
گفتوگۆیه‌كی تایبه‌ت به‌شیعر له‌گه‌ڵ یوسف عیزه‌دین
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: هه‌رچه‌ند وه‌ک رۆماننووس ناسراویت و تائێستا چوار رۆمانی چاپکراوت هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک زانراوه به‌شیعر ده‌ستت پێکردووه‌و هێشتاکه‌ش به‌رده‌وامی له‌نووسینی شیعردا، پێم خۆشه -یوسف عیزه‌دین-ی رۆماننووس له‌م دیداره تایبه‌ته قسه له‌سه‌ر شیعر بکات؟
یوسف عیزه‌دین: پێم وایه به‌چه‌شنێک له‌چه‌شنه‌کان، دانانی ئه‌و شیعرانه‌ی کهسهراسیمهو سه‌رساممان ده‌که‌ن، سه‌ختترین کرده‌یه‌کی دانانی تێکستی ئه‌ده‌بی بن؟! یان ره‌نگه دانان زۆر بۆ شیعر راست نه‌بێت؛ چونکه زۆرێک له‌شاعیره باشه‌کانی دنیا، له‌ئێستا و رابردووش‌دا، ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه.. که‌خۆشیان نازانن فڵانه دێڕ یان کۆپله؛ یان ته‌واوی شیعرێکیان له‌کوێوه هێناوه؟!
بۆ نموونه دانه‌رێکی شیعریی وه‌ک “بۆرخیس”، پێی وایه کهتێکستی شیعریی پێش دانانی له‌لایه‌ن دانهرهکهیهوه له‌شوێنێکدا هه‌بێت و کاری دانه‌ری شیعر دۆزینه‌وه‌ی بێت.. ئیدی ره‌نگه بهئاگاو بێ‌ئاگا ئه‌م یان ئه‌وی به‌رۆح شاعیر ساڵانێکی دوورودرێژ لهچاوهڕێکردنی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی دۆزینه‌وه‌یه‌دا بباته‌سه‌ر، به‌تایبه‌تیش له‌دنیای متهسهویفه شاعیره‌کانی وه‌ک حه‌للاج و ئیبن عه‌ره‌بی ومهولانا و یونس ئیمره و ئه‌وانی تردا؛ قووڵی ئه‌م چاوهڕێبوونه راشکاوانه ده‌که‌وێته به‌رچاومان، بۆ نموونه سه‌رله‌به‌ری ته‌واوی ئه‌زموونی سۆفیستیی حه‌للاج، له‌چه‌ند به‌یت و نیوه به‌یته شیعرێکدا چڕ ده‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت لهگوته سۆفیستهکانیشیدا، هاتنه‌ده‌ر و له‌دایک بوونی گوته‌کان ده‌بینینه‌وه، سه‌رباری ئه‌و رۆحه شیعرییه‌ی کهبهتهواویی، ده‌یگرێته‌خۆی؛ بۆ نموونه چی له‌م گوته‌یه‌ی حه‌للاج قووڵتر و جوانتر و شیعریتر هه‌یه، که‌ده‌ڵێت:” لا انا لا انا”.
دیاره ناشکرێت نکووڵی لهجودابوونی ته‌واوی دنیای شیعر بکه‌ین، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ژانره‌کانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب و ته‌نانه‌ت له‌و ده‌مانه‌شدا که‌تێکه‌ڵ بهژانرهکانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌کرێت..سه‌رباری له‌ده‌ستدانی به‌شێکی زۆری سیحر و به‌هاکانی؛ رۆڵێکی فریودهرانهش ده‌بینێت.. به‌تایبه‌تیش له‌تێکسته فه‌لسه‌فییه‌کاندا، ئه‌و ده‌می له‌پشت سه‌دان ته‌رحی لۆژیکی و بانگه‌شه‌ی ره‌فزکردنی زمانی شیعر و به‌کارهێنانی زمانی لۆژیک؛ زمانی شیعر ده‌کرێته زمانی فه‌لسه‌فه..وه‌ک له‌شوێنی دیکه‌شدا ئاماژه‌م پێداوه”ئه‌فلاتوون” یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ی؛ کهلهڕوو به‌سڕینه‌وه‌و ره‌تکردنه‌وه‌ی شاعیران و دنیاکه‌یان، توانی به‌و په‌ڕی په‌نهان و شاراوه‌یی زمانی شیعریی بکاته ئاڵته‌رناتیڤی زمانی لۆژیکی و لهتهرحه فه‌لسه‌فییه‌کانیدا وه‌گه‌ڕیان بخات و له‌دنیاشدا نه‌ک هه‌ر “ئه‌فڵاتوون”، به‌ڵکو زۆرێک لهفهیلهسوفانی دیش، ئه‌و فێڵه‌یان لێکردووین؟!..ئاشکرایه ئیشکالێکی گه‌وره‌یه تۆ بێیت و به‌ناوی ته‌رحکردنی لۆژیکه‌وه زمان له‌پانتایی نالۆژیکییانه‌ی شیعر بخوازیت و تێکه‌ڵ به‌هه‌موو چه‌شنه‌کانی ره‌وانبێژیی به‌کاریان بهێنیته‌وه؟!.. نه‌ک هه‌ر سه‌باره‌ت به‌فه‌لسه‌فه، به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌رحه‌ق بهئایینهکانیش ده‌بێت زۆر پرسیار له‌خۆمان بکه‌ین..هه‌ر بۆ نموونه؛ بۆ ده‌بێت هه‌ندێک تێکستی ئایینی له‌تێکسته ئایینیه‌کانیاندا، پێداگربووبێتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تێکسته‌کانیان شیعر نییه، هه‌ر بۆ سه‌لماندنی تهرحهکانیشیان بێ سێ ودوو شاعیریان به‌نه‌فره‌ت کردووه‌و “ئه‌فڵاتوون” ئاسا له‌مه‌مله‌که‌تی خۆیانیان وه‌ده‌رناون؟!.. ره‌نگه به‌شێکی ئه‌و نه‌فره‌ت کردنه‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ توانای شیعر له‌ڕووی سه‌ره‌وژێرکردنی هزر و فیکرێکی به‌ناو به‌ڵگه‌نه‌ویستی پێشینه؛ که‌ببێته مایه‌ی گۆڕان و وه‌رچه‌رخان..وه‌ک ئه‌و به‌یته شیعرییه تهسهوفییانهی که‌به‌ناوی خه‌یام-ه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ئێمه‌و بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت؛ سه‌رساممان ده‌کات و کاتێکیش بیر له‌سه‌رده‌می گوتنی شیعره‌کان ده‌که‌ینه‌وه، ده‌یان پرسیار له‌زه‌ینماندا سه‌باره‌تی ده‌ورووژێت؟!..وه‌ک “محمه‌د زفزاف”یش ئاماژه‌ی پێ ده‌دات گوایه، شیعره‌کانی “خه‌یام” یان بابڵێین ئه‌و به‌یته شیعرییانه‌ی دراونه‌ته پاڵی؛ زیاتر بۆ شاردنه‌وه‌و په‌رده‌پۆشکردنی واقیعێکی سیاسی ترسناکی سه‌رده‌مه‌که‌ی گوتراوه؟!..دیاره ئه‌مه ته‌نها بۆچوونێکه‌و جا وابێت یان وانه‌بێت، مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه، له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ی گرنگه خودی زیندوویه‌تی تێکسته‌کانه له‌ئێستادا؛ که‌بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، خودی به‌یته شیعرییه‌کان ده‌کارێت له‌چه‌ندین دیدگه‌ی جیاوازه‌وه، ته‌ئویلی بۆ بکرێت و هه‌رگیزیش له‌ئاست ته‌فسیر و شه‌رح و تێڕوانینێکی تاک ڕه‌هه‌ندا راناوه‌ستێت؟!.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ده‌ستپێکردنت به‌شیعر و دواتر رۆمان و ده‌بینین جارێکی تر شیعر؟!..ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم ئایا ئه‌م هاتن و چوون و گه‌ڕان و گۆڕین و لهدهرگادانه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که‌دونیای شیعر، یان ئاسمان و پانتایی شیعر جێگای خه‌ون بینین و خه‌یاڵه‌کانی تۆی تێدا نابێته‌وه، یان خه‌مێکی رۆشنبیری وات لێده‌کات، هه‌ر له‌وێستگه‌ی شیعردا نهمێنیتهوهو ده‌ست بۆ ژانره‌کانی تریش به‌ریت؟
یوسف عیزه‌دین: نازانم؟!..ره‌نگه شیعر، جیاواز له‌ژانره‌کانی تر، که‌متر بتوانیت له‌گه‌ڵی هه‌ڵبکه‌یت و به‌به‌رده‌وام تێیدا بمێنیته‌وه، واته له‌شیعردا شیاوه ئه‌زموونێکی به‌رفراوانی ساڵانێکی دوور و درێژ، ببێته چه‌ند به‌یتێک..یان هۆنراوه‌و چامه‌یه‌ک.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه سۆفییه‌کی پڕ ئه‌زموونی سه‌یر و سه‌مه‌ره میزاجی وه‌ک “حه‌للاج”، ده‌بینین هه‌موو ئه‌زموونه زۆر قووڵه تهسهوفییهکهی له‌چه‌ند بهیتهشیعرێکدا به‌رجه‌سته ده‌کات..بۆ نموونه کاتێک زۆر به‌سانایی ده‌ڵێت:
( انا من اهوی/ ومن اهوی انا)
پرسیاره‌که له‌وه‌دایه ئاخۆ سه‌رباری سانایی ئه‌م به‌یته، به‌چه‌ند لاپه‌ڕه ده‌توانین ته‌ئویلی ئه‌و ئه‌زموونه قووڵه بکه‌ین، که‌ده‌که‌وێته پشت ئه‌م به‌یته‌وه..
یه‌ن ئه‌گه‌ر بڕوانینه به‌یتێکی دیکه‌ی:
(لا انا الا انا)، هه‌ست ده‌که‌ین به‌یتێکی چه‌ند ئهرگۆمێنتاویی و بگره ترسناکیشه؛ به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر لهدیدگهیهکی سه‌له‌فیی ئایینییه‌وه تێی بڕوانین؟!..به‌ڵام ئه‌گه‌ر تهئویلیانه یان تهفکیکیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ین..ده‌بینین چۆن ئه‌م به‌یته له‌قووڵایی چه‌ندین ئه‌زموونی قووڵ و هه‌وڵدانی سۆفیستییانهوه، هاتۆته بوون و له‌راستیدا به‌گوتنی شتێک که‌یه‌کسه‌ر فام بکرێت، مه‌به‌ستییه‌تی چه‌ندین شتی دیکه بشارێته‌وه.
ئیدی شیعر ده‌توانێت له‌و شوێنه‌دا کار بکات، که‌مه‌حاڵه ژانره‌کانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب، به‌چه‌شنی ئه‌و و تا ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و رۆبچنه نێو قووڵاییه‌کان..یان ده‌توانین بڵێین رۆچوونی شیعر بۆ نێو قووڵاییه‌کان، جیاواز و تایبه‌ته، له‌چاو ژانره‌کانی تر..واته ئه‌وان گه‌ر رۆش بچن، رۆناچنه نێو هه‌مان قووڵایی..چونکه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه چه‌شن و شێوه‌ی رۆچوونی ژانره‌کانی بۆ نێو قووڵاییه‌کان جیاوازه‌و هه‌ن پێیان وایه که‌هه‌ریه‌که‌یان قووڵایی تایبه‌ت و جیاواز به‌خۆی هه‌یه؟!
حیکایه‌تێکی زۆر سه‌رنج راکێشی چینی هه‌یه له‌مه‌ڕ شیعر؛ که‌باس له‌شاعیرێکی کۆیله‌ی ئیمپراتۆر ده‌کات، پاش دۆزینه‌وه‌ی وشه‌یه‌کی شیعریی کهبهرتهقای کۆشکی زه‌ردی ئیمپراتۆر بێت..ده‌توانێت خودی ئه‌و کۆشکه‌ی ئیمپراتۆر له‌میانی ئه‌و وشه‌یه‌وه بکاته موڵکی خۆی..هه‌ر بۆیه یه‌کسه‌ر ئیمپراتۆر فه‌رمان ده‌دات؛ تا خێرا له‌ملی شاعیره‌که بده‌ن؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: “بێرتراند رووسێل” ده‌ڵێت:” هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت ببێت به‌فه‌یله‌سوف، نابێت لهماقووڵ بترسێت”..ئایا گونجاوه بڵێیت هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت ببێت به‌شاعیر نابێت لهماقووڵ بترسێت.. ئایا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک هه‌یه له‌نێوان شیعر و ناماقووڵدا، ئه‌گه‌ر هه‌یه چۆن، ئه‌گه‌ر نییه بۆ؟!.
یوسف عیزه‌دین: “بۆرخیس” له‌چیرۆکی “ئاوێنه‌و ماسک”دا، باس لهپاشایهکی به‌توانا و سه‌رکه‌وتوویی ئێرله‌ندا ده‌کات، که‌پاش سه‌رکه‌وتنێکی جه‌نگیی خۆی.. به‌شاعیری “ده‌ربار” نێو کۆشکه‌که‌ی خۆی ده‌ڵێت:
( کاره مه‌زنه‌کان ئه‌گه‌ر له‌دوو توێی وشه‌دا دانه‌ڕێژرێن، به‌هاو ره‌ونه‌قی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن..بۆیه داواتان لێ ده‌که‌م، به‌شیعر مه‌دح و سه‌نای سه‌رکه‌وتنه‌کانم بکه‌ن..من ده‌بمه”ئنیاس” و تۆش “ڤێرجیل”..ئایه ئه‌و توانسته له‌خۆتدا شک ده‌به‌یت؛ که‌هه‌ردووکمان نه‌مر بکه‌یت؟!…).
پاش ئه‌وه پاشا یه‌ک ساڵ مۆڵه‌ت به‌شاعیر ده‌دات، تا سه‌رقاڵی هۆنینه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی بێت..کاتێک پاشا پاش ساڵێک دێت و شیعره‌که‌ی ده‌ڵێت؛ هه‌رچه‌ند پاشا شیعره‌که‌ی لێ قبووڵ ده‌کات، به‌ڵام پێی ده‌ڵێت:
( هه‌مووی باشه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ رووینه‌دا؛ نه‌خوێن بهدهمارهکانماندا خێراتر که‌وته جووڵه و نهدهستمان بۆ تیر و کهوانهکانمان برد و نهکهسیشمان زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاین).
ئیدی پاشا ئاوێنه‌یه‌ک به‌دیاری ده‌داته شاعیرهکهو پێی ده‌ڵێت که‌پاش ساڵێکی دی و له‌گه‌ڵ شیعرێکی تر بێته‌وه… که‌دێته‌وه و هۆنراوه‌که له‌به‌رده‌م پاشادا ده‌ڵێت، پاشا و ئاماده‌بووان هه‌ست ده‌که‌ن، کهشیعرهکه له‌جیاتی وه‌سف و باسی شه‌ڕه‌که؛ هه‌ر خودی شه‌ڕه‌که خۆیه‌تی؟!..دیاره پاشا لهشیعرهکهی پێشووتر زۆر زیاتر پێی باشتر ده‌بێت و ئینجا ماسکێک ده‌داته شاعیرهکهو جارێکی دیکه‌ش داوا له‌شاعیر ده‌کات، که‌بڕوات و پاش ساڵێک به‌شیعرێکی جوانتر و باشتر بێته‌وه.. پاش ساڵێک که‌شاعیر دێته‌وه حزووری پاشا؛ ده‌بینن هیچ ده‌ستنووسێکی شیعریی پێ نییه..سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌مرۆڤێکی تر ده‌چێت؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی کوێر بێت، به‌چه‌شنێکی سه‌یر ده‌ڕوانێته ئاسۆ..هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌نێو زه‌مه‌ندا نه‌بێت، داوا له‌خودی پاشا ده‌کات، که‌ڕێی بدات چه‌ند وشه‌یه‌ک به‌خۆی بڵێت..پاش چۆڵبوونی مهجلیسهکهو ترسێکی زۆر شاعیر و مۆڵه‌ت پێدانی پاشا بهدرکاندنی هه‌ر شتێک که‌بیه‌وێت؛ شاعیر به‌ده‌نگێکی زۆر نزم قه‌سیده‌که‌ی که‌بریتی ده‌بێت له‌یه‌ک دێڕ ده‌ڵێت..ئیدی خودی شاعیر و پاشا وه‌ک نوێژێکی نهێنی چێژی لێ ده‌بینن و هه‌ردووکیان به‌سه‌رسامیی و ره‌نگ ههڵبزڕکاوییهوه، ده‌ڕواننه یه‌کتر و پاشان پاشا ده‌ڵێت:
( به‌گه‌نجێتی له‌ڕێی ده‌ریاوه به‌ره‌و رۆژئاوا، به‌که‌شتی که‌وتوومه‌ته رێ و له‌یه‌کێک لهدوورگهکاندا، سه‌گی راوی ره‌نگ زیو-ینم بینیوه، که‌په‌لاماری به‌رازی ره‌نگ ئاڵتوونی داوه‌و له‌دوورگه‌یه‌کی تردا، ته‌نها بۆنی سیحریی سێوه‌کانی بۆته خۆراکمان و له‌یه‌کێکی تردا دیوارم له‌ئاگر که‌وتۆته پێش چاو و له‌دوورترین دوورگهشدا رووبارێکی چه‌ماوه‌ی ههڵاوگێڕاوی هه‌ڵواسراوم؛ له‌کاتێکدا ماسی و به‌له‌مه‌کان مه‌له‌یان تێدا ده‌کرد، بینیوه..ئه‌مانه هه‌مووی شتی سه‌یرن، به‌ڵام ناگاته‌وه بهقهسیدهکهی تۆ..ده‌بیت چ مێینه ساحیرێک پێشکه‌شی کردبیت!؟).
شاعیره‌که‌ش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:
( به‌یانی که‌له‌خه‌و هه‌ستام، سه‌یرم کرد له‌به‌ر خۆمه‌وه چه‌ند وشه‌یه‌ک ده‌ڵێمه‌وه..سه‌ره‌تا لێی تێنه‌گه‌یشتم، دواتر زانیم ئا ئه‌وه‌یه وشه‌کانی قهسیدهکهو یه‌کسه‌ر هه‌ستم به‌ئه‌نجامدانی گوناه و کردنی تاوانێکی گه‌وره‌کرد..تاوانێک؛ کهرۆحی قودسیش ناتوانێت لێم خۆش ببێت؟!).
“پاشا”ش له‌وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت:
( ئه‌و تاوان و گوناهه‌ی که‌له‌ئێستادا هه‌ردووکمان تێیدا به‌شدارین..تاوان و ناسینی جوانییه، کهلهمرۆڤ حه‌رامکراوه..ده‌بێت تۆببه بکه‌ین، تا ئێستا ئاوێنه‌و ماسکم داویتێ و وادیاری سێیه‌م و کۆتایشت ده‌ده‌مێ!؟…).
ئیدی خه‌نجه‌رێک ده‌داته ده‌ست شاعیره‌که و پاشان له‌کۆتایی چیرۆکه‌که‌دا له‌وه حاڵی ده‌بین، کهشاعیرهکه پاش جێ هێشتنی کۆشکه‌که خۆی ده‌کوژێت و پاشا-ش دوا به‌دوای ئه‌وه ده‌بێته ده‌رۆزه‌که‌رێکی گه‌ڕۆک وبهپێیان ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی تهی ده‌کات و داواجاریش و بۆ هه‌تا هه‌تایه که‌س نازانێت ئه‌و به‌یته شیعرییه‌ی شاعیره‌که چی بوو؟!!…).
گه‌ر بڕوانینه ئه‌م چیرۆکه‌ی “بۆرخیس”، ده‌بینین پاش دۆزینه‌وه‌ی به‌یتێکی ئێسته‌تیکی سه‌یر و سه‌مه‌ره، پێویست ده‌کات شاعیره‌که‌ی خۆی بکوژێت و له‌هه‌مان کاتیش‌دا وه‌رگره‌که‌ی”که‌پاشا-یه” شێت ببێت..ته‌ئویلکردنی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی چیرۆکه‌دا زۆر به‌سانایی ده‌خرێته‌ڕوو، ده‌ستپێکی خوێندنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ی دنیایه‌ک تهسهووراتی هه‌ڵه‌یه، به‌رانبه‌ر بههاتنهبوون و دانانی تێکسته زیندووه‌کان و چۆنیه‌تی وه‌رگرتنیان، له‌لایه‌ن وه‌رگر و خوێنه‌ره‌وه..به‌تایبه‌تیش له‌شیعردا وه‌ک له‌چیرۆکه‌که‌دا به‌ڕوونی دیاره.. تا له‌وه حاڵی ببین؛ ئاخۆ شیعر له‌کوێی ئه‌قڵانییه‌ت و ناماقووڵ و نالۆژیک بووندا کارده‌کات..ئه‌مه له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر به‌ره‌هایی شتێک هه‌بێت، ناوی ئه‌قڵانییه‌ت و ماقووڵ و لۆژیک بێت؟!..تا شیعر بتوانێت بهنهفیکردنهوهیان له‌شوێن جێگه‌یه‌کی تردا کار بکات..شوێن جێگه‌یه‌ک که‌ره‌نگه به‌دۆزینه‌وه‌ی به‌یتێک، وه‌ک ئه‌وه‌ک له‌چیرۆکه‌که‌دا هاتووه، وه‌رگرێک سه‌راسیمه‌و سه‌رگه‌ردان بێت.
یان سه‌رسام و تاساو لێی رابمێنین..وه‌ک ئه‌م به‌یتانه‌ی کهدراونهته پاڵ “خه‌یام”، له‌رابردوو و ئێستاشدا مایه‌ی ئیعجاب و سه‌رسام بوونی وه‌رگر و خوێنه‌ریه‌تی:
( نه‌که‌ی تۆببهکهی له‌مه‌ی تاههیه،
تۆببه سه‌د تۆببهی به‌دوادا هه‌یه،
گوڵ کراس بدڕێ و بولبوول بخوێنێ،
له‌کاتی وادا تۆببه که‌ی هه‌یه؟
ئه‌م گۆزه وه‌ک من دڵدارێک بووه،
گیرۆده‌ی زوڵفی نیگارێ بووه،
ئه‌و ده‌سکه‌ی ئێستا قوڵفه لهملیا،
سه‌رده‌مێک ده‌ستی ملی یارێ بووه!
کفر و دین به‌ینیان یه‌ک هه‌ناسه‌یه،
یه‌قین تاگومان یه‌ک هه‌ناسه‌یه،
ئه‌م هه‌ناسه‌یه به‌خۆشی بژی،
مادام خۆی ژیان یه‌ک هه‌ناسه‌یه!
کێیه بێ گوناهی رووی دنیا؛ بڵی؟!
بێ گوناهکردن چۆن ژیا؛ بڵێ؟!
که‌من بهدبکهم، سزای تۆیش به‌د بێ؟!
تۆ و من جیاوازین لهچییا، بڵێ؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: قۆناغی نوێی شیعری کوردی بۆ چه‌ند قۆناغ دابه‌ش ده‌که‌ن؟ گه‌لێک راوبۆچوونی جیاواز ده‌رباره‌ی ده‌سنیشانکردنی سه‌ره‌تاکانی تازه‌گه‌ری شیعری کوردی نووسراون، به‌ڕای ئێوه ئه‌و ده‌ستنیشانکردنانه تا چه‌ند ته‌واو بێ هه‌ڵه‌ن؟ ئه‌ی ئێوه چۆن ده‌سنیشانی ده‌که‌ن؟
یوسف عیزه‌دین: وه‌ک خۆم زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره پۆلێن‌کردن و دابه‌شکردنه، به‌ناو ئه‌کادیمیانه‌ی قۆناغه‌کانی ئه‌ده‌بیات نیم؟!..به‌چه‌شنێک که‌دواتر ده‌کرێته وانه‌ی بێتامی وشک و برنگی هه‌زه‌لی و له‌ڕێی قوتابخانه‌کانه‌وه، ده‌کرێته یه‌کێک له‌وانه‌کان و به‌سه‌ر خوێندکاردا فه‌رز ده‌کرێت و ده‌بێته ماته‌ریاڵی ئهزبهرهکردنی به‌زۆر و پرسیاری تاقیکردنه‌وه‌کان و…به‌مه‌ش ئه‌ده‌بیات ده‌کرێته ئه‌و شته ناشرینه‌ی کهخوێندکاران هه‌ر له‌سه‌ره‌تاکانی خوێندنیانه‌وه به‌ڕک و نه‌فره‌ته‌وه تێی ده‌ڕوانن؟!.
باشه ئه‌گه‌ر دابه‌شکردنێکی ره‌ها و ماتهریاڵیانه، بۆ دنیای ئه‌ده‌بیات و قۆناغه‌کانی بکرێت، واته کار بۆ سه‌لماندن و سه‌پاندنی یه‌قین و یه‌قینه‌کان کراوه؛ واته ئه‌مه وایه و ئه‌وی دیکه وانییه..به‌ڵام ئاشکرایه کهسهلماندن تاڕاده‌یه‌کی زۆر شته‌کان ده‌مرێنێت، دیاره نه‌ک هه‌ر له‌کایه‌ی ئه‌ده‌بیاتدا به‌ڵکو وه‌ک”ئۆسکار وایڵد” ئاماژه‌ی پێده‌دات:
( ئایینه‌کان ئه‌و کاته ده‌مرن؛ که‌ڕاستی و دروستی‌یان ده‌سه‌لمێنرێت؟!)..واته تا ئه‌و ده‌مه هه‌ن و زیندوون، که‌له‌دنیای گوماندا هه‌ڵده‌سووڕێن و هه‌ر کاتێکیش هێنرانه نێو دنیای یه‌قینه‌وه؛ ده‌مرن؟!
جا سه‌رباری هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ده‌کرێت سه‌باره‌ت به‌دابه‌شکردنی قۆناغه‌کانی ئه‌ده‌بیات بیخه‌ینه‌ڕوو..ئه‌وه‌ی له‌واقیعی ئه‌ده‌بیاتی کوردیی باشووردا روو ده‌دات؛ تابڵێی کارێکی خراپه، له‌ڕووی ریزکردنی چه‌ندین ناوی نووسه‌ری خراپنووس، له‌پاڵ نووسه‌رێکی باشنووسدا، گوایه ئه‌وانیش هاوته‌مه‌ن و هاوقۆناغی فڵانه نووسه‌ری باشنووس بوون..یان بابڵێین به‌ناوی ریزبه‌ندی قۆناغه‌کانه‌وه، تێکسته زۆر ده‌گمه‌نه جدییه‌کانی قۆناغێک ئه‌گه‌ر هه‌بن، له‌پاڵ ناجدیترین تێکستی مردوودا ناوی دێت و له‌مه‌شدا نه‌ک هه‌ر موراعاتی داواکاری ئه‌م و ئه‌و ده‌کرێت، به‌ڵکو داواکاره حیزبی و ناوچه‌گه‌ریی و ته‌نانه‌ت عه‌شیره‌تگه‌ریی و تاد.. له‌مه‌دا رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت؟!
به‌ڵام ئاشکرایه ئه‌وه‌ی کهگرنگهو هه‌رده‌میش ئاشنایانی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات په‌نای بۆ ده‌به‌ن؛ ئه‌و تێکستانه‌ن که‌توانای مانه‌وه‌و تێپه‌ڕکردنی زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیان هه‌یه، به‌و پێیه‌ی که‌توانای سه‌رسامکردنی خۆیان، به‌ئاسته‌م له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و هه‌ڵگری دنیایه‌ک پرسیار و پرسیارگهلن، که‌جیاواز لهکیمیاو فیزیا‌و تێکسته زانستییه‌کان، شه‌رح و ته‌فسیر و ساغکردنه‌وه‌و سه‌لماندن هه‌ڵناگرن..هه‌ر وه‌ک “رۆسۆ”ش پێی وابووه که‌نووسین”تێکست” جێی باوه‌ڕنییه، چونکه رۆڵ له‌لاوازکردنی گوزارشته‌کاندا ده‌بینێت و هه‌ر بۆیه به‌ڕای ئه‌و گوتراوێکی درکێندراو له‌ڕێی ئاخافتنه‌وه، سروشتی تره بۆ خستنه‌ڕووی زمان و به‌کاربردنی..که‌واته ده‌بێت هه‌ست به‌جیاکردنه‌وه‌ی زمان، له‌ئاخافتن و نووسین-دا بکه‌ین؛ هه‌رچه‌ند له‌یه‌ک بنه‌مای زمانیشه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌ڵام لای “رۆسۆ” گوزارشتێکی گوتراو له‌ڕێی ئاخافتنه‌وه باشتره لهگوزارشتێکی نووسراو له‌ڕێی کرده‌ی نووسینه‌وه‌و ته‌نانه‌ت به‌ڕای ئه‌و نووسین، ته‌نها پاشکۆیهو بگره بهمهترسیشی داوه‌ته قه‌ڵه‌م له‌سه‌ر ئاماده‌باشیی سروشت و بوونی.
شایانی باسیشه ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌که‌ین، که‌زۆر پێش “رۆسۆ”ش، “ئه‌فڵاتوون” نووسینی به‌شتێکی زۆر پڕ که‌موکووڕی و مشه‌خۆر داناوه و ئیدی زۆر بیرمه‌ندی دیکه‌ش هه‌بوون و هه‌ن، که‌چه‌ندین پرسیاریان سه‌باره‌ت به‌دنیای نووسین هه‌بووه‌و هه‌یه…هه‌رچه‌ند ئه‌م بابه‌ته یه‌کێکه له‌بابه‌ته هه‌ستیاره‌کان و قسه‌و باسێکی زۆر و به‌رده‌وامی گه‌ره‌که، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی زۆر لهپرسیارهکهتان دوور نه‌که‌ومه‌وه..ده‌ڵێم؛ هه‌ر شتێک ته‌قلیدیانه پۆلێنکراو کرایه مه‌نهه‌جێکی دیراسی و رێسا و یاسای بۆ دانرا؛ به‌تایبه‌تیش وه‌ک وانه‌یه‌ک پێشکه‌شکرا، ئه‌وه ئیدی پێناچێت، وا به‌ئاسانی بکارێت، پرسیاری ئاڵوگۆڕئامێز و جه‌وهه‌ری سه‌باره‌ت بکرێت، به‌تایبه‌تیش له‌نێو کایه‌که‌ی خۆیدا، واته خوێندکارێکی به‌شی ئه‌ده‌بیاتی کوردی هیچ ئیختیارێکی نییه، له‌وه‌ی بۆ نموونه قایل نه‌بێت به‌وه‌ی تێکسته‌کانی فڵانه نووسه‌ری خراپنووس ئهزبهرهبکات..کاتێکیش سوور ده‌زانێت ماده‌یه‌کی دیراسییهو بۆی هه‌یه ببێته بنه‌ڕه‌تی پرسیار و پرسیاگهلێکی یه‌کێک له‌تاقیکردنه‌وه‌کان؟!.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ئاخۆ کورد ئه‌ده‌بێکی هه‌یه به‌ناوی ئه‌ده‌بی تاراوگه”مه‌نفا”، ئه‌گه‌ر هه‌یه له‌چ ئاستێکدایه، ئه‌گه‌ر نییه‌تی بۆ؟!
یوسف عیزه‌دین: دیاره پرسیارگه‌لێکی زۆر هه‌ن سه‌باره‌ت بهنووسهرانێک، که‌به‌ناچاری ده‌بێت له‌مه‌نفادا ژیان ببه‌نه سه‌ر؟!..ئاخۆ چۆن چۆنی گۆڕان به‌سه‌ر چه‌شن و شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌و نووسینیاندا دێت؟! یان نووسینی پاش ژیانیان له‌مه‌نفا چ جیاوازییه‌کی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ نووسینی پێشووتریان؟!..هه‌موو ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیاری تر ده‌شێت و ده‌کرێت ته‌رح بکرێن، به‌تایبه‌تیش سه‌باره‌ت به‌بوون یان نه‌بوونی ئه‌ده‌بیاتێکی له‌و چه‌شنه، به‌ڵام له‌کاتی بوون یان نه‌بوونی ئه‌ده‌بیاتێکی له‌و چه‌شنه..ئاخۆ چ ئیزافه‌یه‌کی بۆ دنیای تێکسته زیندووه‌کان پێبووه‌و پێیه؟! نازانم پێش هه‌موو شتێک مه‌نفا و وڵات دوو شوێنن، تۆ بڵێی ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک له‌وڵاته‌که‌یدا خراپنووس بوو، مه‌نفا بیکاته نووسه‌رێکی باش نووس، یان ئه‌گه‌ر توانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی، جارێکی تر بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی جارانی له‌نووسیندا؟!
وه‌ک خۆم له‌شوێنێکی دیکه‌دا سه‌باره‌ت بهمهنفا گوتوومه:
( گاڵته‌جاڕییه گه‌ر بڵێین به‌ناو نووسه‌رێک که‌پێشتر له‌دنیا ناحاڵییهو خاوه‌ن مه‌عریفه‌و فیکرێکی رۆشن نییه‌و تابینه‌قاقای نغرۆی تێڕوانینه دزێو‌و ناشرینهکانهو جگه لهرک و ئێره‌یی هیچی تری ده‌رحه‌ق به‌دنیا پێ نییه..به‌ڕێکه‌وت له‌مه‌نفا-دا فانووسه سیحرییه‌که‌ی عه‌لادینی چنگ بکه‌وێت و پاش هاتنه ده‌ره‌وه‌ی عیفریته‌که‌ی، داوای به‌ده‌ستهێنانی باڵه‌کانی مه‌عریفه‌و چاوی خوێندنه‌وه‌و وه‌چنگ که‌وتنی توانستی راڤه‌کردنی دنیای لێ بکات و ئه‌ویش بێ سێ و دوو، هه‌موو ئه‌وه‌ی پێ بدات که‌ده‌یه‌وێت، له‌کاتێکدا که‌ناشێت و نابێت نووسه‌رێکی له‌و چه‌شنه داواکارییه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی هه‌بێت؟!..ئه‌مه له‌کاتێکدا نووسه‌رێکی زه‌یین بارگاوی به‌پرسیار، پێویستی بهفانووسهکهی عه‌لادین و عیفریته‌که‌ی نێویشی نییه).
وه‌ک “فۆکنه‌ر”یش ده‌ڵێت:
( ئه‌گه‌ر نووسه‌ر باش و به‌توانا بێت، هیچ شتێک نییه زیان به‌نووسینه‌کانی بگه‌یه‌نێت، خۆ ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی خراپیش بوو، هیچ که‌س و شتێک نییه که‌بتوانێت هاریکاری بکات؟!).
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: هه‌ست و خه‌ونه کپکراوه‌کان، کرده‌ی به‌رهه‌مهێنانی شیعرن لای تۆ، یان ئه‌قڵ و رۆشنبیری یان تێکه‌ڵه‌یه‌که له‌مانه؟!
یوسف عیزه‌دین: ئه‌گه‌ر وه‌ک نموونه‌یه‌ک بڕوانینه شیعری”بۆ هیوای کوڕم”ی “گۆران”:
( هیوا مه‌گری، هه‌نسکی نیوه‌شه‌و به‌س هه‌ڵده، به‌س بگری!؟
له‌چاوی بێقهرارم بۆچی ده‌رمانی وه‌نه‌وز ده‌بڕی؟
کوڕی خۆم!کۆرپه‌له‌م! میوانی تازه خوڵقاوم!
ئه‌دا گریه‌ت به‌زه‌بری چز، له‌ڕۆحی پڕ گلاراوم!
چییه ئه‌م گرییه بێغایه، کڕووزه‌ی نیوه‌شه‌و خورپێن؟
چییه ئه‌م قه‌تره وردانه‌ی له‌چاوت بێ مه‌ئال ده‌ڕژێن؟
له‌گه‌ڵ ئه‌و خونچه ساوایه‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵفی به‌هار ئه‌ڕوێ؟
چییه فه‌رقت؟ له‌به‌رچی ئه‌و هه‌تاکوو سیس ده‌بێ ده‌نوێ؟)
تا ده‌گاته:
( چییه توخوا؟ چ سیڕڕێکه وه‌ها مه‌حکوومی گریانی،
که‌تۆ هێشتا له‌خه‌م ناگه‌ی؟ لهمهعنای گریه نازانی؟
ئه‌گه‌ر وه‌ک باوکه حه‌سره‌ت دیده‌که‌ت زه‌هرت بچێژایه،
زه‌مان گه‌ردی ئه‌مه‌لتی گشت به‌ده‌م باوه ببێژایه؛
حه‌قت بوو عه‌رش بله‌رزێنی به‌ناڵه‌ی رۆحی پڕ ئێشت،
لهئهستێرهی سه‌ما بپژێنی فرمێسکی دڵی رێشت!
حه‌قت بوو بێ وچان بگریت به‌سه‌ر تاوانی باوکیما،
به‌حر پڕکه‌ی له‌تف، بیده‌ت به‌ناوچه‌وانی باوکیما!
به‌ڵام رۆڵه‌م، که‌تۆ ئێستا لهفهجری زیندهگانیتای،
له‌به‌ر ده‌رگای ته‌لیسمی به‌ختی مه‌جهوول و نیهانیتای،
به‌چی مه‌علووم به‌شوێنی هیی منا ده‌ڕژێ چه‌می عومرت؟
سه‌راسه‌ر پێکه‌نین و خووڕهمی نابێ خه‌می عومرت؟
ده‌بینین سه‌رتاپای تێکسته شیعرییه‌که لێوانلێوه لهپرسیارگهلێکی ئه‌نتۆلۆژیی قووڵ، ده‌رحه‌ق بهئیگۆ و که‌ینوونه و مه‌جهووله قهدهرییهکانهوه، دیاره هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌و تێکسته‌ی گۆران-ی کردۆته یه‌کێک له‌و تێکسته زیندووانه‌ی، بۆ نموونه که‌وه‌ک تێکسته شیعرییه‌کانی “خه‌یام” توانای مانه‌وه‌یان له‌خودی خۆیاندا هه‌ڵگرتووه‌و ده‌توانن زه‌مه‌نه جۆراو جۆره‌کان تێپه‌ڕبکه‌ن و ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که‌ئه‌م تێکسته شیعرییه‌ی “گۆران”، جیاواز له‌زۆر شیعریی پێشووتر و ئه‌و ده‌می کوردیی، مه‌عریفه مه‌جهووله و ده‌بێت خوێنه‌ر له‌ڕێی پرسیاره‌کانه‌وه بۆی بگه‌ڕێیت و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بدات..له‌ڕاستیدا له‌و تێکسته‌دا دانه‌ر گریانی زۆر ئاسایی کۆرپه‌له‌یه‌ک له‌بیر ده‌باته‌وه‌و بۆ دنیایه‌ک شتی دیکه و له‌میانی پرسیاگهلێکی تره‌وه ده‌گه‌ڕێت..ئه‌مه جگه له‌وه‌ی تێکست مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی هیچ وه‌ڵامێک نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ستییه‌تی ته‌نها کۆمه‌ڵێک پرسیار جێ بهێڵێت؟!..هه‌رچه‌ند له‌هه‌ندێک شوێنی تێکسته‌که‌دا پێده‌چێت دانه‌ر بیه‌وێت، ته‌رحی وه‌ڵامگه‌لێکی ئیدۆلۆژیی خۆی بکات.. به‌ڵام دواتر لهبهیتهکانی تردا، ده‌بێته‌وه به‌پرسیار و له‌کۆتایشدا هه‌ر به‌پرسیار کۆتایی دێت؟!
ئه‌مه و به‌ده‌ر له‌هه‌ر راڤه‌کاریی و خستنه‌ڕوویه‌کی ساده‌و ساکار و ته‌قلیدییانه، بۆ سه‌رجه‌م به‌یته‌کانی شیعره‌که‌ی”گۆران”، ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تهفکیکییانهی بۆ بکه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و شوێنانه‌ی که‌دانه‌ر شاردوونیه‌ته‌وه..جا به‌مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌ست..به‌واتایه‌کی دی له‌پشت ئه‌م شیعره‌ی “گۆران”ه‌وه، زۆر دوورتر له‌وه‌ی دانه‌ره‌که‌ی مه‌به‌ستی بووه یان مه‌به‌ستی نه‌بووه، تێکستگه‌لێکی خه‌وتوو و له‌ڕوو شاراوه‌و نادیار هه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێک به‌ناوی ره‌خنه‌ی کوردییه‌وه هه‌با،” مه‌به‌ستم لهرهخنهیهکی جیدی و جیاوازه له‌و ره‌خنه ههزهلییهی که‌تائێستا له‌کایه‌ی ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا هه‌یه‌و ساڵانێکه به‌ناوی ره‌خنه‌وه خۆی کاوێژ ده‌کاته‌وه”..ئه‌وه بێگوومان ده‌مێک ساڵ بوو، ئه‌م شیعره‌ی “گۆران” ده‌بووه جێگه‌ی زۆر قسه‌و باس و خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ییانه‌ی جدی و قووڵی ته‌فکیکییانه..به‌ڵام دیاره ئه‌و نێوه‌نده به‌ناو ره‌خنه‌ییه کوردییه، له‌جێی ئه‌وه‌ی که‌سانێکی زۆر جدیی له‌خوێندنه‌وه‌دا کاری تێدا بکه‌ن، که‌سه نیمچه جاهیل و نه‌خوێنه‌واره‌کان؛ ته‌نها بۆ جێکردنه‌وه‌ی خۆیان له‌م ده‌زگاو ئه‌و ده‌زگای به‌ناو رۆشنبیری..ساڵانێکه، هه‌ر ئه‌وانن بوونه‌ته سه‌ر قافڵه‌ی ئه‌و بواره‌و ئیدی ئه‌گه‌ر هه‌بن، زۆر که‌من؛ ئه‌وانه‌ی هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه داوه، له‌و بواره‌دا جیاواز بن؟!.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ده‌کرێت له‌شیعردا بۆ فه‌لسه‌فه بگه‌ڕێین، ئه‌ی فه‌لسه‌فه تاچه‌ند جێگای شیعر ده‌کاته‌وه؟
یوسف عیزه‌دین: ناکرێت به شیوه‌یه‌کی ره‌ها بۆ پێوه‌ندییه‌کی له‌و چه‌شنه بگه‌ڕێین…به‌ڵام ده‌کارێت له‌ڕێی ته‌فکیکی ده‌سه‌ڵاتی تێکستێکی دیاریکراو و ته‌ئویلکردنێکی ئهرکۆلۆجیانه؛ بۆ نموونه ئه‌گه‌ر تێکستێکی سۆفیستی بێت، بگه‌ینه ئه‌وه‌ی داخوا چ تهسهووراتێکی سۆفیستی و عیرفانی و ئایینی له‌پشت چ دنیابینییه‌کی فه‌لسه‌فییه‌وه خۆی له‌ناو یان ئه‌و دیو تێکسته‌که‌وه حه‌شار داوه..دیاره کاتێکیش توێکارییه‌کی له‌و چه‌شنه بۆ تێکستێکی دیاریکراو ده‌که‌ین، نابێت وه‌ک یه‌قین و شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویست بڕوانینه ئه‌وه‌ی که‌پێی گه‌یشتووین، هه‌ر وه‌ک “ڤۆڵتێر”یش ده‌ڵێت:
( گومانکردن ناڕه‌حه‌ته‌و یه‌قینیش گه‌مژه‌یه‌تییه).
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی کاتێک گوتاری تێکستێک هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه بۆ پێکهاته‌کانی، ده‌بێت ئاگاداری سه‌رجه‌م گوزارشته زۆر له‌ڕوو ئاساییه‌کانی نێوی بین، که‌زۆر جار له‌پشت ساده‌و ساکار بوون و خۆنمایشکردنی ئه‌قڵانیانه‌ی، دنیایه‌ک نائه‌قڵانی بوون و ته‌نانه‌ت زۆر جار، چه‌ندین بیرۆکه‌ی کوشنده‌و ترسناکیش له‌خۆ ده‌گرێت…هه‌ر بۆ نموونه نازییه‌کانی ئه‌ڵمان توانییان له‌میانی ته‌رحکردنی بیرۆکه‌ی پاکی و باڵایی نه‌ژادی جهرمهنییهوه، ژماره‌یه‌کی بێشووماری خه‌ڵکی ئه‌ڵمان و به‌جیاوازیی ئاستی هۆشمه‌ندییان، له‌ده‌وری ترسناکترین ئایدۆلۆژیای کوشتن و له‌ناوبردنی ئه‌وی تر کۆبکه‌نه‌وه…سه‌رده‌مانێک زۆرێک له‌بیرمه‌ندان و نووسه‌ران و رووناکبیرانی ئه‌ڵمان، زۆر به‌سانایی وه‌دووی ئایدۆلۆژیای نازییه‌کان که‌وتوون و نه‌ک هه‌ر چاویان له‌هه‌موو تاوانه‌کانی پۆشیوه، یان به‌ته‌واویی له‌گه‌ڵی بوون..به‌ڵکو زۆریان مونه‌زیر و بیرمه‌ندیان بوون..هه‌روه‌ک ئه‌و رۆڵه‌ی که”هێیدگهر” له‌ڕووی بردنه پێشی ئایدۆلۆژیای نازییه‌کاندا بینوویه‌تی، ته‌نانه‌ت کاتێک پرسیاری ئه‌وه‌ی لێده‌که‌ن، که‌چۆن موعجیبه به‌که‌سێکی کاڵفامی وه‌ک”هیتله‌ر”و به‌سه‌رکرده‌ی خۆی داده‌نێت..له‌وه‌ڵامدا ئاماژه به‌وه ده‌کات، که‌چۆن گه‌لی ئه‌ڵمان که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ری گوتار و جووڵه‌ی ده‌سته‌کانی و به‌ڕای ئه‌و جووڵه‌ی ده‌سته‌کانی”هیتله‌ر” به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بکه‌وینه ژێر سیحرییه‌وه..ئیدی ئه‌و بیرمه‌نده؛ “هێیدگهر” سه‌رباری قووڵی هه‌موو تێڕوانینه فه‌لسه‌فییه‌کانی و نووسینه زۆر جدییه‌کانی..به‌ڵام له‌شوێنێکی تره‌وه‌و به‌مه‌به‌ست کاری بۆ زاڵکردن و هێنانه پێشی بیرۆکه‌ی نازییه‌ت کردووه…هه‌روه‌ک چۆن گه‌لێک له‌شاعیرانی کورد و به‌جیاوازی قۆناغه‌کان و زۆر جاران شیعری‌یان کردۆته، کایه‌یه‌کی ئیدۆلۆژیی وبردنه پێشی فیکر و بیر و بۆچوونی ناسیۆنالیستی کوردیی..نازانم چه‌ند سامناکه کاتێک بیر له‌وه ده‌که‌یته‌وه، له‌ڕێی شیعره‌وه، ده‌توانرێت گه‌نجانێکی زۆر له‌ده‌وری بیرۆکه‌یه‌کی سیاسی کۆبکه‌یته‌وه‌و داواجار بیانکه‌یته قوربانی و له‌پێناو مانه‌وه‌ی سه‌رانی حیزب و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیدا ره‌وانه‌ی خوێناوی ترین جه‌نگیان بکه‌یت؟!..ئه‌ی سه‌یر نییه، له‌کاتی جه‌نگه‌کاندا شیعره حه‌ماسییه سیاسییه‌کان، گه‌وره‌ترین رۆڵی فریودان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی حه‌زی کوشتار و رۆحیه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، ببینێت؟!…که‌واته ریتم و ئاواز و سه‌رواو کێش و وشه‌و زۆر پێکهاته‌ی دیکه‌ی نێو شیعره حه‌ماسییه سیاسییه‌کان، شتگه‌لێکی زۆر له‌وه ترسناکتر و کوشنده‌ترن، که‌به‌چاوی مه‌عسوومییه‌ت و بێتاوانییه‌وه تێی بڕوانین..که‌واته پێش هه‌موو شتێک ده‌بێت، ده‌یان پرسیار سه‌باره‌ت به‌هه‌ر شیعر و سروود و ته‌نانه‌ت ئاواز و موزیک و ده‌نگی بێژهرهکهشی بکه‌ین، که‌ده‌توانێت گه‌مه به‌هه‌سته‌کانی مرۆڤ بکات و زۆر به‌سانایی و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵێک که‌سدا ره‌وانه‌ی مه‌رگی بکات؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: شیعر ده‌نگدانه‌وه‌ی دونیای خه‌یاڵ و واقیعه، ئایا تۆ واقیع له‌خه‌یاڵدا ده‌نووسیته‌وه، یان به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌یاڵ له‌واقیعدا ده‌نووسیته‌وه، یان ده‌کرێت واقیع و خه‌یاڵ؛ ره‌نگه‌کانی تر بگۆڕن؟!
یوسف عیزه‌دین: پێموایه نه‌ک هه‌ر خه‌یاڵ، به‌ڵکو واقیعیش چه‌مکێکی هه‌روا به‌رجه‌سته‌و له‌به‌رچاو و ساده‌و ساکار و خۆش فامکراو نییه..ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که‌له‌دنیای ئه‌ده‌بیاتدا نه‌ک هه‌ر خه‌یاڵ به‌ڵکو واقعیش دهخووڵقێنرێتهوه…شایانی باسه؛ شیاوه له‌دنیای ئه‌ده‌بیاتدا مێرووله‌یه‌ک..باڵنده‌یه‌ک..یان هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی دیکه..به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆیت بۆ بگێڕێته‌وه؟!..به‌ڵام ئه‌مه له‌خستنه‌ڕووی واقیعێکی زانستیدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فانتازیای زانستیشی تێدا به‌کار بێت؛ وانییه‌و زۆر جیاوازه..که‌واته ئه‌گه‌ر له‌ڕوویه‌که‌وه بتوانین بڵێین؛ دنیای ئه‌ده‌بیات راوکردنی واقیعه..یان بابڵێین ئه‌ده‌بیاتێکی به‌ناو ریالیستی ئه‌گه‌ر هه‌وڵێکی له‌و چهشنهشیان هه‌بووبێت، ئه‌وه هه‌ر دواتر له‌خودی واقیع له‌شوێنێکه‌وه ترازاوه‌و هه‌ر نه‌بۆته‌وه به‌خۆی!؟..هه‌ر وه‌ک “ئیمبێرتۆ ئیکۆ” له”شه‌ش گه‌شت به‌نێو دارستانێکی خهیاڵچندا” ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌کانی”جۆرج بیریک”داوه، سه‌باره‌ت به‌بڕیاری ناوبراو بۆ راوکردنی واقیع و نووسینه‌وه‌ی وه‌ک خۆی، هه‌ر بۆیه له‌پشت جامی قاوه‌خانه‌و ئه‌م سووچ و ئه‌و سووچی کۆڵانه‌کانه‌وه ده‌که‌وێته چاودێری کردن و خووردبوونهوه له‌گشت شتێکی ده‌ووروبه‌ری و هه‌ر یه‌کسه‌ریش تۆمارکردنی..ئیدی هێنده نابات نالۆژیکی بوون و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی و ناهارمۆنییهتی هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵکانی ده‌ووروبه‌ری بڕستی لێده‌بڕێت و توانای تۆمارکردن و بگره تێڕوانینیشی نامێنێت..دیاره ده‌گاته ئه‌وه‌ی کهواقیعی ژیانی مرۆڤ، هیچ هاوئاهه‌نگییه‌کی هارمۆنی رێکخراو کۆیان ناکاته‌وه، هیچ کاتێکیش ئه‌ده‌ب ناتوانێت، ئه‌و واقیعه به‌رفراوانه ترسناکه وه‌ک خۆی به‌رجه‌سته بکات..بۆیه هه‌رچییه‌ک بکه‌ین و به‌ناوی واقیعه‌وه له‌ڕێی ئه‌ده‌به‌وه بیخه‌ینه‌ڕوو..نه‌ک هه‌ر زۆر دووره له‌خودی واقیع، به‌ڵکو به‌ته‌واویی واقیعێکی ئه‌ده‌بی به‌رجه‌سته‌کراوی نێو دنیای مه‌جاز و وشه‌و که‌رسته‌کانی دیکه‌ی دنیای ئه‌ده‌بیاته…که‌واته شتێک نییه له‌ئه‌ده‌بدا به‌ئه‌سڵی واقیع بچێت…چونکه هه‌ر مومکین نییه من و تۆ به‌ته‌واویی بۆ ماوه‌یه‌ک بڕوانینه واقیعێکی دیاریکراو و دواتر له‌هه‌مان گۆشه‌نیگاوه تێمان ڕوانیبێت، یان توانیبێتمان ئه‌وه‌ی کهبینیوومانه لهزهیینماندا جێ بکه‌ینه‌وه..هه‌ر بۆ نموونه تاقیکردنه‌وه زانستییه‌کان سه‌لماندوویانه ئه‌وانه‌ی که‌کاری چاودێریکردنی قه‌ره‌باڵغیی و که‌سانێکیان پێ ده‌سپێردرێن، پاش ماوه‌یه‌کی دیاریکراو ته‌رکیزیان نامێنێت و هه‌رچه‌ند به‌چاو پێده‌چێت بڕواننه ئه‌وه‌ی له‌پێش چاویاندا رووده‌دات، به‌ڵام له‌راستیدا هیچ ئاگایه‌کیان لێی نه‌ماوه‌و خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه ناوه‌کییه‌کانی خۆیان، توانیویانه دایانبڕن له‌بینینی شته‌کانی نێو مه‌ودای بینینیان.
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: شیعر ئه‌گه‌ر روانینێکی تازه‌ی نه‌بێت بۆ ژیان و پڕ نه‌بێت له‌و شته زیندووانه‌ی که‌به‌چاوی ئاسایی نابینرێن و لێوڕێژ نه‌بێت له‌و ده‌نگانه‌ی کهبهگوێی ئاسایی نابیسترێن، ده‌بێت ئه‌رکی چی بێت؟
یوسف عیزه‌دین: نه‌ک هه‌ر شیعر به‌ڵکو سه‌رجه‌م ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانی دیکه‌ش، له‌میانی تێکسته زیندووهکانیانهوه له‌جه‌نجاڵی ژیان دوورمان ده‌خه‌نه‌وه‌و ئیدی له‌میانی میکانیزمه جیاجیاکانی ئه‌ده‌بیاته‌وه، دنیایه‌کی خه‌یاڵچنی جیاوازمان له‌به‌رچاودا به‌رجه‌سته ده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌مه‌شه وامان لێده‌کات، تا ئه‌م ساته وه‌خته‌و پاش ساڵانێکی دوور و درێژ له‌نووسینی وه‌ک نموونه‌یه‌ک ئه‌م شیعره‌ی خواره‌وه؛ هێشتاکه به‌و په‌ڕی شه‌وقه‌وه بیخوێنینه‌وه‌و چێژی لێ ببینین..دیاره شیعره‌که هی “نالی”یه که‌ده‌ڵێت:
( نه‌مردم من گه‌ر ئه‌مجاره بێ تۆ
نه‌چم شه‌رته هه‌تا ئه‌و خواره بێ تۆ
ده‌روونم خاڵییه وه‌ک نه‌ی ده‌ناڵێ
هه‌وارێکی چ پڕ هاواره بێ تۆ
بینایم کوێره هه‌ڵنایێ به‌ڕووی که‌س
موژه‌م یه‌ک یه‌ک ده‌ڵێی بزماره بێ تۆ
هه‌موو ئه‌عزایی ناڵینم ده‌ناڵێ
سه‌راپام میسلی مۆسیقاره بێ تۆ
قه‌سه‌م به‌و شه‌ربه‌تی دیداری پاکت
شه‌رابم عه‌ینی زه‌هری ماره بێ تۆ
له‌کن تۆ خار و خه‌س گوڵزاره بێ من
له‌کن من خه‌رمه‌نی گوڵ خاره بێ تۆ
له‌کن من با وجودی ناس و ئه‌جناس
که‌سی تێدا نییه ئه‌م شاره بێ تۆ
هه‌موو رۆژێ له‌تاو هیجرانی ئه‌مساڵ
تهمننای مردنی پێراره بێ تۆ
هه‌تا تۆم ئاشنا بووی ئاشنام بوون
ئه‌مێستا موو به‌موو ئه‌غیاره بێ تۆ
له‌حه‌سره‌ت سه‌روی قه‌دت چاوی نالی
دوو جۆگه به‌ڵکو دوو روباره بێ تۆ).
ره‌نگه یه‌کێک لهنهێنییهکانی خوێندنه‌وه‌ی تێکسته زیندووه‌کان، بهشیعریشهوه؛ ئه‌و بانگهێشته‌ی خوێنه‌ر بێت بۆ به‌شداری کردن، دیاره به‌شداری کردنێک له‌ده‌ره‌وه‌ی واتا فه‌رهه‌نگییه‌کان، وه‌ک”جۆلیا کریستیڤا”ش پێی وایه، تێکست ئامێرێکی زمانه‌وانییه، سیسته‌می زمان دابه‌ش ده‌کاته‌وه‌و سنووری خودی واتاکان ده‌بڕێت..وه‌ک “بارت”یش ئاماژه‌ی پێ ده‌دات؛ خوێنه‌ر دروستکه‌ری تێکسته؟
دیاره شیعر نیسبیانه له‌میانی تێکسته شیعرییه‌کانه‌وه.. وه‌ک شیعر دێته نێو بوونه مه‌جازییه‌که‌ی و دواجار مه‌رجیش نییه ئه‌وه‌ی خۆیمان وه‌ک شیعر نیشان ده‌دات شیعر بێت، بێگوومان پێچه‌وانه‌که‌شی راسته..جار هه‌یه تێکستێک هه‌رچه‌ند له‌به‌رگی شیعردا خۆی ده‌خاته‌ڕوو، که‌چی ره‌نگه په‌خشانێکی ئیدیۆلۆژیی و شتگه‌لێکی جیاواز له‌دنیای شیعر بن؟! یان زۆر جار ره‌نگه تێکستێکی په‌خشان ئامێز، ئیدی ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێت، به‌ته‌وایی شیعرییه‌ت له‌نێویدا پهردهپۆشکرابێت و شاردرابێته‌وه؟!
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که‌ناکرێت بهموجهڕهدی بڕوانینه ئه‌و زاراوانه‌ی کهلهشیعردا به‌کارده‌هێنرێن و وه‌ک خۆیان بیانبینین..هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ئه‌فسانه‌و حیکایه‌ته میللییهکانیشدا ئه‌وه‌ی که‌ئاماژه‌ی پێده‌درێت؛ ناکرێت ته‌نها وه‌ک خۆی تێی بڕوانین..”شتراوس” له‌خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌فسانه‌و حیکایه‌ته میللییه‌کانی هندییه ئه‌مریکییه‌کان، ئاماژه به‌هه‌ڵه‌ی تێڕوانینی ئه‌و که‌سانه ده‌دات، که‌بۆ نموونه دره‌ختی”سێ‌و”ی یه‌کێک له‌حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌کانی ئه‌وان..ته‌نها وه‌ک خودی دره‌ختی”سێ‌و” ده‌بینێت؛ به‌بێ گوێدانه ئه‌و مه‌به‌ست و په‌نهانه دهلالییانهی که‌ده‌که‌ونه پشتییه‌وه..ئیدی ئه‌مه بۆ سه‌رجه‌م تێکسته زیندووه‌کانیش راسته، چونکه خودی هه‌ر تێکستێکی زیندوو، راپێچی زنجیره‌یه‌ک دنیای دهلالیمان ده‌کات؛ که‌ڕه‌نگه من و تۆ و ئه‌وی خوێنه‌ر بێت، له‌فڵانه ده‌لاله‌ته‌وه فیساره ته‌ئویل یان راڤه بۆ تێکستێکی دیاریکراو بکات، که‌ڕه‌نگه وا نه‌بێت..بۆ نموونه جار هه‌یه، شیکاری فڵانه سیمبۆلی نێو یه‌کێک له‌تێکسته دێرینه‌کان، ده‌مانباته‌وه سه‌ر کۆمه‌ڵێک شت و دواجار و پاش ساڵانێک ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وه‌ی که‌ئێمه کردومانه‌ته کۆڵه‌که‌ی تێڕوانینه‌کانمان، له‌ڕاستیدا له‌تێکسته ئه‌سڵییه‌که‌دا نه‌بووه‌و به‌هه‌ڵه له‌یه‌کێک لهچاپهکانیدا گۆڕاوه یان بۆی زیادکراوه..یان هه‌ر ده‌رئه‌نجامی ده‌ستاو ده‌ست و لهبهرنووسینهوهی یه‌ک له‌دوای یه‌کی ده‌ستنووسه‌کان وای لێهاتووه..یان ره‌نگه بهمهبهستێکیش وای لێکرابێت؟! هه‌روه‌ک چۆن زۆر لێتۆژینه‌وه له‌ئێستادا سه‌باره‌ت به‌زۆر نووسین و تێکستی مێژوویی کراون و بۆ نموونه جار هه‌یه سه‌لمێنراوه، که‌فڵان و فیساره رووداوی زۆر گرنگی مێژوویی نه‌ک هه‌ر وا نه‌بووه، به‌ڵکو هه‌رگیزیش رووینه‌داوه..یان زۆر جار سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یی زۆر عه‌جایب له‌ناوه مێژووییه‌کاندا دۆزراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی مێژوونووسانێکی نوێ ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که‌ناکرێت سه‌رجه‌م حه‌وارییه‌کانی عیسا”بێجگه له-یاهودا-” ناویان هی زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیان نه‌بووبێت، یان بۆ ده‌بێت ئه‌و حهوارییهی که‌ده‌بێته هۆی دهسگیربوونی، ناوی “یاهودا” بێت، واته ناوێکی ره‌مزی و ده‌لالی بێت، بۆ تاوانبارکردنی باوه‌ڕدارانی ئایینێکی دیاریکراو..ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که‌ناوی “یاهودا”، ناوێکه جیاواز له‌ناوی حه‌وارییه‌کانی تری عیسا..ئه‌سڵی گریکی نییه‌و له‌و سه‌رده‌مه‌دا”سه‌رده‌می رۆمانه‌کان”دا هه‌بووه‌و له‌لایه‌ن جوله‌که‌کانه‌وه به‌کارهاتووه..به‌ڵام ناوه‌کانی دیکه‌ی حه‌وارییه‌کان، وه‌ک کۆمه‌ڵێک ناو که‌له‌گه‌ڵ مێژووی بوونی عیسا-دا ناگونجێن، جێی گومانن؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ئایا شیعر خه‌یاڵمان ده‌ته‌قێنێته‌وه، یان شیعر بوونه‌وه‌رێکی چێژ به‌خشه..ئامڕازی چێژ به‌خشینه..یان له‌شیعردا ده‌بێت، بۆچی بگه‌ڕێین، یان شیعر بۆ خۆی گه‌ڕانێکه، تا خۆیمان له‌بیر بچێته‌وه؟
یوسف عیزه‌دین: نازانم ره‌نگه له‌زۆر رووه‌وه شیعر خه‌یاڵ به‌چه‌شنێکی سه‌یر له‌ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانی دیکه ببزوێنێت و زیاتر تهسوویره گوزارشتییهکان له‌خۆ بگرێت و نه‌توانێت به‌ته‌واویی به‌لایه‌کدا بشکێته‌وه؟!..یان بابڵیین شیعر زیاترههڵهێنجراوی ئه‌زموونێکی حیسییه؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: “ئێرنست هێمنگوای” ده‌یگوت نووسه‌ری راسته‌قینه ئه‌و که‌سه‌یه که‌له‌سه‌ر هێڵی مان و نه‌مان راوه‌ستێ..ئایا له‌شیعردا ئه‌و هێڵه ده‌که‌وێته کوێوه؟
یوسف عیزه‌دین: ئاشکرایه ئێمه له‌مڕۆدا ناکرێت وه‌ک سه‌رده‌مانێک بڕوانینه سه‌نترالیزم و باڵاده‌ستی ئیگۆی نووسه‌ر و زاڵبوونی ته‌واویی له‌دانانی تێکستدا؟!..پێموایه ره‌نگه “ئێرنست هێمنگوای” له‌و گوتهیهیدا کهئاماژهتان پێدا؛ شتێکی زۆر ته‌قلیدیی گوتبێت..بۆنموونه مان و نه‌مان، یان بابڵێین ژیان و مردن و دژه‌کانی تریش..دیاره ئه‌م دژانه زۆر له‌مێژه‌وه مرۆڤ د‌رکی پێکردووه‌و ته‌نانه‌ت بۆته به‌شێکی گرنگی تێڕوانینه فه‌لسه‌فییه‌کانیش؛ ئیدی ئایدیالیستی بن یان ماته‌ریالی و هه‌ر یه‌کیش له‌میانی تهسهوورات و دنیابینی خۆیه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کردووه، به‌ڵام له‌هه‌موویاندا مه‌رگ و گریان و ناخۆشی و تاد..یان ژیان و پێکه‌نین و خۆشی وتاد..له‌پاڵ یه‌کدا ناویان هاتووه‌و ئاماژه‌یان پێدراوه..به‌ڵام ناته‌قلیدی بوونی دنیابینی و توانای خوێندنه‌وه‌ی تهئویلییانهی پێش زیاد له‌هه‌زار ساڵێکی نووسه‌ری به‌توانای عه‌ره‌ب”جاحز” له‌کتێبی”ئهلبووخهللا”دا، ده‌بینرێته‌وه..بۆ نموونه ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راکێشام؛ ناوبراو جیاواز له‌ته‌فسیری ته‌قلیدییانه‌ی ئه‌م ئایه‌ته:
( او انه هو اچحک و ابکی، وانه هو امات و احیا)..ده‌ڵێت:”پێکه‌نینی کردۆته هاوتای مه‌رگ”..راستییه‌که‌ی زۆر به‌وردی وریایانه قووڵی ناتهقلیدیانهی نێو ئایه‌ته‌که که‌شف ده‌کات..ئه‌ویش ئه‌و ئاڵوگۆڕه دهلالیهیه که‌پێکه‌نین و مه‌رگ.. گریان و ژیان.. پێکه‌وه گرێ ده‌دات و به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پێودانگ و تهسهووراتێکی ته‌قلیدی سه‌باره‌تیان؛ ده‌یانکاته هاوتای یه‌کدی و شایانی باسیشه خوێندنه‌وه‌ی قووڵ به‌و چه‌شنه ده‌بێت، که‌وه‌ک نموونه‌یه‌ک “جاحز” سه‌باره‌ت به‌و ئایه‌ته ئاماژه‌ی پێداوه..هه‌رچه‌ند ته‌نها ئایه‌ته‌که‌ی وه‌ک خۆی خوێندۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌کردن و راوه‌ستانی له‌و شوێنه‌دا مایه‌ی سه‌رنج و بگره کهشفکردنێکی گرنگه؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ئایا ده‌کرێت بڵێین، شاعیر شه‌ڕکه‌رێکی وشه‌ییه؟
یوسف عیزه‌دین: نازانم تۆ بڵێی وابێت..به‌ڵام ئه‌گه‌ر وابێت کاره‌ساته؟! ئاخۆ وانییه؟!!..یان تۆ بڵێی ئه‌گه‌ر وابێت، ماقووڵتر و شیاوتر بێت؟! به‌هه‌رحاڵ له‌ئێستادا و به‌خێرایی ناتوانم شتێکی وای سه‌باره‌ت بخه‌مه‌ڕوو..مه‌به‌ستم له‌وه‌یه لێره‌داو له‌م ده‌رفه‌ته‌دا، توانستی ساغکردنه‌وه‌و رهتکردنهوهیم نییه؛ ره‌نگه دواتر به‌قووڵی وه‌ک خۆم و بۆ خۆم بیری لێبکه‌مه‌وه؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێمه کهبهپۆستمۆدێرن ناسراوه، ئاخۆ ده‌کرێت داوا له‌شاعیر و ئه‌دیب بکرێت، که‌وه‌ک ده‌نگێکی ره‌خنه‌یی به‌دژی نادادپه‌روه‌ری بوه‌ستێته‌وه، که‌کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ده‌ستییه‌وه هه‌راسانه؟
یوسف عیزه‌دین: ئاشکرایه هه‌ر که‌سێک جا که‌سێکی ئاسایی یان شاعیر‌و ئه‌دیب بێت..ده‌توانن وه‌ک هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگه قسه‌و هه‌ڵوێستیان سه‌باره‌ت به‌ناعه‌داله‌تی و نابه‌رابه‌ری و سه‌رجه‌م دیارده‌کانی دیکه کۆمه‌ڵه‌که‌یان هه‌بێت و ته‌نانه‌ت بهگژیشیدا بچنه‌وه..به‌ڵام پێم وایه ئه‌مه وه‌ک خۆیان و به‌شه‌خسی بکه‌ن، باشتره له‌وه‌ی که‌بواری نووسینی ئه‌ده‌بی بۆ ته‌رخان بکه‌ن و ئه‌ده‌بیات بکه‌نه شوێنی ساغکردنه‌وه‌ی راست و دروستی و سه‌پاندنی فڵانه بۆچوونی سیاسی به‌سه‌ر ئه‌وی تردا‌و تاد..ئاشکراشه که‌تاسه‌ر هیچ کۆمه‌ڵێک سیاسه‌تێکی دیاریکراوی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لهساتهوهختێکیشدا هه‌ڵبژێردراوی خۆی بێت، پێ قبووڵناکرێت و هه‌رده‌م سیاسه‌ت ئه‌و شته‌یه، که‌هه‌ر چییه‌ک بێت، له‌لایه‌ن نه‌یاره‌کانییه‌وه دژایه‌تی ده‌کرێت و تا مرۆڤایه‌تیش هه‌بێت، ئه‌و ململانێ زۆر ناشرینه‌ی سیاسه‌ت هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ئامانجیش به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و تێکشکاندنی ئه‌ویتره..به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌و دنیا ناشرینه‌ی سیاسه‌تدا هه‌ڵده‌سووڕێت..چاک نییه؛ کایه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ ته‌رویجکردنی به‌کار بێت، ده‌کرێت بواره‌کانی دیکه‌ی نووسینی رۆژنامه‌نووسی و ئیدۆلۆژیی و هاوشێوه‌کانی بۆ بخرێته‌گه‌ڕ، به‌ڵام به‌ڕای من سه‌یره کایه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ به‌کاربهێنرێت و ئه‌ده‌بیات ببێته مه‌داری هه‌ڵسووڕانی ئیدیۆلۆژیا حیزبیی و سیاسییه‌کان..وه‌ک به‌درێژایی مێژوو زۆر نموونه‌ی له‌و چه‌شنه هه‌ن و بێگوومانیش ده‌بن؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: له‌م سه‌رده‌مه بێ په‌یامه‌دا، یان بێ داستانه مه‌زنه‌دا، ده‌کرێت هێشتا شاعیر وه‌ک پێغه‌مبه‌ر سه‌یر بکه‌ین؟
یوسف عیزه‌دین: خۆی له‌ڕاستیدا هه‌رچه‌ند ئێمه لهبزۆزترین و سه‌یرترین زه‌مه‌ندا ده‌ژین و ده‌مێکه نایه‌قین بوون و گومان نه‌ک له‌شته باو و نه‌سه‌لمێنراوه‌کان به‌ڵکو له‌خودی تیۆرییه زانستییه‌کانیش، تا دێت په‌ره ده‌ستێنێت، به‌ڵام هه‌میشه زۆرێک له‌ئه‌گه‌ری چوونه دواوهیهکی ترسناک، له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌کی دنیاداو له‌هه‌ر ئان و ساتێکدا شیاوی روودانه، واته تارمایی مێژوو و گه‌ڕانه‌وه‌و دووباره‌کردنه‌وه‌ی، جا ئه‌گه‌ر مه‌جازییش بێت، تابڵێی کرده‌یه‌کی ترسناک و کوشنده‌یه، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی نازیی و فاشییه‌کان له‌سه‌ده‌ی رابردوودا، به‌ناوی ژیاندنه‌وه‌ی شکۆ و سه‌رکه‌وتنه‌کانی به‌ناو به‌شێکی مێژووی خۆیان، په‌نایان بۆ برد..یان ئه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌کان له‌ئه‌فگانستان و زۆر شوێنی دیکه‌ی دنیادا تاقیانکردهوهو هه‌موومان ده‌زانین ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی چی بوو..واته کاتێک ده‌ڵێین دنیا له‌ڕووی ته‌کنۆلۆژیاوه، تادێت به‌ره‌و پێش ده‌چێت..نابێت رۆڵی ئه‌و ته‌کنه‌لۆژیایه‌ش له‌یاد بکه‌ین، کاتێک سه‌رانی دنیا ده‌توانن له‌میانییه‌وه، جاهیلترین سولاله له‌توخمی به‌شه‌ر به‌رهه‌مبهێنن.. وه‌ک هه‌موو ئه‌و فهنهتیکانهی کهتهکنهلۆژیا ده‌توانێت، بهئۆرگانیزهترین شێوازی مۆدێرن و خێراترین کات، خڕیان بکاته‌وه‌و چۆنی بوێت ئاوا بیانجووڵێنێت..واته ترسناکترین تاوان و خراپه‌کاریی و کوشنده‌یی بۆته، کرده‌یه‌کی گڵۆباڵی ئۆرگانیزه‌کراو و تاد…مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه سه‌رده‌می ئه‌و نایهقینه ته‌قلیدییه به‌سه‌رچوو، بۆ نموونه که زانایانی زانستی بیرکاری سه‌رده‌مانێک دنیایه‌ک تهسهووراتی کۆنیان پێ گۆڕی.. له‌وانه:” مورتر شیلک و هانز هان و رودولوف کارناب و لدویگ و تگنستن”..ئه‌مانه ئه‌و کۆمه‌ڵه زانایا بوون، که‌ده‌یانویست زانسته سروشتییه‌کان و زانستی بیرکاری، له‌دنیابینی و تهسهووراته میتافیزیکییه‌کان پاک بکه‌نه‌وه…بۆ نموونه له‌بیرکاریدا پێیان وانه‌بوو که(2+2=4) راست بێت..به‌ڕای ئه‌وان راست بوونی، په‌یوه‌سته به‌وه‌ی که‌پێشتر سه‌ره‌تایه‌کی لۆژیکی بیرکارییانه‌یان بۆ دانراوه؛ تا راست بن؟!…هه‌ر بۆیه به‌خۆڕا نییه، که”کرت گۆدڵ” گوتویه‌تی:
( ئه‌قڵی مرۆڤ ده‌توانێت، راستی وابهێنێته بوون، که‌هیچ پرۆگرامێکی میکانیکی نه‌توانێت به‌ڕێوه‌ی ببات).
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: له‌م رۆژگاره بهجیهانیبوونهدا زۆرینه‌ی نووسه‌رانی جیهانیی و کوردیش هه‌وڵده‌ده‌ن، ئه‌زموونی تاقیکراوه‌ی ژیانی خۆیان،واتا رووداوی حه‌قیقی ژیانیان بنووسنه‌وه، ئایا خه‌م و برین دوا حه‌قیقه‌تی ئێمه‌ی کورد نییه؟ که‌واته ده‌کرێ ئێمه چۆن له‌و خه‌م و برینه گه‌ورانه رزگار ببین، که‌مێژووی ئێستای کوردیی داگیرکردووه؟
یوسف عیزه‌دین: سه‌باره‌ت به‌حه‌قیقه‌ت ده‌بێت گوته‌ی زانایه‌کی وه‌ک”ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین” به‌نموونه بهێنینه‌وه، که‌ده‌ڵێت:
( حه‌قیقه‌ت ته‌نها خه‌یاڵه، سه‌رباری توانستی به‌رده‌وامبوونی).
نازانم ئه‌گه‌ر زانایاکی وه‌ک”ئه‌نیشتاین”، ئاوا سه‌باره‌ت به‌حه‌قیقه‌ت بڵێت، ده‌بێت ئێمه بڵێین چی؟!
جا به‌شێوه‌یه‌کی مه‌جازی ئه‌گه‌ر پێمان وابێت حه‌قیقه‌ت ته‌نها خه‌یاڵێکه، ئه‌وه حه‌قیقه‌تی هه‌موو کوشت و کوشتاره‌کانی کوردیش، ده‌بنه خه‌یاڵ؟!
له‌کاتێکیشدا هه‌موومان ده‌زانین، جینۆساید و کوشت و کوشتاری کورد، به‌درێژایی مێژوو، چ حه‌قیقه‌تێکی تاڵی؛ زیاتر نزیک له‌خه‌یاڵ بووه؟!..هه‌روه‌ک چۆن، دادگایی کردنی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه، نازانم بۆ وابهسانایی، لهجینۆسایدێکی زۆر ترسناکی جه‌وهه‌رییه‌وه، کرایه کوشتارێکی په‌راوێزخراوی..لێکچوو و هاوشێوه‌ی هه‌ر گچکه کوشتارێکی دیکه..گه‌ر لێره‌و ئه‌وێی عێراقداو به‌درێژایی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێم روویدابێت..له‌م په‌راوێزخستنه‌دا لایه‌نه کوردییه‌کانیش، که‌م تا زۆر و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌کنیکیش بێت، به‌شدارن..سه‌یر نییه، کاتێک دادوه‌رێکی کورد سکاڵاکهرێکی کورد‌و پارێزه‌رانی له‌سه‌ر ئه‌وه ریسوا بکات، که‌بۆ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کیان به‌کوردی هێناوه‌و به‌ده‌نگی زوڵاڵ بڵێت، زمانی ئه‌م دادگایه عه‌ره‌بییه‌و ده‌بێت هه‌موو شتێک پێشتر کرابێته عه‌ره‌بی و بهموسهدهقی هێنرابێت؟! من و تۆ و یان بابڵێن زۆربه‌ی تاکی کورد، کاری به‌وه نییه ئه‌مه له‌ڕووی یاساییه‌وه چه‌ند راست و دروسته..واته قسه‌ی ئه‌و دادوه‌ره کورده، چه‌ند له‌شوێن خۆیدایه..به‌ڵکو کاری به‌وه‌یه چه‌ند ئه‌م قسه‌یه ئازاربه‌خشه بۆ زاتی زامداری که‌س و کاری قوربانیان و زۆرێک له‌تاکی کورد؟! بێگوومان ده‌کرا، پێشتر ئیشکالێکی له‌و چه‌شنه‌ی وه‌رگێڕان ئه‌گه‌ر پێویست بایه چاره‌سه‌ر کراباو نه‌گه‌یشتایه‌ته، ئه‌وه‌ی له‌و شوێنه‌داو له‌به‌رده‌م میدیاکاندا به‌و چه‌شنه بخرێته‌ڕوو و بگوترێت؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ئێوه وه‌ک زۆرینه‌ی رۆماننووس و شاعیرانی کورد، به‌ڕوانگه‌یه‌کی ره‌شبینییه‌وه سه‌یری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی ده‌که‌ن، ئایا ده‌کرێت ره‌شبینی وزه‌یه‌کی داهێنه‌رانه‌و به‌دژی ئه‌و هێزه نه‌ریتییه بێت، له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه؟
یوسف عیزه‌دین: ره‌نگه بتوانین بڵێین، هه‌رده‌م ئه‌وه‌ی که‌ده‌توانێت گۆڕانکاری بهێنێته بوون، پرسیارکردن و گه‌ڕانی به‌رده‌وام و نه‌وه‌ستان بێت له‌ئاستێکی مه‌عریفی دیاریکراودا؟!..هه‌ر بۆ نموونه ئه‌و ئه‌وروپایه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین، تا سه‌ده‌کانی نۆزده‌ش بێ هیچ گومانێک و وه‌ک مێژوویه‌کی حه‌قیقی ده‌یڕوانییه، سه‌رجه‌م به‌سه‌رهاته‌کانی نێو ته‌ورات..ئیدی ئه‌مه به‌و چه‌شنه مایه‌وه تا ئهرکیۆلۆژیستهکان توانییان، له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌ی نووسینه هیرۆگلۆفیی و بزمارییه‌کان، کۆمه‌ڵێک راستی زۆر جوداو جیاواز، به‌دی بکه‌ن؟!..به‌ڵام ناکرێت ئه‌و راستیه‌ش بشارینه‌وه که‌پێش ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی که‌سه‌رجه‌م شته‌کانی تێدا روونببێته‌وه، بۆ نموونه زانایه‌کی وه‌ک”نیوتن” سه‌رباری دۆزینه‌وه‌ی زۆر یاسای فیزیکی گرنگ، به‌ڵام نه‌یتوانیوه گومان له‌وه بکات که‌هه‌موو دنیا له‌شه‌ش رۆژدا دروست بووه…یان وه‌ک ده‌گێڕنه‌وه “گالیلۆ” له‌دادگایی کردنه‌که‌یدا، کاتێک ئه‌و حیکایه‌ته‌ی “یه‌شوع”ی بۆ ده‌خوێننه‌وه، که‌کاتێک په‌لاماری “که‌نعان”ی داوه، چۆن یه‌زدان له‌پێناو ئه‌ودا خۆری به‌تاقی ئاسمانه‌وه راگرتووه..گوایه “گالیلۆ” به‌گوێبیستی ئه‌و به‌سه‌رهاته هه‌موو گیانی که‌وتۆته له‌رزین؟!..به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌مڕۆ زانست له‌ئاستێکدایه، مه‌گه‌ر ته‌نها وه‌ک مێژوو بڕوانێته ئه‌وه‌ی، کهلهسهردهمانێکدا روویداوه‌و گێڕانه‌وه‌ی ته‌نها بۆ وه‌بیرخستنه‌وه بێت..لێره‌وه ده‌بێت ئه‌و راستییه بیر خۆمان بهێنینه‌وه، کهئێمهو زۆر نه‌ته‌وه‌ی هاوشێوه‌ی خۆمان به‌درێژایی مێژوو توانیومانه له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژوو بمێنینه‌وه.. ته‌نانه‌ت وه‌ک له‌زۆر شوێنی دیکه‌دا ئاماژه‌م پێداوه..خودی بیرمه‌ندانی عه‌ره‌ب ئه‌و راستییه ناشارنه‌وه که‌ئه‌وان وه‌ک میلله‌تێک له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا ماونه‌ته‌وه‌و ئاسته‌مه بتوانن به‌و که‌ره‌سته مه‌عریفیانه‌ی ئێستایانه‌وه بێنه نێو مێژووه‌وه..له‌کاتێکدا هه‌یانه پێیان وایه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌مانی ئیسلام و فتووحات و غه‌زاکانیشدا عه‌ره‌ب نه‌یتوانیوه بێته نێو مێژووه‌وه، واته به‌ڕای ئه‌وان مه‌گه‌ر توانیبێتی دوور و نزیک له‌په‌راوێزدا ته‌پوتۆزێک به‌دوای خۆیدا دروست بکات و بهجوینهوهی مه‌عریفه‌ی ئه‌م و ئه‌و..له‌په‌راوێزی مێژوودا خۆی نمایش بکات..جا ئه‌گه‌ر رێگه‌ی بنه‌چه‌یی و بنه‌ڕه‌تی له‌چوونه نێو مێژوودا، له‌به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌وه ده‌ست پێ‌بکات..داخوا کامه‌یه ئه‌و مه‌عریفه کوردییه‌ی که‌رۆژێک له‌رۆژان هه‌بووه؛ یان رۆژێک له‌رۆژان ده‌بێت؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: شاعیر به‌زمان ده‌توانێ چ تێک‌بشکێنێ، سنووری ئه‌و تێکشکانه له‌کوێدایه؟
یوسف عیزه‌دین: کارکردن له‌هه‌موو ژانره‌کانی ئه‌ده‌بدا، ته‌نها مهجازهو ئه‌گه‌ر شتێکیشمان به‌خه‌یاڵ و له‌خه‌یاڵدا چنیبێت و له‌میانی وشه‌وه گوزارشتمان لێکردبێت..ئه‌وه ده‌که‌وێته پشت ئه‌و مه‌جازه‌وه؛ که‌ڕه‌نگه بیه‌وێت ئه‌بجه‌دییه‌تی گه‌ردوونمان لێ بشارێته‌وه..یان له‌به‌رچاوماندا؛ هه‌مووی یان به‌شێکی له‌دیدگه‌ی خۆیه‌وه به‌رجه‌سته بکات؟!
“گالیلۆ” یه‌کێک بووه له‌وانه‌ی گه‌ردوونی بهئهبجهدییهتی پیته‌کان شوبهاندووه؟!..واته پێی وابووه که‌سیسته‌مێکی ده‌لالی واهه‌یه، بتوانێت هه‌موو گه‌ردوون له‌خۆیدا کۆبکاته‌وه‌و له‌ڕێی زانینی ئه‌بجه‌دییه‌تی ئه‌و سیستهمهشهوه، بتوانین گه‌ردوون بخوێنینه‌وه؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: چییه واده‌کات شیعرێک به‌نه‌مریی بمێنێته‌وه؟ کێش و سه‌روایه؟ زمانه؟ دونیا بینی شاعیره‌که‌یه‌تی؟ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له‌زمانی باو؟ یان شیعر شتێکی تره له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه بازییه؟
یوسف عیزه‌دین: پێده‌چێت یه‌کێک له‌و شتانه‌ی کهتێکستێکی زیندوو، به‌درێژایی مێژووییه‌ک به‌زیندوویه‌تی ده‌هێڵێته‌وه، قووڵی ئه‌و گه‌مه‌یه بێت که‌له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری ده‌کات؟!..ره‌نگه سه‌رپێی نه‌زانین چ پێکدادان و ململانێ و بگره‌و به‌رده‌یه‌کی شاراوه‌و په‌نهان له‌نێوان خوێنه‌رو تێکستدا هه‌یه؟!..ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا خوێنه‌ر بۆ خۆی به‌شدارێکی تێکسته و به‌م چه‌شنه‌و له‌م میانه‌یه‌وه هه‌موو خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه‌یه‌کی جوداو جیاواز، نووسینه‌وه‌یه‌کی نوێی تێکسته؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ژیانی مرۆڤ چه‌ند ساڵێکه و هه‌ر چییه‌ک بخوڵقێنێت؛ ئه‌وا بایه‌ک هه‌ڵده‌کات و هه‌مووی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات…ئه‌م دوو دێڕه‌م له‌داستانی گلگامش-وه خواستووه!..ده‌پرسم ئاخۆ شیعر ده‌توانێت یادگارێک بێت؛ واته شتێک بنووسێته‌وه ئه‌و بایه نه‌توانێت له‌گه‌ڵ خۆی بیبات؟
یوسف عیزه‌دین: پێم وانییه هیچ مانه‌وه‌یه‌کی تاسه‌ر و هه‌میشه‌یی هه‌بێت؟!
حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش: ئه‌و هۆیانه چین که‌زمانی لۆژیک و زانست جیا ده‌که‌نه‌وه؟ ئایا جیاوازییان ئه‌وه‌یه که‌زمانی لۆژیک له‌چه‌ندین ره‌گه‌ز و توخمی جۆر به‌جۆر زامنکراوهو پێکهاتووه‌و ماوه به‌زمان نادات به‌ئاره‌زووی خۆی یاری بکات؟ به‌پێچه‌وانه‌وه زمانی شیعر له‌چه‌ند ره‌گه‌زێکی تێکه‌ڵاو و به‌یه‌کداچوو پێکدێت، که‌تا گه‌مه‌ی پێ بکرێت ده‌دره‌وشێته‌وه؟
یوسف عیزه‌دین: نازانم سه‌رجه‌م شته‌کان زۆر له‌وه نسبی ترن، کهتهسهووری ده‌که‌ین..بۆ نموونه “ئیتالیۆ کالڤینۆ”، پێی وایه نووسینه‌کانی “گالیلۆ”، ئینتیمایان بۆ ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی ئیتاڵی زیاتره، لهئینتیمایان بۆ خودی بواره‌که‌ی خۆیان کهزانسته..ره‌نگه هۆکاره‌که‌شی ئه‌و چه‌شنه مامه‌ڵه مه‌جازییه بێت، که”گالیلۆ” لهئهقڵانی کردنی زانست‌دا به‌کاری هێناوه…ئه‌مه له‌کاتێکدا هه‌ر “کالڤینۆ”پێی وایه کهنووسینهکانی ئه‌دیبانی وه‌ک”دانتی و لیۆباردی”؛ئینتیمایان بۆ دنیای نووسینی زانستی زیاتره وه‌ک دنیای نووسینی ئه‌ده‌بی؟!
تێبینی: ئه‌م گفتوگۆیه دواهه‌مین گفتوگۆیه‌كه كه‌له 2009-ه‌وه وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه، وه‌ك پڕۆژه‌ی كتێبێك كه‌نووسه‌ر و شاعیری به‌ڕێز كاك حه‌مه كاكه‌ڕه‌ش سازیداوهو به‌ڵام هێشتاكه ئه‌و كتێبه‌ی كه‌كۆ دیمانه‌ی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر ده‌گرێته خۆ بڵاونه‌بۆته‌وه
سازدانی شاعیر و نووسه‌ر: حه‌مه كاكه‌ڕه‌ش.
كۆتایی