
پیری به ته‌مه‌ن نییه
زۆرجاران به ته‌ماشاکردنی مرۆڤێک و لێوردبوونه‌وه له سه‌ر و سیمای، ده‌توانیت ته‌مه‌نی بخه‌مڵێنیت و بڵێی ئه‌م مرۆڤه ئه‌وه‌نده ساڵانه. جاری وایش هه‌یه، هه‌رگیز نێزیکیشی ناکه‌ویته‌وه و به هه‌ڵه بۆی ده‌چیت. هه‌ندێک مرۆڤ به سه‌ر و سیمادا، ته‌مه‌ن کاریان تێ ناکات و گه‌وره‌یی و چوونه‌نێوساڵه‌وه‌یان پێوه دیار نییه و هه‌ندێکی تریش، هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوی‌دا ئیدی مووی سپی سه‌ر و سمێڵ و چرچ و لۆچی ده‌موچاو و مل و نیشانه‌کانی دیکه‌ی پیرییان پێوه دیاره. ئه‌وان نیشانانه‌ی له له‌ش و جه‌سته‌ی مرۆڤدا، ده‌رده‌که‌ون، مرۆڤ وه‌ک پیر یا لاو، نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و نیشانانه، ناوه‌وه‌ی مرۆڤ، هه‌ستی، ده‌روونی، بیرکردنه‌وه‌ی، دیدی، خواست و ئاره‌زووه‌کانی، ئومێد و داهاتووی، هیچیان نیشان ناده‌ن. ڕه‌نگه لاوێکی ته‌ڕ و ناسک و تازه، هێنده خاووخلێچک و ساردوسڕ و بێئاره‌زوو و ناچالاک و بێ وزه و بێ وره بێت، که چ هیوایه‌کی به ژیان نه‌بێت و هه‌رچی ژیانه و هه‌رچی شته، له‌کن وی، تاریک و ڕه‌ش و ته‌ماوی و ناجۆر بێت. پێچه‌وانه‌که‌یشی مرۆڤێکی به ساڵاچووی که‌م وزه و بێهێز و له‌شنه‌خۆش، که هه‌موو شتێکی ژیانی به‌لاوه خۆشه و هه‌موو ڕۆژێکی به‌لاوه نوێیه و هه‌میشه پڕه له ئاوات و خه‌ون و هه‌میشه له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی نوێدایه. که‌وابێ ئه‌م مرۆڤه به ساڵاچووه، تۆ ناتوانی پێی بڵێی پیر، چونکه پیری پتر هه‌سته و که هه‌ست و ده‌روون و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ پیر نه‌بوو، ئه‌وا مرۆڤ لاوه و هێشتا دڵی به ژیان خۆشه. ئێستا هێنده داووده‌رمانی لابردنی لۆچ و چرچی و پێستنه‌رمکردن و ڕه‌نگکردنی مووی سه‌ر و سمێڵ په‌یدا بووه، به تایبه‌ت له‌کوردستان، خه‌ریکه ئه‌و سنووره‌ی نێوان گه‌وره‌ساڵان و لاوان ده‌سڕیته‌وه. ڕۆژانه سه‌ر و سمێڵی ڕه‌نگکراوی ڕه‌شی قه‌ترانیی سیاسه‌تکارانی کورد له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیانه‌وه ده‌بینرێن، که یه‌ک تاڵه‌مووی سپیی له سه‌ر و ڕوویاندا نابینرێ و به ناسینه‌وه‌ی خۆیان و مێژوویان و چرچ و لۆچی مل و ده‌ست و په‌نجه و گۆنا و ده‌وروبه‌ری چاویاندا، ته‌مه‌ن و پیرییان ئاشکرا ده‌بێ. چوونه‌نێو ساڵه‌وه و هه‌ڵچوونی ته‌مه‌نیش، هه‌رگیز ناکاته نزیکبوونه‌وه له مردن و مه‌رگ. مردن هیچ پێوه‌ندێکی به ته‌مه‌نه‌وه نییه. جاری وا هه‌یه ده‌یان لاو ده‌مرن، لێ پیرێک نامرێ.
پێناسه‌کردنی پیری و لاویی، بێجگه له ته‌مه‌ن و له‌ش و جه‌سته، پێناسه و دیتنێکی فه‌رهه‌نگییه و پێوه‌ندی به فه‌رهه‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌یه، ئه‌و مرۆڤه له ته‌که‌یاندا و له‌نێویاندا ده‌ژی. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌وروپاییدا، سوێد بۆ نموونه، تۆ هه‌رگیز نا‌توانیت به یه‌ک که‌س بڵێی پیر، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سه ئه‌گه‌ر بۆ خۆیشی به خۆی گوت پیر و سووریش بزانێت و بزانیت پیره، ئه‌وا تۆ ده‌بێ بڵێی نا نا تۆ هه‌رگیز پیر نیت، تۆ هێشتا گه‌نجیت. سوێدی، که ته‌مه‌نیان ده‌گاته 65 ساڵ و خانه‌نشین ده‌بن، ده‌ڵێن ئێستا ژیان ده‌ستپێده‌کات. که ده‌گه‌نه 70 ده‌ڵێن ژیان له 70وه ده‌ستپێده‌کات. ئیدی به‌و جۆره. ئه‌وان له 80 و 90 ساڵییشدا پیر نین و خۆ به گه‌نج ده‌زانن. له 80 ساڵیدا پایسکیل داژۆن و ده‌چنه مه‌له‌وانی و له دارستان هه‌ڕا ده‌که‌ن و کوارگ خڕده‌که‌نه‌وه و کرێمی نه‌هێشتنی لۆچی ده‌موچاو و ڤیتامین و ده‌یان به‌زمی دیکه به‌کار ده‌هێنن و به دوای خۆراکی باش و به که‌ڵکه‌وه‌ن و ده‌چنه سینه‌ما و سه‌ما ده‌که‌ن و ده‌خۆنه‌وه و وه‌رزش ده‌که‌ن و ده‌چنه گه‌شت و وڵاتان ده‌گه‌ڕێن.
له فه‌رهه‌نگی وڵاتانی وه‌ک کوردستان و کوردستانیشدا، هه‌ر زوو خه‌ڵک وه‌ک پیر ته‌ماشا ده‌کرێن. ڕه‌نگه مرۆڤێک ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتبێته 70 و جاری وایش هه‌یه 60، ئیدی خه‌ڵک حیسابی پیری بۆ ده‌کات و ده‌ڵێن فڵانه که‌س پێی له لێواری گۆڕه، واته: ئیدی ها ئێستا ها ساتێکیتر ده‌مرێ. مرۆڤ، که پێی گوترا مامه و خاڵه و پوورێ و میمکه و دایکه و باوکه و باپیره، نه‌ک هه‌ر له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه، به‌ڵکه له لایه‌ن، منداڵی خۆی و برازا و خوشکه‌زا و منداڵه‌زایه‌وه، ئیدی حیسابی پیری بۆ کراوه. هه‌ندێ جار به حاجییش بانگی پیر ده‌کرێ. له ته‌مه‌نی منداڵی و مێردمنداڵی و لاوی‌دا مرۆڤ که‌سێکی 10-12 ساڵ له خۆ مه‌زنتریشی پێ گه‌وره و پیره. من خۆم له منداڵی‌دا که‌سی 15 ساڵم پێ پیر بووه. دواتر ئه‌گه‌ر بیانگوتبا فڵان 20 ساڵانه ده‌مگوت ئه‌وه هه‌ر پیر پیره.
له شاکه‌ل دوو برا هه‌بوون ناویان (عه‌لی و عه‌زیز)بوون و باوکیان ناوی(ئه‌حمه‌د) بوو، به‌ڵام خه‌ڵک به (ئه‌حۆل) ناویان ده‌برد، دیاره به‌ره‌وڕوو نا، به‌ڵکه له پاشمله و به‌و دوو برایه‌شیان ده‌گوت: عه‌له‌ی ئه‌حۆل و عه‌زه‌ی ئه‌حۆل. عه‌لی 20 ساڵ له عه‌زیزی برای گه‌وره‌تر بوو. من زۆرم پێ سه‌یر بوو و ده‌مگوت چۆن شتی وا ده‌بێ و عه‌له‌ی ئه‌حۆلم به پیر ده‌زانی! ساڵانێک دواتر که (سلێمان)ی برام هاته دنیاوه، دایکم ده‌یگوت: تۆ جاران پێت سه‌یر بوو عه‌له و عه‌زه‌ی ئه‌حۆل 20 ساڵیان به‌ینه، ئێستا تۆ و (سلێمان)یش 20 ساڵتان به‌ینه! ئیدی تێگه‌یشتم، که ده‌بێ و وا بۆ خۆیشم ئیدی به‌و حیسابه‌ی عه‌له و عه‌زه، ده‌که‌ومه خانه‌ی پیرانه‌وه.
شه‌وێکی دره‌نگ دوای کاتژمێر دوازده، له نێو شاره‌وه بۆ قه‌رات ده‌گه‌ڕامه‌وه. ئه‌وده‌می له هه‌ولێر ده‌ژیام. له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌یه‌ی به ناوه‌ندی قه‌راتدا ده‌ڕۆیشت و له‌به‌ر ڕووناکی چرائه‌له‌کتریکێکدا دوو منداڵی پێنج شه‌ش ساڵان، کچ و کوڕێک، یه‌کێکیان به کێردێکی زل و درێژه‌وه و یه‌کێکیشیان به که‌ڵه‌شێرێک به ده‌سته‌وه ڕاوه‌ستابوون. که گه‌یشتمه ئاستیان ها‌تنه به‌رده‌مم و گوتیان: “مامه‌که، ئه‌و که‌ره‌بابه‌مان لۆ ناکوژییه‌وه!”. منیش گوتم:”ئه‌دی لۆ له ماره خۆتان نایکوژنه‌وه؟”. گوتیان:”له مار که‌سمان نییه لۆمان بکوژیته‌وه”. گوتم:”زۆر باشه” و ئیدی کێردم به ملی که‌ره‌بابدا هینا و لۆم کوشتنه‌وه و وێم دانه‌وه. من ئه‌وده‌می 26 ساڵان بووم و هه‌رگیز خۆم به مامه نه‌ده‌زانی، لێ من بۆ ئه‌وان پیر بووم، بۆیه به منیان گوت مامه.
له له‌نده‌ن، که سواری ئۆتۆبووس یا شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژێرزه‌وی نێوشار ده‌بیت، ده‌بینی ئه‌گه‌ر که‌سێکی پیر به پێوه ڕاوه‌ستابێت و جێگه‌ی دانیشتنی نه‌بێت، ئه‌وا که‌سێکی له خۆی ته‌مه‌ن گچکه‌تر هه‌ڵده‌ستێ و جێگه‌که‌ی خۆی بۆ چۆڵ ده‌کات. بۆ یه‌که‌مجارم بوو له ئۆتۆبووسێکدا ببینم لاوێک هه‌ڵسا و به‌منی گوت، که له جێگه‌که‌ی دانیشم، من سوپاسیم کرد و هه‌ر به پێوه ڕاوه‌ستام، به‌ڵام له‌وه تێگه‌یشتم، ئه‌و منی به پیر زانیوه و وه‌ک به‌زه‌یی و هه‌ستێکی مرۆڤیانه، ویستی جێگه‌که‌ی خۆیم بداتێ. له سوێد ئه‌و کرده‌یه نییه و ئه‌گه‌ریش ڕوو بدا، ڕه‌نگه بۆ خه‌ڵکێکی که‌مئه‌ندام و په‌ککه‌وته، خه‌ڵک وه‌ها کارێک بکات، ده‌نا بۆ ده‌رمانیش بگه‌ڕێی یه‌ک مرۆڤ نابینییه‌وه خۆی به پیر بزانێت.
له گوتارێکیدا به ناوی”خاک و جه‌سته لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که له سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه) و (شلۆمۆ کورده و من و رۆژگار)دا”، که له دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆک‌نووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که، ده‌نووسێت:”له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که به‌و ته‌مه‌نه‌وه هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه خزمه‌ت به خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه باشانه که خوێنه‌ری ئێمه ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه…” . تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته و وشانه بکه”..که به‌و ته‌مه‌نه‌وه هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه…” و “..هێشتا ده‌یه‌وێت…” و “هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی…”.، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته و دوور له گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس :
“له نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له بن لێفێکی چڵکن دا
له سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز” ، که‌وتووه و بێهێز و لاواز، به حاڵ نووزه‌ی لێوه دێ و هه‌ناسه ده‌دات. به‌و جۆره باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه بۆ پێشاندانی وزه و توانست و خواست و کۆشسی مامۆستا کاکه‌وه‌یسیش بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه کار ده‌کاته سه‌ر مرۆڤ(کاکه‌وه‌یس) ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که گرنگ نییه و بێخه‌مه له‌و ڕووه‌وه.
مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه، له ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه، ئیدی که‌ی هی ئه‌وه‌یه پێی بگوترێ:”به‌و ته‌مه‌نه‌وه هێشتا….”، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵی پیر!
له نێو نووسه‌رانی جیهاندا، که تا دوا ساته‌کانی ته‌مه‌نی خۆیان و له‌ته‌مه‌نێکی هه‌ورازدا، له خه‌بات و نووسین نه‌که‌وتبوون ده‌کرێ ناوی چه‌ند که‌سێکیان و ته‌مه‌نیان بخه‌مه به‌رچاو: تاها حوسه‌ین 84 ساڵ، ته‌وفیق ئه‌لحه‌کیم 89 ساڵ، ئه‌نیس مه‌نسوور 87 ساڵ، نه‌جیب مه‌حفووز 95 ساڵ، ئۆمبه‌رتۆ ئێکۆ 80 ساڵ، گابریێل گارسیا مارکیز 85 ساڵ، یه‌شار که‌مال 89 ساڵ و مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس 104 ساڵ. ئه‌مانه ئه‌وانه‌یان که له ژیاندا نه‌ماون تا ئه‌و کاته‌ی ژیان، له کار و نووسین نه‌که‌وتن و ئه‌وانه‌شیان وا ماون ئێستاش چالاکن و به‌رده‌وامن له خه‌بات. ستیفن هاوکینگ(Stephen Hawking)، گه‌وره‌ترین فیزیکزانی جیهان دوای ئاینشتاین، که ئێستا ته‌مه‌نی 70 ساڵه، هیچ به‌شێکی له‌شی بێجگه له مێشکی، کار ناکات. ئه‌و له سه‌ر عه‌ره‌بانه و چه‌رخی که‌مئه‌ندام داده‌نیشی، که‌چی به‌رده‌وام کار ده‌کات و تیۆری نوێ و هزری نوێ له جیهان و بۆ مرۆڤایه‌تی په‌خش ده‌کاته‌وه. بوون و چالاکی ئه‌و زانایه، تیۆری “ئاوه‌ز(هۆش، عه‌قڵ)ی ساغ له له‌شی ساغدایه” و تیۆری “ته‌مه‌ن و پیری و گه‌وره‌ساڵی”، به درۆ ده‌خاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و تیۆرییانه دروست بووایه‌ن ده‌بوو هاوکینگ ده‌مێک بوو مردبا و له په‌لوپۆ که‌وتبا یا ئه‌گه‌ر ئه‌و زانایه، له کوردستان و وڵاتانی مانه‌ندی کوردستان بووایه، زۆر له‌مێژ بوو، خرابووه خانه‌ی لاق له لێوار گۆڕ و پیر و په‌ککه‌وته و بێکه‌ڵک و سه‌قه‌ت و خودا ده‌زانی چی دیکه‌وه.
هاوینی 2008،، باوکم زۆر نه‌خۆش بوو. له‌گه‌ڵ کاک سه‌لاح و کاک سلێمانی برامدا، بردمان بۆ لای ئه‌و دۆکتۆره‌ی، که ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌مان و بۆ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک له سلێمانی ڕووی تێده‌که‌ن. بێجگه له دۆکتۆر خۆی، دوو که‌سی دیکه له کلینیکی دۆکتۆردا کار ده‌که‌ن، یه‌کێکیان بلیتی ژماره‌ی نۆره ده‌داته ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی دێنه کلینیکه‌که و ئه‌وێ دیکه‌ش له‌به‌ر ده‌رگای ژووری دۆکتۆره‌که‌دا دانیشتووه و نه‌خۆشه‌کان دوو دوو سێ سێ و جاری وایش هه‌یه چوار چوار ده‌کاته ژووره‌وه. ئێمه ژماره‌یه‌کمان وه‌رگرت و دانیشتین و چاوه‌نۆڕی نۆره‌ی خۆمان بووین. نه‌خۆش ده‌چوونه ژوورێ و ده‌هاتنه ده‌رێ و ئیدی ده‌نگه‌ده‌نگیش پڕ ئه‌و به‌رهه‌یوانه بوو، که نه‌خۆشه‌کانی لێ دانیشتبوون. یه‌کێک له نه‌خۆشه‌کان له کارمه‌ندی بلیت دابه‌شکه‌ری کلینیکه‌که‌ی پرسی، که که‌ی نۆره‌ی دێت و ده‌یکه‌نه ژووره‌وه. کابرای بلیت دابه‌شکه‌ر، که لاوێکی بیست و دوو سێ ساڵیی بوو، سه‌یرێکی ژماره بلیتی نه‌خۆشه‌که‌ی کرد و گوتی: “دوو نه‌خۆشی تر له پێشته‌وه‌ن، ئه‌و پیاوه(ده‌ستی بۆ پیاوێک ڕاکێشا) ده‌چێته ژوورێ و دوای ئه‌و ئه‌و پیره‌ژنه(ده‌ستی بۆ ژنێک ڕاکێشا) ده‌چیته ژوورێ، دوای ئه‌و پیره‌ژنه ئیتر نۆره‌ی تۆیه”. ئه‌و ژنه‌ی ئه‌و پێی ده‌گوت پیره‌ژن، ژنێکی لادێی هه‌ژار بوو، که ته‌مه‌نی هه‌رگیز له 45 ساڵ تێپه‌ڕی نه‌کردبوو. که نۆره‌ی ژنه‌که هات و ژماره‌که‌ی بانگ کرا، کارمه‌ندی نه‌خۆشکردنه‌ژووره‌وه بۆ ژووری دۆکتۆر، که له‌به‌ر ده‌رکه‌ی دۆکتۆردا دانیشتبوو، به ده‌نگێکی بڵند قێڕاندی:”ده هه‌سته ده‌ی پیره‌ژن نۆه‌ره‌ی تۆیه”. به سه‌لاح و سلێمانی برامم گوت: ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌م ژنه و ئه‌م کارمه‌ندانه له سوێد ده‌بوون و ئه‌م رووداو و قسانه له‌وێ ده‌بوون، ئه‌و ژنه که‌وشه‌کانی داده‌که‌ند و که‌رکوتێکی باشی ئه‌و دوو زه‌لامه‌ی ده‌کرد.
باسکردنی خه‌ڵک وه‌ک پیر یا په‌ککه‌وته و که‌مئه‌ندام، فه‌رهه‌نگێکی گۆج و سه‌قه‌ت و ناڕاست و دزیوی خه‌ڵکی کورده. خه‌ڵک زۆر به لایه‌وه ئاساییه به شه‌ل بڵی شه‌ل و به کوێر بڵێ کوێر و به که‌ڕ بڵێ که‌ڕ و به لاڵ بڵێ لال و به شیت بڵێ شێت. خه‌ڵک زۆر به لایه‌وه ئاساییه هه‌ر به‌و جۆره‌ش بانگیان بکات، بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت. جارێ به‌کاربردنی ئه‌و جۆره ناووناتۆرانه بۆ منداڵ و مێردمنداڵ، ئه‌وه هه‌ر هیچ ڕیگرێک له به‌رده‌میدا نییه. له کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا، ڕۆژانه وشه‌گه‌لی سه‌رزل، خوێڕی، کوێری، شه‌لی، لاڵی، که‌ڕی، شیتی، مردوو، لووته، چڵمن، لیکن، مشکه، گوله، خێله، که‌ره و…ده‌یانی دیکه‌ت به‌رگوێ ده‌که‌ون، که به خه‌ڵک ده‌گوترێن و بۆ بانگکردنی خه‌ڵک به‌کار ده‌برێن. وه‌ها نه‌ریتێک، ڕه‌وتارێک، خوویه‌ک، گوتارێکی ڕووخێنه‌ر و ئه‌ژنۆشکێنه و سووکنۆڕین و شکاندنه‌وه‌ی مرۆڤه. ناوهێنانی خه‌ڵک و باسکردنیشیان وه‌ک پیر، هه‌رگیز هیچی له ناوهێنان و باسکردنیان وه‌ک شه‌ل و کوێر و لاڵ و سه‌رزل و لووتفش و ئه‌وانه که‌متر نییه و کارێک نییه، که دڵی مرۆڤ خۆش کات، به‌ڵکه مرۆڤ ده‌ڕووخێنێت.
20/11/2011
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
—————————————————-
1ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، ژماره(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده پێ هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه.
2به‌شێکه له پارچه شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له ژێر ناوی “بناری هه‌ڵگورد”دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه تاکه که‌سه یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. بنۆڕه: دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێب‌فرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003، ل 254.