پیاچوونه‌وه به ئۆرفیۆس ه‌که‌ی به‌ختیار دا4
4 – سه‌رنجدان له تێگه‌یشتنه‌کانی به‌ختیار( دوایین به‌ش)
به‌ختیار کێشه‌ی تێگه‌یشتنی زۆره . نه‌ك ناتوانێت به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه ، پێناسه‌ی هونه‌ر و عه‌شق و عه‌قڵ و غه‌ریزه‌مان بۆ بکات ، به‌ڵکو ناشتوانێت ڕۆشنایی بخاته سه‌ر تێگه‌یشتنه‌کانی خۆی له‌و بارانه‌وه . ئۆرفیۆس و دینیۆسیس ، هه‌ردووکیان ، به لای ” به‌ختیار ” ه‌وه هونه‌رمه‌ندن ،، به‌ڵام ئۆرفیۆس بڵندگهرایه و نوێنه‌ری دیوه جاویدانه‌که‌ی عه‌شقه . بێگومان ” دینیۆسیس ” یش خوای مه‌ستی و خرۆشان و سه‌ما و جه‌سته‌یه و غه‌ریزه په‌رسته . به‌ختیار له نرخاندنی هونه‌ری ئۆرفیۆس و دینیۆسیس دا ، هه‌میشه تای ترازووه‌که به لای ” ئۆرفیۆس ” دا داده‌شکێنێت . ئه‌م که‌م تواناییه‌ی به‌ختیار له پێناساندنی هونه‌ری ئۆرفیۆس و دینیۆسیس دا ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌موکورتی تێگه‌یشتنه‌کانی ئه‌و له هونه‌ر . ئه‌م تێگه‌یشتنه کاڵوکرچانهی به‌ختیار که ده‌رباره‌ی هونه‌ر هه‌یه‌تی ، هه‌ڵقوڵاوی تێڕوانینه درشتهکانیهتی بۆ دیارده‌کان . خاسیه‌تی نانۆ میتۆد ” نانۆ ، بریتییه له یه‌ك به‌شی ملیارێك به‌ش له مه‌ترێك ” که نامۆیه به به‌ختیار ، بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه له بابه‌ته‌کان و په‌یوه‌ست کردنهوهشیانه به یه‌کترییه‌وه . به‌ڵام میتۆدی درشتگه‌را که به‌ختیار ته‌واو ئاشنایه پێی ، بیرکردنه‌وه‌ی ساده و تێڕوانینی ” لێڕوانینی ” نازانستییانه و یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ی سروشتییانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان ، له خاسیهتهکانیهتی . گرفتێکی گه‌وره‌ی به‌ختیار له‌م باسه‌دا ، جیاکردنه‌وه‌ی عه‌قڵ و گیان و جه‌سته‌یه له یه‌کتری . واته ئه‌پۆڵۆ و ئۆرفیۆس و دینیۆسیس که نوێنه‌ری ئه‌و سیانه‌ن لای گریکه‌کانی سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کان و ” به‌ختیار عه‌لی ” ی ئه‌مڕۆی یه‌کێك له گه‌وره نووسه‌رانی کورد ، زیاتر جیاوازییه‌کانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا کۆیان ده‌که‌نه‌وه نه‌ك یهکگرتنهوهکانیان . چ گریکه‌کان و چ به‌ختیار ، په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان عه‌قڵ و جه‌سته و گیان به ووردی نابینن . ( ده‌رباره‌ی گریکه‌کان ده‌مه‌وێت ئه‌و تێبینییه بده‌م که هه‌موومان له زۆر ڕووه‌وه قه‌رزاریانین . به تایبه‌تی له بواری فه‌لسه‌فه‌دا زۆریان بۆ مرۆڤایه‌تی کردووه . ڕه‌خنه گرتن له بیرمه‌ندانی گریك زیاتر بۆ قووڵ کردنه‌وه‌ی باسهکانیانه نه‌ك بۆ ههڵتهکاندنیان . ته‌نانه‌ت له‌و کاتانه‌شدا که پێویست به هه‌ڵته‌کاندنی باسێك وه‌یان چه‌ند باسێکیان بکرێت ، هێشتا شایسته بوونیان به ڕێز و ستایشی ئێمه ، هه‌ر ڕوو له سه‌ر ده‌بێت نه‌ك ڕوو له خوار . )
جه‌سته و عه‌قڵ و گیان ” دوایی ده‌چمه سه‌ر ڕوون کردنه‌وه‌ی تێگه‌شتنه‌کانم ده‌رباره‌ی گیان ” ، په‌یوه‌ندییه‌کی هێنده توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا هه‌یه که جیاکردنه‌وه‌ی ڕه‌هایان له یه‌کتری به تیاچوونی هه‌رسێکیان کۆتایی دێت . من له نووسینه‌کانمدا زۆر جار چوومه‌ته ناو په‌یوه‌ندییه‌کانی عه‌قڵ و خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه‌وه . لێره‌شدا زۆر به کورتی ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌ك به‌و په‌یوه‌ندییانه بده‌مه‌وه . عه‌قڵ له بنه‌ڕه‌تدا نه‌ك هه‌ر به‌رهه‌می خه‌یاڵه ، به‌ڵکو هه‌ر خودی خه‌یاڵ خۆیه‌تی له حاڵه‌تی سنووربهندیدا . خه‌یاڵ هه‌رچه‌نده سنوور نه‌ناسه ، به‌ڵام سنوور نهناسینهکهی له ژماره‌ی بێ‌کۆتایی سنووربه‌ندییه‌کان پێكهاتووه . ئه‌و مه‌ودایه‌ی که به خه‌یاڵ ، سنوور نه‌ناسینی خۆمانی تیا ئه‌زموون ده‌که‌ین ، هه‌میشه مه‌ودایه‌کی به‌رته‌سکه و پێویستی به به‌رفراوان کردن هه‌یه . به‌رفراوان کردنی بینین بۆ سنوور نه‌ناسینی خه‌یاڵ ، ته‌نیا له ڕێگای زیاد کردن و گه‌شه کردنی سنووربهندییهکانهوه ده‌بێت . سنووربه‌ندییه‌کان له هه‌ر بوارێکی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و زانست و …هتدا بگریت ، به به‌راوورد به سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌کانه‌وه ، گه‌شه کردنێکی زۆر و چوونه سه‌ری ژماره‌یه‌کی هێجگار گه‌وره‌ی لێ به ده‌ست هاتووه . ( ئه‌م بابه‌تی سنووربه‌ندی و سنوور نه‌ناسینه ، بابه‌تیکی بڕێك قورس و ئاڵۆزه ، بۆیه لێره‌دا وازی لێده‌هێنم و به هیوای ده‌رفه‌تێکم بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ووتاره‌ی له‌و باره‌یه‌وه نووسیومه . ) .
وه‌ك چۆن پێداویستییه‌کانی جه‌سته ، ئاره‌زووه‌کانی هێناوه‌ته بوون ،، پێداویستییه‌کانی ئاره‌زووه‌کانیش ، خه‌یاڵی هێناوه‌ته بوون . ئاره‌زووه‌کان ، هه‌موویان ، سنوور نه‌ناسن ،، خه‌یاڵیش نه‌ده‌کرا سنوور نه‌ناس نه‌بێت . ئاره‌زووه‌کان له پیاده کردنی سنوور نهناسینهکانیاندا ، ناچارن به پیاده کردنی سنووربهندییهکانیان . خه‌یاڵیش له پیاده کردنی سنوور نهناسینهکانیدا ، ناچاره به پیاده کردنی سنووربه‌ندییه‌کان . له حاڵه‌تی پیاده بوونی سنووربهندیدا ، ئیتر خه‌یاڵ له خه‌یاڵیی خۆی ده‌رده‌چێت و ده‌بێت به‌عه‌قڵ . واته عه‌قڵ ، کرده‌ی سنووربه‌ندی خه‌یاڵه . خه‌یاڵ چۆن له ڕێگای عه‌قڵه‌وه خزمه‌ت به کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کان ده‌کات ، ئاره‌زووه‌کانیش ئاوا له رێگای کرده‌یی بوونه‌وه‌ی سنووربهندییهکانیانهوه ، خزمه‌ت به جه‌سته ده‌که‌ن . ئه‌مه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه که له نێوان خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان و جه‌سته‌دا هه‌یه . هه‌رچه‌نده له‌م نووسینه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه بچمه ناو چۆنیه‌تی تێگهیشتنهکانمهوه بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان ، به‌ڵام ئاماژه پێکردنێك له‌و باره‌یه‌وه به پێویست ده‌زانم .
په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان ، چ له سه‌ر ئاستی سنوور نهناسینهکان و چ له سه‌ر ئاستی سنووربه‌ندییه‌کان ، تۆڕبهندییانه چوون به ناو یه‌کتریدا . واته له سه‌ر بنه‌مای سه‌ربه‌خۆ بوون و وه‌لانانی ناوه‌ندێتییه‌وه ، ئیشه‌کانی خۆیان ڕاده‌په‌ڕێنن . خه‌یاڵ پاشکۆی ئاره‌زووه‌کان نییه و ئاره‌زووه‌کانیش پاشکۆی جه‌سته نیین . خه‌یاڵ له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا خزمه‌ت به ئاره‌زووه‌کان ده‌کات و ئاره‌زووه‌کانیش له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا خزمه‌ت به جه‌سته ده‌که‌ن . سروشتی ئیش کردنی خۆیان ئاواهییه ، نه‌ك به زۆر سه‌پێنرابێت به سه‌ریاندا . خه‌یاڵ له هیچ کاتێکدا به ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاره‌زوودا په‌یوه‌ندی نییه ، چونکه هیچ ئاره‌زوویه‌ك به ته‌نیا و به بێ به‌شداری کۆمه‌ڵێك له ئاره‌زووه‌کان ناچێته دۆخی کرده‌یی بوونه‌وه‌وه . خه‌یاڵ به‌جیا له‌وه‌ی که ده‌چێته دۆخی عه‌قڵه‌وه بۆ پیاده بوونی سنووربه‌ندییه‌کانی خۆی و سنووربه‌ندییه‌کانی ئاره‌زووه‌کان ، په‌یوه‌ندییه‌کانیشی له نێوان سنوور نه‌ناسینی خۆی و سنوور نه‌ناسینی ئاره‌زووه‌کاندا له به‌رزترین ئاستی شیاودا ڕاده‌گرێت و له هه‌مان کاتیش‌دا په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان سنووربه‌ندییه‌کانی خۆی و سنوور نهناسینهکهی ، له لایه‌ك و له لایه‌کی تریشه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان سنووربه‌ندییه‌کانی ئاره‌زووه‌کان و سنوورنهناسینهکانیان ئۆرگه‌نایز ده‌کات . ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له هه‌موو پرۆسه‌یه‌کی سنووربهندیدا که کرده‌یی کردنه‌وه‌ی ئارهزووهیهك وه‌یان چه‌ند ئاره‌زوویه‌که ، به‌شدارییه‌کی سهرومڕیان ” ته‌واویان ” بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی کاره‌کان هه‌یه . ڕێکخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه ، هه‌ر هه‌موویان پێکه‌وه ، له ئه‌رکه سروشتییه‌کانی خه‌یاڵن و هه‌ر به سروشت درێغی له جێبه‌جێ کردنیان ناکات . من نامه‌وێت له‌مه زیاتر بچمه ناو بابه‌ته‌که‌وه ، چونکه دووان له‌م باره‌یه‌وه زۆری ده‌وێت . هه‌ر بۆ نموونه : خه‌یاڵ چۆن ده‌چێته دۆخی عه‌قڵه‌وه ؟ په‌یوه‌ندی له نێوان ئه‌و ئاره‌زووه‌ی کرده‌یی ده‌بێته‌وه و ئه‌و ئاره‌زووانه‌ی به‌شدارن له‌گه‌ڵیدا چۆن چۆنییه ؟ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌و ئاره‌زووانه و ئاره‌زووه‌کانی تر ، هه‌یه یان نییه ؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه ، له چ ئاستێکدایه و ئه‌گه‌ر نیشه ، بۆچی نییه ؟ په‌یوه‌ندییه‌کانی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان به خۆیان و سنووربه‌ندییه‌کان و سنوور نهناسینهکانیانهوه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا چۆن مامه‌ڵه ده‌که‌ن ؟ ئه‌مانه ته‌نیا کۆمه‌ڵێکن له‌و پرسیارانه‌ی که تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ڵامێکی تێروته‌سه‌لیان ده‌وێت ، بۆیه به داوای لێبووردنه‌وه له خوێنه‌ری ئازیز ، خۆم له باس کردنیان ده‌بوێرم و ده‌چمه‌وه سه‌ر هێڵه گشتییه‌که‌ی بابه‌ته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان .
هونه‌ر ، پرۆسه‌ی به ئه‌نجام گه‌یشتنی کاری هاوبه‌شی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه له مه‌یدانی داهێناندا . خه‌یاڵ به‌جیا له‌وه‌ی که تۆڕی ئۆرگه‌نایز بوونی ئاره‌زووه‌کانه به یه‌کتری ، ئامڕازی تیۆرییانه‌ی به‌جێگه‌یاندنی داخوازییهکانییشیانه . خه‌یاڵ هه‌ڵگری کۆدی سروشتیشه له مرۆڤدا . هه‌رچه‌نده کۆدی سروشت ، له لای منه‌وه ، وه‌کو گریمانه‌یه‌ك ده‌خرێته ڕوو ،، به‌ڵام ئه‌م گریمانه‌یه له سه‌ر بنه‌مای وێناکردنێکی قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌م دیارده ئاڵۆزه‌وه‌یه که خه‌یاڵه . ئه‌و هێزه‌ی له پشتی دانانی خه‌یاڵه‌وه‌یه له مرۆڤدا ، گه‌وره‌ییه‌که‌ی به هیچ شتێك به‌راوورد ناکرێت . هه‌بوون و سیستیماتیك بوونی خه‌یاڵ وه‌کو داموده‌زگایه‌کی زه‌به‌لاح وچالاکییه تێکچڕژاوه‌کانی له‌و فۆرمه ئهفلاتوونییهیدا ، گه‌وره‌ترین و گرنگترین و سه‌رسامترین ده‌ستکه‌وتن بۆ مرۆڤ . کۆدی سروشت و پیاده‌بوونی ئه‌رکه‌کانی ، وه‌کو پێداویستییه‌کی خه‌یاڵ و به‌شێك له بوونی خه‌یاڵ له خه‌یاڵدا جێکه‌وته بووه .
ڕه‌نگ و ده‌نگ و جوانی و زانست و ماتماتیك و هونه‌ر و وێژه و فه‌لسه‌فه و …..هتد ، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌کان وه‌کو به‌شێك له کۆدی سروشت ، له خه‌یاڵدا هه‌ڵگیراوون . کۆدی سروشت له خه‌یاڵدا که له بابه‌تی کۆدی ” دی ، ئێن ، ئه‌ی ” ه له خانه‌دا، له ڕوانگه‌ی بێ کۆتایی بوونی پێداویستییه‌کانی مرۆڤه‌وه ، زانیارییه‌کانی تیا تۆمار کراوه . یه‌کێك له خاسیه‌ته‌کانی خه‌یاڵ ، هاوئاهه‌نگ بوونیه‌تی له‌گه‌ڵ سروشتدا . که‌واته مرۆڤ له ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه که بواری سنوور نه‌ناسینه ، وه‌کو وه‌چه‌یه‌کی سروشت ، خۆڕسکانه ، به چالاکییه‌کانی هه‌ڵده‌ستێت . مه‌یلی خۆڕسکانه‌ی مرۆڤ بۆ سروشت که ده‌توانین به سروشتگهرێتی ناوزه‌دی بکه‌ین ، توخمێکی بنچینه‌یی خه‌یاڵ و خاسیه‌تێکی هه‌نارده کردنی خه‌یاڵه بۆ ناو هونه‌ر و هه‌ر به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی زه‌ینیی مرۆڤ . پرۆسه‌ی سنووربه‌ندییه‌کانی خه‌یاڵ که به فلته‌ری عه‌قڵدا تێده‌په‌ڕێت ، بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری مرۆڤ و سروشته له دووتوێی سنوور نهناسینهکانیانهوه . کۆدی سروشت له خه‌یاڵدا ، کۆدی ڕێنمایی کردنی مرۆڤه‌کانه بۆ یه‌کانگیر بوونی سنوور نهناسینانهیان له‌گه‌ڵ سروشتدا . تواناکانی مرۆڤ ” مه‌به‌ست له توانا زهنی و جه‌سته‌ییه‌کانه ” به پێی پێداویستییه‌کانی ئه‌م یه‌کانگیر بوونه له ناو خودی ئه‌و کۆده‌دا ئۆرگه‌نایز کراوون . زمانی خوێندنه‌وه‌ی کۆده‌که لای ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤه . { من ناتوانم په‌یگیر بم ، به‌ڵام وێنای ئه‌وه ده‌که‌م که په‌یوه‌ندی له نێوان کۆدی سروشت و دی ئێن ئه‌ی دا هه‌بێت . ئه‌مه له لایه‌ك ، وه له لایه‌کی تره‌وه ، وه‌ك چۆن ناتوانین په‌ی به کۆدی دی ئێن ئه‌ی و کاره‌کانی ببه‌ین ، ئاواش ناتوانین په‌ی به کۆدی سروشت و کاره‌کانی ببه‌ین . هه‌ڵبه‌ت که توانای په‌ی بردنمان به‌و کۆدانه و ئه‌رکه‌کانیان نه‌بێت ، توانای په‌ی بردنئشمان به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانیان نابێت . هه‌ردوو کۆده‌که ، به‌ده‌ر له ئاگایی ئێمه ، کاره‌کانیان به خزمه‌ت به ئێمه جێبه‌جێ ده‌که‌ن . } .
ئه‌وه ئێمه‌ین خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان و جه‌سته له یه‌کتری جیا ده‌که‌ینه‌وه ، ئه‌گینا سروشت وای پێکه‌وه دروست نه‌کردوون که هه‌رگیز له یه‌کتری جیا ببنه‌وه . خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان که له جه‌سته‌ی مرۆڤدا نیشته‌جێن، له هه‌موو لایه‌که‌وه تۆڕبهندییانه له یه‌کتری ههڵپێکراوون . هاوبه‌شییان ” واته هاوبه‌شیی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان ” له هه‌ڵگرتن و پیاده کردنی ئه‌و کۆده‌دا ” واته کۆدی سروشت ” ، ته‌نیا لایه‌نێکی ئۆرگه‌نایز بوونی په‌یوه‌ندییه‌کانیان پێك ده‌هێنێت . بۆ نموونه : په‌یبردنی ئاره‌زووه‌کان به خواسته‌کانیان که له ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه به ئه‌نجام ده‌گات ، لایه‌نێکی تری په‌یوه‌ندییه‌کانیانه و له باسێکی تردا دێمه سه‌ریان .
خاسیه‌تی سروشتگهرێتی که مه‌یلی خۆڕسکانه‌ی مرۆڤه بۆ سروشت ، به هه‌ر بڕێك بڕژێته ناو هونه‌ری هه‌ر هونه‌رمه‌ندێکه‌وه ، به‌و بڕه ئه‌و هونه‌ره ، مانه‌وه و جوانی و سوودمه‌ندیی و سه‌رسام بوون بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌کات . سروشتگهرێتی ” سرووشتیبوونی خۆڕسکانه ” ، خاسیه‌تی ووزه و هه‌موو توخمێکی ماته‌ریانه ” مادیی ” و بوویه‌کی ناماتهریانهی ناو خه‌یاڵ و خودی پێکهاته‌کانی خه‌یاڵ و هه‌موو پرۆسه‌یه‌ك و به‌رهه‌مێکه که خه‌یاڵ دروستی ده‌کات و هه‌نارده‌ی ده‌کات . هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که له ناو خه‌یاڵدان و خه‌یاڵیان لێپێکهاتووه ، به لای منه‌وه ، له فۆرمێکی ئه‌فلاتوونیدا به‌رجه‌سته بوون . مه‌به‌ستم له فۆرمی ئه‌فلاتوونیی ، چه‌قبه‌ستن و نه‌گۆڕیی و بێ جووڵهییهکهی نییه ،، به‌ڵکو مه‌به‌ستم له نامادیی بوونه‌که‌یه‌تی . له گشت به‌رهه‌مێکی هونه‌ریدا ” بێگومان وێژه‌یی و کایه‌کانی تریش ” که خه‌یاڵ به‌شداره له دروست کردنیدا ، سروشتگهرێتی له رێگه‌ی خه‌یاڵ و ، کۆدی سرشت ، ی ناو خه‌یاڵه‌وه به بڕی جۆراوجۆر ده‌ڕژێته ناو ئه‌و به‌رهه‌مه‌وه . ئه‌مه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه که هونه‌ر له گه‌ڵ خه‌یاڵدا و له سه‌ر ئاسته گه‌ردوونی و سنوور نهناسینهکهی هه‌یه‌تی .
هه‌موو به‌رهه‌مێکی هونه‌ری هه‌ر به سروشت سنووربه‌نده . واته ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌ی که باس له که‌سایه‌تییه‌ك ، ڕووداوێك ، وه‌یان دیارده‌یه‌ك ده‌کات ، ده‌بێت له ڕێگه‌ی کرده‌یی کردنه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کانی په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه که عه‌قڵ رێپیشاندهر و ئامڕازی تیۆرییانه‌ی جێبه‌جێ کردنیانه ، دروست ببێت . هه‌موو به‌رهه‌مێکی هونه‌ری ، له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانیدا، پێویستی به به‌شدار بوونی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی عه‌قڵ هه‌یه . عه‌قڵ ئه‌و ئامڕازه‌یه که بۆ دروست کردنی به‌رهه‌م ، له سه‌ر پانتایی سنوور نهناسینهکان ” واته سنوور نهناسینهکانی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان ” سنووربه‌ندییه‌کان جیاده‌کاته‌وه و بۆ ئیش له سه‌ر کردن دایان ده‌مه‌زرێنێت . نامه‌وێت خوێنه‌ری ئازیز هه‌رگیز ئه‌وه له‌م باسه‌دا فه‌رامۆش بکات که عه‌قڵ هه‌میشه هه‌ر خودی خه‌یاڵ خۆیه‌تی ، به‌ڵام له حاڵه‌تی سنووربهندیدا .
چه‌نده سنوور نه‌ناسینی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان ، له کاتی کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئاره‌زوودا ، سنووربه‌ندییه‌کان به په‌یوه‌ست به خۆیانه‌وه ” واته به په‌یوه‌ست به به سنوور نهناسینهکانی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه‌وه ” له‌و هونه‌ره‌دا کرده‌یی بکه‌نه‌وه ، ئه‌وه‌نده ئه‌و هونه‌ره سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت . واته له هۆنراوه‌یه‌کدا که باس له جوانیی ژنێك ده‌کرێت ، چه‌نده ئه‌و جوانییه له ئاستێکی شیاوتردا به جوانییه گهردوونییهکهوه په‌یوه‌ست بووبێته‌وه وه‌یان چه‌ند له ناو خودی جوانییدا ، به مانا گه‌ردوونییه‌که‌ی ، به‌رجه‌سته بووبێت ،، ئه‌وا ئه‌و هۆنراوه‌یه ئه‌وه‌نده کاریگه‌ریی له سه‌ر خوێنه‌ر جێده‌هێڵێت . جوانیی به مانا گه‌ردوونییه‌که‌ی ، سنوور نه‌ناسه و به مانا تهواوکۆییهکهشی ، ڕه‌هایه . ره‌هایی بوونی ته‌واوکۆیی له جوانییدا ” واته ته‌واوکۆ بوونی جوانیی به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها ” ، له سنوور نهناسینهکهیدایهتی . ( گه‌ردوونیی به واتای بڕی هه‌موو جوانییه‌ك دێت که له گه‌ردووندا هه‌یه و له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و جوانییه گه‌ردوونییه ههموانییهکه که ههندهکییهکانی به هیچ شێوه‌یه‌ك دابڕاو نیین لێی . سنوور نه‌ناسین ، به واتای نه‌بوونی خاڵی کۆتایی دێت له چڕبوونه‌وه‌ی جوانییدا و له بڕی جوانییشدا له ناو هه‌موو گه‌ردووندا . ته‌واوکۆیی ” موته‌کامیل ” له شێوه ڕههاییهکهیدا ، به واتای به‌رجه‌سته بوونی جوانییه‌ك دێت که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه ئه‌و جوانییه هه‌رچی سنووری جوانیی هه‌بێت تێیپه‌ڕاندبێت و خاسیه‌تێکی تری جوانیی وه‌یان شێوه‌یه‌کی تری جوانیی نه‌بێت که له‌مدا به ڕه‌هایی بوونی نه‌بێت . ئه‌ڵبه‌ته خودی جوانیی ته‌نیا به پێی ههموانیهته گه‌ردوونییه‌که‌ی ” بڕه گه‌ردوونییه‌که‌ی ” و له سه‌ر ئاستی سنوور نهناسینهکهی ، به ڕه‌هایی ته‌واوکۆیه ، ئه‌گینا هیچ جوانییه‌ك له هیچ شوێنێکی گه‌ردووندا ته‌واوکۆ نه‌بووه و نییه و هه‌رگیزیش نابێت ) . مه‌به‌ستی من به ڕۆشنی له جوانییدا ، په‌نجه دانانه له سه‌ر ئه‌م ته‌واوکۆیی و گه‌ردوونیی و سنوور نه‌ناسینه . جوانیی ئه‌و ژنه که له‌و هۆنراوه‌یه‌دا باسی لێوه ده‌کرێت ، چه‌نده به جوانییه گهردوونییهکهوه تێکه‌ڵ ببێت ، وه چه‌نده په‌یوه‌ندییه‌که‌ی به سنوور نه‌ناسینی جوانییه‌وه پته‌وتر ببێت ، هه‌ر ئه‌وه‌نده ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ تهواوکۆییدا ، به مانا ڕه‌هاییه‌که‌ی ، په‌یدا ده‌کات . ئه‌و هۆنراوه‌یه لێره‌وه ده‌توانێت ته‌مه‌نێکی هه‌رچی زیاتر له مانه‌وه بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات . ئه‌مه‌یه ئه‌و سروشتگهرێتییهی که من مه‌به‌ستمه .
سروشتگهرێتی له بابه‌ت و یه‌کێتی بابه‌ت و وێنه‌ی شیعریی و ئیقاع و کێش و سه‌روا و بیرۆکه و جوانیی و ده‌نگ و ڕه‌نگ و مانا و ……هتدا ، به واتا گه‌ردوونی و تهواوکۆییه ڕه‌هایی و سنوور نهناسینهکانیان ، له‌و هۆکارانه‌ن که سه‌رکه‌وتن ده‌به‌خشنه ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی که باس له جوانیی ژنه‌که ده‌کات . مێژوویی بوونی هۆنراوه ، سه‌باره‌ت به هه‌ر هۆنراوه‌یه‌ك ، لێره‌وه به ده‌ست ده‌هێنرێت . به‌رز کردنه‌وه‌ی ئاستی چێژ بردنی مرۆڤه‌کان ، لێره‌وه‌یه . لێره‌وه پاشکۆیه‌تی هۆنراوه بۆ خوێنه‌ر وه‌یان پاشکۆیه‌تی خوێنه‌ر بۆ هۆنراوه وه‌لاده‌نرێت . لێڕهوهیه ڕێ ده‌گیرێت له ده‌سه‌ڵاتدارێتی هۆنه‌ر ” شاعیر ” به سه‌ر هۆنراوه‌دا . ئه‌مه‌یه ئه‌و مه‌یدانه‌ی که هۆنراوه به ئازادی خۆی ده‌گات ، تیایدا . یه‌کێك له ئه‌رکه هه‌ره گرنگه‌کانی هۆنه‌ر سازاندنی زه‌مینه‌ی به یه‌ك گه‌یشتنی هۆنراوه و ئازادییه‌کانیه‌تی .
ڕانه‌وه‌ستان ” جووڵه‌ی به‌رده‌وام ” خاسیه‌تێکی بنچینه‌یی خه‌یاڵه ، جا به هه‌ر بڕێك له‌م جووڵه‌یه که له ناو خه‌یاڵدایه ، بڕژێته ناو هونه‌ره‌وه ، ئه‌وا به‌و بڕه ئه‌و هونه‌ره له‌گه‌ڵ مێژوودا کۆك ده‌بێت . له ڕاستیدا یه‌کێك له نهێنییه‌کانی جوانناسی له هونه‌ردا ، هه‌بوونی ئه‌م جووڵه سروشتییه‌ی خه‌یاڵه تیایدا . ئه‌م جووڵه‌یه که له خه‌یاڵه‌وه ده‌ڕژێته ناو هونه‌ره‌وه ، هه‌موو ئه‌و توخمانه‌ی که له ناو هونه‌ره‌که‌دا هه‌ن ، به بڕی هاتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌یاڵدا ، ئه‌م جووڵه‌یه ده‌ڕژێته ناویانه‌وه . هه‌ر به‌رهه‌مێکی هونه‌ری ، چه‌ند زیاتر له‌م جووڵه‌یه به‌هره‌مه‌ند بێت ، ئه‌وه‌نده زیاتر به دڵی مرۆڤه‌کان ئاشنا ده‌بێت . جووڵه له فۆرمه گهردوونییهکهیدا ، هه‌ڵگری خاسیه‌تی سنوور نه‌ناسینه و کاتێکیش به‌رجه‌سته بوونه‌که‌ی له شێوه ڕههاییهکهیدا به‌دی دێت ، هه‌ڵگری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خاسیه‌تی تهواوکۆییه .
لۆژیك به واتای ووردبوونه‌وه‌ی گه‌ردوونییانه له دیارده‌کان و بوونیان و پێکهاته و سیما و په‌یوه‌ندی و یاسا و گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانیان ، سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان ، ڕۆڵێکی هێجگار گرنگ ده‌بینێت . لۆژیك هاوجووته له‌گه‌ڵ جوانناسی و مۆسیقا و ماتماتیك و زانست و ئازادی و به‌هره و توانا و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤدا . هه‌بوون وچوونه پێشه‌وه‌ی لۆژیك له هونه‌ردا ، ئامڕازی به‌رز کردنه‌وه‌ی هۆشیاری مرۆڤه . لۆژیك وه‌کو یه‌کێك له توخمه گه‌ردوونییه‌کان ، سروشتییبوونی ” سروشتگهرێتی ” وه‌کو خۆی ” واته وه‌کو خودی لۆژیك ” له خه‌یاڵدا به‌رجه‌سته کردووه . هه‌موو ئه‌و توخمه گه‌ردوونییانه‌ی که خه‌یاڵیان لێپێکهاتووه ، سروشتییبوونیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردووه‌ته ناو خه‌یاڵه‌وه . بوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌و توخمانه‌ی ناو خه‌یاڵ و جووڵه ناوه‌کییه‌کانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا و ئۆرگه‌نایز بوونی ڕێژه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و سروشتگهرێتی توخمه‌کانیان و داخوازییه گهردوونییهکانیان له خه‌یاڵ که یه‌که‌ی یه‌کگرتنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی هه‌موو توخمه‌کانه ، بنه‌مای جووڵه گه‌ردوونییه‌که‌ی خه‌یاڵ پێکده‌هێنن . ئاشنا بوونی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان به‌م جووڵه گه‌ردوونییه‌ی خه‌یاڵ ، ته‌واوکۆیی به‌رهه‌مه‌کان له‌م لایه‌نه‌وه ده‌باته ئاستی داواکراو .
ده‌سته‌مۆ بوونی به‌رهه‌می هونه‌ری له لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه ، ناکۆکه به سروشتییبوونی هونه‌ر و له‌وێشه‌وه ناکۆك ده‌بێت به مانه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌ره . سه‌ربه‌خۆ بوون بۆ به‌رهه‌می هونه‌ری ، ناکۆك نییه به په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و هونه‌ره و ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی که هێناویه‌تیه دنیاوه . بۆ نموونه : سه‌ربه‌خۆ بوونی منداڵ ، ناکۆك نییه به دایکایه‌تی دایکه‌که‌ی . له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌رهه‌م و هونه‌رمه‌ند له جیاتی ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندییه کۆیلایهتییهکاندا که هونه‌ری تیا کۆیله و هونهرمهندیشی تیا خاوه‌ن کۆیله بێت ، ژیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا به‌رنه سه‌ر ، له په‌یوه‌ندییه‌کدا پێکه‌وه کۆده‌بنه‌وه که ئازادی یه‌کتری به فه‌رمی ده‌ناسن .
هونه‌ر ، وه‌ك له سه‌ره‌وه پێناسه‌م کرد ، بریتییه له پرۆسه‌ی به ئه‌نجام گه‌یشتنی کاری هاوبه‌شی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان له مه‌یدانی داهێناندا . له‌و ڕووه‌وه ، به په‌یوه‌ست به خه‌یاڵه‌وه ، هه‌ندێك ڕوونکردنه‌وه‌مان دا به ده‌سته‌وه و ئێستاش ده‌توانین بچینه پای لاکردنه‌وه‌یه‌کی خێرا له ئاره‌زووه‌کان .
ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ ئه‌و هه‌بووه ناوه‌کییه نامادییانهن که خواستی مانه‌وه و پێداویستییه‌کان و گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانی جه‌سته‌یان ، له رووه ماددی و نامادییهکانهوه ، هه‌ڵگرتووه . ئاره‌زووه‌کان کۆمه‌ڵێك فۆرمی ئهفلاتوونییانهی هه‌ستپێکراوی نه‌بینراوون . تا ئێستا نازانرێت که ئایا ئه‌م ئاره‌زووانه ، فۆرمێکی تری ووزه‌ن ؟ یان فۆرمی بوویه‌کی ترن که له‌و دیوی ووزه و مادده‌وه له ناو له‌شی مرۆڤدا جێگیر و جێکهوتهن ؟ ئێمه هه‌ست به بوونیان ده‌که‌ین ، به‌ڵام توانای ده‌ست لێدان و تام و بۆن و گوێبیست و بینینیانمان نییه . ئه‌م هه‌سته‌مان جیاوازه له‌و هه‌سته پێنج لاییهمان . ئه‌م هه‌سته ، هه‌ستێکی ناوه‌کییانه‌ی قووڵه که له‌وانه‌یه له ڕێگه‌ی ” کۆدی سروشت ” ه‌وه پێمان بگات ، وه‌یان به‌شێکی تری به‌شه بوونیه ناوه‌کییه‌کان بێت . ئه‌م هه‌سته ، په‌یبردنێکی به‌هێز و بێده‌نگ و شاراوه‌ی تیایه . ئه‌م هه‌سته په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کاندا هه‌یه . ئه‌م هه‌سته له‌وه ده‌چێت له ناو نه‌ستدا جێکه‌وته بێت . ئه‌م هه‌سته ، تێگه‌یشتنی له‌و بابه‌ته‌ی مه‌به‌ستیه‌تی ، له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه . تێگه‌یشتن ، به‌رئه‌نجامی هه‌ڵسووڕانی عه‌قڵه . عه‌قڵی مرۆڤ ، فرۆید ووته‌نی ، شاخه به‌فرینه‌ی ده‌ریایه له باکووری زه‌وی که به‌شه رؤچووهکهی به ناو ده‌ریادا زیاتره له به‌شه بینراوه‌که‌ی . دیاره ئه‌م هه‌سته‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ به‌شه شاردراوه‌که‌ی عه‌قڵدا له په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی ژێربهژێردان . ئه‌م هه‌سته‌ی مرۆڤ چۆن هه‌ندێك جار ڕۆشنه ، هه‌ندێك جاریش ناڕۆشنه . من وای بۆ ده‌چم ، ئه‌و ناڕۆشنییه ، په‌یوه‌ست بوونی بێت به خه‌یاڵه‌وه نه‌ك به عه‌قڵه‌وه . خه‌یاڵ چوونکه له سه‌ر پانتاییه‌کانی سنوور نه‌ناسین کار ده‌کات ، ناتوانێت بابه‌ته‌کانی به ڕۆشنی بدات به ده‌سته‌وه . به‌ڵام عه‌قڵ چونکه له مه‌یدانی سنووربهندیدا کار ده‌کات ، ده‌توانێت بابه‌ته‌کانی ڕۆشن بکاته‌وه . ئه‌م هه‌سته ، به لای منه‌وه ، پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به عه‌قڵه‌وه ، په‌یوه‌سته به خه‌یاڵه‌وه . له ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ عه‌قڵدا په‌یدا بکات .
له ناو ئاره‌زووی مرۆڤدا په‌یبردن و پاڵنه‌ری ناوه‌کی هه‌یه . پهیبردنهکان په‌یوه‌ستن به خه‌یاڵه‌وه و پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کانیش په‌یوه‌ستن به جه‌سته‌وه . پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان ، داخوازییه فسیۆلۆژی و بایۆلۆژییه‌کانی جه‌سته‌ن . پهیبردنهکانیش ، ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی داخوازییهکانن بۆ کرده‌یی بوونه‌وه‌یان . پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان که ده‌توانین به پاڵنه‌ره سروشتییه‌کانیش ناویان ببه‌ین ، هاوجووت دێنه‌وه له‌گه‌ڵ توانا سروشتییه‌کانی مرۆڤدا . تواناکانی مرۆڤ ، به‌پێی ئاره‌زووه‌کانی وکرده‌یی بوونه‌وه‌کانیان ، دابیین کراوون . داخوازییه فسیۆلۆژی و بایۆلۆژییه‌کانی مرۆڤ که داخوازییه جه‌سته‌ییه‌کانن ، له هه‌مان کاتیش‌دا داخوازییه گیانهکییهکانیشن . داخوازییه‌کانی بێوه‌یی و ئاسووده‌یی و ئاسایش و پشوودان و به‌خته‌وه‌ری و خۆده‌رخستن و ناوبانگ و مه‌زنایه‌تی و خۆشه‌ویستی و …..هتد ، هه‌ر به ته‌نیا گیانه‌کی نیین ،، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ گیانه‌کی بوونیاندا ، جهستهییشن .
سه‌باره‌ت به هونه‌ر له مه‌یدانی ئاره‌زووه‌کاندا ، لای منه‌وه ، به په‌یوه‌ست به پهیبردنهکان و پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان و تواناکانه‌وه ، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت . پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان له ئاره‌زووه‌کاندا ، سروشتییانه دامه‌زراوون . واته سروشتگهرێتی خاسیه‌تی هه‌موو پاڵنه‌رێکی ناوه‌کییه . ئه‌م پاڵنه‌ره ناوه‌کییانه که داخوازییه‌کانی جه‌سته‌ن ، تهواوکۆییان له دۆخی ڕه‌هادا به‌رجه‌سته ده‌بێت . گه‌ردوونێتی و سنوور نه‌ناسین که هه‌ڵپێکراوی دۆخی ڕه‌هان ، دوو خاسیه‌تی دیکه‌ی پاڵنه‌ره ناوهکییهکانیشن . خودی داخوازی ، گه‌ردوونییه . داخوازییه‌کانی جه‌سته‌ش به‌شێکن له داخوازییه گه‌ردوونییه‌کان . به‌م هۆیه‌وه‌یه که داخوازییه‌کانی جه‌سته ” پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان ” هه‌ڵگری خاسیه‌تی گه‌ردوونیین . داخوازییه‌کانی جه‌سته ، زنجیره‌یه‌ك له ئه‌ڵقه‌ی بێکۆتایین . هه‌موو داخوازییه‌ك که دێته دی ، ئه‌ڵقه‌یه‌ك له زنجیره‌که ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بینرێت که په‌یوه‌سته به ئه‌ڵقه‌کانی تره‌وه . واته هه‌موو داخوازییه‌کی جه‌سته که دێته دی ، داخوازییه‌ك وه‌یان چه‌ند داخوازییه‌کی دیکه‌ی لێ ” لێوه ” له دایك ده‌بێت . ئه‌م داخوازییانه ” پاڵنه‌ره ناوه‌کییانه ” ، له سه‌ر هێڵی گشتی سنوور نهناسیین ، هه‌تا هه‌تایه ، به‌بێ کۆتایی هاتن درێژ ده‌بنه‌وه . واته پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان ” داخوازییه‌کانی جه‌سته ” ، هه‌ڵگری خاسیه‌تی سنوور نهناسیینن . پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان تێکهه‌ڵکێشی پهیبردنهکانن . پهیبردنهکان که له خه‌یاڵه‌وه ئاوێته‌ی پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان ده‌بن و له‌گه‌ڵ کۆدی سروشت و توانا زهنی و جه‌سته‌ییه‌کاندا یه‌کانگیر ده‌بن ، دۆخی کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کان له دایك ده‌بن . خه‌یاڵ له پێناوی کرده‌یی کردنه‌وه‌ی ئه‌م پاڵنه‌ره ناوه‌کییانه‌ی ئاره‌زووه‌کاندا ، به خۆیان و پێکهاته و په‌یوه‌ندی و تایبه‌تمه‌ندی و هه‌ر شتێکی دیکه‌وه که له هه‌ر لایه‌که‌وه په‌یوه‌ست ببێته‌وه به بوون و مانه‌وه و به‌رده‌وامی ئاره‌زووه‌کانه‌وه ، هاتووه‌ته بوون . ئه‌م پاڵنه‌ره ناوه‌کییانه به په‌یوه‌ست به پهیبردنهکان و کۆده سروشتییه‌که‌ی ناو خه‌یاڵ و توانا زهنی و جه‌سته‌ییه‌کانه‌وه که پێکه‌وه ده‌بن به ئاره‌زووه‌کان ، مرۆڤ هه‌ست به بوون و کرده‌یی بوونه‌وه‌یان ده‌کات . تواناکان له ئاره‌زووه‌کاندا ، زه‌مینه‌ی له دایك بوونی بههرهکانن . توانا هه‌رچه‌نده به مادده‌وه په‌یوه‌سته ، به‌ڵام ڕووتاوهشه . واته بوویه‌کی ته‌نیا و داماڵراوه له مادده . ئه‌م ڕووت بوونه‌وه‌یه ” موجهڕهدییه ، ئهبستڕاکییه ” ی توانا و ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ی ، هه‌ڵگری گه‌ردوونێتی و سنوور نهناسیین و تهواوکۆییه . لێره‌وه‌یه که توانا ده‌بێت به خاسیه‌تی مادده و ووزه و فۆرمه‌کانی دیکه‌ی ئه‌ودیو . لێره‌شه‌وه‌یه که توانا ده‌بێت به زه‌مینه‌ی له دایك بوونی به‌هره و ئامڕازی کرده‌یی بوونه‌وه‌ی . تواناکان ، کرده‌یی بوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه . تواناکان ، کرده‌یی بوونه‌وه‌کانیان له دۆخه گه‌ردوونیی و سنوور نهناسیین و تهواوکۆییهکانیاندا ، له ” کۆدی سروشت ” دا هه‌ڵگیراوون . ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ که پاڵنه‌ره ناوه‌کییه‌کان و توانا جه‌سته‌ییه‌کان و کرده‌یی بوونه‌وه‌کان و به‌هره‌کان له پێکهێنهرهکانیانن ، له گه‌ڵ خه‌یاڵ و پهیبردنهکانی و کۆده سروشتییه‌که‌یه‌وه ، سیستیماتیکانه تێکڕژاوون به ناو یه‌کتریدا . داهێنانه‌کانیش ، له ڕوانگه‌ی بیر و بۆچوونی منه‌وه ، لێره‌وه په‌یدا ده‌بن .
سه‌باره‌ت به هونه‌ر له مه‌یدانی ئاره‌زووه‌کاندا ، ده‌بێت به په‌یوه‌ست به‌م پاڵنه‌ره ناوه‌کی و توانا و به‌هره و کرده‌یی بوونه‌وه و پهیبردنانهوه ، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت . له سۆنگه‌ی ئه‌م تێگهیشتنانهمهوهیه له خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کان ، که ده‌ڵێم هونه‌ر به‌رئه‌نجامی پرۆسه‌ی کاری هاوبه‌شی خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانه . وه هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌م تێگهیشتنانهشمهوهیه بۆ دیارده‌کان ، که ده‌ڵێم به‌ختیار عه‌لی هه‌میشه بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ر شتێك خۆی له ئاسته به‌راییه‌کان ده‌دات و به قووڵایی بابه‌ته‌کاندا ڕۆناچێت .
بابه‌تێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ست به ئاره‌زووه‌کان که ده‌کرێت چه‌ند قسه‌یه‌کی له باره‌وه بکه‌ین ، بابه‌تی چێژه . نه چێژی گیانه‌کییانه‌ی ڕووت هه‌یه و نه چێژی جه‌سته‌ییانه‌ی ڕووتیش . گیان و جه‌سته ، چۆن له کاتی زیندوو بوونی مرۆڤدا ، له یه‌کتری دانابڕدرێن ،، چێژه‌کانیش ئاوا له یه‌کتری دانابڕدرێن . ئه‌گه‌ر گیان و جه‌سته ، خۆیان له هه‌موو لایه‌که‌وه چووبن به ناو یه‌کتریدا ، ئیتر چێژی گیانه‌کییانه‌ی به‌جیا و چێژی جه‌سته‌ییانه‌ی به‌جیا ، چۆن دروست ده‌بێت ؟ هه‌موو ئه‌و چێژانه‌ی که به گیانه‌کییانه ناسراوون ” وه‌کو چێژه‌کانی سهروهریبوون که ده‌توانین ، ده‌سه‌ڵاتخوازی و مه‌زنگه‌رایه‌تی و خۆده‌رخستن و ناوبانگ و داهێنان و سه‌رکه‌وتن و جوانیی و ئاسوودهییبوون ، به به‌شێکیان له قه‌ڵه‌م بده‌ین ” ، له هه‌مان کاتدا جهستهییانهشن . کاتێك مرۆڤ سه‌رکه‌وتن له شتێکدا به ده‌ست ده‌هێنێت و خۆشییه‌ك سه‌رتاپای له‌شی داده‌گرێت ، چۆن ده‌کرێت بڵێین ئه‌م خۆشییه گیانهکییانهیه و په‌یوه‌ندی به جه‌سته‌وه نییه ؟ یان کاتێك مرۆڤ په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانی کرده‌یی ده‌کاته‌وه ، وه‌یان خواردنێکی خۆش له کاتێکدا که برسێتی بڕستی لێبڕیبێت ده‌خوات ، چۆن ده‌کرێت بڵێین ئه‌و چێژانه جه‌سته‌یین و په‌یوه‌ندییان به گیانه‌وه نییه ؟ ئه‌ی له کاتی ئه‌و خواردن و په‌یوه‌ندییه سێکسییانهدا ، بیرکردنه‌وه‌کانی مرۆڤ ، ئارام و ئاسووده و مه‌ست و جه‌م نابن ؟ هه‌ست کردنێك به کامه‌رانی ، سه‌رتاپای جیهانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ داناگرێت ؟
چێژه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌موو جیاوازییهکیاندا ، دوانه‌یین . واته گیانه‌کی و جه‌سته‌یین . چێژه‌کان ، به‌رهه‌می کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئارهزووهکانن . دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو جۆره چێژێك به ڕه‌هایی ” واته هه‌رچی جۆری چێژ هه‌یه که له گه‌ردووندا هه‌بێت ” نه له توانای مرۆڤایه‌تیدا بووه و نه له توانایدایهتی و نه هه‌رگیزیش له توانایدا ده‌بێت . مرۆڤایه‌تی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌رگیزاوهه‌رگیز به دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو چێژه‌کان ناگات . چێژه‌کان چونکه له باری جۆراوجۆرییه‌وه ” چهشنایهتییهوه ” سنوور ناناسن ، له باری بڕیشهوه ” میقداره‌وه ” که بیانده‌یته ده‌م یه‌ك ، سنوور ناناسن . واته خودی چێژ به مانا گه‌ردوونییه‌که‌ی ، چ له باری چۆنایه‌تییه‌وه و چ له باری چه‌ندایه‌تییه‌وه ، سنوور نه‌ناسه . به‌ڵام هه‌ر به ته‌نیا خودی چێژ به مانا گه‌ردوونییه‌که‌ی ” واته هه‌موو چێژه‌کانی ناو گه‌ردوون پێکه‌وه ” سنوور نه‌ناس نییه ، به‌ڵکو باوه‌ش گرتنه‌وه‌ی گیانه‌کییانه و جه‌سته‌ییانه‌ی مرۆڤیش بۆ وه‌رگرتنی چێژه‌کان سنوور نه‌ناسن . ئا لێره‌دایه که چاوبرسێتی مرۆڤ بۆ چێژ به مانا گه‌ردوونییه‌که‌ی ، وه‌یان تێر بوونی گه‌ردوونییانه‌ی مرۆڤ له چێژ ، هه‌رگیزاوهه‌رگیز کۆتایی هاتنی بۆ نابێت .
شه‌ڕی چێژ له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، شه‌ڕێکی هه‌مه‌لایه‌نه و به‌ربڵاو و توندوتیژ ئامێزه . چێژ خاسیه‌تێکی هه‌میشه‌یی ئاره‌زووه‌کانه و لێیان جیا نابێته‌وه . شه‌ڕ له پێناوی ساماندا ، له لایه‌نێکی هه‌ره گرنگیدا ، شه‌ڕ کردنه له پێناوی چێژدا . شه‌ڕ له پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا ، له لایه‌نێکی هه‌ره گرنگیدا ، شه‌ڕ کردنه له پێناوی چێژدا . مرۆڤه‌کان ، سه‌وداسه‌ر و کۆیله و چاوبرسی چێژهکانن . قسه و جوێن و لێدان و شکاندن و کوشتنوبڕینی یه‌کتری ، که حاڵه‌تێکی ئاسایی ڕۆژانه‌ی ژیانه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابووررییهکانیانه ، له لایه‌نێکیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای چێژه‌کانه‌وه هه‌ڵده‌ستن . داتپه‌روه‌ری له چێژدا نه په‌یوه‌سته به کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌وه و نه هه‌رگیزیش کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، توانای خستنه ڕووی چاره‌سه‌رێکی له‌و باره‌یه‌وه پێده‌بێت . کرۆکی شه‌ڕه‌کانی ئۆرفیۆس و ژنه باخۆسییه‌کان ، پێبڕان و ڕفاندنی به‌شی زۆری چێژه‌کانه له مه‌یدانه جۆربه‌جۆره‌کاندا .
ئاره‌زووی زانین یه‌کێکه له ئاره‌زووه سروشتییه‌کانی مرۆڤ . هه‌موو ئاره‌زوویه‌کی زانین چێژێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه . ئه‌نیشتاین ، چێژێکی تایبه‌تی له زانینی فیزیا وه‌رده‌گرت . فرۆید ، چێژێکی تایبه‌تی له ڕوون کردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له ده‌روونییه‌کاندا وه‌رده‌گرت . نالی ، چێژێکی تایبه‌تی له نووسینی شیعر وه‌رده‌گرت . لێرا ژهندنیش ، چێژێکی تایبه‌تی به ئۆرفیۆس ده‌به‌خشی . ئۆرفیۆس هه‌ر به ته‌نیا چێژی له زانینی لێرا ژه‌ندن وه‌رنه‌ده‌گرت ، به‌ڵکو چێژی له ده‌نگی لێراکه و سه‌رسامی خه‌ڵك و خۆنواندن و ناوبانگ و تاقانه بوونی له‌و مه‌یدانه‌دا و ئاسووده بوونی خۆی و ئاسووده کردنی ئه‌وانی دی و جوانیی لێرا و چوونه پێشه‌وه و …….هتد ، وه‌رده‌گرت .
هیچ زانینێك ، به بێ هه‌بوونی عه‌قڵ ، بوونی نییه . که ووتمان زانین ، ئیتر بێ سێ‌ودوو لێکردن ، ده‌بێت بزانین که به پله‌ی یه‌که‌م مه‌به‌ستمان له ئاماده بوونی عه‌قڵه . کێ ده‌توانێت شتێك فێر ببێت و عه‌قڵ به‌کار نه‌هێنێت ؟ ئۆرفیۆس ، چۆن به بێ ئاماده بوونی عه‌قڵ ، ده‌یتوانی لێرا فێر ببێت و بیژه‌نێت ؟ په‌یوه‌ندی عه‌قڵ و ئاره‌زووی لێرا ژه‌ندن ، چۆن له لایه‌ن ” به‌ختیار ” ه‌وه بازی به سه‌ردا ده‌درێت ؟ ئۆرفیۆس ، نوێنه‌ری دیوه جاویدانه‌که‌ی هونه‌ر نییه و دینیۆسیسیش نوێنه‌ری دیوه کورتخایه‌نه‌که‌ی . ئۆرفیۆس ، نوێنه‌ری دیوه گیانهکییهکهی هونه‌ر نییه و دینیۆسیسیش نوێنه‌ری دیوه جه‌سته‌ییه‌که‌ی . ئۆرفیۆس و دینیۆسیس ، نوێنه‌ری ئاره‌زووه گیانه‌کی و جه‌سته‌ییه‌کان نیین له هونه‌ردا و ئهپۆڵۆش نوێنه‌ری عه‌قڵ .ئۆرفیۆس و دینیۆسیسیش ، هه‌ردووکیان پێکه‌وه ، نوێنه‌ری عه‌قڵ و جه‌سته و ئاره‌زوون . ئه‌وه‌ی سه‌ری له به‌ختیار تێکداوه ، زۆربوونی ئاره‌زووه‌کان و جیاوازییهکانیانه . نه‌بینینی حاڵه‌تی سروشتیی خزمه‌ت کردنی عه‌قڵه به ئاره‌زووه‌کان . په‌ی نهبردنیهتی به ئاره‌زووه سروشتییه‌کان ، وه‌کو پێداویستییه‌کانی جه‌سته . په‌ی نهبردنیهتی به عه‌قڵ وه‌کو حاڵه‌تی سنووربه‌ندیی خه‌یاڵ . ده‌ست گرتنیه‌تی به کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌وه . ئاوێزان بوونیه‌تی به کولتووره‌وه . ئاوێزان بوونیه‌تی به عه‌قڵی باوی کۆمه‌ڵگاوه . بیرکردنه‌وه‌یه‌تی له پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییانه و ڕۆشنبیرانه‌ی خۆی و خۆسه‌رقاڵ کردنیه‌تی به ده‌ست پێوهگرتنیانهوه .
ئۆرفیۆس ئاره‌زووی لێرا ژه‌ندن پیاده ده‌کات . دینیۆسیس ئاره‌زووی شه‌راب خواردنه‌وه و سه‌ما و په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان پیاده ده‌کات . ئه‌پۆلۆ ئاره‌زووی وورد بوونه‌وه و تێگه‌یشتن و فێربوون پیاده ده‌کات . ئه‌مانه هه‌موویان نوێنه‌ری ئارهزووهکانن . ئه‌مانه هه‌موویان نوێنه‌ری عه‌قڵن . ئه‌مانه هه‌موویان نوێنه‌ری جه‌سته‌ن . جیاوازییه‌کانیان ته‌نیا له جیاوازی ئارهزووهکانیاندایه . هه‌ر ته‌نیا ئۆرفیۆس و دینیۆسیس هونه‌رمه‌ند نیین ، ئهپۆڵۆش له مامه‌ڵه کردنیدا له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی فێربووندا ، هونه‌رمه‌نده . هه‌رسێکیان له مامه‌ڵه کردنیاندا له‌گه‌ڵ عه‌قڵدا ، له مه‌یدانه جیاوازه‌کانی ئاره‌زووه‌کانیاندا ، هونه‌رمه‌ندن . حوسه‌ین عارف و کاکه‌مه‌م بۆتانی و حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن و موسته‌فا ساڵح که‌ریم و ڕه‌ئوف بێگه‌رد و شێرزاد حه‌سه‌ن و….هتد ، له هونه‌ری چیرۆك نووسیندا ، هونه‌رمه‌ندن . شێرکۆ بێکه‌س و عه‌بدوڵا په‌شێو و جه‌مال شارباژێڕی و موحه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و فاتیح عیززه‌دین و ئه‌حمه‌د موحه‌مه‌د و ساڵح بێچارو فه‌ره‌یدوون عه‌بدول به‌رزنجی و زۆری تریش ، له هونه‌ری هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا هونه‌رمه‌ندن . که‌مال مه‌زهه‌ر له هونه‌ری نووسینه‌وه‌ی مێژوودا ، هونه‌رمه‌نده . فوئادی مه‌جید میسری له هونه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌دا ، هونه‌رمه‌نده . حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن له هونه‌ری داڕشتنی نووسیندا ، هونه‌رمه‌نده . چوونه پێشه‌وه له هه‌ر بوارێک‌دا بێت ، هونه‌ر نواندنه .
هیچ هونه‌رێك نییه له دونیادا ، له پیاده کردنی ئاره‌زوویه‌که‌وه سه‌رچاوه نه‌گرێت . هیچ ئارهزوویهکیش نییه له دونیادا ، به‌بێ به‌شداری کردنی عه‌قڵ ، پیاده ببێت . هیچ عه‌قڵ و ئارهزوویهکیش نییه له دونیادا ، له پێناوی جه‌سته وه‌یان جه‌سته‌کاندا پیاده نه‌بن . دابڕینی عه‌قڵ و جه‌سته و ئاره‌زووه‌کان له یه‌کتری ، دابڕینێکه خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ده‌کات . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه له لایه‌نێکیدا ، له سه‌ر تێگه‌یشتنی پێچه‌وانه بۆ عه‌قڵ و جه‌سته و ئاره‌زووه‌کان ڕاوه‌ستاوه . کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه هه‌ر به ته‌نیا دژایه‌تییه‌کی سه‌رسه‌ختی له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا نییه ، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئاره‌زووه‌کان و عه‌قڵیشدا ، به هه‌مان جۆر ، هه‌یه‌تی . ئه‌م دژایه‌تی کردنه ، ته‌نیا بۆ تایبه‌تی کردنه‌وه‌یه . واته له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا ، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کات . دژایه‌تی کردنی بۆ ئاره‌زووه سێکسییه نافه‌رمییه‌کان که عه‌قڵیان بۆ وه‌رگرتنی چێژه جه‌سته‌ییه‌کان تیادا پیاده ده‌بێت ، بۆ ڕه‌وایه‌تی به‌خشینه به ئاره‌زووه سێکسییه فه‌رمییه‌کان . دابه‌ش کردنی ئاره‌زووه سێکسییه‌کان بۆ فه‌رمییه‌کان و نافه‌رمییه‌کان ، پێش هه‌موو شتێك ، ڕێگرتنه له سنوور نه‌ناسین و گشتگیری و جۆر ئهزموونێتی . ئه‌م ڕێگرتنه ئیتر تایبه‌تی کردنه‌وه‌یه . واته تایبه‌تی کردنه‌وه‌ی ئاره‌زووه سێکسییه‌کان که له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و دابه‌ش کردن و رێگرتنه‌وه دێته دی ، بۆ پاراستنی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی و کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌تی . تایبه‌تی کردنه‌وه‌ی ئاره‌زووه سێکسییه‌کان ، له ڕستیدا بۆ ڕه‌وایه‌تی پێدانی تاڵان کردنیانه . به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت که به‌ره‌ی تاکی تاڵانکه‌ره ، ناکرێت له مه‌یدانی پیاده کردنی ئاره‌زووه سێکسییه‌کاندا تاڵانکه‌ر نه‌بێت . ئه‌و تاڵانوبڕۆیهی که له مه‌یدانه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئابووری و ڕۆشنبیری و که‌سایه‌تی و …..هتدا هه‌یه ، ڕێك به هه‌مان شێوه ، له مه‌یدانی په‌یوه‌ندییه سێکسییهکانیشدا هه‌یه .
ئۆرفیۆس ، نوێنه‌ری ڕه‌وایه‌تی به‌خشینه به‌و تاڵانوبڕۆیهی مه‌یدانی په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان و ” دینیۆشیس ” یش نوێنه‌ری وه‌لانانی ئه‌و ڕه‌وایه‌تییه و گشتی کردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یه له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا . ئۆرفیۆس ، نوێنه‌ری دیوه جاویدانه‌که‌ی هونه‌ر نییه ، به‌ڵکو نوێنه‌ری دیوه پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی . هونه‌ری پێچه‌وانه ئه‌و کاته له دایك ده‌بێت که پانتاییه‌کانی سنوور نه‌ناسینی له سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگاوه لێ قه‌ده‌غه ده‌کرێت . که ڕێگه له گشتگیرییه‌که‌ی ده‌گیرێت . که مرۆییبوونه جیهانییه‌که‌ی لیدادهماڵدرێت . که له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه ، تایبه‌ت ده‌کرێته‌وه . که جێکه‌وته‌بوونی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” ده‌کات به په‌یامی خۆی .
به به‌راوورد به دینیۆسیس ، ئۆرفیۆس دواکهوتنخوازه . دواکه‌وتنخوازی ئۆرفیۆس له نوێنه‌رایه‌تی کردنیایهتی بۆ کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه . ئۆرفیۆس له هه‌ردوو شهیدابوونهکهیدا ” شه‌یدابوونی به ئۆردیکا و لێرا ژه‌ندن ” ، که‌سێکی داگیرکه‌ر و تاڵانکه‌ره . ئه‌م داگیر کردنه‌ی ئۆردیکا و لێراکهی له لایه‌ك و ئه‌و تاڵان کردنه‌ی مافی ئه‌وانی دی له لایه‌کی تره‌وه ، به ته‌واوه‌تی هاوجووت دێته‌وه له‌گه‌ڵ داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا . ئه‌وه‌ی دینیۆسیس هه‌رچه‌نده پێشکهوتنخوازییه و ناکۆکه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵام به به‌جێنه‌هێشتنی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، پێشکهوتنخوازییهکهی له چوارچێوه‌ی دواکهوتنخوازیدا ، پیاده ده‌کات . گرفتی دینیۆسیس ، گرفتی پێشکهوتنخوازییهکهی نه‌بوو ، به‌ڵکو گرفتی چاکسازیخوازییهکهی بوو . ئه‌و ده‌یویست کۆمه‌ڵگایه‌کی نموونه‌یی له ناو کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا دابمه‌زرێنێت ، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگای نموونه‌یی ، هه‌رگیز ، له ناو خودی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا به‌دی نایه‌ت . دروست کردنی هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی نموونه‌یی له ناو کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، له باشترین حاڵه‌تدا ، له چاکسازی کردنی خودی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه زیاتر ، واوه‌تر ناڕوات .
بره‌و په‌یداکردنی ئۆرفیۆس و هاتنه دواوه‌ی دینیۆسیس ، په‌یوه‌ندی به هونه‌ره‌که‌یانه‌وه نییه ،، به‌ڵکو پێش هونه‌ره‌که‌یان په‌یوه‌ندییان به هاتنه‌وه و نههاتنهوهیانه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا . ئه‌وه‌تا ” به‌ختیار عه‌لی ” یش به هاتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، ئۆرفیۆس زۆر به‌رزتر له دینیۆسیس ده‌نرخێنێت .
من بۆ خۆم داوای سێکسی ئازاد ناکه‌م له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، به‌ڵکو داوای لابردنی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ده‌که‌م . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره چاکسازییهکم له مه‌یدانی په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کاندا ، به‌ڵام هاتنه‌دی سێکسی ئازاد له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، خه‌ون و خه‌یاڵه . نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ته‌کان و ئاییه‌نه‌کان و هه‌موو داموده‌زگا زه‌مینییه‌کانی دیکه به دژی سێکسی ئازاد ده‌وه‌ستنه‌وه ، وه نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کو‌لتوور و ئه‌خلاق و عه‌قڵیه‌تی باو ڕێگرن له به‌رده‌م سێکسی ئازاد دا ، به‌ڵکو تاکه‌کانیش له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ناتوانن له ئاستی مامه‌ڵه کردنێکی مرۆییانه‌دا بن له به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره له ئازادی‌دا . ئه‌مه له لایه‌ك ، له لایه‌کی تره‌وه ، هه‌بوونی سێکسی ئازاد له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، کاره‌ساتێکی گه‌وره‌تر و فراوانتر ، له‌وه‌ی که ئێستا هه‌یه ، بۆ منداڵان دروست ده‌کات . بیرکردنه‌وه له سێکسی ئازاد ، به‌بێ بیرکردنه‌وه بۆ گه‌یشتن به ئاستی به‌خێو کردنێکی شیاو بۆ منداڵان ، ده‌سه‌پاچه‌یی ” داماویی ” له تیۆریدا و سه‌رچڵی له کرداردا دروست ده‌کات . ئه‌ڵبه‌ته ” هه‌ڵبه‌ت ” ئازادی ئاره‌زووه‌کانیش به‌ستراونه‌ته‌وه به یه‌کترییه‌وه . ناکرێت ئازادی ئاره‌زوویه‌ك هه‌بێت و ئازادی ئاره‌زووه‌کانی تر نه‌بێت . ناتوانرێت له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه ، ڕه‌وایه‌تی به تاڵان کردنی یه‌کتری درابێت ، له مه‌سه‌له‌ی سێکسی ئازاد دا ئه‌و تاڵانی کردنه وه‌لا بنرێت . ئازادی سێکس له کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ، ئازادی به‌خشینی سه‌رانسه‌رییه به تاڵان کردنی یه‌کتری له‌و مه‌یدانه‌دا . سێکسی ئازاد که له سه‌رده‌مه به‌راییه‌کانی مێژوودا هه‌بووه ، هه‌م له له‌رزۆکی و ناسه‌قامگیریی ئه‌و کۆڕوکۆمهڵانهوه بووه که پێشمه‌رجی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه بوون ، هه‌م له دووتوێی ڕه‌وشی تاڵان کردنی سێکسی یه‌کترییه‌وه ، ئه‌و زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یان له‌و باره‌یه‌وه بۆ خۆیان فه‌راهه‌م کردووه . مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکانی جیهان به‌م پێچه‌وانه‌یی بوونه‌وه‌یانه‌وه ، له یه‌کێك له لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌کانیدا ، یانی مانه‌وه‌ی دیارده‌ی سێکس له حاڵه‌تی کۆنترۆڵ و تاڵانی و شه‌رم ئاوهریدا .
هه‌رچه‌نده به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی ، قسه و باسێکی زۆر ، لهسهردیاردهی گیان سه‌باره‌ت به زینده‌وه‌ران کراوه ، به‌ڵام تا ئێستا ڕێککه‌وتنێکی گشتی له سه‌ر به ده‌سته‌وه‌دانی پێناسه‌یه‌کی زانستییانه له ئارادا نییه . بیرکردنه‌وه‌کان و به‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و بیرکردنه‌وانه ، له دوایین لێکدانه‌وه‌دا ، ده‌توانین بڵێین له کۆی گریمانه‌کاندا کۆبوونه‌ته‌وه . ” به‌ختیار ” یش بۆخۆی له‌م باره‌یه‌وه ڕۆشن نییه . واته له سه‌ر بنه‌مای ناڕۆشنییه‌وه ، ده‌چێته سه‌ر به‌کارهێنانی چه‌مکی گیانه‌وه . ئه‌و که ئۆرفیۆس به نوێنه‌ری گیان دههزانێت و ناشیه‌وێت چییه‌تی ” گیان ” مان بۆ ڕۆشن بکاته‌وه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که توانای ئه‌و ڕوون کردنه‌وه‌یه‌ی نییه . من بۆخۆم ئه‌و بێتواناییه‌ی به‌ختیار وه‌کو ڕه‌خنه ناشکێنمه‌وه به سه‌ریدا ، به‌ڵام پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئۆرفیۆس نوێنه‌ری گیانه ، جێگای تێڕامانه . ئه‌وه گرنگ نییه که له باس کردنی گیاندا هه‌ڵه بکه‌ین ، ئه‌وه گرنگه _ ئه‌رستۆ واته‌نی _ خۆمان له بابه‌ته‌که بده‌ین .
گیان ، بوویه‌کی دابڕاو نییه له عه‌قڵ و خه‌یاڵ و هه‌ست و ئاره‌زووه‌کان . بوویه‌کی دابڕاو نییه له جووڵه جه‌سته‌ییه ناوه‌کییه‌کان . بوویه‌کی دابڕاو نییه له تواناکان . بوویه‌کی دابڕاو نییه له جیینه‌کان و له کۆده‌کانی ” دی ئێن ئه‌ی ” . بوویه‌کی دابڕاو نییه له گۆڕانکارییه‌کانی ناو جه‌سته و په‌ره‌سه‌ندنه‌کان . گیان بوویه‌که له هه‌موو ئه‌وانه و ئه‌وانه‌ی ئه‌ودیو تێگه‌یشتنه‌کانی من و ئه‌وانه‌ی تریش که تا ئێستا به نهێنی ماونه‌ته‌وه و له ئێستادا له ئاستی په‌ی پێبردندا نیین . نه گیان به‌ندکراوی جه‌سته‌یه و نه جه‌سته‌ش کۆنترۆڵ کراوی گیانه . گیان و جه‌سته له په‌یوه‌ندی ” سه‌ربه‌کۆ ” دا ناژین بۆ یه‌کتری ، به‌ڵکو له په‌یوه‌ندی ” سه‌ربه‌خۆ ” دا ده‌ژین له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا . واته گیان و جه‌سته پێش ئه‌وه‌ی به ته‌نگ یه‌کترییه‌وه بن ، به ته‌نگ مانه‌وه‌ی خۆیانه‌وه‌ن . له دووتوێی گرنگی دانه‌وه‌یه به مانه‌وه‌ی خۆیان که په‌یوه‌ندییه‌کانیان ئۆرگانیکییانه ئۆرگه‌نایز کراوه . ژیانی هه‌ر یه‌کێکیان به‌وی تریانه‌وه به‌نده . هه‌ر ئه‌م به‌ند بوونه‌ی ژیانیان به یه‌کترییه‌وه ، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هیچیان به پاشکۆی ئه‌وی تریان نه‌زانین . خانه‌کانی له‌شیش هه‌روا چوونه‌ته په‌یوه‌ندی گرتنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا . ئاره‌زووه‌کانیش له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ن . خه‌یاڵ و ئاره‌زووه‌کانیش ، په‌یوه‌ندییه‌کانیان هه‌ر ئاواهیین .
به‌ختیار پێیخۆشه ، هونه‌ر به‌رهه‌می گیان بێت نه‌ك به‌رهه‌می جه‌سته . به لای ” به‌ختیار ” ه‌وه گیان ناکۆتایه و جه‌سته کۆتایه . گیان بێگه‌رده و جه‌سته گه‌رداوی . گیان بڵندگره و جه‌سته نزمگر . گیان به عه‌شق ئاشنایه و جه‌سته نامۆیه پێی . ئایا هونه‌رێك هه‌یه به‌رهه‌می گیان بێت و هی جه‌سته‌ش نه‌بێت ؟ که‌ی و له کوێ و چۆن ، جه‌سته به‌شداری له هونه‌ردا نه‌کردووه ؟ ئایا ئۆرفیۆس ئه‌گه‌ر وه‌کو جه‌سته به‌شداری نه‌کردایه له لێرا ژه‌ندندا ، ده‌یتوانی لێراکهی بژه‌نێت ؟ ئایا چێژ بردنه‌کانی ئۆرفیۆس له لێرا ژه‌ندن ، جگه له چێژ بردنه ناوه‌کییه‌کان _ گیانه‌کییه‌کان _ ، چێژ بردنه جه‌سته‌ییه‌کانیش نه‌بووه ؟ ئایا هه‌ڵچوونه‌کان و هێور بوونه‌وه‌کانی ئۆرفیۆس هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ مێشکی ” ئۆرفیۆس ” دا کۆی نه‌کردوونه‌ته‌وه و هیچ کارتێکردنێکیان ” کاریگه‌رییه‌کیان ” له‌و باره‌یه‌وه بۆ سه‌ر یه‌کتری نه‌بووه ؟ ئایا هونه‌ر له هه‌ڵچوون و هێور بوونه‌وه دابڕاوه تا له مێشك داببڕێت ؟ ئایا هونه‌ر له عه‌قڵ و خه‌یاڵ دابڕاوه تا له مێشك داببڕێت ؟ ئایا هونه‌رێك که له مێشك دانه‌بڕێت ، ده‌توانێت له جه‌سته داببڕێت ؟ئه‌ی مێشك گرنگترین به‌شی جه‌سته نییه ؟
به‌ختیار که هونه‌ر به نوێنه‌ری عه‌شق ده‌زانێت ، بۆ ناچێته سه‌ر خستنه ڕووی تێگه‌یشتنه‌کانی ده‌رباره‌ی عه‌شق ؟ بۆ له‌و باره‌یه‌وه ئایدیاکانی ، به مشتوماڵ کراوی ، به خوێنه‌ر نادات ؟ من نامه‌وێت ڕێچکه‌ی پرسیاره‌کان درێژ بکه‌مه‌وه . ده‌مه‌وێت ئه‌گه‌ر زۆر به کورتییش بووه ، خوێنه‌ری خۆشه‌ویست به ووردبوونه‌وه‌کانم له‌م باره‌یه‌وه ئاشنا بکه‌م .
عه‌شق بۆخۆی که به‌رزترین پله‌ی خۆشویستنه ، هه‌ڵگری مانای مرۆییبوونه . پێشتر ئاماژه‌م به ووشه‌ی مرۆیی دا و به‌رجه‌سته بوونی مرۆڤایه‌تیم تیا باس کرد . مرۆییبوون له ناو عه‌شقدا که به فه‌رمی ناسینی مافی چوونیه‌کانه‌ی مرۆڤه‌کانی دنیایه ، له سه‌ر بنه‌مای سهربهخۆبوونیانهوه ، بوونی هه‌یه . واته عه‌شق گشتگیره و جیاوازیخوازییهکانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ناناسێت . گشتگیره به‌و مانایه‌ی ، هه‌میشه‌یی خۆی ، له تاکێکدا گیر نادات . جیاوازیخوازیش نییه به‌و مانایه‌ی ڕه‌نگ و نه‌ته‌وه و ئایین و نیشتمانی بۆ مه‌به‌ست نییه . ئه‌وه کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌یه که ئه‌م گشتگیری و چوونیهکییهی له عه‌شق سه‌ندووه‌ته‌وه و به زۆر تاکگیری و جیاوازیخوازی به سه‌ردا دابڕیوه . عه‌شق وه‌کو دیارده‌یه‌کی مرۆیی و حاڵه‌تی تێپه‌ڕاندنی سنووری ئاسایی خۆشه‌ویستی ، تایبه‌ته به هه‌موو که‌سێك و له هیچ که‌سێکیشدا خۆی له قاڵب نادات . هه‌ر به ته‌نیا تاکه تاکه‌ی مرۆڤ عاشق نیین ، به‌ڵکو سه‌رجه‌می مرۆڤه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی عاشقن . ڕاسته پله‌ی عه‌شقه‌کان جۆراوجۆرن ، به‌ڵام ئه‌وه هیچ له‌و ڕاستییه که‌م ناکاته‌وه که هه‌رهه‌موویان عاشقن . هیچ که‌سێك هه‌ر به ته‌نیا عاشقی یه‌ك شت نییه ، به‌ڵکو له یه‌ك کاتدا عاشقی چه‌ندین شته . کێ هه‌یه عاشقی به‌خته‌وه‌ری نه‌بێت ؟ کێ هه‌یه عاشقی چێژ بردن له جوانیی نه‌بێت ؟ کێ هه‌یه به پله‌یه‌ك له پله‌کان عاشقی مه‌زنگه‌رایه‌تی خۆی نه‌بێت ؟ کێ هه‌یه عاشقی په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان نه‌بێت ؟ کێ هه‌یه عاشقی زانین نه‌بێت ” به‌جیا له‌وه‌ی هه‌ر که‌سه و چ جۆره زانینێکی حه‌ز لێیه ” ؟
عه‌شق بریتییه له پله‌ی به‌رزی ویستی مرۆڤ ، بۆ کرده‌یی کردنه‌وه‌ی ئاره‌زوو . مه‌سه‌له‌ی عه‌شق ، مه‌سه‌له‌ی پێداگرتنی ده‌ستبه‌جێی مرۆییانه‌ی تونده له سه‌ر گه‌یشتن به ئامانجێکی دیاریکراو .عاشقه‌کانی مه‌یدانی په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کان ” شه‌یداکان ” به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی ، ئه‌و مرۆڤانه بوون که بێگه‌ردی و ساویلکه‌یی و چه‌پاندن و کو‌لتوور و خاوه‌نداریه‌تی و خۆویستنی له ڕاده ده‌رچوو به ڕووی نامرۆیی بوونی کۆمه‌ڵگادا تهقاندوونیهتییهوه . هه‌موو عاشقه‌کانی دنیا ، پێش ئه‌وه‌ی عاشق بووبن ، کۆیله‌ی ده‌ستی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بوون . هه‌موویان له باری سایکۆلۆژییه‌وه ده‌رگیری به‌ربه‌سته‌کان بوون . هه‌موویان له به‌رامبه‌ر گوێڕایهڵییانهوه بۆ کۆمه‌ڵگا ، بێگوێیان له ئاستی هه‌ندێك دیارده‌ی کولتووریدا به خه‌رج داوه . ئه‌م عاشقانه که پاڵه‌وانه یاخییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا بوون ، له ڕاستیدا هه‌موویان یاخییه ده‌سته‌مۆکان بوون . ئه‌مان به بڕوا بوونێکی ته‌واویانه‌وه به کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه ، یاخیبوونیان له به‌رامبه‌ر دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه‌دا ڕاگه‌یاندووه .
عه‌شق بۆیه ده‌توانێت بێکۆتا بێت ، چونکه خودی ئاره‌زوو خۆی بێکۆتایه . له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کان سنوور ناناسن ، ئه‌ڵبه‌ته کرده‌یی کردنه‌وه‌شیان ، له دووتوێی سنووربهندییهکانیانهوه ، سنوور ناناسن . دیوه جاویدانه‌که‌ی عه‌شق که به‌ختیار باسی ده‌کات و تێیناگات ، ئه‌م سنوور نه‌ناسینه‌ی ئاره‌زووه‌کانه له داخوازییه‌کانیان و کرده‌یی بوونهوهکانیاندا . تێنه‌گه‌یشتنی به‌ختیار له عه‌شق ، ” به‌ختیار ” ی ڕووه و مێژوو له مه‌یدانی دواکهوتنخوازیدا ڕاگرتووه . به هه‌ند وه‌رنه‌گرتن و ته‌نانه‌ت دژوه‌ستانه‌وه‌ی به‌ختیار له به‌رانبه‌ر گشتگیری و وه‌لانانی جیاوازیخوازییهکانی کۆمه‌ڵگای پێچه‌وانه و هه‌مه‌جۆری و هه‌میشه‌یی و سنووربه‌ندییه دانه‌بڕاوه‌کانی ناو سنوور نه‌ناسینی عه‌شق ، ” به‌ختیار ” ی بردووه‌ته ناو به سه‌مبوول کردنی عه‌شقێکی بچووك و داخراو و داگیرکه‌ر و تاڵانکه‌ری وه‌کو عه‌شقه خۆپه‌رستییه‌که‌ی ” ئۆرفیۆس ” ه‌وه .
بژار 10 _ 12 _ 2012