Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دوا نامەیەکى هاوڕێکەم …  یوسف عیزەدین

دوا نامەیەکى هاوڕێکەم … یوسف عیزەدین

Closed
by December 27, 2011 چیرۆک

     
 
    کاتێک لەبەردەم قەڵا زۆر دێرینەکەى شارۆچکەکەدا راوەستابووم، گوێم لەتەهلیلە و زیکرى ئەو دەروێشانە بوو کەلەپێش حەشامەتەکەوە دەڕۆیشتن. هەر لەخۆمەوە وەدووى حەشامەتەکە کەوتم کە زۆر بەبێدەنگى گوێیان بۆ دەنگى دەروێشەکان هەڵخستبوو.
    پاشئەوەى حەوتجار بەدەورى قەڵاکەدا سووڕانەوە، رێگە بەردەڵانەکەى دەستەچەپى قەڵاکەیان گرتەبەر، دواى سەعاتێک گەیشتنە تاکە گۆڕستانێکى شارۆچکەکە کە زۆر لەشارۆچکەکە فراوانتر و گەورەتر بوو. لەنێوەڕاستى گۆڕستانەکەدا حەشامەتەکە بەشێوەیەکى بازنەیى چواردەورى تابووتێکیان تەنى و پاشان بەچوارمشقى و هەریەک لەجێگەى خۆى دانیشت. بەڵام دەروێشەکان تا نەگەیشتنە تەپۆڵکەیەکى نزیک گۆڕستانەکە هیچ رانەوەستان و لەوێشەوە ونبوون. ماوەیەک بەبێدەنگى وەک هەر کەسێکى نێو حەشامەتەکە بەچوارمشقى لەشوێن خۆمدا دانیشتم.
    لەناکاو هەروەک ئەوەى کەیەکێک پێیگوتبێتم، هەستامە سەرپآ و روانیمە تابووتەکە، پەتۆ رەشەکەى سەرى زۆر سەرنجى راکێشام. کاتێک کەبۆ چەند جارێک هەمان ئەو  پرسیارەم دووبارەکردەوە کە لەو کاتەدا بەخەیاڵمدا هاتبوو و سەیرمکرد کەسیان وەڵام نادەنەوە تەنانەت لەشوێن خۆشیان نابزوێن، پێدەچوو هەر بەجەستە لەو شوێنەدا بن. بۆ جارێکى تریش هەستامە سەرپآ و ئەمجارەیان خۆمگەیاندە تابووتەکە، بەکاوەخۆ پەتۆ رەشەکەى سەر تابووتەکەم هەڵدایەوە تا سێبەشى تابووتەکە هیچم نەبینى، لەدوا بەشیدا سەرى کەسێکم بینى کە هێشتاکە چاوەکانى کراوەبوون. دواى ئەوەى پەتۆکەم وەک خۆى دادایەوە و شتێک لەتابووتەکە دوورکەوتمەوە، وامبەخەیاڵدا هات کەرەنگبێت پێشتر ئەو سەرەم لەکات و شوێنێکى تردا بینیبێت.
    گەڕامەوە شوێنى خۆم و وەک ئەوان کەوتمە تێڕوانینى لەپى دەستى راستم، تادەهات عەردەکە ساردتر و دنیا تاریکتر دەبوو. دەبوو بگەڕێمەوە بۆ نێو ئەو ئوتێلەى کە بۆ تەنها شەوێک ژوورێکم تێدا بەکرێگرتبوو. بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا شتێک پاڵى پێوە دەنام بۆ زانینى ماجەراى سەرى نێو تابووتەکە. دەیان پرسیار لەناخمدا سەرەتاتکێیان بوو، بۆ دەبێت نەینێژن، بۆ دەبێت بەبێهەست و خوست لەچواردەورى دانیشتبێتن، دەروێشەکان بۆ جێیان هێشت و بۆکوآ چوون؟ لەهەمووشى سەیرتر هیچ گۆڕو چاڵێک بۆ ناشتنى ئامادەنەکرابوو!
    لەپڕ دایکردە باران و تاوێکى خایاند، هەر کەبارانەکە خۆشیکردەوە، یەکەیەکە هەستانە سەرپآ و چوارکەسیان تابووتەکەیان نایە سەر شانیان و لەپێش حەشامەتەکەوە، بەرەو شارۆچکەکە کەوتنە رآ. بەکاوەخۆ وەدوویان کەوتم، تاگەیشتنە بەردەم پەرستگەیەکى لەبەرد دروستکراوى رەنگ سپى. لەوێدا تابوتەکەیان جێهێشت و جیاجیا لەسووچ و سەرى  کووچە و کۆڵانەکانى چواردەورى پەرستگەکەوە ونبوون.
    هێدى هێدى لەتابووتەکە نزیکبوومەوە و لەوەدابوو کەپەتۆ رەشەکەى سەرى هەڵبدەمەوە، کاتێک گوێم لەددانە جیڕەو وەڕینى گەماڵێک بوو کە زۆر لەنزیکمەوە راوەستابوو، پاشە و پاش گەڕامەوە و لەپاڵ دیوارى پەرستگەکەدا راوەستام، دواى کەمێک گەماڵەکە بەبێدەنگى لەشوێن خۆیدا هەڵتووتا کە لێى وردبوومەوە زۆر بەنائاسایى هاتە پێشچاوم، چ چاوەکانى بەشێوەیەکى لاکێشەیى بەرەو لاى هەردوو گوێچکەکانى هەڵکشابوون، چ کەڵبەکانیشى زۆر لەکەڵبەى گەماڵى ئاسایى درێژتر و قەوى تربوون. دواى ئەوەى گەماڵەکە چاوەکانى لێکناو خەوت، رێگەى ئۆتێلەکەم گرتەبەر و خۆمگەیاندە نێو ئەو ژوورەى کە بۆ تەنها شەوێک بەکرێمگرتبوو.
    هێشتاکە دوا نامەى هاوڕێکەمم نەگەیاندبووە شوێن مەبەست، دەبوو دوا وەسیەتێکى هاوڕێکەم بهێنمە دى، پێشئەوەى کەدوا هەناسەى بدات نامەکەى نووسى و دایەدەستم، هێندەى کەقسەى پێکرا گوتى:)بچۆرە شارۆچکەى سامۆش و لەبەردەم قەڵا زۆر دێرینەکەیدا چاوەڕێى هاتنى ئەو بە).
    فریاى ئەوە نەکەوتم پرسیارى ناو و ناونیشانى ئەوى لێبکەم. ئەو شەوە تابەیانى نەخەوتم و هەر لەغایەڵەى سەرى نێو تابووتەکەدا بووم.
    چێشتەنگاو جانتاکەم پێچایەوە و لەئوتێلەکە چوومەدەر، بەپەلە پرووزآ خۆمگەیاندە لاى پەرستگەکە، هێشتاکە تابووتەکە لەهەمان شوێنى خۆیدا بوو، سەیرى چواردەورى خۆممکرد، دورونزیک نەهیچ کەسێکم کەوتە بەرچاو و نەگەماڵەکەشم بینى. بەفرسەتم زانى لەتابووتەکە نزیکبوومەوە و بۆ جارێکى دى پەتۆ رەشەکەى سەریم لادا، بەڵام سەرەکەى تێدا نەبوو. لەوکاتەدا کەسێک کەنەمزانى چۆن چۆنى گەیشتە بەردەم دەرکەى پەرستگەکە، بەتوندى کەوتە لێدانى دەرکەکە، هێندەى نەبرد پیرەپیاوێک دەرکەى پەرستگەکەى واڵاکرد و لەگەڵ کەسەکەدا کەوتە گفتوگۆ، سەیر لەوەدابوو تەنها لێویان دەبزواو هیچ دەنگ و سەدایەکیانم نەدەهاتە گوآ. بەڵام هەر لەخۆمەوە پێموابوو کەکەسەکە سۆراخى سەرى نێو تابووتەکە بکات و پیرە پیاوەکەش لەوەڵامدا پێبڵێت:( هێشتاکە سەرەکە نەگەیشتۆتە نێو شارۆچکەکە تا بخرێتە نێو ئەو تابووتەى کەبۆى ئامادەکراوە). پاش ئەوەى پیرە پیاوەکە چەند جارێک سەرى بەلاى راست و چەپى خۆیدا راوەشاند، دەرکەى پەرستگەکەى پێوەدا. کەسەکە هەروەک ئەوەى لەپڕ غەیب بووبێت چەند چاوم بۆگێڕا، دوور و نزیک لەهیچ شوێنێکدا بەدیمنەکرد.
    بەیەکێک لەپەرستگەکانى دەستەراستى پەرستگەکەدا رەتبووم و پاش سەیرکردنى یەکەیەکەى خانووە لەبەرد دروستکراوەکانى کۆڵانەکە، خۆم لەبەردەم قەڵا زۆر دێرینەکەدا بینییەوە، لەوەدابوو لەتاتەبەردە گەورەکانى شوورەى قەڵاکە رابمێنم، کاتێک پیرەژنێکى پێپەتى بەلامدا تێپەڕبوو، هاوارم لێکرد:( داپیرە نامەیەکم پێیە بۆ ئەو، چما ئێوە نایناسن؟!). هەروەک ئەوەى کەگوێى لێمنەبووبێت، هەڵوێستەى بۆ نەکرد و بەیەکێک لەرێگەکاندا بەرەو قەڵاکە هەڵزنا. لەوەدابوو کەوەدووى بکەوم کاتێک گوێم لەدەنگى لێدانى دەفى دەروێشەکان بوو کە لەپێش هەمان حەشامەتەکەى دوێنێوە رێیاندەکرد. ماوەیەک وەدوویان کەوتم، بەڵام پاشان هەروەک ئەوەى لەراستیدا نەبووبێتن، لەپڕ لەبەرچاومدا ونبوون.
    دواتر لێڵاییەک بەرچاومى تەنى و بۆ چەند ساتێک هیچم نەبینى کە بەرچاوم رووناک بۆوە، زۆر لەنزیکەوە گوێم لەدەنگى هاوڕێکەم بوو، پێموابوو ئەو دوا نامەیەم بۆ بخوێنێتەوە کەنووسیبووى:( ئازیزم لەخەونمدا تۆم لەبیابانێکدا بینییەوە، وەک لەخەونەکەمدا دەمبینى خۆشت نەتدەزانى چۆن چۆنى رێتکەوتۆتە ئەو بیابانە، هێندەتینوو بوویت کەجگە لەقوومێک ئاو بیرت لەهیچیتر نەدەکردەوە، لەکاتێکدا کەچاوت رەشکەوپێشکەى دەکرد، چووار زرتەزەلام وەک حەیوانى قوربانى لەسەر لمى بیابانەکە پاڵیان خستیت و چەقۆیەکى زۆر تیژیان خستە سەر ملت).

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.