتوێی کەنالی کەی ئێن ئێن (بە پێشکەشکاری کاک یاسیین عومەر؛ یەکێک لەو رۆژنامە نووسانەی کە ئاستێکی زۆر بەرزی خوێنەواری هەیە ) باسمکرد، پێش هەرشتێک ئەم کتێبە کتێبێکی زانستی ،مەزن و بێهاوتایە و وەک لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەمان پێکردووە ئەگەر خودایەک هەبێت بەڕای ئێمە هیچ کتێبێک بەئەندازەی ئەم کتێبە ناتوانێت گەورەییەکەی دەربخات ، دیارە ئەو برادەرە بێئەوەی ئەم کتێبەی خوێندبێتەوە بیروباوەڕ دواکەوتوانەکەی خۆی و هاوڕێکانی بۆ هێرش بۆ سەر کتێبەکە بەکار هێناوە .
لەپاڵ حیزبەکانی کوردستاندا چ ئۆپۆزسیۆنی رەسەن و چ دەسەڵات کەسانێک خۆیان حەشار داوە کە ئامانجێکی کۆنەپەرەستانە و چەواشەکارەنەیان هەیە کە بەڕای من بەرێوەبەری ستاندەر یەکێکە لەوانە ؛ من ئێستا مافی خۆمە بزانم بەڕێوەبەری ستاندەر بودجەی سایت و گۆڤارەکەی کە تەژییە لەم بیروباوەڕانە چۆن دابیین دەکات ؟!!!
من وەک سەرنووسەری گۆڤاری زانستی نوێ-لڤینی زانستی- (کە یەکێکە لە گۆڤارەکانی کۆمپانیای لڤین ؛گۆڤارێک کە بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگای کوردی بە هەوڵ شەونخونی من و رۆژنامەنووسانی کۆمپانیاکە بڵاو دەکرێتەوە )هەموو ژمێرکانی ژمارەی ١٠ی ئەم گۆڤارە لێرەدا دەخەمە ڕوو
خەرجی :
چاپ: ١٤٠٠٠٠٠ دینار
مووچەی سەرنووسەر: ٣٥٠٠٠٠دینار
مووچەی بەڕێوەبەری نووسیین : ١٠٠٠٠٠ دینار
مووچەی بەرێوەبەری هوونەری: ٢٥٠٠٠٠ دینار
پادداشتی بابەت: ١٥٠٠٠٠ دینار
داهات:
فرۆش: ٢٤٦٥٠٠٠ دینار
ریکلام : ٣٠٠٠٠٠ دینار
ئەگەر کەسێک بڕوا بەم ژمارانە ناکات با لە چاپخانەی پێرەمێرد و کۆمپانیای نێوەند بۆ بڵاوکردنەوە و بەڕێوەبەری کارگێری کۆمپانیای لڤین لەسلێمانی بپرسێت بۆ راستی و ناراستی ژمارەکان .
جالێرەدا لە بەرێوەبەری بەرێزی دەزگای ستاندەر دەپرسم جەنابت چۆن دەزگاکەت بەڕێوە دەبیت؟ ئایا ئەو گۆڤارەی کە یەکێکە لە گۆڤارە کەم فرۆش و کەم ریکڵامەکان، داهاتی ئەوەندە هەیە تاوەکو دەزگاکەی پێ ببەیت بەڕێوە؟! یان بە زەکات و سەرفیترەی ئەو موسڵمانە دڵسافانە بەڕێوە دەچێت کە بەم شێوە هەڵیان دەخڵەتێنی ، ئەگەر ئەمەیان بێت دڵنیام ئەو خودایەی کە کتێبی دیزاینی مەزن گەورەیەکەی دەردەخات دەدگرێت!. بۆ ئاگاداری ئەو بەرێزەو خوێنەرانی بەرێزی هاوکینگیش سێ کتێبی تری هاوکینگ (کورتیلەی مێژوی کات ) و (کورتەی مێژوی کات ) و (گەردوونناسی بۆ منداڵان ) لەسەرتای ساڵی داهاتوودا بە هاوکاری هاوڕێیانم تەرجەمە و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی دەکەم .
حسێن حسێنی