Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
گوڵەتریاک … کازم بیتوێنی

گوڵەتریاک … کازم بیتوێنی

Closed
by January 18, 2012 ئەدەب

فەرامۆشمکە  ئەی گوڵ
تامنیش  پەڕ بە پەڕ  فەرامۆشتکەم
بەسەر کێوی ئەوینمەوە
تۆ تەنکایی سپیەتی خۆت کاڵکردەوەو
بەبێ ڕوخسەت ڕەونەقی ڕەزی موحیبەتت وەراند
دەستنوێژێکت بە ئاوی ئیمان  بۆ ئەم نوێژی عەشقە نەشورد
بەبێ ڕوخسەت
لاپەڕەی خۆڵەمێشیمت هەڵدایەوە.

فەرامۆشمکە ئەی گوڵ
چیدی ئاسمانی دڵنەوایم پەپوولەی پاکانەکانتی خۆشناوێن
چیدی پڕیشکی فرمێسکەکانت بەسەر پەڕەی تەزیوی ڕۆحمدا مەپڕژێنە
دە فەرامۆشمکە ئەی گوڵ
تۆ لە جنسی ئاگری و
من بەرگەی ئەو هەموو سوتانە ناگرم
لێمگەڕی با تەنیایم  بمخواتەوە
لێمگەڕێ با  لە نامۆیمدا کاڵ ببمەوە

من تەتەری نێوان تۆ و گیا و دەریا  بووم
تەڕیێتی دەریام لەناو شیناییەکەیدا لێ وون بوو
” با ” ڕازە  کێویلەکانی  گیای لێ ڕفاندم
تۆش ئەی گوڵ
سەودای عەشقت بە بەهای دڵ  لەگەڵ کردم
ئێستا من لاپەڕەیەکی ئاڵۆزم
کەس نیە بمخوێنێتەوە
پڕم لە ئایاتی ئافات

دەتۆش فەرامۆشمکە ئەی گوڵ
تا منیش پەڕ بە پەڕ بە فەرامۆشیت بسپێرم
من فڕینی قومریەکانم بۆ تۆ دەچنی و
بە مەرزەکانی ئاگردا تێدەپەڕیم
گریانی باخچەم  بۆ تۆ دەرخ دەکرد و
بە باخچەم گوتبوو
گوڵێکم هەیە لە ڕەگەزی پەلکەزێڕینەو
هەر پەلکێکی  لە ڕەنگێکە

ئەی گوڵ
لەسەر چڵی من هەڵفڕە و
بڕۆ بۆ سەر چڵێکی تر
من دەمەویست  گەڵای بەختیاریت بۆ بگرم
کەچی تۆ هەناسەکانت خنکاندم
من دەمەویست مۆمێکت لە بۆنی  ئەوین بۆ داگیرسێنم و
بە ڕوناکایی داتپۆشم
من دەمەویست  بەشێک بم  لە حیکایاتی قەڵبەزەی ئاو و
تۆش بەشێک بیت لە نەرمە نەغمەی  شاتاووس

ئەی گوڵ
تۆ باوەشێک غوبار بووی نەمتوانی کۆتبکەمەوە
تۆ گمەیەکی کێویلە بووی قەفەسی دڵمت شکاند
بە پێکەنینی من گریای
بەگریانی من پێکەنی
هەنگاوە هەنارییەکانت دەنک دەنک هەڵوەرین و
تا سەر هاوڕێی ڕێگام نەبووی
گەر دەتزانی پیاسەکانی من دەچنەوە قەراخ دەریا
گەر دەتزانی پیاسەکانی من لە پیاسەی ماسییەکان دەچن
ئاسمانی خۆشەویستیمت  هێندە  ژەهراوی نەدەکرد
قولانجیکت بۆ فڕین هەر دەهێشتەوە
ئەی گوڵ
دڵۆپ دڵۆپ لەناو خوێنم  وەرە دەرێ
با گشت خانەکانی جەستەم لە عیشقت بەتاڵ ببنەوە
تۆ لە جنسی ئاگری و
هەمیشە سروتەکانی سوتان زەمزەمە دەکەی
هەمیشە من لەناو دوکەڵی تۆدا  دەبم بە دوکەڵ
دەخیلە
دڵۆپ دڵۆپ لەناو خوێنم وەرە دەرێ
من دەگەڕێمەوە ئەودیووی عاشقێتیم و
تۆش بگەڕێوە ئەودیوی داگیرسان
ئەی گوڵ
بەهاریترین جریوە بووم
بەسەر تریفەی تەڕی تەماشاتدا دەباریم
گەرمترین هەناسە بووم
لە سەهۆڵبەندانی  ڕۆحتا  دەتوامەوە
نورانیترین عاشق بووم
لە داوێنتا کڕنوشی سەرمەدیم دەبرد
عیشقی من لە قەوزە پاکتر بوو
ئەوینی من ئەوینێکی خورمایی بوو

ئەی گوڵ
ئەی شەرابیترین گریانی من
ئەی قیامەتی پایز و هەڵوەرین
ئەی تاعونی ئومێد
ئێستا من
ئینجانەیەکم پڕ لە گومان
ساباتێکم خاڵی لە فێنکایی عەشق
مەستێکم لەوسەری شێتی…
با کەناری یەکتر چۆڵکەین
ئێوارەیەک
بەتەنیشت باخە جەهەننەمییەکانی ماڵئاوایدا
بگەڕێینەوە پەرەستگاکانی تەنهایی خۆمان
ئەی گوڵ
ئەی باراناویترین ئاسمان
بەو خۆرئاوابوونی عومرە
تەنکایی سپێتی خۆتت کاڵکردەوە و
پۆلێک پاساری بەهاریت بە فەرامۆشی سپاردن
ئیدی کوا  ئاسمانێک  بۆ پاڕانەوە
ئیدی کوا ئەستێرەیەک بۆ دڵنەوایی
                                               ئازاری ٢٠٠١ / تاران  
٠ ئەم شعرە لە ژمارە ٣٧٣ی ڕۆژنامەی هەرێمی کوردستان دا ساڵی ٢٠٠١ بڵاوبۆتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.