Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
لەپەراوێزی کۆبونەوەکەی بارزانی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانە کوردەکان، لەپەرلەمانی! عێراق

لەپەراوێزی کۆبونەوەکەی بارزانی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانە کوردەکان، لەپەرلەمانی! عێراق

Closed
by January 24, 2012 گشتی


ئەندام پەرلەمانەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، نوێنەری خەڵکی کوردستان، نیین


١٨ئەم مانگە سەرۆکی هەرێم!  وئەندام پەرلەمانەکانی فراکسیۆنی کوردستان وئۆپۆزیسیۆن لەپەرلەمانی عێراق کۆبۆنەوە، بەمەبەستی هەڵوێستگیری ودیاریکردنی نەخشەڕێگای مامەڵە لەگەڵ قەیرانی ئێستای عێراق، لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا بەیانێکیان دەرکرد لەژێر ناوی “داوای‌ به‌هێزكردنی‌ نوێنه‌رانی‌ هه‌رێم له‌به‌غدا ده‌كرێت”، هەروەها پێداگریان لەسەر چەند خاڵ، یان باشتر بڵێن هەموو ئەم لایەنانە ڕێککەوتوون لەسەر چەند خاڵێك کە سەرەکیەکانی ئەمانەن” پشتگیری‌ خۆیان بۆ به‌ستنی‌ ئه‌و كۆنگره‌ نیشتمانییه‌… به‌مه‌به‌ستی‌ دانانی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ فیدراڵی‌ دیموكراتی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ به‌پشت به‌ستن به‌ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق و پرنسیپی‌ پێكه‌وه‌ ژیان وشه‌راكه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ له‌حوكمدا، پاراستنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق وته‌ئكیدكردن له‌پرنسیپی‌ ته‌وافوق… ، تاوتوێكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2012… ، ته‌ئكیدكردن له‌جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستووری…”‌
سەرەتا دەبێ بڵێین ئەوەی کەبەیاننامەکە ناوی نوێنەرانی هەرێم یان کوردستان وخەڵکی کوردستانی داوەتە پاڵ ئەم ئەندام پەرلەمانانەی لیستی کوردستانی وئۆپۆزیسێۆن، هیچ ڕاستیەکی تیانییە، ئەمانە نوێنەری چەند حزبێکی سەر بەدەسەڵات وئۆپۆزیسێۆنن کەنوێنەرایەتی بۆرژوای کوردو بازرگانان و کۆمپانیا حزبیەکانیان دەکەن، نەک خەڵکی کوردستان. خواست و داوای خەڵکی کوردستان، لەگەڵ خواست و داوای سەرمایەداران و بازرگانان و کۆمپانیا حزبیەکانی نوێنەرەوەی باڵ و لقەکانی سەر بەخانەوادەی بۆرژوازی کورد، زۆر ناکۆک بەیەکن. نوێنەری ئەم حزبانە کێشەیان لەگەڵ باڵ و لقەکانی بۆرژوازی عەرەب و رەوتەکانی لەناو حکومەتی عێراقدا هەیە لەسەر بەش و دەسەڵاتی خۆیان، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان کێشەی سەرەکی لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی وئەو ئۆپۆزیسێۆنە بودەڵەیە هەیە، کەدەیەوێت سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتی جەماوەری بێت لەدژی دەسەڵاتی به‌زۆر داسەپاو وتاڵانچی بزوتنه‌وه‌ی کوردایەتی، لەپێناو بەشی سیاسی و دەستەبەر کردنی داهاتی زۆرتر لەقوتی دزراوی خەڵکی کوردستان.
پشتگیری ئەم لایەنانە لەبەستنی کۆنگرەی نێشتمانی جگەلە ڕێگایەک و تونێلێک، بۆ دەستبەر کردنی بەشی حزبی خۆیان وبەرگری لەبەرژەوەندییە سیاسی وئابوریەکانی بۆرژوازی کورد وباڵ و لاباڵەکانی، هیچی تر نییە. کێشەی عێراق و خەڵکی کوردستانیش کۆنگرەی نیشتمانی نییە، کێشەی خەڵکی عیڕاق وکوردستان کێشەیەکی واقعییە لەگەڵ هێزە بۆژوازییە قەومی ودینیەکانی عەرەب وکورد، شیعەو سوننە… کە کۆمەڵگای عێراقیان پارچە پارچە، نائەمن، وە داغان کردووە. ئەم هێزە کۆنەپەرست ودژی ئازادی وسەرکوتکەرو تاڵانچیانەی عێراق… جەنگ وهەراو ململانیێیان بۆ فەراهەمکردنی ئارامی وکۆتاییهێنان بەکردەوە تیرۆرستیەکان و تۆڵە سەندنەوەی میلیشیایی نییە، چونکە خۆیان لەڕێگای باندو میلیشیاکانیانەوە، شەقام و خوێنی خەڵکی بێتاوانیان کردۆتە کایەی بەشی دەسەڵات لەحکومەتێکی کارتۆنی وکرێگرتەدا. جەنگ ودەعوای ئەم ‌هێزانە بۆ زەمانەتی ئازادی ولەسەر فەراهەمکردنی ئازادییەکانیش نییە، چونکە هەموویان لەسەر بنەمای جەنگ لەدژی ئازادی وئازادییەکان بیناکراون. کێشەو بێنەوبەرەیان لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان ودابینکردنی ژیانێکی تەسەل نییە، چونکە خۆیان تاڵانی ئاشکرای داهاتی خەڵکی دەکەن ودەستیان گرتووە بەسەر هەموو جومگەکانی ژیاری کۆمەڵگاو خۆشیان لە ڕێگای میلیشیاو باندەکانیانەوە خزمەتگوزارییەکان بەسەر یەکدا دادەرمێنن. ململانێیان لەسەر گێرانەوە شکۆی بۆ تاکەکان وکۆمەڵگا نییە، چونکە دەسەڵاتیان لەسەر بناغەی بێئیرادەکردنی تاک وکۆمەڵگا، داسەپاندووە. پشتیوانی هێزو لایەنەکانی بۆرژاوزی کوردیش” دەسەڵاتدار وئۆپۆزیسیۆن” لەم کۆنگرەیەو پشتیوانییە لەم ‌هێزە کۆنەپەرست ودژی ئازادیانەی عێراق، لەبەرامبەر بەخواستەکانی خەڵکی عێراقدا… کەئەمنیەت، نان وئازادی و خزمەتگوزاری وگێرانەوەی شکۆ وئیرادەی سیاسییە بۆ تاک و کۆمەڵگا.
 پشتیوانی‌ حزب ولایەنە بەشداره‌کان لەکۆبونەوەکەی بارزانیدا “بە مه‌به‌ستی‌ دانانی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ فیدراڵی‌ دیموكراتی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ به‌پشت به‌ستن به‌ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق وپرنسیپی‌ پێكه‌وه‌ ژیان وشه‌راكه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ له‌حوكمدا” جگە لەدوبارەو سەد بارە کردنەوەی درۆیەک زیاتر هیچی تر نییە، باسی دانانی بنەماکانی دەوڵەت، لەکاتێکدا هەرکام لە‌هێزە سەرەکیەکانی عێراق، دەیانەوێ قەوارەی دەوڵەت بەپێی خواستی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەمۆدیلی ناسیونال- عەرەبی وناسیونال- ئیسلامدا دابڕێژن وجەنگی نێوانیشیان لەسەر ئەوەیە، ئەمە کوێ ولە کام ئاستدا کەمترین تەبایی بەدەوڵەتیێکی مۆدێرنی سەردەمیەوە هەیە، کەحزبەکانی کوردستان ببنە پشتیوانی؟ وە ئەمە چ تەبایەکی لەگەڵ خواستی خەڵکی عێراق وکوردستان هەیە؟ دەوڵەتی فدرالی و دیموکراتی… لەعێرقدا ولەسایەی ئەم دەسەڵات گەنیوانەی عیڕاقدا… یانی فدرالیزمی قەومی… یانی پارچەپارچە کردنی ڕەسمی دانیشتوانی عێراق لەسەر بنەمای ناسنامە بەخشینی قەومی بەتاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەو ڕاگرتنیان لەبەرامبەر بەیەکتریدا. وە دیموکراتی ئەگەر بەمانا باوە بۆرژوازییەکەیشی بێت، بەهێزی دیموکراتی ومۆدێرن مەیسەر دەبێت… نوێنەرانی حزبەکانی دەسەڵات وئۆپۆزیسێۆن دەتوانن بەخەڵکی کوردستان بڵین حزبی دیموکراتیخواز لەعێراقدا کامەیە! وکام حزب هەیە خەرمانەیەک کردەوەی دژی دیموکراتی سەریەک نەنابێت و لەسەر بنەمای دیموکراسی دروست نەبووبێت! کام حزبەیە کەمافی فەردی تاک بەڕەسمی دەناسێت!، کام حزبەیە مافی هاوڵاتی بوونی خستۆتە جێگای ناسنامەی تایفی و قەومی! کامیانن بڕوایان بەجیایی دین لەدەسەڵات و سیاسەت هەیە!، کامیان بڕوای بەیەکسانی ژن وپیاو …هەیە!، بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، بەناوەرۆکی دیموکراتی…! پێش مەرجەکەی وەلانانی دەسەڵاتی ئەم حزبانەو دەستکۆتاکردنی میلیشیاکانیانە. ئەمانە خۆیان کۆسپی بەردەم دامەزراندنی دەوڵەت ودیموکراتین… نوێنەرانی حزبە بۆرژوازییەکانی کورد بەدەسەڵات وئۆپۆزیسێۆنەوە، لەکوردستان خۆیان کۆسپی بەردەم ئازادی ودیموکراسی وقەوارە بەخشین به‌دەوڵەت وسیستەمی دامەزراوەیین. بەخۆشی خۆشیان دەست لەسات وسەوداو خۆشخزمەتی هەڵناگرن. 
 باسی پشت به‌ستن به‌ده‌ستووری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق وپره‌نسیپی‌ پێكه‌وه‌ ژیان… فریوکارییەکی تری کۆبونەوەی لایەنەکانی بۆرژاوزی کوردە. دەستوری عێراق، لەسەر توڕدانی پره‌نسیبی پێکەوە ژیان داڕێژراوە. پره‌نسیبی پێکەوە ژیان، یانی بەڕەسمی ناسینی ناسنامەی “هاوڵاتی بوونی یه‌کسانی” تاکەکان… لەبەرامبەر ناسنامەی کوردو عەرەب، تورک شیعەو سوننە. دەستوری عێراق بنەماکەی جیاکاری هاوڵاتیانە لەسەر ناسنامە دروستکردن وهەڵخراندنی ئیحساساتی قەومی وتایفی ودینی.. ئێوە کەلەکوردستان ئامادەنیین مافی هاوڵاتی بوون بەڕەسمی بناسن وئەم مافە ناسنامە هەڵگرە جیهانیەتان تاڕادەی ناسنامەی بادینی وسۆرانی، کەسک وسەوزو نیلی، براو خوشکی موسوڵمان… دابەش کردووە، درۆی پره‌نسیبی پێکەوە ژیان… دەخەنە ناو کارگەی درۆسازییەکانی ترتان؟
تاووتوێی بودجەی ٢٠١٢ بەندێکی سەرەکیی خواستی هێزەکانی دەسەڵات وئۆپۆزیسێۆن، لەڕاستیدا مەرجی باسنەکراوە بۆ بەشداری و پشتیوانی لەکۆنگرەی نیشتمانی. یەکێک لەکێشە سەرەکیەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتی بەدەسەڵات وئۆپۆزیسێۆنەوە، لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی وهێزەکانی، مەسەلەی بودجەیە. تەنانەت ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی بۆتە مایەی بەستنەوەی ناسیونالیزمی کورد بەمەرکەزەوە بودجەیە وپاراستنی بڕەکەیەتی…  بەڵام بودجەی کوردستان لەدەسەڵاتی ناوەندی هەر بڕ و قەبارەیەک بێت، کەمترین بەش ودوا بەشی بۆ خەڵکی کوردستان وخزمەتگوزارییەکان وهەزاران پێداویستی کۆمەڵگایە… لەپێویستی قوتابخانەوە بۆ خەستەخانەکان، لەڕێگاوبانەوە بۆ ئاوو کارەبا، لەپارک و شوێنەکانی سەرگەرمیەوە، بۆ خوێندن وپەروەردە. لەبیمەی بێکاری و کۆمەڵایەتیەوە بۆ وەرزش و ژینگە. بەشە بودجەی هەرێمی کورستان کەلە ناوەندەوە دەگاتە کوردستان ودەچێتە خەزێنەی حزبەوە بەداهاتەکانی ناوخۆی کوردستانێشەوە، سەرەتا وبەشی زۆری تەرخان ده‌کرێت بۆ وەزارەتخانە حزبیەکان، پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکان، بەرپرسە حزبی وئیداری ونەسریە بێبنەماکان، بودجەی حزب ودەزگای چەند سەرەی میدیا و ڕاگەیاندن…تاد، پاشان داخوازی وپێداویستەکانی خەڵکی کوردستان بەشێوەی مامەڵەی کۆمپانیا لەگەڵیان، به‌ڕێدەخرێت. هەموو پڕۆژەکانی بەڵێندەرایەتی وبازرگانی وگواستنەوە و گەیاندن… لەدەستی حزب و نزیکی حزبدا قۆرغ دەکرێن. ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی دەمێننەوە ولەگەڵ تەواو بوونیان، نۆژەن کردنەوەیان دەوێت، دیسان بەپێی سودی حزبی بڕیاریان لێدەدرێت.. وە لە ناو ئەم هەموو داهاتەدا تازە بەتازە بیمەی بێکاری بۆ بەشێکی زۆر کەمی خەڵک بەشێوەی سواڵکەرانە، دیاری کراوە. ئۆپۆزیسۆن! بەگشتی وبزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی لەگەڵ ئەوەدا بانگەشەی زەبەلاحی سەبارەت بەشەفافیەتی بودجە دەکرد، خۆی چ وەکو بزوتنەوە لەهەمان داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان بودجەی خۆی هەیەو هەم ئەندام پەرلەمانەکانی بەشێکن لەدزە ڕەسمی وناڕەسمیەکانی کۆمەڵگای کوردستان وقیڕە قیڕ وتەپڵ کوتان وبتڵ فڕکانی… هەموویان بوونەتە سەکۆیەک بۆ بودجەی زیاتر ودزی زیاتر لەداهاتی خەڵکی کوردستان، باسی ڕەوتە ئیسلامیەکانیش پێویستی بەباس نییە چونکە جگە لەموچەی خۆشخزمەتیان لەلایەن وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە، لەلایەن یەکێتی وپارتی وحکومەتەکەیانەوە، بێسنور پارەی خەڵکی کوردستانیان بەگەرودا کراوە. بە کورتییەکەی بودجە چ بۆ حزبەکانی دەسەڵات و چ بۆ ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کورد، هێندە گرنگە کەخۆیانی پێپڕ بکەن و‌هێندەی بۆیان بکرێت داهاتی خەڵکی کوردستان هەڵبلوشن. ئەمە دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆنی لەلایەک کردووە بەدزانی ئاشکرا وخەڵکی کورستانیشی کردووە بەدزی لێکراوێکی هەمیشەیی وئاشکرا… بێ ئەوەی دادگاو کەناڵیک هەبێت بۆ ڕاپێچکردنی دزانی گەورەی حزبی و بۆ لێپرسینەوەو بەردەم دادگا…. بەڵام نابێ بیرمان بچێت ئەو ڕۆژە دوور نییە، کەلەسەر ئەم دزییە وکارنامەکانی تری دژی ئازادی و … تاد، ڕووبەڕوی ئیرادەی بێداربوونەوەی خەڵکی کوردستان ببنەوە.
مادەی ١٤٠ فایلێکی ترە کەلایەنەکان جارێکی تر پێداگرییان لەسەر کردۆتەوە بۆ جێبەجێکردن… ئەم دۆسیە وەکو حکایەتی مێشی لێهاتووە و کراوەتە فایلێک بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کەئەم دۆسیەیە لەباری کردارییەوە هەنگاویك نەچۆتەوە پێشەوە، هاوکات لەلایەن زۆرێک لەسەرانی بڕیار بەدەستی حزبیەوە وەکو کەسانی تاڵەبانی باسی بەهەرێم کردنی هێنراوەتە گۆڕ، ئەمەش نیشان دەدات کەمادەی ١٤٠ لە ڕوانگەی خۆیانەوە، بەبن بەستی یەکجاری گەیشتووە. بۆیە دوبارە هێنانەوە گۆڕی باسی مادەی ١٤٠ هێندەی درۆیەکی ئاشکرایەو کارتێکی گوشارە بۆ سەر هاوکارو هاوپەیمانەکانیان لەناوەند، نیو ئەوەندە کەیسێك نییە بۆ بەدوا داچوون و پەیگیریکردنی، دیارە خۆ ئەگەر ئەم مادەی ١٤٠ بەتەواوەتیش جێبەجێبێت، نابێتە ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێوێک لەکێشە وگرفتەکانی وەکو ئەمنیەت، کۆتاییهێنان بەدانەدانی ململانێی قەومی، خزمەتگوزاری، ماف وئازادییەکانی خەڵکی ئەم ناوچانە.
بۆیە هەموو ئەو بەندانەی کەلایەنەکانی دەسەڵات وئۆپۆزیسێۆن، لەسەری ڕێکەوتوون… کۆمەڵە فایلێکن کەوەکو کارتی گوشار بۆ پچڕینی بەشی سیاسی وداهاتی دزراو…بەدەستەوە گیراون وهاوکات ڕێگایەکیشە بۆ نیشاندانی  ماهیەتی ململانێی دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن کەهیچ نییە جگە سات وسەودا لەسەر پۆست وبەشی دەسەڵات و بەشداری لەتاڵانی وگەندەڵیدا. هەروەها دەرخستنی ئەو ڕاستییە کەئۆپۆزیسیۆن هیچ جیاوازییەکی سەرەکی لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات نییە وبەشێکن، لەهەمان فۆرمی حزبی وهەمان سیستەمی سیاسی وفکری و بۆرژوازی کورد، کەخەڵکی کوردستان لێوان لێوە لەنەفرەت و ناڕەزایەتی بەرامبەری.

٢٣/١/٢٠١٢     
 عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
www.abdullamahmud.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.