هه‌ڵه كوشنده‌كانی یه‌كگرتووی له‌دوای روداوه‌كانی بادینانه‌وه
سه‌ره‌تا
به‌گوێره‌ی پێوه‌ر‌و لێكدانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان سوتاندنی شوێنه‌كانی مه‌ساج‌و دوكانه‌كانی مه‌ی فرۆشتن تیرۆری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و به‌پێوه‌ر‌و شرۆڤه سیاسیه‌كانیش سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتوی ئیسلامی تیرۆری سیاسی بون. له‌م روداوانه‌دا ئه‌وه‌ی زیانی مادی‌و قازانجی سیاسی‌و مه‌عنه‌وی كرد یه‌كگرتو بو، ئه‌و هێزه‌ش زیانی سیاسی‌و مه‌عنه‌وی كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان بو. به‌ڵام ئایا یه‌كگرتوی ئیسلامی توانی وه‌ك گه‌مه‌كه‌رێكی لێهاتو له‌م روداوانه‌دا یاری بكات، به‌جۆرێ بتوانێ له‌سه‌ر هه‌ردو ئاستی سیاسی‌و جه‌ماوه‌ری به‌قازانجی خۆی ته‌وزیفی بكات؟
په‌یامی پشته‌وه‌ی سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتو
ئه‌گه‌ر له‌روانگه‌ی ئازادی‌و دیموكراسیه‌وه سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتوی ئیسلامی بریتی بێت له‌شكاندنی حورمه‌ت‌و شكۆی یاسا‌و تێكدانی سه‌قامگیری سیاسی له‌ناوچه‌كانی بادینان، ئه‌وا له‌روی سیاسیه‌وه په‌یامی پشته‌وه‌ی ئه‌و روداوانه بریتی بو له‌لێدانی راسته‌وخۆی گه‌شه‌كردنی یه‌كگرتو له‌و ناوچه‌یه، هاوكات له‌لایه‌ن پارتی دیموكراته‌وه گه‌یاندنی ئه‌و مه‌سیجه‌ش بو به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌و هێزه، كه‌تا سنورێكی دیاریكراو ده‌توانن په‌ل بهاون، وه‌كچۆن له‌رابردودا‌و به‌تایبه‌ت له‌كاره‌ساتی هه‌كاریدا به‌زاره‌كی‌و كرداریش ئه‌م مه‌سیجه به‌یه‌كێتی گه‌یه‌نرا‌و سنورێك بۆپه‌لهاویشتنی دانرا‌و له‌دوای راپه‌رینیشه‌وه یه‌كێتی نه‌یتوانی له‌و ناوچه‌یه له‌سه‌ر پێی خۆی رابوه‌ستێت، دوایین هێزیش به‌ر له‌یه‌كگرتوی ئیسلامی هه‌مان په‌یامی پێڕاگه‌یه‌نرابێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بو، كه‌له‌روداوه‌كانی 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایی له‌رێگه‌ی سوتاندنی بنكه‌و باره‌گاكانیه‌وه له‌هه‌ولێر‌و دهۆك پێی گه‌یشت‌و تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ش هیچ یه‌كێك له‌و دو هێزه توانای گه‌شه‌كردنیان له‌جوغزێكی كێشراو تێناپه‌ڕێت. بۆیه ده‌بو یه‌كگرتو پێشوه‌خت‌و بۆ داهاتوش خه‌سمه سیاسیه‌كانی به‌گشتی‌و پارتی باشتر بناسێت‌و بزانێت له‌گه‌ڵ چ جۆره هێزێكدا ركابه‌رێ ده‌كات؟
یه‌كگرتو…وێناكردنی خود وه‌ك قوربانی
كه‌باره‌گاكانی یه‌كگرتو گڕیان تێبه‌ردرا، له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی ئاگر‌و دوكه‌ڵی هه‌ر باره‌گایه‌كدا كێرڤی سۆزی خه‌ڵك بۆ ئه‌و هێزه به‌رز ده‌بویه‌وه، تاگه‌یشته ئه‌وه‌ی پارته سیاسیه‌كان به‌هاوپه‌یمانه ستراتیژیه‌كه‌ی پارتیشه‌وه گۆمی مه‌نگی بێده‌نگیان شڵه‌قاند‌و هاتنه‌ده‌نگ‌و ئیدانه‌یان كرد. یه‌كگرتوی ئیسلامیش له‌بری خوێندنه‌وه‌ی روداوه‌كه وه‌كخۆی‌و گرتنه‌به‌ری رێ‌و شوێن‌و ته‌كنیكی سیاسی، كه‌وته شین‌و شه‌پۆڕ بۆچنینه‌وه‌ی سۆزی خه‌ڵك‌و وێناكردنی خود وه‌ك قوربانی، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا ده‌بو یه‌كگرتوی ئیسلامی چی بكردایه؟
كاردانه‌وه‌كانی یه‌كگرتو…له‌گه‌وره‌كردنی روداوه بۆقه‌تیسكردن‌و بچوك كردنه‌وه
كه‌بۆجاری دوه‌م باره‌گاكانی یه‌كگرتو له‌بادینان سوتێنرایه‌وه، هه‌موان چاوه‌ڕێی گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستی سیاسی بوین، به‌مانا سیاسیه‌كه‌ی له‌و هێزه، به‌ڵام ئایا یه‌كگرتوی ئیسلامی چیكرد؟ له‌راستیدا‌و له‌سه‌ره‌تاوه یه‌كگرتو هه‌نگاوه‌كانی باشبون‌و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان لێده‌كرا كه‌روداوه‌كان به‌ئاقاری به‌هێزكردنی پێگه‌ی سیاسی‌و جه‌ماوه‌ری خۆیدا ته‌وزیف بكات، به‌ڵام تێكچونی ته‌كنیك‌و پلانه‌كانی ئه‌و هێزه له‌دواتردا ریسكه‌ی كرده‌وه به‌خوری، چۆن؟
یه‌كگرتو نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی به‌باشی‌و سیاسیانه سود له‌م روداوه وه‌ربگرێت، به‌ڵكو له‌قۆناغه‌كانی دواتری ته‌كنیكه سیاسیه‌كانیدا به‌ره‌و دواوه كشایه‌وه، چونكه هه‌ڵوێسته‌كانی دوایی ئاوێته‌بون به‌عاتیفه‌و به‌زه‌یی‌و تێكه‌ڵبون به‌هه‌ڵچونی شه‌قام‌و خۆسوركردنه‌وه‌ی میدیایی هه‌ندێ له‌و كه‌سانه‌ی له‌میدیاكانه‌وه قسه‌یان له‌سه‌ر روداوه‌كان ده‌كرد، له‌كاتێكدا سیاسه‌ت ده‌وه‌ستێته سه‌ر مه‌نتیقی هێز‌و واقیع وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و روده‌دات، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی بۆده‌كه‌یت‌و ده‌یخوازیت. هاوكات ئه‌وه‌نده‌ی یه‌كگرتو كاری له‌سه‌ر وێناكردنی خۆی وه‌ك قوربانی ئه‌و روداوانه‌و دورخستنه‌وه‌ی تۆمه‌تی هێرشكردنه سه‌ر شوێنه‌كانی مه‌ی فرۆشتن‌و مه‌ساج‌و نه‌بونی هیچ كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كه‌مایه‌تیه ئانیه‌كاندا كرد، هێنده نه‌هات له‌رێگه‌ی گرتنه‌به‌ری ته‌كنیكی سیاسیه‌وه هه‌م شته‌كان له‌خۆی دروبخاته‌وه، هه‌م پارتیش بخات به‌رده‌م ئیحراجبون‌و به‌رپرسیارێتی ئیداری‌و سیاسیه‌وه. هاوكات ئاماژه سیاسیه‌كانی دواتر ئه‌وه‌یان لێخوێنرایه‌وه كه‌یه‌كگرتو له‌گه‌وره‌كردنی روداوه‌كانه‌وه بۆقه‌تیسكردن‌و بچوك كردنه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت، وه‌ك چۆن پارتیش لای خۆیه‌وه له‌لایه‌ك به‌گرتنه‌به‌ری رێ‌و شوێنی ئه‌منی‌و چاوسوركردنه‌وه له‌یه‌كگرتو، كه‌وته هه‌وڵی گه‌مارۆدانی روداوه‌كه، له‌لایه‌كیتریشه‌وه به‌رجه‌سته‌كردنی روداوه‌كانی بادینان وه‌ك كێشه‌ی ئاینی‌و تایفی، كه‌وته هه‌وڵی خاڵیكردنه‌وه‌ی مانا‌و مه‌غزای روداوه‌كان، به‌تایبه‌ت سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتو، له‌مه‌شدا به‌پله‌ی یه‌كه‌م پارتی براوه بو، چونكه كه‌ناڵی زاگرۆسی سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و روداوانه‌دا راپۆرتێكی ته‌له‌فزیۆنی ئاماده‌كرد بۆپیشاندانی رواوه‌كانی بادینان وه‌ك كێشه‌ی تایفی‌و ئاینی‌و سه‌یر‌و سه‌مه‌ره له‌وه‌دابو، كه‌به‌ڕێز(م.عوزه‌یر حافز)ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی یه‌كگرتوی ئیسلامیه لێدوانی بۆدابون‌و باسی پێكه‌وه‌ژیانی مسوڵمان‌و مه‌سیحی بۆده‌كردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كتومت شه‌ڕی تایفی له‌كوردستان هه‌ڵگیرساوه، له‌كاتێكدا ده‌بو ئه‌و به‌ڕێزه وه‌ك باقی به‌رپرسه سیاسیه‌كانیتری حزبه‌كه‌ی موقاته‌عه‌ی میدیاكانی سه‌ر به‌پارتی كردبا، چونكه تائه‌و كاته نه‌پارتی به‌رپرسیارێتی خستبوه سه‌ر شانی خۆی‌و نه‌داوای لێبوردنیشی كردبو، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری باره‌گای یه‌كگرتوی ئیسلامی، كه‌مامۆستای ناوبراو نوێنه‌رایه‌تی سیاسی ده‌كات له‌به‌غدا به‌بێ پاساو له‌ناوچه‌كانی بادینانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا كه‌خاوه‌نی ته‌له‌فزیۆنی زاگرۆسه سوتێنرابون، به‌ڵام عه‌جه‌ب چ حیكمه‌تێك له‌م لێدوان‌و به‌شداریه‌ی مامۆستا عوزه‌یر له‌و ته‌وقیته دیاریكراوه‌ی راپۆرته‌كه‌ی زاگرۆس‌دا هه‌بو، له‌كاتێكدا حزبه‌كه‌ی برینداری ده‌ستی پارتیه؟
هه‌ڵه كوشنده‌كانی یه‌كگرتو له‌سوتاندنی باره‌گاكانه‌وه تادوایی
– نه‌كشانه‌وه‌و رانه‌گرتنی ئه‌ندامێتی له‌ئیئتلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان:
له‌یه‌كه‌م چركه‌ساتی گڕتێبه‌ردانی باره‌گاكانی یه‌كگرتو له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی ئه‌وه‌ی لای چاودێرانی سیاسی پێشبینی ده‌كرا، بریتی بو له‌كشانه‌وه‌ی كاتی یان لانیكه‌م راگرتن‌و هه‌ڵواسین‌و سڕكردنی ئه‌ندامێتی یه‌كگرتو له‌ئیئتلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان، چونكه هه‌م چه‌كێكی كاریگه‌ره، هه‌م له‌و چركه‌ساته‌دا تاكه ئامرازی سیاسی بو، كه‌مه‌ده‌نیانه په‌نای بۆبه‌رێت، ته‌نانه‌ت له‌دواتریشدا كشانه‌وه‌ی نیوه ناته‌واوی ئه‌ندامانی یه‌كگرتو له‌و ئیئتلافه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی كشانه‌وه‌ی فه‌رمی‌و یه‌كجاره‌كی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌و نه‌بونی هه‌ڵوێستێكی سیاسی فه‌رمی، له‌سه‌ره‌تای ئیداره‌كردنی كێشه‌كه‌وه ئه‌و مه‌سیجه‌ی به‌پارتی گه‌یاند، كه یه‌كگرتو نه‌ك ناتوانێ سیاسیانه وازی بكات، به‌ڵكو نێچیرێكی له‌باریشه بۆئه‌وه‌ی دواتر سیاسیانه راوی بكات، بۆیه یه‌كسه‌ر پارتی به‌ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی عه‌لی باپیری ئه‌میری كۆمه‌ڵ رازی بو، له‌ئاستێكی به‌رزیشدا به‌به‌شداری مه‌سرور بارزانی(كه‌لای پارتی مانا‌و مه‌غزای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌و گرانی هه‌یه)و شاندی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌ی دانیشتن بو له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ.
–ئه‌نجامنه‌دانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان له‌سلێمانی:
هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی تر، كه‌یه‌كگرتو كردی، بریتی بو له‌وه‌ی نه‌یتوانی گه‌وره‌تر‌و باشتر له‌وه‌ی كه‌كردی، سوتاندنی باره‌گاكانی‌و ئه‌و ده‌ستدرێژیه سیاسییانه‌ی كرایه سه‌ری جه‌ماوه‌ریی بكات، چونكه راسته له‌هه‌ولێر رێگه نه‌درا كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری سازبكات، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نها له‌به‌رده‌م باره‌گاكانی خۆی له‌سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ری گردبونه‌وه‌ی قه‌باره بچوك‌و لاواز ئه‌نجام بدات، ده‌یتوانی لانیكه‌م ته‌نها له‌پارێزگه‌ی سلێمانی‌و ناوچه‌كانیدا گه‌وره‌ترین گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی‌و هێمنانه ساز بكات، كه‌سه‌رنجی نێوخۆی كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ش بۆخۆی كه‌مه‌ندكێش بكات‌و فشاره‌كان بۆسه‌ر پارتی چڕتر بكاته‌وه، به‌تایبه‌ت جگه له‌هه‌مو كوردستان‌و تایبه‌تر له‌سلێمانی سۆزی گه‌وره هه‌بو بۆئه‌و سته‌مه سیاسیه‌ی له‌یه‌كگرتو كرا. بۆیه ئه‌م ته‌وزیف نه‌كردنه بۆخۆپیشاندانی گه‌وره نه‌كرا‌و گردبونه‌وه‌ی به‌رده‌م باره‌گاكانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌زۆر ئه‌ندامه‌كانیان راپێچكرابن ئه‌نجامدرا، ئه‌مه‌ش دیسان ئه‌و په‌یامه‌ی به‌پارتی به‌خشیه‌وه، كه ئه‌م هێزه یان ناتوانێ موعاناته‌كانی خۆی بكاته موعاناتی هه‌مو خه‌ڵك، یان ئه‌وه‌تا له‌بیری ئه‌وه‌دا نیه، كه‌روداوه‌كانی خۆی له‌ڕوی سیاسیه‌وه به‌رامبه‌ر نه‌یاره سیاسیه‌كانی به‌گه‌وره رابگرێت. بۆیه پارتی له‌بری ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه جه‌ختی له‌وه ده‌كرده‌وه، كه‌ده‌بێت یه‌كگرتو داوای لێبوردن بكات.
– دڕدۆنگی له‌قبوڵكردن‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی دانیشتن له‌گه‌ڵ پارتی
ره‌نگه به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چین گه‌ر بڵێین پارتی تاڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌یزانی یه‌كگرتو ئاماده‌ی دانیشتن نا‌بێـت له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی عه‌لی باپیردا، چونكه جۆرێك له‌شپرزه‌یی‌و بێسه‌ر‌و به‌ره‌یی له‌هه‌ڵوێستی سیاسی یه‌كگرتودا هه‌بو، له‌لایه‌كیتر ناڕاسته‌وخۆ وه‌ك هه‌وڵه‌كانی دوای سه‌ره‌تای روداوه‌كه وایان ده‌رده‌خست، كه‌ده‌چنه سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی به‌تایبه‌ت دوایی هه‌وڵه‌كانی ئه‌میری كۆمه‌ڵ، به‌ڵام له‌لایه‌كیتره‌وه‌و له‌شه‌وی به‌ر له‌واده‌ی دانیشتنه‌كه‌دا ئه‌و مه‌سیجه‌شیان به‌پارتی ده‌دا، كه‌تاوه‌كو هه‌مو گیراوه‌كانیان ئازاد نه‌كرێن، ئاماده‌ی وتوێژ نابن، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه سیاسه‌ت‌و كاری دیپلۆماسی پابه‌ندی مه‌نتقی هێزه‌و ئه‌ته‌كێت‌و ته‌كنیك‌و ته‌كتیك‌و یاری خۆی هه‌یه‌و ناكرێت تێكه‌ڵاو به‌عاتیفه بكرێ. بۆیه ده‌كرێ دڕدۆنگی‌و دواتریش نه‌چونه سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی بریتی بو به‌هه‌ڵه‌یه‌كی تری كوشنده‌ی یه‌كگرتو دابنێین، چۆن؟
حاڵه‌تی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه‌دیپلۆماسیه‌ت ئه‌ته‌كێك‌و ته‌كنیك‌و ته‌كتیك‌و ئامراز‌و گه‌مه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌و نه‌ده‌بو یه‌كگرتو بیبه‌ستێته‌وه به‌حاڵه‌تی عاتیفی گیرانی ئه‌ندامانیانه‌وه(چونكه بیانوی سه‌ره‌كی بریتی بو له‌وه‌ی هێشتا ئه‌ندامه‌كانیان له‌زیندانن‌و تاهه‌مویان ئازاد نه‌كرێن وتوێژ ناكه‌ن). حاڵه‌تی دوه‌م ئه‌وه‌بو، كه‌راسته یه‌كگرتو مه‌رجیان هه‌بو بۆدانیشتن له‌گه‌ڵ پارتی، به‌ڵام ده‌توانرا‌و عورفی سیاسیش وابو كه‌بچنه دانیشتنه‌كه‌وه‌و له‌ده‌ستپێكی وتوێژه‌كه مه‌رج‌و په‌یامه‌كانی خۆیان به‌پارتی بگه‌یه‌نن، كه‌پێده‌چو پارتی زۆربه‌یانی قبوڵ بكردیایه، چونكه روداوه‌كانی بادینان زۆر به‌خراپی به‌سه‌ریدا شكابویه‌وه‌و ده‌یویست هه‌رچۆنێك هه‌یه له‌پاڵ چاره‌سه‌ره ئه‌منیه‌كاندا گه‌مه‌ی سیاسیش بكات‌و ئه‌و ئیحراجبونه سیاسیه تێپه‌ڕێنێت، به‌ڵام یه‌كگرتو كه‌نه‌چوه گفتوگۆوه ئایا بیریان له‌به‌دیلی باشتر كردبویه‌وه؟ بێگومان نه‌خێر، چونكه ئه‌و به‌دیلانه‌ی تائه‌م ساته‌وه‌خته ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كات له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌دیل نین، به‌ڵكو برتیین له‌پینه‌كردنی سیاسی.
حاڵه‌تی سێیه‌م بریتی بو له‌وه‌ی كه‌پارتی گفتوگۆكه‌ی به‌جدی وه‌رگرت‌و ئاماده‌ش بو، رۆیشتنی مه‌سرور بارزانیش به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌و زانیاریه‌كانی ئێمه ئاماژه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بون‌و یه‌كگرتو ده‌یتوانی له‌و دانیشتنه‌دا ئه‌م ده‌رفه‌ته بقۆزێته‌وه‌و به‌قازانجی خۆی كۆتایی پێبهێنێ، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه بۆیكۆتكردنی دانیشتن له‌لایه‌ن یه‌كگرتوه‌وه، جگه له‌زویركردنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی، هاوكات پارتیشی خسته بیری ئه‌وه‌ی پاشه‌كشه له‌هاتنه پێشه‌وه‌كه‌ی بكات‌و كار له‌سه‌ر په‌راوێزخستن‌و پشتگوێخستنی بكات‌و به‌كرداریش كردی‌و سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و چركه‌ساته‌دا جگه له‌به‌جێهێنانی ئه‌ركی خۆی، له‌هه‌مانكاتدا گه‌یاندنی پامێكیش بو به‌یه‌كگرتو، چونكه هه‌موان به‌یه‌كگرتویشه‌وه چاوه‌ڕێی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بون، به‌ڵام بێ‌ئاگا له‌وه‌ی مه‌سعود باروانی به‌ر له‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌ریم بێت، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌و هه‌ر زویركردنێكی پارتی واته زویركردنی خودی ئه‌ویش، به‌تایبه‌ت كه‌كوڕه گه‌وره‌كه‌ی له‌شانده‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا بو، به‌ر له‌وه‌ی به‌شكاندنی شكۆی پارتی لێكدرابێته‌وه، به‌شكاندنی شكۆی مه‌سرور بارزانی لێكدانه‌وه‌ی بۆكرا. هه‌وڵی دوه‌می پارتی بۆبچوك كردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی روداوه‌كان بریتی بو له‌وه‌ی رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ یه‌كگرتو دابنیشنه‌وه، ئه‌وا له‌ئاستێكی بچوكی سه‌ركردایه‌تیدا به‌شداری ده‌كه‌ن‌و تائێستاش وه‌ك یه‌كگرتوی ئیسلامی خۆی رایگه‌یاندوه پارتی هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه بۆئاسایكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه‌ی بادینان.
شكاندنی شكۆی سیاسی عه‌لی باپیر..كاڵبونه‌وه‌ی هاوسۆزی هه‌وادارانی ئیسلامی بۆیه‌كگرتو
به‌ده‌مه‌وه‌نه‌چونی یه‌كگرتو بۆدانیشتن له‌گه‌ڵ پارتی دوای قبوڵكردنی ناوبژیوانی‌و ده‌ستپێشخه‌ری عه‌لی باپیر، چه‌نده پارتی نیگه‌ران كرد، هێنده زیاتر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیحراجكرد، تاگه‌یشته زویربونی‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی رونكردنه‌وه له‌لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك. له‌م روداوه‌دا یه‌كگرتو هه‌م هاوسۆزی سیاسی عه‌لی باپیر‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌ك هێزێكی ئیسلامی نزیك له‌خۆی‌و هه‌م هه‌وادار‌و لایه‌نگری ئیسلامی كوردستانیشی بۆخۆی كاڵكرده‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌روبه‌ندی سوتاندنی باره‌گاكانی له‌ئارادابو، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك په‌یوه‌ندی به‌و غروره سیاسیه‌وه هه‌یه، كه‌هێشتا هه‌ندێ به‌رپرسی یه‌كگرتوی به‌رنه‌داوه، له‌لایه‌كیتریشه‌وه هه‌وڵه‌كه‌یان به‌بچوك شر‌وڤه كرد، وه‌ك چۆن ئه‌ندامێكی پایه به‌رزی ئه‌و هێزه له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا بۆرادیۆیه‌ك رایگه‌یاندبو، كه‌ئه‌وان چاوه‌ڕێی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار بو، تاوه‌كو میانگیری ئه‌وان‌و پارتی بكات(وه‌كچۆن له‌رۆژانی رابردودا ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتو به‌خۆی‌و شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه سه‌ردانی ناوبراویان كرد‌و رایگه‌یاند، كه‌هه‌موان له‌ژێر سایه‌و فه‌رمایشتی ئه‌ودا ئاماده‌ن كار بكه‌ن‌و داوایشی لێكردبو كه‌رۆڵی میانگیری بگێڕێت له‌م روداوانه‌دا، به‌مانایه‌كیتر میانگیر بكات له‌نێوان ئه‌وان‌و پارتیدا). بۆیه بۆدڵدانه‌وه‌ی ئه‌میری كۆمه‌ڵ سه‌لاحه‌دین به‌هادینی ئه‌میندار به‌خۆی‌و شاندێكی به‌رزی مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه بۆدڵدانه‌وه سه‌ردانی نوسینگه‌ی عه‌لی باپیری كرد.
كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ نوخبه‌ی روناكبیران..یان په‌نابردن بۆكارتی سوتاو
یه‌كگرتوی ئیسلامی، كه‌هه‌ست به‌زه‌نبی خۆی ده‌كات، به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵه كوشندانه‌ی له‌سوتاندنی باره‌گاكانیه‌وه ئه‌نجامیداوه، تازه ده‌كه‌وێته په‌نابردن بۆكارتی سوتاو، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی دانیشتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی روناكبیر، گوایه بیروڕایان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی له‌كڵپه‌سه‌ندنی ئاگری باره‌گاكانیه‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی له‌و ساته‌وه‌خته هه‌ستیاره‌دا پرس به‌نوخبه‌ی ئه‌كادیمی‌و خوێنده‌وار بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌لایه‌ك له‌و سه‌ره‌تایه‌وه پشت به‌و نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوسانه ده‌به‌ستێت، كه له‌بری رێگه‌چاره نیشاندان، هێنده‌ی تر شه‌یپوری جه‌نگی بۆلێده‌ده‌ن‌و دۆخه‌كه توندتر ده‌كه‌نه‌وه(ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ش له‌كاتی خۆیدا پێویسته، به‌ڵام نه‌ك به‌پشتگوێخستنی ئه‌وانیتر). سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌یه‌كگرتوی ئیسلامی پرس ئه‌م نوخبه‌یه‌ش ده‌كات، بیروڕاكانیان به‌بیانوی درێژی ماوه‌كه‌ی‌و گونجانی له‌گه‌ڵ كاتی به‌رنامه‌كانی كه‌ناڵه‌كه‌یدا كۆلاج‌و مۆنتاژ ده‌كات‌و قسه‌ی هه‌ر كه‌سی به‌دڵ نه‌بێت بۆبینه‌ری كه‌ناڵه‌كه‌ی په‌خش ناكات(وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌رونكردنه‌وه‌ی رێبوار سیوه‌یلی دا هاتو‌وه‌و گله‌یی ئه‌وه ده‌كات له‌یه‌كگرتوی ئیسلامی).
دواجار…یه‌كگرتوی ئیسلامی ده‌بێت له‌م روداوانه‌دا چی بكات؟
ئه‌گه‌رچی یه‌كگرتو له‌م روداوانه‌دا دۆڕاو نیه، به‌ڵام ئه‌و براوه‌یه‌ش نیه، تاوه‌كو ده‌ستی خۆش خه‌یاڵی بخاته ژێر سه‌ری‌و پاڵی لێباته‌وه، چونكه ئه‌مه تاكه روداو نابێت روبه‌ڕوی ئه‌م هێزه ببێته‌وه له‌ئێستا‌و داهاتودا، به‌ڵكو سیاسه‌ت خۆی بۆخۆی بریتیه له‌چه‌تونی‌و موغامه‌ره، بۆیه هه‌نگاوی بنه‌ڕه‌تی بریتیه له‌دامه‌زراندنی سه‌نته‌ر‌و ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی توێژینه‌وه‌ی سیاسی، بۆئه‌وه‌ی له‌روداوێكی ئاله‌مه‌و هاوشێوه‌كانیدا به‌حزبه‌كه‌ی بڵێ ئاوا بكه‌و به‌م شێوازه بجوڵێره‌وه، نه‌ك به‌مه‌زاجی كه‌سه‌كان‌و عاتیفه‌و ئه‌زمون، كه‌دواتر قازانج سه‌ری مایه بخوات، چونكه ئه‌وه‌ی له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت، به‌مانا سیاسیه‌كه‌ی سیاسه‌تكردن نیه، كه‌له‌رێگه‌ی ناوه‌ند‌و سه‌نته‌ری دیراساتی زانستی‌و سیاسیه‌وه بێت، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكن ده‌ستیان به‌رزكردۆته‌وه، تاوه‌كو به‌رپرسه‌كه‌یان له‌رێگه‌ی ده‌ستهێنان به‌سه‌ر پشتی قۆریه‌كه‌یدا عه‌لی بابایان بۆده‌ربهێنێ‌و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات.
سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
مامۆستای زانكۆ‌و قوتابی دكتۆرا- زانكۆی سلێمانی.
Salam_80jornalist@yahoo.com
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته بریتیه له‌راپۆرتێكی شیكاری ئێمه كه له‌ژماره(184) گۆڤاری (لڤین)دا بڵاوبۆته‌وه.