
که بازنه و لاکێشه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه
خوێندنه‌وه و ناساندنی کتێب:
که بازنه و لاکێشه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه
ئاخاوته‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی کورد دوێنێ و ئه‌مرۆ
فه‌رهاد شاکه‌لی
ده‌زگای ئاراس چاپی یه‌که‌م 2010 247 لاپه‌ڕه
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی ئایاری 2011
وێڕای ئەوەی خوێندنەوەی کتێب و ناساندنی ڕوویەکی گەش و زیندوو و تەندروستی فەرهەنگی گەلان نیشان دەدات، بۆ ئێمەی کورد هەمان کات پێداویستییەکی گرنگیشە بۆ واڵاکردنی ڕەهەندی تێگەیشتن و کارکردنمان دەرهەق بە چەمکی رۆشنبیریی و مەعریفی. ئەمەش لە خودی خۆیدا دەبێتە رێبازێکی دروست بۆ فراونترکردنی ئاسۆی تێڕامانه‌کانمان و هەنگاونانی پراکتیکی بەرەو دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگەکەمان.
گاڤێکیش بەرهەمێک تژی بێت بە بیرۆکەی ورووژێنه‌ر و لەسەر بنەمای زانستی نووسرا بێت و بە میتۆدێکی نوێ خوێندنەوە بۆ کۆمەڵایەتی و مێژوو و فەرهەنگ بکات و گەرەکی بێت بەردەوام ئامادەگی لە باسە گەرم و هەنووکەییەکاندا هەبێت و ڕاشکاوانه لە گۆشەنیگای تایبەت و سەربەخۆوە لە دیاردەکان بڕوانێت و قسەی خۆی هەبێت، ئەودەم خوێنەر ڕووبەڕووی دۆخێکی یەخەگیریی دەبێت و ناچارە ئیستێک بکات. به کورتی بۆی مه‌حاڵ ده‌بێت بە سانایی باز بەسەر ئەو بەرهەمەدا بدات.
شایانی ئاماژه‌پێدانه، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمی کەم کەس هێندەی ئه‌وانه‌ی مامۆستا فەرهاد شاکەلی شاعیر و ڕووناک‌بیری دیار و گەورەی گەلەکەمان خوێندنەوە و ناساندنیان بۆ کراوە. هۆکارەکهیشی بریتییه له قەڵەمی ڕه‌نگینی مامۆستا شاکەلی و ووزە و توانا فرە بەرهەمهێنەرەکەیی و میتۆدە نوێیەکانی کارکردنی و گه‌شتی بێ بڕانهوهیهتی له‌نووسین و خزمه‌تکردنی بیر و فه‌رهه‌نگی کوردی.
“کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە” ئاخاوتنی سیاسی و فەرهەنگیی کورد، دوێنێ و ئیمڕۆ. بەرهەمێکی تری نوێی ساڵی ٢٠١٠ چاپخانەی ئاراس لە هەولێرە. ئەم بەرهەمە بەسەر پێنج بەشی سەرەکیدا دابه‌ش کراوه و هەر بەشێکی چەندین سەرباسی ووتار و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەکادیمی لە خۆگرتووە و لە دووتوێی ٢٤٧ لاپەڕەدا و بە چاپێکی قەشەنگ و ڕازاوه کەوتۆتە کتێبخانەی کوردییەوە.
ئەم بەرهەمە جۆرەها باسی فەرهەنگی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕەخنەیی و بیۆگرافیی گرنگی له‌خۆگرتووه. هەر یەکەشیان به هه‌ناسه‌یه‌کی ڕۆشنبیرانەی ڕاشیونالانە بە زمانێکی هونەریی پاراو و داڕشتنێکی پوختی بەرزەوە نووسراون. لە لایەکی دیکەوە ئەم فرە لایەنییەی نووسینەکانی شاکه‌لی وای کردووە، هاوکات بێتە هەڵگری بیرۆکە و پرسیارگەلێکی بێ‌ژمار، له‌ژماردن نه‌هاتوون.
وەک هەر جارێک ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌رده‌ستم که‌وتوون خۆم له قه‌ره‌ی ناساندن و خوێندنه‌وه‌یان داوه، چونکه پێداویستی مشتومڕێکی ڕۆشنبیرانهم به پێویست زانیوه. ئیدی مه‌رجیش نییه بیروبۆچوونه‌کان له‌گه‌ڵ برای نووسه‌ردا کتومت وه‌ک یه‌ک بن. هه‌ر به‌و پێودانگه‌ش جیاوازییه‌کان مانای دوورکه‌وتنه‌وه و ڕه‌تکردنه‌وه نابه‌خشن. له‌م خوێندنه‌وه و ناساندنه‌دا ڕیزبه‌ندی بابه‌ته‌کانم نه‌کردۆته به‌رنامه، به‌ڵکه ئه‌و باسانه‌ی لێکه‌وه نزیکن یه‌ک شێوه تیره‌یان هه‌یه و به ده‌وری مه‌به‌ست و ئامانجی هاوشێوه و هاو ماناوه خول ده‌خۆن پێکه‌وه گرێم داون و کارم له‌سه‌ر کردوون.
شاکه‌لی ده‌ستپێکی کتێبه‌که‌ی به وتارێکی هه‌ستیار و گرنگ له‌سه‌ر ئاخاوتنی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی کورد له سه‌رده‌می گۆڕانکارییه چاره‌نووسسازه‌کاندا پێشکه‌ش ده‌کات. لێره‌دا سێکوچکه‌ی “ئاخاوتن، ڕۆشنبیر، ده‌سه‌ڵات” ده‌بنه سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیی جه‌وهه‌ری باسه‌که. هه‌ڵبه‌ت به‌ستنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ وه‌ک دوو دیوی مه‌دالیایه‌ک پێکه‌وه له‌و هۆشیارییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه که هیچیان بێ ئه‌وی دیکه‌یان شیاوی هێنانه‌دیی هیچ ئامانجێک نابن. له ڕۆشنبیریی کوردی‌دا هه‌نووکه که‌م چه‌مک هه‌یه به ئه‌ندازه‌ی ناسنامه‌ی ئاخاوتنی کوردی ڕووبه‌رووی فۆرمالیتێت و ناجۆرێتی بووبێته‌وه. هه‌مان کات کاری جددی و ڕۆشنبیرانه له‌سه‌ر ئاخاوتنی کوردی دوور له ئیدیۆلۆژی و ده‌ق و تیۆرییه باو و سواوه‌کان به‌ده‌گمه‌ن به‌رچاو ده‌که‌ون. ڕۆشنبیری ئێمه که قسه و کار و توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئاخاوتن ده‌کات، پێویسته له‌نێو واقعی کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ست به‌کار بووبێت و هه‌نگاوی به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆی نابێت، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر گوته و گوتهزاری نامۆ بکاته پێوه‌ری خوێندنه‌وه‌کان. هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌شه وای کردووه ئاخاوته‌ی کوردی له گه‌لێ بنه‌ما و ناوه‌رۆک و ئه‌رکی خۆی دابڕێندراو و دوورخراوه‌ته‌وه و به‌ره‌و ئه‌و قه‌یرانه براوه، که تاکی کورد له بازنه‌یه‌کی نامۆییدا گێژ ده‌خوات و سه‌ره‌داوه‌کانی لێ ئالۆزکێنراوه. له هه‌ردوو پێگه‌که‌دا ده‌بێت داکۆکی له ڕاستی و مۆڕاڵی جوانی خزمه‌ت به مرۆڤ کرۆکی مه‌سه‌له‌که بێت. ئا له‌مه‌وه‌یه شاکه‌لی بۆ په‌یڤین له‌سه‌ر ئاخاوتن پێمان ده‌ڵێ :
کۆمه‌ڵه نرخێکی ئه‌خلاقی و مرۆڤانه ده‌که‌مه پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئاخاوته‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی کوردی بخه‌مه به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌یه‌ک که ئه‌و نرخانه ده‌یکه‌نه پێویستییه‌کی ئه‌وتۆ هیچ رووناکبیرێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌توانێت خۆی لێ نه‌بان بکات.
که‌واته به‌گشتی ئاخاوتنی ئێمه تا ئێستا سه‌ر به به‌ره‌ی ئیدیۆلۆژی و پابه‌ندبوونه‌کانی دیکه بوون، بۆیه‌کا له‌ئاست پێوه‌ری ڕه‌وشت و مرۆدا کورتییان هێناوه. ئاخر ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێی به مێژووی ڕۆشنبیریی نیوسهدهی ڕابردووماندا، خێرا ده‌مانخاته ئه‌و چوارگۆشه‌یه‌ی کتومت له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا هاوجووته. ئێمه جگه له خوێندنه‌وه‌ی ئیدیۆلۆژیانه‌ی ژه‌هراوی هه‌بوون و ئاماده‌گییه‌کی دیکه‌مان به‌رچاو ناکه‌وێت، ئه‌و به‌ها راسته‌قینانه‌یان له‌خۆگرتبێت. خۆ گه‌ر هه‌شبن به قه‌باره‌ی پێویست نین. وه‌ک ده‌زانین سیاسه‌ت و ئاخاوتنی ئیدیۆلۆژاوی، که هێزێک یان پارتێک هه‌ڵسووڕێنی بێت، چه‌ند شکستخواردوو و ههناسهکورته له‌به‌رده‌م هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی تاکتیکی ڕۆژانه و رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ململانێکانی نێو ده‌روونی کۆمه‌ڵگه‌دا. خۆ ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت بریتی بێت له به‌رژه‌وه‌ندی وا به‌رژه‌وه‌ندیش خاوه‌نی هه‌یه و خاوهندارهکهش به مه‌یل و ئاره‌زوو و حه‌زه‌کانی خۆی مامه‌ڵه‌ی له ته‌کدا ده‌کات. به‌م جۆره به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو شته‌کان بۆ ”خود” واته حیزب جێی به‌رژه‌وه‌ندی ”گشت” واته میلله‌ت ده‌گرێته‌وه. به‌م پێودانگه پشکی شێری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان بۆ خاوه‌ن پله‌وپایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری حیزبی و ده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌بێت و جه‌ماوه‌ر په‌راوێز ده‌خرێت و ده‌بێته قوربانی.
زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌یانتوانیوه به سانایی بگه‌نه مه‌رامه‌کانیان، ئه‌وه ڕۆشنبیرانی سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتن خۆ ده‌که‌نه پردی گه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتداران به ئامانجه‌کانیان. ئه‌وه رۆشنبیرانه به درێژایی مێژوو خه‌ریکی کرنووشبردن و ستایشی ده‌سه‌ڵاتداران و ڕازاندنه‌وه‌ی ڕوخساری دزێو و خهوشداریانن به تارای سوور و داپۆشینی نه‌نگی و تاوانه‌کانیان به نووسینه‌کانیان. کارل پۆپه‌ر ده‌ڵێ: گه‌وره‌ترین تاوان له‌سه‌ر ده‌ستی ئێمه‌ی ڕۆشنبیردا له مێژوودا ڕوویان داوه. رۆشنبیرانی پشت په‌رده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار و تۆتالیتێری هیتله‌ر و ستالین زۆرینه‌ی تاوانه‌کانی به‌رانبه‌ر به مرۆڤایه‌تی کراوه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆیان. هه‌روه‌ک شاکه‌لی ده‌ڵی : ئه‌و ڕه‌وانبێژییه‌ی ده‌سه‌ڵات پێویستی پێیه‌تی ڕووناکبیر بۆی داده‌رێژێت.
شاکه‌لی هه‌ر به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ ئۆباڵێکی گه‌وره له ملی رۆشنبیره‌وه بپێچێت، به‌ڵکو له ده‌ستنیشانکردنی دوو خاڵدا دروست قامک ده‌خاته سه‌ر ده‌رده سه‌ره‌کییه‌که و دوو دیارده‌ی ترسناک و نه‌رێتی که به ته‌وێڵی ئاخاوتنی ڕووناکبیرانه‌وه ده‌رده‌که‌ون دیاری ده‌کات و ده‌نووسێت:
1ـ ڕووناکبیر سنووری نێوان ئاخاوته‌ی سیاسی و ئاخاوته‌ی فه‌رهه‌نگیی لێ تێک ده‌چێت. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی جێگۆڕکێ به شوێنی رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵاتدار ده‌کرێت و رۆشنبیران ده‌بنه سووره‌ی به‌ر له‌شکری ده‌سه‌ڵاتداران و دینه‌مۆی هه‌ڵسووڕێنه‌ری پرۆژه‌کانیان. سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش له پێناوی مشتێ پاره و پوول و ده‌ستکه‌وتی ماددیی دنیاییدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
2ـ دیارده‌که‌ی تریش بریتییه له گۆڕانی پێناسه و تێرمه‌کان.
ڕۆشنبیرێک له پشت چاویلکه‌ی ئیدیۆلۆژی و له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتدارێکه‌وه بڕوانێته دیارده‌کان، وا هه‌میشه به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا کار ده‌کات به‌رژوه‌ندییه‌کان نه‌بن به‌ژێر پێناسه و تێرمه شه‌خته به‌ستووه‌کانه‌وه. ئێمه ده‌زانین ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تی و کاری درێژخایه‌نی ڕۆشنبیره کارا و جیددییه‌کان به‌رهه‌مهێنه‌ری قاڵبێکی مانا و نرخداری تێرمهکانن.
له لایه‌کی دیکه‌وه شاکه‌لی په‌نجه بۆ ڕووشاندنی سنووری نێوان ڕووناکبیر و نووسه‌ر له کوردستان درێژ ده‌کات و پێی وایه له ڕێی ته‌وژمێکی ئاوهزکارانهی ڕۆشنبیرانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه ده‌کرێت ئه‌م دیارده‌یه ڕاست بکرێته‌وه و بخرێته سه‌ر سکه‌ی سروشتی خۆی. هه‌ر له‌م میانه‌دا ڕه‌خنه‌یه‌کی توند له ئاخاوته‌ی کوردی ده‌گرێت به‌وه‌ی :
1ـ به تێکڕا سه‌رگه‌رمی به سیاسی‌کردنی گوتاری کوردین.
2ـ قه‌یرانی زمانی کوردی له نێو گوتاری کوردی‌دا.
شاکه‌لی هێنده په‌رۆشی زمانه و ئه‌مه‌نده به دیقه‌ته‌وه سه‌رنج له ڕۆڵی زمان له‌نێو بونیاتی ڕۆشنبیریماندا ده‌دات ، بۆیه‌کا تووڕه‌یی و نیگه‌رانیی خۆیمان لێ ناشارێته‌وه و ئه‌و ئهتککاریی و شێواندن و سووکایه‌تییه‌ی به زمانی کوردی له ڕێگای ده‌ستگاکانی ڕاگه‌یاندنی حیزبی و له‌شکری نه‌خوێنده‌واری قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌وه و ئه‌و بڵاوکراوانه‌وه و به تایبه‌ت ماڵپه‌ڕه کوردییه بێ فلته‌ره‌کانی زمانه‌وه ده‌کرێت ده‌نووسێت :
نه‌ک خۆکوژی ، به‌ڵکه کۆکوژییه‌کی ئاشکرایه دژی زمانی کوردی و مێژووی فه‌رهه‌نگ و فکر و شارستانێتی. له شوێنێکی دیکه‌دا به زمانکوژی له قه‌ڵه‌م ده‌دات.
ده‌شێ ئه‌م بۆچوونه هه‌ندێ به ڕه‌ق و ڕادیکالانه‌ی دابنێین، وه‌لێ ته‌نها ساتێکی که‌م ته‌ماشاکردنی تیڤییه‌کانی کوردستان و ئه‌و تێکستانه‌ی له هه‌واڵ و ده‌نگوباسه‌کاندا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه، مانشێتی گه‌لێ له گۆڤار و ڕۆژنامه و بابه‌تی کرچوکاڵی ئه‌و ماڵپه‌ڕه بێ‌ژمار و خاوهننادیار و نائه‌کادیمی و زانستییانه‌دا به‌سن بۆ ڕاستی بۆچوونه‌که. ئا له‌مه‌وه‌یه که‌وا پێمان ده‌ڵێ شه‌رمه‌زارییه باس له رێنیسانس و گه‌شه‌سه‌ندن و به‌ره‌وپێشچوونی ڕۆشنبیریی بکه‌ین. ڕۆشنبیرییه‌ک که ببێته تابووتی زمان، ئه‌وه نابووتی ئاوه‌ز و دۆخی خۆله‌ناوبردن و بڕیاری مه‌رگ به‌خشینه.
شاکه‌لی ڕوو له ڕۆشنبیران ده‌کات و ئه‌وه‌یان دێنێته‌وه یاد که‌وا له‌م قۆناغه تازه‌یه که هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی خۆیی کوردیدایه، دیسانه‌وه نابێت ڕۆڵی سه‌ره‌کیی خۆیان له بیر ببه‌نه‌وه و خۆ بکه‌نه دارده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ره‌ی گه‌ل و ڕاستی و هه‌ق چۆڵ بکه‌ن. به‌ڵێ ئێستا ڕۆژی ئه‌وه‌یه ده‌نگی ڕه‌خنه‌یان زوڵاتر و نووکی قه‌ڵه‌میان تیژتر بێت. له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ئاماژه به 3 خاڵی سه‌ره‌کی و گرنک ده‌دات که‌وا ڕۆشنبیران بیکه‌نه بنه‌ما بۆ سه‌رنجدان له‌ده‌سه‌ڵات و ده‌ستکه‌وت و پێشکه‌وتنه‌کان و ئه‌وانیش:
1ـ له‌کوردستاندا له بواری جۆراوجۆردا چی کراوه؟
2ـ پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی.
3ـ له ڕووی ستراتێگیهوه چی بۆ کورد (وه‌ک نه‌ته‌وه)کراوه؟
ئه‌م سێ خاڵه به‌شێکی گه‌وهه‌ری پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌که ڕادهنوێنێت، که ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تی و هه‌ره له پێشینه‌ی هه‌ر هێز و ده‌سته‌یه‌که چووبێته مه‌یدانه‌وه و بڕیاری خه‌بات و تێکۆشانی دابێت و گفتی به گه‌ل و نیشتیمانه‌که‌ی دابێت له پێناویان‌دا ده‌ستبه‌کار بێت.
نووسه‌ر کاتێ باڵای ئه‌م داوایانه به کرداری ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گرێت، ده‌زانێ ده‌سه‌ڵات چه‌ند کورتی هێناوه و ئه‌و ڕۆشنبیرانهشی له خولگه‌ی ده‌سه‌ڵات و پێبهپێان هه‌نگاو ده‌نێن، له تراژیدیایه‌کی سه‌ره‌مه‌رگدان. به لای نوسه‌ره‌وه ڕوون و ئاشکرایه تا مه‌ودای نێوان ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیران کورتر بێت، وا ژینگه‌ی هه‌ناسه‌دان بۆ تاک و هاووڵاتی به‌رته‌سکتر ده‌بێته‌وه. ئه‌وده‌م ده‌رفه‌تی ژیانێکی خۆشگوزه‌ران و ئاسمانێکی ڕازاوه به ئازادی نامێنێته‌وه. خاڵێکی دیکه‌ی به‌رچاوی نووسه‌ر بریتییه له‌وه‌ی چی دی ساته‌وه‌ختی ئه‌وه نه‌ماوه هه‌ر بانگاشه‌ی ئه‌وه بکه‌ین چی کراو و چی ئه‌نجامدراوه بکه‌ین. له کاتێکدا ده‌ستگاکانی میدیای ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌و ڕستانه ڕازێندراونه‌ته‌وه. لێره‌وه جارێکی تر شاکه‌لی تێهه‌ڵده‌چێته‌وه و ده‌ڵێ:
< بۆ گه‌لێکی ستهمدیو و ژێرده‌سته‌ی وه‌ک کورد ده‌بێ باسی ئه‌وه بێت که ” ده‌کرا بکرێت و ئه‌نجام بدرێت،به‌ڵام نه‌کرا و ئه‌نجام نه‌درا”. باسکردنی (کراو) به‌بێ ناوهێنانی (نه‌کراو) شاردنه‌وه‌ی نیوه‌ی ڕاستییه.
له هه‌ناوی ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی کاری تێدا ده‌کات، دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی نه‌ک هه‌ر زه‌قترین نیشانه‌یه‌تی، به‌ڵکو بۆته مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان. ئه‌مه‌ش کتومت باسنه‌کردنی لایه‌نه سه‌رنه‌که‌وتووه‌کانی پرۆژه و به‌رنامه‌کانی ده‌سه‌ڵاته، که به پله‌ی سه‌ره‌کی ئه‌رکی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆشنبیرانه وه‌ک چاودێرێک به‌سه‌ر کاره ناته‌واوه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه هۆشیاری نیشان بده‌ن.
ئه‌م مه‌ترسییانه و خۆدزینه‌وه له پێناوی چنگێ به‌رژه‌وه‌ندیی دنیاییدا وای کردووه به‌ره‌ی ڕۆشنبیرانی سێبه‌ر و له‌شکری ده‌سه‌ڵات به‌ر لێشاوی ڕه‌خنه‌ی توند ببنه‌وه و سه‌رئه‌نجامیش به زیانی کوشنده‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کۆتایی پێ بێت.
کاتێکیش شاکه‌لی له‌م بواره‌دا شێڵگیریی خۆی له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی ده‌نوێنێ به ده‌نگ و ڕه‌نگێکی کاریگه‌ره‌وه و له په‌رۆشی خه‌مه گه‌وره‌که‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یدا ده‌نووسێ : هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ناتوانێت خۆی دروست بکات و پاشه‌ڕۆژی خۆی بنیات بنێت ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ی ئه‌و پاشه‌ڕۆژه‌ی نه‌کێشێت. هێنده‌ی منیش ئاگادار بم ساڵانێکی زۆره که‌س هێنده‌ی مامۆستا شاکه‌لی به نووسین و لێکۆڵێنه‌وه و هه‌ڵوێست نواندن و کارکردن له‌سه‌ر چه‌مکی سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی ئیشی نه‌کردووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی په‌رۆشێکی جیددیی ڕۆشنبیرانه‌یه، هاوکات ده‌رککردنه به هه‌ستیاری و گرنگیی بابه‌ته‌که و پێویستبوونی بایه‌خدانی ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیرانه به‌م لایه‌نه هه‌ره گرنگه‌ی کوردبوونمان. به‌تایبه‌ت له‌م ساته‌وه‌خته‌دا گۆڕانه گه‌ردوونییه گه‌وره‌کانی به‌سه‌ر دنیادا و به‌تایبه‌ت له ڕووی ته‌کنه‌لۆژی و جیهانگه‌راییه‌وه دێت. له‌م ڕووه‌وه پوخته‌ی قسه‌ی شاکه‌لی بریتییه له :
فه‌رهه‌نگی کورد، له‌م سه‌رده‌می به‌ناو جیهانگه‌رایی ( گلۆباڵیزم) و شۆڕشی ته‌کنیکی زانیارییه‌دا، فه‌رهه‌نگێکی بێناوه‌ڕۆک و بێکاکڵه. فه‌رهه‌نگێکه له نێوان گه‌ردوونگه‌رایی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی (یا نیشتمانی) دا وێڵ بووه و سه‌ری لێ شێواوه و ڕێ ده‌رناکات. فه‌رهه‌نگێکه، نه بنه‌ما و قانوونه‌کانی گه‌ردوونگه‌رایی فێربووه و نه ڕێوشوێنه‌کانی شارستانهتییهکهی خۆی، واته کورده‌واری، له بیر ماوه.
له نێو ئه‌و باسه گرنگانه‌ی که به‌شی هه‌ره گران و سه‌ره‌کیی کاره‌کانی شاکه‌لی پێکدێنن، کێشه پرسی فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردییه به هه‌موو پێکهاته‌که‌یه‌وه. لام وایه خوێنه‌ر به‌ئاگایه له‌و نیگه‌رانی و حهسرهتههڵکێشانهی ده‌رهه‌ق به‌و گوناحه مه‌زنانه‌ی به‌رانبه‌ر به زمانی کوردی ده‌کرێت. کورد خۆی جه‌سته‌ی چه‌ند ههلاههکراوه له لایه‌ن داگیرکه‌ر و زلهێزه‌کانه‌وه، وا زمانه‌که‌یشی به ده‌ست خودی خۆیه‌وه په‌رێشان کراوه. هۆکاریش بۆ ئه‌و جۆره به‌ره‌ڵایی و که‌س به که‌س نه‌بوونه و نه‌بوونی داموده‌ستگای یه‌کگرتوو و دانانی که‌سانی ناشیاو له شوێنه هه‌ستیاره‌کان و خه‌مساردی و نه‌زانیی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه. لای شاکه‌لی تاکه چاره‌سه‌ر به ڕێگای زانستی ده‌بێت و ئه‌مه‌ش به‌و که‌سانه ده‌کرێت که لێهاتوو و شاره‌زای ئه‌م بواره‌ن و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌بێت پرۆژه و بڕیاری گرده‌بڕی له‌م مه‌یدانه هه‌بێت و به‌رپرسانه ره‌فتار بکات.
ئه‌م به‌رده‌وام ئاماده‌گییه‌ی شاکه‌لی و به‌شداریکردن له گفتوگۆکردن له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی به‌رده‌م فه‌رهه‌نگی کوردی، زاده‌ی تێڕامان و هه‌ست به به‌رپرسیارێتییه‌کی قووڵه. شاکه‌لی ڕازی نییه ده‌می قفڵ بکات و ئه‌قڵی کوێر بکات و هه‌روا ده‌ستی خۆبهستدان بڵند بکات.
کاتێ ته‌ماشای کردار و گوفتاری ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌که‌یت، تاکه نیشانه‌یه‌کی هه‌بوونی به‌رنامه و ئه‌جێندا و پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به سیمایه‌وه نابینرێت. تاکی هۆشیار و دڵسۆزیش له مه‌ترسییه‌کانی ئه‌م ڕاستییانه بهئاگهیه و له‌و ده‌رئه‌نجامه ده‌ترسێت که ئاکامه‌که‌ی بریتییه له ملشکان و خۆدۆڕاندن و مهینهتحاڵی نه‌ته‌وایه‌تی.
که‌واته ئیدی چانسی ڕۆشنبیری ساخته و مشه‌خۆر و ده‌مامک له ڕوو با نه‌مێنێت و له‌سایه‌ی دادپه‌روه‌ری و ئازادییه‌کی زه‌مینه ڕه‌سه‌ندا ژیانێکی پڕ له ڕوومه‌ت و ئاسووده بۆ مرۆی کورد فه‌راهه‌م بکه‌ین. دیاره گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بنه‌ما به‌رز و پیرۆزه‌کان بکه‌ینه به‌شی هه‌ره سه‌ره‌کیی کاره‌کانمان و کرداریان پێ بکه‌ین، وا به مسۆگه‌ریی گره‌وی ململانێکان ده‌به‌ینه‌وه و ئاڵای سه‌رکه‌وتن به گه‌شاوه‌یی ده‌گرین به ده‌سته‌وه. ئه‌مه‌شه وای له شاکه‌لی کردووه به‌ر له ماڵئاوایی به‌و باسه به جوانترین ڕسته ده‌رگا له ڕووی خوێنه‌ردا به کراوه‌یی بهێڵێته‌وه و ده‌ڵێ : دیسان ئومێدێک ده‌به‌خشنه ئه‌و که‌سه‌ی باوه‌ڕی به‌وه‌یه که نرخه چاک و ڕاست و پاکه‌کان هه‌ر سه‌رده‌که‌ون .
له سه‌ردێڕێکی دیکه و بابه‌تێکی تردا له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی شاکه‌لی دوای خوێندنه‌وه‌یه‌کی وورد و به دیقه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌مه‌ڕ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردییه‌وه نوسراون، به‌راوردکارییه‌کی زانستییانه و ئه‌کادیمیانه‌یان ده‌کات و وه‌ک که‌سێکی شاره‌زا و لێهاتووی ئه‌و بواره‌ش دێته مه‌یدان و به پشت به‌ستن به هه‌ردوو ئه‌و کالاندهر/ تقویم هی سه‌رده‌می ئیمپراتۆرێتی عوسمانی کۆچی و ڕوومی هه‌ڵه‌یه‌کی مێژووییمان بۆ ڕاستده‌کاته‌وه. هه‌ڵه‌یه‌ک که‌وا له ساڵی 1968 وه دوای په‌خشکردنی وێنه‌ی ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕۆژانه و ساڵانه ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه و یادی ده‌که‌ینه‌وه. له‌سه‌ر یه‌که‌م ژماره و ڕۆژی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌که نووسراوه {ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 9ی نیسانی ساڵی 1314ی ڕوومی} که ده‌کاته {ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 21ی نیسانی ساڵی 1898 ی زایینی} و ده‌کاته {ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 29ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315ی کۆچی }.
نووسه‌ر ووته‌نی: ئه‌مه‌ی ئێستا هه‌یه و له‌به‌رچاوه هه‌ڵه‌یه‌کی زانستییه، به‌هۆی ڕه‌چاونه‌کردنی بنه‌ماکانی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستییه‌وه ڕووی داوه. گومان له‌وه‌دا نییه له گه‌لێ بوار و کایه‌ی دیکه‌شدا سات و کات و ڕووداو و بابه‌تمان به هه‌ڵه تۆمارکراوه و بۆ نووسراوه‌ته‌وه و به‌سه‌رماندا سه‌پێنراوه و ئیدی ڕاستیمان لێ بزربووه و بزرکراوه. که‌واته بۆ مێژوویه‌کی پڕ له به‌های ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی که‌وا ته‌مه‌نی سه‌ده و شتێکه گوناهوتاوانه به هه‌ڵه تۆماری بکه‌ین و کاری ئه‌وتۆیی به‌سه‌ر که‌سانی شاره‌زادا به‌خۆڕایی بگوزه‌رێت. ئاخر چی دی ده‌رفه‌تی هه‌ڵه‌کردن و خه‌وش قبوڵکردن نه‌ماوه و ساته‌وه‌ختی ئه‌وه له دایک بووه بچینه سه‌ر سکه‌ی سروشتی خۆمان و هه‌ڵه و ناڕاستییه‌کان تێ بهێنینه‌وه و به‌ره‌و ئاسۆ و ئامانجی ئاینده‌یه‌کی ڕووناکتر و گه‌شتر بکه‌وینه ڕێ. ساخکردنه‌وه‌ی نه‌ک ته‌نها ڕۆژێک بگره کاتژمێرێکیش بۆ ده‌رخستنی ڕاستی و تۆماری ڕووداوه‌کان گرنگ و پێویستن. به دیدی شاکه‌لیش کێش و به‌های ئه‌و تاکه ڕۆژه به‌م شێوه‌یه فۆرمه‌له بووه:
ده‌بێ له ئه‌مڕۆ به‌دواوه ڕۆژی 21ی نیسان ببێته ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی . ئه‌م جیاوازییه ئه‌گه‌رچی یه‌ک ڕۆژه، به‌ڵام هه‌م له کار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا و هه‌م له مێژووی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی مرۆڤایه‌تیدا بایه‌خی خۆی هه‌یه و ده‌بی ڕاستی ئامانجی یه‌که‌م بێت.
ناونیشانێکی دیکه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه بریتییه له < ئه‌ده‌بی کوردی له تاراوگه>. له‌م بابه‌ته‌شدا وه‌ک که‌سێکی خاوه‌ن ئه‌زموون و به‌ئاگا له‌م دیارده نوێیه‌ی بۆته به‌شێکی به‌رچاوی هاوکێشه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی، چه‌ند خاڵ و سه‌رنج و بۆچوونێک ده‌رده‌بڕێت، شایانی ئاماژه پێدان و قسه له‌سه‌رکردنێکی پهرۆشئامێزه. نووسه‌ر سه‌ره‌تا به ڕسته‌یه‌کی پڕ له یه‌قینه‌وه و به‌ڕاشکاوانه ده‌نووسێت : بێگومان ئه‌ده‌بی کوردی له تاراوگه وه‌ک دیارده‌یه‌کی فیزیکی و جیۆگرافی هه‌یه و له چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی کوردیش‌دا جێگایه‌کی گرنگی وه‌ده‌ست هێناوه .
پاش ئه‌وه‌ی به خێرایی ئاماژه به مێژووی ئه‌ده‌بی تاراوگه و به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و دیارده‌یه ده‌کات، ده‌گاته ئه‌وه‌ی له هه‌نووکه‌شدا چه‌ندین نووسه‌ر و ڕووناکبیر و خاوه‌ن به‌رهه‌می هه‌مه‌جۆری کوردی له تاراوگه ده‌ژین و خزمه‌تی به‌رچاو و دیار و زۆرجاران گرنگ و باشیان پێشکه‌ش به فه‌رهه‌نگی کوردی کردووه. ئه‌وه‌ی لای شاکه‌لی مایه‌ی سه‌رنجه ئاماژهدانێتی به جیاوازیی نێوان ئه‌ده‌بی کوردستان و تاراوگه. لێره‌شدا پرسی ناوه‌ڕۆک وه‌ک خاڵێکی سه‌ره‌کی و گرنگ بۆ به‌رهه‌مه‌کان ده‌کاته پێوانه و ئه‌وجا له‌سه‌ر که‌ناری قه‌ناعه‌تێکی چه‌سپاو له‌نگه‌ر ده‌گرێت و ده‌نووسێت: به‌شێک له نووسه‌رانی تاراوگه ئه‌وانه‌ن که پرسیاری قووڵتری ئۆنتۆلۆگی دێننه ئاراوه و به هۆشیارییه‌کی دیکه‌ی باڵاتره‌وه ئه‌زموونه‌کانی ژیان و بیرکردنه‌وه و هه‌بوون ده‌رده‌بڕن.
کێشانی ئه‌م سنووره له نێوان نووسه‌رانی ناوه‌و و ده‌ره‌وه، ده‌کرێ له گۆشه‌نیگایه‌که‌وه ڕاستییه‌کی حاشالێنه‌کراو بێت، وه‌لێ مه‌رجی سه‌ره‌کی نییه، چونکه له‌سه‌رده‌ستی نووسه‌رانی ناوه‌وه‌ش به‌رهه‌می به‌پێزو سه‌نگین هاتۆته به‌رهه‌م. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له عۆده‌ی چه‌ند زمانێکی بێگانه دێن و ده‌ستییان به سانایی به سه‌رچاوه بێژمارهکاندا ده‌گات و به‌پێی شێواز و میتۆدی نوێ زانستی ده‌نووسن و به هۆشیارییه‌کی دروسته‌وه سه‌رگه‌رمی موتوربه‌کردنی هزر و جیهانبینییهکانیانن و به‌رده‌وام گوێ له‌ترپه‌ی دڵی به‌رهه‌مه زیندووه‌کانی جیهان ده‌گرن، ئاسۆی دید و ڕوانینیان فراونتر و قووڵتر ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت و ئه‌و کۆمه‌ڵه به‌رهه‌مه که‌م و پوختانه‌ی له کتێبخانه‌ی کوردی‌دا به‌رچاوده‌که‌ون نموونه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌ن.
وه‌ک بڵێی کێشه‌ی زمان گه‌وره‌ترین خه‌می مامۆستا شاکه‌لی بێت به ته‌نیا، وا هێنده ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیاره دێنێته‌وه به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌شی لێره‌دا جێی ئاماژه پێدانه و مایه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته مه‌سه‌له‌ی < زمان >ه. به‌هه‌ق خوێنه‌ری زیت و ووریا چه‌ند له په‌رۆش و خه‌می ئه‌م نووسه‌ره و چه‌ندانی دیکه‌مان به جیددی تێده‌گات ، هێنده‌ش له هه‌ستیاری و گرنگی خودی پرسی زمان و ئه‌و تاوانه‌ی ده‌رهه‌قی ده‌کرێت به ئاگایه.
شاکه‌لی وه‌ک شاعیر و که‌سایه‌تییه‌کی خاوه‌ن پێشینه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری و سیاسی له کوردستان و ئێستاش به ژیانی نزیکه‌ی 37 ساڵی تاراوگه‌وه خاوه‌نی هه‌ردوو ئه‌زموونه‌که‌یه پێی وایه: یه‌کێک له ڕوواڵه‌ته هه‌ره ئاشکرا‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی له تاراوگه لایه‌نی زمانه، زمانی کوردی. له‌ناو نووسه‌رانی کوردی تاراوگه‌دا ئیلیتێک هه‌یه، هه‌ڵبژارده‌یه‌ک هه‌یه که نموونه‌ی به‌رزی کوردی نووسینن.
له‌مه‌شدا هێنده‌ی مسقاڵه زه‌ڕره‌یه‌ک گومان نییه و ئه‌و ته‌ڕ و پاراوی و ڕه‌چاوکردنی بنه‌مای زانستییه‌ی به به‌رهه‌می نووسه‌رانی تاراوگه‌وه هه‌یه له ناوه‌وه که‌متر به‌رچاو ده‌که‌وێت. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی نا که هه‌موو نووسه‌رانی ده‌ره‌وه هه‌ڵگری ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ن یان تێکڕای نووسه‌رانی ناوه‌وه دوورن له‌و پێناسه‌یه، به‌ڵکو قسه پتر له‌سه‌ر ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌شکری ڕۆشنبیرانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات خوڵقاندوویانه. دیسان قسه‌ی ئێمه و ڕه‌خنه و نیگه‌رانی شاکه‌لی له پنتی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به میدیای ده‌سه‌ڵاتدا یه‌کانگیر ده‌بێته‌وه. تاقه یه‌ک چرکه سه‌ر شۆڕکردنه‌وه به هه‌واری وێران‌کراو و شێوێنراوی زمانی کوردی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م لایه‌نانه‌دا به‌سه بۆ بینین و تێگه‌یشتن له‌و کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته.
قسه‌کردن له‌سه‌ر دیارده‌ی تاراوگه به تایبه‌ت که بۆته پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵگای کوردی و ئه‌مڕۆ زیاتر له ملیۆنێک کورد له هه‌نده‌ران ده‌ژین و وه‌چه و نه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌خه‌نه و ڕه‌گ له ده‌ره‌وه‌ی نیشتمانی خۆیان داده‌کوتن و به‌شدارییان له هه‌موو بواره‌کانی کوردبووندا هه‌یه چی دی سه‌رده‌م ده‌رفه‌تی په‌راوێزکردن و فه‌رامۆشکردنیان په‌سه‌ند ناکات و پێویسته زیاتر بایه‌خیان پێبدرێت و شاکه‌لی ووته‌نی : باسێکی ئاوا گرنگ ده‌بێ سه‌کۆیه‌کی پته‌وتر و زانستیانهتری بۆ بڕه‌خسێنین.
له باسێکی دیکه‌یدا له‌مه‌ڕ یادی سێسهدساڵهی مهم و زینی خانییه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کی بابه‌تی له ده‌سته‌ڵات ده‌گرێت به‌وه‌ی ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی پڕوپاگه‌نده‌ی حیزبی ئه‌و یاده ده‌که‌نه‌وه، وه‌ک مهم و زین ناسێکی شاره‌زا و خاوه‌نی به‌رهه‌می ناسیونالیزمی کوردی له مه‌موزینی خانی‌دا ساڵی 1983 بڵاوکردۆته‌وه، هێما به هه‌ندێ سیما و ڕواڵه‌تی مهم و زین ده‌کات. ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه له‌و باسه‌دا زۆر به‌رچاوه ده‌ربڕینی ڕاستییه‌کی ئازاربه‌خش و دڵته‌زێنه. نووسه‌ر به‌و ئه‌زموون و تێکه‌ڵییه‌ی ساڵه‌هایه‌که خۆشی گه‌ڵاڵه‌ی کردووه، گه‌شتۆته بڕوایه‌ک که ده‌نووسێ: ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه کوردناسانی ئه‌وروپا له پله‌ی یه‌که‌مدا خه‌ریکی مه‌سه‌له‌ی سیاسی کوردن نه‌ک فه‌رهه‌نگه‌که‌ی/ ئێستاش ئه‌گه‌ر له ڕۆژاوا کورد بناسرێ، له‌به‌ر شه‌ڕوشۆڕ و تهقوپۆقهکهی ده‌ناسرێ، نه‌ک به‌هۆی فه‌رهه‌نگه‌که‌یه‌وه.
بۆچوونێکی وورده شیاوی ئه‌وه‌یه دانوسانکردنی له‌سه‌ر بکرێت، وه‌لێ ئه‌و پرسیاره گرنگه‌ی لێره‌دا خۆی قوتده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌مه گوناهی کێیه؟. لام وایه مامۆستا شاکه‌لی به‌ر له که‌سانی دیکه وه‌رامی ئه‌مه‌یان ده‌داته‌وه بۆیه‌کا له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی نوسینه‌که‌یدا ده‌نووسێت : ئه‌م هه‌لومه‌رجه ئه‌رکێکی یه‌کجار گرنگ ده‌خاته سه‌ر پرۆژه‌ی ڕووناکبیرانی هۆشیار و ئازاده‌بیری کورد له ئه‌وروپا، ئه‌رکی ناساندنی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی.
شاکه‌لی… یه‌کێکه له‌و ڕووناکبیرانه‌ی به جیددی کار له‌م بواره‌دا ده‌کات و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی به گاڵته و جه‌فه‌نگ وه‌رنه‌گرتووه. لاشم وایه شاکه‌لی یه‌کێکه له‌و تاکوته‌رایانه‌ی کورد که ده‌یان به‌رهه‌می کردۆته سویدی و مه‌ڵۆیه‌کی خستۆته سه‌ر شارای کوردناسی له سوید و که‌سێکه له گه‌لێ بۆنه‌ی کوردی و بێگانه‌دا به زمانی ئینگلیزی و سویدی له جیهاندا به‌شداری به ووتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی دوورودرێژ له‌مه‌ڕ کوردناسییه‌وه کردووه.
ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره هێشتا ده‌یان ئه‌رکی گرنگ و پڕ به‌های جێبه‌جێنه‌کراو چاوه‌ڕێی ده‌ست و هیممه‌تی ڕۆشنبیرانی کورده، بۆ ده‌رچوون له بازنه‌ی کوردناسی سیاسی و هه‌نگاونان به‌ره‌و کوردناسی فه‌رهه‌نگی. چونکه ئه‌م په‌یامه‌یان نه‌مرت و پتر مرۆییتره و زووتر دێته وه‌رگرتن و ئاسانه دۆستی بۆ په‌یدا بێت و لایه‌نگری بۆ دروست بێت. له هه‌مان ساته‌وه‌ختدا ده‌شێت له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه خزمه‌تێکی به‌رچاوی دۆزه سیاسییه‌که نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌ین. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی کورد ئێستا له باشووردا هه‌یه‌تی و سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵه و ڕێکخراوه‌کانی کوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌رپرسیارن له‌به‌رده‌م هه‌مان ئه‌رکدا و ده‌بێت ڕۆڵی مێژوویی و نه‌ته‌وایه‌تی خۆیان بگێڕن.
شاکه‌لی به ووتارێکی دوور و درێژ و تژی له زانیاریی و بۆچوونی نوێ و له هه‌ندێ باسیشدا ره‌خنه‌ئامێز، ئاوڕێک له مه‌رگی مامۆستا گۆران دوای 35 ساڵ ده‌داته‌وه. ده‌کرێت ئاماژه به‌وه بده‌ین له‌م ووتاره‌دا شاکه‌لی به دوای تێگه‌یشتنێکی قوڵتر و سه‌راپاگیرتر ده‌رباره‌ی گۆڕان له گه‌ڕدایه و ئه‌و زانیارییانه‌ی هه‌تا هه‌نووکه له به‌رده‌ستدان قنیاتی ئه‌و ناده‌ن. شاکه‌لی فاکتی گرنگی جوانیپه‌رستی لای گۆران ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئه‌و بونیاده لهڕولاوازهی خودی گۆران. به واتایه‌تی دیکه گۆران هێنده بهژنوباڵا نابووت بووه، بۆیه هه‌رده‌م تاسه‌ی ژنی باڵا به‌رز و شۆخوشه‌نگ بووه.
لایه‌نێکی دیکه‌ی داهێنه‌رانه‌ی گۆران له کن شاکه‌لی خه‌م و ڕه‌شبینی گۆرانه له چه‌ند شاکاره شیعرێکدا پێشکه‌شی کردووین. به دیدی شاکه‌لی:
نه خه‌م و نیگه‌رانیی گۆران و نه ڕه‌شبینییه‌که‌ی زاده‌ی بیرێکی ساکاری ڕۆژانه نین ، ئه‌و له بازنه‌ی بیرێکی فه‌لسه‌فی و وجوودیدا له ده‌وروبه‌ری خۆی و له لایه‌نه ته‌ماوی و بێڕه‌نگه‌کانی ژیان ورد ده‌بێته‌وه و به دوای وه‌رامدا وێڵه.
وه‌ک خۆی له شیعری تاوێ نه‌گه‌ڕا دا ده‌ڵێ
…زیاتر سه‌به‌بی عه‌قڵ و شوعووره خه‌فه‌تی من
دواتر شاکه‌لی هه‌واری لای شیعری ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ده‌خات و شیکارێکی جوان و ژیربێژانه‌ی ئه‌و ده‌قه ده‌کات… تا ده‌گات به‌وه‌ی گه‌وره‌یی مامۆستا گۆران به چه‌ند نموونه‌یه‌کی شیعری له‌م رووه‌وه ده‌سه‌لمێنێ. سه‌رئه‌نجام ئه‌میش وه‌ک گه‌لێ له نووسه‌ر و ئه‌دیب و ڕووناکبیرانی تری کورد ، په‌رۆشی ئه‌وه ده‌خوات که ئیدیۆلۆژی سیاسی ـ دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست له مارکسیزمه ـ ئه‌م گه‌نجینه گه‌وره‌یه‌ی داهێنان و ئه‌فراندن له گۆرانی شاعیردا ده‌کوژێ و وای لێده‌کات به‌دیار مه‌مله‌که‌تی خه‌یاڵ و فه‌نتازیای ده‌ستکرده‌وه جۆش دابمێنێت و به ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌م مه‌یدانه دوورکه‌وێته‌وه، له گه‌له‌ک کات و شوێندا نه‌توانێ وه‌ک پێویست گوزاره له راستییه‌کان بکات.
گێڕانه‌وه و ده‌رخستنی سروشتی سیاسه‌تی سیسته‌می شوره‌وی جاران به‌رانبه‌ر به کورد و پێگه و رۆڵی ئه‌م کوردانه له‌و سیسته‌مه‌دا و له نێو ئه‌و کۆمارانه‌ی به‌سه‌ریدا دابه‌ش کرابوون و تیشک خستنه سه‌ر سۆڤێتپهرستی به‌شێکی کوردانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره و دیداری کۆمه‌ڵێ کوردناسی رووسی و ئه‌دیب و ڕۆشنبیران و سیاتمهداری کورد و چه‌ندان زانیاریی و بیره‌وه‌ریی سوودمه‌ند له‌و به‌شه‌ی کتێبه‌که‌دا له ژێر ناونیشانی دوو زستانه گه‌شت دا به‌رچاو ده‌که‌ون.
دۆزینه‌وه‌ی برا ونبووه‌کان… وه‌ک نوسه‌ر ناوی ناوه له دوو گه‌شت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ خوێندکاردا له ساڵی 1986 و 1987 دا ئه‌نجام دراون. من چه‌ند جومگه‌یه‌کی ئه‌و گه‌شته لێره‌دا ده‌هێنمه به‌رباس. یه‌ک له‌وانه ده‌ستنیشانکردنی 3 خاڵه به‌رانبه‌ر به لاوازی نه‌خشی کورد له شوره‌ویدا:
1ـ کورد کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خێڵه‌کی و نه‌خوێنده‌وار و دواکه‌وتوو.
2 ـ به هۆی جیاوازیی خێڵایه‌تی و دینییه‌وه (موسڵمان و یه‌زیدی) یه‌کگرتوو نه‌بوون و نه‌یانتوانیوه نوێنه‌رایه‌تییه‌کی یه‌کگرتوویان هه‌بێت.
3 ـ نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ریان، به تایبه‌ت ئه‌رمه‌ن و ئازه‌ری، زۆر دژیان بوون و نه‌یانده‌ویست کورد ببنه هاوبه‌شیان.
ئه‌مانه کۆمه‌ڵێ فاکتی نکۆڵی لێنه‌کراون، وه‌لێ له بایه‌خی ئه‌و راستییه که‌مناکه‌نه‌وه که‌وا شوره‌ویش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاته داگیرکه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستان ئاماده‌ی هیچ کۆمه‌کێکی جیددی پرسی کورد و چاره‌سه‌رکردنی نه‌بوو. به مانایه‌ک له ئه‌جندایاندا پێگه‌ی بوونی کورد و ماف و داواکانی له به‌رچاو نه‌گیرابوو. ئه‌وه‌تا خودی نووسه‌ریش ئاماژه به سیاسه‌تی توانه‌وه‌ی کورد و به تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می ستالین دا
ده‌کات. کاتێ ژییاننامه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی به‌رزی وه‌ک نادری نادرۆڤ ده‌خوێنێته‌وه چۆن به نیوه‌شه‌و به زیلی سه‌ربازی له گونده‌که‌ی خۆیانه‌وه بۆ کازاخستان راگوێزراون، ئه‌وجا له‌و راستییه تێده‌گه‌یت مه‌ینه‌تی و کوله‌مه‌رگی ژیانێک به‌سه‌ر ئه‌واندا هاتووه به‌ر له سیاسه‌تی راگوێزان و توانه‌وه‌ی زۆر له رژێمه‌کانی دیکه‌وه بووه و بگره به‌دووری نازانم داگیرکه‌ره‌کانی دیکه هه‌ر له‌مانه‌وه فێری ئه‌و سیاسه‌ته نامرۆییه بووبێتن.
ڕاسته نه‌خوێنده‌واری له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا دیارده‌یه‌که شیاوی شاردنه‌وه نییه، به‌ڵام له نێو کوردانی ئه‌و به‌شه‌دا چه‌ندان که‌سایه‌تی گه‌وره هه‌ڵکه‌تووه.
کورد له‌و به‌شه‌دا هه‌ر قوربانی ده‌ستی سیاسه‌تی شوره‌وی نه‌بووه به ته‌نیا، به‌ڵکه وه‌ک شاکه‌لیش ئاماژه‌ی پێداوه نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ورووبه‌ری به‌رنامه‌ی دژایه‌تی کوردیان هه‌بووه.
ئه‌وه‌تا شاکه‌لی ده‌نووسێ: باکۆ به پێچه‌وانه‌ی یهرێڤانهوه، به‌ندیخانه‌یه‌ک بوو بۆ کورد و کوردایه‌تی و زمانی کوردی. ئازه‌رییه‌کان، ڕێک وه‌ک تورکیا، هه‌بوونی کوردیان قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد.
له شوێنێکی دیکه‌دا باس له سیاسه‌تی گۆڕینی ئه‌لفوبێی نووسینی کوردی ده‌کات سه‌ره‌تا کورد ناچار ده‌که‌ن به ئه‌لفوبێ ئه‌رمه‌نی بنووسێت و دوایی لاتینی و له ئاکامدا کریلکی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن. له مێژوویه‌کی کورت‌دا گه‌لێک به‌ر ئه‌م هه‌موو گورزانه بکه‌وێت، ئیدی چۆن ده‌توانێ بینای ته‌لاری مینۆکی که‌سایه‌تی و مێژوویی خۆی به سانایی بکات.
له‌و گه‌شته‌دا به دیداری: ئوردیخانی جه‌لیل، خاتوو زه‌رێ یووسوپۆڤا، که‌ریمی ئه‌یووبی، خاتوو سمیرنۆڤا، لازهرێڤ ،ئهکیمۆشکینی ئێرانناس و کاک عه‌زیز محمه‌د ده‌گات و باری سه‌رنجی خۆی له‌سه‌ریان ده‌گێڕێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت کێش و قورساییه‌کی گه‌وره ئه‌و به‌شه‌ی کتێبه‌که له ژێر ناونیشانی کورد و مێژووی بیر دا داگیری کردووه، به‌شێکی دیکه‌ی گرنگی ئه‌و بابه‌تانه به‌دیار ده‌خات که شاکه‌لی سه‌رقاڵیانه و فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ش پێویستی ته‌واوی پێیانه. ورووژاندنی باسههایهکی له‌م چه‌شنه تا هه‌نووکه له نێو کایه‌ی رۆشنبیریی کوردی‌دا چه‌ند ده‌گمه‌نه، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش بۆ مانابه‌خشین و ته‌واوکردنی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و خوێندنه‌وه‌ی رابردوو و ئاینده هه‌ستیار و گرنگه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه له ژینگه‌ی کوردی‌دا گه‌ر قسه‌یه‌ک له سه‌ر بیر کرا بێت، وا له دیدی ته‌سکی ئیدیۆلۆژییه‌وه بووه و ئیدیۆلۆژییهکهش به گالیسکه‌ی حیزبه سیاسییه‌کانه‌وه گرێدراوه.
نووسه‌ر دوای ئه‌وه‌ی باس له به‌شداری یۆنانییه‌کان وه‌ک نموونه له مێژووی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤایه‌تیدا ده‌کات، که ئێستا به‌شێکه له مێژووی رۆژاوا، وا له‌سه‌ر کورد به ئه‌گه‌ره‌وه ده‌نووسێ: کوردیش ئه‌گه‌ر به‌شدارییه‌کی کردبێت،له چوارچێوه‌ی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامه‌تیدا کردوویه‌تی. له رابردووی کۆنتریشدا، به‌شێک بووه له فه‌رهه‌نگی ئێرانی.
ده‌مه‌وێ به‌ر له‌هه‌ر شتێ به نووسینێکی بیریاری گه‌وره‌مان مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د بچمه ناو ئه‌م باسه‌وه و مامۆستا ده‌فه‌رمووێ:
کوردێکی هه‌ست به ئازاری هه‌ڵکه‌وتی کورده‌واری به چه‌نگ مێژووی بێ ره‌حمه‌وه بکات خۆی به‌و ساوایه شیره‌خۆره دێته به‌رچاو که له سینگی دایکی دوور خرابێته‌وه، له سۆز و بزێو بێبه‌ش ده‌بێت.
له‌و رۆژه‌وه کۆریشی هه‌خامه‌نشی بوو به میراتگری خاڵوانه ماده‌کانی،ده‌می به مه‌مکی مێژووی کورده‌وه ناو له جیاتی کورد هه‌رچی میراتێکی هه‌یبوو، له مایه‌کی و واتایه‌کی، هه‌ڵی وشت بۆ ناو هه‌ناوی حکوومه‌ت له دوا حکوومه‌تی هه‌خامه‌نشی و ئه‌شکانی و ساسانی… هه‌تا ڕۆژانی سه‌رده‌م که کورد له ته‌ک فارس دا وه‌کو منداڵ فڕێدراوی که‌س به خۆیه‌وه نه‌گرتووی لێ هات و بوو به میوانی ماڵی خۆی.
ئه‌و بنچکه‌ی به‌ر له دوو هه‌زار و پێنج سه‌د و ئه‌وه‌نده ساڵه کۆڕیش له ده‌ستمانی ده‌رهێنا جارێکی تر په‌نجه‌مان لێی گیر نه‌بوو…مێژوومان بوو به ماڵی بێگانه، ته‌پڵی تۆپانی پێ ده‌کات…دای ده‌له‌نگێنێ…لێی ده‌قرتێنێ…بۆیاغی ده‌گۆڕێ…به‌سه‌ریه‌وه ده‌نێ…به ئاره‌زوو ده‌ینه‌خشێنێ.،..که پێویست بوو له قوڕی هه‌ڵده‌کێشێ.
راستی ئه‌م بۆچوونه له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه که‌وا له سه‌رده‌می ئیسلامه‌وه به‌شداری ئێمه له رووداوه‌کاندا تۆمارکراوه و پێشتر له تاریکایی مێژووی پڕ له ته‌مومژی ناوچه‌که‌دا بزر بووه یاخود تا هه‌نووکه ساخنهکراوهتهوه. خاڵێکی گرنگی په‌یوه‌ستدار به‌م بۆچوونه‌وه که شاکه‌لیش ددانی پێدا ده‌نێت ئه‌وه‌یه که‌وا :زمانی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی تا ماوه‌یه‌کی زۆریش هه‌ر عه‌ره‌بی بووه، به‌ڵام به‌شی هه‌ره زۆری فه‌یله‌سووفه‌کان له گه‌لانی دیکه‌ی ئیسلامیی نا عه‌ره‌ب بوون.
ئه‌مه هه‌قیقه‌تێکی دیکه‌ش به‌دوای خۆیدا دێنێ که ڕای به‌شێکی زۆری لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانه ده‌ڵێن: سۆفێتی ئیسلامی زاده‌ی ئایین و رێبازه و مه‌زهه‌به‌کانی دیکه‌ی نائیسلامیی به تایبه‌ت ئێرانییه. دیاره زه‌رده‌شتێتی پشکی هه‌ره گه‌وره‌ی له‌م باسه‌دا به‌رده‌که‌وێت. ده‌با جارێکی دیکه مۆڵه‌ت له مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د بخوازین تا بیروڕاکانی لێره‌دا بۆ خوێنه‌ر راگوێزینهوه. مامۆستا ده‌فه‌رمووێ: له‌لایه‌ن زمانه‌وه دووچاری ده‌ستدرێژییه‌کی وێرانکه‌ر بووین:
کۆرپه‌ی ناو بێشکه به‌رده‌وام گوێ ده‌گرێ بۆ لایلایه‌ی دایکه دڵسۆزه‌که‌ی…ئێمه به تێچوونی ده‌وڵه‌تی(ماد)مان دابڕاین له‌و لایلایه‌ی که ده‌بوو مێژوو له گاتاکانی ئاڤێستاوه تا ئه‌به‌د هه‌ڵبه‌ست و به‌یت و گۆرانی و به‌سته و لاوکمان بۆ بچڕێت.
ئا‌ڤێستا و هه‌رچی لێی که‌وته‌وه له ئێمه تار بوو ، باوه‌شێکی بێگانه مێزی لێ گرت و به بهرمهمکییهوه نیشت. پتر له دوو هه‌زار و پێنجسه‌د ساڵه مژمام له گۆی مه‌مکی دایکه ئا‌ڤێستا نهمشتووه. خه‌تی ره‌چه‌ڵه‌کی ئا‌ڤێستا خوا بووه‌وه بۆ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ، هه‌رچه‌نده زاناکانی زمان ده‌ڵێن فارسیی کۆن جودایه له زمانی ئا‌ڤێستا، به‌ڵام جوداش بێت هه‌رچی ئا‌ڤێستا و داب و ده‌ستووری زه‌رده‌شتی و پێوه‌ندیی (بیهـ دین) به ده‌وڵه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌و سامانه ئه‌ده‌بی و دینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ی له ماوه‌ی رۆژگاری نێوان تێچوونی ماد و تێچوونی ساسانییه‌کان زاوزێیی کردبێ بوو به هی فارس. ئه‌و رۆژه‌ی سوپای ئیسلام ڕه‌وی هێنا بۆ سه‌ر ئیمپڕاتۆرییه‌تی ساسانییه‌کان ، کوردی چاره‌ڕه‌ش بریتی بوو له رهعیهیهکی ڕه‌شوڕووت که هیچ پشکی نه‌بوو له شیرینایی حوکم.
هه‌زار و سه‌د ساڵ بوو کورد له پله‌ی هه‌ره به‌ره‌ژێری بێ ده‌سه‌ڵاتیدا سوخره و بێ‌کاری بۆ داگیرکه‌ر ده‌کرد.
دوور نییه ئه‌م نووسین به عه‌ره‌بییه به تایبه‌ت زامنی مانه‌وه و تۆماری کاری ئه‌و زانانه‌ی کورد نه‌بێت که به‌رهه‌مه‌کانیان ئیمڕۆ وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی مێژووی ئیسلام داده‌نرێت. واته گه‌ر به کوردی بنووسرابانایه، هیچ به دووری نازانم ته‌فروتونایان ده‌کردن، وه‌ک چۆن ئه‌م چیرۆکه به‌سه‌ر زۆر شتی دیکه‌ماندا هاتووه.
مامۆستا شاکه‌لی له نێو مێژووی ئیسلامیشدا پرسی ته‌سه‌وف وه‌ک ته‌وژمی هه‌ره گرنگ و کاریگه‌ری بیر ده‌کاته وێستگه‌ی ئارامگرتنی و پێیوایه، به‌خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژووی ته‌سه‌ووف ده‌بینین ڕۆڵی عارفانی کورد له دامه‌زراندن و گه‌شه‌کردنی زۆربه‌ی ته‌ریقه‌ته‌کاندا یه‌کجار گه‌وره‌یه.
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی نێوی کۆمه‌ڵێ که‌سایه‌تی و رێباز و ته‌ریقه‌ت له‌م ڕووبه‌ره‌دا دێنێ کورد به‌شداری تێدا کردوون. له‌وانه: ئه‌بولوه‌فا تاجولعارفین، عوقهیل ئهلمهنبهجی ئیبن شیهاب ئه‌ددین ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌د ئیبن علی ئه‌لحه‌ریری ئهلعسالی، محمود ئه‌لکوردی، ئه‌بو یعقوب یوسف ئهلههمهدانی، مه‌ولاناخالیدی شاره‌زووری و…هتد.
ده‌کرێ که‌سانی دیکه‌ش هه‌بووبن، وه‌لێ جارێ هه‌ر ئه‌مانه ساخبوونه‌ته‌وه. ئه‌وجا نووسه‌ر گه‌شتێکی چڕ‌وپڕ به مێژووی ته‌سه‌وف و تیۆرییه‌کان و زاناکانی ئه‌م بواره‌دا ده‌کات و رۆڵی مه‌ولانا له هێنانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له هندستانه‌وه ده‌کات و وه‌ک نوێنه‌ری گه‌وره‌ی لقی ( موجهددیدییه) که شێخی سرهندی دامهزرێنهکهیهتی ده‌ستبه‌کار ده‌بێ. دواتر ده‌نووسێ: تیۆریی (وحدة الوجود) له‌ناو نه‌قشبه‌ندییه‌کانی کوردستاندا هه‌ر له سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌مه‌وه ،ره‌نگه له‌وه‌وپێشیش، ناسراو بووه. یه‌که‌مین کوردێک ئیشاره‌تی بۆ کردبێت و به زمانی کوردی ئیشاره‌تی بۆ کردبێت، مه‌لای جهزیرییه.
ئینجا له (مه‌لای جه‌زیری و ئه‌حمه‌دی خانی)یه‌وه دێته ناو مژاره قووڵ و فراوانه‌کانی شیعری کلاسیکی و رێبازی ته‌سه‌وفی ئه‌م زاته گه‌ورانه و به گرانی له‌سه‌ر رۆڵ و کاریگه‌رییان ده‌وه‌ستێت. نووسه‌ر بۆچوونێکی وورد له‌مه‌ڕ ئه‌م باسه‌وه به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌بڕێت و ده‌نووسێ: له شیعری ته‌سه‌وفدا دوو لایه‌ن زۆر گرنگن: چه‌مکه‌کانی سۆفیزم و زاراوه(تێرم)ه‌کانی سۆفیزم.
له فه‌لسه‌فه‌که‌ی ئیبن عه‌ره‌بیشدا وه‌ک دیاترین زانای ڕێبازی وهحدهتوجود ئاماژه به دوو چه‌مکی گرنگی فه‌لسه‌فه‌که‌ی ده‌دات:
1ـ یه‌کێتی هه‌موو شت و دیارده‌کانی گه‌ردوونه، بهوعنایهی که هه‌موو شتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خودا و له خودا به‌ولاوه هیچ شتێکی دیکه نییه و نابێت.
2 ـ مرۆڤی ته‌واو.
جێی خۆیه‌تی لێره‌دا نموونه‌یه‌کی شیعری ئیبن عه‌ره‌بی بهێنینه‌وه.
خوا سوپاسی من ده‌کات و منیش سوپاسی خوا ده‌که‌م
خوا من ده‌په‌رستێت و منیش سوژده بۆ خوا ده‌به‌م
سه‌باره‌ت به ئه‌حمه‌دی خان‌یش باس له رۆڵی هزری و ئه‌ده‌بی و ئایینی ئه‌م که‌ڵه پیاوه‌ی مێژوومان ده‌کات که وه‌ک جه‌زیری سه‌ر به ڕێبازی نه‌قشبه‌ندییه. ئه‌وجا له‌ڕووی تیۆرییه فکرییهکانییهوه که له‌سه‌ر سێکوچکه‌ی (یه‌کگرتن،به‌کارهێنانی هێز و چاکه) دامه‌زراوه درێژه به باسه‌کانی ده‌دات و باس له به‌رهه‌مه‌کانی ده‌کات. گرنگی ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه‌ش له مێژووی کورد دا تا ئێستا لێکۆڵینه‌وه و باسوخواست له سه‌ریان به کۆتایی نه‌گه‌یشتووه.
مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووریی نه‌قشبه‌ندیی موجه‌ددیدی
شاکه‌لی ده‌نووسێت:
گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ولانا خالید له هیندستانه‌وه بۆ کوردستان ساڵی 1811، ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕێبه‌رێکی ته‌ریقه‌ت یا زانایه‌کی شه‌ریعه‌ت نه‌بوو، به‌ڵکوو لافاوێک ووزه و بیر و بزووتنه‌وه بوو، که سه‌رله‌به‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری دوای خۆی ڕه‌نگڕێژ کردووه و تا ئیمڕۆش جێ ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌وژمی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه دیاره.
ده‌روازه‌ی چوونه دنیای مه‌ولانا به‌م چه‌ند دێڕه لای شاکه‌لی ده‌ست پێده‌کات و دواتر هه‌نگاو به هه‌نگاو شوێن پێی ئه‌م زاته گه‌وره‌یه هه‌ڵده‌گڕێت و چیرۆکی فره‌ره‌هه‌ندی ئه‌م ڕێبه‌ره هێژایه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. هێنده‌ی پێویست بێت لێره‌دا ئاماژه‌ی پێبده‌م ئه‌و مشتومڕه گه‌وره‌یه‌یه ده‌رباره‌ی پرۆژه دامه‌زراندی ڕێبازێکی تایبه‌ت به کوردان و خه‌ونی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ لای مه‌ولانا، که به‌داخه‌وه وه‌ک پێویست تا ئێستا که‌س چاکی لێههڵنهماڵیوه توێژینه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تێر و ته‌سه‌لی له‌سه‌ر بکات.
ئه‌م که‌سایه‌تییه گه‌وره له‌و سه‌رده‌مه و باروگوزه‌رانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا به‌دوای زانست و ڕاستیدا وێڵ ده‌بێت و شاره و شار و وڵاته و وڵات ده‌کات. ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا دروست ده‌بێت ئه‌وه‌یه: ده‌بێت ئاره‌زوو و سنووری تێربوونی مه‌ولانا بۆ ڕاستییه‌کان چه‌ند بووبێت، وا ئاماده‌بووه کاروانی وا دوورودرێژی له پێناودا بکات ؟ . شاکه‌لی ده‌ڵێ: له کوردستاندا زانستیش و ته‌ریقه‌تیش هه‌بوون، به‌ڵام مه‌ولانا به‌و سه‌رچاوانه‌ی له به‌رده‌ستدا بوون دڵی ئاوی نه‌خواردۆته‌وه و بۆ سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌تر و قووڵتر گه‌ڕاوه.
دواتر به‌رنامه و جۆری کارکردن و ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی و ئه‌و ئاسته‌نگانه هاتوونه‌ته ڕێی مه‌ولانا به درێژی باس ده‌کات و باس له‌و کۆنسێپته‌ش ده‌کات که مه‌ولانا بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌ڵبژاردووه. به‌ڕای شاکه‌لی مه‌ولانا سه‌رکه‌وتوو بووه له گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌ی له کوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا. ئالێره‌دا سه‌رنجێکی زیره‌کانه و به‌دیقه‌ت وه‌ک فاکتێکی کاریگه‌ر سه‌باره‌ت به واقعی ئه‌و سه‌رده‌مه تۆمار ده‌کات که ڕۆڵی که‌سایه‌تی گرنگ و لێوه‌شاوه‌ی مه‌ولانا و ده‌نووسێ: باری کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڕۆژانی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ولانا، له پله‌ی یه‌که‌مدا، بارێکی سیاسی بوو نه‌ک فکری و فه‌لسه‌فی، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش مه‌ولانا ناچار بوو زۆر جار وه‌ک پاشایه‌ک یا رێبه‌رێکی سیاسی بجووڵێته‌وه.
ئه‌مه به‌رجه‌سته‌ی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی مێژووی کورد و لاپه‌ڕه‌یه‌کی ڕووداوه‌کانی ناوچه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه. کارکردن له‌م زهمینهشدا سه‌ختی و دژواری خۆی به خۆیه‌وه‌یه‌تی و چی دی پێویست به به‌ڵگه هێنانه‌وه ناکات.
ئه‌وه‌ی پتر لێره‌دا مه‌به‌ستی باسه‌که‌مانه قسه له‌سه‌ر بیره و شاکه‌لی ده‌نووسێ: له‌به‌ره‌ی بیردا، مه‌ولانا دوو ئه‌رکی هاتبوونه پێش: چه‌سپاندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی بنه‌ما و باوه‌ڕ و ده‌رسه‌کانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی موجه‌ددیدی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ندێ له ڕێبه‌رانی ته‌ریقه‌تی قادری له کوردستاندا.
هه‌ندێ سه‌رچاوه باس له کێشه و ململانێی نێوان نه‌قشبه‌ندی و قادری، مه‌ولانا و شێخ مارفی نۆدێی ده‌که‌ن و پێشیان وایه له ئاکامی ئه‌م ململانێ و هه‌وڵی تیرۆرکردنی مه‌ولانا له ئیماره‌تی بابان، مه‌ولانا به ناچاری کوردستان به‌جێ دێڵێ. شاکه‌لی پێوایه به‌ته‌نیا ئه‌مانه هۆکار نه‌بوون به‌ڵکو بۆچوونێکی نوێ ده‌خاته سه‌ر ئه‌م خه‌رمانی باسه و ده‌نووسێت: هۆی هه‌ره گرنگ ،به‌لای منه‌وه ، ئه‌وه‌یه که مه‌ولانا له ڕوانگه‌یه‌کی یه‌کجار به‌رینه‌وه ته‌ماشای ته‌سه‌ووفی ده‌کرد. په‌یامه‌که‌ی مه‌ولانا ئه‌وه‌نده گه‌وره و جیهانگیر بوو که کوردستان و عێراقیش کاڵایه‌کی یه‌کجار ته‌سک بوون به به‌ری.
به‌م واتایه ده‌بێت مه‌ولانا بۆ به‌رفراوانترکردنی ده‌نگی زوڵاڵی په‌یامه‌که‌ی کوردستانی به‌ره‌و شام جێهێشتووه. به واتایه‌کی دیکه مه‌ولانا ئه‌و هه‌موو ئازار و تاڵییه‌ی چه‌شتووه بۆ به ئینتهناسیونالکردنی بیرهباوهڕهکهی. ئه‌م بۆچوونه‌ش پێویسته له ته‌ک ئه‌وانی دیکه‌دا وه‌ک فاکت ته‌ماشا بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی مێژوونووسان و لێکۆڵه‌ره‌وان کاری له‌سه‌ر بکه‌ن.
گه‌لێ لایه‌نی دیکه‌ی مه‌ولانا به‌رچاو ده‌که‌ون و باس له‌و که‌سایه‌تییه گه‌ورانه‌ی مێژووی کورد و جیهان ده‌کات وه‌ک: شێخی نه‌هری و پیران و بارزانی له کوردستاندا و شێخ شامیلی داغستانی و شێخ عه‌بدولقادری جه‌زائیری و مه‌ولانا تهمهسسوکی که سه‌ر به ته‌ریقه‌ته‌که‌ی مه‌ولانا بوون. دواتر ئاماژه به‌وه ده‌کات که‌وا مه‌ولانا له بواری نووسیندا گه‌لێ کتێب له‌سه‌ر شه‌رع و فیقهه و زانستی ئیسلامی بڵاوکردۆته‌وه و نامه‌کانیشی بۆ کاروباری رێکخستنی ته‌ریقه‌ته‌که و ئامۆژگاری و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی خه‌لیفه و مهنسووبهکان ته‌رخان کراون .
شاکه‌لی ده‌ڵێ: مه‌ولانا بیریار نییه….جێگای مه‌ولانا له مێژووی بیردا وه‌ک جێگای په‌یامبه‌ر و سه‌رکرده گه‌وره‌کانی مرۆڤایه‌تییه، خۆیان بیریار نه‌بوون به‌ڵام بوون به هۆی گۆڕینی بیر و مێژوو له ڕهگوریشهوه.
ئیدی له‌باره‌ی شاره‌زایی مه‌ولاناوه گه‌له‌ک به‌ڵگه و باس دێنێته‌وه و به ڕسته‌یه‌کی ڕازاوه له‌سه‌ر گه‌وره‌یی مه‌ولانا ماڵئاوایی ده‌کات و ده‌چێته سه‌ر باسێکی دیکه به نێوی خه‌لیفه‌کانی مه‌ولانا خالید.
ساڵی 1822 مه‌ولانا به‌یه‌کجاری کوردستان جێدێڵێت و دوای خۆی ڕێبازه‌که‌ی کوێر نابێته‌وه وه‌ک نووسه‌ر باس ده‌کات له نامه‌یه‌کیدا ده‌رده‌که‌وێ که نوێنه‌ری خۆی ناردووه: بۆ ناوچه‌کانی جه‌زیره،شاره‌زوور، سلێمانی، به‌غدا، که‌رکووک و وان. سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که هه‌ر شه‌شیان کوردن.
نووسه‌ر باس له بنه‌ماڵه‌ی شێخه نه‌قشبه‌ندییه‌کانی هه‌ورامان یان بنه‌ماڵه‌ی سیراجوددین ده‌کات و ڕیزبه‌ندی که‌سایه‌تییه‌کانی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه له‌م بواره‌دا به‌سه‌رده‌کاته‌وه. له‌م پانتاییه‌دا له ته‌ک ناوه دیار و گه‌شاوه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا ناوه‌کانی: مه‌وله‌وی، عه‌بدوڵڵای جه‌لیی کۆیی، مه‌حوی، سالمی سنه، شێخ عومه‌ری قه‌ره‌داغی، بێخود، شاکه‌لی، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس و چه‌ندانی دیکه به‌رچاو ده‌که‌ون. له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش باس له شێخی بورهان ده‌کات که ئه‌دیب و روناکبیرانی وه‌ک: ئه‌ده‌ب، سه‌یفی قازی، فه‌وزی، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، حه‌ریق، هه‌ژار، هێمن ده‌رچووی ئه‌م خانهقایهن….له باکووری وڵاتیش شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ سه‌عیدی نهورۆسی و شێخ محه‌مه‌دی ئه‌سعه‌د به‌شداری ئه‌م رێبازه‌یان کردووه.
حاجی قادری کۆیی
دیارترین شاعیری نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر که بزواندنێکی به‌خشییه بیری کوردایه‌تی، به پێی ریزبه‌ندییه‌که‌ی شاکه‌لی ناوی ئه‌ویش ده‌که‌وێته ئه‌م باسه‌وه. نووسه‌ر پێوایه که‌س تا ئێستا نه‌یتوانیوه به‌رهه‌مێکی وامان پێشکه‌ش بکات تا: که‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و گه‌وره‌پیاوه‌ی مێژووی بیر و داهێنانی کورد به ته‌واوی بناسین.
نووسینه‌که‌ی مامۆستا مه‌سعوود به‌لای نووسه‌ره‌وه له‌م بۆچوونه ئاوارته‌یه و پاشان گه‌شتێک به مێژووی بیر و خه‌بات و کاریگه‌ریی و ڕۆڵی له چوارچێوه‌ی بیری کوردایه‌تیدا ده‌کات. یه‌کێ له بۆچوونه دروست و واقعییه‌کانی حاجی ئه‌وه‌یه که باوه‌ڕی ئه‌وه بووه به بێ شه‌ڕ کوردستان ڕزگار ناکرێ. وه‌ک شاکه‌لی ئاماژه‌ی پێده‌دات حاجی له‌سه‌ر دووکوچکهی{ شیر و خامه} بونیاتی بیروباوه‌ڕه‌که‌ی داده‌مه‌زرێنیت. پوخته‌ی بۆچوونه‌که‌ش لای کۆیی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستانه. شاعیر باش له‌و ڕاستییه گه‌یشتووه ، باوه‌ڕیش ده‌که‌م تاکه ده‌رمانی ده‌رده‌کانی کورد دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته، ئه‌مه‌ش چه‌ند ده‌بێته مایه‌ی پاراستنی کورد و مێژوو و جوگرافیا و فه‌رهه‌نگه‌ی و ڕۆڵی ئاشکرا و چالاکتری له نێوه‌نده ناوچه‌یی و جیهانییه‌که‌دا، هه‌مان کات گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و به‌خته‌وه‌ریه بۆ گه‌لانی ناوچه‌که‌ی دراوسێی کورد و سهقامیگیرییه بۆ جیهانیش. له‌و رۆژه‌وه گه‌ر وه‌ک پێویست گوێ له خانی و حاجی بگیرابایه و بیر و داخوازییه‌کانی ئه‌و بکرایه‌ته مه‌شخه‌ڵی ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی ڕێگای سه‌ختی خه‌بات و ئاڵای تێکۆشان، چاره‌نووسی کورد هه‌رگیز به‌وه نه‌ده‌گه‌یشت.
هه‌تا وه‌ک ئاگری بن کان له‌گه‌ڵ یه‌ک ئه‌گه‌ر تۆفان بێ له‌شکرتان،بهپووشهک
مه‌خابن زهریفانه گوێمان لێ نه‌گرت، بۆیه به‌ڵا له خۆمانی دا.
خانی گه‌وره‌ش ده‌فه‌رمووێ :
کوردیش که ببایه یه‌ک دڵ و ده‌ست ده‌ستیان ده‌که‌وت ژیانی سه‌ربه‌ست
په‌یدا ده‌بوو باو و گه‌وره‌یی و ژین ناومان ده‌رئه‌کرد به بیر و زانین
هه‌ر له‌م میانه‌یه‌شدا حاجی مه‌زن بانگ ده‌کات :
تا رێک نه‌که‌ون قهبیلی ئهکــــــــــــراد هـــــــــهروا ده‌بنه خــــــــــهرابه ئاباد
ئه‌نواعی میلله‌ل له گه‌وره تا چـــووک خـــــــهمڵیوه مه‌مالیکی وه‌کوو بووک
یه‌ک به‌رگن و یه‌ک زوبان و یه‌ک ره‌نگ بێ غه‌یبه‌ت و عه‌یب و عار و بێ ده‌نگ
من لێره‌دا خۆم له تخووبی درێژکردنه‌وه‌ی باس له‌سه‌ر ئه‌م دوو که‌ڵه پیاوه‌ی مێژوومان < خانی و حاجی >ناده‌م ، چونکه به گشتی زۆریان له‌سه‌ر نووسراوه.
شێخ سه‌عیدی نورسی، ناوی دوا که‌سایه‌تی باسهکهیهتی و به دوور و درێژی وه‌ک ئه‌وانی دیکه ژیاننامه‌ی نورسی به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه و ئاماژه به هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌کانی و ئه‌و مه‌ینه‌تییانه ده‌کات که به‌سه‌ر نورسیدا هاتووه.
به‌داخه‌وه مامۆستا شاکه‌لی لێره‌دا له باسه‌که‌ی ده‌وه‌ستێ. وه‌ک من ئاگاداربم به نیاز بوو تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوو و به‌ره‌وژوورتریش تا ده‌ورانی بیریاری مه‌زن مامۆستا مه‌سعود محمه‌د درێژه به نووسینه‌که‌ی بدات. به‌هیوام و تکاکارم مامۆستا درێژه به باسه‌که‌ی بدات و به تێز و لێکۆڵینه‌وه نوێ و گرنگه‌کانی به‌خته‌وه‌رمان بکات.
تاکه كه‌لێن و که‌ماسییه‌کی دیکه له‌م بابه‌ته به‌پێزه‌دا هه‌بێت باس نه‌کردنی بیری کورد و رۆڵی له شارستانێتی و فه‌رهه‌نگی ئێرانی کۆندایه. به‌ڕای من وا چاک بوو بۆ نووسه‌ر له‌به‌رخاتری کڕۆنۆلۆژیای باسه‌که، که قۆناغی پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی پێویستی له‌و مێژووه بدایه‌ته‌وه و بیروبۆچوونی خۆی بۆ خوێنه‌ر روون بکردایه‌ته‌وه.
زه‌رده‌شتیزم : فه‌لسه‌فه‌ی کورده‌واری یا وه‌همی خۆپاراستن ؟
ده‌وڵه‌مه‌ندی و فره ڕه‌هه‌ندی باسه‌کانی شاکه‌لی په‌لوپۆی بۆ باسگه‌لێکی وه‌ک زهردهشتیزمیش ڕاکێشاوه. گه‌رچی نووسه‌ر پێ له‌وه ده‌نێ که‌وا زهردهشتناس و ئاڤێستاناس نییه و ئه‌مانه‌ش به زانست داده‌نێ و ئه‌م له ڕوانگه‌ی فه‌رهه‌نگی و فه‌لسه‌فی ـ سیاسییه‌وه سه‌رنجی لێده‌گرێت. خاڵێک که برای نووسه‌ر ده‌ی ورووژێنت و لۆژیکێک له‌خۆی ده‌گرێت ئه‌وه‌یه: بۆچی له ناو بازنه‌یه‌کی ته‌سکی خوێنه‌وار و ڕووناکبیرانی کوردستاندا جاروبار بیری گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و زه‌رده‌شتیزم و به‌ره‌و ئا‌ڤێستا دێته ئاراوه؟ چاوه‌ڕوانی پرسیارێکی ئاوها سیمایه‌کی ڕۆشبیرانهی هه‌یه و ئاماژه‌شه بۆ هه‌بوونی هه‌قیقه‌تێک که تۆزی فه‌رامۆشی یاخود ته‌مومژی نادیاری لێئاڵاوه.
گه‌ڕانه‌وه و خۆبه‌ستنه‌وه به‌م ڕابردووه‌وه له خودی خۆیدا سه‌لماندنی وابهستهییمانه به مێژووی به‌شێکی هه‌ره گه‌ش و زیندووی بیر و فه‌رهه‌نگی ئه‌و سه‌رده‌م و ناوچه‌یه‌ی مه‌ڵبه‌ندی راسته‌قینه‌ی زهردهشتیزمه. به واتایه‌کی دیکه زه‌رده‌شتێتی پتر له رابردووی ئێمه نزیکه چونکه خودی خۆی زاده‌ی واقعی ئێمه‌یه. له‌و ئالۆزی و نادیارییهشدا ده‌کرێت خۆمان بکه‌ینه‌وه به خاوه‌نی و ساخی بکه‌ینه‌وه. گه‌رچی ئه‌وه‌ش روونه که ڕابردووی ئێمه له‌به‌رده‌م گورزی هێزه به‌یه‌کدا ههڵپژاوهکانی ناوچه‌که‌دا زۆر شێوێندراوه. وه‌رامی پرسیاره‌که‌ش ده‌کرێت به‌و شێوه‌یه بده‌ینه‌وه که‌وا ده‌سته‌بژێرێکی کۆمه‌ڵگه به‌هۆی باری ناله‌باری سیاسی و مێژوویی کورده‌وه ئاگاداری ئه‌و رابردووهن و هۆشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یان به بایه‌خی دیارده‌یه‌کی له‌و چه‌شنه ده‌شکێت. ترس و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیرکه‌ران و دوژمنان هێنده به زه‌بر و تۆقێنه‌ر بووه هه‌رکه‌س ئاماده‌ی گیانبازی نه‌بووه بۆ به‌شداری له‌م ململانێ سه‌خته‌ی له ده‌ڤه‌ره‌که‌دا هه‌بووه. به تایبه‌ت وه‌ک لێمان ڕوونه مه‌سه‌له‌که پرس و کێشه‌ی هه‌ستیاری ئایین و بیروڕای خوداپه‌رستییه. هه‌ربۆیه دوور نییه له ترسی ئیسلام و ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی نه‌بووبێت وا که‌س نه‌یوێراوه جووڵه‌یه‌ک بکات.
نۆستالۆژیا و خه‌ون بینین به‌و مێژووه، ده‌شێ له ستروکتووری ئه‌قڵێتی کوردییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت و مه‌به‌ست لێی پته‌وکردنی کۆڵه‌که‌کانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و تۆخکردنه‌وه‌ی ڕه‌نگی فه‌رهه‌نگی خۆماڵیمان بێت. به‌تایبه‌ت وه‌ک ده‌زانین به‌شێکی هه‌ره زۆری لێکۆڵینه‌وه‌کان و بیروڕای شاره‌زایان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که‌وا زه‌رده‌شت له ناوچه‌ی ماد له دایک بووه و زمانی ئاڤێستاش له زمانی کوردییه‌وه ته‌واو نزیکه. ڕه‌تکردنه‌وه و دانه‌دواوه‌ی ئه‌م ئاین و کتێبه پیرۆزه‌ی ئاڤێستاش ده‌شێ بۆخۆی به هه‌ڵه‌یه‌ک بژمێردرێت، چونکه ئه‌وکات مه‌سه‌له‌که ده‌کاته ئه‌وه‌ی رابردوو ـ له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک و له پێناوی هه‌ر مه‌به‌ستێکدا بێت ـ ناکرێته جێی رێز و بایه‌خی نه‌وه‌ی نوێ. هیچ که‌س و ده‌سته و میلله‌تێکیش ئه‌و گه‌ز و پێوانه‌یه بۆ مێژووی خۆی وه‌کار نه‌هێناوه و ناهێنێت. زه‌رده‌شتیزم هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌توانرێت وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی ئایینی و فه‌رهه‌نگی ته‌ماشا بکرێت و وه‌ک ژینگه‌ی جوگرافیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆجیاکردنه‌وه له‌وانی دیکه!! ئه‌مه‌ش به مانای شه‌ڕی هیچ لایه‌نێکی تر نییه، به‌ڵکه هه‌ر نه‌بێت وه‌ک تبتهکان، به‌نگلادیشییه‌کان، ئیسرائیلییه‌کان و کۆسۆڤۆییه‌کان و چه‌ندانی دیکه ئێمه‌ش بیکه‌ینه بنه‌ما و فاکتی لێک نه‌چوونمان له‌وانی ده‌وروبه‌رمان و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ. من رام هاوجووتی برای نووسه‌ره له‌وه‌دا که روو له‌و که‌س و هێزانه ده‌کا که بانگاشه‌ی ئه‌م بۆچوونه ده‌که‌ن و ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرێت و ده‌نووسێ: نه‌کارێکی زانستی‌یان ئه‌نجام داوه که ببێته ڕێڕۆشنکهرهوه بۆ تێگه‌یشتن له زه‌رده‌شتییه‌ت، نه تێزێکی سیاسیشیان پێشکه‌ش کردووه تا به‌و خه‌ڵکه، یا هه‌ر نه‌بێ به لایه‌نگر و پێڕۆیانی خۆیان، بڵێن چۆن و به چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانن سوود له زه‌رده‌شتییه‌ت و زه‌رده‌شتیزم وه‌ربگرن.
زه‌بری تۆقێنه‌ر له‌رابردوودا گه‌لێ به‌هێز بووه و ده‌شێ هیچ بوارێکی بۆ پێشکه‌شکردنی به‌رهه‌مێکی له‌و شێوه‌یه نه‌هێشتبێته‌وه ، وه‌لی وا له‌م مژاره‌دا ناو به‌ناو سه‌رچاوه‌ی کۆن زیندوو ده‌کرێته‌وه و لێکۆڵینه‌وه درێژه ده‌کێشێ و مێژووی ڕاستییه‌کان باشتر ده‌رده‌که‌ون و کتێبخانه‌ی کوردی ئاوه‌دانتر ده‌کرێته‌وه.ئێمه مێژوومان نه‌نووسیوه‌ته‌وه ،به‌ڵکه هه‌تا هه‌نووکه بۆمان نووسراوه‌ته‌وه. خۆناسین و خود دۆزینه‌وه له‌و ڕوپێوه مێژوویی و فه‌رهه‌نگیی و سیاسییه‌دا چه‌مکی بیر و کوردبوونمان گه‌شاوه‌تر ده‌کات.
ئه‌وسا گه‌ر حیکمه‌ت و ئیراده‌ی سیاسی له ئاوه‌ز و ستراتیژی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردی‌دا هه‌بێت ، هێنده به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی دروست بێت . ئیدی مه‌رج نییه سه‌رجه‌م بنه‌ما و پێداویستییه‌کانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌و چرکه‌ساته‌دا له ئارادا بن. ئه‌و مه‌رج و داوایانه‌ی ئێمه له به‌رده‌م دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا قووتیان ده‌که‌ینه‌وه، له ئه‌زموون و مێژووی گه‌لانی دیکه که‌میان به‌رچاو ده‌که‌ون.هیچ ده‌وڵه‌تێکیش به ته‌واوی مه‌رج و پێداویستی و بنه‌ماکانه‌وه له ته‌واوی مێژوودا دروست نه‌بووه و به‌رچاو ناکه‌وێت.
پرسگه‌لی خواناسی و یه‌کتاپه‌رستی و بایه‌خ به سروشت و به‌خشینی رۆڵی سه‌ره‌کی به مرۆ و به‌ستنه‌وه به سێکوچکه‌ی( ووته‌ی چاک ، بیری چاک ، کرداری چاک) جوانی و پێویستی مۆسیقا بۆ ژیان و گه‌له‌ک تێز و بۆچوونی دیکه بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ئاینی زه‌رده‌شتی پێک دێنن. ئه‌مانه‌ش زه‌مینه‌یه‌کی به پیت بۆ به‌رهه‌مهێنانی هزر و مه‌عریفه‌ی زیاتر و به تێکڕاشیان پێگه و جێیان له نێو فه‌رهه‌نگه باڵاکان ده‌بێته‌وه و راسته‌خۆش هه‌تا هه‌نووکه ده‌کرێت بخرێته خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤایه‌تیه‌وه. له نێو که‌سایه‌تی و رۆشنبیریی و زانایانی کوردیش‌دا که‌سانی وه‌ک ((ئه‌مین زه‌کی به‌گ، حوزنی موکریانی، ئیحسان نوری، تۆفیق وه‌هبی، محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی، شاکیر فه‌تاح،مه‌سعوود محه‌مه‌د، جه‌مال نه‌به‌ز )) و ده‌یانی دیکه ڕای ئهرێتییان له‌سه‌ر زه‌رده‌شتیزم هه‌یه.
ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه به‌و ڕاستییه بده‌م که شاکه‌لیش له بڕگه‌یه‌کی ئه‌و 4 پرسیاره سه‌ره‌کییه‌دا به ڕووی خوێنه‌ردا راستی کردۆته‌وه و ئاماژه‌ی پێداوه، له هه‌ڵبه‌ته بارودۆخی ئێستا پاش مێژوویه‌کی دوورودرێژی 1500 ساڵی زیاتر و به موسڵمان بوونی زۆرینه‌ی میلله‌تی کورد زۆر ئه‌سته‌مه پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ چوارچێوه‌ی ئه‌و بابه‌ته مێژووییه فه‌رهه‌نگییانه. له نرخی ئه‌و ڕاستییانه‌ش که‌م نابێته‌وه، که پێویسته خۆ به خاوه‌نی ئه‌و رابردووه بزانین و زیندووی که‌ینه‌وه و بیپارێزین و گه‌شه‌ی پێ بده‌ین.
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا چه‌ند کۆپله‌ی فه‌یله‌سووفان و ڕۆشنفکرانی جیهانی له‌سه‌ر زه‌رده‌شت و ئایینه‌که‌ی ده‌خه‌مه ڕوو.
نیتچه ده‌ڵێ: زه‌رده‌شت یه‌که‌م که‌س بووه له به‌ربه‌ره‌کانی چاکه و خراپه‌دا راستی هه‌موو شتێکی به‌دی کردووه. ئه‌و مۆڕاڵی خستۆته شێوه‌ی میتافیزیکه‌وه و کردۆیته سه‌رچاوه‌ی هێز. به‌م کاره‌ش هاوتای پلیتۆی فه‌یله‌سوفی یۆنانییه.
ڤۆڵتێر ده‌ڵێ: زه‌رده‌شت یه‌کێکه له‌وانه‌ی یاسای سروشتی ئێزدانی گه‌یاندووه به مرۆڤ….هه‌روه‌ها ده‌ڵێ له‌مسه‌ری دنیاوه هاوار ده‌کا بۆ ئه‌وسه‌ری دنیا یه‌ک ئێزدانت خۆش بوێ ، دادپهرستبه، وڵاته‌که‌ی خۆت خۆش بوێ.
مێری بۆیس ده‌ڵێ: زه‌رده‌شتاێتی کاریگه‌رترین تیۆلۆجیایه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی، هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌کی که‌م پێڕه‌وی ئه‌و ئایینه ده‌که‌ن، لێ فه‌لسه‌فه‌که‌ی له‌ناو ئاییهکانی ئیسلام و مه‌سیحاێتی و جوودیزمدا ده‌ژی.
تاگوور ده‌ڵێ: زه‌رده‌شت، سروودی یه‌کتاپه‌رستی ئه‌خوێنێ و ئێمه‌ش که خۆمان شاعیر و سروودسازیشین ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ست خۆماندا بێت، رووه و ئاوازی ئاسمانیی خۆی، جڵهوکێشمان ئه‌کات.
دانتی ده‌ڵێ: قسه‌کانی زه‌رده‌شت بهردن، به‌ڵام کرده‌وه‌که‌ی باڵه‌خانه‌یه.
سوهره‌وه‌ردی فیساگۆرس به شاگردی زه‌رده‌شت داده‌نێ.
سوقرات، ئه‌فلاتون، ئه‌ره‌ستۆ، هیراکلیتووس، دێموکریتوس و فیساگۆرس و چه‌ندانی دیکه له‌ژێر کاریگه‌ریی بیر و بۆچوونه‌کانی زه‌رده‌شتدا بوون.
بڕوانه جهلادهدینی ڕۆمیش له پارچه شیعرێکدا وه‌ک ئاماژه بۆ بایه‌خێکی دیکه‌ی ئایینی زه‌رده‌شتێتی و تایبه‌تمه‌ندێکانی و کاریگه‌رێتییه‌که‌ی ده‌کات. وه‌ک نموونه بۆ باسه‌که‌مان:
سه‌رنج بده… له‌م مێزهرهم که لهسهرمم ئاڵاندووه
له‌م پشتێنه زهردهشتییهش له تهنگهمم جه‌ڕاندووه
من رووناکیم هه‌ڵگرتووه من موسڵمانم …. نهسرانیم
من بورهمیم له هه‌مان کاتدا زه‌رده‌شتیم
هه‌مه ته‌نها په‌رستگایه‌ک مزگه‌وتێک … بتخانه‌یه‌ک…. کلێسایه‌ک
*******
شیرێکی دووده‌م: به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌زموونی ڕووناکبیرانی کورد
لێره‌دا ده‌روازه‌ی بابه‌تێکی تری گرنگ بۆ چوونه نێو باسه‌که‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت. کاتێ له مژاره‌کانی پێشوودا گرنگی خانی و مه‌ولانا خالید و حاجی قادری کۆیی وه‌ک ڕۆشنبیرانی پێش سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌رچاو ده‌که‌ون ، وا له‌م باسه‌دا ره‌فیق حیلمی ، عه‌لائوددین سه‌ججادی ، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مه‌سعوود محه‌مه‌د دیارترین که‌سانێکن که رۆڵ و گاریگه‌ریی گرنگ و گه‌وره‌یان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری هه‌یه. پێم وایه له‌م ریزبه‌نده‌دا هه‌ق بوو ناوی جه‌مال نهبهزیشمانبهرچاو بکه‌وتایه. مامۆستا نه‌به‌ز زیاتر له 50 ساڵه به هزر و نووسین و هه‌ڵوێست له کایه‌کانی بیر، مێژوو، زمان، فه‌رهه‌نگ و میتۆلۆژیا و گه‌لێ بواری دیکه‌دا ئاماده‌گی چالاکی هه‌یه و بۆته سیمبۆڵێکی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و دۆزانه و رۆڵی له ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ڕۆشنبیریی سیاسیمان به تایبه‌ت بیریی کوردایه‌تیی حاشاهه‌ڵنه‌گره. ئاخر باسگه‌لێک له بیر و رێبازی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌هه‌نده‌کانی بێ ناوی جه‌مال نه‌به‌ز که‌لێن زه‌ق و که‌ماسییه‌کی گه‌وره‌یه. داخۆ هه‌ر لایه‌کمان چه‌ند هاوبیریی هزر و باوه‌ڕ و بۆچوونه‌کانی مامۆستا نه‌به‌ز ده‌بین یاخود نابین ئه‌ویان ده‌بێته پرسێکی کراوه. بۆ کونبڕکردن و تێروتهسهلکردنی به‌رهه‌مه‌کانی، کاشکی مامۆستا شاکه‌لی ئه‌م تێبینییانهی له پڕۆژه‌کانی ئاینده‌یدا به هه‌ند وه‌رده‌گرت.
شاکه‌لی له لاپه‌ڕه 131 تا 164 ژیان و خه‌بات و نووسین و مێژووی سیاسی و ره‌وشت و رۆڵی مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی، له خوێندنه‌وه‌یه‌کی چڕ و پڕ دا پێشکه‌ش ده‌کات و ئه‌نجامگیریی و وێنا‌و پێناسێکی به‌رزی ئه‌و که‌ڵه پیاوه‌ی مێژوومان وه‌ک تابلۆیه‌کی هه‌مه‌ره‌نگ و فره ڕه‌هه‌ند ده‌خاته به‌رده‌ست .
ئا له‌مه‌وه‌یه پێز و به‌ره‌که‌تی به‌رهه‌مه‌کانی شاکه‌لی، ئیدی مه‌حاڵه ئه‌و بیر و بۆچوونانه هه‌روا به‌سانایی به‌سه‌رماندا گوزه‌ر بکات. ئه‌رکێکی ڕۆشنبیرانه‌یه به هه‌ڤڕا به‌شداری گفتوگۆکان بکه‌ین.
به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لێکی له‌م جۆره زیاتر له سه‌رنجدانێکی بیریارانه ده‌چێت نه‌ک شاعیرانه. کاشکی بۆ گه‌لێک له‌و که‌سایه‌تییه مێژوویی و سیاسی و رۆشبیرییانهمان بیۆگرافیای وا کورت و پوخته‌مان له مێژ بوو هه‌بایه، ئه‌وسا بایه‌خی ئه‌مانه‌مان باشتر ده‌زانی و له ڕابردوومان دروستتر تێده‌گه‌یشتین و بۆ ئاینده‌شمان چالاک‌تر خۆمان ئاماده ده‌کرد.
له‌م باسه‌دا شاکه‌لی به سه‌نگ و ته‌رازوویه‌کی نوێی تایبه‌ته‌وه گه‌شت به مێژووماندا ده‌کات و به ئاواتی ڕۆژه تاریک و دهیجورهکان ڕووناکیان بکه‌وێته سه‌ر و کاره خراب و چه‌وته‌کان ڕاست بکرێنه‌وه و هه‌ق و ڕاستییه‌کان بدرێنه‌وه به خاوه‌نه‌کانیان. ده‌رئه‌نجام خوێنه‌ریش له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستی و لۆژیکی پته‌و خۆی به بیر و مه‌عریفه بارگاوی بکات و هیواکانی خۆی هه‌ڵچنێت.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و ڕۆژگاره و باندۆڕهکانی کایه‌ی سیاسی و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی قه‌ڵه‌میکی ڕه‌نگین و ناوێکی دره‌وشاوه‌ی وه‌ک حیلمی، به‌و شێوازه گه‌ره‌که به هه‌ند دابنرێت. نوسه‌ر ده‌ڵێ: هاوکێشه سیاسی و دیپلۆماسییه‌کانی کوردایه‌تی سه‌رده‌می شێخ مه‌حموود ئاسان نه‌بوون…. دواتر ده‌نووسێ: ڕه‌فیق حیلمی له هه‌لومه‌رجێکی ئاوه‌هادا واته ته‌مه‌نێکی زۆر بچووکدا ده‌که‌وێته ناو ڕووداوه سیاسییه‌کانه‌وه.
به‌دوای ئه‌مانه‌دا شاکه‌لی بیره‌وه‌ریی فۆتۆگرافئاسای خۆی ده‌خاته گه‌ڕ و سه‌رجه‌م لایه‌نی حیلمی ده‌خاته به‌ر باس و شیکردنه‌وه . ئه‌وه‌تا سه‌رنجێکی وورد و جوان له‌سه‌ر لایه‌نێکی ساده وه‌لێ به ناوه‌ڕۆک و به پێوانه‌ی ڕۆژگاری ئه‌وده‌م و هه‌نووکه‌ش گه‌له‌ک هێژا و گرنگی که‌سایه‌تی حیلمی ده‌دات و ده‌نووسێ:
ڕه‌وشت به‌رزی حیلمی به‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که به‌رانبه‌ر پاره،به‌رانبه‌ر فریوی ده‌سته‌ڵات و به‌رانبه‌ر زۆرداری، سه‌ر شۆڕ ناکات.
نموونه‌ی که‌سانی لاواز و عه‌وداڵی به‌رژه‌وه‌ندی مادی و ماڵی دنیا له‌م رۆژگارهشماندا فره‌ن. رێزلێنان له‌وانه‌ی بۆ چنگی پوول خۆنادۆڕێنن و هه‌ڵوێست نافرۆشن، به‌های خۆی هه‌یه و گه‌ره‌که به‌چاوی پڕ له ڕێزه‌وه ته‌ماشا بکرێت. شاکه‌لی باس له‌و متمانه و خۆشه‌ویستی و باوهڕپێهێنانهی شێخ مه‌حموود به حیلمی ده‌کات. نووسینی مه‌زبه‌ته به ناوی شێخه‌وه بۆ کۆنگره‌ی ئاشتی به نوێنه‌رایه‌تی شه‌ریف پاشای خه‌ندان و هاوکات نامه‌یه‌کی تایبه‌تی شێخ بۆ خه‌ندان هه‌ردووکی مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی نووسیویه‌تی.
شاکه‌لی له وێستگه‌یه‌کی دیکه‌دا له به‌رده‌م پرسیارێک ڕامانده‌گرێت و ده‌پرسێ ئایا ڕه‌فیق حیلمی پڕۆژه‌یه‌کی دیاریکراوی هه‌بووه؟ ئه‌مه پرسیارێکه پتر به ڕووی مێژوونووسان و لێکۆڵهرهوانهکاندا کراوه، وه‌لێ به‌وه‌دا حیلمی له‌مه‌یدانی خه‌باتدا کۆڵی نه‌داوه و هه‌رده‌م بۆ رێکخستن و هۆشیارکردنه‌وه و په‌روه‌رده‌ی جه‌ماوه‌ر له بیری دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه و حیزب‌دا بووه، ده‌شێ خه‌ونی پڕۆژه‌یه‌ک هه‌رده‌م هاوڕێیه‌تی کرد بێت. گه‌ره‌که ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێت ئه‌و هه‌رده‌م له سێبه‌ری شێخدا کاری کردووه و پێناچێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده و که‌سایه‌تی شێخدا کاری جیاوازی ههڵسووڕاندبێ. له‌و پهڕهگرافهشدا که شاکه‌لی ناسنامه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی حیلمیمان بۆ ڕاڤه ده‌کات که‌وا کوردایه‌تی ئاواتی هه‌ره باڵای ژیانی بووه زیاتر له‌م ڕاستییه نزیک ده‌بینه‌وه و شاکه‌لی ده‌نووسێ:
وه‌ک کوردێکی ناسیونالیست خه‌باتی بۆ ئه‌وه ده‌کرد که نه‌ته‌وه‌ی کورد ببێته خاوه‌نی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆی ، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی دروست بکات له‌سه‌ر خاکی نیشتمانه‌که‌ی خۆی .
له ڕووبه‌ری باسی حیلمی و مێژووی ژیان و تێکۆشانی‌دا ناوی شێخ و سمکۆ و یامڵکی و گه‌لێ ڕووداوی گرنگی ئه‌و سه‌رده‌مه دێته‌وه به‌رباس و ده‌کرێت بڵێن ئه‌م کاره‌ی شاکه‌لی به یه‌کێ له کاره هه‌ره نایاب و دانسقه‌کانی نووسین له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی خه‌باتی که‌سایه‌تییه‌کی کورد و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆژگارێکی مێژووی میلله‌ته‌که‌مان دابنرێت.
کۆمه‌ڵێ ووتار و باسی دیکه له‌سه‌ر شوکور مسته‌فا و هه‌ندێ ووتاری ساڵانی 70ی سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌رچاو ده‌که‌ن.
له مژاره‌که‌ی له‌مه‌ڕ مامۆستا شوکور ئاماژه به دوو ده‌سته‌ی ڕووناکبیرانی کورد ده‌دات ، که جێده‌ستیان به ژیانی فه‌رهه‌نگی و فکریی کورده‌وه به ئاشکرا هه‌یه. له‌به‌ر گرنگی بۆچوونه‌که ئه‌و په‌ڕه‌گرافه وه‌ک خۆی بۆ خوێنه‌ر راده‌گوێزم.
ده‌سته‌ی یه‌که‌م: ئه‌و ڕووناکبیرانه‌ی له ئه‌سته‌مبوڵ ژیان و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ کوردستان . له‌وانه: تۆفیق وه‌هبی، محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌کی، ڕه‌فیق حیلمی و پیره‌مێرد. ئه‌م ڕاستییه‌ش ده‌کاته به‌رده‌بازی په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و سه‌کۆی ده‌ربڕینی ڕاستییه‌کی دیکه و ناساندنی ناسنامه‌ی فکری ئه‌م ڕۆشنبیرانه. شاکه‌لی ده‌نووسێ: ده‌توانم بڵێم پیره‌مێرد و ڕه‌فیق حیلمی کوردستانی بوون، وه‌هبی به‌گ و زه‌کی به‌گ عێراقخواز بوون، پیره‌مێرد و حیلمی له نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیانه‌وه نزیکتر بوون، وه‌هبی و زه‌کی زیاتر خانه‌دان و ئه‌ریستۆکرات بوون و نه‌یانده‌ویست دڵی کورسی ده‌سه‌ڵاتیان لێ بڕه‌نجێ. ئه‌مان خاکی و خۆمانه بوون و ئه‌وان ئه‌فه‌ندی.ئه‌نجامێکی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه پیره‌مێرد و حیلمی به‌رهه‌می فه‌رهه‌نگی فکرییان زۆره و کارێکی زۆریان کردووه، که‌چی وه‌هبی و زه‌کی کهمبهرههمن.
ده‌سته‌ی دووه‌م: ئه‌و ڕووناکبیرانهن که به‌رهه‌می تێکه‌ڵبوونی فه‌رهه‌نگی کلاسیک و نه‌ریتانه‌ی کورده‌واری و ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی سه‌رده‌م و مۆدێرن و ئه‌وروپایی بوون. له‌وانه عه‌لائوددین سه‌ججادی، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس، مه‌لا جه‌میلی رۆژبه‌یانی، مه‌سعوود محه‌مه‌د، جگه‌رخوێن، هێمن، هه‌ژار، شوکور مسته‌فا و هه‌ندێکی دیکه‌شن.
له ته‌ک ووتنی شیعرێکی ناسک بۆ مامۆستا ئه‌وجا به‌و کۆمه‌ڵه سه‌رنجه ده‌چێته ناو باسی ژیانی ئه‌ده‌بی شوکور مسته‌فا. وه‌ک وه‌رگێڕێکی به‌توانا، زمانزانێکی لێوه‌شاوه و ئه‌دیبێکی به نه‌خشه‌و پلان ههڵسوکهوتکهر و شاره‌زایه‌کی قووڵی فکر و فه‌لسه‌فه و رووناکبیرێکی ئینسکلۆپیدی .
کاشکی شوکور مسته‌فا ڕه‌خنه‌گر بوایه . ئه‌مه قسه‌ی شاکه‌لییه
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه جارێکی دیکه‌ش به گه‌رمی پیرۆزبایی له مامۆستا شاکه‌لی ده‌که‌م هه‌ر له‌ش ساغ و به‌رخوردار بێت،له پێناوی خزمه‌تی زیاتردا.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م باسه سوودیان لێ وه‌رگیراوه:
چه‌ند ڕیشه‌یه‌ک له ڕیشاڵی زمانه‌که‌مان مه‌سعوود محه‌مه‌د
سۆفی و سۆفیگه‌رێتی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
مێژووی مۆسیقای کوردی حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی
فه‌لسه‌فه و ڕامانی یارسان له فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا جه‌مال نه‌به‌ز
مه‌موزینی ئه‌حمه‌دی خانی
دیوانی حاجی قادری کۆیی
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئه‌م ووتاره له ژماره 17 ی کانوونی یه‌که‌می 2011ی گۆڤاری واتا دا بڵاوکراوه‌ته‌وه