
كورته به‌راییه‌كی ئاراوته‌یی
( تا ئه‌و ده‌مه‌ی كه‌سێك لێی نه‌پرسیووم، كات چییه؟ ده‌زانم كات چییه.. به‌ڵام هه‌ر كاتێك، كه‌سێك داوای شیكاركردنی ماهییه‌تی كاتم لێبكات، ئه‌و ده‌م ده‌بینم نازانم كات چییه؟!).
– ڤیتگنشتاین-
هه‌رده‌م و هه‌میشه ئێمه‌ی خوێنه‌ر، به‌تایبه‌ت گه‌ر ڕاگوزه‌ر و سه‌رپێیانه نه‌خوێنینه‌وه، ده‌بینین له‌به‌رده‌م دووڕیان، یان چه‌ند ڕیانی ڕێگه‌و ڕێچكه‌یه‌كی جوداو جیاوازی ورده‌كاری شتگهلێكدا ڕاوه‌ستاوین، كه‌ناشێت به‌ده‌ر له‌وان له‌میانی خوێندنه‌وه‌وه گوزه‌ر به‌نێو دنیای ئاڵۆز یان ساده‌و ساكار و قووڵی تێكسته جیدی و زیندووه‌كاندا بكه‌ین، ئه‌و تێكستانه‌ی كه زیاد له‌شوێنجێگه و جومگه و په‌ره‌گراف و بڕگه‌و ده‌سته‌واژه‌و گوزارشت و ده‌ربڕین و ورده‌كارییه‌كی خوڵقێنه‌ری جوداو جیای به‌كارهێنراوی نێویاندا، ناچاری ڕاوه‌ستان و تێڕامانمان ده‌كه‌ن.
ئه‌م تێڕامان و ڕاوه‌ستان و ههڵوێستهكردنهشمان به‌بێ بوونی زمانێكی فامكراو له‌ڕووی حاڵیبوونه‌وه، ئاسته‌مه بێته‌دی و ڕووبدات.. واته گه‌ر تێكستێكی نائاشنا و نامۆ له‌ڕووی زمانه‌وه، له‌لایه‌ن خوێنه‌رێكی به‌ڵه‌د و شاره‌زای زمانه‌كه‌وه، په‌ره‌گرافێكی یاخود ته‌نها وشه‌یه‌كی نێویشی، نه‌ك ته‌نها جارێك، به‌ڵكو گه‌ر بێ پسانه‌وه‌و هه‌دادان، دووباره‌و سێ باره‌و چه‌ند جاره بخوێنرێته‌وه، ئه‌وا تێگه‌یشتنه زهینییهكانمان به‌ره‌و واتایه‌كی دیاریكراو نابات و دوور و نزیك نازانین چی ده‌ڵێت!؟
( هه‌ر بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه په‌ی به‌زه‌رووره‌تی وه‌رگێڕان ده‌برێت، كه‌هه‌ر له‌كۆنه‌وه مرۆڤ په‌نای بۆ بردووه‌و بگره زۆر جاران و پاش ونبوونی تێكسته ئهسڵییهكانیش، نوسخه وه‌رگێڕدراوه‌كانیان بوونه‌ته ئه‌ڵته‌رناتیڤ و جارێكی تر وه‌رگێڕدراونه‌ته‌وه بۆ سه‌ر زمانه ئه‌سڵییه‌كانیان، وه‌ك له‌هه‌ندێك له‌تێكسته لاتینی و گریكییه‌كاندا ڕوویدا، پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وه‌رگێڕه موسڵمانه‌كانه‌وه كرابوونه عه‌ره‌بی، دوای دیارنه‌مانی نوسخه ئه‌سڵییه‌كانیان جارێكی دی و له‌ڕۆژگارێكدا له‌عه‌ره‌بییه‌وه كرانه‌وه لاتینی و زمانه‌كانی تر.. ئه‌م كرده‌یه‌ش بۆ خۆی واتایه‌كی زۆر قووڵا ده‌گرێته خۆی؟!).
مه‌ولانا” جه‌لاله‌ددینی ڕوومی” له‌كتێبی” فیهی ما فیهی”دا ده‌ڵێت:
” ڕووه‌ك گه‌ر ئاوی لێببردڕێت، هه‌رچه‌ند ناشزانێت كهتینوویهتی به‌ڵام ووشك ده‌بێت”.
واته به‌ده‌ر لهدرككردن و زانینی ماهییه‌تی تینوویه‌تی، ئاو بڕین له هه‌ر ڕووه‌كێكی دیاریكراو، بێ هیچ چه‌ند و چوونێك ده‌بێته مایه‌ی وشك بوون و كۆتایی هاتنی سووڕی ژیانی.. ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی مابه‌ینی ئاو و ڕووه‌ك، وه‌ك پێوه‌ندی تێكست و زمان وایه، ئاسته‌مه بیر له وجوودی تێكستێكی ده‌ره‌وه‌ی جوغزهكانی زمان بكه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت “ئیمه‌یجینه‌یشن” و دنیای وێنه زهینییهكانیش، به‌بێ ڕاڤهكاریی و گوزارشت و بوونی ده‌سته‌واژه زمانه‌وانییه‌كان، هیچ جێگه‌یه‌كی له‌هۆشمه‌ندی توخم و ڕه‌گه‌زی مرۆڤدا نابێته‌وه، به‌واتای حاڵیبوونێكی گشتگیری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فامكراو.. ئه‌گینا ڕه‌نگه ته‌نها وه‌ك كۆمه‌ڵێك سیمبۆل و ڕه‌مز، بۆی هه‌بێت له‌زه‌یندا به‌ده‌ر له‌واته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی جێی ببێته‌وه؟!
له‌ڕێی نووسینه‌وه زمان ده‌بێته پردی هێنانه ناوه‌وه‌ی سه‌رجه‌م چه‌مك و دنیابینی و تێڕوانین و مه‌عریفه‌و سه‌رجه‌م شتگه‌له لێكچوو و نالێكچووهكان، دژ و تهباكان، ئاسایی و نائاسایی و…تاد، بۆ نێو دنیای تێكست.. هه‌ر بۆیه به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان، تێكست نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌بێته له‌خۆگر و هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك شت، به‌ڵكو ده‌شبێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كهبهئاشكراو ڕوونی یان به‌په‌نهانی و ناڕوونی له‌نێو تێكستدا بوونیان هه‌یه.
ئه‌و تێكسته‌ی كه‌بێ بوونی زمان بوونی نییه و له‌یه‌كه‌م تێڕوانیندا وا پێده‌چێت، به‌نده‌یه‌كی گوێڕایه‌ڵی زمان بێت، به‌ڵام خودی زمان له‌ژێر سایه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌رشیفدا”ئه‌رشیف به‌واتای ئاوێته‌بوونی ڕووكهشیانهی پره‌نسیپه فیزیایی و مێژووییه‌كان له‌گه‌ڵا پره‌نسیپه ئهنتۆلۆژییهكاندا” ، له‌میانی گوتن یان نووسینه‌وه‌دا، توانای به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ی هه‌یه‌و هه‌موو ئه‌مانه‌و شتگه‌لێكی دیكه‌ش، بۆ نموونه له دیدگه‌ی بیرمه‌ندێكی وه‌ك”ژاك دریدا”ه‌وه ده‌بێت تهفكیك بكرێن و ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌تێڕوانینی ئه‌و، به‌بێ بوونی “تارماییه‌كان” “ئه‌رشیف” بوونی نییه‌و به‌تایبه‌تیش ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی له‌ڕێی زمانی تێكسته‌وه، ده‌بنه ده‌سه‌ڵاتێكی تایبه‌ت و له‌میانی ماجه‌راو به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆشیانه‌وه هه‌وڵی گۆڕینی ژیانمان ده‌ده‌ن.
“حافزی شیرازی” ده‌ڵێت:
( جارێكیان لهئوستادهكهی خۆمم پرسی:
چییه فه‌رقی
مابه‌ینی من و تۆ
گوتی:
ته‌نها هێنده‌یه حافز
گه‌ر ڕه‌وێك حه‌یوانی كێوی
بێنه ناو ماڵی تۆ و
خۆیان بده‌ن له‌كاسه به‌تاڵه‌كانی ده‌رۆزه‌ییت
ته‌نها یه‌ك دڵۆپیش
ناڕ ژێت
له‌كاسه‌ی تۆ.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌نابینرێت به‌چاو
ئه‌وه‌یه كه‌خودا لهكاسهكهی منی ناوه
گه‌ر بڕژێت كاسهم
ده‌بات هه‌موو دنیا
سێڵاوی ئاو).
پۆپیولار كردنی هه‌ندێك له‌نووسه‌ره‌كانی دنیا و هاله بۆ دروستكردنیان، زۆرجاران هێنده‌ی په‌یوه‌سته به‌داواكارییه بازرگانییه‌كانی پڕفرۆشی و خستنه‌گه‌ڕی بازاڕی كتێب، یان په‌یوه‌سته به‌مه‌رامه پۆلیتیكی و مه‌به‌سته جیاجیاكانی دیكه‌ی ئه‌م ده‌زگا و هێز و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی دنیاوه، هێنده په‌یوه‌ست نییه به‌و جدییه‌ت و توانستانه‌ی له‌نێو دنیای تێكستدا ده‌گوزه‌رێت.. واته حافز گوته‌نی:
” گه‌ر ڕه‌وێك حه‌یوانی كێوی
بێنه ناو ماڵی تۆ و
خۆیان بده‌ن له‌كاسه به‌تاڵه‌كانی ده‌رۆزه‌ییت
ته‌نها یه‌ك دڵۆپیش
ناڕ ژێت
له‌كاسه‌ی تۆ”
بێگوومان تێكستی زۆرێك له‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ڕۆژگارێكدا دنیا به‌عه‌زه‌مه‌ته‌وه ناسیوونی و به‌شه‌وقه‌وه خوێنراونه‌ته‌وه، له‌مڕۆدا هه‌ست به‌به‌تاڵی كاسهیان ده‌كرێت، هه‌ربۆیه نووسه‌رێكی له‌مڕۆدا گه‌وره‌كراو و هه‌رده‌م ڕیكلام بۆكراوی وه‌ك” ئۆرهان پامووك” له‌چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت:
“ده‌ترسم له‌داهاتوودا نه‌خوێنرێمه‌وه‌و له‌بیر بكرێم” و له‌درێژه‌ی گفتوگۆكه‌یدا ئاماژه بهنووسهرێكی ناسراوی وه‌ك”راسیم جه‌میل” ده‌كات، كه‌له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا یه‌كێك بووه له‌نووسه‌ره پۆپویلارهكانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی، كه‌چی له‌مڕۆدا خوێنه‌ران دوور و نزیك تالیبی خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كانی نین و به‌فه‌رامۆشییان سپاردووه، له‌كاتێكدا به‌شه‌وقه‌وه له‌نێو ئه‌رشیفی له‌بیركراوی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و زه‌مانه‌ی عوسمانییه‌كاندا، تێكسته په‌راوێزخراوه‌كانی ئه‌و ده‌مه كه‌شف ده‌كرێن و به‌تاسه‌وه خوێنه‌ره جیدییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه، خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی تێكسته له‌بیركراوه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌ن!؟
“ڕۆلان بارت” ئاماژه به‌وحه‌قیقه‌ته ده‌دات، كه “دانه‌ر” زاده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوایه‌و پاش چه‌رخه‌كانی ناوه‌ڕاست هێدی هێدی به‌رجه‌سته بووه، ئه‌مه‌ش به‌كاریگه‌ری ئه‌قڵانییه‌تی فه‌ڕه‌نسی و باوه‌ڕی تاكگه‌رایی و ڕێبازه ئه‌زموونگه‌را ئینگلیزییه‌كان و ڕیفۆرمه ئاینییه‌كان و ئاڵوگۆڕه‌كانی تر و به‌تایبه‌تیش كاریگه‌ری هاتنه‌كایه‌ی سیسته‌می كاپیتالیستی.
“ڕۆلان بارت” ئاماژه به‌وه ده‌دات كه”مالارمێ” یه‌كه‌مین كه‌سێك بووه، پێی وابووه لهتێكستدا ئه‌وه‌ی ده‌دوێ زمانه، نه‌ك دانه‌ر. دواتریش “ڤالێری” په‌ره به‌م تێورییه‌ی “مالارمێ” ده‌دات و تا ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌و شوێنه‌ی “دانه‌ر” تێیدا ده‌بێته ڕابردوو، چونكه ئه‌و ته‌نها له‌ساته‌وه‌ختی له‌دایك بوونی تێكستدا هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی لای “بارت” “دانه‌ر” كۆپیكه‌ری تێكسته لهتێكستێك یان چه‌ند تێكستێكی پێشووتر.
شایانی باسه سه‌رجه‌م خوێندنه‌وه سیمۆلۆژییهكان، خوێنه‌ر ده‌كه‌نه دروستكه‌ری تێكست. به‌ڵام له‌هه‌ندێك لێتۆژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی سێكچرالیستیدا، خوێنه‌ریش پشتگوێ ده‌خرێت.. تێڕوانینی”ژاك دریدا”ش، ئه‌وه‌یه كه‌تێكست ئامێرێكی سه‌ربه‌خۆیه‌و بۆ خۆی كارده‌كات، هه‌ر بۆیه خۆی گوتهتی:
“هیچ شتێك له‌ده‌ره‌وه‌ی تێكستدا نییه”.
ئیدی وه‌ك ساڵانێك له‌مه‌و پێش، له‌هه‌ندێك شوێندا ئاماژه‌م پێداوه، “ژاك دریدا” له‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت بهتێكستی” دادگایی” ،”كافكا”، سێ گۆشه نیگای تهفكیكی به‌كارهێناوه، یه‌كێكیان كاریگه‌ری “ناونیشانی تێكست”ه‌كه‌یه به‌سه‌ر خودی تێكسته‌كه‌وه، ئه‌مه تابڵێی جۆره كاركردنێكی گرنگ و ناوازه‌یه.
به‌هه‌ر حاڵ جودایی تێكست و دانه‌ر وه‌ك كه‌سایه‌تی و ژیانی تایبه‌تی و ئیگۆی، ده‌شێت له‌نموونه‌ی نووسه‌رێكی وه‌ك”سیلین”دا ببینینه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌م نووسه‌ره، هێشتاكه چاپكردنی كتێبه‌كانی له‌هه‌ندێك له‌وڵاتانی دنیادا”، قه‌ده‌غه‌و ڕێگه‌پێنه‌دراوه.
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانی”سه‌فه‌ر له‌كۆتایی شه‌ودا”، به‌زمانی عیبری، مشتومڕێكی زۆر له‌په‌رله‌مانی ئیسرائیلی‌دا لێكهوتهوه، چونكه تێكسته‌كانی “سیلین” به‌شێك بوون له‌دوشمنه سه‌رسه‌خته‌كانی سامییه‌ت و یه‌هودییه‌ت و خۆشی وه‌ك زاتێك به‌درێژایی ژیانی و به‌تایبه‌تیش پاش دووه‌مین جه‌نگی جیهانی، باجی ئه‌م ڕاوبۆچوونانه‌ی خۆی داوه‌و ژیانێكی پڕ له‌نه‌هامه‌تی و كێشمانكێش و بگره‌و به‌رده‌و هه‌ڵهاتنی نێوان ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵاتی بردۆته سه‌ر، ئه‌مه سه‌رباری تاوانباركردنی به‌خیانه‌ت و ده‌ستگیركردنی، كه‌پاش ساڵی 1951به‌دواوه، توانی پاش ده‌رچوونی بڕیاری لێخۆشبوو‌ن لێی، بگه‌ڕێته‌وه بۆ “فه‌ڕه‌نسا” ی زێد و نیشتیمانی، ئیدی له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا عیاده‌یه‌كی پزیشكی داده‌نێت”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودی نووسه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا پزیشك بووه” به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی خۆی و له‌پاڵیشیدا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌نووسین، تا له‌ساڵی”1961″دا دوا ڕۆمانی خۆی”ڕیكۆدۆن” ته‌واو ده‌كات و هه‌ر پاش یه‌ك شه‌و له‌ته‌واوكردنی ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌مرێت.
مه‌به‌ستمان له‌خستنه‌ڕووی ئه‌م پێشه‌كییه، ئه‌و ناكۆكییهیه كه له‌تێكسته‌كانی دانهرێكدا ده‌بینرێت، كاتێك دنیابینی نێو تێكسته‌كانی ده‌یكه‌نه خائین و دوشمنی هه‌ندێك له‌گروپه ئیتنیكییه‌كان و به‌تایبه‌تیش سامییه‌ت و یه‌هودییه‌ت، به‌ڵام بۆخۆی و له‌ژیانی تایبه‌تی خۆیدا كه‌سێكی بێوه‌یی و بێ زیان بووه، ژنه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به”سیلین” ده‌ڵێت:
( پیاوێكی زۆر نه‌رم و نیان بوو، هه‌رچییه‌كی كرد له‌پێناو خێر و باشه‌دا بوو، ئه‌و فه‌ڕه‌نساو هه‌موو خه‌ڵكی خۆش ده‌ویست، زۆر له‌وه به‌سۆزتر و به‌به‌زه‌یتر بوو كهتهسهوور ده‌كرێت…).
له‌گه‌رمه‌ی بگره‌و به‌رده‌ی گوزه‌ران و ژیان له‌لایه‌ك و ڕۆچوون و ڕامان و تێفكرین و سه‌رقاڵبوونی ته‌واویشم به‌پرۆژه خوێندنه‌وه‌یه‌كی چڕ و پڕی تاڕادده‌یه‌ك جیاواز له‌لایه‌كی تره‌وه..حیكایه‌تی نووسینی ئه‌م ” كورته به‌راییه ئاراوته‌ییه”ی تایبه‌ت به‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه وه‌رگێڕدراوه، له‌پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی برای به‌ڕێز، كاك “محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا”ه‌وه، وه‌رگێڕی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌وه ده‌ستی پێكرد، سه‌ره‌تا به‌ڕێزی كه‌م تا زۆر باسی خواست و مه‌به‌ستی خۆی له‌وه‌رگێڕانی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا خسته‌ڕوو، پاشان له‌میانی پێداویستی بوونی به‌رایی و پێشه‌كی ناته‌قلیدی و جوداو جیاواز بۆ ناساندنی هه‌ندێك مه‌سائیلی دنیای ئه‌ده‌بیات و وه‌رگێڕان، داواكار بوو له‌به‌نده كه‌له‌ماوه‌یه‌كی هێجگار كورتدا، له‌به‌ر ئاماده‌بوونی كتێبه‌كه بۆ دیزاین و چاپ، چ چیرۆكه‌كان بخوێنمه‌وه‌و چ بهراییهكیشی بۆ بنووسم،..ئیدی سه‌رباری ئه‌و سه‌رقاڵیی و جه‌نجاڵییه ناوه‌كیی و دووره په‌رێزییه هه‌میشه‌ییه‌م له‌نووسینی پێشه‌كی كتێب، به‌ڵام هێزێكی ناوه‌كی ڕێگر بوو كه‌ئه‌میش وه‌ك كۆمه‌ڵێك براده‌ری تری ئه‌زیز، له‌خۆم زوویر بكه‌م، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌له‌م ماوه‌یه‌ی بێده‌نگبوون و كشانهوهیهمدا له‌نووسین، پێوه‌ندییان پێوه‌كردم به‌مه‌به‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتن و به‌شداربوون له‌ته‌وه‌ر، یان نووسینی ڕه‌خنه‌یی و وتار و تاد…كه‌به‌ڕاستی داوای لێبووردنیان لێده‌كه‌م و هیواخوازم له‌ڕیتمی ناوه‌كی و ئه‌م دووره په‌رێزییه زه‌مه‌نییه‌ی من بگه‌ن.
به‌هه‌رحاڵا پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو نوسخه‌ی عه‌ره‌بی و كوردی چیرۆكه‌كان كه‌كاك “محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا” له‌ڕێی ئیمه‌یڵه‌وه بۆی ناردبووم ، هه‌ر زوو ئه‌و چیرۆكانه‌م ناسیوه كه‌پێشتر خوێندبوومه‌وه، یان تێكستی دیكه‌ی نووسهرهكهیم خوێندبوویه‌وه، هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی چیرۆكه‌كان قسه‌و باس هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام من وه‌ك خۆم له‌م “كورته به‌راییه ئاراوته‌ییه”دا، كه‌م تا زۆر‌و به‌گشتی خۆم له‌دنیای نووسینی دوو نووسه‌ریان ده‌ده‌م، ئه‌وانیش ” هارۆكی مۆراكامی” و “یاسۆناری كاواباتا”ن.
هه‌رچه‌ند له‌ڕیزبه‌ندی كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌كه‌دا، تێكسته‌كه‌ی”هارۆكی مۆراكامی” پێش “یاسۆناری كاواباتا” كه‌وتووه، به‌ڵام من له” یاسۆناری كاواباتا” یان وه‌ك زۆر جار ده‌نووسرێت” یاسۆناری كواباتا”ه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م.
” بازرگانییه‌كی كوشنده” ناوی چیرۆكه وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ی “كواباتا”یه و به‌زمانێكی ساده‌و ساكار و كۆمه‌ڵێك وه‌سف و كه‌ره‌سته‌ی ڕیالیستی، ڕامانده‌كێشێته نێو دنیای كێشمانكێش و ململانێی كه‌سێكی ده‌روون پڕ ئێره‌یی و حه‌ساده‌ت كه‌ده‌كرێت كهبهكهسی دووه‌م ناوی به‌رین، ده‌رحه‌ق به‌كه‌سێكی دیكه‌ی بێ‌ئاگا لهگینگڵا و هه‌ڵچوون و داچوونی ناخی ئه‌م، كهواباشه به‌كه‌سی یه‌كه‌م ناوزه‌دبكرێت. ئیدی كه‌سی یه‌كه‌م كاتێك له‌ناوچه‌كه‌ی خۆیداو به‌مه‌به‌ستی قازانج و ڕاكێشانی توریستهكان ئاوده‌ستێك دروست ده‌كات و ده‌بێته مایه‌ی قازانجكردنی ماددی بۆی، كه‌سی دووه‌م به‌مه نیگه‌ران ده‌بێت و هه‌موو توانای خۆی له‌مونافه‌سه‌و كێبڕكێی ئه‌وی تریاندا به‌كارده‌بات و دواجار ئاوده‌ستێكی زۆر له‌وه‌ی ئه‌و گرنگتر له‌ڕووی ماته‌ریاڵی بنیادنانییه‌وه دروست ده‌كات، به‌ڵام كرێی چوونه ژووره‌وه‌شی له‌وه‌ی تریان گرانتر ده‌بێت…
باواز له ورده‌كارییه‌كانی تری گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه بهێنین و بگه‌ینه ئه‌و شوێنه‌ی كه كه‌سی دووه‌م له‌نێو ئاوده‌ستی كه‌سی یه‌كه‌مدا وشك ده‌بێته‌وه‌و ده‌مرێت، به‌حه‌قیقه‌ت كۆتاییه‌كی زۆر گاڵته‌جارئامێزه كه‌سێك ده‌رئه‌نجامی ململانێ و كێبڕكێی له‌گه‌ڵا یه‌كێكی تردا بۆ ئه‌وه‌ی له‌و باشتر بێت، كه‌چی دواجار له‌نێو چوار دیواری ئاودهستێكدا وشك بێته‌وه‌و بمرێت!؟
بۆیه ده‌بینین له‌ودیو ڕیالیست بوونی ئه‌م چیرۆكه‌وه دنیایه‌كی ڕه‌مزی سه‌رسامكه‌ر هه‌یه، چونكه مونافه‌سه‌و كێبڕكێ بۆ دروستكردنی ئاوده‌ست و دواتر مردنی كه‌سی دووه‌م، په‌یوه‌ست نییه به‌خودی ماته‌ریاڵه به‌كارهاتووه‌كانی نێو تێكستهكهوهو هه‌ر بۆیه ئهنالیزێكی جیاواز‌و ناته‌قلیدی گه‌ره‌كه، تابكرێت له‌ناوه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌وه تهفكیكییانه بێینه‌وه ده‌رو ده‌رئه‌نجامی به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی كرده‌یه‌كی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌ری بمانگه‌یه‌نێته ئه‌و شوێنانه‌ی كه”دانه‌ر” بێ‌ئاگا بووه لێی.
دیاره ئه‌م تێكسته كورته‌ی “كواباتا” زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرێت كه‌بتوانین له‌م ده‌رفه‌ته‌دا حه‌قی خۆی بده‌ینێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای من بووه جێگه‌ی سه‌رنج و ڕه‌نگه هیچ پێوه‌ندییه‌كیشی به خودی چیرۆكه‌كه‌وه نه‌بێت، بۆ ده‌بێت ئه‌م چیرۆكه چیرۆكێكی دیكه‌ی هێنابێتمه‌وه بیر، ئه‌ویش چیرۆكێكی “خۆرخی لویس بۆرخیس”ه به‌ناوی ” -المبارزه الاخری_”، سه‌رباری جیاوازییان پێده‌چێت له‌شوێن و جێگه‌یه‌كی زۆر نهێنییه‌وه ئاوێزان بن، نازانم ڕه‌نگه ئه‌مه ته‌نها هه‌ستێكی من بێت، چونكه لهچیرۆكهكهی”بۆرخیس”دا دوو كاراكته‌ری دژ به‌یه‌ك هه‌ن و سه‌ره‌نجام پێكه‌وه, به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دوا كێبڕكێیان به‌ناچاری و به‌ده‌ر له‌ویستی خۆیان، پاش سه‌ربڕینیان گیان ده‌ده‌ن و ده‌مرن، هه‌رچه‌ند یه‌كێكیان به‌ناوی “كاردوزو”، كه‌مێك له‌وه‌ی تریان زیاتر ده‌ست درێژ ده‌كات و به‌مه‌ش ده‌بێته براوه، به‌ڵام وه‌ك له‌كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ی “بۆرخیس”دا ئاماژه‌ی پێدراوه:
” به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌یزانی”.
له‌م چیرۆكه‌ی “كواباتا”شدا نه‌زانینێك هه‌یه، به‌ڵام ته‌نها له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تی یه‌كه‌مه‌وه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی دیكه‌یان ده‌زانێت و له‌زانینه‌وه پیلان داده‌نێت و هه‌ڵده‌سووڕێت..به‌ڵام دواجار به‌مه‌رگی یه‌كێكیان ئه‌وی دیكه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی جارانی و به‌چه‌شنێك هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێت، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ژنی كه‌سی دووه‌م له‌ڕێی ئاودهستهكهوه، وه‌ك مێرده‌كه‌ی نه‌كه‌وێته ململانێ،كه‌واته له‌كاتێكدا چیرۆكه‌كه‌ی “كواباتا” ته‌واو نابێت، به‌ڵام چیرۆكه‌كه‌ی “بۆرخیس” له‌ئاست ئیدامهو به‌رده‌وامی ڕووداودا ته‌واو ده‌بێت و ته‌نها وه‌ك حیكایه‌تێك ده‌مێنێته‌وه‌و مه‌گه‌ر له‌دنیای گێڕانه‌وه‌كاندا بژێته‌وه.
” یاسۆناری كواباتا” له‌ساڵی -1968-دا خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ به‌خشراو له‌ساڵی 1972-شدا دوای خۆكوشتنی هاوڕێ و قوتابی” یۆكیۆ میشیما” به‌دوو ساڵا، به‌بێ ئه‌و وه‌ك ئه‌و هیچ نامه‌یه‌ك جێ بهێڵێت خۆی كوشت و خۆكوشتنه‌كه‌شی كرده لوغز.
له‌به‌رهه‌مه‌كانی و وه‌ك نموونه:
( سه‌ماكه‌ری ئایزۆ)،( وڵاتی به‌فر)، ( ده‌نگی چیا)، ( ده‌ریاچه)، (ماڵی جوانكیله خه‌وتووه‌كان)، ( جوانی و خه‌فه‌ت)، ( پایته‌خته كۆنه‌كه)… شایانی باسه(ماڵی جوانكیله خه‌وتووه‌كان) ئه‌و تێكسته‌یه “گابریل گارسیا ماركیز”ی سهرسامكردووهو ئه‌مه‌و لێكچوونی شێوازی نووسینی ئه‌و دوو نووسه‌ره له‌هه‌ندێك شوێندا سه‌رنج ڕاكێشه، به‌تایبه‌تیش ئه‌و مامه‌ڵه سارد و سڕه‌ی كه”كواباتا” له‌گه‌ڵا پاڵه‌وانی تێكسته‌كانی ده‌یكات، نزیكه لهمامهڵهكردنه سارد‌و سڕه‌كانی “ماركیز” به‌تایبه‌تی و نووسه‌رانی ئه‌مریكای لاتینیش به‌گشتی؟!
“ئه‌مبێرتۆ ئیكۆ” له‌كتێبی:
Sıx walks ın the fıctıonal woods دا دنیای تێكست به‌دارستان ده‌شووبهێنێت، دارستانێك كه‌هه‌م ده‌مانخاته ژێر كاریگه‌ری سیحر و جادووی ئێسته‌تیكی خۆیه‌وه‌و هه‌م ناڕه‌حه‌ت و بێتاقه‌ت و ته‌ره‌مان ده‌كات..دارستانێك كه‌هه‌م ده‌مانترسێنێت و هه‌م كهویی و ڕاممان ده‌كات..لای “ئیكۆ” خوێندنه‌وه‌ی تێكسته سهردییهكان هاوشێوه‌ی گه‌ڕانه به‌نێو دارستانێكدا، سه‌رباری ئه‌و جوداو جیاوازییه‌ی هه‌ردوو دنیای واقیعی و سه‌ردیی لێك جوودا ده‌كاته‌وه، له‌به‌شی سێیه‌می كتێبه ناوبراوهكهیدا” ئیكۆ” ئاماژه به”جۆرج بیریك” ناوێك ده‌كات، كه‌له‌پێناو حاڵیبوونی له ماجه‌را حه‌قیقییه‌كانی خودی واقیع، هه‌وڵیداوه له‌پشت جامی قاوه‌خانه‌و سووچ و په‌نای كووچه‌و كۆڵانه‌وه، بڕوانێته گۆڕه‌پانێكی پاریس و سه‌رجه‌م ڕووداو و هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی وه‌ك خۆی تۆمار بكات..به‌ڵام هێنده نابات ئه‌م زاته توانا و بڕستی لێده‌بڕێت و ده‌گاته ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌هیچ شتێكی هارمۆنی وشیاو و یه‌كانگیر له‌واقیعدا ڕوونادات و واقیع زۆر له‌وه فراوانتره چاو و ویژدانی تاكه كه‌سێك بیقۆزێته‌وه‌و بیگرێته خۆ.
سه‌باره‌ت به “هارۆكی مۆراكامی”یش، كهبهچیرۆكی “بۆقه‌كه تۆكیۆ ڕزگار ده‌كات” بۆته سه‌رقافڵه‌ی چیرۆكه وه‌رگێڕدراوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌كه..به‌پێی پۆلێنكردنێكی “گاردیان” یه‌كێكه له‌و ڕۆماننووسه باشانه‌ی كه‌له‌ژیاندا ماوون و ئاشكراشه خه‌ڵاتی “كافكا”ی به‌رانبه‌ر به ڕۆمانی “كافكا لهكهناره”هی وه‌رگرت.
ناوبراو له‌ساڵی 1949دا له‌شاری كیۆتۆ له‌دایك بووه‌و گه‌نجێتی له‌وێدا بردۆته سه‌ر و به‌شی دراما-شی له‌زانكۆی”واسیدا”ی “تۆكیۆ”دا خوێندووه.
له‌نووسینه‌كانی:
( گوێم له‌ده‌نگی به‌سته‌ی بایه)، ( بینباڵا)، ( كافكا لهكهناره)، ( باشووری سنوور و ڕۆژئاوای خۆر)، ( سبوتنیكی خۆشه‌ویست)، ( دارستانه نه‌رویژییه‌كه)و تاد…
لای “مۆراكامی” پێش كرده‌ی نووسین، بیركردنه‌وه‌یه‌كی بازرگانی و حیساب و كیتابی ڕاكێشانی زۆرترین ژماره‌ی خوێنه‌ران دێت( كه‌واته به‌پێچه‌وانه‌ی –بۆرخیس-ه‌وه كه‌كاتێك ته‌نها چه‌ند ژماره‌یه‌ك له‌كتێبێكی ده‌فرۆشرێت، له‌جێی ئه‌وه‌ی زوویر بێت، شادمان ده‌بێت، چونكه ده‌زانێت، زۆری خوێنه‌ر سه‌باره‌ت بهتێكستێك زیاتر جێگه‌ی پرسیار و هه‌ڵوێسته‌كردنه، وه‌ك له‌بوونی كۆمه‌ڵێك خوێنه‌ری كه‌م و جیدی).
“مۆراكامی” له‌پێناو ئیدامه‌دان به‌كار وكهسابهتهكهی، هیچ به‌هاو پێودانگێك لای گرنگ نییه، چونكه لای ئه‌و ئامانج نووسینه‌و نووسینیش ته‌نها كه‌سابه‌تێكی ماددییه كه‌تائێستا نووسه‌ر گوزه‌رانی خۆیی له‌میانییه‌وه مسۆگه‌ركردووه، هه‌ر بۆیه له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا ، سه‌باره‌ت به‌پرسیاری هۆكاری بوونی ئه‌و هه‌موو دیمه‌نه پۆرنۆگرافی و لادانه سێكسییانه له‌ڕۆمانه‌كانیدا، به‌چه‌شنێك كهدهیانكاته ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی.
له‌وه‌ڵامدا باس له‌وه ده‌كات، كه‌ئه‌و خوێنه‌ره‌كانی گه‌نجن و زیاتر ته‌مه‌نیان له‌بیست ساڵان و ئه‌و ده‌ورو به‌ره‌دان…واته لهوهڵامهكهیهوه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه‌گرنگ نییه خوێنه‌ر بۆ كوێ ده‌به‌یت و چی‌یان پێ ده‌ڵێیت، گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن له‌ده‌وری نووسینه‌كانت خڕیان ده‌كه‌یته‌وه، ئیدی چ شوێنێكی تێڕوانین و دنیابینییان وێران و خاپوور ده‌كه‌یت، لای مۆراكامی و هاوشێوه‌كانی مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه؟!
هه‌ر خودی “مۆراكامی” كاتێك (خه‌ڵاتی باڵای ئه‌ده‌بی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل) له ئازاری -2009-دا وه‌رده‌گرێت، له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
” ئێواره‌تان باش، ئه‌مڕۆ وه‌ك ڕۆماننووسێك هاتوومه‌ته قودس،واته رێكخه‌رێكی پرۆفیشناڵا له‌درۆكردندا”.
ڕۆمانی “كافكا لهكهناره” یه‌كێكه له‌ڕۆمانه بهنامێكانی “مۆراكامی”و له‌ڕاستیدا له‌نوسخه ژاپۆنییهكهیدا، “كافكا” به “كافوكا” نووسراوه‌و دواتر لهوهرگێڕانهكاندا بووه‌ته”كافكا”، له‌م ڕۆمانه‌شیدا وه‌ك چیرۆكی”بۆقه‌كه ڕزگار ده‌كات”، هه‌وڵی به‌كارهێنانی فانتازیایه‌كی بابه‌تیانه‌ی كافكاییانه ده‌دات، به‌ڵام ناتوانێت به‌بێ تێكدانی شیرازه‌ی ئیدامه‌ی پێبدات و هه‌ر بۆیه‌شه له‌چیرۆكی “بۆقه‌كه تۆكیۆ ڕزگار ده‌كات” له‌سه‌ره‌تاوه كه‌مێك باشه، به‌ڵام هێنده نابات ده‌بێته فیلمی كارتۆن و هاوشێوه‌ی “گراندایزه‌ر”و فیلمه كارتۆنییه ژاپۆنییهكانت بیرده‌خاته‌وه‌و هیچ جدییه‌تێكی فانتازیایی هاوشێوه‌ی ئه‌ده‌بیاتی سه‌ردیی پێوه نامێنێت.
بۆ نموونه كاتێك “كافكا” له‌هه‌وڵی چاپكردنی ڕۆمانی”مه‌سخ”دایه له‌نامه‌یه‌كیدا بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و چاپخانه‌یه‌ی كه‌قه‌وله ڕۆمانه‌كه‌ی چاپبكات، زۆر پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، كه‌وێنه‌ی به‌رگی ڕۆمانه‌كه‌ی نه‌درێته ده‌ست فڵانه به‌رگساز و نیگاركێش، چونكه ده‌ترسێت، وێنه‌ی قالۆنچه‌یه‌كی بۆ بكات، له‌پشت ده‌رگایه‌كه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌م دیو دهرگاكهوهن و به‌مه‌ش ده‌بێته وێنه‌یه‌كی كاریكاتێری گاڵته‌جاڕئامێزو تاد… ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌كات، كهلهترسی ڕوودانی شتێكی وا، له‌شه‌ودا خه‌و نه‌چۆته چاوی و به‌بێداری ماوه‌ته‌وه.. خۆی سه‌یر له‌وه‌دایه، گه‌ر ئێستاش وێنه‌ی به‌رگی “مه‌سخ” بهنیگاركێشه بهرگسازهكان بسپێریت، بێگوومان، هه‌ر شتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه كافكا لێی ترساوه، یان بابڵێین هه‌ر خوێنه‌رێكه ئاسایی، ده‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه، زیاتر ئه‌و گۆڕانه‌ی “گریگۆر سامسا”ی لا گرنگه كه‌ده‌بێته قالۆنچه، له‌كاتێكدا ئه‌م به قالۆنچه‌بوونه لای “كافكا” وه‌ك فانتازیایه‌كی بابه‌تی، هیچ ماهییهتێكی كاریكاتێریی سه‌رزاره‌كی، یان ئۆبژێیهكی فانتازیایی به‌زۆر دروستكراوی فیلمی كارتۆن ئامێز له‌خۆناگرێت.
به‌ڵام “مۆراكامی” له‌ڕۆمانی” كافكا لهكهناره”دا، بێ هیچ هۆكارێكی بابه‌تی یان لۆژیكی و ئیغتیرابی و تاد…له‌پڕ ده‌كه‌وێته به‌رجه‌سته‌كردنی كه‌سایه‌تی خه‌یاڵی “میكی ماوس”ی “واڵت دیزنی”، ئه‌مه بێجگه له‌درێژكردنه‌وه‌ی بێزاركه‌ری وه‌سفكردنی ژه‌نه‌ڕاڵا “ساندرز” و زۆر ورده‌كاریی بێمانای لهشیرازهدهرچووی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی نووسینه كرچ و كاڵ و بێتامهكانی “پاولۆ كۆهیلۆ”.
گه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه تێكسته‌كانی “مۆراكامی” به‌جدییه‌ته‌وه ڕاتكێشنه نێو خۆیانه‌وه، به‌ڵام هێنده نابات، ده‌سه‌ڵاتی ئیمه‌یجینه‌یشن ده‌شێوێت، هه‌رچه‌ند ئه‌مه ڕه‌نگه لای خوێنه‌رێكی بابڵێین ئاسایی هیچ گرنگییه‌كی نه‌بێت، وه‌ك” ئیمبیرتۆ ئیكۆ”ش ئاماژه‌ی پێده‌دات:
( خوێنه‌ری فیعلی هه‌ر كه‌سێكه، هه‌موومانین..من و تۆ و ئێمه كاتێك تێكستێك ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌م جۆره خوێنه‌ره به‌ڕێگه‌ی جیاوازدا ده‌خوێنێته‌وه، هیچ ڕێسا و یاسایه‌ك نییه، شێوازێكی خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، به‌گشتی ئه‌م جۆره خوێنه‌ره تێكست وه‌ك شوێنی پڕكردنه‌وه‌ی ئاره‌زوو و حه‌زه تایبه‌تییه‌كانی سه‌یر ده‌كات، كه‌په‌یوه‌سته به‌دنیایه‌كی جیاواز و به‌ده‌ر له‌تێكست، كاریگه‌ری تێكستیش له‌سه‌ری ته‌نها وروژاندنییهتی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی)
به‌ڵام گرنگیدان و مه‌به‌ستی “ئیكۆ” خوێنه‌ری “نموونه‌ییه”، هه‌روه‌ك چۆن لای ئه‌و “نووسه‌ری نموونه‌ییش” هه‌یه، كه‌هه‌ردووكیان پێكه‌وه خوڵقێنه‌ری تێكستی جیدین.
خوێنه‌ری جیدی لای “ئیكۆ” به‌شوێن شاده‌ماری ستراتیژی تێكستدا وێڵه‌و هه‌میشه هه‌وڵی ته‌ئویل و كردنه‌وه‌ی ده‌ركه‌كانی تێكست ده‌دات، ئه‌م جۆره خوێنه‌ره ئارام و له‌سه‌ره‌خۆ و هه‌ناسه درێژ و سه‌رسه‌خته، له‌ناو ڕیتمی تێكستدا ڕیتمێكی دۆزه‌ره‌وه‌و گه‌ڕۆك و بزۆزی هه‌یه..له‌هه‌موو ئه‌م كرده‌یه‌شدا گه‌ر ئه‌قڵا، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ببینێت، نابێت ئه‌وه له‌یاد بكه‌ین كهئهقڵا هیچ كاتێك كامڵا نییه، هه‌روه‌ك نووسه‌ری عاریف،” دكتۆر عه‌بدولكه‌ریم سروش”، ده‌ڵێت:
( ئه‌قڵا خودا نییه و له‌پله‌ی كه‌شف و دۆزینه‌وه‌ی بابهتهكانداو چاره‌سه‌ركردنیاندا، توانایه‌كی سنووردار و دیاریكراوی هه‌یه).
ماوه‌ته‌وه بڵیم، پێش ئه‌وه‌ی به‌ته‌وایی له‌گه‌ڵا دنیای چیرۆكه وه‌رگێڕدراوه‌كاندا جێتان بهێڵم، ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌م، كه‌لێره‌دا هێنده‌ی ده‌رفه‌ت هه‌بوو، هه‌وڵمدا هه‌ندێك شت بورووژێنم، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی كهگوتوومه دوور و نزیك ناچێته خانه‌ی ته‌ئویل، یان ڕاڤه‌كاری، یاخود خوێندنه‌وه‌ی ڕهخنهكارانهو شتی له‌و چه‌شنه؟!
***