
سه‌به‌ته‌یه‌ک شیلک….. شاخه‌وان که‌ریم
1
ئه‌ستێره گیان، ژیان جگه له ئاماده‌بوونی هه‌تاوی به‌یانیان له باخچه و سه‌به‌ته‌یه‌ک شیلک، که ئاوی دێراوه‌کان ساردی کردوون، زۆر شتی تریش بوو. ژیان ته‌نها خواردنه‌وه‌ی شه‌ونمی سه‌ر گه‌ڵاکان نه‌بوو ئه‌وده‌مانه‌ی کۆتره‌کان تینوون. ژیان حیکایه‌تی ناو کتێبه‌کانی تێپه‌ڕاند.. ژیان، سه‌رهه‌ڵبڕینی سه‌ربازه لاوه‌کان بوو له خه‌نده‌قی جه‌نگه ئابڕووبه‌ره‌کانی مرۆڤدا.. ژیان نه‌یتوانی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی مێژوو بداته‌وه. به‌م دووایه ژیان بۆ مرۆڤ کورتی هێنا. بۆنی برسێتی له هه‌ناسه‌مان ده‌هات وه‌ک بۆنی ئاگری خامۆشکراو له‌ناو ماڵه‌کانماندا. ئایۆنه‌کانی ژیان گۆڕان.. ژیان له بنه‌مادا که چێژبوو گۆڕا و بووه ده‌رد و نه‌خۆشی و بووه په‌تای به‌ر پێنه‌گیراو. ژیان کۆچی بێئاکامی به مرۆڤ کرد.. ڕه‌زی گه‌وره گه‌وره‌ی سوتاند و ڕێگه‌ی به جینۆساید ده‌دا به‌هه‌زار شێوه خۆی تاقی بکاته‌وه.. ژیان له باخه گه‌وره‌کاندا ئومێدی ده‌به‌خشیه‌وه تا دواتر بتوانێت بێ ئومێدمان بکات.. ڕه‌گه‌زه‌کانی ژیان بوونه ژه‌هری بێ ده‌وا.. ژیان سه‌ری پژاوی بێ غودده‌ی سه‌ربازێکی دونیا نه‌دیوه له شه‌ڕی نێوان ده‌ڵاڵه‌کانی نیشتیمان‌دا.. مۆڵه‌تی سوتاندنی کتێبخانه‌کان، ژیان بوو.
ئه‌ستێره گیان تۆ به‌م قه‌ڵه‌م بۆیانه‌ی منداڵیته‌وه وێنه‌ی ژیانت پێناکێشرێت، ژیان ڕێگه نادات که‌س له ئاوی ئه‌و توونێتی بشکێت.. چۆن ده‌توانیت به نه‌خۆشی منداڵێک ڕابگه‌یت و وێنه‌ی ئه‌و ورده ماسییانه‌شت بیرنه‌چێت، که ماسیه گه‌وره‌کان له ده‌رفه‌تی خوردنیان ئه‌گه‌ڕێن!.. نا، ئه‌ستێره گیان نا‌توانیت وێنه‌ی ئه‌و هه‌موو سه‌ربازه کوژراوانه بکێشیت که له سه‌رکه‌وتن جێ‌مان.. نا‌توانیت ده‌فته‌ری نۆته‌ی مۆسیقاکان کۆبکه‌یته‌وه تا نه‌سوتێن.. نا‌توانیت دونیا له وێنه‌یه‌کدا ڕزگار بکه‌یت به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت کۆلاره‌که‌ی داراشت بیر بچێت که له‌وانه‌ی دووه‌می کوردی‌دا هه‌ڵیدا بۆ ئاسمان.. نا‌توانیت، چونکه ژیان ده‌رفه‌ت نادات تا ئه‌وسه‌ری شه‌قامه‌که به یه‌ک خه‌یاڵ وێنه بکێشیت.
ئه‌ستێره گیان، له گوناهبارکردنی من بێ ئومێد نابیت، به‌ڵام ژیان له وه‌رزی کڕێوه و له سه‌ر خاکی سه‌هۆڵبه‌ندان که‌س ناکاته ژووره‌وه… تۆ به‌م بارستاییه گه‌وره‌یه‌ی خۆته‌وه هێشتا له‌وه تێناگه‌یت، که ڕه‌نگه ژیان ئه‌ونه گه‌وره‌ش نه‌بێت، که ئێمه خۆمان له ناودا مه‌ڵاس داوه. ئه‌ستێره گیان، ژیان هێنده‌ی تۆ ده‌ستی به‌سه‌ر باڵه‌شکاوه‌کانی مندا نه‌هێناوه.. ژیان هێنده‌ی تۆ برینی منی نه‌به‌ستووه و هێنده‌ی تۆش کاتی به قه‌رز نه‌دامێ.. ئه‌وه‌ی که پێناسه‌ی تۆ له کتێبه‌کاندا نیه، سایه‌ی تۆیه له ڕۆحی ونبووی مندا.. میهری بێ سنوری ژنه له ده‌فته‌ری سه‌ربازه کوژراوه‌کانی جه‌نگدا. ئه‌وه‌ی که ژیان هێنده بچوک بۆته‌وه، ئه‌وینی گه‌وره‌ی تۆیه. ئه‌وه‌ی که ژیان به‌شی هیچ ناکات، چاوه‌ڕوانی بێ مه‌ودای تۆیه بۆ نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌یه‌ک که به‌یانیان دره‌نگ له خه‌و هه‌ڵده‌ستێت و دره‌نگ دێته به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌ی تۆ و دره‌نگ ده‌گات و دره‌نگ ده‌گات و دره‌نگ ده‌گات.. سه‌یرکه ئه‌ستێره گیان، تۆ به‌تاقی ته‌نیا ژیانت چه‌ند بچوک کردۆته‌وه!..تۆ به‌تاقی ته‌نیا چه‌نده ده‌ره‌قه‌تی ژیان هاتوویت!.. تۆ به‌تاقی ته‌نیا چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ژیان گه‌وره‌تر ئه‌نوێنیت! تۆ به‌تاقی ته‌نیا ژیانت یه‌خسیرکرد.. تۆ به‌س خۆت و به ته‌نیا ژیانت به‌سته‌وه و ناچارتکردووه له‌سه‌رت بووه‌ستێت تا قاپه‌کان ئه‌شۆیت.. تا میوه‌ی ناو سه‌به‌ته‌کان به‌تاڵ ئه‌که‌یت و ئینجانه‌ی گوڵه‌کان ئاو ده‌ده‌یت، که‌چی هێشتا له‌وه تێناگه‌یت که وێنه‌ی ژیان به‌م قه‌ڵه‌م بۆیانه‌ی منداڵیت ناکێشرێت.. تێناگه‌یت ژیان له شوێنێکی تر منی به‌ستۆته‌وه و تۆڵه‌ی ئه‌و ڕستانه‌م لێده‌کاته‌وه که له‌باخی گشتی ده‌رباره‌ی ژیان به‌تۆم ووتووه.. تۆڵه‌ی ئه‌و ساتانه‌ی که فرمێسکی تۆم تیادا ئه‌سڕی.. تۆڵه‌ی ئه‌و دروشمانه‌م لێ ئه‌کاته‌وه، که دژی ئه‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌ده‌نگی به‌رز ئه‌منووسین.. تۆڵه‌ی ئه‌و شانۆیانه‌ی که دژی ئه‌و نمایشم کردوون.. تۆڵه‌ی ئه‌و زه‌بره‌ی که ئه‌وینی تۆ به دڵی ژیانی گه‌یاندووه.. ده‌ی ئه‌ستێره گیان، خێراتر زه‌خره‌فه‌ی ژیان ساده‌تربکه‌ره‌وه، ده‌نا ژیان ده‌گاته سه‌ر باخی خه‌ونه‌کانمان و به‌تاوانی خه‌ونبینین ئه‌مان سوتێنێت.. ئه‌ستێره گیان، ئه‌گه‌ر ژیان ده‌ستی له بینه‌قاقامان گیر ببێت، ئیتر ناکشێته‌وه تا کافرمان نه‌کات.. تا خنکاندنمان ده‌ستی لانادات.. وایی ژیان چه‌ند ترسناکه.
ئه‌ستێره گیان، ژیان بڕوای به گوندێک نیه که به‌یانیان باڵنده‌کان سه‌رنه‌بڕن و ئێواران کاریله‌کان نه‌برژێنن.. ژیان وه‌ک ده‌رد به‌ناو ده‌ماره‌کانی ئێمه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه.. ئێستاش وێنه‌که‌ت بکێشه و ئاگات له ژوانی جوانی بێت، که ده‌بێت تۆ ڕزگاری بکه‌یت له‌م په‌تای ژیانه.. وێنه‌که‌ت بکێشه و له‌کاتی گۆڕینی ڕه‌نگه‌کاندا سه‌ر به‌رز بکه‌ره‌وه و پێکه‌نینه‌کانتم پیشانبده، منیش فێرکه چۆن ژیان بچوکتر بکه‌مه‌وه.. ئه‌م هه‌موو هه‌سته ترساوانه‌ی خۆمم بۆ بگۆڕه‌وه به خه‌ونی گه‌وره‌تر له ژیان.. ئه‌م لێوه‌له‌رزه‌یه‌ی من کۆتایی پێ بهێنه.. ئه‌ستێره گیان، له ناو ئه‌م ده‌ورانی جه‌نگه‌دا ژیان برینی که‌سی نه‌به‌ستووه و من و تۆش چاوه‌ڕوانی ژیان ناکه‌ین.
ئه‌ستێره گیان، ژیان وه‌ک نه‌خۆشێک ڕقی لێمه.. پێی سه‌یره که عیشقم بۆ شیلکێک هه‌یه و بۆ ئه‌و نا.. ژیان سه‌ری ژان ئه‌کات که پێی ده‌ڵێم شیلک تامی خۆشه و ئه‌و نا.. ئه‌ستێره‌گیان، وێنه‌یه‌کی منیش بکێشه.. وێنه‌ی کوڕێکی سیسکۆس که تا ئێستاش تارماییه‌که‌ی به کۆڵانه‌کانی شاردا بێ ئامانج ئه‌سوڕێته‌وه، وێنه‌ی کوڕێک که له‌پڕ په‌رداخی شه‌ربه‌تی ئاینده‌ی له‌ده‌ست ده‌که‌وێت.. وێنه‌ی ئه‌و کوڕانه‌ی که له‌سه‌ده‌ی بیستویه‌کدا به‌دوای سارته‌ردا ده‌گه‌ڕێن و له‌پڕ ده‌که‌ون به‌سه‌ر نمایشه‌کانی چارلی چاپلندا و بۆ ساتێک پێکه‌نینیان دێته‌وه یاد.. وێنه‌ی من .. وێنه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئیقاعی ماچ.. ماچێک به‌تامی شیلک.
2
ناوت چیه کچێ..
بۆم بڵێ..
گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ ته‌عبیر له من بکات.. گۆرانیه‌ک، که عه‌تری خۆتت لێدابێت… گۆرانیه‌ک برینم ببه‌ستێت و ئاو بکات به‌ده‌م ئه‌م کۆتره کوژراوانه‌ی منه‌وه.. گۆرانیه‌ک له ڕه‌نگی چاکه‌ته‌که‌ی به‌رت، له ڕه‌نگی سوراوه‌که‌ت، له ڕه‌نگی بۆیه‌که‌ی نینۆکتم بۆ بڵێ.. گۆرانیه‌ک له بۆنی قژت، له هه‌ناسه‌ی خۆت. گۆرانیه‌ک، که باس له من بکات.. گورانیه‌کی غه‌ریب، که بریسکه‌ی بێت وه‌ک بریقه‌ی قۆنه‌ره‌کانت، به‌ڵام به‌هێز وه‌ک ده‌نگی شکاندنی شوشه‌ی چاره‌که عه‌ره‌قێک، که تووند ئه‌یکێشم به بێده‌نگیمدا.. گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ، که تا ئه‌وبه‌ری ژیان بۆ که‌س نه‌وترابێت، که تا ئه‌وبه‌ری بوون که‌س بۆ که‌سی نه‌وتبێت تۆ نه‌بێت که بۆ منی ده‌ڵێیت.
ئه‌ستێره گیان، چه‌ند له مێژه گۆرانیت بۆ نه‌ووتووم!.. گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ تا چاوم دابخه‌م و ئیتر بمرم، ئاخر تۆ گۆرانی نه‌ڵێیت من چۆن بتوانم دونیا به‌م ده‌رد و ئافاته گه‌ورانه‌وه به‌سه‌ر تۆدا به‌جێبهێڵم و بمرم؟ نا ئه‌ستێره گیان، تا تۆ گۆرانی نه‌ڵێیت من ناتوانم چرای دڵم بکوژێنمه‌وه و بمرم و بێ خه‌م بم له‌م ئاگره گه‌وره‌یه‌ی ژیان بۆ مرۆڤی کردۆته‌وه. ده‌ی ئه‌ستێره گیان.. گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ و با بڕۆم. گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ، که باخه‌که‌مان ژیرکاته‌وه، که منداڵانی گه‌ڕه‌ک دڵخۆش بکات، که ئاو له دڵی کانی بێنێت، که هه‌تاو فێر بکات له په‌نجه‌ره بدات ئینجا بێته ژووره‌وه. گۆرانیه‌ک، که ئێواره باوکم هاته‌وه بۆنی بکات وه‌ک بۆنی بغورد له ئێواره‌ی مه‌راسیمی یادی میعراج. گۆرانیه‌ک تا ئه‌به‌د به دوونیادا بگه‌ڕێت و ببێته ئه‌دره‌سی وێڵگه‌ڕی من… گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ هێنده‌ی ڕوناکی مۆمێک ڕووناک بێت که له شه‌وی به‌راتدا من له‌سه‌ر دیواری حه‌وشه‌که‌مان دام ده‌گیرساند، گۆرانیه‌ک که له شیعره‌که‌یدا شاعیر گۆێی به فاریزه و خاڵبه‌ندی نه‌دابێت و ته‌نها خه‌یاڵی نووسیبێته‌وه، گۆرانیه‌ک له مۆسیقای ده‌نگی خۆت.. ده‌ی بۆم بڵێ، گۆرانیه‌ک وه‌ک بارینی به‌فر له شه‌ودا پڕ بێت له دۆستایه‌تی.. وه‌ک بارینی شه‌ونم له به‌ره‌به‌یانی باخدا لێوڕێژبێت له سۆز.. وه‌ک نیشتنه‌وه‌ی که‌و له‌سه‌ر به‌فری باریووی به‌یانیان پڕبێت له ناز و مه‌کری سروشت، وه‌ک ده‌نگی کوختیه‌کی بریندار له نیوه‌ڕۆی هاویندا غه‌مگین. گۆرانییه‌ک، به‌دڵ بیڵێ وه‌ک هاتنی خۆت بۆ ناو هۆڵی کۆمپیوته‌ر و وه‌ک هاتنی خۆت بۆ باخچه‌ی گشتی، به دڵ بیڵێ. گۆرانیه‌ک ڕه‌ها وه‌ک مانای په‌پوله له باخدا. گۆرانییه‌ک هێنده‌ی گه‌ڵای به شه‌ونم خوساوی پڕته‌قاڵ حه‌مامی بێت. گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ هێنده‌ی مه‌ودای نێوان په‌روانه و شه‌م پڕبێت له باسوخواسی عیشق. گۆرانییه‌ک وه‌ک خۆت شه‌ڵاڵ بێت له جوانی…. ئه‌ستێره گیان، بێ زه‌حمه‌ت گۆرانیه‌کم بۆ بڵێ له‌سه‌ر ڕیتمی ماچ .. به‌تامی شیلک.
3
ئه‌ستێره گیان.. ئێمه له ماتماتیکی ئه‌و گۆرانیانه سه‌ر ده‌ردێنین که مردن کاڵیان ناکاته‌وه. له نهێنی عه‌تری چانێڵ تێده‌گه‌ین. له مه‌کته‌ب له ده‌رسی فیساگۆرس ده‌رچوین. نیوتن و داینمان خوێندووه و یاساکانی ئاڤۆگادرۆشمان ڕه‌وانکرد.. هه‌موومان سه‌رده‌مانێک هه‌موو یاساکانی ڕێزمان و بیرکاری و فیزیامان تاقی کرده‌وه، جه‌نگمان خوێند.. له نیه‌تی په‌نهانی شیعر تێگه‌یشتین.. خوێندنه‌وه‌مان بۆ نیگا کرد و خه‌ونمان شیکرده‌وه و که‌چی له‌م کوشتاره حاڵی نه‌بووین.. له‌تاو ته‌نافی گه‌ردنی له‌علییه‌کانی گه‌ڕه‌ک سه‌رمان دایه ئازار.. تێ نه‌گه‌شتین له تلکردنه‌وه‌ی ژن بۆ ناو دۆڵی جه‌هه‌نه‌می که‌لتوور.. له نهێنی سه‌ربڕینی ژن و له گولله بارانکردنیان تێنه‌گه‌شتین. ئه‌ستێره گیان، ئێمه له سڕی ئه‌م کوشتاره گه‌وره‌یه‌ی ژن تێناگه‌ین.. نهێنی ئه‌نفالکردنی بۆنی مێخه‌کی ژن له ناو شاره دڵڕه‌قه‌کانی ئاسیادا وه‌ک هیچ نهێنیه‌کی تر نه‌بوو.. ئه‌وه چ شه‌هوه‌تێک بوو که چه‌قۆ له سه‌ر گه‌ردنی بلوری ژن ڕشتی! ئه‌وه چ کوفرێک بوو ژنیان بۆ قوربانی تاقی کرده‌وه.. چ وه‌حشه‌تێک بوو ئه‌و هه‌موو کچه‌یان بۆ هه‌وه‌س سوتاند!.
ئه‌ستێره گیان، شیعری کامه‌یانت بۆ بخوێنمه‌وه؟ باسی کام دیمه‌نانه‌ی ژیانت بۆ بکه‌م که ژیان وه‌ک قه‌سابخانه پڕه له جه‌للاد.. چیت بۆ باسبکه‌م، که ژیان شه‌ڵته‌ی دێت له خوێنی ژن‌دا.. گۆشتی ژن له بازاڕی گۆشتفرۆشه‌کان ئه‌فرۆشرێت.. ئه‌ته‌وێت له هاوڕه‌گه‌زه‌کانی خۆت چیت بۆ بگێڕمه‌وه، که ژیان گه‌وزاوه له خوێنی خوشکه‌کانتا!.. به‌دیار ڕووناکی کزی کام حیکایه‌ته‌وه دانیشتوویت؟ ئه‌ته‌وێت کام نسکۆی ژن باسبکه‌م؟ له حه‌واوه بیگره، که به هه‌زار و یه‌ک ئایه‌ت گوناهبارکرا تا مه‌ریه‌می پیرۆز و تا دوعا ده‌سته‌خوشکی تۆن، من له ته‌رمی کوژراوی کامیان بدوێم؟ شاهیدی زینده‌به‌چاڵ کردنی هه‌زار کۆتری مێینه‌م که به هه‌زار پیاو گۆڕیان بۆ جه‌سته‌ی زیندووی ژن هه‌ڵده‌که‌ند و ئاگریان بۆ کچانی گه‌ڕه‌کێک ئه‌کرده‌وه.. باسی کام ته‌قه‌ی سیلاح و کام چه‌قۆ و کام پلان و کامه ژن کوژیت بۆ بکه‌م.. ژنه‌کانی ئێره‌یان کووشت، وه‌ک کوشتنی ئیمان له‌سه‌ر به‌رماڵی نوێژ، کوشتیانن.. ئه‌ستێره گیان، من ژنم دیوه وه‌ک ته‌بیعه‌تی گوڵ وه‌رزێک له به‌رهه‌یوانی ماڵێکی نسرم ژیا و ئیتر هه‌ڵوه‌ری و ده‌نگی پێیمان نه‌بیست.. ژن هه‌بوو گۆرانی له قوڕگی گیراوه و خنکاوه. ژنگه‌لێکی دی شیعر تا سه‌ر کورسی سێداره‌ی بردوون. ژنم دیوه وه‌ک به‌فر باریوه و تواوه‌ته‌وه و ووشه‌یه‌کیشی نه‌ووت.. ژنگه‌لێک جگه له ئاوی سازگاری کانی که‌س ده‌ستی نه‌دیبوون و کوژران.. ژنم دیوه وه‌ک ئێواره‌ی هاوین دڵگیر و وه‌ک هه‌تاوی زستانان غه‌ریب، ئه‌ویشیان کوشت.. ژنم دیوه له مه‌نجه‌لیقه‌که‌ی ئیبراهیمدا سوتاندیان و ڕێکخراوه‌کانی ژنانیش هاتبوون وێنه‌یان لێ ده‌گرت بۆ جه‌ریده. ژنم دیوه له‌ژێر ده‌می چه‌قۆ هه‌ڵهاتووه بۆ به‌رده‌م ڕێکخراوی پاراستنی ژنان و که‌چی ئه‌وان به فیشه‌ک کوشتیان.. ژنم دی به‌ته‌نافی جله‌شۆراوه‌کاندا هه‌ڵواسرابوو، هێشتا که‌فی سابوون به په‌نجه‌کانیا ئه‌هاته خوار. ژنم دیوه به چه‌قۆی قسه دڵیان ده‌رهێنا. ژنم دیوه سه‌ریان بڕیوه و خوێنی لێ نه‌هاتووه. ژنم دیوه کراوه به ئالیکی ووڵاخ. ژنم دیوه کراوه به مۆم و که‌چی که‌س ڕوناکیه‌که‌ی نه‌بینی. ژنم دیوه ڕووت کراوه‌ته‌وه تا بیسه‌لمێنن پیاو نیه و ده‌ریکه‌ن له ژیان. ژنگه‌لێکم دی که ده‌ستیان بۆ ئه‌بردن ئه‌بوونه غوبار و ته‌م و دوکه‌ڵ و ڕۆئه‌چوون و نه‌ده‌مان. ژنگه‌لێکم دی به‌گۆرانی ئه‌یان هێنانه سه‌ر گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی ژن و هه‌ر به گۆرانی زینده‌به‌چاڵیان ده‌کردن. هه‌زاران ژن هه‌یه کوژران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌یانووت نا.. هه‌زاران ژنیشیان کوشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ووتیان به‌ڵێ.
ئه‌ستێره گیان، ته‌رمی ژنم دیوه ئاگری سه‌ر جه‌سته‌ی کوژابووه‌وه و دوکه‌ڵی غه‌مگینی لێ هه‌ڵده‌ستا. ته‌رمی ژنم دیوه، وه‌ک سێوێکی سور بریسکه‌ی ئه‌هات له نوری حه‌ق. ته‌رمی ژنم دیوه له کونی فیشه‌کاکانی سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه سه‌ناریا سه‌وز بووبوو. ته‌رمی ژنم دیوه، پڕ ده‌ستی بووه له نێرگزی هه‌ڵپڕوکێنراو. ته‌رمی ژنم دیوه نیوه‌ی له ئاگردا ئه‌سوتا و نیوه‌که‌ی تری نووستبوو. ژنم دیوه له ئاو سارد تر بوو که‌چی ئاگریان کرد به‌سه‌ریا. ژنی ڕه‌جم کراوم دی له دوای کوژرانی به‌خوێن و برینه‌وه هه‌ستایه‌وه‌و خۆڵی سه‌ر کراسه‌که‌ی ته‌کاند و هیچی نه‌ووت… سه‌یری که‌سی نه‌کرد..
ژنه‌کان ئه‌یانزانی جه‌للاده‌کانیان کێن.. ژنه‌کان دڵساردترین قوربانی بوون.
ئه‌ستێره گیان، من ئه‌مبینین، ئه‌و ژنانه‌م ئه‌بینی، که ڕایان ئه‌کێشانه سوچی کوشتنه‌وه، ئه‌و ژنانه‌ی خوێنیان ده‌وای ده‌ردی ده‌روونی پیاو بوو، ئه‌مبینین.. له‌مسه‌ره‌وه ژنێکیان به باوه‌شێک نوره‌وه ئه‌برد و له‌وسه‌ره‌وه مشتێ گه‌ڵای وه‌ریووی دار بییه‌کیان ئه‌هێنایه‌وه.. له‌مسه‌ره‌وه ژنێکیان به کۆڵێ ئیمانه‌وه ئه‌برد و له‌وسه‌ره‌وه له‌شی سوتاوی چۆله‌که‌یه‌کیان ئه‌هێنایه‌وه.. من ئه‌مبینین.. له‌مسه‌ره‌وه ژنێکیان پڕ ئه‌کرد له بارووت و له‌وسه‌ره‌وه بۆ جه‌ژنی سه‌ری ساڵی نوێ ئه‌یانته‌قانده‌وه.. من ژنه‌کانم ئه‌بینی.. ئه‌وان له‌کانی بوون.. گۆزه‌ی پڕ له‌ئاویان به‌سه‌ر شانه‌وه بوو.. ئه‌وان له باخ و له کانی و له ڕه‌ز ئه‌هاتنه‌وه و که‌چی نیشانه‌یان لێ ئه‌گرتنه‌وه.. به سه‌لیقه‌ی جه‌نگه خوێناویه‌کان تیریان به سنگ و ده‌ستی ژنه‌وه ده‌نا.. من ژنه‌کانم ئه‌بینی.. ئه‌وانیان کوشت وه‌ک کوشتنی کۆتر له ده‌می فڕین‌دا.. وه‌ک کوشتنی که‌و له کاتی گۆرانی ووتندا، وه‌ک له‌خاچ دانی مه‌سیح.. ژنه‌کان بێ‌تاوان کوژران. من ژنه‌کانم ئه‌بینی.. ئه‌ستێره گیان، من ئه‌وانم بینی که ته‌نها و بێ نه‌وا به‌سه‌ر زه‌ویدا بڵاو بووبوونه‌وه و له هه‌ر کۆڵانێک و له هه‌ر شه‌قامێکدا یه‌کێکیان به دارتێلێکدا هه‌ڵواسرابوو، باران له‌شی کوژراوی ئه‌وانی ئه‌شۆرده‌وه، هه‌تاو قژی ژاکاوی ئه‌وانی شانه ئه‌کرد، خواش غه‌مگینی ئه‌وان بوو..
ئه‌ستێره گیان، خه‌ڵکی شارێک ده‌ستیان له خوێنی ژندایه.. له‌وێ که‌س نیه ڕۆژێک چه‌قۆی هه‌وه‌سی خۆی نه‌دابێ له سه‌ر دڵی ژنێک و هاواری نه‌کردبێت به‌سه‌ر بێ ده‌نگی ژن‌دا.. ئه‌و ژنانه‌ش که له مردن ئه‌گه‌ڕانه‌وه بوون به پیاو… ژنه‌کان ئه‌گریان به‌سه‌ر ده‌ست و لاقی هه‌ر پیاوێکدا که ماره‌یان بکات له شه‌ره‌فی خۆی.. له‌وێ هیچ ژنێک نه‌بوو هاتبێته به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که‌ی خۆی و فیشه‌کێک نه‌نرابێت به‌سه‌ریه‌وه.. ژنێک نیه که ئه‌به‌ده‌ن که‌س تانه‌ی لێ نه‌دابێت، که‌س پێی نه‌وتبێت بێ شه‌ره‌ف، که‌س پێی نه‌وتبێت به‌ره‌ڵا.. هیچ ژنێک نیه ژنبێت و زه‌بری غه‌دری به‌رنه‌که‌وتبێت..
ئه‌ستێره‌گیان، ئه‌بێت ئه‌م باخی شیلکه‌ی تۆ به‌رهه‌می ته‌رمی کامه ژنی کوژراوبێت.. ئه‌بێت ئه‌م عه‌تری شیلکه‌ی تۆ هه‌ناسه‌ی کام مه‌ریه‌مه بێت!! ئه‌بێت ئه‌وده‌مه‌ی پڕ ده‌ممان ئه‌بوون له شیلک، کۆتری نیازی کام دوعا به‌ردبارانکرابێت.. ئه‌ستێره گیان، ته‌نانه‌ت ئه‌بێت سه‌به‌ته‌ی هه‌ڵڕژاوه‌ی ئه‌و کچانه‌ش کۆبکه‌یته‌وه که له‌باخه‌کاندا کوژران.. ئه‌بێت میوه‌ی پێکه‌نینه‌کانی ئه‌وانیش بخۆیت و ڕۆژانی هه‌ینی گوڵ له‌سه‌ر گڵکۆکانیان دابنێیت و له‌ئانی پێکه‌نیندا یادی ئه‌وانیشت بیرنه‌چێت، چونکه ئه‌وه عه‌تری یاده‌وه‌ریه‌کانی ئه‌وانه که ژوانی ئێمه پڕده‌که‌ن له به‌رامه‌ی ئه‌و ماچانه‌ی پڕن له تامی شیلک.
4
ئه‌ستێره گیان، ڕوناکی تۆ به‌شی هه‌موو ماڵه‌کان ناکات.. ئه‌م کانیله خۆڕسکانه‌ی تۆ ده‌شتی به‌راوی ئه‌م گوندنشینانه ئاونادات.. تاوانی تۆنیه که گیا زه‌رده و دونیا له بێده‌نگیدا خنکاوه.. گوناهی من و تۆ نیه، که هه‌وا ژه‌هراویی بووه.. ئه‌مه خه‌ونی ئێمه نه‌بوو.. ژیان مه‌کینه‌ی مردنه و هه‌تاو ده‌غڵه‌کان ئه‌سوتێنێت.. من و تۆ چی ڕزگاربکه‌ین، که خۆمان دوو سه‌رنشینی ماندووین.. ئه‌بێت له زمانی دونیاوه به وه‌رزه‌کان بڵێین دره‌نگ هاتوون.. به به‌یانی بڵێین دره‌نگه.. به باران بڵێین، دره‌نگ هاتیت باران.. بارین به‌سه‌ر قه‌د و باڵای مردووی دره‌خته‌کاندا، جگه له خۆماندوو کردن هیچی لێ سه‌وز نابێت، دره‌نگ هاتیت.. منداڵان به حیکایه‌ته‌کانی حاجیانی به‌ر مزگه‌وت گه‌مه‌یان دێت، تۆ ئه‌ته‌وێت به‌م قات و بۆینباخه‌وه چی له مانای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان بگۆڕیت؟ .. پێی بڵێین، ژیان به‌س بۆ ئه‌وه باشه میزی پیابکه‌یت، نه‌ک به نووری خۆت داکه‌یت به‌سه‌ر ئه‌م ته‌رازووه غه‌شاش و لاسه‌نگه‌ی ژیاندا.. به باران بڵێین، جانتاکه‌ت هه‌ڵگره و بڕۆ.. نه‌کا دواکه‌ویت له شتێکی تر.. بڕۆ و که‌س باکی به فیداکاری تۆ نیه، دره‌نگ هاتن وه‌ک به‌هه‌ڵه هاتن وایه.. ئه‌بێت به باران بڵێین، ته‌رمی گه‌رێلاکانیان ناشتووه.. ئاسمان لێره کۆکراوه‌ته‌وه ناو جانتای سیاسه‌ت، ماڵی ئێوه له‌م گه‌ڕه‌که، له‌م شاره، له‌م ووڵاته، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌سه‌ره‌یه نه‌ماوه.. دره‌نگ هاتیته‌وه باران.. بڕۆ تا له شتێکی تر دوانه‌که‌وتوویت.
5
ئه‌ستێره گیان، که لێم تووڕه ئه‌بیت، شانشینی ئه‌م باخه په‌ژموردانه‌ی جوانی مه‌که به‌گژما.. له سێبه‌ری دره‌خته زه‌رده‌کانی ئه‌م به‌هاره نامۆیه‌ی ته‌مه‌نمدا جۆلانه‌ی نائارامیم بۆ هه‌ڵمه‌خه.. به‌تریفه‌ی مانگ مه‌ڵێ ڕێگه به سۆمای ئه‌م فانۆسه کزه‌ی من نه‌دات. له‌خوا مه‌پاڕێڕه‌وه زه‌وی به منه‌وه نغرۆبکات.. ئاگر ڕامه‌سپێره. که لێم توڕه ئه‌بیت، بیرت بیت ئینجانه‌ی ئه‌م دڵه‌شکاوه‌م نه‌کێشیت به‌زه‌ویدا، نه‌کا به‌رسیله‌ی هیوای ناو ده‌ماره‌کانی من بڕژێنه ناو ئه‌م کلۆره گه‌ورانه‌ی خاکه‌وه. که لێم توڕه ئه‌بیت گوڵه‌کانت فێرمه‌که چه‌مه‌ڵه‌م لێبنێن.. من خۆم ئه‌چمه‌وه ناو تابلۆکان و له دیواره‌کاندا داده‌نیشم، من خۆم ئه‌چمه‌وه ناو زه‌خره‌فه‌ی کاشیه‌کان.. من خۆم ئه‌چمه‌وه ناو قوتووی موروه‌کانت.. ئه‌چمه‌وه ناو جانتای سوراوه‌کانت و خۆم له به‌رچاوتا وون ئه‌که‌م، ئه‌وکاته‌ی تامی سێوه حه‌رامه‌که‌ی ئاده‌مم پێناکرێت و حه‌وای ناو بیانووه‌کانی تۆش به‌سه‌رما هاوار ئه‌کات.. ئه‌و کاتانه‌ی ناتوانم له‌م قڵیشه ترسناکانه‌ی که‌لتووره‌وه خۆم فڕێبه‌مه ناو تانه‌ی ژنانی گه‌ڕه‌ک که نازانن نیازیان به قاوه‌گرتنه‌وه چیه.
ئه‌ستێره گیان، ئه‌وسا به مه‌کری هه‌زار بیانوو به‌دوای تۆراندا ئه‌گه‌ڕایت تا نانێک به‌یه‌که‌وه بخۆین، ئێستا تۆران خاڵی کۆتایی هه‌موو ڕسته‌کانه.. هه‌موو ڕێگاکانت کردووه به هه‌ڕه‌شه، شه‌ڕه‌کانت ئه‌که‌یته ناو چای به‌یانیانه‌وه، نیوه‌ڕوان به‌رماڵی ئاشتی کۆده‌که‌یته‌وه و به سه‌لیقه‌کانی شه‌ڕ یاری له‌گه‌ڵ هه‌مووشتێک ئه‌که‌یت.. هه‌موو شتێک بووه به ده‌رفه‌تێک بۆ تۆران.. ئه‌ستێره‌گیان، هێواشتربه، که تووڕه ئه‌بیت، جگه له ته‌نیا کردنم، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی تریشم لێبکه.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک به دڵی خۆت.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک که ئاوی دڵت بدات، که ئاگری ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه‌ی تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م سوپا ده‌ست و پێ سپیانه‌ی مندا بگۆڕێته‌وه به مێزێک و دوو په‌رداخ شه‌ربه‌تی هه‌نار.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک به پێچه‌وانه‌ی نیازی ناو هه‌ڕه‌شه‌کانی مێژوو.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک جیاوازتر بێت له هه‌ڕه‌شه‌ی ناو چیرۆکه‌کان.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک لێوڕێژ له میهر.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له بارینی به‌فر نیانتربێت.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک به زمانی چۆله‌که‌کان.. هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک که زووڵمه‌تی نێوانمان بگۆڕێته‌وه به ڕووناکی ماچێک له‌سه‌ر ئیقاعی ترپه‌ی دڵی خۆمان.. ماچێک له‌سه‌ر ڕیتمی ئه‌ی به‌لار و به‌لاری ناو گۆڕانیه‌کان.. ماچێک به‌تامی شیلک.
6 و ژماره‌کانی تر..
ئه‌ستێره منی به شته‌کانمه‌وه بیرچوویه‌وه.
ئه‌ستێره گیان، تۆ منت بیرچۆته‌وه.. تۆ ئه‌و به‌یانیانه‌ت بیرچۆته‌وه که په‌نجه‌ره‌م ئه‌کرده‌وه له نه‌سیمی تۆ و ئینجانه‌ی گوڵه‌کانتم ئاو ده‌دا و کۆڵانێکم بۆ هاتنی تۆ ئاوڕشێن ئه‌کرد.. تۆ ئێواره‌کانی منت له‌یاد کردووه.. تۆ ڕێگاکانی منت بیرچۆته‌وه، که پڕم کردبوون له نیگای به‌یانی.. تۆ شه‌وگاری منت بیرچۆته‌وه که لێوڕێژ له حیکایه‌ت ئه‌ستێره‌م بۆ داده‌گیرساندیت و بۆ کۆتایی چیرۆکه‌کانم پرسم پێده‌کردیت تا هه‌موو شتێک به‌دڵی تۆ بێت.. تۆ منت بیرچۆته‌وه.
ئه‌ستێره گیان، بێهوده له‌ناو ئه‌م کانزا ژه‌نگگرتوانه‌دا پێناسه‌ی من ئه‌که‌یت. تۆ مه‌عده‌نی منت بیرچۆته‌وه.. تۆ شوناسی منت له‌بیرکردووه.. زه‌مه‌ن به‌م خێراییه ناسینه‌وه‌ی منی لێ حه‌رام کردوویت. ئه‌مه چ عه‌شقێکه ئه‌ستێره.. چ عه‌شقێکه ڕۆژگار به‌بای ئه‌کا.. تۆ چ سوارچاکێکیت که خه‌نجه‌ری خۆت له دڵی قوربانیه‌که‌تدا جێناهێڵیت.. تۆ چ فریشته‌یه‌کیت، که شه‌رعی مردن و زیندووبوونه‌وه‌ت پێیه! ئه‌مه چ عه‌شقێکه هه‌موو شه‌وێک به‌دیار له‌شی نه‌خۆشیه‌وه تا سه‌حه‌ران بێدارم.. ئه‌مه چ تاعونێکه به‌ده‌می عه‌شقا دێته‌خواره‌وه.. ئه‌مه چ وچانێکه که تۆ له ڕۆخی ئه‌ویندا وێنا ئه‌کات..
ئه‌ستێره گیان، تۆ وه‌ک له‌بیرکردنی من، بیرتچۆته‌وه مۆسیقا هه‌موو شتێکه.. تۆ سوێندی خۆتت بۆ مۆسیقاش شکاند.. بیرت چۆته‌وه که له کتێبی ئێمه‌دا مۆسیقا ئه‌توانێت باران ببارێنێت و زریانه‌کان هێمن بکاته‌وه و زریانه‌کان دروستبکات.. بیرتچۆته‌وه که له‌دینی ئێمه‌دا مۆسیقا ئه‌توانێت وا‌بکات زوو ڕۆژ بێته‌وه.. بیرت چۆته‌وه که له ئیمانی ئێمه‌دا مۆسیقا ئه‌توانێت مه‌جه‌ڕه‌کان ئاراسته بکات و گه‌ردوون بخاته سه‌ر قوڕمیشی مه‌به‌ستی خۆی و گه‌ر مۆسیقا بیه‌وێت ئه‌توانێت وا‌بکات خودا له‌سه‌ر عه‌ڕشی عه‌زیم هه‌ستێ و گوێ بنێ به‌دڵی ئێمه‌وه و گوێ له نزای نه‌خۆش بگرێت، که له‌نێو نوێنی ئه‌شکه‌نجه‌ی بێ ده‌واییدا بێداره.. تۆ وه‌ک بیرچوونه‌وه‌ی من بیرتچۆته‌وه که مۆسیقا ئه‌توانێت مێژووش بگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌شتوانێت وا بکات ئاینده هه‌ر ئێستا بێت.. تۆ وه‌ک له‌بیرکردنی من مۆسیقاشت له‌بیرکرد، بیرت چوو که مۆسیقا چ زلهێزێکی ساده و چ ئیمپڕاتۆرێکی به‌ده‌سته‌ڵاته..
ئه‌ستێره گیان، ئه‌وه من نیم.. ئه‌وه‌ی له‌ناو دێڕی نامه‌کانتا به‌زۆر ناوی ئه‌نوسیت.. ئه‌وه‌ی له ڕسته‌کانتا نامۆیه و له ووشه‌کانتا مردوو.. نا ئه‌وه من نیم، ئه‌وه په‌یکه‌ری به‌جێماوی منه له‌نێو ئه‌لبومی له‌بیرکراوی عه‌شقا، که بێخه‌تا له‌بیرتکرد.. ئه‌وه من نیم، ئه‌وه هه‌ناسه‌ی کۆتایی منه وه‌ک ته‌رمی سه‌ربازه کوژراوه‌کان، که ئیتر منه‌تیان به قیامه‌ت و گۆڕ و تابوت نه‌ماوه.. نا ئه‌وه من نیم، ئه‌وه بۆیاخی ڕۆژگاره له‌سه‌ر وێنه‌ی من له‌ناو ترپه‌ی دڵی تۆدا.. ئه‌وه من نیم، ئه‌وه گه‌ردی بێمروه‌تیه که گوڵ غرور ئه‌یگرێ..
ئه‌ستێره گیان، تۆ ئیتر بۆنی شیلکیش ناکه‌یت.. چێژی تامکردنی ئه‌و جه‌لیانه‌ت بیرچۆته‌وه که هه‌ناویان پڕ بوو له شیلک.. تامی ئه‌و چلورانه‌ت له‌یادکردووه که به شیلکی سروشتی درووستکرابوون.. تۆ ئیتر وێنه‌ی خه‌یاڵیی هیچ باخێکی سێ‌و له یاده‌وه‌ریتا نه‌ماوه که دره‌خته‌کانی نه‌خۆش که‌وتبوون.. تۆ بیرتچۆته‌وه وه‌زیفه‌ی ماچ خواردنی شیلکه به‌خه‌یاڵ و ده‌ستدانه له نقێمی جوانی و ده‌نگدانه‌وه‌ی بێده‌نگیه له نێوان هه‌ناسه بڕکێکانی ئێمه‌دا.. تۆ وه‌ک بیرچونه‌وه‌ی من، تلیقانه‌وه‌ی ده‌نکه شیلکه‌کانت بیرچوویه‌وه، که نیوه‌ی تۆ ئه‌تخوارد و نیوه‌ی من.. تۆ، هه‌موو ئه‌وانه‌ت بیرچۆته‌وه که هی من بوون.. ئه‌ستێره‌گیان، ئه‌فسوس زوو له‌بیرت کردم.. جه‌خار زوو منت بیرچوویه‌وه..