
جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌تی ئایینی و ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون
ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون (المواطنة)، که به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییش ناسراوه، جیاوازی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئایینی. ماف له ده‌وڵه‌تی ئایینی مه‌به‌ست لێی مافی ئایینیه که تیایدا ماف له‌ژێر ئیدعای هه‌ڵسه‌نگاندی خوایی شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێ. به واتایهکیتر پایه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئایینی وه‌ستاوه له‌سه‌ر ته‌سلیمبوونی مرۆڤ به یاسا‌و به‌هاو چوارچێوه ئاماده‌کراوه‌کان. له ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون ئه‌م مافه له‌ژێر هه‌ڵسه‌نگاندن و بیرکردنه‌وه‌و بڕیاردانی ئه‌قلی مرۆڤه. مه‌به‌ست له مافیش هه‌ردوو مافه ماددی و مهعنهوهییهکانه، له‌پێش هه‌مووشیان مافه سیاسی و تاکه‌که‌سییه‌کان، که ئه‌مانه‌ش وه‌ک مافێکی سروشتی و به‌ڵگه‌نه‌ویست وه‌رده‌گیرێن له‌سه‌ربنه‌مای دانپێنانیان و هیچیتر.
ده‌وڵه‌تی ئایینی توانا‌و ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی روحی و ئه‌و پیرۆزیه‌ی که پێیه‌وه به‌نده و هه‌ڵده‌ستێ به بنیاتنانی. ده‌وڵه‌تی هاووڵاتبوون قوڕسایی و ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر ئه‌قل، نه‌ک بۆ نه‌فیکردنه‌وه و دژایه‌تی ڕوح، به‌ڵکو بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی مرۆڤ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی پیرۆزی له به‌رهه‌مه‌کانی خودی ئه‌قل. بۆیه‌ش له‌م ده‌وڵه‌ته ده‌رگا کرایه‌وه بۆ ڕه‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه له هه‌موو ئه‌زمونێک و فیکرێک.
له ده‌وڵه‌تی ئایینی چه‌مکی “برایه‌تی له عه‌قیده” سێنته‌ری په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌کانه و پله‌وپایه‌و موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات سیفه‌تی پیرۆزی وه‌رده‌گرن، به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵات شه‌رعیه‌ت له خه‌ڵک وه‌رناگرێ به‌ڵکو شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات ڕاسته‌وخۆ له ئایین سه‌رچاوه ده‌گرێ. له ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبووندا په‌یوه‌ندی نێوان هاووڵاتیان په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسییه و له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ستبوون و وه‌فاداری بۆ ده‌وڵه‌ت و یاسا و ڕێزگرتن له بوونی جیاوازی له باوه‌ڕو عه‌قیده‌کان سازکراوه. بهواتایهکیتر ئازادی بیروباوه‌ر، ئینجا ئایینی بێت یان غه‌یره ئایینی، بۆ هه‌ر تاکێک به مه‌رجی سه‌ره‌کی داده‌نرێ بۆ مانه‌وه‌ی یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه و لێره‌شه‌وه ئازادی باوه‌ڕو ئازادی سیاسی له ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیدا ئامانجی یه‌که‌می دهسهڵاتو سیسته‌می گشتییه و هه‌روه‌ها گره‌وی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ته بۆ زیندوڕاگرتنی یه‌کگرتوویی و هاوپشتی و بیناکردنی کۆمه‌ڵ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتوو. لێره‌شدا ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قیده ڕه‌تناکاته‌وه به‌ڵکو هه‌وڵده‌دا ئه‌م په‌یوه‌ندیی و برایه‌تییه بکاته سهرماییهک بۆ په‌یوه‌ندییه‌کی فراوانتر له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی له ماف‌و ئه‌رکه‌کان.
ده‌وڵه‌تی ئایینی دامه‌زراوه له‌سه‌ر نه‌فیکردن و دژایه‌تیکردنی ئه‌خلاقیانه‌ی شه‌رعیه‌تی جیاوازییه‌کان له‌پێناوی سازکردنی هاوپشتییه‌کی گشتی بنیاتنراو له‌سه‌ر یه‌کگرتن و گونجاندنی ده‌روونی و ته‌ماهی له‌نێوان تاک و گرووپ. ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون (المواطنة) دامه‌زراوه له‌سه‌ر سیسته‌مێک که دانده‌نێ به دژه‌کان و جیاوازی له به‌رژه‌وه‌ندییه کۆمه‌ڵاتییه‌کان و کارده‌کات له‌سه‌ر ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی جیاوازییه‌کان له‌ڕیگه‌ی گه‌شه‌پیدانی وه‌سائیلی ماف و یاسا.
ده‌وڵه‌تی ئایینی ده‌سه‌ڵاتێکی عه‌قیده‌ییه و هێزه‌که‌ی له “برایه‌تی له عه‌قیده” وه‌رده‌گرێ وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ڕێز‌و خۆشه‌ویستی که هه‌ر برایه‌ک بۆ براکهیتر هه‌یه‌تی و لێره‌شه‌وه هه‌ر برایه‌ک ده‌توانێ له‌ڕووی به‌رپرسیاریه‌تی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی براکه‌ی و به‌رگریکردن لێی دژی خودی براکه‌ی بوه‌ستێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی که که‌سێکه ناتوانێ کارووباری خۆی به‌ڕێوه ببا‌و ئاگایی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نییه. ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون، هێزی خۆی له لێکتێگه‌یشتنی ئازاد‌و یه‌کسان و سه‌ربه‌خۆ وه‌رده‌گرێ و هه‌ڵده‌ستێ به گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ئالیه‌تانه‌ی که مهسئولیاتهکان کۆنتڕۆڵ و دیاریده‌کا و هاوسه‌نگیه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندی و جێگهوڕێگهکان و لێپرسینه‌وه دێنێته کایه‌وه.
ده‌وڵه‌تی ئایینی هه‌ڵده‌ستێ به گه‌شه‌پێدان و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌سته‌کانی ئیمان، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی قووڵکردنه‌وه‌ی نزیکایه‌تی روحی و بیناکردنی به‌هاکانی برایه‌تی و هاوکاری له‌نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا. ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون هه‌ڵده‌ستێ به گه‌شه‌پێدان و به‌ڕێوه‌بردنی ئازادییه‌کان وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هاوسه‌نگی و خۆشی و جیاوازییه‌کان و کێبڕکێ و ململانێکان له‌نێوان تاک و گرووپه‌کان. بۆیه‌ش ده‌وڵه‌تی ئایینی پێویستی به یه‌کێتی سیمبۆله‌کان و یه‌ک عه‌قیده‌یی هه‌یه و ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش هاتنه‌کایه‌ی بازارێک له کێبڕکێ و ململانێه بۆ کاری چاکه‌و زه‌کات. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون پێویستی به پلورالیزم (التعددية) و کرانه‌وه هه‌یه وه‌ک چوارچێوه‌یه‌ک بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوه‌یی که تیایدا دانپیانانی به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌کان ڕه‌نگده‌داته‌وه.
له ده‌وڵه‌تی ئایینی‌دا به‌کارهێنانی هێز به‌هایه‌کی پۆزه‌تیڤه. ده‌وڵه‌ت لێره‌دا ئامرازێکی قه‌هراوی ڕووته و شه‌رعیه‌ته‌که‌ی له خزمه‌تکردنی ئایین سه‌رچاوه ده‌گرێ. لێره‌شه‌وه سنووردانان بۆ سته‌م و به‌کارهێنانی هێز وه‌ک هه‌وڵدان بۆ بێهێزکردنی ئایین وه‌رده‌گیرێ. له ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیبوون به‌کارهێنانی هێز به‌هایه‌کی نه‌گه‌تیڤه، چونکه ده‌وڵه‌ت لێره‌دا مه‌شروعیه‌تی خۆی له پرانسیپی جێبه‌جێکردنی ئازادی و به‌شداری هه‌مووان له دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرێ. بۆیه‌ش ده‌وڵه‌ت تاوانبار ده‌کرێ هه‌رکاتێ به‌کارهێنانی سته‌م و ئیستبداد و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها سنووری پێوانه‌کانی ئازادی و یه‌کسانی بڕی.
ئیسماعیل ڕواندزی