Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
ڕاکردن لە ڕابردوو …  کامەران چروستانی

ڕاکردن لە ڕابردوو … کامەران چروستانی

Closed
by November 26, 2011 گشتی

هەر کاتێک باس لە “ڕاکردن لە . . .” دەکرێت، چەمکی ترسمان بەبیر دێتەوە. هەر کاتێک باس لە ترس دەکەین ئەوەمان بەبیردا دێت، ئایا لە دیاردەیەکی دیاریکراو و ناسراو دەترسین یاخود لە شتێکی نەناسراو: لە یەکەمدا ترس لە مار، مشک، کەسێکی دیاریکراو، بەرزی. بەڵام لە دووەمدا ترس لە تەنهابوون، ترس لە  تاریکیدا بەبێ ئەوەی بزانین لەو تاریکییەدا یان لە تەنهابوونماندا چی ڕوو دەدات. بۆ هەر یەکێکیش لەم ترسانە جۆرە میکانیزمێکی تایبەت هەیە بۆ خۆپاراستن و پارێزگاریکردن.
بە شێوەیەکی گشتی هەستی ترسیش یان بە ئەزموونێکی نێگەتیڤی پێشووی ژیانمانەوە بەستراوە یاخود لە نەبوونی ئەزموون و ئەگەرەکانی داهاتووەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام هەرچۆنێک بێت ترس میکانیزمێکی خودە پاراستن لە ژیانماندا دەخولقێنێت. لە هەمان کاتدا ترس بنچینەیەکی زۆر بەهێزە بۆ ڕەگداکوتانی بوێری کە لە قۆناغی کۆرپەێتیەوە دەست پێ دەکات و پاڵنەرێکی بەهێز بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ توانای هەنگاونانی بەرەو تاقیکردنەوەی پرۆسە نەزانراوەکانی ژیانی هەبێت. واتە هەرچەندە ترس لایەنێکی نێگەتیڤی هەیە، بەڵام لایەنێکی پۆزەتیڤیشی هەیە.
هەندێکجار ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو، نێگەتیڤ، شکستێک یاخود هەڕەشەیەکی ڕابردوومان جۆرە ترسێک لە ناخماندا دەخوڵقێنێت و هەروەها نەک تەنها لە ژیانەکەی ئێستاماندا ئاسەوارەکەی دەردەکەوێت، بەڵکو بە بەردەوامی لێی ڕادەکەین و تیایدا دەژین.
کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕابردوو هەڕەشەیەکی بەردەوامە لە ژیاندا و وێنەی ڕابردوو بکات بە نموونەیەک بۆ هەموو هەنگاوێک و پلانێکی ژیان، کاتێک (ڕابردوو) لە سنووری (وانە)یەک دەردەچێت و دەبێت بە پێوەر بۆ (داهاتوو)، کاتێک ڕابردوو دەهێنرێتە بەردەم ڕەوتی ژیان و لە (هەنووکە) و (داهاتوو)دا تەماشای دەکەین، ئەو کاتە هەمان گۆشەی ڕابردووی ژیانمان دەبێت بە بەشێک لە هەڕەشە و ترس لەبەردەم گۆڕانکاری و چالاکیی ژیانماندا: نامەوێت هەرگیزاو هەرگیز جارێکی دیکە هاوڕێیەتی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکەم، کە ئەم ڕووداوە ڕووی دا، جارێکی تر بیر لە خۆشەویستی ناکەمەوە، هەرگیز تێکەڵی ئەو بازرگانییە نابمەوە، خۆ لەم هاوسەرگیرییەدا سەرکەوتوو نەبووم، ئیتر بیر لە هاوسەرگیری ناکەمەوە.
ئەم جۆرە وشە و هەڵوێستانە لامان نامۆ نین و گەر لە خودی خۆشماندا بەدیمان نەکردبێت، ئەوا دەوروبەر ئەزموونێکی زۆری پێ بەخشیوین. هەرچۆنێک بێت ئەمە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە مرۆڤ لەو کاتەدا جگە لەوەی، کە لە بەندیخانەی ڕابردووی خۆیدا دەژی، لە هەمان کاتدا ڕابردووی خۆی داهاتوویەتی، کە ناتوانێت سەربەستی بدات بە هەنگاوەکانی، پلانەکانی، جەستەی، دەروون و هەستەکانی لە ژیانێکی ئاسایی واقیعیدا بژین، بەڵکو هەرچەند پرسی ئەو بابەتە دێتە بەردەمی، سەر لە نوێ دەگەڕێتەوە ناو چوارچێوە تەسکەکەی کارەساتەکەی ڕابردووی، ئەگەر ئەو ڕووداوە بە کارەسات لە ڕوانگەی ئەوەوە ناو بەرین. واتە لە لایەکەوە لە ڕابردوو ڕادەکات و لە لایەکی دیکە بە بەردەوامی لەناویدا دەژی.
بەڵام ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە ئاوڕێک لە ڕابردوومانەوە بدەین هەزارەها سەرکەوتن و بە ئامانج گەشتن بەدی دەکەین. لە هەمان کاتدا هەزارەها شکست و سەرنەکەوتن لە ژیانماندا ڕووی داوە، هەرچەندە ئەوەی کە زیاتر لە هزر و بیرەوەریماندا دەمێنێتەوە تەنها ئەوانەن، کە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە یان هەبووە لە ڕەوتی ژیانماندا. بەڵام ئەم ئاوات و خەوانە ڕۆڵەکانیان گەورە بن یان بچوک، سەرکەوتوو بن یان نا، کاریگەرییان هەتا ئێستا هەبێت یان نا لە بناغەدا یەک خاڵ کۆیان دەکاتەوە کە ئەویش هەوڵ و زۆرانبازی ژیانە، کە ئەو هێزەیە کە بەردەوامی دەدات بە ژیان و لەناو ئەم ژیانەدا وەک (ئەندامێکی زیندوو) دەمانهێڵێتەوە. شکستێکیش قەوارەکەی هەرچەندە گەورە بێت لە ژیانماندا ئەوە ناگەێنێت، کە ئێمە بیکەین بە بەهانە و وێنە نموونەییەکەی ژیان بۆ ئەوەی لە (هەنووکە)دا بە بەردەوامی تیایدا بژین. چونکە ئەمە مانای کوشتنی بەشێکە لە بەشە چالاکییەکانی ژیانی مرۆڤ وەک (ئەندامێکی زیندوو). هۆکارێکی سەرەکیش هەیە بۆ ئەوەی هەر مرۆڤێک نەتوانێت خۆی لە دەرئەنجامی هەوڵێکی ژیان دەرباز بکات بریتییە لە بەکارەساتکردنی ئەو ڕووداو و شکستییەی ژیانمان، چونکە گەر هەر یەکێک لە ئێمە بتوانێت لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە تەماشای هەنگاوەکانی ژیان بکات، تەماشای ڕەوت و هۆکارەکانی شکستەکە بکات، ئەوا بێگومان جۆرە تێگەشتنێکی دیکەی دەست دەکەوێت. تێگەشتنیشمان بۆ وردەکارییەکانی ژیان ڕەوتمان لە ژیاندا دەگۆڕیت. کەواتە ڕێگەچارە تەنها گۆڕینی گۆشەنیگاکانمانە لە ژیان بۆ ئەوەی لە مێردەزمەی ڕابردوو ڕزگارمان ببێت: ئەگەر مێردەزمە بێت.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.