Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
دیمانە لەگەڵ شاعیر سارا عومەر

دیمانە لەگەڵ شاعیر سارا عومەر

Closed
by December 6, 2011 ئەدەب

سارا عومەر- ی شاعیر:
من پێم وا نییە لە سیاقە مێژووییەکەی ئەدەبدا، شتێک هەبێت بە ناوی ئەدەبیاتی دووڕەگەزە


سازدانی دیمانە: شۆڕش غەفووری


سارا عومەر یەكێكە لەو نووسەر و شاعیرە جدی و جوانانانەی، كە تا ئێستا لە بوارەكەی خۆیدا بوێرانە و دوور لە لایەنە ئاساییەكانی ژیان، بەردەوام وەكو زەنگێكی نێو ئەدەبیاتی كوردی زرینگاوەتەوە. رەنگە بۆ زۆر كەس ئاشنا نەبێت و یا رەهەندە تایبەتەكانی بیر و بۆچوونی ئەو خاتوونەیان بۆ ئاشكرا نەبووبێت، هەر ئەم سیفەتەی سارایە وا دەكات زۆر بە كەمی دەركەوێت و دواجاریش بە پوختی و دوور لە پۆخڵەواتییەكانی ئەم ژیانە ماكێتییەی كورد، بیر بكاتەوە كە لنگێكی لەنێو مۆدێڕنەیەكی بە مۆدێڕنیزاسیۆنكراودایە و لنگەكەی دیكەیشی لە نێو نەریتە خۆماڵییە كۆنزەرڤاتیڤەكەی خۆماندایە. كەوابێت ئاساییە بۆ كەسێكی وەكو سارا خۆی بە دوور بگرێت لەم دوالیزمییەی كۆمەڵگەی كوردی، لە بەرامبەریشدا بەردەوام بتوانێت بە تێڕوانینە قووڵ و فەلسەفییەكانی، گشت ئەو رایەڵكە و توخمانەی كۆمەڵگە بخوێنێتەوە، كە خشتە پێكهێنەرەكانی كۆمەڵگەیان پێوە بەندە. لە داوای قسەكردن بۆ بابەتێكی تایبەت بە ئەدەبیات، سارا زۆری ماندوو كردم و لە بەرامبەریشدا ئەو هەقەم داوەتێ، كە ئەو نە منی بە تەواوی دەناسی و دواجاریش هەر ئەو توندگرتن و سنوورداریەتییە، کە یەكێكە لە سیفەتە دیارەكانی ئەم شاعیرە. دواجار ئەوەی گرنگ بوو خودی دیمانەكە و بیر و بۆچوونەكانی سارا بوو. سارا عومەر، لە شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٦ لەدایك بووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی گەل (شەهید کەمال کوردی) تەواو کردووە و هەتا دووی ناوەندی لە قوتابخانەی (هەوار)ی کچان خوێندوویەتی. لە وڵاتی دانیمارک درێژەی بە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی بەشی زانستی داوە. لە دوو زانکۆی وڵاتی دانیمارک ئەم سێ کۆلیژەی خوێندووە:
ـ کۆلیژی زانستی ئەدەبی جیهانی litteraturvidenskab
ـ کۆلیژی پزیشکی، شەش سێمێستەر لە بەشی ئێسقان و ماسولکە و نەخۆشییە کرۆنیسکەکان
ـ کۆلیژی یاسا
هەروەها لە وڵاتەکانی وەک کوردستان، سوریا (دیمەشق) ژیاوە و ئێستایش دانیشتووی وڵاتەکانی دانیمارک و ئەڵمانیایە و ١٣ ساڵە مەنفانشینە و تا ئێستا سەردانی کوردستانی نەکردوە. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعر و بابەتەکانی. هەروەها لە بێدەنگی و سەنگینی خۆیدا زۆر بە کەمی دەردەکەوێت
.


سارا عومەر: نووسەر دەبێت وەک بژێودەری توولە تۆنەکانی مۆسیقا بێت لە خەیاڵدا

سارا عومەر: نوسەری ژن دەبێت فیکشن لە واقیعەوە بئاڵێنێت و باکی نەبێت. ئەو دەبێت لە هونەری ئەدەبەکەیدا خوڵقێنەری ڕیالیزم بێت بۆ جیهانی فرەلایەن و مەزنی ئەدەب. ئەو دەبێت هەوڵی سازدانی کۆنڤێنشن/ ڕێکەوتننامە بدات لە نێوان ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێردا.


پ / شۆڕش غەفووری: ئایا لە نێو ئەدەبیاتی كوردیدا، شتێكمان هەیە بە ناوی ئەدەبیاتی دووڕەگەزە، واتە ئەدەبیاتی ژنانە و ئەدەبیاتی پیاوانە؟ ئەگەر هەیە، ئایا چۆن لێك جیا بكرێنەوە تا خوێنەر بۆی دەركەوێت كە كامەیانە، ئەمە ئەركی خودی نووسەرەكانە كە لە هەردوو رەگەزدا بتوانن جیاكاری ئەدەبیاتی خۆیان بنیات بنێن، یا ئەمە ئەركی خودی خوێنەر و لێكۆڵەرانە كە ئەم جیاكارییە دروست بكەن؟ (تێبینی:ئەدەبیاتی ژنانە ئەو ئەدەبیاتەیە كە لەسەر بنەمای چۆنیەتی هەڵكەوتەی ژنانی كۆمەڵگە بەندە و ئەم ئەدەبیاتە تایبەتە بە هۆشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی ژنان و رەخنەگرتن لە كۆمەڵگەی پیاوسالاری و ناڕەزایەتی دەڕبڕین دژی نادادپەروەرییەكانی پیاوان. واتە ئەم ئەدەبیاتە پرس و دەسەڵاتەكان تاوتوێ دەكات لە نێوان ژنان و پیاواندا، واتە گەڕانە بە دوای دەسەڵات.)؟

سارا عومەر: من و دیوەکەی تری ڕۆحم تێناگەین، ئێمە دەبێت چ کارێکمان هەبێت بە جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان. ئەگەر لە تەنیشت نێرسالاریی و فیمینیست و ئایدۆلۆژیا دروستکراوەکانەوە نەڕۆین بەڕیگادا؟ لە کاتێکدا من هەست ئەکەم، وەڵامی ڕۆحی من لە کۆی هەموو ئەو نووسینانەدا دەدۆزرێنەوە، کە دواجار نوسیومن و دەیان نووسم. پاشان کاری ئەسڵی ئێمە، وەک مرۆڤ، نابێت ئەوە بێت، کە خەممان دروست کردنی ئەدەبی ژنانە بێت، یان ئەدەبی پیاوانە. ئاخر یەکێک لە پەیامە گشتییەکانی من، (گەیاندنی ئەدەبی مرۆڤی سەر لەوحەی غەمە). ئەگەر ئێمە تەنها لە خودی خۆمانەوە بڕوانینە هەقپێدانی وێنای حەقیقەت و ڕاستاندنی دیمەنە سافەکانی ساتی هەبوونمان، لە پێشزانیماندا پێم وایە دەتوانین باشتر بین لەوەی، کە دەمانەوێت هێزی نووسینمان بیسەلمێنێت.
لێرەدا بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان، ئەگەر مەبەست لە ئەدەبی کوردی سەرجەم ئەدەبی نووسراو و نەنووسراو و هەموو مێژووی ئەدەبی کوردی بێت، لە سەروەختی سەرپێکەوتنیەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، ئەوە وەڵامی ئەم پرسیارە لە دەرەوەی بەڵێ و نەخێردا، دەتوانێت ڕووناکییەک بخاتە سەر خودی تێگەیشتنمان، هەم بۆ خودی ئەدەب و هەم بۆ خودی پرسیارەکەش. بەڵام بە ڕەهەندی جیاوازەوە. من پێم وا نییە لە سیاقە مێژووییەکەی ئەدەبدا، شتێک هەبێت بە ناوی ئەدەبیاتی”دووڕەگەزە”. یاخود بەردەوام هاواری ژن نەخزابێتەوە ناو ڕویەکی ئەدەبییەوە. وەلێ ئەگەر زیاتر بڕوانین لە پرسیارێک، کە پتر تیشکی خستبێتە سەر ئەوەی، کە “فەرهەنگی زاڵ تا ئێستا بەشێوە گشتییەکەی چ خەرمانێکی لە کۆعەقڵی ئێمەدا – وەک کورد- خەمڵاندووە؟” بێگومان ئەمەیان قابیلی زیاتر لەسەر ڕامانە. بۆ زیاتر ناساندنی دیدی من لەو ڕووانگەیەوە، دەتوانم بڵێم، لێرەدا سەرباری زاڵێتی هێزی پیاو و دنیای پیاو و بە کورتی حیکایەتی پیاو لە هەموو برگە جۆراوجۆرەکانی مێژووماندا، بەڵام هاوکات هاوار و خەون و ڕوئیای خودی ژنیش هیچ کات وون نەبووە. بەتایبەت لە ئەدەبیاتی تازەی کوردیدا. کە زیاتر مەبەستم لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکە. هەڵبەتە بە جیاکاری لەناوەندی ئەدەبی کوردیدا، ئەدەبێک نابینم بە ناوی ” ئەدەبی ژن یاخود پیاو”ەوە.
وەلێ بە دڵنیاییەوە، ئەگەر لەم عەسرەدا ئینسانەکان خولیای خوێندنەوە بن، بە شێوازێکی هەتەر و سەنگین، بێگومان هیچ کاتێک کاریان بە قوورسی و ئاسانی دەق نییە، تا بتوانن کارامەتر باکگراوند و پاشخانی مەعریفی نووسەر هەست پێ بکەن. یاخود بۆ بەرزڕاگرتنی زەنگینیی لە فەلسەفەی فیرکری و قووڵ شرۆڤەکردنی نووسەردا، ئافەرین و چەپڵەرێزان بۆ خودی ڕەگەزجوداییەکەی بەیان بکەن. یان بە پێچەوانەوە وەک تراژیدیا بۆ زیاتر ناساندنی ژنێکی نووسەر بە گەلێکی نامۆ، بێن و وەک نووسەرێکی پیاو بیشوبهێنن. لە هەمان کاتدا لەوە کارەساتتر ئەوەیە، کە ئەو شوبهاندنە وەک بەهانە بیهێننەوە بۆ توانستە مەعریفییەکانی نووسەر!
تەنانەت ئەو خوێنەرانەی، کە جیدی و چالاک و بزێو و بەزەوق و گورجن، ئەگەر هەوڵی دڵسۆزانەی زیاتر بدەن بۆ نزیکبوونەوە و بەرکەوتنی هێزی هۆشیاری خۆیان، لەگەڵ نووسەردا، ئەوا دەتوانن لە سەربەستی ئەو دەقانەی، کە نوسەرەکانیان ژنن، زۆربەی جار بەدەم ئاوێزانییەوە بە هێمنی لە فیردەوسە ئارامەکەی شیعری ژندا بحەوێنەوە. بەدەر لەمە لە واقیعدا، تەواوی مرۆڤانی ئەدەبدۆست، دەتوانن دڵۆپە ڕوونەکانی ڕوئیا و تروسکەی چراخانەکانی ژن و پەناگەی شیعریی ئەوان، لەناو هەموو کێشمەکێشی ژیاندا ببینن. دەتوانن کانی ڕەوانی حوزن و ناڵە و هەموو ئاخێکی برینەکانیان موتاڵا بکەن.
هەروەها ئەو لێکۆڵەرانەی، کە بەڕاستی دەیانەوێت لە ئەنجامدانی کارەکانیاندا پڕ توانایی و بەهرەمەندی و بەهۆشی و زیرەکی خۆیان بسەلمێنن و مافی نووسەران بپارێزن . دەبێت چیتر لەسەر بنەمای (خزم خزمێنە و ڕەفیق – ڕەفیقێنە) کار نەکەن و لە چوارچێوەی لایەنداری بێنە دەرەوە و ئاوڕێک لە پێنووسە بەهێزەکانی تریش بدەنەوە. لە هەمان کاتدا ئازادانە بە گشتی لە چەمکی ئەدەب بڕوانن. ئەوان دەبێت خۆیان بپارێزن لە مەرایی زۆربەی – ئەو کەسە دەست بەقەڵەمانەی، هەنووکە خۆیان بە خوداوەندی ئەدەب دەزانن و ناوی پاکی ئەدەبیان بە گشتی لەسەر خۆیان تاپۆکردووە-. لێکۆڵەران دەبێت وەها کاری لێکۆڵینەوە و شیکارە ئاکادیمییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر تۆزقاڵێک گومانیش چیبێت، دەربارەی جیاوازی ڕەگەزایەتی، لەسەر سفرەی مرۆڤایەتی و مێژوو و ئێستا و داهاتووی ئەدەب بەجێنەهێڵن. ئەوان دەبێت بەبێ هەپروونکردن و مەحفکردنەوەی ڕەنج و شەونخونی نووسەرە بەشخوراو و گۆشەگیر و بێدەنگ و سەنگینەکان کار بکەن. ئەرکی سەرەکی لێکوڵەران ئەوەیە، کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە دەرخستنی ئەو نووسەرانەی، کە لە ئەزەلەوە هەم لە خەون و هەم لە واقیعدا هاوخوێنی وشەن.
لێرەدا بەتایبەتی مەبەستم ئەو نووسەرە ژن و پیاوە وەلاوەنراوانەیە، کە نەوەی نوێن و لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەستیان داوەتە بڵاوکردنەوەی دەقەکانیان. ئەوانەی هەر وەک *(یوسف عێزەدین) لەسەر ڕووپەڕی سایتی (ماڵێک لە ئاسمان)، لە ژێر ناونیشانی ” شیعرەکانی نەوەیەکی نەفرەتلێکراو لە پاساژی سڕینەوەدا، سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی نە خوێندراوەکان “، توانیویەتی لێکۆڵینەوەیەکی شایستە بنووسێت لەسەریان، بەبێ جیاوازی ڕەگەزایەتی. ئاشکرایە لەو لێکۆڵینەوەیەدا، یوسف عێزەدین، بە ویژدانێکی موڕتاح و ڕۆحێکی ئیرادگرانە و زۆر بە جورئەتەوە شرۆڤەی لە مافخوراوان کردووە. کە دواجار مەخابن، یەکێک لەو نەوە نەفرەت لێکراوانە منم. کە هەم وەک مرۆڤ و هەم وەک مێ و هەم وەک پێنووسبەدەست، کەوتومەتە ژێر پاساژی سڕینەوە. تەنها لەبەر ئەوەی خزمخزمێنە و ڕەفیق – ڕەفیقێنە ناکەم و ڕێگا نادەم بناغەیەکی لات و لەقی مەسڵاحەت سەرچاوەی خودی لێکۆڵینەوەیەک هەڵبچنێت، کە ڕەنگە لەسەر یەکێک لە شیعرەکانم بکرێت. چونکە سەرپشکم، تەنانەت بچوکترین ڕەتکردنەوە و بچوکترین پێداگرتن، دەتوانێت ببێتە هۆکاری داڕمانی ئەو بناغە کاولە بەسەری لێپرسراوەکەیدا. کە دواجار ئەویش، واتە (بناغەدانەر/ لێپرسراو/ لێکۆڵەر) پەروەردەی دەستی کۆمەڵگایەکە، کە هیچ کات مرۆڤەکان مافی ئەوەیان نەدراوەتێ، کە ئازادانە مومارەسەی خۆیانی تێدا بکەن. کۆمەڵگایەکی زۆر جار خاڵی لە بەهاکانی مۆڕاڵ و داخراو. کۆمەڵگایەک، کە لە هەیکەلی قوپاوی گشتی خۆیدا، خۆی دروستکردووە و تەنها و تەنها لە کۆی پابەندبوون بە سیستەمە ئەهریمەنەکەی خۆیەوە خۆی حوکمڕانی دەکات. کۆمەڵگایەک، کە زۆرترینی کات لە دەواجنەکانی عەقڵکوژیدا بە دەرزەن چەشنێک لە مرۆڤگەلی نائاکارناس دەخوڵقێنێت و هیچ کات گرنگی نادات بە هۆشیارکردنەوەیان. کۆمەڵگایەک، کە ڕۆحی مرۆڤەکانی وەها گوشیوە و چاوی مرۆڤەکانی وەها تووند بەستووە، کە تەنانەت ناتوانن هەستن و لە بنکۆڵانی هەلاهەلابوویانەوە، خۆیان ڕاپسکێنن و لە حورمەت و بەها دەوڵەمەندەکەی مرۆڤبوونی خۆیان بڕوانن.
 لێکۆڵەران ئەگەر لەسەر فاکتەری ئەدەب – ئادەمیزاد دۆستی کار بکەن، ئەوا دەتوانن زیاتر لە فەلسەفە و قووڵایی و چەمکە هەمە لایەنەکانی ئەدەب و نووسەران ووردبنەوە، بەبێ جیاوازی ڕەگەزایەتی. بەشێوازێک، کە ئەدەبی کوردی بتوانێت لە ڕەوڕەوەی ئەدەبێکی لۆکاڵەوە گوژم بدات بەرەو ئەدەبێکی گلۆباڵ. تا جیهانیش بتوانێت بە شانازییەوە پەردە لەسەر نووسەری خاوەن توانا و پێنووسپتەوی کورد هەڵبداتەوە.. لە هەمان کاتدا بۆ ناسینەوەی ئەدیبان، چیتر پێناسەی ڕەگەزایەتی نەخزێنرێتە پاڵیان وەک (نێر و مێ).
ئەرکی نووسەرێک، کە لە بەرنامەیدا بێت تا دواساتەکانی ژیانی لە پێناوی گۆڕانکاری و خزمەتکردندا بجەنگێ و تێبکۆشێ و قوربانی بدات، ئەوە نییە، کە بێت من و تۆ ڕازی بکات بەوەی، کە ئەو ژنە یاخود پیاوە! بە پێچەوانەوە ئەرکی نووسەر ئەوەیە، کە پێش هەموو کەس لەگەڵ هەستی ڕەوان و هزری ڕۆشنی خۆیدا ڕاستگۆیانە بئاخافێت و کار بۆ داهاتوویەک بکات، کە بە وشەکانیدا بناسرێتەوە. کە کۆپلەیەک لە شیعرەکانی لەسەر زاری منداڵە نەوەیەکی داهاتوو بگەشێتەوە. ئەم نووسەرە گرنگ نییە ژن بێت یاخود پیاو، گرنگ ئەوەیە ئامانجی مانەوەی خۆی بگەیەنێت. تەنانەت ئەگەر لە پاش مەرگیشی بێت. ئەو مانەوەیەش لە ئیبداعدایە، لە ئێتیکدایە، لە زانستی ڕەوشت و ئاکارناسی و ڕەوانبێژی خودی نووسەرەکە خۆیدایە. چونکە کاری نووسەر ئەوەیە پەی بە جوانییەکان بەرێت و هەوڵبدات شاعیرانەتر و ڕۆحیانیتر بقەومێنێت،. ناسکتر خوێنەر بتاسێنێت،. موتاڵای بەرانبەرەکەی بکات و لێوەی فێر بێت. بە مەبەستی دۆزینەوەی خوا، بە پەیژەکانی وشەدا سەرکەوێت تا حەوت تەبەقە. دڵی نائارامی مەخلوقێکی لێقەوماو بداتەوە. بەدەر لە عەبدبوون خۆی تەسلیمی باڵەکانی سەفەر بکات و جورئەتی ئەوەبکات، کە گوێ بە ڕاگوێزان و هەڵسەنگاندن و مەزەنەکردن و قەبڵاندن و نرخاندن و بەراوردکردنی خەڵکی نەدات و زیاتر کار لەسەر ئیوفیمیزمی خۆی بکات. ئیوفیمیزم بەو واتایەی، کە نەرمتر بجەنگێت بە بەکارهێنانی قسەی جوان و قەشەنگ لەبەرانبەر شتە ناشرینەکاندا. واتە نووسەر دەبێت زۆر ئۆقرەگربێت، هەتا لەو جەنگینەدا نەبەردانە بە تاسووخەوە بنچینە دابنێت. هەروەها نووسەر ئەبێت بەلایەوە گرنگ نەبێت مرۆڤایەتی لە نهۆمی چ ساختومانێکی ناگەشبیندا هەڵی دەواسێت، یاخود ئینسانەکان پلیکانەی بزۆکی بەرەو گالیسکەی کام شەڕگە بۆ لێدەدەن.
نووسەر دەبێت بە حەزێکی ئاڵۆشەوە ڕاستاندنی ئیحساسە داڕزاو و داڕوخێندراوەکانی خۆی بە دەستی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، لە ئەدەبدا قەرەبووبکاتەوە. ئەو دەبێت، لە گۆشەنشینیی خۆیەوە بۆ بناغەدانانی چەرخێکی مێژوویی. هەر خۆی لە قیتبوونەوەی ڕۆح و ڕەپڕاگرتنی هەر چەکامەیەکدا خاراوتر و کارامەتر خۆی لە نەژادیی بەدوور بگرێت. ئەو دەبێت مەزەنەی ئینجیلی ئەو دەقانە بێت، کە لێوانلێون لە سەرگوزەشتە و سەرچڵ. ئەو، واتە نووسەر، هیچ کاتێک کەمزەینی کۆمەکی ناکات بۆ خزمەتکردنی ئەدەب. کەوابێت ڕیزپەڕی هەر ئەدەبنووسێک، لەو کاروانە مەشخەڵەدایە، کە خەیاڵە لە ڕادەبەدەرەکانی خۆی فڵتەر نەکات لەپێناو تەرز و فۆڕمی قاوغەشقارتەی کۆنەپەرستی و ترادیسیونە دڵتێکدەرەکاندا. نووسەر دەبێت وەک بژێودەری توولە تۆنەکانی مۆسیقا بێت لە خەیاڵدا.

نووسەر نابێت هیچ کاتێک کاری بە قسە و قسەڵۆکێک بێت، کە بە مەبەستی دادپەروەری لە زاری “ناوبژیکەرێکی ناهەقەوە” دەرچوبێت. ناوبژیکەرێک، کە دەمارگیرانە “ڕەگەزجیایی” لەناو مرۆڤایەتیدا دروست کردبێت. ناوبژیکەرێک، کە کوێرانە دوای باوەڕێکی ئیبلیسانە کەوتبێت. ناوبژیکەرێک، کە لە سەردەمێکی ناتەباوە دەرچووبێت، بە تەنها بۆ نەهێشتنی پەیوەندییە دڵخوازەکانی مرۆڤایەتی. بۆ نوشتاندنەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەی درۆ و لێژکردنەوە و یەخسیرکردنی شیعر. بۆ داتەپاندنی بەیداغ و شاڵاوکردنە سەر بۆ ناو حیکایەتە ئەفسوناویەکانی واقیع.
لە کۆتایی وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ڕستەهەڵگرەدا، دەتوانم بڵێم؛ “خوێنەر و لێکۆڵەری تۆکمە، ئەو مرۆڤانەن، کە لەگەڵ موعاناتی نووسەردا تێکەڵ بن، لە مەحفبوونەوەی ناخی بگەن. هەوڵ بدەن مەفهومی جیاوازی ئیندیڤیدوئاڵیزم موتاڵا بکەن”. نەک بێن و بیرۆکەیەکی خواروخێچی کۆنەساڵە، کە زۆر کەس پێیان وابێت سۆنگەی لاوازیی ژنە، بگوێزنەوە بۆ ناو ئەدەبی سەردەم و لەوێشدا ژن بێ بەش بکەن و نەیانخوێننەوە . تەنها لەبەر ئەوەی پیاو نین و ژنن.
 
پ / شۆڕش غەفووری: ئەگەر ئەم ئەدبیاتە نییە، هۆكارەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ چونكە نەبوونی ئەدەبیاتێكی لەم شێوەیە خەلەل و گومان لەسەر نووسینی ژنە نووسەر و شاعیر و ئەدەیبەكان بە گشتی دروست دەكات، چونكە نەبوونی ئەدەبیاتێكی لەم شێوەیە ئەو گومانە دروست دەكات كە ژنەكان كۆپی پیاوە ئەدیبەكانن؟

سارا عومەر: ئەوەی کە ئەدەبی ژن بە جیایی بوونی نییە، من بە لاواز بزاڤی ئەدەبی نازانم. لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەم ناونانە دەچێتە خانەی جیاکردنەوەی ژن، وەک بونەوەرێکی جیا لە پیاو! ئێمە نابێت بیرمان بچێت، کە ئەدەب بۆ خۆی بە دیوێکدا کاری جوانکردنی دنیا و بەخشینی ئاسۆی تازەیە بە ژیان. بێگومان لە میراتی ئەدەبی جیهانی و کوردیشدا، شاکارگەلێکی ئێجگار مەزن هەن و تیایدا خەمی مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاوەوە، پێکهاتەی سەرەکی زیندویەتی یەکترن. ئێمە لە پاشخانی مەعریفی خۆماندا، نابێت حاشا لەوە بکەین، کە بەشێک لە شاکاری گەورەی ئەدەبی هەیە، کە لە ڕاستیدا پیاو نووسەرەکەیەتی و هاوکات توانیویەتی زۆر بە قووڵی لە ستەم و ئازار و سوکایەتیکردن بە ژن ڕۆچوبێت. هەروەها نابێت چاومان لەو ڕاستییە ناسکەش بنوقێنین، کە بەشێک لە نووسین و شاکاری مەزن و ئەفسونی ژنانیش بە پێچەوانەوە، نەک نەیانتوانیوە سنوری نووسینی فەرهەنگی زاڵ تێپەڕێنن، بگرە زۆر شاعیرانە ئیزافەشیان خستۆتە سەر.
مەسەلەی کۆپی، .. پێم وابێت ئەوە پرسیارێکە، دەبێت بەرزبکرێتەوە لەسەر مۆڕاڵ و ئێتیکی هەردوو پارتەکە، هەم نووسەر و هەم ڕەخنەگر. من دڵتەنگ ئەبم، ئەگەر ببینم نووسەرێک (گرنگ نییە ژن بێت یان پیاو)، بەبێ هەبوونی هیچ بنەمایەکی مرۆڤایەتی و هزریی و ڕۆحیی، بە پەسەندی بزانێت قنج قنج بێت و لە خۆی ڕاببینێت مافی فەرهەنگیی نووسەرێکی تر داپڵۆسێنێت. بە هەمان شێواز جێگای نیگەرانییە بۆم، کە تەنها لەبەر ئەوەی نووسەرێک توانستی تێگەیشتنی چەند زمانێکی هەیە و لە ئەدەبدا پەرسپێکتیڤێکی بەرفراوانی هەیە، (ڕەخنەگر) وەک کەسی بەرانبەر بە مافی ڕەوای خۆی بزانێت، زیان لە کۆڵیکشن و خامەی پێنووسەکەی بدات و بە کۆپی ئەدیبێکی تر لە قەڵەمی بدات. بێگومان ئەگەر لە ڕووە سایکۆلۆژییەکەیەوە لێی بڕوانین، گومانکردن بەشێکە لە سروشتە ڕەهاکەی مرۆڤبوون. وەلێ ئەوە هەقی ئەوە نادات بە ڕەخنەگر، کە وەک کائینێکی تێکشکێنەر لەبەرخاتری چیژوەرگتنی خۆی و دەستخۆشی خەڵکانی تر ناهەقانە پێ هەڵسوێنێت لە هاومرۆڤەکانی.
من پێم وانییە ئەدیبە ژنەکان، یاخود ئەدیبە پیاوەکان کۆپی یەکتربن. خۆ ئەگەر ئەو ڕەفتارە ناپەسەندە ڕووبدات، بێگومان لە ئەنجامدا نەک تەنها زیان بە ئەدەب و خوێنەران دەگەیەنرێت، بگرە زیان لە مانەوەی خودی بکەریش دەکەوێت، کە نووسەر خۆیەتی، وەک قەڵەمدۆستێک لە ئایندەدا. ئیتر گرنگ نییە کۆپیکەر ڕەگەزی ژن بێت یاخود پیاو. پاشان نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت، کە دواجار وشە موڵکی کەس نییە، زۆر جار دەکرێت دوو مرۆڤ بۆچونیان لەیەکەوە نزیک بێت و نەک دەقاودەق وەک یەک بنووسن . بەڵکو هاوچەشنییەک هەبێت لە داڕشتنی وشەکانیاندا. بۆ نموونە لە دەقی (گەڕان بە دوای مەرگدا)ی من و دەقی (سەفەرێک بۆ پاکبوونەوە)ی بەرزان هەستیاردا لێکچونێکی بێئاگایی هەیە لە یەک دوو ڕستەدا، کە دواجار وا دەرکەوت، کە نە ئەو پێشتر دەقەکەی منی موتاڵا کردبوو و نە منیش دەقەکەی ئەو، وەلێ لە هەمان کاتدا وەک ئەوە وابوو لە یەک چرکەی تەوقیتکراودا ئەو دوو دەقە جیاوازە بە ڕووی نیگەرانیدا تەقیبێتنەوە. ئەوەش جێگای سەرسوڕمانە، کە نزیکیەکی لەو جۆرە هەبوو لە نێوانیاندا، بەڵام ئەوە هیچ کات یەکسان نەبووە بەوەی، کە ئێمە کۆپی یەکتر بین.
دواجار ئەم بۆچونەی من بەو واتایە ناچێتەوە، کە بۆ لەمەودوا نووسەر وەک پاساو هێنانەوە بەکاری بهێنێت و سوکانی ماشێنی وشە و شەونخونی نووسەرێکی تر بەرەو دوورگەکانی هزری خۆی بئاژووێت. یاخود بە نووکە قەڵەمێکی گەڕۆک بناغەیەک بۆ دەقێک دابڕێژێت، کە دەکرا بیرۆکە و وشەکانی لە هۆشیاری خۆیەوە هەڵبقوڵێن.

پ / شۆڕش غەفووری: لە بەرامبەر ئەدەبیاتی ژنانەدا، هەندێك دەڵێن ژنیەتی ئەدەبیاتیش هەیە؟ ئەم ئەدەبیاتە پەیوەندی بە ناسنامەی ئەدەبیاتەوە هەیە و زمانیش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر هەیە تا ئەو رادەیەی كە جاری وا هەیە پێی دەوترێت ئەدەبیاتی زمانی، چونكە ئەم ئەدەبیاتە پەیوەندی بە زمانی رەگەزی و دەرخستنی ناسنامەیی كارەكتەر و نووسەرەوە هەیە؟

سارا عومەر: ناسینەوەی نووسینی ژن بە ڕای من تەنها لەو نووسینانەدا نییە، کە ژن نوسەرەکەیەتی. ئەگەر پیناسەی گونجاو بۆ ئەدەبی ژن بەمانا شمولییەکەی هاواری ئەدەبێکی یاخی و جوانخوازبێت بۆ هەلومەرجێکی باشتر،. بێگومان دەتوانین زۆرترینی دەقی پیاو بە نموونە بهێنینەوە. ئەگەر قسەش لەسەر خودی ناسینەوەی پیکهاتەی دەق و ئاسۆی زمان و ڕوانینی ژن بێت لە نوسیندا، وەک نووسەرێکی ژن،. واتە وەک ژنێک ڕووانینە دنیا و دەوروبەر و خودی پیکهاتە فیسیۆلۆژیەکانی جەستە و خودی بەکەرەستەکردنی بابەتی دەق بە جۆرێکی تردا . کە جیاواز لەوەی تا ئێستا پیاو بەکاری بردوون، ئەمەیان بێگومان دەکرێت ئەو هەوڵە کەمانەی، کە تا ئیستا لە شیعری کوردیدا هەن بە گرنگ بخەمڵینرێن و وەک ڕێڕەوێک پەرەیان پێ بدرێت، لەلایەن کۆمەڵگای ئەدەبەوە. من یەکێکم لەو جۆرە مەخلوقانەی، کە بیر لە پیت لە وشە لە ڕستە لە هەناوی نووسین دەکەمەوە، لە شاکار ئەڕوانم ئنجا لە شاکارساز، ئەوەی من لە ناخەوە ڕادەپێچێت بۆ ناو شاکارێکی ناوازە خودی قەشەنگ و هونەرمەندیی وشەوانییە. ڕەنگە زۆر لە خوێنەران ئێستا بیر بکەنەوە و بڵێن؛ ” ئێ باشە خانم، هەتا شاکارنووس نەبێت شاکار ناتوانێت بێتە بوون” وەلێ منیش دەڵێم؛ ” ئەی هەتا وشە نەبێت، شاکارنووسیش نییە و بە پێچەوانەوە”. کەواتە ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ سەرتاپای چەمکەکانی ژیان بە گشتی تەواوکەری یەکن و هەبوونی یەکێکیان بەبێ ئەوی تریان لە ئەزەلەوە ئارایشتێکی سەرلێشێواو و .. لە هەمان کاتدا زەبوونە. ئەرکی نووسەر بە گشتی ئەوەیە، کە سنووری نێوان ڕیاڵتی و فانتەسی ببەزێنێت و کۆمەڵگاکانی جیهان ئاوێزانی دنیایەکی ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانە بکات. نووسەری ژنیش دەبێت لەوە بەهێزتربێت، کە لە وشە بسڵەمێتەوە. هەروەها نابێت غەدر لە هزر و دنیادیدەی واقعی خۆی بکات و شوێن لۆمەی خەڵکی بکەوێت. ئەو دەبێت فیکشن لە واقیعەوە بئاڵێنێت و باکی نەبێت. ئەو دەبێت لە هونەری ئەدەبەکەیدا خوڵقێنەری ڕیالیزم بێت بۆ جیهانی فرەلایەن و مەزنی ئەدەب. ئەو دەبێت هەوڵی سازدانی کۆنڤێنشن/ ڕێکەوتننامە بدات لە نێوان ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێردا. ئەمەش بۆ داپڵۆساندنی هەندێک لەو عورف و عادەتانەی باڵی ڕەشیان کێشاوە بەسەر ئازادی تاکدا و لای زۆربەی هاوڵاتیان خۆ قوتارکردن لێیان ئەستەمترین هەنگاوە.
 ئاخر ئەگەر فەلسەفیانە لێی وردبێنەوە، دەبێت درک بەوە بکەین، کە ئەرکی نووسەر ئەوەنییە بێت و مرۆڤایەتی بەرەو جەهەندەم بەڕێبکات و خۆیشی وەک ئەهریمەن لەسەر زەوی بلەوەڕێ و ڕەفتار بکات! بە پیچەوانەوە ئەرکی مرۆڤی نووسەر، مرۆڤی هۆشیارمەند و فراوان خەیاڵ ئەوەیە، کە مرۆڤایەتی لە جەهەندەمی سەر زەمین ئاگادار بکاتەوە و مرۆڤبوونی خۆی و هاومرۆڤەکانی لە جەرگەی دێڕەکاندا ڕزگار بکات. نووسەری ژنیش دەبێت خۆڕاگر و داهێنەر و گەیەنەر بێت. چونکە هەرژنێک سەمای کرد هەتا پیاوەکەی خەیاڵ بێت، دەبێت دڵنیابێت، کە بەسەریشیدا دەسەپێنرێت، کە سەما بکات هەتا پیاوەکەی ماندوو دەبێت! کەواتە ئەو ڕۆژگارانە ڕابوورد، کە ژن نەدەبوو لە پێناوی خۆیدا تێبکۆشێت، لە پێناوی خۆیدا سەما نەکات و بە پیچەوانەوە لە ترسی چاوبزکردنەوە هەڵقونێتەوە. وەلێ مرۆڤ بە گشتی دەبێت بە ئاگابێت لە چرپەچرپی بەرانبەرانی. چونکە ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆ خۆی بە دۆستت ناوزەند دەکات، سبەی لە چرپەچرپێکی زەم- ئەنگێزدا تۆپەڵێک تف لە ناوچەوانتا نووقم بکات و چێژیشی لێ ببینێت! لێرەدا بە ئاگابوون نەک بە واتای دیوە ئێگۆیست و خودپەرستەکەی، بەڵکو بە واتای مرۆڤدۆست و خوددۆستەکەی. چونکە لەم زەمانەدا هەتا خۆت خودی خۆت نەخوێنیتەوە، کەس ناتخوێنێتەوە. هەتا خۆت خودی خۆت خۆشنەوێت، کەس ناتوانێت بگاتە ڕیشاڵەکانی عەشقی تۆ.
نووسەرانی ژن دەبێت نوزەکانی قوڕگی خۆیان بگەیەنن. بۆ پاڵپشتی ئەم گوزارشتەم دەمەوێت ڕووخسەت لە ئێوە بخوازم و پارچەیەک لە دەقی (چ خوڕافاتێکە زەمەن)ی خۆمتان وەک نموونە بۆ بهێنمەوە، کە زەمەنێک بەر لە ئێستا، واتە لە سەرەتای ٢٠٠٨، له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردستانی نوێ، ژماره‌٦٠٢ لاپه‌ڕه‌ ٢ بڵاو کرایەوە‌.

ده‌رگاكانی عه‌قڵ بزمار ڕێژ مه‌كه‌ن
ته‌نها ڕۆژێك بۆ گه‌شانه‌وه‌م له‌ باخچه‌دا
هه‌ڵوه‌راندنی سێبه‌ری په‌ڕه‌ی هه‌ستم
له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئافاتی (با)كان
ڕزگار ناكات، . خواپیاو!
كه‌ نه‌ك ته‌نها نیگای خونچه‌
په‌ڕه‌كانی مێژووی وجود هه‌ڵبده‌ره‌وه
 ( له‌ – سارا – ی هه‌ر گه‌لێكی وێرانه‌دا نووسراوه؛
ده‌بوو ژن، به‌ر له‌ نیشتمانه‌كه‌م ئازاد بكرێت! ) 

دەبێت هەر ژنێک لەلای خۆیەوە ئەو گوڵەی دەیدات لە زووڵفی کاڵی، دواجار وەسێت بکات هەمان گوڵ لەسەر گۆڕەکەی بەجێبهێڵرێت،. چونکە بەر لە دەسەڵاتی هەر دەست درێژێک، ئەوە خۆیەتی کارێک دەکات مافی ڕادەربڕین و ڕەوانبێژی بدات بە خۆی . ئەوە خۆیەتی ڕۆحی پەروەردەکردووە و نازی ناسکی خۆی کێشاوە. ئەرکی نووسەری ژن ئەوەیە، دنیا لە چاویلکەکەی خۆیەوە شرۆڤە بکات و لە تەجروبەی ژنێتی خۆیەوە بدوێت. ژن نابێت سڵبکاتەوە لە (دۆگما) واتە بیروبۆچونی موتڵەق و نەگۆڕ. ئەو ئەگەر ئامانجی ئیبداع و داهێنان بێت، بڕیاری داهێنان بدات و خاوەنی داهێنان بێت، دەتوانێت لە بیروباوەڕی خۆیەوە گەلێک سوود ببەخشێت بەو کۆمەڵگا داخراوەی، کە ئەوی گۆش کردووە. ڕەنگە سپێدەیەکی هێمن ڕستەیەکی وەها بەهێز لە پێنووسەکەی بتکێتەوە، کە دواجار ببێتە هۆکاری گۆڕینی سیستەمێکی چەند ساڵەی مرۆڤگوش و فیکرکوژ. ڕەنگە (میڕاکڵەکانی میتافیزیکزانی) / موعجیزەکانی پشت سروشت- زانی ئاشکرا بکات. بێگوما هەموو ئیسێنسێک، هەموو بابەتێک وەک ماددەیەکی پاڵێوراو لەم دنیایەدا پیویستی بە گۆڕانە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر. هەروەک و قۆناغی گۆڕانی کرمۆکە بۆ پەپوولە. بۆیە قۆناغی خوڵقاندنی ئەدەبیش پێویستی بە شارەزایی هەیە لە بواری (ئیتیمۆلۆژی)دا. واتە زانستی ڕەچەڵەکی وشە و مێژووی داهێنان. ئەگەر تۆ وەک نووسەرێک توانیت ئیتیمۆلۆژی بکەیتە خۆراکی هزرت، ئەو کاتە تۆ و نووسینی تۆ و کۆپی ئەدیبانی تر کوجا مەرحەبا.

پ / شۆڕش غەفووری: ژنی كوردی زیاتر چوونەتە نێو چوارچێوەی ئەدەبیاتی ژنانەوە یا ژنیەتی ئەدەبی خۆیان دەرخستووە؟

سارا عومەر: ئەو پرسیارەت منی بردەوە بۆ سەر چیا بەرزەکەی خەیاڵ و فرە داڵغەی تێدا ورووژاندم. بەڵام بۆ ئەوەی بەسەر وەڵامی پرسیارەکەتدا تێنەپەڕم، پێم خۆشە بڵێم ئەگەر مەبەست لە ژنیەتی ئەدەب، ناسینەوەی دەق بێت، بەو شوناس و پێکهاتەیەی دەقەکەی لێ داڕێژراوە . ئەوە ژنیەتی ئەدەب لەو ڕیڕەوەدا خۆی دەدۆزێتەوە، کە هەتا چەند فرمێسکی ناو دەقەکانی بە بۆندا بناسرێنەوە. چۆن هەوڵ بدات وێنەی پیاو بکێشێتەوە. دنیا لە کوێی ترەوە تەماشا بکات . ئەمەیە وادەکات، تەماسی ئێمە لەگەڵ کۆی شتەکاندا دەبنە هەوێنی ئەدەبێک، کە دواجار ڕەنگە خۆتان وتەنی ” ژنیەتی ئەدەب” پێک بهێنێت.
بۆ ئەوەی هاندانێکی گرنگ لەبیر نەکەم، من تا ڕادەیەک هەنگاوی سەرکوتوو بەدی ئەکەم لە هەندێک لە ژنە نووسەرانی کورد. ئەگەر نموونەی شیعری ژنانی سەردەم بەکار بهێنین دەبینین (کەژاڵ ئەحمەد) هەندێک جار ڕاشکاوانە ئازارەکانی خۆی لە شیعرێکدا ئەلاوێنێت و گلەیی بەرز دەکاتەوە لە کۆمەڵگا، سیاسەت، دەسەڵات و ڕەگەزپەرستی و نێرسالاری. (نیگار نادر)مان هەیە، کە نەک تەنها شاعیربوونی خۆی سەلماندووە، بگرە زۆربەی شیعرەکانی بە واتای وشە ژنبوونیان لێ دەتکێ، بەمانا ئیرۆتیکیەکەی زۆر هەژێنەر و ورووژێنەرن. هەروەها ( کەژاڵ ئیبراهیم خدر)ی ناسک، کە لە زمانی پەپوولە و پەرییەکانەوە دەدوێت و هەستی پڕە لە پروشە و شیعری بۆن خۆش.
بێگومان شاعیرانی ژنی دیکەمان هەیە و توانستەکانیان بە دنیای ئەدەبی ئەمڕۆوە دیارە، هەرچەندە هەموویان لە پەنجەکانی دەستدا کۆدەبنەوە. بەڵام لێرەدا ناکرێت ناوی هەموو یەکێکیان بهێنم و تیشکێکی شیکاریی بخەمە سەر دێڕ بە دێڕی شیعری ئەو شاعیرە ژنانەی، کە تەنها بە ئێنەرجی ڕیتم و هۆنینەوەی وشەی سەرسوڕهێنەر پەیکەرێکی ستاتیکای تا ڕادەیەک شۆڕشگێڕییان خوڵقاندووە . کە بەرەنگاربوونەوەیان ئەستەمە. دەتوانم بڵێم، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی ژنی كورد، نەک بە تەنها خۆیان لە چوارچێوەی جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی ژندا بە دوور گرتووە، بەڵکو وەها بە ناسکی ژنیەتی خۆیان لە هەڵبژاردنی وشەدا ڕێزکردووە، کە من هەرکاتێک دەقێک بە بیناییمدا هەڵدەزنێت و بە ووردی لێی دەڕوانم،. هەست ئەکەم، ڕەنگە ڕۆژێک بڕوا بە ڕووناکی بهێنم. هەرچەندە دەبینم هەندێکی زۆر کەم لە ژنە نووسەرەکانی وڵاتەکەم بە ئازادی لە زەریای ئیلهام و ئەدەبدا بە ڕووتی سەوڵی عەشق لێدەدەن.
 دواجار ئەگەر نووسەرێک لە بەرژەوەندی ئەمەکی مرۆڤایەتیەوە دڵەڕاوکێ و قۆڵنج و تا و لەرزی تەجروبەکردبێت. بۆ ئەوەی خومخانەی خودی نووسەرێتی خۆی خراپ نەچەقێ و خراپ نەگۆڕێ و خراپ دانەمێنێت،. ئەو دەبێت تا ڕادەیەکی زۆر بێ خەوش موڵکی نەبزۆکی کەسایەتی خۆی بێت . ئەو دەبێت بە تەنها تەماشاکردنێکی کەنار دەریاکەی خۆی، پارچە زەوییە بەپیتەکەی سینەی خۆی بەبیردا بێتەوە، کە ئەگەر بخوازێت، هەمیشە خاکەکەی ئامادەباشی تێدایە بۆ چاندنی گوڵ و شەتڵی شیعر. دەبێت شاعیر/ئەدەبنووس هێندە فراوانهۆش بێت، کە بڕوای خۆی بە سەرابە شومەکەی فاتالیزم/ واتە بڕوا هەبوون بە قەزاوقەدەرەوە قوفڵ نەدات و دڵە ناشتاوەکان وەک شتێک لە سەرووی درک و تێگەیشتنی خۆیەوە ببینێت . نەکا گۆپکەی لووتی لە ڕەشماڵی هەورەکان بچەقێ و شەیتان بچێتە کەڵکەڵەیەوە! نووسەر دەبێت هەمیشە بە ئاگا بێت، نەکا ئەو غەدرانەی، کە دڕندەیی مرۆڤەکان لە فەرهەنگی زەمەندا تەوقیتیان کردووە، بە هەستی ناسکیدا بتەقنەوە.

…………………………………………………………………….

تێبینی:
.
*وتارێکی (یوسف عێزەدین) لەسەر ڕووپەڕی سایتی (ماڵێک لە ئاسمان)، لە ژێر ناونیشانی “شیعرەکانی نەوەیەکی نەفرەتلێکراو لە پاساژی سڕینەوەدا، سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی نە خوێندراوەکان”
. ئەم دیمانەیە لە ژمارە ٧٠ ی نۆڤەمبەری ٢٠١١ ی گۆڤاری هەنار بڵاوکراوەتەوە. http://www.hanar.org/Hanar/70/14.pdf

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.