گه‌مژه‌كان …. نوسینی دینا سه‌لیم.
به گه‌مژه تۆمه‌تباریان كردم، ده‌كرێت هه‌وڵی خۆكوشتنم بده‌م؟، ئایا ئه‌گه‌ر خۆم بكوژم جیهان وێران ده‌بێت؟، كێ گرنگی ده‌دات؟ دایكیشمیان به‌گه‌مژه تۆمه‌تبار كرد، چونكه هه‌وڵی كوشتنی دابوم، ئه‌و خانمه‌ی كه هه‌موو پاكیه‌كانی گه‌ردوونی تێدا ده‌ژێت، ئای كه گه‌مژه‌ن.
چیرۆكه‌كه‌ی خۆمتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه، ئێوه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، كێ گه‌مژه‌یه؟
دوو رۆژی ته‌واوم له به‌شی فریاكه‌وتن به‌سه‌ر برد، ئه‌وه‌ی به بیرم دێت، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه له‌ئاسمانی ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ فریشته‌كان مه‌له‌م ده‌كرد، نا فریشته نه‌بوو، فریشته بوونی هه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو، نا بڕوا ناكه‌م…نازانم، به‌ڵام بڕوام پێ بكه‌ن هیچ شتێك بوونی نه‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له ئێوه پێی وایه؟! ئه‌وا زۆر گه‌مژه‌ن…ئه‌وه‌ی راستی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی راستگۆ بم، بیرم نایه‌ت چاوم به كێ كه‌وت، به‌ڵام به‌ره‌و جیهانه‌كه‌ی دیكه ده‌رۆشتم…نه‌ناسراوێك به‌ره‌و ئه‌وێی بردم، ئه‌وه‌ی به بیرم دێت ته‌نها ئه‌وه بوو ده‌وروبه‌رم تاریكی بوو، له‌دووریشه‌وه روخساری دیاكمم بینی ده‌گریا، دایكم گه‌مژه‌یه، ئایا ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه به‌سی نه‌بوو، چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك هه‌وڵی دا له مردن بمگه‌ڕێنیته‌وه بۆ ژیان…له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانی بمگه‌رێنێته‌وه، ئه‌زانن بۆ؟ چونكه هه‌موو رۆژێك له نوێژه‌كانیدا دوعای ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كردم له دونیادا بمینمه‌وه، پێیتانم نه‌وت چ ژنێكی گه‌مژه‌یه!
پێیان وتم بڕێكی زیاد ماده‌ی هۆشبه‌رت خواردوه، من ئاڵوده‌ی ماده هۆشبه‌ره‌كان نیم، گۆمانی خراپم لێ مه‌كه‌ن، بڕوا بكه‌ن نازانم تامی چۆنه، هه‌رچه‌نده رۆژانه لێ ده‌خۆم، به بێ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگیم تێكبچێت و ئێش و ئازارم هه‌بێت له ژیاندا…..ئه‌و ئێشه زۆر به ئازاره، ئاره‌زووی خواردنم ناهێڵیت، له‌شم داده‌پشكێت، ته‌نها ئیسكه‌كانم ماوه‌ته‌وه و ده‌جوڵێت، خۆم لول ده‌كه‌م و ده‌چمه جێ بچوكه‌كه‌مه‌وه، له تاریكی داده‌نیشم، ته‌ماشای به‌رنامه‌ی ته‌ڵه‌كه‌بازی ده‌كه‌م، زۆرم پێ خۆشه سه‌یری بكه‌م، چونكه ئاره‌زوی ژیانم ده‌داتێ، ژیان؟ چه‌ند كورته ئه‌م وشه‌یه هێنده‌ی كورتی ساڵه‌كانی ته‌مه‌نمه، دكتۆره‌كان پێیان وتم تۆ ژیانت زۆر كورته، گه‌مژه‌ن، تێناگه‌ن، ئه‌وان ده‌ستكاری كاروباری خودا ده‌كه‌ن، هه‌میشه شكستیش ده‌هێنن.
هه‌موو ساڵێكدا كه تێده‌په‌ڕێت و به‌زیندووی ده‌مێنمه‌وه، سه‌ردانی دكتۆره تایبه‌ته‌كه‌م ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بۆی بسه‌لمێنم كه هێشتا له ژیان ماوم، زۆر پێی سه‌یر ده‌بێت، روخساری گرژ ده‌كات و ده‌ڵێت:
“ئێمه نازانین هۆكاری چییه!”
“باسی چ هۆكارێك ده‌كه‌ی دكتۆر؟”
هۆكاری مانه‌وه‌ت له ژیاندا تاكو ئه‌مڕۆ، ده‌رئه‌نجامی پشكنینی تاقیگه‌كان، هه‌مووی نه‌گه‌تیڤن، چۆن له‌م ره‌وشه ده‌ژیت، تا ئه‌و راده‌یه ژیانت خۆشده‌وێت؟
هه‌ندێك جار داوا له مردن ده‌كه‌م تا كو له ژیان رزگارم بكات، به‌ڵام بۆ دكتۆره‌كه‌ی باس مه‌كه‌ن، چونكه كه‌سێكی وه‌كو من كه ساڵانێكه نه‌خۆشی ماندووی كردووم، ده‌بێت به‌رگری بكه‌م، ئه‌م شێرپه‌نجه نه‌فه‌رت كراوه، ئێسكه‌كانی رزاندوم، پشتی چه‌ماندومه‌ته‌وه، وه‌كو وشترێكی سه‌رخۆش له‌نێو خۆڵی بیاباندا هه‌نگاو ده‌نێم، وه‌كو (نۆتردام)م لێهاتوه، به‌ڵێ ئه‌وه حاڵی منه، به‌زییتان به مندا نه‌یه‌ت، چونكه من رقم له نیگاكانی به‌زیی دێت، رۆژانه له‌چاوی خه‌ڵكدا ده‌یبینم…
ده‌رچوین له نه‌خۆشخانه، من ئه‌و دایكه‌م كه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه هه‌رگیز چاوه‌كانی خه‌وتنی نه‌بینی، به‌ڵام به‌هۆی سووربوونم و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆی خۆم، نووسراوی ده‌رچونم له نه‌خۆشخانه واژۆ كرد، داوایان له دایكیشم كرد واژۆ بكات، گه‌مژانه لێم ده‌ترسن!، به‌ڵام من ئاماده‌نه‌بووم به‌ره‌و ماڵه‌وه بڕۆم، ویستم هه‌ندێك هه‌وای شاره جوانه‌كه‌م هه‌ڵمژم، دایكم به‌ره‌و شه‌قامه قه‌ره‌باڵغه‌كانی بردم، زۆر به ناسكی ده‌ستی گرتبوم وه‌كو مناڵێك، گفتوگۆی ریگامان ده‌كرد، گوناهه دایكم، مناڵه‌كه‌ی گه‌وره ده‌بێت و ده‌بێته گه‌نجێك، له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگرم، كه چی ئه‌و ده‌ستم ده‌گرێت، هه‌میشه پرسیارێك له‌خۆم ده‌كه‌م زۆر ده‌مترسێنێت: “ده‌بێت كێ ده‌ستی دایكم بگرێت؟”
دایكم پرسیاری لێ كردم: “كوڕم ئه‌وه له‌گه‌ڵ خۆت قسه ده‌كه‌ی؟”
به سه‌تیله‌یه‌وه وڵامیم دایه‌وه : “تووشی واهیمه بویته دایكه؟، خرف بوون خه‌ریكه به‌ره‌و سه‌ره بچوكه‌كت ده‌چێت!”
“تۆ گه‌مژه‌ی ئه‌گه‌ر وابزانی دایكت خرف بوه، دایكت هه‌رگیز خرف نابێت!”
گه‌مژه‌كان له‌ده‌وروبه‌رم زیادیان كرد، مه‌به‌ستم خه‌ڵكه، بمبورن توخوا لێم زیز مه‌بن، دوای ده‌رچونم له نه‌خۆشحانه و به‌سه‌ركه‌وتووی له مردنێكی راسته‌قینه رزگارم بوو، دكتۆره‌كان ده‌رزیه‌كیان لێ دام، بۆ ئه‌وه‌ی ژه‌هره‌كان له‌شه‌مدا بتوێننه‌وه و گه‌ده‌ییان شوردم، ئه‌گه‌ر ده‌زانن له‌ماوه‌ی 25 ساڵی رابردوودا چه‌ند ده‌رمان گه‌یشتوه‌ته ده‌ماره‌كانم….چاره‌گه سه‌ده‌یه‌كه!!.
كه‌سه ته‌ندروسته‌كان چه‌ندم رق لێتانه..هه‌مووتان گه‌مژه‌ن.. له نه‌خۆشی ده‌ترسن.. ته‌نها من ئازام..به‌رگری ده‌كه‌م و ناترسم.
من جنێو ناده‌م…به‌ڵكو ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌م هه‌رچی واهیمه و قسه له مێشكمدایه باسی بكه‌م، ده‌مه‌وێت هاوار بكه‌م، ناڕه‌زایی ده‌ربڕم، پێیتان وایه من له‌م نه‌خۆشیه رزگارم ده‌بێت، ئێوه به‌هه‌ڵه‌دا چوون، كه‌س ناتوانێت ئه‌وه بسه‌لمێنێت جگه له نه‌خۆشیه‌كه خۆی نه‌بێت، چونكه ئێوه وه‌كو من راهێنانتان نه‌كردوه له‌سه‌ر ئارامگرتن، به‌ڵام توڕه مه‌بن له‌من، چیرۆكه‌كه‌تان بۆ ته‌واو ده‌كه‌م، گوێم لێ رابگرن:
پێكه‌وه له شه‌قامه‌كاندا پیاده‌مان ده‌كرد، به‌ته‌نیشت كۆمه‌ڵێك گه‌نجدا تێپه‌ربوین، گه‌نجێكیان هه‌وڵی ده‌دا، له‌سه‌ر ئاله‌تێكی كۆن، موسیقا بژه‌نێت، به‌ڵام هه‌رچه‌نده راهێنانی بكردایه نه‌ده‌بوه، موسیقا ژه‌ن، ئه‌وه روداوێكه زۆر دووباره ده‌بێته‌وه له پێناو سواڵ كردن بۆ كڕینی بڕێك ماده‌ی هۆشبه‌ری رۆژانه‌یان، چوار كچی زۆر قه‌شه‌نگیش ده‌وریان دابوو، قژ زه‌رد و نه‌رم وه‌كو حه‌ریر، چاوه‌كانیان ره‌نگین بوو، لێویان زۆر به‌تام بوو، لوتیان لووس، گه‌ر ده‌زانن كچه‌كانی حه‌وام چه‌ند خۆشده‌وێت!
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێكرا هێرش بكه‌مه سه‌ر جانتاكه‌ی دایكم و جزدانه‌كه‌ی كه پڕ پاره‌یه، ده‌ری بێنم به بێ ئه‌وه‌ی بیژمێرم، به شادیه‌وه بۆیانم هه‌ڵدا، ته‌نها ئه‌مڕۆ خه‌ڵكم خۆشده‌وێت، دوای چێشتنی كه‌مێك مردن، له‌نه‌خۆشخانه ده‌رچوم، دایكم ریگری كرد و وتی:
“مه‌كه…بۆ وا ده‌كه‌ی؟!”
“ره‌زیل مه‌به دایكه، قه‌ره‌بوت ده‌كه‌مه‌وه…گرنگی به پاره مه‌ده!”
من گرنگی به‌و گه‌نجانه ناده‌م كه به‌لێهاتووی هه‌موو رێگه چاره‌یه‌ك ده‌گرنه به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، به‌داخه‌وه بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌نجی و جوانیه‌وه به خه‌سار ده‌چێت.
لێیان گه‌ڕی با بێ هۆش بن، ئه‌وه ویستی خۆیانه، من ته‌مه‌ن ده‌كڕم و به بی شه‌رم قه‌ده‌ر ده‌دزم…ئه‌وانیش به‌هه‌رزان و به‌بێ به‌رانبه‌ر ده‌یفرۆشن….گه‌مژه‌ن…پێتانم نه‌گوت گه‌مژه‌ن!
.و/توانا حه‌مه‌نوری
********
دینا سه‌لیم: ئه‌دیب و نووسه‌رێكی فه‌ڵه‌ستینه له شاری (له‌د) له‌دایك بوه، له‌دوای پێكهێنانی هاوسه‌ری روی كردوه‌ته گوندی جه‌لیله و وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ی كاریكردوه و كاته‌كانی بۆ هاوكاری كه‌مده‌رامه‌تكه‌ان ته‌رخان كردوه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ن، له ئێستاشدا له‌وڵاتی ئوسترالیایه.
رێبازی ئه‌ده‌بی دوور و دریژه، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار له نووسین وه‌ستاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به هاندانی كور و كچه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك به‌گوڕتر گه‌ڕایه‌وه نووسین و كۆمه‌ڵێك كورته چیرۆك و وتاری نوسیوه‌ته‌وه.