
په‌پووله و تفه‌نگ … حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ئه‌و خه‌ڵکه هه‌موو له شیعر ده‌چن،
شیعری به ده‌ستی قه‌ده‌ر نووسراو،
هه‌ندێکیان شیعری ته‌واو ئازادن،
هه‌ندێکیان شیعری کۆت و به‌ند کراو.
سیوران
ڕه‌خنه‌گر ئه‌گه‌ر ده‌قێکی په‌سه‌ند کرد، ده‌ڵێن، ڕه‌نگه نان به قه‌رزدان بێت، ئه‌گه‌ر ڕه‌تی کردووه، به تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر هیچ خوێندنه‌وه‌ی بۆی نه‌بوو، ده‌ڵێن بایه‌خی پێ نه‌دا و به لووتبڵندیی بۆی تۆمار ده‌که‌ن، وه‌ک نه‌زانن ئه‌وه ڕه‌خنه‌گر خۆیه‌تی بڕیار ده‌دا، کام ده‌ق به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه و کامیان نا، کامیان په‌سه‌ند ده‌کات و کامیان نا، خۆ ڕه‌خنه‌گر شاره‌وانی نییه، خزمه‌ته‌کانی به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان بۆ هه‌مووان بن، گرنگ ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه‌گر سه‌یری ده‌قه‌کان بکات، به چاوپۆشین له خاوه‌نه‌کانیان.
جیاوازیی نێوان (غه‌زه‌ل) و شیعری ئه‌وینداری ئه‌وه‌یه، له یه‌که‌میاندا، کیژه‌کان نزیکه‌ی هه‌موویان له یه‌ک ده‌چن، وه‌لێ له دووه‌میاندا هه‌ر که‌نیشکه و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه. ڕه‌خنه‌ی دێرینیش به هه‌مان که‌ره‌سه هه‌موو شیعرێکی هه‌ڵده‌کۆڵی، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی مۆدێرن، بۆ هه‌ر شیعره و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه و بۆچوونی پێشوه‌خت ناکات به پێوانه و وه‌ک ئامانج ده‌ڕوانێته ده‌ق، نه‌ک وه‌ک ئامێر.
*
ئه‌ده‌بی ژنانه
هه‌رچه‌نده ژن زۆر نه‌رم و نیانتر له پیاو، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زماندا ده‌کات، به‌ڵام زمان لایه‌نی پیاو ده‌گرێت، بۆ نموونه له زمانی ئینگلیزی‌دا، (لۆرد) مانایه‌کی زۆر پۆزهتیڤتری هه‌یه له‌وه‌ی که (لێدی) هه‌یه‌تی. یان زۆر جار (گێڕل،) له‌بری ژن به‌کار ده‌هێنرێت، وه‌لێ به ده‌گمه‌ن (بۆی) له‌بری پیاو ده‌گوترێت. (سپینستهر) که به مانای (قه‌یره‌کچ) و گه‌وره‌کچ دێت، نێگه‌تیڤه نه‌ك بێلایه‌ن، به‌ڵام (باچله‌ر) که به مانای ڕه‌به‌ن (زوگورتی) دێت، هه‌ر بێلایه‌ن نییه، به‌ڵکوو زۆر جار پۆزهتیڤیشه. ڕۆبین لاکۆڤ پێی وایه، (له کن زمان، بانێکه و دوو هه‌وا، ئاخر مێ وه‌ک که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ سه‌رنجی نادرێت، به‌ڵکوو ئه‌وه پێوهندییهتی به پیاوه‌وه، ناسنامه‌که‌ی دیاری ده‌کات.)(1) ئه‌وه نییه له کوردیش‌دا ده‌گوترێت: براژن، مه‌لاژن، دایکی ئازاد و ژنی ڕه‌شۆل.
وه‌ک چۆن زمانێکی نێرانه هه‌یه، مێیینهیش خاوه‌نی زمانی خۆیه‌تی. زۆر جار زمانیش ته‌واو وه‌ک ئێدۆلۆگی، له هه‌واری ڕاسیزمدا بارگه ده‌خات، به تایبه‌تی کاتێک جیاوازی له نیوان نێر و مێدا ده‌کات. گه‌له‌ک جار زمانی زاڵ که زمانی نێره، وه‌ک که‌مینه‌یه‌ک بۆ مێ ده‌ڕوانێت و وه‌ک بنده‌ستێک مامه‌ڵه‌ی له ته‌کدا ده‌کات. هه‌ر خانمهشاعیرێک، گوتاره‌که‌ی که به زمانی به‌رهه‌می ده‌هێنێت، سه‌ر به ڕه‌گه‌زی مێ نه‌بوو، گوتاره‌که‌ی مێبوونی لێ نهتکا، ئه‌وه هێشتا له بازنه‌ی زمان و گوتاری نێرانه ڕزگاری نه‌بووه. سه‌رنج بده‌ن ڤینۆس فایه‌ق به زمانێکی چه‌ند پاراوی ژنانه ده‌په‌یڤێت:
نه‌رسیس قسه‌م بۆ بکه
با بیرم نه‌چێته‌وه، ژنم.
ژنێکم
هێشتا به کۆڵانه‌کانی عیشقدا
تێنه‌په‌ڕیوم،
له‌و ماڵانه لام نه‌داوه
که بۆنی نێرگز و یاسه‌مینیان لێ دێ،
هێشتا گه‌مه‌م
به په‌نجه‌کانی پیاوێک نه‌کردووه،
هێشتا لێوم
به جامی ده‌ست له ملانهوه نه‌ناوه.
ئه‌وه لایه‌نێکی لاوازی هه‌ر ده‌قێکه که نووسه‌ره‌که‌ی ژن بێت و به‌رهه‌مه‌که هه‌ڵگری پێناسه‌ی ژن نه‌بێت. خوێنه‌ر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، گومان له ڕاستگۆییی ئه‌و ژنانه بکات که له‌ودیو ده‌مامکی زمانێکی بێلایه‌ن یان نێرانه‌وه خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن. نووسین وه‌ک مێ، بۆ نووسه‌رێکی ژن، لایه‌نێکی گه‌شه، نه‌ک تاریک. که شیعری فه‌رووغی فه‌رووغزاد یان غاده ئه‌لسه‌ممان ده‌خوێنینه‌وه، ده‌زانین بنووسی ئه‌و ده‌قانه، ژنن، ئه‌مه‌یش لایه‌نێکی به‌هێزی ئه‌و دوو شاعیره‌یه. شاعیر ئیدی چ نێر بێت، چ مێ، پێش ئه‌وه‌ی باس له خه‌م و خولیاکانی خه‌ڵک بکات، دێت خه‌م و خولیای خۆی ده‌نووسێته‌وه.
ڤینۆس فایه‌ق ده‌ڵێت: (بڕوام به هه‌بوونی ئه‌ده‌بێک نییه، ناوی ئه‌ده‌بی ژنانه بێت، ئه‌ده‌ب به‌سه‌ر دوو خانه‌دا دابه‌ش ناکرێت: پیاوانه و ژنانه، یه‌ک ئه‌ده‌ب هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌ده‌بی ئینسانییه، ئیدی چ پیاو بینووسێت، چ ژن. ئه‌ده‌بی منداڵان، کرێکاران و به‌ره‌نگاربوونه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌ده‌بی ژنانه نییه.) (2) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ( بیرۆکه‌ی ئه‌ده‌بی ژنانه ئه‌و پیاوانه دایانهێناوه که بڕوایان به داهێنانی ژن نییه، یان له ژن ده‌ترسن.)(3)
ئه‌ده‌بی ژن، ئه‌ده‌بێکه تێیدا ژن، کۆشش بۆ سه‌لماندنی خۆی ده‌کات و له ڕێی کێشانی وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه، نه‌ک ئه‌و وێنه‌یه‌ی پیاو بۆی کێشاوه. ئه‌ده‌بی ژن، پێداگرتنی ژنه له‌سه‌ر ئینسانبوونی خۆی، نه‌ک ئه‌ده‌بێکی جیاواز له ئه‌ده‌بی ئینسانی. ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی سیمۆن دی بۆڤوار، هێرتا مۆلله‌ر، سۆزان سۆنتاگ، غادده ئه‌لسه‌ممان و ئه‌حلام موسته‌غانمی نووسیویانه، که ئه‌ده‌بی ژنه، هاوزه‌مان ئه‌ده‌بێکی ئینسانیشه. له ئه‌ده‌بدا ئیدی نووسه‌ره‌که‌ی ژن بێت یان پیاو، هه‌ر ئه‌و تێما و بابه‌تانه به‌سه‌ر ده‌کرێنه‌وه که جێی بایه‌خی ئینسانن، وه‌ک: مه‌رگ، ئازادی، کۆچ، نامۆیی، ئه‌وین، ناپاکی و چه‌وساندنه‌وه. ڕه‌نگه هه‌ڵه نه‌بم که بڵێم، نووسه‌ری ژن له کۆمه‌ڵێکی سته‌مکاری داخراودا، کاتێک باسی خه‌م و خۆلیاکانی خۆی ده‌کات، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت، لوتکه‌ی ئه‌ده‌بی ئینسانییه. ئه‌گه‌ر نووسینی ژن ئه‌وه بێت که ژن وه‌ک مێ ده‌ینووسێت، ئه‌وا نووسینی ژنانه، ئه‌و نووسینه‌یه له گۆشه‌نیگای ژنه‌وه ده‌نووسرێت و له خزمه‌تی ژنیشدایه، به چاوپۆشین له‌وه‌ی نووسه‌ره‌که‌ی ژنه یان پیاو.
باسکردن له ئه‌ده‌بێکی تایبه‌ت به ژن، به مه‌به‌ستی سووک سه‌رنجدانی به‌رهه‌می ژنان نییه، به‌و مه‌به‌سته‌یه که به به‌رهه‌مه‌که‌وه دیاره، نووسه‌ره‌که‌ی ژنه، ئاخر له هه‌موو به‌رهه‌مێکدا که‌م تا زۆر هه‌ست به هه‌بوونی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌که‌ین. له ڕوانگه‌ی ڕۆماننووس (شێشتین ئێکمان)ه‌وه که له 1978 به دواوه ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای سوێده، شێوه‌ی باسکردنی ژیانی ژن، لایه‌نی هه‌ره به‌هێزی (دۆریس لێسینگ)ه که 2007 نۆبێڵی له ئه‌ده‌بدا به‌ر که‌وت، ئاخر ئه‌و به شێوه‌یه‌ک باسی (بۆ نموونه) شه‌پۆلی خوێنی مانگانه‌ی ژنی کردووه، که‌س پێشتر ئه‌و بوێرییه‌ی شک نه‌بردووه، وه‌های باس بکات.(4) ئایا ئه‌گه‌ر لێسینگ ژن نه‌بووایه، ده‌یتوانی به‌و شێوه باڵایه باس له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مێ بکات؟ (بۆیه‌ی نینۆک) که کۆشیعرێکی ڤینۆس فایه‌قه، هه‌ر له ناونیشانه‌که‌یه‌وه خوێنه‌ر پێشبینی ئه‌وه ده‌کات، به‌رهه‌می خاتوونهشاعیرێک بێت. ئه‌و خانمه له هۆنراوه‌ی (جوپیتێر)دا ده‌ڵێت:
خۆرم له بار ده‌چێت و
حه‌قیقه‌تم له‌به‌ر ده‌ڕوات.
ئاخۆ شاعیرێکی پیاو له توانایدا هه‌یه، به دوو ڕسته‌ی هێنده چڕ، به دوو وێنه‌ی هێنده دڵڕفێن، باس له خوێن له‌به‌ر ڕۆیشتن و منداڵ له‌بارچوون بکات؟ بێ دوودڵی ده‌توانین ئه‌و دوو ڕسته شیعرییه، به داهێنان بۆ ڤینۆس فایه‌ق له قه‌ڵه‌م بده‌ین، ئاخر پێشتر که‌س نه (خۆر)ی وه‌ها خستووه‌ته ڕسته‌وه، نه حه‌قیقه‌ت.
ده‌مه و ئێواره ڕه‌دووی مانگ ده‌که‌وم
نیوه‌ی شه‌و پاکیزه‌ییم به خاک ده‌سپێرم،
خه‌ریکم پیاوانی ئه‌م شاره له‌بار خۆم ده‌به‌م،
ده‌نگی زبری مه‌لای گه‌ڕه‌کم له‌به‌ر ده‌ڕوات،
بێزوو به ههتاوێکهوه ده‌که‌م.
وه‌ک چۆن شاعیری ڕاسته‌قینه به شێوازی نووسینیدا ده‌ناسرێته‌وه، هه‌ر شیعرێکیش ژن بنووسی بێت، به ئاسانی هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، با شاعیره ژنه‌که به جێناوی که‌سی یه‌که‌میش نهپهیڤیبێت.
*
ده‌ربڕینی شیعری
ڤینۆس فایه‌ق چونکه کورت‌بڕی ڕه‌چاو ده‌کات، بۆیه به‌ژنی شیعری زراڤه، چونکه وه‌سفه‌کانی جوانن، بۆیه سه‌رنجمان دیل ده‌که‌ن، چونکه ده‌ربڕینه‌کانی ناسکن، بۆیه سۆزیان لێ هه‌ڵده‌قوڵێت، چونکه به فه‌رمانی خوداوه‌ندێک ده‌نووسێت که له‌سه‌ر عه‌رشی ڕۆحی ڕۆ نیشتووه، بۆیه شیعری ڕاستگۆییی لێ ده‌چۆڕێت. ئه‌ستێره‌ی بوێرییهکیش به ده‌ربڕینه‌کانییه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه، هه‌ر زوو شیعره‌کانی ده‌ناسینه‌وه.
سه‌ردانی فێرگه سهرهتایییهکهت ده‌که‌م،
په‌ڕه‌کانی فایلی منداڵیت هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه،
له ده‌رگای ماڵه دراوسێکانت ده‌ده‌م،
له باره‌ی ئه‌و کچانه‌وه پرسیاریان لێ ده‌که‌م
که خۆشه‌ویستی تۆ بوون،
ئاخۆ وه‌ک من شێتانه خۆشیان ده‌ویستی؟
ئه‌وانیشت وه‌ک من
سه‌رکێشانه خۆش ده‌ویست؟
توانای شاعیران به داهێنانی میتافۆر و وێنه‌ی شیعرییه‌وه به‌نده. ئه‌وی توانای داهێنانی وێنه‌ی شیعری و میتافۆری نه‌بێت، با خۆی لێ نه‌بێت به شاعیر. وه‌ک چۆن خودا هیچ که‌ره‌سه‌یه‌کی له به‌رده‌ستدا نه‌بوو، که‌چی گه‌ردوونی خوڵقاند، شاعیریش ئه‌و به‌هره‌مه‌نده‌یه بۆ داهێنانی وێنه و میتافۆری نوێ، پشت به که‌ره‌سه‌ی دێرین نابه‌ستێت. ده‌ستی خودا له ئاسمانه‌وه ده‌گاته زه‌وین و جارێک سپی هه‌ڵده‌گه‌ڕێنێت و که‌ڕه‌تێک سه‌وز. پێویسته شاعیریش هه‌مان توانای به سه‌ر زماندا هه‌بێت و چه‌ندان میتافۆر و وێنه‌ی لێ چێ بکات.
(چاوم له هه‌وره‌کان بوو،
ئاسمانیان تهی ده‌کرد.)
ئه‌مه قسه‌یه، شیعر ئه‌وه‌یه بڵێم:
(هه‌وره‌کان ده‌یانبینی
چاوه‌کانم ئاسمانیان تهی ده‌کرد.)
ئه‌وه شیعر نییه بڵێم:
(شه‌ماڵ بۆنی قژی یاری بۆ هێنام،)
یان بنووسم:
(گه‌رده‌لوول که‌پره‌که‌ی تێک داین.)
شیعر ئه‌وه‌یه که بڵێین:
(کاتێک گه‌رده‌لوول هه‌ڵده‌کات،
شه‌ماڵ، له کوێدا خۆی حه‌شار ده‌دات؟)
یان: (ماڵم له‌سه‌ر لوتکه‌ی چیایه.)
ئه‌وه قسه‌یه. شیعر ئه‌وه‌یه، بڵێم:
(ماڵم له‌سه‌ر لوتکه‌ی زستانه.)(5)
ئه‌وه شیعر نییه بڵێم
( ته‌مه‌نم بیست و چوار به‌هاره.)
شیعر ئه‌وه‌یه که ڤینۆس فایه‌ق ده‌یڵێت:
(ته‌مه‌نم بیستوچوار شووشه بۆیه‌ی نینۆکه.)
ئاخر له‌و ڕسته‌یه‌دا (سه‌رپرایز) هه‌یه و خوێنه‌ر تووشی حه‌په‌سان دێت.
لێکدانه‌وه‌ی جیاواز
هه‌نووکه شاعیران به ته‌لاری دێرینی شیعر سه‌رسام نین و گه‌لێک گۆرانکارییان به‌سه‌ردا هێناوه. شاعیرانی ئێستا ڕیتمه دێرینه‌کان ڕه‌چاو ناکه‌ن و پێوه‌ندییان به زمانه‌وه وه‌ک جاران نییه. تازه‌گه‌ری له شیعردا بریتییه له داهێنانی فۆرمی نوێ، ده‌رچوون له بازنه‌ی شیعری دێرین و تێپه‌ڕاندن له‌وه‌ی که به‌رهه‌م هێنراوه. ئه‌گه‌ر شیعری کۆن ته‌نیا مانایه‌کی ده‌به‌خشی، ئه‌وا شیعری نوێ له چوارچێوه‌ی تاکمانادا گیر ناخوات. یه‌کێکی دیکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شیعری نوێ ئه‌وه‌یه، به هۆی ڕه‌مز، پارادۆکس، ته‌مومژ، سه‌رپرایز، ته‌قاندنه‌وه‌ی وشه و مامه‌ڵه‌ی نوێوه له‌گه‌ڵ زماندا، خوێنه‌ر تووشی حه‌په‌سان ده‌کات. ئه‌ها ڤینۆس فایه‌ق هه‌وڵ ده‌دات (به‌رد) بکات به ئاو!
ده‌ستی به‌رد ده‌گرم
یاری به برۆکانی ده‌که‌م
بۆ دانیشتنێکی عیشق داوه‌تی ده‌که‌م
به‌ڵکوو ئیدی له به‌ردیی بکه‌وێت.
هێرمێنیوتیکا که به مانای هونه‌ری لێکدانه‌وه دێت و ڕێبازێکه بایه‌خ به تێگه‌ییشتن له ده‌ق ده‌دات، سه‌رهه‌ڵدانی بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ر لهوسایشهوه له لایه‌ن باوه‌ڕداره مێشکوشک و بیرداخراوهکانهوه به‌ره‌و ڕووی ڕه‌خنه‌ی توند بووه‌ته‌وه، ئاخر به‌شێکی زۆر له پیاوانی ئایین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، ته‌نیا یه‌ک لێکدانه‌وه بۆ هه‌ر ده‌قێک بکرێت و ئه‌وانه‌یشی ڕێبازی هێرمێنیوتیکا په‌سه‌ند ده‌که‌ن، وای بۆ ده‌چن ده‌ق لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌و مادده‌یه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی لێ چێ ده‌کرێت، زمانه. زمان له ئه‌ده‌بدا هه‌ر ئه‌و مانایه‌ی نییه که له قامووسدا هه‌یه‌تی، گه‌لێک مانای دیکه‌شی هه‌یه و له‌وه ده‌رده‌چێت که ته‌نیا هه‌ڵگری هه‌واڵێک بێت و هیچی تر، ئاخر (زمان له ئه‌ده‌بدا، کۆمه‌ڵێک وشه نییه، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک پێوه‌ندییه.) ئه‌وه ئه‌و پێوه‌ندییه تازانه‌ن که مانای نوێ به‌رهه‌م ده‌هێنێن و ئه‌وه شاعیره کارێک ده‌کات، ئاماژه دێرینه‌کان، مانای نوێ ببه‌خشن.
تۆ توانیت ئه‌و هه‌موو زه‌وییه داگیر بکه‌یت،
که‌چی پێت ناکرێ
په‌پووله‌یه‌ک له باوه‌شی تفه‌نگێکدا بخه‌وێنیت.
ڤینۆس فایه‌ق هه‌رچه‌نده له‌و کۆپله‌یه‌دا ڕووی ده‌می له (تیمۆجین)ه که ده‌کاته جه‌نگیز خان، وه‌لێ (تۆ) له‌و شیعره‌دا چه‌ندان لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، په‌پووله له‌وێدا ئاوسه به ده‌یان مانا، تفه‌نگیش هه‌روه‌ها. لای کافکا، کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی، به زه‌بری هه‌ندێک فاکته‌ری جیاواز، (وه‌ک تێکشکانی ئه‌زموونی یه‌که‌مین دڵداری، گوشار و مامه‌ڵه‌ی باوکێکی سته‌مکار و سه‌رنه‌که‌وتن له خوێندندا،) له که‌سێکی نموونه‌ییی ڕۆمانتیکه‌وه که ڕه‌نگه شه‌یدای ئه‌ده‌ب و نووسینیش بێت، ده‌بێته بکوژێکی کرێگرته. ئه‌م گۆڕانه، یان دروستتر، ئه‌م به‌دگۆڕانه، به چه‌ند قۆناغێک ڕوو ده‌دات، کاره‌کته‌ره‌که له هه‌ر قۆناغێکدا، به‌شێک له ئینسانبوونی خۆی له ده‌ست ده‌دات و دوا جار به‌ره‌و خه‌ره‌ندی دۆڕاندنی هه‌موو ئینسانبوونی خۆی خلۆر ده‌بێته‌وه و ده‌بێته ئه‌ندامێکی چالاکی مافیایه‌ک یان بکوژێکی دڕنده له ده‌زگایه‌کی سه‌رکوتکه‌ردا.(6) ڤینۆس فایه‌ق شه‌یدای ئامێزی تفه‌نگ نییه، حه‌زی له‌وه نییه به ده‌شتێکی به مین چێنراودا پیاسه بکات، ئه‌و بۆیه شیعر ده‌نووسێت، تا ئینسان به په‌پووله‌یی بمێنێته‌وه و نه‌بێت به دڕنده.
گوێ مه‌گره له قاقای
ئه‌و پیاوه بستهباڵایانهی
نازانن مێیینه‌ی که‌ر و ژن
له یه‌ک جیا بکه‌نه‌وه.
ڤیدنیسکی ده‌بێژێت: (شیعر په‌رجوو به‌رهه‌م ناهێنێت، شیعر خۆی موعجیزه‌یه. شیعرێک نییه جوان و یه‌کێکی دیکه ناشیرین، شیعر یان ڕاسته‌قینه‌یه یان ساخته. ئه‌وه سه‌روه‌ختی داکشانی شیعره، کاتێک ده‌ڵێین، ئه‌م شیعره جوانه و ئه‌ویان ناشیرین، به‌ڵام له سه‌روه‌ختی هه‌ڵکشانی شیعردا ده‌بێژین، ئه‌مه‌یان ڕاسته‌قینه‌یه و ئه‌وه‌یان ساخته.) ڕێلکه ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر شیعرنووسین تا ئه‌و ڕاده‌یه بۆ تۆ پێویسته، هه‌ر لێت قه‌ده‌غه کرا، ده‌مریت، ئه‌وا هه‌رگیز ده‌ستی لێ هه‌ڵمه‌گره و ژیانی خۆتی بۆ ته‌رخان بکه!)
ده‌ترسم ده‌م و لێوم بسووتێنن
تا بۆم نه‌کرێ ماچت بکه‌م.
ده‌ترسم زمانم له سێداره بده‌ن
تا نه‌توانم بڵێم
خۆشم ده‌وێی.
شاعیری داهێنه‌ر که‌سێکه، لێ ناگه‌ڕێت جوانی گیان له ده‌ست بدات، ئاخر ئه‌وه جوانییه سۆزمان له پیسی و دڕنده‌یی پاکژ ده‌کاته‌وه. شاعیر ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ختی نووسین چێژ له شیعره‌کانی خۆی نه‌بینیبێت، خوێنه‌ریش چێژیان لێ نابینێت. شاعیری مه‌زن چاره‌نووسی خۆی به حیزبێک، فیکرێک، ئایینێک، یان نیشتمانێکه‌وه گرێ نادات، داهاتووی خۆی له نووسینه‌کانیدا ده‌بینێته‌وه. شیعر ناتوانێت دنیا بگۆڕێت، وه‌لێ پێی ده‌کرێت، تارماییی نائومێدیمان لێ دوور بخاته‌وه و پارچه‌کانی گۆزه‌ی دڵی شکاومان، پێکه‌وه بلکێنێته‌وه.
*
ڕه‌مز و ده‌مامک
ئه‌وه ناته‌بایییه، شاعیر هان ده‌دات، له شته جێگیره‌کان یاخی ببێت و له‌بری ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌ست و بیری خۆی ده‌رببڕێت، دێت ڕێگه‌یه‌کی هونه‌ری هه‌ڵده‌بژێرێت، کاتێک هانا بۆ ده‌مامک (ماسک) ده‌بات. ته‌کنیکی به‌کارهێنانی ماسک، خۆ شاردنه‌وه‌یه له‌ودیو ده‌مامکی که‌سایه‌تییه‌کی ناسراوی دیرۆکییه‌وه، که بۆ ده‌رخستنی خولیاکانی شاعیر ده‌ست بدات، واتا خه‌م و هیوای هاوبه‌ش له نێوانیاندا هه‌بێت. ماسک، ڕێگه‌یه‌کی هونه‌رییه، شاعیر به هۆیه‌وه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ، باسی ئه‌زموونی خۆی ده‌کات. له‌و ته‌کنیکه‌دا به ڕووکه‌ش باس له ژیانی که‌سایه‌تییه دیرۆکییهکه ده‌کرێت، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی، شاعیر چیرۆکی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه. که به‌در شاکر سه‌ییاب باس له ژیانی سه‌ختی ئه‌ییووب په‌یامبه‌ر ده‌کات، ئه‌ییووب له‌و شیعره‌دا ده‌مامکه، ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه، ئه‌زموونی خودی سهییابه.
پێوه‌ندییه‌کی قووڵ و پته‌و له نێوان ڕه‌مز و ده‌مامکدا هه‌یه، شاعیر که نیازی به‌کارهێنانی ته‌کنیکی ده‌مامکی هه‌بێت، پێویستی به ڕه‌مزێکی مێژوویی ده‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر له هه‌ڵبژاردنی ڕهمزهکهیدا که وه‌ک ده‌مامک به‌کاری ده‌هێنێت، سه‌رکه‌وتوو بێت، پێویسته هه‌ندێک لایه‌نی له‌یه‌کچوو له نێوان خودی شاعیر و ڕهمزهکهدا هه‌بێت. شاعیر دێت له ڕێی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی دێرینه‌وه، باس له حاڵی حازر و له خودی خۆی ده‌کات. مه‌رج نییه هه‌موو ڕه‌مزێک ڕۆڵی ده‌مامک وازی بکات، به‌ڵام هه‌موو ده‌مامکێک پێویستی به ڕه‌مزێکه که مه‌رج نییه که‌سایه‌تییه‌کی دیرۆکیی ڕاسته‌قینه بێت، به‌ڵکوو ده‌شێت شاعیر سوود له که‌سایه‌تییه گونجاوه‌کانی نێو داستان و ئه‌فسانه‌یش ببینێت.
دێم و ڕهدووت ده‌که‌وم جوپیتێر
بمبه له هه‌ساره‌یه‌کی تر
به چنگێ خۆڵ ماره‌م که له خۆت
ئاگر و با بکه به شاهید.
جوپیتێر که به گوێره‌ی میتۆلۆگیی ڕۆمان، شای یان گه‌وره‌ی خوداوه‌نده‌کانه، ناوی مه‌زنترین ئهستێرهیشه و لای گریکه‌کان ده‌بێته زیوس. جوپیتێر که ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر باران، بروسکه و زریان‌دا ده‌شکا، له کن ڤینۆس فایه‌ق هه‌ر ڕه‌مزه، نه‌ک ده‌مامکیش. له‌و نموونه‌یه‌دا، جوپیتێر ته‌نیا وه‌ک خوداوه‌ندێکی مه‌زن ناوی نه‌هاتووه، وه‌کوو ئه‌ستێره‌یش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کردووه. شاعیر ڕووی ده‌می له جوپیتێره و ده‌ڵێت:
وه‌ره له‌مڕۆوه تۆ نیوه‌که‌ی تری من به
وه‌ره له‌مه‌ودوا من تۆ ته‌واو ده‌که‌م.
ئه‌وه‌یش که هه‌ر یه‌کێک به دووی نیوه‌که‌ی تری خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، تا له‌گه‌ڵیدا یه‌ک بگرێت و ببێته که‌سێکی ته‌واو، ئه‌فسانه‌یه‌کی دیکه‌یه و خزمه‌ت به بابه‌تی شیعره‌که ده‌کات.
نۆستالژیا
جاران که ده‌ڕۆیشتمه‌وه
شووشه‌یه‌ک پڕ پڕ له ئاوڕشێنی هه‌یوان و
پریاسکه‌یه‌ک لێوان‌لێو
له تریفه‌ی مانگه‌شه‌وی سه‌ربانی هاوینان و
چه‌پکێ پێکه‌نینی پوورهمهنیج و
سه‌به‌ته‌یه‌ک چرپه‌ی سه‌ر له ئێوارانی
خه‌رامان و دڵدارهکهیم
ده‌نایه سووچێکی جزدانهکمهوه.
له‌م شیعره‌دا که تامه‌زرۆییی لێ ده‌چۆڕێت بۆ زێد و ڕابردووی جوان، ڤینۆس فایه‌ق هه‌ر هه‌ستی خۆی ده‌رنابڕێت، ئاخر هه‌موو ئه‌وانه‌ی تاڵاوی غه‌ریبییان نۆشیوه، خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه. نۆستالژیا، هه‌ر تامه‌زرۆیی نییه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی منداڵیمان تێدا به‌سه‌ر بردووه، نه‌خۆشییه‌کی سه‌ختیشه. که‌سانێک که تووشی نۆستالژیا ده‌بن، خه‌ویان که‌م و خه‌میان هێنده زۆر ده‌بێت، تا ئاستی خه‌مۆکی، که‌مدوو ده‌بن، زوو زوو هه‌ناسه‌ی سارد هه‌ڵده‌کێشن، وه‌ک گوڵێکی بێ ئاو سیس ده‌بن، هاوههستییان به‌ره‌و کزی ده‌چێت و شاعیریش چونکه له که‌سانی ئاسایی هه‌ستناکتره، زووتر و دژوارتر تووشی ئه‌و ده‌رده ده‌بێت.
جاران که ده‌ڕۆیشتمه‌وه
هه‌موو شتێکم بۆ غه‌ریبیم ده‌برده‌وه،
ئه‌مجاره ده‌ڕۆمه‌وه و هیچم پێ نابرێته‌وه،
چونکه خۆمم پێ نییه.
وه‌ک باوه، ئێمه له مه‌نفاوه ئاگری نۆستالژیا بۆ زێد و نیشتمان، له ده‌شتی ژیانمان به‌رده‌بێت، وه‌لێ ڤینۆس فایه‌ق چونکه ناچاره بگه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌نفا، هه‌ر له زێدی خۆیه‌وه، هه‌ست به نۆستالژیایه‌ک ده‌کات، چاومان له‌و ئاگره‌یه له ڕۆحی به‌ربووه و ئێمه‌یش له‌گه‌ڵیدا ده‌سووتێین، ئه‌مه‌یش هاوزه‌مان تێپه‌ڕاندنه له‌و شیعرانه‌ی ده‌که‌ونه خانه‌ی نوستالژیاوه و لوتکه‌ی کاره‌ساتیشه، بۆ مه‌نفا بگه‌ڕێینه‌وه و خودی خۆمان له نیشتمان لێ جێ بمێنێت.
جوبران خه‌لیل جوبران ده‌بێژێت:
(ته‌نیا له وه‌ختی جیابوونه‌وه‌دا،
ده‌زانین یه‌کمان خۆش ده‌وێ یان نا،
ئاخر ئه‌و کاته، هه‌ست درۆ ناکات.)
زێد ئه‌و خۆشه‌ویسته‌یه تا لێی جیا نه‌بینه‌وه، نازانین چه‌ندمان خۆش ده‌وێت. عه‌بدوڵڵا په‌شێو یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ی، به زه‌بری نۆستالژیا شیعرێکی ئه‌فراندووه:
ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره بێمه‌وه
وه‌ک سمۆره
به دارگوێزه به‌رزه‌کانا هه‌ڵده‌گه‌ڕێم،
وه‌ک په‌ڵه‌یه‌ک هه‌وری نه‌وی
به‌سه‌ر کێڵگه سهوزهکانا ده‌خولێمه‌وه،
وه‌ک شه‌نگه‌بی
به‌سه‌ر چه‌ما
به‌سه‌ر گشت زناره‌کانی
که‌نارا ده‌چه‌مێمه‌وه،
ئاخ به‌س ئه‌مجاره بێمه‌وه.(7)
کۆپله‌کانی شیعره‌که‌ی په‌شێو، به (ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره بێمه‌وه) ده‌ست پێ ده‌که‌ن، وه‌لێ کۆپله‌کانی شیعره‌که‌ی ڤینۆس فایه‌ق به (جاران که ده‌ڕۆیشتمه‌وه) ده‌ست پێ ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر له داهاتوودا که‌سێک بخوازێت لێکۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی نۆستالژیا له شیعری کوردی‌دا بکات، ده‌توانێت وه‌ک دوو نموونه‌ی گونجاو، هانا بۆ ئه‌و دوو شیعره ببات.
*
وه‌ک چۆن کوردیی په‌تی، کانیاوی کوردییه‌که، قوڕی وشه و ده‌ربڕینی زمانی بێگانه، لێڵی نه‌کردبێت، (شیعری په‌تی)یش، ئاوی شیعرێکه، خڵته‌ی په‌خشان شلوێی نه‌کردبێت. وه‌ک چۆن نێرگز مێرگێک جوانتر ده‌کات، هه‌روایش به کۆمه‌کی زمانی شیعری، په‌خشان جوانتر خۆی ده‌نوێنێت، به پێچه‌وانه‌وه، په‌خشان ئه‌گه‌ر گوڵی شیعر ههڵنهوهرێنێت، لای که‌م سیسی ده‌کات. وه‌رگێڕان دانانی وشه‌یه‌کی خۆماڵی نییه له‌بری وشه‌یه‌کی بێگانه، به‌ڵکوو سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه‌یه، به مه‌رجی گوێزانه‌وه‌ی ڕۆح و جه‌سته‌ی مانا، به ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستپاکییه‌وه. هه‌ق نییه ژنان له‌وانه ببوورن که ده‌ڵێن: (وه‌رگێڕانی شیعر به شیعر، وه‌ک ژن وایه، ئه‌گه‌ر جوان بوو، دڵسۆز نییه، ئه‌گه‌ر دڵسۆز بوو، جوان نییه.) هه‌ندێک له‌و شیعرانه‌ی ڤینۆس فایه‌ق که سه‌ره‌تا به عه‌ره‌بی ده‌یاننووسێت و دواتر ده‌یانکات به کوردی، یان به پێچه‌وانه‌وه، به کوردی ده‌یاننووسێت و دواتر وه‌ریانده‌گێڕێته سه‌ر عه‌ره‌بی، له په‌خشانه‌وه نزیکترن.
ئارنست هه‌مه‌نگوای فێرمان ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی به کورتی بنووسین، ده‌بێت به پێوه بنووسین. (هه‌نری باسۆس)یش پێی وایه، ده‌بێت ئه‌م دنیایه به که‌مترین وشه نیشان بده‌ین، بێ هیچ شیکردنه‌وه و کۆمێنتێک. ئه‌وه بۆیه ئه‌و دوو ئه‌دیبه مه‌زنه، نووسینی ڕۆژنامه‌وانیشیان گه‌یانده ئاستی داهێنان. ئه‌وان فێرمان ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ڕۆمان نووسینه‌وه‌ی واقیع بێت به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری و له ڕوانگه‌ی نووسه‌ره‌که‌یه‌وه، ئه‌وا ڕۆژنامه‌نووسی، هونه‌ری به‌خشینی زانیاریی واقعییه به شێوازێکی کورت و پوخت.(8) ڤینۆس فایه‌ق که یه‌کێکه له‌و خاتوونهشاعیرانهی، خوێنه‌رانی ناچار کردووه، به‌ڕێزه‌وه سه‌رنجی شیعری بده‌ن، له بواری ڕۆژنامه‌نووسیشدا، چونکه ده‌زانێت چی ده‌ڵێت و چۆن ده‌نووسێت، هه‌بوونی خۆی سه‌لماندووه. ئه‌و که له بواره‌یلی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و فیکریدا به کورتهگوتار دێته قسه، هه‌میشه شتێکی بۆ گوتن پێیه، شتێک که گوتنی پێویستی به بوێرییه، شتێک که بیروڕای خۆیه‌تی، نه‌ک دووباره‌نووسینه‌وه‌ی بۆچوونی ئه‌م و ئه‌و.
تاکوو با، هه‌ڵنه‌کا
گاشه‌به‌رد
هه‌ست ناکا، گابه‌رده
تاکوو گوڵ، لایه‌وه، نه‌پشکوێ
دڕک هه‌ست، به بوونی، خۆی ناکا
منیش تا، ده‌نگی تۆ، نه‌هاته، سه‌ر ڕێگه‌م
نه‌مزانی مێیینه‌م،
له‌وساوه هه‌ست ده‌که‌م
لێوانم سوورترن،
چاوانم گه‌شترن،
له‌وساوه هه‌ست ده‌که‌م
بۆ گواره له گوێچکه و
بازنگ له ده‌ست ده‌که‌م.(*)
ڤینۆس فایه‌ق به زمانێک ده‌نووسێت که به دڵنیایییه‌وه ده‌توانین بڵێین، زمانێکی شیعرییه، زمانێک هه‌ر زوو هه‌ست ده‌که‌ین، خاوه‌نه‌که‌ی مێیینه‌یه‌کی بوێره. ئه‌و چونکه ئه‌و که‌ره‌سانه شک ده‌بات که شیعریان لێ چێ ده‌کرێت و شاره‌زای ته‌کنیکگه‌لی شیعرنووسینه، بۆیه توانای به‌سه‌ر هونه‌ره‌که‌یدا ده‌شکێت.
2011. 12. 17
ژێده‌ره‌کان
(1) د. علي الصکر، إنحیاز اللغة جنسیا14. 10. 2011 القدس العربي.
(2) الشاعرة الکوردیه فینوس فائق ل(الحریة) 2008. 06. 25
(3) فینوس فائق، الأدب النسوي مصطلح لتهمیش إبداع المرإة، 2006. 06. 01 سایتی ده‌نگه‌کان.
(4) Kerstin Ekman: Lessing är viktig för kvinnornas litteratur, SvD kultur, 05. 12. 2011 Stockholm.
(5) عبدالعزیز المقالح، جودت فخرالدین 29. 09. 2011 دار الحیاة.
(6) د.محمد بو عزه، الخیال الإنتهاکي 19. 10. 2011 الحیاة.
(7) عه‌بدوڵڵا په‌شێو، پشت له نه‌وا و ڕوو له کڕێوه، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، 2006 ل340 هه‌ولێر.
(8) مایا الحاج، هل الصحافة هي حقا مختبر أدبي 24. 09. 2011 دار الحیاة.
(9) ڤینۆس فایه‌ق، گوناهه جوانه‌کان 2001 هۆڵاند.
(10) فینوس فائق، طلاء الأظافر، دار الحضارة للنشر 2008 القاهرة.
(11) ڤینۆس فایه‌ق، تیمۆجین، ئایندهی ژماره 83 ئاداری 2009 هه‌ولێر.
(12) http://www.venusfaiq.com/
(13) http://www.bakhawan.com/kurdipedia/?q=2163
(*) ئه‌م کۆپلهیهیه و هه‌ندێ ڕسته‌ی دیکه‌ی ڤینۆس فایه‌ق، نووسه‌ری ئه‌م باسه له عه‌ره‌بییه‌وه کردوونی به کوردی.