
مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس له كتێبی دوورشته‌دا
نازانم بۆچی راگه‌یاندنی كوردی له ئاست مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس ئه‌وه‌نده بێ باكه، نازانم بۆچی له باس و خواسی ئه‌ودا هێنده خامۆش وكڕ و كپه! خۆ ئه‌و ته‌نها مه‌لا نه‌بوو، به‌ڵكوو نووسه‌ر، لێكۆڵه‌ر، وه‌رگێر لێكده‌روه‌ی دیوانه كلاسیكیه‌كان بوو، ئه‌و كاره‌ی ئه‌و كردی هیچ مه‌لا و ڕۆشنبیرێك ناتوانێ خۆی له قه‌ره‌بدات، ئه‌و نزیكه‌ی سه‌د كتێبی به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی بۆ ئێمه كرده دیاری، شاكاره جوانه‌كانی ئه‌و ئێستا وه‌ك مانگ ده‌دره‌وشێنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌لا منه‌وه‌ره نه‌بوایه چییمان كردبا بۆ لێكدانه‌وه‌ی شیعره‌كانی مه‌وله‌وی و مه‌حوی و نالی و بیخود …تد. به‌ڵێ ئه‌و مه‌لا بوو، به‌ڵام چ مه‌لایه‌ك، شه‌و و رۆژ خه‌ریكی نووسین بوو، به‌رده‌وام سه‌رقاڵی ته‌دریس بوو. تاكو مرد خامه‌ی به برشتی له سه‌ر تێنووس هه‌ڵنه‌گرت، وه‌ك فریشته‌یه‌ك، وه‌ك پارچه نوورێك رووناكی ده‌دا، عه‌قڵ و هۆشێكی فراوانی هه‌بوو زۆر به پاكی خزمه‌تی ئایین و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كرد، زانستی ئه‌و عاریف و رۆشنبیره وه‌ك ئاوی كارێز وابوو به سروشتی خۆی هه‌ڵده‌قووڵی و ده‌وربه‌ری خۆی تێرئاو ده‌كرد، كوره‌كانیشی وا رێنمایی كردبوو كه له خزمه‌تكردنی ئه‌ده‌ب و رێنووس و زمانی كوردی دا بۆ ساتێكیش چه‌توونی و ڕژدی نه‌نوێن.
ئه‌رێ گه‌لۆ بۆچی وه‌ك وه‌فایه‌ك شوێنێك، فه‌رمانگه‌ك، په‌رتووكخانه‌یه‌ك به نێوی ئه‌و كه‌ڵه نووسه‌ره ناكه‌یت؟ تاكه‌ی ئه‌و داهێنه‌ر و ماندوونه‌ناس و عاریفه گه‌ورانه‌ی كورد له یاد بكرێن، تاكه‌ی سپڵه‌یی و بێ ئه‌مه‌كی له نێوماندا چرۆكانی چه‌كه‌ره بكه‌ن؟
بابێمه سه‌ر كرۆكی باسه‌كه‌م، له‌م رۆژانه‌دا به رێكه‌وت له كتێبخانه‌كه‌م دا ده‌ستم به سه‌ر كتێبی (دوو رشته)ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس هه‌ڵنگووی، دوای تێڕامان و خوێندنه‌وه‌ی ته‌واو مه‌ست و حه‌یران بووم، ئه‌م كتێبه‌ی مامۆستا هه‌ر چه‌ند فه‌رهه‌نگێكی عه‌ره‌بی كوردییه، به‌ڵام له پاڵی دا كۆمه‌ڵێك زانیاری به سوود به شێوه‌ی هۆنراوه ده‌رخراون. هه‌ر له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌كات و ده‌فه‌رمووێ:
عه‌رزم ئه‌وه‌یه ئه‌ی نه‌وه‌ی مه‌ردان * نه‌ته‌وه‌ی پاكی نه‌ژادی كـــــوردان
ئێمه گه‌لێكی خاوه‌ن حه‌سه‌بین * برای ئایینی گه‌لی عه‌ره‌بیـــــــــــن
هه‌موو نیشته‌جێی یه‌ك نیشتیمانین * ئه‌بێ زمانی یه‌كتر بزانـــــــــــــین
بۆم هۆنیه‌وه به شێوه‌ی ئه‌ده‌ب * دوو رشته‌ی لوغه‌ت بۆ كورد و عه‌ره‌ب
هیوام وه‌هایه كه خاوه‌ن سوودبێ * چرای رووناكی ڕێگه‌ی مه‌قسوود بێ
خاوه‌ن به‌هابێ لای پیرو گه‌نجان * هه‌ر وه‌ك دوو رشته‌ی یاقووت و مه‌رجان
لێره‌دا مامۆستا ئامۆژگاری هاوزمانه‌كانی ده‌كات، به نه‌وه‌ی مه‌ردان و پاك نه‌ژاد بانگیان ده‌كات و پێیان ده‌ڵێ ماده‌م ئێمه هه‌موومان نیشته‌جێی یه‌ك خاك و ئاوین پێوسته زمانی یه‌كتر فێر بین، چونكه نه‌زانینی زمانی یه‌كتر كۆسپێكی گه‌وره‌یه له رێگه‌ی پێكگه‌یشتن و تێكگه‌یشتن ، عه‌ره‌ب گه‌ر دۆسته یان دووژمن دواجار زمان ده‌بێته پردێك بۆ دایه‌لۆگی نێوانمان.
ئه‌وه‌نده‌ی من سه‌رنجم دابێت كوردی ئێران فارسی ده‌زانی، كوردی توركیا توركیه‌كی ره‌وان ده‌زانێ، كوردی سوریاش عه‌ره‌بی به‌باشی ده‌زانێ، به‌ڵام به داخه‌وه كوردی عیراق به تایبه‌ت وه‌چه و نه‌وه‌ی نوێ هیچ شتێك له زمانی عه‌ره‌بی نازانێ! په‌ندێكی عه‌ره‌بی هه‌یه ده‌ڵێ: ( من زاد لسانا زاد إنسانا)، زمانی عه‌ره‌بیش یه‌كێكه له زمانه هه‌ره زیندووه‌كانی دنیا، رۆشنبیرانی خۆرئاواش هه‌ر له زووه‌وه دانیان به‌م هه‌قیقه‌ته داهێناوه و مێژ ساڵه گوتویانه زمانی عه‌ره‌بی زمانی مه‌عریفه‌یه، ده‌ی كه‌واته به‌خۆ دووره په‌رێزگرتن لێی و دژایه‌تی كردنی هه‌رخۆمان زیانبار ده‌بین و به‌س.
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا نه‌هاتووه ته‌نها وشه به وشه مانا بكات، به‌ڵكوو له پاڵ هه‌ر وشه‌یه‌كدا سێبه‌ری واقیعی وشه‌كه‌ش ده‌رده‌خات، بۆ نموونه:
(صُحُفی) مانای رۆژنامه‌نووسه * گه‌ر ئازاد نه‌بی گه‌ل لێی مه‌ئیووسه
(حریف) هاوپیشه (زمیل) هاوئیشه* ئینسانی بێ ئیش دڵ پڕ ته‌شویشه
بروانه له پاڵ ماناكردنی وشه‌ی رۆژنامه‌نووس، به‌های رۆژنامه‌نووسیشی ده‌رخستووه، رۆژنامه‌نووس ده‌بێ ئازاد و ئازابێت، ده‌نا گه‌ل و نیشتیمان لێی بێ ئومێد ده‌بێ، كه‌واته بابای رۆژنامه‌نووس ته‌نها له كه‌ش و هه‌وای ئازاد‌دا ده‌توانێ گوزارشت له هه‌قیقه‌ت بكات، گه‌ر وانه‌بوو هه‌موو راستیه‌كان سه‌ر نگووم ده‌كاته‌وه.
دواتر له رۆخ ماناكردنی (حه‌ریف) و (زمیل) ده‌ردی بێ كاری ده‌رده‌خات و دڵی بێ كار به ته‌شویش و ئاڵۆزكاو وه‌سف ده‌كات. دیاره له پێش ئه‌ویش مه‌لای گه‌وره مرۆڤی كارنه‌كه‌ر و ته‌مبه‌ڵی سه‌رزه‌نشت كردوه و بۆ كاركردن و دارابوون رێنوێنی كردوون، هه‌روه‌ك ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ی دونیای نه‌بێ دینی زه‌عیفه * مه‌لابێ یا شیخ بێ یا خه‌لیفه
مه‌داری دین و دونیا هه‌ر غینایه * ئه‌و حه‌دیسه‌ی فه‌قر و فخر ئیفتیرایه
كه‌واته خۆ گۆشه‌گیركردن به پاساوی خواپه‌رستی و مانه‌وه ته‌نها له مزگه‌وت و خۆ خه‌ریكاندن ته‌نها به په‌رستش له گۆشه نیگای هه‌ریه‌ك له‌م دوو زانا مه‌زنه‌ی كورد جێگه‌یان نابێته‌وه.
مامۆستای موده‌ریس له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێ:
(إستقلال) مه‌عنای سه‌ربه‌خۆییه * غه‌یری ئازادی ره‌نجه‌رۆییه
ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوون به‌چكه‌ی یه‌ك دایكن ناكرێ و نالوێ له یه‌كتریان جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌سته‌مه به‌بێ سه‌ربه‌خۆبوون ئازادی مانا فراوانه‌كه‌ی خۆی به‌رجه‌سته بكات، وشه‌ی ره‌نجه‌رۆیی، واتا: سه‌رفكردنی توانست و توانا به‌بێ هیچ به‌هایه‌ك و به‌رامبه‌رێك، بێگومان له ئازادییدا ده‌نگه قه‌تیسماوه‌كان دێنه گۆ و هاواره خه‌ماویه‌كان گوێیان بۆ ده‌گیرێ.
له شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه دێته سه‌ر باسكردنی مه‌سه‌له‌یه‌كی جوگرافیی و له پشت ماناكردنی زاراوه‌كان زانیاریێكی باش و پر سوودمان ده‌سگیرده‌كات:
(مشرق) خۆرهه‌ڵات (شمال) باكوره * (مغرب) خۆرنشین (جنوب) باشووره
كاتی رووتكرده نوخته‌ی خۆرنشین * لای راست باكووره و چه‌پ باشوور یه‌قین
لێره‌دا زۆر به‌ساده‌یی روون ده‌بێته‌وه كه هه‌ر كاتێ مرۆڤ له هه‌رشوێنی و جێگه‌یه‌ك بوو ده‌توانێ ئه‌مه بۆ خۆی بكاته پێوه‌ر، راسته‌وخۆ رووبكاته خۆرئاوا، ئیتر لای راستی ده‌بێته باكوور و لای چه‌پیشی ده‌بێته باشوور، به‌مه‌ش هه‌موو حیسابه گه‌ردوونیه‌كانی بۆ سانا ده‌بێت.
له شوێنێكی تر له دوای ماناكردنی وشه عه‌ره‌بیه‌كه وه‌ك سه‌ماوه‌ر ده‌كه‌وێته جۆش و خرۆش و خۆشه‌ویستی بۆ وڵات و بیاره ده‌رده‌بڕێت و به وشه‌ی ناسك و په‌تی خه‌ست وخووڵی ده‌كات و ده‌ڵێ:
(نسیمی سحر) شنه‌ی به‌ربه‌یان * نه‌شئه‌ی ئه‌به‌خشێ به دڵ و به گیان
تایبه‌ت نه‌سیمی چه‌می بیاره * كاتـــــــــــــی به‌هاران دنیا گوڵزاره
بولبول مه‌ست ده‌كا له سه‌ر چڵانه * دڵ سه‌ربه‌ست ئه‌كا له ناو گوڵانه
هه‌ركه‌سێك كتێبه‌كانی مامۆستا بخوێنێته‌وه راسته‌وخۆ هه‌ست به چێژی ئه‌ده‌بی ده‌كات، بۆن و به‌رامه‌ی ئه‌ده‌ب خۆی ده‌خزێنێته نێو ناخ و ده‌ماغی، زۆره‌به‌ی كتێبه‌كانی پرن له شیعر و هۆنراوه، به‌تایبه‌تی كتێبه‌كانی (رێگای به‌هه‌شت) و (سه‌نا و سكاڵا) و ( به‌هار و گوڵزار) و (بارانی ره‌حمه‌ت) و (ئاوی سه‌عاده‌ت) و …تاد.نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت نازناوی شیعری مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم (نامی)یه.
مامۆستا دوای ئه‌وه‌ی له دوو رشته‌دا باسی مانگه عه‌ره‌بیه‌كان ده‌كات و ما‌نایان ده‌كات، ئینجا به شێوه‌یه‌كی زۆر ناسك و جوان و به ئه‌ده‌بێكی دڵگیر مانگه كوردیه‌كان به دوای یه‌كدا ریز ده‌كات، ئه‌مه هۆشی كه‌سێكی وه‌ك مامۆستای نامییه په‌یی به‌م ورده‌كاریانه ده‌بات و به هۆنراوه پێشكه‌شی نه‌وه‌ی نوێی كوردی ده‌كات، تاكو وه‌ك ناوی خۆیان له به‌ری بكه‌ن:
نه‌ورۆز و، گوڵان، مانگی جۆزه‌ردان * پوشپه‌ر، خه‌رمانان، گه‌لاوێژی جوان
ره‌زبه‌ر، گه‌ڵاڕێز، سه‌رماوه‌ز به‌نام * به‌فرانبار، رێبه‌ند، ره‌شه‌مێ ئه‌نجام
چه‌ند جێگه‌ی دڵخۆشی بوو هه‌موو فه‌رمانگه حكوومی و ئه‌هلیه‌كان ئه‌و دوو دێره هۆنراوه‌یان هه‌ڵواسیبا، بۆئه‌وه‌ی له كاتی پرسیار لێكردنیان زمانیان ته‌ته‌ڵه نه‌كات و نه‌بێته ته‌ڵه‌ی ته‌قیو، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌یان لێ نێ كاتێ پرسیاریان لێ كرد ئه‌م مانگه چ مانگێكی كوردییه؟ گوتی: چیی بۆ كوردیش ناوی مانگه‌كانی هه‌یه!
له‌م كتێبه‌ی مامۆستا ناو و زاراوه‌ی زۆر گرنگت به‌رچاو ده‌كه‌ون، له شوێنێك وێنا و به‌راوردی نێوان (نفس) و (عقل) و (علم) ده‌كات، به‌م جۆره‌ی خواره‌وه:
ئه‌گه‌ر بته‌وێ وێنه‌یه‌كی جوان * بۆ نه‌فس و عه‌قڵ و بۆ عیلمی ئینسان
(نفس) وه‌ك شووشه‌ی ئاوێنه وایه* (عقل) رووناكی به‌سه‌ر ئه‌ودایه
(علم) به وێنه‌ی ئه‌و وێنه وایه * كه له ناو مینای ئاوینه‌دایه
ئه‌مه چ راڤه‌یه‌كی ناسك و جوانه، شووشه‌ی ئاوێنه‌یه‌ك بخه به‌رچاوت ، رووناكییه‌ك به‌سه‌ر ئاوێنه‌وه هه‌یه، له ناو مینای ئاوێنه‌كه‌ش دا وێنه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه یانی نه‌فس و عه‌قڵ و عیلم.
له شوێنێكی دیكه‌دا باسی خۆ به زلزانین و خاكه‌ڕای مرۆڤ ده‌كات و ده‌ڵێ:
(تواچع) مه‌عنای خۆ دانه‌واندن * له به‌ر پیاوه‌تی نه‌ك خۆ شكاندن
(تكبر) فیزه (غرور) بایی بوون* هه‌ركه‌س بایی بێت ئه‌روا سه‌رنگوون
كه‌سانێك هه‌ن ته‌وازع و نه‌رمونیانی مرۆڤه‌كان ده‌قۆزنه‌وه و سوكایه‌تی پێ ده‌كه‌ن، بۆیه مامۆستا له ماناكردنی وشه‌ی (ته‌وازوع)، ئه‌مه به‌سه‌نگینی و پیاوه‌تی لێكده‌داته‌وه، چونكه مرۆڤ به ته‌وازووع به‌رز و شكۆدار ده‌بێت و به فیز و یاخیبوونیشن خاپوور و ێران ده‌بێت.