
ناساندنی کتێب: هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی
ئه‌و کاره به‌رز و سه‌نگینانه‌ی به هه‌وڵی تاکه که‌سی دێنه به‌رهه‌م، هه‌ر به ته‌نیا جێی ده‌ستخۆشی و رێزلێنان نین ، به‌ڵکو ده‌چنه خانه‌ی سه‌رسوڕمان و ئیره‌یی پێبردنیشه‌وه.
کێ له ئێمه به چاوێکی به نرخ و به‌رزه‌وه ناڕوانێته به‌رهه‌مه‌کانی خانی و مه‌لا ع. موده‌ریش و ح. موکریانی و شێخی خاڵ و پیره‌مێرد و سه‌ججادی و ر.حلمی و هه‌ژار و مه‌سعود محه‌مه‌د و م. خه‌زنه‌دار و عه‌بدولره‌قیب یوسف و ج . نه‌به‌ز و چه‌ندان که‌ڵه پیاو و شێره‌ژنی دیکه.
چونکه ئه‌مانه له‌وپه‌ڕی دژواریی و کوله‌مه‌رگیدا توانیویانه نه‌خش له ته‌لاری بوون و فه‌رهه‌نگ و مێژوو و هزر و که‌سایه‌تی ئێمه‌دا بگێڕن. سه‌رباری ئه‌م هه‌موو ره‌نجه‌ی دراوه و به هۆی ئه‌وه‌وه‌ی که کوردستان مه‌یدانی شه‌ڕ و پێخوستی داگیرکه‌ران بووه هێشتاش گه‌لێ بوار و مه‌یدان و شوێنه‌واری مێژوو و فه‌رهه‌نگی کوردی هه‌یه هه‌تا ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستامان به ناڕوونی و شێواوی ماوه‌ته‌وه. به واتایه‌کی دیکه به دیکۆمێنت نه‌کراون و له خانه و ئه‌رشیفی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رده‌ست ناکه‌ون.
لێره‌دا ناساندنێک بۆ به‌رهه‌مێک ده‌که‌ین ، که له ده‌ره‌وه‌ی ووزه و توانای تاکه که‌سێکه‌وه‌یه. له عۆده‌ی مرۆ به‌ده‌ره و که‌م که‌س ده‌کارێ کارێکی وا هێژا و مه‌زن ئه‌نجام بدات. به‌ڵێ ته‌نها له‌وانه ده‌وه‌شێته‌وه وه‌ک مامۆستا جه‌مال خه‌زنه‌دار کوێره‌وه‌ریی و مه‌ینه‌تی و ماندووبوونی ساڵانێکی دورودرێژی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به ده‌وری سه‌رقاڵبوون به ئینسکلۆپیدیای رۆژنامه‌گه‌ریی کوردییه‌وه بچێژێ.
کۆکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه و ساخکردنه‌وه و کرۆنۆلۆژیاکردنی دنیای رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی گه‌ر سه‌خترین بوار نه‌بێت، وا یه‌کێکه له ئه‌رکه هه‌ره دژواره‌کانی رووبه‌رووی رۆشنبیرانی کورد ده‌بێته‌وه.
ئینسیکلۆپیدیای رۆژنامه‌ریی کوردی ، پرۆژه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی 1898 ـ 2010 به‌رگی یه‌که‌م ـ ئه‌لف ـ
گه‌ر به ویژدانه‌وه قسه بکه‌ین ده‌بێت به گرنگترین و پڕ بایه‌خترین کتێبی سه‌رده‌می دابنێن. سه‌رچاوه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه لێره‌دا وێڕای باس له کاری رۆژنامه‌گه‌ریی تۆماری رۆژگارێکی دورودرێژی مێژووی نه‌ته‌وه‌شی کردۆته ئامانج و جۆره‌ها باسوخواستی په‌یوه‌ست به بوونمان ده‌گرێته خۆی.
ئه‌م به‌رهه‌مه دانسقه و نازداره ساڵی 2011 له لایه‌ن سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستان هه‌ولێر له به‌رگێگی تا بڵێی رازاوه و جوان‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. ئه‌م به‌رهه‌مه له نووسینی مامۆستا جه‌مال خه‌زنه‌داره و پێداچوونه‌وه و پوخته‌کردن مامۆستا عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه له ئه‌ستۆی گرتووه. زه‌نگه‌نه پێشگۆتن و فه‌رهاد عه‌ونیش پێشه‌کی بۆ نووسیوه. دواتر له دوو توێی 574 لاپه‌ڕه‌دا و به شێوازێکی زۆر ساکار و مۆدێرن و زانستییانه باس له مێژووی ده‌رچوونی نزیکه‌ی 328 رۆژنامه و بڵاوکراوه و گۆڤاری کوردی ده‌کات که به زمانی جیاجیا له سه‌رتاسه‌ری کوردستان و هه‌نده‌راندا ده‌رچوون.
خه‌سڵه‌تی کوردستانییانه‌ی ئه‌م شاکاره له‌وه‌دایه رۆژنامه و گۆڤاری هه‌موو لایه‌ن و شوێنه‌کانی تێکڕای پارچه‌کانی کوردستان له خۆده‌گرێت و ده‌یکاته خه‌رمانی شه‌ن و که‌وکردنی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی کورد ، وه‌ک یه‌ک پرس و یه‌ک داوا و یه‌ک ئامانج بۆ هه‌نووکه و نه‌وه‌کانی ئاینده و بێگانه‌ش.
مامۆستا خه‌زنه‌دار… له ته‌ک باسی رۆژی ده‌رچوون و قه‌واره و شێوازی زمانه‌که‌یی و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌کانی و چه‌ند ژماره‌ی لێ ده‌رچووه و شوێنی ده‌رچوونی و هێڵی گشتی بڵاوکراوه‌که و ناوه‌ڕۆکی ، ئه‌وجا کۆپییه‌کی قه‌شنگی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می هه‌ر بڵاوکراوه‌یه‌ک به قه‌واره‌ی نیو پۆستکارت وه‌ک نوسخه ئۆرگیناڵه‌که بڵاوکردۆته‌وه.
ئه‌مه جگه له ماندووبوون و شه‌ونخوونی ، شاره‌زایی و سه‌لیقه‌ی رۆشنبیرانه‌شی گه‌ره‌که ک که خه‌زنه‌دار تێیدا ده‌ست ره‌نگینه.
شایانی ئاماژه پێدانه گه‌لێ له‌م بڵاوکراوانه هی رۆژانی سه‌ختی خه‌بات و شۆڕشه‌کانی کوردن، ده‌شێ به‌شێکیان ژماره‌ی که‌میان لێ ده‌رچوو بێت ، وه‌لێ خه‌زنه‌دار به کۆشش و ته‌قه‌لای بێ پسان و کۆڵنه‌دارانه‌ی خۆی توانیویه‌تی زۆرینه‌یان به چنگ بێنێت و بۆ پرۆژه پیرۆزه‌که‌ی له نووسینه‌وه‌ی مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی سوودیان لێوه‌رگرێت.
ئه‌م ئه‌رکه فیرعه‌ونییه هه‌ر توانا و ووزه‌ی جه‌سته‌یی تێدا خه‌رج نه‌کراوه، به‌ڵکه پاره و پوولێکی زۆریشی له پێناودا خراوه‌ته گه‌ڕ. خۆم گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌م که مامۆستا خه‌زنه‌دار ساتێ تازه په‌ڕاگه‌نده‌ی هه‌نده‌ران ببوو، چه‌ند به په‌رۆش و عه‌وداڵی به‌ده‌ست هێنانی به‌رهه‌مه بڵاوکراوه‌کان بوو. تا چ راده‌یه‌ک به نامه و ته‌له‌فونکردن و سه‌ردانی ئه‌م و ئه‌وه‌وه له سۆراخی بڵاوه کوردییه‌کاندا بووه. ئای له‌و سیما گرژ و نیگه‌رانییه قورسه‌ی روخساری داگرتبوو و دڵی ده‌گووشی بۆ قوتارکردنی په‌ڕتووکخانه به‌جێماو و بێنازه‌که‌ی له به‌غدا.
ئه‌م خه‌سڵه‌تانه و فره‌ی تریش هه‌موویان هێز و به‌ڵگه‌ی دیکه‌مان پێده‌به‌خشن، که به هه‌ق کاره‌که‌ی نووسه‌ر هه‌موو به‌ها جوان و دڵسۆزیی و خه‌مخۆرییه‌کانی له خۆ گرتووه. ئیدی ئه‌مه‌شه وای کردووه ناوی جه‌مال خه‌زنه‌دار ساڵانێکی دوورودرێژه ئاوێته‌ی ناو و باسی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی بێت و له ئاینده‌شدا هه‌رگیز لێی جودا نه‌بێته‌وه.
خه‌زنه‌دار…خشته‌یه‌کی وه‌ک کلیل بۆ بڵاوکراوه‌کان ئاماده کردووه و به ئه‌مانه‌ته‌وه ئاماژه به 115 سه‌رچاوه ده‌دات که سوودی لێوه‌رگرتووه بۆ کاره‌که‌یی و پاشان نزیکه‌ی 32 کتێبخانه‌ی که‌سی و گشتی و به ئه‌مه‌که‌وه ناوی 16 که‌سی دیکه‌ش دێنێ که به شێوازی جۆراوجۆر که‌ڵکی لێوه‌رگرتوون و هاوکارییان کردووه.
ئه‌م پرۆژه‌یه وه‌ک نووسه‌ر نه‌خشه‌ی بۆ کێشاوه بڕیاره به 12 به‌رگ ده‌رچێ و هه‌ر به‌رگه‌ی له نێوان 150 ـ 250 که‌موزۆر ناوی ئه‌و بڵاوکراوانه به پێی ناوه‌کانیان له خۆ بگرێت .
ده‌مێکه کتێبخانه‌ی ژیکه‌ڵه‌ی کوردی به‌ده‌ست هه‌ژاریی و بێ سه‌رچاوه‌ییه‌وه ده‌نالێنێ، وا خۆشبه‌ختانه به‌م کاره مه‌زنه رێچکه‌که شکێندرا و بووینه خاوه‌نی ئینسیکلۆپیدیای رۆژنامه‌ی کوردی…چ خۆشه به پرۆژه هاوشێوه‌ی ئه‌م شاکاره چاومان به سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌ی نوسینه‌وه‌ی مێژووی کورد و سه‌رچاوه‌ی تێر و ته‌سه‌لی بێ که‌لێنی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و جوگرافیا و کایه و مه‌عریفه و زانسته‌کانی دیکه زوو به زوو رۆشن بێته‌وه.
ده‌ستان خۆش مامۆستا خه‌زنه‌دار و هه‌ر به‌رخوردار بن بۆ خزمه‌تی بێ‌وچان و له بن نه‌هاتووی کتێبخانه‌ی کوردی و فه‌رهه‌نگ و مێژوومان و به ئومیدی ئه‌وه‌ی نموونه‌تان هه‌ر له زیاد بووندا بێت.
20.12.2011 به‌رلین