Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لە نزیکەوە چاوم لێتانە …دەوەن

لە نزیکەوە چاوم لێتانە …دەوەن

Closed
by December 27, 2011 ئەدەب


( دوو دڵۆپ فرمێسک بەسە بۆ ئەوەی بە باشی شتەکان ببینی )
       ئەری دێ لوکا

گەر بە بازنەی مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بچینەوە و لێی بڕوانین، دەبینین سەراپا بونیادی ئێمە لێوان لێوە لە نووسین و خوێندنەوەی گشت ئەو بابەتەنەی کە پەیوەندیان هەیە بە دونیای تێکستە ئەدەبی  و هونەرییەکانەوە، کەدەکرێ وەک سەرەتایەک بۆ ناو پێکهاتە ڕۆشنبیرییەکان ناوی لێبنێین، نەک وەک چەمکێکی وەستایانەی مانادار، کە بتوانێ عەقڵی ئێمە بەرەوو کرانەوە ببات، نووسەری دروست داهێنەری ئەو واتا گرنگانەیە کە دەبێتە، بەراییەک بۆ کرانەوەی عەقڵ،وەکیدی نووسین و داهێنان گرێدراوە بە هونەری زمان و تێگەی ئێستاتیکا و مۆڕاڵی تەندروستەوە،نووسەری خاوەن هونەری زمان ئەو دەمە دروست دەبێت، کە بتوانێ دەقی دروست لەتەک خۆیدا بخوڵقێنێ،بە جۆرێک کە بەسانای دەکارێ لە ڕووی ئێستاتیکاوە هونەری نووسین بەرەوو خوێندنەوەو ڕاڤەی سەردەمیانە ببات، خوێنەری ئێمە بۆی لواوە کە هەمیشە و بەردەوام، دەگەڕێ لە دووی ئەو تێکستانەی، کە ڕۆشنبیرییان بەئاستەم تێدا دەبینێتەوە،یان سنووری تێگەی نووسەر ناگاتە، ئەو ئاستەی کە بتوانێ خوێندنەوەی نازە و مەعقول، لەناو جەوهەری مانادا دروست بکات، کە ببێتە ستراکتورێک بۆ داهێنان لە ڕووی زمان و واتاو فۆرمەوە.لە ماوەی ساڵانی ڕابووردوودا، سێ کتێب سەرنجی منیان بۆ لای خۆیان پەلکێش کرد، بە جۆرێک کە تاکو هەنووکە ئەز ئەو سێ کتێبە، وەک باشترین کێبیەکانی ناو کتێبخانەکەم لێیان دەڕوانم و بەردەوام دەست و پەنجە و خەیاڵم لەگەڵیانە و ناتوانم چاوانمیان لە ئاستدا بنووقێنم،کە بریتین لە
یەکەم: ترسان لە فەلسەفە  نووسینی، ڕێبوار سیوەیلی.
دووەم: ویستی فەلسەفاندن  نوسینی ، ئازاد حەمە.
سێیەم: هایدێگێر و شۆڕشی فەلسەفی  نووسینی ،دکتۆر محەمەد کەمال.

بەر لەهەر شتێک جێگەی خۆیەتی لە سەرەتادا،ئاوڕیک بدەینەوە بۆ یەکێک لەو کتێبە باشانەی کایەی ڕۆشنبیری ئێمە، کە توانیویەتی لەڕێگەی ئەو کتێبەوە ئەزموون و داهێنانە فەلسەفییەکانی سۆفیستەکان و دەوڵەتشاری یۆنانمان پێ ئاشنا بکات کە بریتییە لە کتێبی ( سۆفیستەکان ) لە نووسینی ( ڕێبوار سیوەیلی ) ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبانەی کە دەتوانین وەک دەوڵەمەنترین کتێبی کتێبخانەی کورد تەماشای بکەین، لەڕووی فەلسەفەی یۆنانی و سۆفیستەکانی یۆنان بە تایبەتی،هونەری ئەم کتێبە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە توانیویەتی بە زمانێکی سادە و شیرین زووربەی کێشە فەلسەفەی و ئەخلاقییەکان، بنووسێتەوەو ڕاڤەی دروست و ماناداریان لەسەر بکات.بەهەمان جۆر کتێبی ( ترسان لە فەلسەفە)لە نووسینی (ڕێبوار سیوەیلی)ساڵی دوو هەزار و هەشت چاپ و بڵاوکراوەتەوە،ئەم کتێبە گەڕان و منەکردنە بە دووی ئەو پرسانەی کە مرۆڤی کورد هەمیشە و بەردەوام خوازیاری بووە کە بزانێ فەلسەفە چییەو بۆ دروست بووە؟ وەلێ ترس و گومان دوو کارئەکتەری بێ ڕەحم بوون لە ئاست بیرکردنەوەو قسەکردن لە بەرامبەر فەلسەفەدا،ئەوەی لێرەدا گرنگە قسەی لەبارەوە بکەین شکاندی ئەو دیوار و ترسە نەگریسەیە کە لە ڕێگەی کتێبی ( ترسان لە فەلسەفە) وە بۆمان ئاشکرا دەبێت و پێمان ئێژێت فەلسەفە خوڵقێنەری گشت ئەو تێگە دروستانەیە کە مرۆڤ دەتوانێ لە ژیانی ڕۆژانەیدا وەک وانەیەکی گرنگ سوودیان لێ ببینێت و ژیان وەک مانایەکی مەعقوول تەماشا بکات،من بۆ خۆم لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە فێربووم کە ژیان بریتییە لە کرانەوەی عەقڵ بۆ جوانکردنی ئەخلاق و زمان و هونەری ئاخافتن،تژیە لە پرسیار و گەڕانە لە دووی ڕووداو بەسەرهاتە گرنگەکانی داهێنەران و بیریارانی فەلسەفەدا.کتێبی (ویستی فەلسەفاندن ) نووسینی (ئازاد حەمە)ساڵی دوو هەزار و حەوت چاپ و بڵاوکراوەتەوە،ئەم کتێبە فێرمان دەکات مێژووی هزری ڕۆژئاوا بە دیدی تازە و سەردەمیانە لێی بڕوانین و بە هێمنی هەنگاو بەسەر ڕووداو میتۆدەکانی دونیای فەلسەفەی ڕۆژئاوادا بنێین،بە جۆرێک کە دەکرێ بەر لەهەر شتێ هزری ڕۆژئاوا وەک چەمک و خاوەن ئیرادەی بیرکردنەوە تەماشا بکەین،ئازاد حەمە توانیویەتی ( بادیو و ڤیتگنشتاین) بە جۆرێک تەفسیر و ڕاڤە بکات، کە خوێنەر دەکارێ لە ڕێگەیەوە هزری ڕۆژئاوا بناسێت و بە سانای دید و بۆچوونەکانی بیریارەکانی ڕۆژئاوا بخوێنتەوە،گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کە باس لە دوو بیریار دەکات کە هەردووکیان خاوەنی دوو جۆر ئەزموونن لە بیرکردنەوە و داهێناندا،ئاخر نووسەری دروست ئەو مەخلوقە تەندروستەیە کە وەک( ڕێبوار سیوەیلی و ئازاد حەمە و دکتۆر محەمەد کەمال)دەتوانن خوێنەر پەلکێش بکەن، بۆ ناو دونیای فەلسەفە و ناساندنی لۆژیک دوور لە گرێ و کۆڵ. کتێبی (هایدێگێر و شۆڕشی فەلسەفی)نووسینی ( دکتۆر محەمەد کەمال) ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبە دەگمەنانەی کە تاکو ئێستا بە زمانی کوردی لەسەر بیریارێکی وەک هایدێگێر نووسرا بێت،گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کە ڕووە شاراوەکانی ( مارتن هایدێگێر ) و هەوڵ و تەقەلا فەلسەفیەکانی ئەم بیریارەمان بۆ دەخاتە ڕوو،هەر لەڕێگەی هایدێگێرەوە دەمانبات بۆ لای پرسە بێ وەڵامەکانی بەشێک لە بیریارە ناودارەکانی فەلسەفەی ئەڵمانی وەک ( هانا ئارێنت و نیچە و کارڵ لویس و هێربێرت ماکۆزە و هانس جۆرج گادامێر)و چەندین ڕووداوی گرنگ و لۆژیکی هایدێگێرمان.پێدەناسێنێت و تەفسیری گشت ئەو تەقەلا فەلسەفیانە دەکات کە هایدێگێر کردوونی،دیارە دید و میتۆدەکانی هایدێگێر هەم لەلای ڕۆژئاواییەکان و دیسانیش لەلای گشت فەلسەفەزانەکانی دونیا جێگەی سەرسووڕمانە و خاوەنی خوێندنەوەی گرنگ و بایەخدارە لە بونیادی فەلسەفەدا.(دکتۆر محەمەد کەمال)ئەرکێکی ئێجگار گرنگ و بایەخداری بۆ خوێنەری کورد مسۆگەر کردووە،کە توانیویەتی لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە لۆژیک و دید و پێوانەکانی مارتن هایدێگێر بە سانای شیبکاتەوە و ڕاڤەی دروست و ماناداری بۆ بکات.ئەم سێ ڕوناکبیر و نووسەرە بەئەمەکەی ئێمەی کورد کارێکی وایان کردووە کە خوێنەری کورد دوور خەنەوە لەو ترسە بێ مانایەی کە لە دێریینەوە عەقڵ و سەراپا هەستەکانی ئێمەیان بە ترس داگیرکردووە، لە ئاست خوێندنەوە و ناسینمان بۆ فەلسەفە. حاڵی حازر کتێبخانەی کورد پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە دەتوانین بڵێن ئەم پێشکەوتنە پەیوەندی بە کرانەوەی ئەو سنوورانەوە هەیە کە کورد لە دوای بەهاری ساڵی هەزار و نۆسەد و نەوەد و یەکەوە بۆی هاتۆتە پێش و توانیویەتی لە ڕێگەی ڕۆشنبیر و نووسەرە بە ئەمەکەکانییەوە دونیای دەرەوە و تەنانەت گشت سنوورەکانی ڕۆشنبیریی  دەرەوەی خۆی بناسێت،ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە حاڵی حازر ڕخنەگر و لێکۆڵینەزانی کورد کڕ و بێدەنگە لە بەرامبەر ئەم هەموو تێکستە گرنگانەدا کە خۆی لەناو سەردەمی کرانەوەدا دەناسێتەوە و ناتوانێ هیچ وشەیەک بنووسێت و شیکاری لەبارەیانەوە بکات،هۆی ئەم کڕ و بێدەنگییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕۆشنبیری کورد بۆتە دەستکەلای تەکنۆلۆژیا و تاقەت و حەوسەڵەی نییە بۆ تەفسیرکردن و ڕاڤەکردن،هەر لێرەوەیە کە ئەز دەبێژم کە ئەم بێدەنگییە بریتییە لە زەمەنێک کە دەتوانین پێی بێژین سەردەمی (شورەیی و شەرم) واتە  گوناهێکی مەزنە نووسین و ڕاڤەی زانستی لە ئاست ئەم هەموو تێکستە گرنگانەی کە کەسانی وەک( ڕێبوار سیوەیلی و دکۆر محەمەد کەمال و ئازاد حەمە ) بەرهەمی دەهێنن و چاوی ڕەخنەگریان لە بەرامبەردا ڕوو لە ئاسمانە، ئاخر ئەمە گوناهێک و تاوانێکی بێ سنوورە کە قەڵەمێک نەبێت تەفسیری دەقە زیندووەکانی ئێستای زمانی کورد بکات.پێم وایە لە ئێستادا شورەیی و شەرم بەرۆکی گشت ڕەخنەگرانی گرتووە و بۆتە هۆی ئەزمونێکی تاڵ کە لەدەرەوەی بونیادی ئێمە بێدەنگی لێ دەکرێت،داخێکی قوورس و گرانە کە ڕەخنەگری ئێمە لە چایخانە و باڕەکان و کافتریاکان و میدیاکان قاچ لەسەر قاچ دانیشتووە و قسە دەکات، بەڵام نانووسێت  گاڵتە دەکات و هێزی شیکاری کردنی دەق لە ڕووی هونەری ئێستاتیکا و فۆرم و شوێنەوە بەهەند وەرناگرێت،بەڵکو تەنز بەکار دەهێنێت بۆ شکاندی دەقی سەنگین و زیندوو.حەقیقەتەێکی تاڵ و لەبەر چاوە کە لە ماوەی هەژدە ساڵی رابووردودا.زیاتر لەپەنجا هەزار ناونیشانی کتێب بەهەموو جۆرەکانییەوە چاپکراوە و کەچی ڕەخنەگری  کورد قنج قیت لە بەرامبەریدا وەستاوە و سەر پێیانە لێیان دەڕوانێت،ئەمە درمێک و تایەکی کوشندەیە،گەر کار بەم جۆرە بڕوات یەکەمین شتێک کە لە کەنارەکانی مردن نزیک دەبێتەوە زمان و نووسینی کوردییە،دواجار مردنی داهێنانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.حەز دەکەم بێ پەردە و بە ئاشکرا پێی لێ بێنم کە ڕەخنەگری کورد خەسێنراوە بە ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیای سەردەم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.