
وردوخاشكرنی یاقووت … كه‌ریم ده‌شتی
چی له‌وه ئومێدكوژتر نییه، تۆ ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی خۆت بخه‌یته گه‌ڕ، له پێناو گرتنی مه‌حاڵ و پاشان هه‌رخۆت، هه‌مان ئه‌و مه‌حاڵه ره‌هاكه‌یت و بیده‌یته‌وه ده‌ست قه‌ده‌ر و هه‌مدیس به‌دوایا راكه‌یته‌وه، كه هه‌لبه‌ت ئه‌مجاره‌یان به‌ده‌ستی ناهێنیته‌وه، ئه‌مه ده‌ق له پڕۆسێسی به‌رده‌كه‌ی سیزیف ده‌چێ، به‌ڵام به‌ده‌ر له ناوه‌رۆكی گرنگی ئه‌فسانه‌یی سیزیفدا، بۆیه ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له وێناكردنێكی كه‌م ئه‌زموونی ئاوادا ، ده‌ستمان ده‌كه‌وێ، چه‌ند ئه‌نجامێكی كه‌م بایه‌خن، به‌ڵام هه‌وڵی له‌و جۆره بۆ به‌ده‌ست هێنانی گه‌وهه‌ری بن ده‌ریا، شایانی ئه‌وه‌ن كه‌ته‌واوی ته‌مه‌نی ئه‌ده‌بیمانی بۆ مه‌یسه‌ر بكه‌ین، بۆیه ده‌بێ شووره‌ی رۆحی بۆ هه‌ڵێنین و به دڵ بیانپارێزین، نابێ كارێكی وابكه‌ین، كه به فوویه‌ك به فیڕۆی بده‌ین، پاشان په‌نجه‌ی په‌شیمانی بۆ بته‌قێنینه‌وه.
لێره‌دا مه‌به‌ستم كاری كۆكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی شیعره، ئه‌و كاره‌ی له گرتنی نوورو زیوی تیشك ده‌چێ، له راوكردنی نه‌هه‌نگه ترسناكه‌كانی هیرمان ملفل ده‌چێ ، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه له ناو هه‌زاران هه‌زار كه‌لێن و ره‌وه‌زی سهختهندازو قووڵاییدا، خۆیان حه‌شارداوه، شاعیرانی به توانا، به‌دوای وه‌ده‌ست هێنانیاندا، خانه‌كانی زه‌ین و بلێسه‌ی ئه‌ندێشه‌یان بۆ داده‌گیرسێنن، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كانیان، دایانڕێژن و شاكاری پڕ فیگه‌ری زیندوویان لێ بخوڵقێنن، ئه‌و شاكارانه‌ی كه ئه‌مڕۆكه له باخه‌كانی دانتی و له شاكاره‌كانی ملتون و فیردۆسی ووندا ده‌یاندۆزینه‌وه، كه هه‌ر به‌راستی هه‌مان ئه‌و خوڵقاندنهیه، شوناسی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه دیاریده‌كات ، ئه‌مه له كاره هه‌ره سه‌خت و دژواره‌كانی پرۆسێسی داڕشتنی شیعره، دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ره‌كانی ناو ده‌ریاو زێڕی ناو لیته‌و بیرۆكه‌ی ناو ئهستهمییهكان، كاری وه‌ستا داهێنه‌ره‌كان و زێڕدۆزه بلیمه‌ته‌كان و شاعیره به تواناكانن، به‌ڵام هێشتا له سه‌ختی و نادیاری و نهبینراویدا، هیچیان ناگه‌نه ئه‌و شاعیرانه‌ی له نه‌بووندا، بوونێكی به رۆح و خوێن ده‌خوڵقێنن، كه‌واته كاری شاعیر له دۆزینه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی شیعردا ، كاری داڕشتنی ئه‌فسانه‌یه، له گه‌ڵ ئه‌م ئه‌فسانه‌و ئه‌م خوڵقاندنهدا، ده‌بێ ئاگاداری قه‌ڵه‌م بین، جڵه‌وی ئه‌م پرۆسێسه سه‌خته، به‌لای بیناوهرۆكیدا نه‌به‌ین، چونكه كهچنووسی، له داڕشتنی شیعردا، ده‌چێته ئاستی گوناه، شاعیر نابێ به نووسینه‌وه‌ی گوناه تاوانبار بكرێ، چونكه شاعیران، لهتۆوێكی پاكدا، حیكمه‌تی ژیان ده‌نووسنه‌وه‌و ئاوی جاویدانی ده‌به‌خشنه جه‌سته‌ی مانا‌و مه‌جاز.
ده‌خوازم بڵێم، زۆر جاران كه ده‌پڕژێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی شیعرێك بخوێنمه‌وه، تووشی ههڵَگیرسان و كوژانه‌وه دێم، هه‌ڵگیرسان ئه‌و كاته ده‌ست پێدهكاتـ، كه شیعر به ناوه‌رۆكێكی هێنده به هێزو جوان ده‌ست پێده‌كات ، خوێنه‌ر له ئاستیا ، تووشی بڕێكی هێجگار زۆر له سه‌رسامی و هه‌ڵچوون ده‌بێ، ئه‌و سه‌رسامییه‌ی له تێكستی شكسبیرو و له ئورفیوسدا ده‌یدۆزینه‌وه،ئه‌و كاته‌ش ده‌كوژێته‌وه،كه ده‌بینێ شاعیر له‌و ئاسته جوانه‌وه ناوه‌رۆكی شیعره‌كه‌ی داده‌به‌زێ و به ئاقارێكی تری داده‌بات، ئه‌م كاره له ئه‌ده‌بیاتی شیعردا، پێی دهڵَێن- ووردوخاشكردنی ئه‌قڵی ناوه‌رۆك- چونكه خوێنه‌ر له سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌دا ، ده‌كه‌وێته سه‌ر كوپه‌ڵه زێڕه‌كانی بیرۆكه‌ی به‌هادار، پاشان له هیكه‌وه ، رۆحی پڕ ده‌بی له خۆڵه‌مێش، به گووتنێكی دیكه ، له‌سه‌ره‌تادا شاعیر دونیای ئه‌ندێشه‌ت پڕ له جوانی ده‌كات، به‌ڵام پاشان هه‌موو جوانییهكانت لێ ده‌سه‌نێته‌وه‌و ده‌كه‌وێته شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا، كه ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای ئه‌نجامدانی ئه‌و گوناهه‌یه كه له‌سه‌ره‌وه باسم كردووه.
جزیری له شیعری نه‌وایا موتریب و چه‌نگی -دا ده‌ڵێت: :
كو كاتب دێمی جه‌دوه‌ل كت شكسته خهگ موسه‌لسه‌ل كت
ژیهك حه‌رفان موفهصهل كت كیه ڤێ موشكلێ حه‌ل كت جزیری ل23
به كورتی مه‌به‌ستی جزیری له‌م دوو دێر شیعره ته‌واو فیت ده‌بێته سه‌ر باسه‌كه‌ی ئێمه، له‌و كاته‌ی شاعیر به ته‌واوی كاره‌كان سهروبۆر ده‌كات و خه‌تی شكسته‌ی خۆی كه جۆرێكه له خه‌تی فارسی ته‌واو رێكدهداتهوه، به‌ڵام ئیدی له حه‌رفێ ئه‌و گرفته دروست بكا ، سه‌خته، ده‌بێ كێ ئه‌و گرفته سه‌خته چاره‌سه‌ر بكات؟ واته شاعیرانی ئهمڕوكه بیرۆكه‌ی جوانییان داهێناوه، به‌ڵام پاشان جڵه‌وی خۆیان له ده‌ست ده‌چێ، شێوه‌یه‌ك داده‌ڕێژێ كه ته‌واوی ئه‌و بیرۆكه جوانانه له بێن ده‌بات، ئه‌مه گرفتێكه شیعره‌كه‌ی پێ له ناو ده‌چێ، كه‌سیش ناتوانێت ئه‌م گرفته‌ی شاعیر چاره‌سه‌ر بكات، خۆی نه‌بێ، بۆیه ئه‌م دوو دێره شیعره‌ی جه‌زیری ته‌واو گوزارشت له مه‌به‌سته‌كه‌ی من ده‌كات، كه چۆن چۆنی هه‌ندێ جار شاعیر به‌ده‌ستی خۆی بیرۆكه شیعرییه‌كانی خۆی خامۆش ده‌كات.
چلۆن ئه‌و دێته چاوی من كه یه‌كسه‌ر عونصری ئاوه
مه‌حاڵه من كه بچمه دڵییه‌وه، دڵ كیشوه‌ری به‌رده
دیوانی مه‌حوی مودده‌ریس ل271
به‌مجۆره شیعری گه‌وره له‌گه‌ڵ هاودژه‌كانی هه‌ڵناكات، جا ئه‌گه‌ر نیوه‌ی شیعره‌كه له ئاستی داهێنانێكی گهورهشا بێت، مادامه‌كێ جلهوبازییهكی دژامێزی له گه‌ڵ خودی خۆی كردبێ، ئه‌وه ته‌واوی به‌ده‌نی ئه‌و شیعره ووردوخاش ده‌كات، ته‌واو وه‌كو ئه‌و شیعره‌ی مه‌حوی ،كه گوزارشت له‌و حاله‌ته ده‌كات، كه ئه‌و هه‌رچه‌نده ئاشق بێت چه‌ند له جوانی ئه‌وا تاوابێتهوه، به‌ڵام مهحاڵهخۆشهویستهكهی بكه‌وێته ناو چاوی ئه‌وه‌وه چونكه هاودژهكهی ئاوه، كه مژادی چاوی ئه‌و ئاو بێت، هه‌روا ئه‌ویش ناتوانێ بكه‌وێته ناو دڵی ئه‌وه‌وه ، چونكه دڵی ئه‌و ره‌قه‌و له ته‌لارێكی به‌ریندایه،كه‌واته هاودژه‌كان ناتوانن تكامل به‌ده‌ست بهێننو چ له ئاستی ئاویندا بێت چ له ئاستی شیعردا بێت، په‌ره‌گرافێكی خراپ چۆن جێگه‌ی له‌ناو شیعرێكی باش، ده‌بێته‌وه كه هه‌مووی جوانییه‌و په‌ره‌گرافێكی باشیش چۆن تێكه‌ڵ به پهرگرافێكی خراپ دێت كه هه‌مووی ناشیرینییه، بۆیه شاعیر ده‌بێت هه‌وڵێكی زۆر بدات، جوانییه‌كانی شیعر به ناجوانییهكانی شیعرییه‌ت نه‌كوژێت، وه‌ك چۆن سه‌ره‌تا له داڕشتندا هه‌وڵی جوانكاری بۆ ده‌دات، ده‌بێت تاوه‌كو كۆتاییش شیعره‌كه به‌م هه‌وڵه‌وه به جوانیی ته‌یار بكات.