
گه‌نجانی شەڕانگێز وه‌ك ده‌سكه‌لا
گه‌مه هه‌میشه رێسای هه‌یه و رێساكان دیاریكه‌ری ئه‌وه‌ن كه هه‌ر گهمهڤانێك بۆی هه‌یه یان بۆی نییه چی بكات. بێگومان له‌نێو گه‌مه‌دا گهمهڤانی ئاوه‌زمه‌ند خۆی ده‌بینێته‌وه و گه‌ره‌كه له رێساكانی گه‌مه‌كه تێبگات. له‌م روانگه‌یه‌وه ناشێت رووداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابوردوو له بادینان به‌گوێره‌ی تیۆریی گه‌مه دیاریبكرێن، واتا وه‌ك گه‌مه‌ی ئه‌م یان ئه‌و پارتی سیاسی بۆ پێكانی مه‌به‌ستێك. ئه‌وه كه له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی كۆمه‌ڵایه‌تی رووی دا، واتا هێرش بۆ سه‌ر دوكانی مه‌یفرۆشتن یان باره‌گای سیاسیی پارتێك، ده‌رهاویشته‌ی شێوازه بیركردنه‌وه‌یه‌كی كێوییه، كه ره‌گی له‌نێو ناخی زۆرینه‌ی سیاسییه‌كانی ئه‌م ولاته‌دا داكوتیوه، رووداوه‌كان هه‌روه‌ها پیشانیان داین كه گه‌نجانی ئه‌م هه‌رێمه چه‌ند بێڕیشه و بێئاسۆن: بێڕیشه له رووی ئاكاریی و مه‌ئریفه‌ی سه‌ره‌تایی ئاكاره‌وه، بێئاسۆ له رووی نه‌بوونی دیدێكی گشتگیره‌وه بۆ ئاینده. هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه پڕمه‌ترسین، چ ئه‌قڵیه‌تی كێوی كه “ره‌نگه” وا باوه‌ڕ بكات پلانه‌كانی ده‌چنه چێوه‌ی گه‌مه‌ی سیاسییه‌وه، هه‌روه‌ها چ گه‌نجانی بێڕیشه و بێئاسۆ. به‌ڵام ئه‌میان یه‌كجار پڕمه‌ترسییه، ئه‌میان سیگنالێكه بۆ ئه‌و هه‌قیقه‌ته كه دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م هه‌رێمه خزاوه‌ته نێو چ پرۆسه‌ی داڕزانه‌وه. هیچ مایه‌ی سه‌ر سووڕمان نییه گه‌ر له هه‌رێمدا رووداوی ئاوها قێزه‌وه‌ن بته‌قێته‌وه، چونكه قێزهوهنیی نزیكه‌ی له گشت بواره‌كانی دیكه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌میش بریتییه له به‌شێكی ئه‌و قێزهوهنییه سه‌رجه‌مییه. مرۆڤی ئه‌م هه‌رێمه به‌گشتی شانازی ده‌كات به: خۆراكی چه‌ور؛ خانووی چه‌ند سه‌د ته‌نی له بلۆكی چیمه‌نتۆ كه ره‌نگه ته‌نیا رووپۆشه‌كه‌ی (فاسادهكهی) چه‌ند ده‌فته‌رێك دۆلاری تێچووبێت به‌ڵام فه‌زای ناوه‌وه‌ی به كه‌ڵكی ژیان نایه‌ت؛ نه‌خۆشخانه‌كان كه تێیاندا خه‌ڵكان به كاری پزیشكان تێكه‌ل بوون، كه تێیاندا ده‌شێت نه‌خۆش له پشتگوێخستنه‌وه سه‌قه‌ت ببێت یان بمرێت؛ كرێكاران كه بێ‌زیان نایه‌ت كار بكه‌ن، یان گه‌ر تاقه‌تیان هه‌بوو كار بكه‌ن، ئه‌وسا له‌پاڵ رۆژانهكهیاندا داوای پاره‌ی ته‌كسی و دوو ژه‌م خواردنی چه‌ور ده‌كه‌ن، ئه‌وجا كه ئه‌و مه‌رجه‌یان بهدینههێنرێت، ئه‌وا ئیشه‌كه ناكه‌ن یان خانووه‌كه سه‌قه‌ت ده‌كه‌ن؛ له‌م هه‌رێمه‌دا كه “ره‌نگه” ژماره‌ی دانیشتوانی چوار ملیۆن نه‌بێت یان “ره‌نگه” كه‌مێك تێبپه‌ڕێت، نزیكه‌ی چاره‌كه ملیۆنێك كه‌س (یان بڕێك كه‌متر؟ زۆرتر؟) له باره‌گا حیزبییه‌كاندا دانیشتوون و كه‌مترین به‌رهه‌میان بۆ ئه‌م وڵاته نییه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌موویان خۆیان به سامانی گشتی ده‌ژێنن؛ ئه‌وجا ژینگه‌یه‌كی نه‌خۆش، خۆراكی ئێكسپایه‌ر، نه‌بوونی سیسته‌می مۆدێرنی فێركاری، ئه‌م نموونانه و زۆری دیكه گه‌واهی ده‌ده‌ن كه ئه‌م هه‌رێمه خۆی له‌سه‌ر لێژگهی رووه‌و له‌ناوچوون ده‌بینێته‌وه نه‌ك له‌سه‌ر هه‌ورازی رووه‌و سیسته‌می سیاسی. گه‌ر گه‌نجانی وڵاتێك هێنده ئه‌گره‌سیڤ بن، ئه‌وا خۆیان زۆر كه‌م له‌م دۆخه‌یان به‌رپرسیارن، به‌رپرسیاری له ئه‌ستۆی باوكیاندایه، له ئه‌ستۆی توێژی باڵای سیاسه‌تدایه كه ئه‌وانی پیشتگوێ خستووه و حسابی هیچیان بۆ ناكات، ئاخر گه‌ر حسایی بۆ بكردنایه، ئه‌وا په‌روه‌رده ده‌كران و هێنده دڕنده‌یان لێده‌رنه‌ده‌چوو. ئه‌وان كوڕانی چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌خۆشی نێو هه‌رێمی كوردستانن، كه باوكان و سیاسییه‌كانیان له‌كاتی زایینیانهوه بنه‌مایه‌كیان خستۆته نێو بێشكهیانهوه: ژیان ته‌نیا رواڵه‌ته، بخۆ، ئۆتۆمبێل بئاژوێ، كاتت به نوكته‌ی پریمیتیڤ به‌سه‌ر به‌ره، ته‌ماشای فیلمی پۆرنۆگرافی بكه و ده‌ستپه‌ڕ بكه، ژیانی مرۆڤ له‌مه زیاتر نییه!
كاوه جه‌لال